ڕووسیا: شەوی ڕابردوو 60 درۆنى ئۆکرانیامان خستوەتە خوارەوە

18 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لە ماوەی شەوێکدا ٦٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر چەند ناوچەیەکى وڵاتەکەى لەناوبردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسیا، وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لە ماوەی شەوەکەدا، لە کاتژمێر 23:30 بەکاتی مۆسکۆ لە 31ی تەمموز تا 04:10 بەکاتی مۆسکۆ لە 1ی ئاب، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئۆپەراسیۆنی ڕێگری لە 60 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی کردووە و لەناویانبردووە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە ناوچەی بێلگۆرۆد 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ناوچەی ڕۆستۆڤ 12، لە خاکی کراسنۆدار 5، لە سەر حەوزی دەریای ڕەش، 4 لە سەر حەوزی دەریای ڕەش، 3 لە ناوچەی ڤۆرۆنیژ، 2 لە ناوچەی لیپێتسک، 2 لە ناوچەی تولا، 1 لە سەر دەریای ئازۆڤ تێکشکێندراون".

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشە مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا کە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیایان کردە ئامانج، بۆ ٢٦ کوژراو و ١٥٩ بریندار بەرزبووەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا لە پۆستێکی تێلێگرامدا ڕایگەیاندووە، "لە شەوێکدا و ئەم بەیانییە تیمەکانی فریاگوزاری 10 تەرمیان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سڤیاتۆشینسکی دەرهێناوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆپبارانەکە 159 کەسیشی بریندارکردووە.

هەفتەى  پێشوو ترەمپ و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە سکۆتلاند کۆبوونەوە. دواتر، هەردوولا قسەیانکرد لەسەر جەنگی سێ ساڵ و نیوەی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، سەرۆکی ئەمریکا دوا هۆشداریی دایە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و گوتی، "مۆڵەتێکی نوێی نزیکەی 10 یان 12 رۆژی دادەنێم کە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات. هیچ پاساوێک بۆ چاوەڕوانی نییە، ئێمە هیچ پێشڤەچوونێک بەدیناکەین."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە سزای لاوەکی بەسەر رووسیادا دەسەپێنین، رەنگە رێککەوتنێک بکەین، نازانم، بەڵام پووتین دەبێت رێککەوتنێک بکات. رووسەکان و ئۆکراینییەکان بێ هیچ هۆکارێک یەکدی دەکوژن."
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا هۆشداریی بە سەرۆکی ئەمریکاش دا، "رووسیا، ئیسرائیل یان ئێران نییە" و هەموو هەڕەشەیەک لە وڵاتەکەی، هەنگاوێک لە جەنگ نزیکتریان دەکاتەوە، نەک لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا، بەڵکو لەگەڵ ئەمریکا.
 
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە پووتین گرت و گوتی، "سێ جار وا دەرکەوتووە کە نزیکین لە رێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام لەناکاو مووشەکەکان ئاراستەی کیێڤ دەکرێن، ئەمە زۆرجار روویداوە و بەدڵم نییە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار