لەسەر حەشدی شەعبی ئەمریکا پەیامی نوێی داوەتە عێراق

6 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، پەیامی نوێی داوەتە عێراق و داوایکردووە هێزەکانی حەشد لە مووشەک و درۆن دابماڵرێن، بە پێچەوانەوە، بەئامانجگرتنی ناوەندە سەربازییەکانیان یەکێک دەبێت لە بژاردەکانی ئەمریکا.
یەکێک لە سەرچاوەکان بە عەرەبی جەدیدی گوتووە، ئەمریکا بە پلەی یەکەم گرنگی بە نەهێشتنی ئەو درۆن و مووشەکانە دەدات کە ئێستا لە دەستی گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبیدان، دوو بژاردەی داوەتە حکومەتی عێراق، یان دەبێت حکومەت درۆن و مووشەکەکانیان لێوەربگرێتەوە، یان سوپای ئەمریکا بە هێرشی ئاسمانی دەیانکاتە ئامانج.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئەو رۆژنامەیە، لەمکاتەدا ئەمریکا مانەوەی حەشد یان تێکەڵبوونی بە سوپای عێراقی بەلاوە گرنگ نییە، بەڵکو سەرنجی لەسەر چەکەکانی دەستی گرووپەکانی سەربە حەشدی شەعبیە، نایەوێت ببنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە.

