سه‌باره‌ت به كانوونی ئه‌ده‌ب
6 ساڵ لەمەوپێش
باران
كانوونی ئه‌ده‌ب كه ده‌كرێت له زمانی كوردیدا به (خه‌رمانی ئه‌ده‌ب) ناوببرێت، به كۆمه‌ڵه به‌رهه‌مێكی دیاریكراو ده‌گوترێت كه له ڕووی نۆڕم و پێوه‌ره‌وه بژارده‌ی ئاست و چۆنییه‌تی ئه‌ده‌ب بێت و وه‌ك ده‌قی په‌سه‌ند و باڵا ده‌ستنیشان كرابێت. له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه هه‌بوونی كانوونی ئه‌ده‌ب چه‌ند پێویست و ئه‌رێنیه یاخود چۆن گرفتاوی و نه‌رێنیه گووتوبێژ زۆره. له‌م نووسینه‌دا هه‌ندێك بۆچوونی دژ و ته‌با سه‌باره‌ت به كانوونی ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر ئاستی جیهان ڕوونده‌كه‌ینه‌وه و له‌گه‌ڵ ئاماژه‌دان به هه‌ڵوێسته جیاوازه‌كان، مه‌زه‌نده‌ی بوونی كانوونی ئه‌ده‌بی كوردی ده‌كه‌ین و هه‌ندێك پرسیاری له‌باره‌وه ده‌وروژێنین ...
وشه‌ی كانوون پێشینه‌یه‌كی دینیی هه‌یه، له كۆندا به‌و ده‌قه موعتهبهرانه گووتراوه كه له‌نێو چه‌ندان تێكستدا له ململانێی زیندوودا هه‌ڵبژێردراون. به‌واتایه‌كی تر كانوون وه‌ك لیستی كۆبه‌رهه‌م، ده‌رچووی ڕه‌خنه‌ی نه‌ریتی و هه‌ڵبژارده‌ی نوخبه‌ی كۆمه‌ڵگه و كۆمه‌ڵه‌ی فێركارییه ... كانوونی ئه‌ده‌بی جیهانی له ناوه‌ڕاستی ١٧٠٠ كاندا سه‌ریهه‌ڵداوه. پاشان زۆر وڵات كانوونی ئه‌ده‌بی خۆی دیاریكردووه و وه‌ك لیستی باشترین و گرنگترین به‌رهه‌مه‌كان، له قوتابخانه‌كاندا خراونه‌ته به‌رنامه‌ی خوێندنه‌وه. وڵاتی سوید كه به‌خشه‌ری خه‌ڵاتی نۆبڵه له ئه‌ده‌بدا، هێشتاكه كانوونی ئه‌ده‌بی نییه، وه‌لێ له‌مباره‌یه‌وه، له‌نێو ڕۆشنبیرانی سویدییدا گفتوگۆی زۆر و به‌رده‌وام له ئارادایه و وێڕای له‌گه‌ڵ نه‌بوونی به‌شێكی زۆر، زۆر كه‌س و لایه‌ن له‌و باوه‌ڕه‌دان كه گرنگه سوید كانوونی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت. ئه‌مه له كاتێكدا له سوید زۆر تاووتوێی كانوونی ئه‌ده‌بی دانیماركی ده‌كرێت. كانوونی ئه‌ده‌بی دانیماركی ساڵی ٢٠٠٤ هه‌ڵبژێردراوه و به‌رهه‌می زۆر نووسه‌ری دانیماركی له‌خۆده‌گرێت به‌ڵام ته‌نها (كارین بلیكسێن) له نێویاندا ژنه و ئه‌مه بۆته جێگای ڕه‌خنه‌ی زۆر و ناوبردنی لیسته‌كه به كانوونی پیاوانه.
كانوونی هه‌ر وڵاتێك وه‌ك لیسته‌یه‌ك له ئه‌ده‌بی هه‌ڵبژارده، جگه له‌وه‌ی چوون ناسنامه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی وڵاته‌كه ده‌ناسرێت، لیسته‌كه بۆ مه‌به‌ستی خوێندنه له خوێندنگه‌كاندا، ئامانج له به‌كارهێنانی كانوون له به‌رنامه‌ی خوێندندا، بوونی بناغه‌یه‌كی هاوبه‌شی خوێندنه‌وه‌ی قوتابیانه، به‌وه‌ی هه‌موو خوێندكارێك هه‌مان ئه‌و به‌رهه‌مانه بخوێنێته‌وه كه به شاكار و ده‌قی گرنگی وڵاته‌كه‌یان داده‌نرێت. وه‌كتر ئه‌وانه‌ی لیسته‌كه هه‌ڵده‌بژێرن كه‌سانی ئه‌كادیمی و پسپۆڕی بواری ئه‌ده‌ب و فێركارین، واته هه‌موو كه‌س بۆی نییه به‌شداربێت له مێزگرتی هه‌ڵبژاردنی كانووندا.
نووسه‌ر و پرۆفیسۆری ئه‌مه‌ریكی (هارۆڵد بلووم) یه‌كێكه له‌و دیارترین ناوانه‌ی گفتوگۆی كانوون زۆر ده‌كات، به ڕووانگه‌ی ئه‌و كانوون له‌نێو نووسه‌رانی هه‌مه‌جۆردا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، وه‌ك ململانێیه‌ك ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كێ باشترین به‌رهه‌م ده‌نووسێت. ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له پڕۆسه‌ی كانووندا دیاریده‌كرێن، هۆكاری سه‌ركه‌وتنیان ته‌نها دانسكهیی كاره‌كانیانه. به گوێره‌ی بلووم، ڕه‌وتی یاخی و فێمێنیزم و ماركسیزم و هه‌ریه‌ك له پارت و بزوتنه‌وه‌كان كه ده‌ئاخنرێنه پرسه‌كه‌وه، كانوونی وڵاتانی خۆرئاوا ده‌شێوێنن. ئه‌و كانوون سه‌ربه‌خۆ له جوڵانه‌وه‌ی سیاسی و گۆڵی كۆمه‌ڵگه ده‌بینێت. بلووم پێیوایه ئه‌وه‌ی هه‌یه خوێندنه‌وه‌ی ئیستاتیكاییه، وه‌كتر نۆرمه‌كانی كۆمه‌ڵگه هه‌قی به‌سه‌ر بژارده‌ی به‌رهه‌می هه‌نووكه‌ییه‌وه نییه و خوێندنه‌وه‌ش نه به چاك و نه به خراپ له بنه‌ڕه‌تی كه‌س ناگۆڕێت!
یه‌كێ له‌و كێشانه‌ی له‌گه‌ل لیسته‌ی كانووندا دێته ئاراوه، ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی ڕای جیاوازیان هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كام به‌رهه‌م و كام كتێب له كامه گرنگتره. به‌وپێیه‌ش كه نۆرمداركردنی ئه‌ده‌ب، جۆرێكه له نرخپێدانی، سه‌باره‌ت به لیسته‌ی كانوون ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دات كه ئایا هه‌ڵبژاردنه‌كان له چ ڕوویه‌كه‌وه ده‌كرێن؟ هه‌روه‌ك چۆن هه‌ستیاریی بههابۆدانان جه‌خت له به‌رپرسیارییه‌تی ئه‌و خاڵه ده‌كاته‌وه كه كێ بۆی هه‌بێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بكات. ده‌شێت نرخاندنی وه‌ها لیسته‌یه‌ك كه‌م تا زۆر ببێته ڕه‌نگدانه‌وه و دروستكردنی نۆرم نه‌ك ته‌نها له ئه‌ده‌بدا، به‌ڵكه له كۆمه‌ڵگه‌شدا. خاڵی نه‌رێنی ئه‌مه ئه‌وه‌یه پرسه‌كه ببێته ململانێی ده‌سه‌ڵات و خودی ئه‌ده‌ب بكه‌وێته سێبه‌ره‌وه. له‌م باره‌یه‌وه گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین له سوید له‌سه‌روه‌ختی گفتوگۆكردنی دۆزی كانووندا، زۆر له كاندید و سیاسه‌تمه‌داری پارته‌كان به كۆمێنت و لێدوانی میدیایی پشتگیری و بۆچوونی خۆیان به‌رانبه‌ر پرسه‌كه ده‌رده‌بڕن. هاوكات ڕه‌خنه‌گران چه‌مكی كانوون وه‌ك ئامێرێكی كولی سیاسهتێنراو ده‌بینن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ده‌ب و پێیانوایه ئه‌وه ئه‌ركی مامۆستایانه كه به‌بێ بوونی لیسته‌یه‌ك بتوانن وانه‌كان هه‌ماهه‌نگ به ئه‌ده‌ب بكه‌ن.
پاشان ڕه‌خنه‌یه‌ك كه له كانوونی ئه‌ده‌ب له جیهاندا ده‌گیرێت، ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێك پێیوایه لیسته‌یه‌ك له مانا و به‌رفراوانی ئه‌ده‌بی وڵاتێك كه‌مده‌كاته‌وه و ڕه‌خنه‌یه‌كی دی ئه‌وه‌یه كه ناكرێت كانوونی ئه‌ده‌ب له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌س و كۆمیته‌یه‌كه‌وه دیاری بكرێت.، به‌ڵكوو ده‌بێت خودی به‌رهه‌م و كتێبه‌كان بڕیارده‌ربن به‌وه‌ی كاریگه‌رییان چه‌ند ده‌بێت و چه‌ند نه‌وه ده‌بنه خوێنه‌ریان.
ڕووانگه‌یه‌كی ئه‌رێنی له‌سه‌ر كانوونی ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه نووسه‌ران و به‌رهه‌مه باشه له‌بیركراوه‌كان به‌رچاو ده‌خرێنه‌وه. هه‌روه‌ها سوودمه‌ندبوونی كانوونی ئه‌ده‌ب بۆ قوتابخانه‌كان، له‌و ڕووه‌وه كه قوتابییه‌كان پێشینه‌ی جیاوازیان هه‌یه و دایكوباوكهكان تێكڕا له ئاستێكی ڕۆشنبیری وادا نین كه هانده‌ری خوێندنه‌وه بن. كانوون هاریكار ده‌بێت به‌وه‌ی كه خوێندكاران به‌ره‌و دونیای خوێندنه‌وه ببات. له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌گووترێت كانوون ئازادی تاك سنووردار ده‌كات، به‌وه‌ی هه‌مووان ناچار ده‌كات هه‌مان ئه‌و به‌رهه‌مانه بخوێننه‌وه كه پێشوه‌خت بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه، به‌ڵام ئه‌مه له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تادا ناكرێت بۆ خوێندكاران و هه‌رزه‌كاران زیانبه‌خش بێت، چوونكه كاره‌كه ناچاركردن نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته سرووشی خوێندنه‌وه به قوتابیان ببه‌خشرێت و به ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و شووناسی ئه‌ده‌بی وڵاته‌كه‌یان ئاشنا بكرێن. تایبه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه به‌هۆی ته‌كنه‌لۆژیاوه، خوێندنه‌وه لای گه‌نجه‌كان ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی جارانی نه‌ماوه، ده‌توانین بپرسین ئایا ئه‌وه گرنگتره لاوان ئازاد بكرێن به ویستی خۆیان بخوێننه‌وه یان نه‌خوێننه‌وه، یاخود باشتره به فه‌رمی ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌ق بكرێن كه به گه‌نجینه‌ی گه‌له‌كه‌یان ناوزهدكرابێت.
هه‌ڵبه‌ت له‌و وڵاتانه‌شدا كه كانوون نییه، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌وه، كه‌م تا زۆر هه‌وڵدراوه هه‌ندێك ده‌ق و پارچه شیعر و كوورته‌ی ژیاننامه له‌گه‌ڵ وانه‌دا به قوتابیان بگووترێته‌وه، وه‌كتر گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م كرده‌یه زیاتر ده‌كه‌وێته سه‌ر سه‌لیقه‌ی مامۆستایانی زمان و وانه وێژه‌ییه‌كان كه بخوازن و بتوانن به‌رهه‌مگه‌لێكی ئه‌ده‌بی به قوتابیان بناسێنن ئه‌گه‌رچی له‌ناو كتێبه‌كانی خوێندنیشدا نه‌بن. به‌ڵام دیاره ئه‌م پڕۆسه خۆكردییه وه‌ك پێویست به‌ڕێوه‌ناچێت و ئه‌و ڕێژه كه‌مه‌ی شیعر و چیرۆكیش كه له‌ناو كتێبه‌كانی خوێندندا هه‌ن، به‌س نین بۆ ڕۆشنبیركردنی خوێندكاران له ڕووی ئه‌ده‌به‌وه، بۆیه بیر له زه‌ڕوره‌تی هه‌بوونی كانوون كراوه‌ته‌وه.
به‌م پێیه، له میانه‌ی سه‌رنجدانی ئه‌زموونی وڵاتان ده‌رباره‌ی كانوون و خوێندنه‌وه و له‌و ڕووه‌شه‌وه كه ئه‌مڕۆ له كوردستانیش له‌لایه‌ن زۆر ناوه‌ند و گرووپه‌وه كار بۆ به‌كولتووركردنی خوێندنه‌وه ده‌كرێت ... ده‌كرێت ئێستێك بكه‌ین و بیر له هه‌بوونی كانوونی ئه‌ده‌بی كوردی بكه‌ینه‌وه، كه دیاره تا ئێستا نیمانه و باسێكی ئه‌وتۆشی له‌باره‌وه نه‌كراوه. سه‌باره‌ت به بوونی كانوونی ئه‌ده‌بی كوردی، ده‌شێت دوای تاووتوێكردنی ئه‌وه‌ی سوود و زیانه‌كانی كانوون چییه، پرسیارمان ئه‌وه‌بێت كه ئایا به‌ڕاستی بوونی كانوون بۆ ئێمه گرنگه؟ به گریمانه‌ی سازدانی لیسته‌كه، ده‌كرێت چۆن به شێوازێكی به‌سوود پێشكه‌ش بكرێت؟ بناغه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕه‌خنه و پێشمهرجییهكان بۆ بژارده‌كان ده‌بێت چی بن؟ لێره‌دا ژانره‌كان ڕۆڵ ده‌بینن، هه‌روه‌ها پێشینه‌ی نووسه‌ره‌كانیش، ئایا كێ به نووسه‌ری ڕه‌سه‌ن و ناوهڕۆك و ئاست و زمانی چ به‌رهه‌مێك به شایسته‌ی بوون به كانوون و شووناسی ئه‌ده‌بیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك داده‌نرێت؟ ...
به‌گشتی مه‌سه‌له‌ی بوون و نه‌بوونی كانوونی ئه‌ده‌ب، لێدوانی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و ڕا و بۆچوونی جیاواز زۆره ده‌رباره‌ی، هه‌ر بۆیه هه‌ندێك وڵات له گفتوگۆی به‌رده‌وامدان و كۆك نین له‌سه‌ری. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كه‌م نین ئه‌و كه‌س و وڵاتانه‌ی بوونی كانوونیان پێ گرنگ و به‌سووده، ئه‌گه‌رچی گرنگتر له كانوون بوونی خودی به‌رهه‌می شایسته به خوێندنه‌وه و ئاماژه‌پێدان بێت ...
سه‌رچاوه:
- Bloom Harold, Den västerländska kanon: Böcker och skola för eviga tider, sv. övers. 2000
- Svedjedal Johan & Furuland Lars, Litteratursociologi: Texter om litteratur och samhälle, 1997, 2000
- Williams Anna, Stjärnor utan stjärnbilder: Kvinnor och kanon i litteraturhistoriska översiktsverk under 1900-talet, 1997
-”Den fælles kanon”, Dansk litteraturs kanon, 2004