سبەینێ ناوی براوەی خەڵاتی ئاشتی ئەمساڵ ڕادەگەیەنێت

23 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا، ناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە وەک بەربژێرێکی بەهێز بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هاتەوە نێو باسەکان. کۆشکی سپی بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی و بە نازناوی "سەرۆکی ئاشتی"، پرسیارەکەی وروژاند: ئایا ترەمپ چانسی بردنەوەی ماوە؟
هەر زوو دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، ستایشی رۆڵی ترەمپی کرد و ڕایگەیاند کە "شایەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە". ئەو پێیوابوو ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێت "ئاسۆیەکی نوێی هیوا" بۆ ناوچەکە بکاتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، ترەمپی بە "ئاشتیخوازێکی ڕاستەقینە" ناوبرد.
پلانی ئاشتییەکەی ترەمپ لە قۆناغی یەکەمدا، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانی نێو غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەخۆدەگرێت. بەڵام سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، هێشتا کێشە لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی ماوە. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، حەماس داوای گەرەنتی دەکات بۆ کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل، ئەمەش گرێکوێرەیەکی لەبەردەم جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێککەوتنەکە دروستکردووە.
سەرەڕای ئەم هەموو پشتیوانی و هەوڵانە، وا دیارە کات گەورەترین ڕکابەری ترەمپ بێت. سبەی هەینی، لیژنەی نۆبڵ ناوی براوەی خەڵاتی ئاشتیی ئەمساڵ ڕادەگەیەنێت. ئەمەش واتای ئەوەیە کە براوەکە پێشتر دیاریکراوە و لیژنەکە بڕیاری خۆی داوە. بۆیە تەنانەت ئەم هەنگاوە گەورەیەش، چانسی ترەمپ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەمساڵ زیاد ناکات، چونکە بڕیارەکە ماوەیەکە دراوە و دەرگای گۆڕانکاری داخراوە.
