لوتکەی ئاشتی شەرم شێخ بەڕێوەدەچێت و ناوی سەرکردە بەشداربووەکان ئاشکرادەکرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیارە سبەی دووشەممە میسر میوانداری لوتکەی نێودەوڵەتی بکات لە ناوچەی شەرم شێخ بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی غەززە و ئیسرائیل.
ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەی دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025, لوتکەی ئاشتیی شەرم شێخ بەڕێوەبچێت و تێیدا 25 سەرکردە و سەرۆک و نوێنەری رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بەشدار دەبن.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، لوتکەکە بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی میسر و ئەمەریکا دەبێت.
بەپێی سەرچاوەکان، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئامادە دەبن، هەروەها لە دیارترین بەشداربووان کە ئامادەبوونیان پشتڕاستکراوەتەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا.
تائێستا هیچ راگەیەندراوێک سەبارەت بە بەشداریکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لوتکەکەدا بڵاونەکراوەتەوە.
حوسام بەدران، سەرکردە لە مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "حەماس لە پرۆسەی واژۆکردندا بەشدار نابێت، تەنها نێوەندگیری و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بەشدار دەبن".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "بزووتنەوەی حەماس وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی ئیسرائیل دەداتەوە، ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە".
