پوتن: پێنج هەزار کیلۆمەتر خاکی ئۆکرانیامان کۆنترۆڵکردووە

10 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە دەستپێکی شەڕ تاوەکوو ئەمساڵ نزیکەی پێنج هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە ئۆکرانیا کۆنترۆڵکردووە.
ڤلادیمێر پوتن لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی سەربازی ڕووسیا ڕایگەیاند، کیێڤ هەوڵدەدات هێرشەکانی لە قوڵایی خاکی ڕووسیا ئەنجام بدات، بەڵام ئەمە هیچ یارمەتیەکی نادات بۆ گۆڕینی دۆخەکە. ئاماژەی بەوەشدا، لە شوباتی 2022ەوە تاوەکوو ئەمساڵ نزیکەی پێنج هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە خاکی ئۆکرانیا کۆنترۆڵکردووە.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا جەختی کردەوە، کە کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی ڕووسیا بە تەواوی پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکان دابین دەکات و بە خێرایی چەکی مۆدێرن پەرەپێدەدات.
پوتن گوتیشی: "کارگەکانی کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی، پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکان بۆ چەکی سووک، مووشەک، تەقەمەنی، چەک و ئامێری سەربازی دابین دەکەن، هاوکات پەرەپێدان و گەیاندنی چەکی مۆدێرن بۆ سەربازەکان بە خێرایییەکی زیاتر بەردەوامە."
لای خۆیەوە، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، ڤالێری جیراسیمۆڤ، ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییە چڕەکان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکرانیا بەگوێرەی پلانی ئەرکانی گشتیی بەردەوامە، دەشڵێت: بە ئامانجگرتنی ئەو دامەزراوانەی ئۆکرانیا کە سیستەمی مووشەکی دوور مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرهەمدەهێنن لەپێشینەی کارەکانیانە.
لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و تاوەکوو ئێستاش شەڕ بەردەوامە و دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون، هەروەها ملیۆنان کەس ئاوارەی دەرەوە و ناوەوەی وڵات بوون، دوو گەڕی دانوستانیشان لە ترکیا کردووە و زیاتر لە دوو هەزار دیلیان گۆڕیوەتەوە.

