عێراق توركیای ئاگاداركردوە هەناردەی نەوت دەستپێدەكاتەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" بڵاویکردەوە: دوو بەرپرسی بواری نەوت رایانگەیاندووە، رۆژی دووشەممە شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی بەراییان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت ئەنجامداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا لە ڕێگەی بۆرییەوە.
دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستانەوە، چاوەڕوانی رەزامەندی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە.
هاوكات ئاژانسی "بلومبێرگ" لە زاری بەرپرسێکی تورکیاوە رایگەیاندووە: وڵاتەکەی هیچ ئاستەنگێک بۆ رۆیشتنی نەوت دانانێت هەرکاتێک لایەنە عێراقییەکان گەیشتنە رێککەوتن.
ئاژانسه ئەمریکییه له زاری ئەو بەرپرسەوە ئاماژەی بەوەشکردووه: پلانی سەرلەنوێ دانوستان لەبارەی هێڵی بۆرییەكان لە هەرێمی کوردستانەوه بۆ تورکیا نابێته رێگر لەبەردەم رۆیشتنی نه وت و ئاشكراشیكردووە، عێراق ئاگاداری کردوینەتەوە هەناردەکردنی نەوت له چەند رۆژی داهاتوو دەستپێدەکاتەوه .
لەلایەکى دیکەوە، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بۆ میدیای عێراقییەکان قسەیکردووە دەڵێت: مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە چارەسەرکردندایە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان ڕادەگەیێنرێت.
دوێنێ دووشەممە، لە هەولێر کۆبوونەوەیەک لەنێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نوێنەری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت بەڕێوەچوو. ڕەشنووسێک ئامادەکراوە و چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا ڕێککەوتن و واژۆکردنی ڕابگەیێنرێت.
لە ڕۆژی 25-3-2023 لەسەر بنەمای سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دادگای ناوبژیوانی پاریس لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریدا و هەناردەی نەوت وەستا.

