ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا گەیشتە مۆسکۆ

3 ڕۆژ لەمەوپێش



ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکا گەیشتە مۆسکۆ، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەپاندنی پاکێجێکی نوێی سزاکانی ئەمەریکا بەسەر ڕووسیا دوادەخات تا دوای سەردانەکەی ویتکۆف.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بابەتە ڕایگەیاند، ویتکۆف، لەگەڵ سەرکردایەتی ڕووسیا کۆدەبێتەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

ویتکۆف پێشتر چەند جارێک لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەتەوە، بەڵام ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی ئەمەریکا تا ڕۆژی هەینی مۆڵەتی بە ڕووسیا داوە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا ڕابگرێت یان ڕووبەڕووی سزا نوێیەکانی ئەمەریکا دەبێتەوە.

تا ئێستا کۆشکی سپی ئاشکرای نەکردووە بەنیازە ڕۆژی هەینی چ ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر، بەڵام پێشتر ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی باجی کردبوو، کە ئەو هاوبەشە بازرگانیانەی ڕووسیای ماونەتەوە، وەک چین و هیندستان دەکاتە ئامانج.

ڕۆژی دووشەممە 4ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: هیندستان تاکە وڵاتە کە نەوتێکی زۆر لە ڕووسیا دەکڕێت، لە بازاڕێکی کراوە بە قازانجێکی زۆر دەفرۆشێتەوە. بۆیە باجی گومرگی لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی ئەو وڵاتە زیاد دەکات.

لای خۆشییەوە، ڕاندیر جایسڤاڵ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان لە وەڵامدا ڕایگەیاندبوو، بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر هیندستان بێ پاساوە و پێشتر واشنتن بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی وزەی جیهان هانی نیو دەلهی داوە، نەوتی ڕووسیا بکڕێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار