مەریوان وریا قانع کۆچ ھەرگیز کورتناکرێتەوە تەنھا بۆ ڕاکردن ”لە شوێن“ێک، بەڵکو ڕاکردنیشە ”بەرەو شوێن“ێکی تر
6 ساڵ لەمەوپێش
بەشی پێنجەم وکۆتایی
سازدانی:شاخەوان سدیق
پرسیار: یەکێک لە تێماکانی کتێبی دڵشکان مەسەلەی کۆچ و دڵشکانە لە منفا دەتوانی ڕونتر باس لە پەیوەندی کۆچ و غەریبی بە مەنفاو دڵشکانەوە بکەیت؟ هەستناکەن بەشێک لە کۆچی کوردان پەیوەندی بە جۆرێک لە دڵشکانەوە هەیە لە هەموو جومگە و پەیوەندیە جیاوازەکانی نیشتمان؟
وەڵام: بەڵام بۆ وەڵامدانەوەیەکی دروستی ئەم پرسیارە پێویستە سەرەتا چەند دیدێکی تێوری لەسەر دیاردەی کۆچ بە گشتیی بخەمەڕوو، دوای ئەوە ڕوونیبکەمەوە کۆچی کورد بۆ دەرەوەی کوردستان پەیوەندیی بە چییەوە ھەیە؟ دواتریش تێمای کۆچ بە دیاردەی نیگەرانبوون و دڵشکانەوە، گرێیبدەمەوە. وەک دەزانیت من پازدە ساڵێک لەمەوبەر، لە ساڵی ٢٠٠٥ دا، کتێبێکم لەسەر دیاردەی کۆچکردنی کورد لە سەدەی بیستەمدا بە ناوی ”ناسیۆنالیزم و سەفەر“ەوە بڵاوکردەوە. بەشێک لەوەی لێرەدا دەیڵێم سەرچاوەکەی لەو کتێبەدایە.
بۆ قسەکردن لەسەر دیاردەیەکی گرنگیی وەک کۆچکردن، بەر لەھەموو شتێک، پێویستە واز لە ئینشانووسین و قسەی گشتیی و حوکمی نەسەلمێندراو بھێنین و ئەم دیاردەیە لەناو سیاق و ڕەوتی مێژوویی خۆیدا نیشتەجێبکەین. ھیچ شتێک ھێندەی گەڕاندنەوە بۆ مێژوو لە دیاردەی گشتاندن و ئینشانووسی لەسەر دیاردەکان ڕزگارمان ناکات. وەک سەرەتا با لەو ڕاستییە دەستپێبکەین کە کۆچی کورد بۆ دەرەوەی کوردستان، تا کۆتایی ساڵانی شەستی سەدەی بیستەم، ”کۆچێکی تاکەکەسیی“ە. کەسانێکی کەم کوردستان بەجێدەھێڵن و ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەکەن. لە سەدەی نۆزدەھەمدا، بۆ نموونە، ئێمە کۆچی مەولانا خالید و نالی و حاجی قادری کۆیی و چەند خێزانێکی دەسەڵاتدار دەبینین، کە دوای ڕوخاندنی ئیمارەتەکانیان، ناچاردەکرێن بەرەو ئەستەمبوڵ کۆچ بکەن. ئەم کۆچە جگە لەوەی دیاردەیەکی تاکەکەسییە، ھاوکات کۆچیشە لەناو سنوورەکانی ئەو جوگرافیا ئاینییەدا کە ناوی ”ماڵی ئیسلام“ یان دار الاسلام،ە. لە سەدەی بیستەمدا ئەم کۆچە تاکەکەسییانە بەردەوامدەبن و تا ساڵانی شەستی سەدەکە کۆچی کورد لەوە دەرناچێت کۆچێکی تاکەکەسیی و بچووک و سنووردار بێت. بەڵام ئەم کۆچە تاکەکسییانە چیتر تەنھا لەناو سەرزەمین و جوگرافیای ”ماڵی ئیسلام“دا ڕوونادەن، بەڵکو کۆچێکە بۆ دەرەوەی ئەو جوگرافیا دنییە و ڕووی لە شوێنانەیە کە جارێک پێیدەڵێین ئەوروپا و جارێکی تر خۆرئاوا.
لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە کۆچکردنی کورد لە ”دیاردەیەکی تاکەکەسیی“ەوە دەگۆڕێت بۆ ”دیاردەیەکی دەستەجەمعیی“، کۆچبەرانیش بە تەنھا نووسەر و ڕۆشنبیر و سیاسیی ڕاکردوو نین، تەنھا ئەم یان ئەو تاکەکەسیش نین بۆ خوێندن و فێربوون وڵاتیان جئھێشتبێت. بەڵکو زۆرینەیان کرێکاری کۆچکردون. لەمەشدا کوردانی تورکیا بەشی شێر، ئەگەر نەڵێم ھەموو بەشەکەیان بەردەکەوێت. ئەم کرێکارە کوردانە بۆ ئەوروپای دوای جەنگی جیھانی دووھەم کۆچدەکەن و لە وڵاتە جیاوازەکانی وەک ئەڵمانیا و ھۆڵەندا و ئەسکەندەنافیدا جێگیر دەبن. ئەگەر لە قۆناغی یەکەمدا پاڵنەرێکی سیاسیی یان مەسەلەی ئاسایشی تاکەکەسیی یان فێربوون لە پشتی کۆچی تاکەکەسەکانەوە بووبێت، ئەوا لە قۆناغی دووھەمدا ئەوەی کرێکارە کوردەکان بەرەو کۆچکردن دەبات، کەمتر پاڵنەری سیاسیی و زیاتر پاڵنەری ئابوریی و گەڕانە بەدوای ژیان و گوزەرانێکی باشتردا. زۆربەشیان وەک ”کرێکاری تورک“ بەرەو ئەوروپا کۆچ دەکەن و لەو وڵاتانەشدا وەکو تورک ناونوسکراون، بەڵام لە ساڵانی ھەشتا و نەوەددا پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، ئەم کوردە بە تورککراوانە دەکاتەوە بە کورد و دەیانگۆڕێت بۆ بەشێکی چالاکی ئەو دیاردە سیاسییە ئاڵۆز و فرەڕەھەندەی ناوی ”ناسیۆنالیزمی دوورمەودا“یە.
لە پەیوەندیدا بە کوردانی باشورەوە شەپۆلێکی بچوک لە کۆچ لە دوای شکست و کەوتنی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ دا دەستپێدەکات، ئەمانە وەک پەناھەندەی سیاسیی دەگەنە ئەوروپا، بەڵام لەھەمانکاتدا ھەندێک لە کۆچبەری تری باشور لەدەرەوە و بە مەبەستی بەرپاکردنەوەی شۆڕش بۆ کوردستان، دەگەڕێنەوە. کوردانی ئێرانیش لە ساڵانی دوای شۆڕشی ئێرانی و دوای پەلامارەکانی جمھوری ئیسلامی بۆ کوردستان لە ساڵانی ھەشتادا بەرە و دەرەوە کۆچدەکەن. لە دوای ھێرش و وێرانکارییەکانی ئەنفال و بەتایبەتی لە ساڵانی نەوەد و دونیای دوای ڕاپەڕیندا، ژمارەی کۆچبەرانی کوردی باشور بە خێرایی زیاددەکات و کۆچی ئەوانیش دەگۆڕێت بۆ دیاردەیەکی دەستەجەمعیی. ئەوەی شوێنی سەرنجە ئەوەیە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا زیاد لە نەوەیەک لە یەککاتدا و بەیەکەوە کۆچ دەکەن. لە خێزانێکدا باپیرە و داپیرەوە و باوک و دایک و منداڵەکان بەیەکەوە کۆچدەکەن و بەیەکەوە دەبن بە کۆچبەر. وەک وتم لە کتێبی ”ناسیۆنالیزم و سەفەر“ دا بەشی زۆری ئەم مەسەلانە باسکراون و دەرکەوتە سیاسیی و دینیی و فەرھەنگیی و پراکتیکیی شیکرونەتەوە.
لە ئێستادا ژمارەی کۆچبەرانی کورد لە ئەوروپادا لە ٢ ملیۆن کۆچبەر نزیکدەبێەتوە کە زۆرینەی ھەرە زۆریان کرێکارە کۆچبەرەکانی کوردستانی تورکیان. ئەوانەش کە وەک پەناھەندەی سیاسیی و ئینسانیی کۆچیان کردوە ژمارەکەیان زۆر کەمترە و لە چەند سەد ھەزار کۆچبەرێک تێپەڕناکات. بەڵام بۆ ئەوەی زیادەڕۆیی نەکەین و وانەزانین تەنھا کورد وڵاتی خۆی بەجێھێشتوە و لەسەر ئەو بنەمایەش قسەی نەسەلمێندراو بکەین، با سەیرێکی دیاردەی کۆچکردن لە دونیای ئەمڕۆدا بکەین. لە ئێستادا کەم وڵات ھەیە کۆچبەری نەبێت، کەم میلەتی دونیا ھەیە خاوەنی دیاسپۆرای تایبەت نەبێت، کە بە وڵات و بەشە جیاوازەکانی جیھاندا بڵاو نەبووبنەوە. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی ١٩٩٠ دا نزیکەی ١٥٠ ملیۆن کۆچبەر لە دونیادا بوونی ھەبووە، بەڵام لە ئێستادا، لە دەیەی دووھەمی سەدەی بیست و یەکەمدا، ئەم ژمارەیە بۆ ٢٤٠ ملیۆن مرۆڤ بەرزبۆتەوە. ئەم ژمارە گەورەیە وەک ووتم تەنھا نزیکەی ٢ ملیۆنی کوردە و زۆربەی ھەرەزۆریشی کرێکاری کۆچکردوە. ئەمە نیشانمان ئەدات کە کۆچی کورد بەشێکی بچووکە لە دیاردەیەکی گلۆباڵی و جیھانیی کە ئەمڕۆکە لە جیھاندا ئامادەیە.
ئەگەر بپرسین ئایا ئاکاری سەرەکیی ئەو کۆچبەرە کوردانە چییە؟ بیرکردنەوەیەکی سادە و نیمچە میتۆدیش بەو دەرەنجامە سادەیەمان دەگەینێت کە ناتوانین گشتگیریی بکەین. ناتوانین بڵێین کۆچبەری کورد کۆچبەرێکی ”یاخیگەر“ و ”شۆڕشگێڕ“ە و کۆچ لەلای ئەو ”یاخیبوونێكی ڕەمزیی“ و ”جۆرە شۆڕشێكی ناوەكیی“ە بەرامبەر بە ”ھەموو کۆمەڵگا“. ئەم جۆرە گشتگیریە جگە لەوەی تەواو ھەڵە و ناڕاستە و ھیچ شتێک نایبەتاوە ناو مێژووی کۆچکردنی کورد بەو شێوەیەی باسمکرد، ھاوکات نرخی ئەم جۆرە قسانە لە نرخی ئینشانووسییەکی بێبنەما زیاتر نییە. وەک ووتم زۆرینەی ھەرەزۆری کۆچبەرانی کورد کرێکاری کۆچکردون و ئەوەی کردونی بە کۆچبەر ”یاخیبوونی ڕەمزیی“ و ”ناڕەمزیی“ نەبووە و نییە، بەڵکو پاڵنەری ئابوریی و گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بووە. لەم ئاستەدا کۆچکردنی کورد، وەک کۆچی زۆربەی میلەتانی دونیا، کۆچکردنە بە مەبەستی گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتر و ئاسانتر و ھێمنتردا. ئەوەی پۆڵەندیەک یان میسریەک یان مەغریبیەک یان تورکێک بەرەو کۆچکردن دەبات و بردوە، ھەمان ئەو ھۆکارەیە کوردێکی تورکیای بەرەو کۆچکردن بردوە.
ئەوانەشی کە پەناھەندەن، وەک وتم بە ژمارە زۆر زۆر کەمترن لە کرێکارە کۆچکردوەکان، کۆچەکەیان کەمەکێک ئاڵۆزترە. لای بڕێک لەمانە، لای ھەمووان نا، لە پاڵ پاڵنەری ئابوریدا، پاڵنەری سیاسیی و دینیی و ھەندێکجار ئەخلاقییش، ئامادەیە. ھەندێک لەمانە ئەوەی بە پلەی یەکەم دەیانجوڵێنێت تەنھا گەڕان نییە بەدوای ژیانێکی مادیی و ئابوریی باشتردا بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان، گەرچی ئەمە ھەمیشە ڕۆڵێک ھەر دەبینێت، بەڵکو ڕاکردنە لە دەستی ڕاونان و گرتن و کوشتن. لە ڕووی تیوریشەوە کۆچ چەندە دەرەنجامی ھەڵاتن و بەجێھێشتنی ”شوێن“ێکە، ھێندەش ڕۆیشتن و ڕاکردنە بەرەو ”شوێن“ێکی تر. لەو ئەدەبیاتە زۆرەدا کە لەسەر دیاردەی کۆچکردن نووسراوە ئەم دوو ھۆکارە لەیەکتری دانابڕدرێن و پەیوەندییەکی پتەویان بەیەکەوە ھەیە. یەکەمیان ”پاڵ“ بە مرۆڤەوە دەنێت بۆئەوەی بڕوات و کۆچبکات، دووھەمیان مرۆڤ ”ڕادەکێشێت“ بۆ کۆچکردن. ڕەگوڕیشەی یەکەمیان لەناو ئەو جێگەیەدایە کە ناوی نیشتیمان و زادگایە، بەڵای ئەوی تریان لەناو ئەو شوێنەدایە کە بەرەوڕووی کۆچدەکرێت. ئەمە وادەکات کۆچ ھەرگیز کورتنەکرێتەوە تەنھا بۆ ڕاکردن لە ”شوێن“ێک، بەڵکو پابەستە بە ڕاکردنیشەوە بەرەو ”شوێن“ێکی دیکە. لە شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە کۆچی کورد و کۆچی زۆرێک لە میلەتانی تر ”ڕۆیشتنە بەرەو“ ئەوروپا، بەرەو شوێنێک کە لە خەیاڵی زۆرینەی کۆچبەراندا ئاکارێکی یۆتۆپی و نیمچە یۆتۆپی ھەیە و وەک مۆدێلێکی سەرکەوتو بۆ بەختەوەریی و وەدیھێنانی خەون و چاوەڕوانییەکانی تاکەکەس لە خۆی و لە ژیان، وێنادەکرێت. ھەموو کورتکردنەوەیەکی دیاردەی کۆچکردن تەنھا بۆ ئەو ھۆکارانەی وا لە مرۆڤ دەکەن ”شوێن“ێک بەجێبھێڵێت ھەڵەیەکی گەورەیە و پەیوەندیی بەھەر شتێکەوە ھەبێت پەیوەندیی بە دیاردەی کۆچکردنی ژمارەیەکی گەورەی کۆچبەرانی سەدەی بیستەمەوە نییە. ”ھێزی پاڵنان“ بەرەو کۆچکردن لە ”ناوەوە“ و ”ھێزی ڕاکێشان“ لە ”دەرەوە“، ھەردووکیان دوو میکانیزمی بەھێز و بنەڕەتیی کۆچکردنن لە دونیای ئەمڕۆدا. من لە زیاد لە نووسنێکدا ھۆکاری کۆچکردنم لە ”ئاستی ناوەکیی“دا بە فەشەلی پرۆژەی دروستکردنی ”نیشتیمان“ەوە گرێداوە، بە نائومێدبوونی مرۆڤەوە لەوەی ”جوگرافیایەکی ئەتنی ڕووت“ بگۆڕێت بۆ ”نیشتیمانێک ئازاد“. یبێگومان نیشتمان بەو مانایانەی لەسەردەمی ماکیاڤیلی و ئیمانۆێل کانتەوە باسدەکرێت. نیشتیمان وەک شوێنێک گرێدراو بە ماف و ڕێز و ئازادییەوە.
کۆچبەری کود کۆچبەرێکی دڵشکاو و نیگەرانە، نیشتیمانێکی ھەیە کە نیشتیمان نییە- لەم نیشتیمانەدا شتێک بەناوی ماف و بەناوی نرخ و بەناوی بەھاوە بۆ مرۆڤ وەک نرخێکی ئەبستراکت بوونی نییە، بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاستییە سادانە ئەم کۆچبەرە کۆچبەرێکی ”یاخیگەر“ و ”شۆڕشگێڕ“ نییە، نە خاوەنی ”یاخیبوونێكی ڕەمزیی“ە و نە ھەڵگری”جۆرە شۆڕشێكی ناوەكیی“ە بەرامبەر بە ”ھەموو کۆمەڵگا“، تەنانەت بەرامبەر بە ”چین“ و ”توێژ“ و ”دەسەڵاتێک“یش. زۆرینەی ھەرەزۆری کۆچبەران ئەو دونیایەی بەجێیدەھێڵن، ئەو کۆمەڵگایەی کە لێیدەردەچن و ئەو فۆرمی پەیوەندیی و کولتورەی لە وڵاتەکەیاندا ئامادەیە، لە شوێنە تازەکانی ژیانیاندا بەرھەمیاندەھێننەوە و بە زیندوویی ڕایاندەگرن. زۆربەی ئەو بونیاد و ئەخلاقیات و ھەڵسوکەوتە باڵادەستانەی وڵاتەکەیان بەرھەمدەھێننەوە و ھەمان داخرانی کولتوریی و ئەخلاقیی و ڕەمزیی لەگەڵ خۆیاندا بۆ ئەو شوێنەی کۆچی بۆدەکەن، دەبەن. ئەوانەی کە دینین ڕوودەکەنەوە مزگەوتەکانی ناو مەنفا، کە زۆرجار مەلا سەلەفییە تورک و عەرەبە وەھابییەکان بەڕێوەی دەبەن. ھەندێکیان دەچنە ئۆفیسی تەلەفیزیۆن و ڕۆژنامە حیزبییەکانەوە و لەوێدا وەک پیاوانێک لە خزمەتی حیزبدا و لە دووری ھەزاران کیلۆمەترەوە کاردەکەن. ھەندێکی تریان لە ھەمان دووریەوە بۆ بەدناوترین ڕۆژنامە حیزبییەکانی کوردستان دەنووسن و ڕەوایەتی بەو میدیا وێرانە ئەدەن کە سەرجەمی فەزا جیاوازەکانی کوردستانی پیسکردوە.
ئەوانەیان کە ژنکوژبوون وەک ژنکوژ دەمێننەوە و ئەوانەشیان کە پاتریارکبوون لەدوای کۆچکردنیانەوە پاتریارکبوونیان بەچەندان شێوە زیاددەکات. ھەیانە بە ھەمان لۆژیکی وڵات تونوتیژیی بەرامبەر بە منداڵەکانیان بەکاردەھێنن، ژیانی ژنەکان و کچەکانیان تاڵ دەکەن، بەھاکانی پیاوبوونێکی تەواو ناشیرین درێژەپێئەدەن و دەسەپێنن، بۆیە زۆرجار ھاوسەر و منداڵەکانیان لەدەستیان ھەڵدێن و دادگاکانیان لێدەگرن. ھەیانە تەنانەت ناھێڵن ھاوسەرەکان و کچەکانیان جلوبەرگێک لەبەربکەن لەگەڵ زەوق و ڕوانینی تەقلیدیی و کۆنەپارێزی ئەواندا نەگونجێت. لە ڕاستیدا کۆچ لە زۆر ئاستدا و لە دۆخی ژمارەیەکی گەورە لە کۆچبەراندا دەبێتە سەرزەمینێک بۆ چەکەرەکردن و گەورەبوونی کۆنەپارێزییەکی داخراوتری ئەخلاقیی و کولتوریی و دینیی و سیاسیی، کە زۆرجار لەوەی لە نیشتیمان خۆیدا ھەیە خراپترە. ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە دوای کۆچەوە دەچنە ڕیزەکانی داعشەوە، یان ئەوانەی لە ئەوروپادا ژنەکان و کچەکانیان دەکوژن، یان ئەوانەی ھەموو یارییە ناشیرینەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیاندا دەبەن، ئەوەمان نیشانئەدات ئەم ”یاخیگەر“ و ”شۆڕشگێڕ“ە گریمانکراوە چەند دروستکراوێکی ئینشایی ساختە و ناڕاست و بێبنەمایە. لە ڕاستیدا زۆرینەی کۆچبەران ھەرچییەک بن یاخیگەر نین، نە یاخیگەریی رەمزیی و نە یاخیگەرێکی ناڕەمزیی، کۆچکردنیشیان پەیوەندیی بەرھە شتێکەوە ھەبێت پەیوەندیی بە یاخیبوونەوە نییە. ئەم بە ڕۆمانسیکردن و بە پاڵەوانکردنەی کۆچبەر تەنھا ھەڵەیەکی فیکریی و میتۆدیی نییە، بەڵکو خواستی دروستکردنی پاڵەوان و یاخیگەرێکی وەھمی ئاراستەی دەکات، لە شوێنێکدا کە یاخیگەریی تێدانییە. بێگومان ئەم قسانە مانای ئەوە نییە کە تاک و تەرا کۆچبەر ھەبێت وەک یاخیگەرێک ڕابکەن و لە دەرەوەشدا وەک یاخیگەر دەژین، بەڵام ژمارەی ئەمانە نەک زۆر زۆر کەم و لاوەکییە، بەڵکو تەواو دەگمەنە.
بێگومان ئەم تراژدیا تازەیەی کۆچ دیسانەوە سەرچاوەی نیگەرانییەکی گەورەیە، نیگەرانییەک کە دەشێت شیعر وەک بێماڵیی و وەک وونبوون و وەک کەوتنە دەرەوەی ھەموو پەیوەندییەکی مانادار ببینێت و مامەڵەی بکات. لە دۆخی شەخسی مندا کۆچ لەدوا لێکدانەوەیدا ئەزموونی لەدەستدان و جێھێشتن و تەنھاکەوتنە، فۆرمێکی ڕادیکاڵیی بێماڵییە، ئەوەی لەناو ”کتێبی دڵشکان“دا ئامادەیە ئەم ئەزموونی بەجێمان و لەدەستدانەیە. ئەزموونی تەنھاییەک کە بڕێک لە ئازادیی و بڕێک لە ڕەشبینی دەبەخشێت. پرسیاری شیعر ئەوەیە چی لەو ئازادییە و چی لەو ڕەشبینییە دەکات و چ فۆرمێکی مرۆڤبوونیان لێدروستدەکات؟