رۆژنامەى سەباح: ئومێد هەیە رێككەوتن بكرێت لەسەر پرسى مووچە

12 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەى سەباح بڵاویکردەوە، لە گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغداد پێشکەوتن بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەیە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئەو پرسە بخرێتە بەرنامەی کارى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران، کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامبدرێت.
رۆژنامەکە لە ژمارەى ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، لە (48) کاتژمێری رابردوودا، چەند کۆبوونەوەیەک و گفتوگۆ ئەنجامدراوە، بۆ گەیشتن بە چارەسەرى کێشەکان، ئەوەش بە گوێرەى دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان.
رۆژنامەکە بڵاویشیکردەوە، لەو چوارچێوەیە، رۆژى دووشەممە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولـلەتیف رەشید کۆبوونەوە، کە گفتوگۆکانیان لە کۆبوونەوەکە بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە بووە.
نووسینگەی سودانی لەبارەى کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، تاوتوێی دۆسیەی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و سەرۆککۆماریش باسى لە دۆزینەوەی رێگەچارەی دەستووریی بۆ کێشەکان کردووە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە، سەردانى رۆژى یەکشەممەى رابردووى مەحمود مەشهەدانى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بۆ هەولێر و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى پارتیی دیموکراتى کوردستان و حکومەتى هەرێمى کوردستان، پەیوەندى بە گفتوگۆکانى تایبەت بە چارەسەرى کێشەى مووچەوە بووە.
هاوکات سەباح سوبجى پەرلەمانتارى عێراق لە پشکى پارتی قسەى بۆ رۆژنامەى سەباح کردووە و دەڵێت، لەو رەشنووسەى ئامادەکراوە بۆ ئەوەى هەولێر و بەغداد لەسەرى رێکبکەون، حکومەتی هەرێم رۆژانە (300) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ).
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، لە بەرامبەردا هەرێم رۆژانە (46) هەزار بەرمیل وەردەگرێت بۆ بەکارهێنان و پاڵاوتنی ناوخۆیی و پڕکردنەوەى پێداویستییەکان.
سوبحی ئاماژەی بەوەشکرد، هیوایەک هەیە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت، بۆ ئەوەی بە فەرمی واژۆبکرێت و لە کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق پەسەندبکرێت.
