ڕۆمان و ده‌ریا خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی عه‌شیقی وه‌رگێڕ
6 ساڵ لەمەوپێش
د.هاشم ئه‌حمه‌د زاده
بەشی دووەم و کۆتایی
گێڕه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه بێئەوەی زۆری لەسەر بڕوات و بڵێت کە پیرەی وەرگێڕ دەکۆخێت و ئەوانی تر وەخەبەر دێنێت، له زمانی خودی پیره‌وه دەڵێت: "کۆخەکۆخی من هەڵیستاندی؟ وانییە؟" وەڵامی یۆنیسیش دوو شت ڕوون دەکاتەوە: هەم ئاکاری خزمەتکارێک لە بەرامبەر سەروەرەکەیدا و هەمیش ئەو ڕاستییە کە پیرەی وەرگێڕ شەوانە دەکۆخێت. (ل. ٦١) گێڕه‌وه بۆ نیشاندانی ئەوپەڕی لیبرالبوونی قەشەی ماڕۆنی زۆری لەسەر ناڕوات و بە درێژدادڕی تاقەتی خوێنەر ناپروکێنێت و لە ڕێگای کردەوەکانییەوە نیشان دەدات کە ئەو چەندە کراوەیە. بۆ نموونە، قشه له ده‌رفه‌تێكدا شوێنی نوێژکردن لە کەشتییەکەدا به موسوڵمانێك نیشان ده‌دات و ئه‌مه‌ش بۆ ده‌رخستنی كراوه‌یی بیری قه‌شه، به‌سه.
ئه‌م ڕۆمانه‌ش وه‌ك هه‌ر ڕۆمانێكی تری سه‌ركه‌وتوو چه‌ندین گێڕانه‌وه‌ی لاوه‌كی هه‌یه كه زۆر وه‌ستایانه تێكهه‌ڵكێشی گێڕانه‌وه سه‌ره‌كییه‌كه كراون. شێوازی گێڕانه‌وه‌ی پێوه‌ندیی مه‌یاسه و بوزان له بواری تێكنیكییهوه جوان و سه‌رنجڕاكێشه و وا دەکات کە مرۆڤ چاوەڕوان بێت چی بەسەر ئەڤینی بوزان و مەیاسەدا دێت. بەڵام دیسانەوە داپچڕانی زەمەنی و گیرۆدەیی بە زەمەنی هێڵییەوە تەواو دیارە. هێندێک جار کۆتاییپێنەهاتنی بەشێک لە چیرۆکە لاوەکییەکان دەبێتە مەراقێک بۆ کاراکتێرێک و هەر بەم جۆرەش بۆ خوێنەر. نەبوونی دەرفەت بۆ بیستنی بەسەرهاتی کۆتایی ژیانی دەروێش سیراج لە زمانی قەشەوە نموونەیەکی جوانی ئەم چەشنە تێکهڵکێشانەیە کە گێڕانەوەکە پڕ بە باڵای خۆی ئاراستەی دەکات. "ئیدی نەمزانی ئەو پیاوە ڕووناکە، دەروێش سیراج، چی بەسەر هات؟ (١٤٥. ل)
کتێبەکە بە گشتی لە حەوت بەش پێکهاتووە و هێندێک لە بەشەکەان چەند ناونیشانییان هەیە. پیرە بۆ گێڕانەوەی هەر بەشێک تەدارەکێکی تەواو دەگرێت و داوتر بە نووسەرەکەی دەڵێت: "یۆنس بنووسە!" ئەو لە دوابەشدا لە لەززەتی گەیشتن بە کۆتاییەکان ده‌دوێت و تامی کۆتاییەکانی ڕۆمانەکە بەو گوتنانەی زیاتر دەکات.
گێڕانەوەی چیرۆکی سێ نەوجەوانەکە بە نۆرە و لە زمانی خۆیانەوە وەبیرهێنەرەوەی گێڕانەوەی حیکایەتەکانی دێکامێرۆنی جیۆڤانی بۆکاچیۆی ئیتالیاییە کە لە دە شەودا دە پاڵەوان هەر یەکەو لە شەوێکدا چیرۆکێک و دواجار بەگشتی سەد چیرۆک (story/tale) دەگێڕنەوە. بەڵام ئەگەر چیرۆکەکانی بوکاچیۆ ڕیشەیان دە فەرهەنگی زارەکیی شارستانییەته کۆن و جۆراجۆرەکاندایە، گێڕانەوەی سێ نەوجەوانەکە ئەزموونی کەسێتیی خۆیانە. هەر سێ نەوجەوانەکە بەسەرهاتی خۆیان دەگێڕنەوە، بەڵام "پیرە" لەبەر ئەوەی تای دێتێ و نەخۆش دەبێت چیرۆکی بەسەرهاتی خۆی ناگێڕێتەوە. ئەمەش پاساوێکی چاکە بۆ وەدواخستنی بەسەرهاتی کاراکتێری سەرەکیی ڕۆمانەکە. بەمجۆرە ڕۆمانەکە توانایی ڕاکێشانی سه‌رنجی خوینەر بە بەردەوامی ڕادەگرێت. هەڵبەت دواتر لە ئاماژەیەکدا گێڕەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کە "پیرە" چیرۆکی خۆی بۆ هاوەڵەکانی دەگێڕێتەوە (ل. ١٨١) و بەمجۆرە لەبەر ئاگاداریی خوێنەر لە چیرۆکی "پیرە" نایەوێت جارێکی تر ئەم شتانە دووپات بکرێنەوە.
ئاوێنە شکاوەکە کە لە سەرەتاوە گرفتی دەستپێکردنی چیرۆکەکەی دەستنیشان دەکرد، پارچەیەک لەو ئاوێنەیە کە دایک بۆ کورەکەی دانابوو بۆ سەفەرەکی ڕۆما. ئاشكراکردنی ئەم خاڵە لە لاپەڕەی ٢٠٠ی ڕۆمانەکە و کاتێک لە کۆتایی نزیک دەبینەوە، زۆر وەستایانەیە. گێڕانەوەی حەوت باوڵەکەی دایک بۆ کوڕەی پێچابۆوە پڕە لە وردەکاریی جوانی زمانی و داستانی. دوای قوتاربوون لە ترسی گەورەی نوقمبوونی کەشتییەکە لە ئاکامی زریانێکی تونددا، ئەوه باوڵەکانی دایکن کە کوڕە ئارام دەکەنەوە. ئەو هەر حەوت باوڵەکە دەکاتەوە و ناوئاخنە جۆراجۆرەکانیان یادەوەریی نیشتمان و خەمخۆریی بێسنووری دایک و مێهرەبانیی باوک لەوپەڕی وشیاریدا نیشاندەدات.
وەسفێکی لەڕادەبەدە جوانی یەکەم هەنگاوەکانی سەر وڵاتێکی نامۆ و غەریب دەبێتە دوا دێڕەکانی ڕٶمانەکە و سەرەتای گەیشتن بە ڕۆما. جێهێشتنی نیشتمان و شکانی ئازاری "دەفرێکی مەڕمەڕی" ئەو تێکشکانەیە نیشتمان دەکات بە یادگارییەکی ڕابردوو و ئیتر گەڕانەوە بۆ ئەم زێدە، تەنێ دەبێتە هیوایەک.
پشووی درێژی پیرەی وەرگێڕ کە چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە مەیل و ویستی خوێنەرەوە بە بەردەوامی دەجووڵێنێت. ئەو بە وەستایی و بە بیانووی حەسانەوە، خواردن و سەرخەوشکاندن پشوویەک بە گێڕانەوەکە دەدات و ڕەوتی پڕ لە هەڵواسینی (suspension) گێڕانەوەکە بەردەوام پڕچێژتر و بتامتر دەکات. پرسێک کە مرۆڤ دەتوانێ ئاراستەی پێکهاتە (structure) ی چیرۆکەکەی بکات ئەوەیە کە گەلۆ بینا و پێکهاتەی ئەم چیرۆکە نەدەکرا پتەوتر بوایە و چیرۆکە پەراوێزەکانی وەک هۆدە و ژووره‌كانی ناو بینایەکی گەورەی لەخۆ گرتبوایە؟
له‌م ڕۆمانه‌دا ئاماده‌یی ده‌ریا له ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌كه‌دا توندوتۆڵییه‌كی به‌رچاو ده‌دات به ڕیتمی ڕووداوه‌كان. زریانی گریت و مەترسیی نقومبوونی کەشتییەکە و ترس و دڵەڕاوکێی سەرنشینەکانی و دواجار بردنی کەشتییەکە بە سەوڵلێدانی کەشتیوانەکان و خنكانی دووانیان و حاڵ و هەوای کاراکتێرەکان له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، بەتایبەت هی "پیرە" و قەشە، نموونه‌یه‌كی دیار و جوانی ئه‌م وه‌سف و گێڕانه‌وه‌یه‌یه.
هێندێکجار گێڕانەوەکە لە ڕەوتی ژیننامەنووسی لادەدات و دەبێت بە باسی پرسی وەرگێڕان لە سەدەکانی سەردەمی گێڕانەوەکەدا و جیاوازیی سیاسەتی وڵاتان، بۆ نموونە فەڕانسە و بریتانیا و ڕۆما لە پەروەردەکردنی وەرگێڕدا. ئەمجۆرە باسکردنە، لاپەڕەکانی ٩٤ تا ١٠٢ لە دیاردەی وەرگێڕان، سەرەڕای گرنگی و پڕبوونی لە زانیاری، خوێنەر ماندوو دەکات و سروشتی دیالۆگییانەی گێڕانەوەکە دەکووژێت.
گێڕه‌وە بە جوانی ئاگاداری کەموکوڕیی بیری مرۆڤە و دەزانێ کە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکان ناتوانێت تەواو و سەراسەر ڕاست بن و مرۆڤ زۆر بە ئاسانی ئەوەی لەبیر دەچێتەوە. بەڵام وەک شوێنەکانی تری ئەم ڕۆمانە، گێڕەوە لەسەر ئەم بابەتە بە تاکبێژییەکی ماندووکەرانە نادوێت و باسێکی فەلسەفیی ڕووت و خەست ئاوێتەی ڕۆمانەکە ناکات. ئەو بە دروستی و بەپێی ئەو ڕاستییە کە خەریکی گێڕانەوەیە، هونەری نیشاندان دەکاتە جێگرەوەی گوتن و درێژدادڕی. (ل. ٦٣)
ناسنامه
ئەگەرچی نووسەری ئەم ڕۆمانە وەک نووسەرێکی ناسراوی کورد ناوبانگی دەرکردووە و هەتا ئێستا هه‌شت ڕۆمان، چوار به عه‌ره‌بی و چواریشی بە کرمانجیی سەروو، بڵاو بووەتەوە، کاراکتێری سەرەکیی ئه‌م ڕۆمانەی نە کورد بەڵکو چەرکەسە. تەنیا کاراکتێری کوردی ئەم ڕۆمانە "کوردەی گالیسکەوانە". ئەو خەڵکی دەشتی سروجی دەورووبەری شارۆچکەی ئەلبیرەی سەر بە شاری ئورفەیە. ئەو هەمیشە خەمگینە و خەم سیمای داپۆشاندووە. ئەو دەڵێت کە "ئەسپەکەشم وەک خۆم کوردە." (ل. ٦٦). پرس ئەوەیە کە لەو سەردەمیدا ناسنامەی ئێتنیكیی لەم چەشنە ئه‌وه‌نده باو بووە؟ کاتێک مەیاسەی کچە کۆچەر بە کوردەی گالیسکەوان دەڵێت "کورد بیت و زمانیشت لەنگ. (ل. ٧٢)، ئەو پرسە دێنێتە ئاراوە کە گەلۆ کوردبوون ئەو کاتیش کێشە و کەمایەسی بووە؟
زۆرجار چەمکە دەکارهاتووەکانی ناو ڕۆمانەکە هەڵگری تایبەتمەندی و سەرمایەی کولتوریی سەردەمی خۆیان نین. قسەکردن لە هەبوونی "نەتەوە" و "میللەت" لە سەردەمی ئەم چیرۆکەدا لەجێی خۆیدا نییە. ئاخر "میللەت" لەو سەردەمیدا شتێکی تر بووە و هیچ پێوەندییەکی بە مانای چەمکەکە لە سەردەمی ئێستادا نییه.
چیرۆکی لاوەکیی کوردەی گەلیسکەوان، بوزان، بەشێکی زۆری چیرۆکەکەی داگرتووە. چیرۆکی ئەڤینی نێوان بوزانی کورد و مەیاسەی عارەب کە بوزان کاتی خۆی بۆ پیرەی وەرگێڕی لە سەردەمی گەنجیدا گێڕاوەتەوە، تا ڕادەیەک درێژە و بەشێکی زۆری لە فەزای گێڕانەوە سەرکییەکە داگیر کردووە. لە هەمانکاتدا تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ پرسی ئەڤینداریی بوزان و شێوازی عاشقبوونی بوزان بە مەیاسە دەریدەخات کە کۆمەڵگەیەکی لەم چەشنە بە زەحمەت دەتوانێت بواری نووسینی "ژیننامە" بڕەخسێنێت. بوزان بە هۆی خۆشویستنی مەیاسەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە "شێت" بووە. باوکی بوزان ئەو دەباتە لای شێخی بەرکەل کە پێی وایە جنووکە چووەتە ناو گیانی بوزان و بۆ دەرکردنی جنووکەکان بەردەوام بوزانی بێچارە دارکاری و تەنانەت دا‌غ دەکات. مرۆڤ كه بیر له به‌سه‌رهاتی ته‌نیا كاراكتێری كوردی ئه‌م ڕۆمانه، واتا بوزانی گالیسكه‌وان، ده‌كاته‌وه، له خۆی ده‌پرسێت تۆ بڵێی نووسه‌ر، تێبینیی ئێستای خۆی له‌سه‌ر كوردبوون نه‌گواستبێته‌وه دوو سه‌ده و نیو پێش ئێستا و مرۆڤی كوردی تووشی نه‌هامه‌تی و نوشوشتیی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی نه‌كردبێت؟
نۆستالژیا و هه‌ڵاتن بۆ دواوه
به‌سه‌رهاتی عه‌شیقی وه‌رگێڕ و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌مانی ئیمپراتۆرییه‌كان ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ هه‌ڵاتن له نه‌هامه‌تییه‌كانی سه‌رده‌می مۆدێرن كه تێیدا سه‌پاندنی ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی به مانای سڕینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ناسنامه‌ی تری دانیشتوانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بوو. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه وه‌ك هه‌وڵێكی لێدێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی جۆرێك له ئارامی له ڕابردووی دووردا كه ده‌كرێ وه‌ك نۆستالژیایه‌ك سه‌یر بكردرێت. قەشەی مارۆنی کە هاوڕێی ڕوشدیی بازرگانە یارمەتیدەری گەیاندنی کوڕەکەی ڕوشدییە بۆ ڕۆما. ئەو هەر لە سەرەتای سەفەرەکەوە ناوی یوحەنای ئەنتاکی لە کوڕە دەنێت. ئەم ناوە ناسنامەیەکی کرستیانی بە کوڕە دەبەخشێت و بۆی دەبێت بە جۆرێک لە جەوازی سەفەر. ئاخر لە سەردەمی عوسمانییەکاندا موسوڵمانەکان بۆیان نەبوو بڕۆنە سەرزەمینی کوفر و لەوێ نیشتەجێ بن.
نووسەر لە پێشەکیی وەرگێڕانی کوردیی ڕۆمانەکەیدا، ئامانجی خۆی لە نووسینی ئەم ڕۆمانە باس دەکات و دەڵێت کە “ئه‌م ڕۆمانه‌م ته‌نیا بانگه‌شه‌یه‌كه بۆ په‌نابردن بۆ ئاوه‌ز و دانایی له‌سه‌رده‌مێكدا خه‌ریكه ده‌بێته دارستانێكی وشك و ئاگری توندڕه‌وی لووشی ده‌دات.”
دەکرێت وەسفی جوانییەکان و پەسندانی ڕابردوو و پێداهەڵگوتنی سەردەمی پێش‌مۆدێرن بۆ بەربەرەکانیی سەردەمی ئێستا و مەوداگرتن لە فەزا پڕ لە شەڕ و کوشتارەکەی جۆغرافیای گێڕانەوەکە و ژینگەی سەرەکیی کاراکتێرەکان واتا ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئەمڕۆ بێت.
گرفت ئەوەیە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتدا ئێمە نوینەرایەتیی قەشەی ماڕۆنی و ڕوشدیی بازرگان و هەموو ئەو ئایدیا جوانانەی بانگەشەی ژیانێک لە دەرەوەی باوەڕە ئاینییەکانەوە دەکات و تێیدا هەموو باوەڕ و بۆچوونێک بە هارمۆنییەکی تەواوە لەگەڵ یەکتر دەژین لە گوتارێکدا نابینین. بۆ نموونە ئایا لە دەرەوەی ئەم گێڕانەوەیەدا مرۆڤ دەتوانێت ئاماژە بە بیرمەندێکی سەدەی حەڤدە و هەژددەهەمی هەمو جۆغرافیای گێڕانەوەکە بە تورکی و عه‌رەبییەوە بکات و بڵێت فڵان کەس ئاوا دەنووسێ. بە واتایەکی تر مرۆڤ دەکرێت بڵێت مرۆڤ خۆزگە بە قەشەیەکی ماڕۆنی و ڕوشدییەکی بازرگان و پیرەیەکی وەرگێڕی ڕاستەقینە دەخوازێت و لە نەبوونی ئەواندا قەشەیەک و بازرگانێک و پیرەیەکی وەرگێڕی خەیاڵیی ئیدێئال دەئافرێنێت.
هێندێک جار قسەی وا لە دەمی کاراکتێرگەلی وەک دەروێش سیراج و قشە پۆلسه‌وه دەکرێت کە مرۆڤ وەیادی ڕووناکبیرانی سەردەمی ڕۆشنگەریی ڕۆژاوا دەخات و هەست دەکات دیدێرۆ و ڤۆلتەر قسە دەکەن. بۆ نموونە کاتێک دەروێش سیراج دەڵێت کە "ئازادی دەقێکی مەزنە، پەراوێز و ڕاڤەی کورت و زۆری هەن، هەڵبەت پەراوێز نییە بۆ دەقەیلی تر." ، مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دێت. ئەمە ئیتر زۆر سەختە جێگای باوەڕ بێت کە لە عەقڵی مرۆڤێکی سەدەی هەژدەهەمی حەڵەبەوە هەڵقوڵا بێت. ئایا نموونەیەکی ئاوا لە زانایەکی ئیسلامی بیستراوە؟ ئەمە ئەگەر ڕاستیش بێت پێشخانی ڕۆمانەکە لە ئاستی پێویستدا دەریناخات بۆچی دەبێت قەشە پۆلس و دەروێش سیراج ئاوا بیر بکەنەوە. ئایا ئەمە هۆکاری سروشت و ژینگەی ئەوانە یان نەزمی سیاسی باو وا دەخوازێت. مرۆڤ بەردەوام ترسی ئەوەی هەیە نووسەر هەر وەک لە "پێشەکی"ی وەرگێڕانی کوردیی بەرهەمەکەی گوتوویەتی، دژایەتیی ئەو لەگەڵ شەڕوشووڕی ئیستا و ڕۆڵی خراپی ئایینەکان لەم پێکهەڵپڕژانی باوەڕە جۆراجۆرەکاندا هانی دابێت بە ڕازاندنەوەی ڕابردوو سوکنایی بدات بە خۆی. مرۆڤ وا هەست دەکات کارتێکەریی ڕەوشی ئێستا و پێداویستیی دۆزینەوەی ڕۆژگارێکی خۆش لە ڕابردوودا بۆ دەرچوون لە فەزای کوشەندەی ئەم سەردەمە، گێڕەوە وا لێدەکات تیفتیفەی ڕابردوو بدات و کەسایەتی ئایدیالیستی وەک قەشەی ماڕۆنی و دەروێش سەراج ساز بکات.
به‌رایی كۆلۆنیالیزم
له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا خوێنه‌ر سه‌فه‌رێكی خه‌یاڵی بۆ سه‌رده‌می گه‌شه‌ی ئیمپراتۆریای عوسمانی ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ژیان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌رده‌م ئاشنا ده‌بێت. بۆ نموونه تێده‌گات كه جۆرەکانی کاغەز لەو سەردەمیدا بریتی بوون لە ڕۆمی، میسری، بەغدایی و سەمەرقەندی. بەڵام جۆری ڕۆمایی لە هەموویان باشترە. (٤٤) وێده‌چێت هه‌ر له‌و سه‌رده‌میشدا سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆژاوای پیشه‌سازی مۆركی خۆی له‌سه‌ر زه‌ینی ته‌نانه‌ت دانیشتوانی عوسمانییشدا دابێت و پێشكه‌وتوویی ڕۆژاوا بووبێت به ڕاستییه‌كی حاشالێنه‌كراو. بۆیه ده‌بینین كه هەر ئەو سەردەمیش بۆچوون لەسەر فەڕەنگستان بۆچوونێکی ئەرێنی بووە وەک وڵاتێکی کە "ماست و هەنگوینی لێ دەڕژێت" پێناسه كراوه (٣٨ .ل).
باوکی شەمعون، یەکێک لەو گەنجانەی لەگەڵ قەشەی ماڕۆنی بەرەو ڕۆما دەڕۆن و خۆی کوڕە کرستیانێکی دەوەری تلکێفی سەر بە موسڵە و تەمەنی شازدە ساڵە، لە باسکردنی بەسەرهاتی خۆیدا دەگێڕێتەوە کە چۆن "کەسانێک لە وڵاتی فەڕەنگانەوە دەهاتن و دەچوون، لە دوای خۆیانەوە جگە لە ناکۆکی هیچیان جینەدەهێشت، تا وای لێهات باوکم بە دووزمانانی ڕۆمای ناودەبردن." (ل. ١٥٧) مرۆڤ جۆرێک لە سەرەتاکانی کۆلۆنیالیزم لەو قسانەدا دەبینێتەوە کە چۆن مژەدبەخشەکان بە هاتنیان بۆ ناوچەکە هێدیهێدی تۆوی دووبەرەکی دەخەنە ناو "بەرخەکانی خوا". نێردەکانی وڵاتی فەڕەنگ بە هاتنیان بۆ ڕۆژهەڵات زیان بە کریستیانەکان دەگەیەنن. ئەمە دەتوانێ سەرەتای شێواندنی نەزمی کۆن و هاتنی سەردەمی مۆدێڕن بێت.
باوکی پیرە لەبەر کەسێکی وەک خواجە مارتینی ئاڵمانی مایەپووچ دەبێت. ئەمەش دەکرێت وەک دیاردەی کۆلۆنیالیستی و هاتنی ڕٶژاواییەکان بۆ ڕٶژهەڵات ببیندرێت.كیبەرکێی ئابووری لەنێوان مارتینی ئاڵمانی و ڕوشدیی بازرگاندا سەرەتای سەردەمانێک دەستنیشان دەکات کە وڵاتانی ڕۆژاوا هێدیهێدی دەگەیشتنە ڕۆژهەڵات. ئەوان بە کەرەسەی باشترەوە کێبەرکێی ئابوورییان لە بازرگانانی ناوخۆ دەبردەوە و چاکتربوونی کالاکانیان ڕەوتی هاوردەکردنی ئابووریی لە سەمەرقەند و بەغداوە بەرەو مەرسیلیا دەگوێزێتەوە.
باوکی شەمعون بازرگانێکی کرستیانە کە لە ئاکامی لەتلەتبوونی کلێساکانی ڕۆژهەڵاتدا کاروباری لە بڕەو دەکەوێت و دەخوازێت ببێت بە موسوڵمان و دواجار "شێت" دەبێت و لە ژێرزەمینی کلێسایەکدا دەبەسترێتەوە. شمعون لە ڕەبەنگەی چیای عابدین جێگیر دەبێت و دواجار بەهۆی توانا زمانییەکانییەوە و زانینی ئاسۆڕی، کوردی و عه‌رەبی هەڵیان بژاردووە کە بچێتە ڕۆما بۆ فێربوونی ئیتالیایی لاتینی. گێڕانەوەی ئاوا بە وردەڕیشاڵی ژیانی نەوجەوانێک ئەم پرسە دێنێتە ئاراوە کە ئایا ئەم وردەکارییە تاکبڕوایانە لەو سەردەمەدا و لە چوارچێوەی ئێپیستیمەی ئەو سەردەمیدا دەگونجا؟
ئه‌نجام
ئه‌گه‌رچی هه‌لومه‌رجی جۆغرافیایی كوردستان مه‌جالی ئاماده‌بوونی ده‌ریای له گێڕانه‌وه‌ی كوردی بڕیوه، به‌ڵام عه‌شیقی وه‌رگێڕ و زه‌نگه‌كانی ڕۆما به گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌كان توانیوییانه چێژی گێڕانه‌وه له‌گه‌ڵ سامی ده‌ریا و شه‌پۆله‌كانی وشه تێكه‌ڵاو بكه‌ن. لە گرنگیی چاوەڕوانیی بۆ بیستنی بەسەرهاتی دەروێش سیراجدا، ئەو کوڕە گەنجەی دواتر دەبێت بە پیرەی وەرگێڕ، بە قەشە دەڵێت لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی دەروێش بەردەوام بێت. چونکە "چیرۆک دەریایەکە ئەوی دابەزێتە ناوییەوە چەندێک زریان هەڵکات و چەندێک شەپۆلەکانی بەرزببنەوە، نوقم نابێت." (ل. ١٣٧) ئه‌م وێكچوواندنه، له‌ڕاستیدا، هه‌ڵگری باری ماناییه‌كی گرنگه له نیشاندانی كارلێكی ده‌ریا و چیرۆكدا.
ڕۆمانی عه‌شیقی وه‌رگێڕ و زه‌نگه‌كانی ڕۆما[1] وه‌ك به‌رگی دووهه‌می ئه‌م ڕۆمانه، ڕه‌هه‌ندێكی نوێ ده‌دات به گێڕانه‌وه‌ی كوردی و تواناییه‌كانی گێڕه‌وه بۆ وێناكردنی فه‌زاگه‌لی تێكه‌ڵاو له وشكانی و ده‌ریایی. ڕه‌نگه لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌مان بۆ بێته پێش تۆ بڵێی فه‌زایه‌كی له‌م چه‌شنه و كاراكتێرگه‌لێكی ئاوا هه‌مه‌ڕه‌نگی ئێتنیكی، هێشتا بتوانن پێناسه‌ی كوردیی ڕۆمانه‌كان بپارێزن؟ له دونیای تێكسڕماوی ئێستادا كه تێكه‌ڵاویی چڕی مرۆڤه‌كان بووه‌ته دیارده‌یه‌كی ڕۆژانه و هه‌مه‌لایه‌نه، گێڕانه‌وه‌ی كوردی ناتوانێت له ده‌ریای بێسنووری هونه‌ردا مه‌له نه‌كات و خوێنه‌ری كورد به پڕشكی ئاوی ده‌ریا شاد نه‌كات. عه‌شیقی وه‌رگێڕ و ڕۆمانی زه‌نگه‌كانی ڕۆمای جان دۆست، سنووره‌كانی گێڕانه‌وه‌ی كوردی‌یان له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه تا ڕۆژاوا درێژ كردووه‌ته و به گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوو چه‌شنێك له هه‌ستی نۆستالژییانه‌ی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان جووڵاندووه‌ته‌وه.
له وتارێكی تردا، ڕۆمان و ده‌ریا (٢)، ئه‌م ڕۆمانه‌شم هه‌ڵسه‌نگاندووه. [1]