زێلێنسکی: ڕێگریم لێ دەکرێت لەگەڵ پوتن کۆببمەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ئۆکرانیا دووپاتی کردەوە، ڕووسەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ڕێگریم لێ بکەن لەگەڵ پوتن کۆببمەوە. هاوکات داوا لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرانیا دەکات سزای نوێ بەسەر مۆسکۆ بسەپێنن ئەگەر بێت و هیچ نیازێک بۆ پرۆسەی ئاشی نیشان نەدات.
هەینی 22ـی ئابی 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، لە کیێڤ، گوتی: لە کۆبوونەوەی نێوانمان باسمان لە گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا کرد.
سەرۆکی ئۆکرانیا، باسی لەوە کرد، ئەو گەرەنتییە ئەمنییە دەبێت هاوشێوەی ماددەی پێنجی هاوپیمانێتی باکووری ئەتڵەستی بێت، بە واتەی ئەوەی هێرش بکرێتە سەر هەر وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ، مانای هێرشە بۆ سەر هەموو وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە.
زێلێنسکی داوای لە هاوپەیمانانی وڵاتەکەی کرد، فشار بخەنە سەر ڕووسیا بۆ ئەوەی نیازێک بۆ گەیشت بە پرۆسەی ئاشتی نیشان بدات، ئەگەر نا سزای نوێ بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن.
هاوکات جەختی لەوە کردووە، ڕووسەکان هەموو هەوڵێک دەدەن، بۆ ئەوەی ڕێگریم لێ بکەن لەگەڵ پوتن کۆببمەوە.
دووشەممە 18ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کرد.
زێلێنسکی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندبوو، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی دۆزینەوەی ڕێگەیەکی دیپلۆماسی دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و بۆ کۆبوونەوەی سێ قۆڵیش ئامادەین.
باسی لەوەش کردبوو، ئامادەم بە بێ مەرجی پێشوەختە لەگەڵ پوتن کۆببمەوە.

