عێراق ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەنێرێتە ئەمریکا

7 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیدارەی وزەی ئەمریکا، بەرزبوونەوەیەکی گەورەی لە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ وڵاتەکەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیاند. بە جۆرێک عێراق ڕۆژانە 328 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئەمریکا دەکات.
ئەمریکا یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت و هاوکات بەکاربەری نەوتە لەسەر ئاستی جیهاندا و ڕۆژانە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنێت.
بەگوێرەی بەگوێرەی داتاكانی ئیدارەی وزەی ئەمریکا "تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا لە هەشت وڵاتی سەرەکییەوە گەیشتووەتە 5.440 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە بە بڕی 471 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمی کردووە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر کە 5.911 ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا."
"هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتووەتە تێکڕای 328 هەزار بەرمیل، کە بە بڕی 186 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر کە 142 هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا."
ئیدارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرترین هاوردەی نەوت بۆ ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا لە کەنەداوە بووە بە تێکڕای 3.835 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، دوای ئەویش مەکسیک دێت بە 382 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و سعودیە بە تێکڕای 364 هەزار بەرمیل، و کۆڵۆمبیا بە تێکڕای 184 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا."

