ئاگربەست لە نێوان ئەفغانستان و پاکستان ڕاگەیەندرا

4 كاتژمێر لەمەوپێش



دوای هەفتەیەک لە پێکدادانی توند لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، کە بەسەختترین گرژیی نێوانیان دادەنرێت لەوەتەی تاڵیبان لە ساڵی 2021 دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، پاکستان و تاڵیبانی ئەفغانستان، لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن.

یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند "ڕێککەوتنەکە لە دەوحە ڕاگەیەنەرا. خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان، ئاگربەستەکەی پشتڕاست کردەوە. ئاسیف، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارە لە 25ـی تشرینی یەکەم لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوەی زیاتر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئاگربەستەکە بەڕێوە بچێت."

 گفتوگۆکانی دەوحە بە نێوەندگیریی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر و بە پشتیوانیی تورکیا بەڕێوە چوون. ئامانج لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو دڵنیابوونە لە بەردەوامیی ئاگربەستەکە و جێبەجێ کردنی.  پێکدادانەکانی ئەم دواییە، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە، بەهۆی زیادبوونی هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی تەحریک تاڵیبانی پاکستان، بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی پاکستان لەسەر سنوور، دەستیان پێ کرد. 

ئیسلام ئاباد، جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو چەکدارانە خاکی ئەفغانستان وەک پەناگە بەکاردەهێنن و لەوێوە هێرش دەکەنە سەرپاکستان و داوای لە کابول کردووە کۆنترۆڵیان بکات. بەڵام حکوومەتی تاڵیبان ڕەتی دەکاتەوە پەناگەی بۆ چەکداران دابین کردبێت و سوپای پاکستانی بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و داڵدەدانی چەکدارانی سەر بە داعش تۆمەتبار دەکات بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئەفغانستان.

گفتوگۆکانی دەوحە، بە بەشداریی وەزیری بەرگریی پاکستان خواجە محەممەد ئاسیف و هاوتا ئەفغانییەکەی، مەلا محەممەد یەعقوبەوە بەڕێوەچوون. گرژییەکان دوای هێرشێکی خۆکوژی، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت سەربازی پاکستانی و برینداربوونی ١٣ی دیکە، پەرەیان سەند. 
هەینی، 17ـی تشرینی یەکەم 2025، میدیاکانی سەر بە تاڵیبانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، فڕۆکە پاکستانییەکان، ئۆتۆمبیلێکی یاریزانانی تیمی 'کریکێت'ی ئەفغانستانیان بۆمباران کردووە و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژراون. 

فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "لە سەرجەم پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان دەکشێتەوە."

لە ڕاگەیەنراوەکەی فیدراسیۆنی کریکێتی ئەفغانستاندا هاتووە "پاشنیوەڕۆی دوێنێ، هەینی، یاریزانانی تیمی کریکێتی ئەفغانستان، پاش بەشدارییان لە پێشبڕکێیەکی ناوخۆیی لەشاری شەرنە، بەرەو شاری ئەرگۆن دەگەڕانەوە کە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی پاکستانەوە بۆمباران کران و لە ئەنجامدا هەشت یاریزانی نێودەوڵەتیی کوژران و چواری دیکەش بریندار بوون."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار