ترەمپ دیسانەوە ئاماژە بە ئاوارەکردنی دانیشتوانی غەززە دەکات

10 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، ئاماژەی بە پلانی ئاوارەبوونی دانیشتوانی غەززە بۆ وڵاتانی دراوسێ کرد.
ناتانیاهۆ وتی: پێموایە لە دۆزینەوەی چەند وڵاتێک نزیک دەبینەوە، ئاماژەی بە وڵاتانێک کرد کە فەلەستینیەکان قبوڵ دەکەن.
ئێوارەی دووشەممە بەکاتى ئەمریکا نەتانیاهۆ لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕەتکردنەوەی خۆی لە دامەزراندنی هەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کە "دەبێتە سەکۆیەک بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل".
ئەو هێرشەی حەماس لە کەرتی غەززەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بە "بەڵگەیەک بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان ئەگەر دەوڵەتیان هەبێت چی دەکەن" وەسف کرد.
کاتێک پەیامنێران پرسیاریان لە ترەمپ کرد کە ئایا چارەسەری دوو دەوڵەتی مومکینە، وتی: نازانم، پرسیارەکەی ئاراستەی نەتانیاهۆ کرد و وەڵامی دایەوە، "پێموایە فەلەستینییەکان پێویستە هەموو دەسەڵاتەکانی خۆیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان، بەڵام هیچ دەسەڵاتێک نەبێت کە هەڕەشەمان لێبکات. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەسەڵاتی سەروەری وەک ئاسایشی گشتی هەمیشە لە دەستی ئێمەدا دەمێنێتەوە".
ناوبراو زیادی کرد: ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکا کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی وڵاتان کە بەدوای ئەو شتەدا بگەڕێن کە هەمیشە دەیڵێت، ئەویش ئەوەیە کە دەیانەوێت داهاتوویەکی باشتر بە فەلەستینییەکان بدەن، من باوەڕم وایە نزیک بووینەتەوە لە دۆزینەوەی چەند وڵاتێک.
هاوکات کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا سەبارەت بە ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان، وتی کە وڵاتانی دەوروبەری ئیسرائیل هاوکاری پێشکەش دەکەن. ئاماژەی بەوەشکردووە، "هاوکارییەکی گەورەمان لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە هەیە بۆیە شتێکی باش ڕوودەدات".
