سینەما گۆڕەپانی ململانێیەکی ئایدیۆلۆژیە -گفتوگۆ لەگەڵ سلاڤۆی ژیژەک –
6 ساڵ لەمەوپێش
لە ئینگلیزیەوە: بڕوا عەلادین
لە ناو هەموو بیریارەکانی ئەوروپادا، سلاڤۆی ژیژەک سەرنجڕاکێشترینیانە و زۆرترین قسەی لە بارەوە دەکرێت. کارە فەلسەفیەکانی ئەو سلۆڤینییە، پڕن لەبابەت و مەسەلەی جیاواز جیاوازی وەک لینین، جەنگی عێراق، ڕووەبۆشایی ئەلیکترۆنی ''سایبەرنتیک''، جیهانگیریی و هیتچۆک. لە فیستێڤاڵی فیلمی سەرایڤۆدا کە لەپاش ململانێکانی ساڵی ١٩٩٠ ەوە بە رووداوێکی سەرەکی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی پایتەختی بۆسنە دادەنرێت، (Euro news) دیدارێکی لەگەڵ سازکرد و ژیژەکیش بۆچوونەکانی خۆی دەربارەی سینەما و باڵکان، باسکرد. ئەمەی خوارەوە دەقی گفتوگۆکەیە کە لەلایەن پەیامنێری کولتوریی کەناڵەکە (ۆلفگانگ سپیندلەر) وە، ئەنجامدراوە:
*ئەم کاتەت باش سلاڤۆی ژیژەک. ئەمێستا لە فێستیڤاڵی فیلم لە سەرایڤۆ، میوانی منیت. بەڕای تۆ ڕۆڵی فیلم و سینەما لە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆدا چیە؟
ژیژەک: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە من هێشتا هەر مارکسیستێکم لەسەر ڕێچکە کۆنەکەی مارکسیزم، هەربۆیە باوەڕم وایە کە سینەما گۆڕەپانێکە بۆ ململانێی ئایدیۆلۆژی و هێشتایش هەر ململانێ تیایدا ڕوودەدات. ئەمە شتێکە کە دەتوانین زۆر بە ئاسانی بیبینین کە لە پاش دابەشبوونی یۆگۆسلاڤیاوە ڕوویدا. ئێمە لێرە هەندێک فیلمی واقیعیمان هەبوو، بەڵام بەداخەوە فیلمە خەیاڵیەکان جەماوەریان زیاتر بوو. کە وا دەڵێم، مەبەستم لە فیلمەکەی دەرهێنەر (ئێمیر کوستەریکا) یە بە ناونیشانی (ژێر زەوی)، کە بەڕای من ئەو فیلمە بەڕاستی کارەساتە. هەر بۆیە ئەم پرسیارە دەکەم: ئایا لە ڕێگەی ئەم فیلمەوە چ وێنەیەکمان دەربارەی یۆگۆسلاڤیا دەستدەکەوێت؟ وێنەی وڵاتێک کە تیایدا خەڵکی هەر خەریکی سێکسکردن و زینان، بەردەوام لە دەمەقاڵێ و شەڕکردن و زیادەڕەویکردنن لە مەینۆشین و مەستبووندا. دەرهێنەری فیلمەکە باڵکانمان نیشان نادات، بەڵکو دەیەوێت ئەو شتانە بخاتە بەر چاوی بینەران کە ئەوروپا لە باڵکانی دەخوازێت. دەمەوێت بڵێم ئەم فیلمە بەتەنها بریتیە لەوێنەی ئەوانی تر ''ئەوروپیەکان'' دەربارەی ئەمانی تر ''کە باڵکانیەکانن''.
* ئەی تۆ چۆن ئەم دیاردەیە ڕاڤەدەکەیت؟
ژیژەک: دەتوانێک بە جۆرێک لە گاڵتەجاڕییەوە بڵێین کە ناوچەی ''باڵکان'' بەپێی هەڵکەوتە و پێکهاتەکەی وەک نەستی ئەوروپا وایە. ئەوروپا هەرچی نهێنی گەندەڵیەکانیەتی، هەرچی گەندوگوو و بەدئابڕووییەکانی خۆیەتی هەڵیدەداتە ناوچەی ''باڵکان''ەوە، هەر بۆیە بۆچوونی من دەربارەی ئەوەی کە لە ""باڵکان"" دا ڕوودەدات وەک ئەوە نیە کە هەندێک کەس باويریان پێیەتی و دەڵێن: خەڵکی لێرە دیلی خەونە کۆن و لەمێژینەکانیانن، چونکە ناتوانن ڕووبەڕووی واقیعی پۆست – مۆدێرنە ببنەوە. نا! من دەڵێم ڕاستە کە ئەوان دیل و زیندانی کۆمەڵێک خەونن، بەس ئەو خەونانە هی خۆیان نیە، بەڵکو هەر هەموویان خەونی ئەوروپیین. فەیلەسوفی فەرەنسی (ژیل دلوز) وتارێکی جوانی هەیە کە تیایدا دەڵێت: ""گەر هاتو تۆ لە خەونی ئەوانی تردا دیل بوویت، ئەوا دەست لەخۆت بشۆ، بزانە کە لێبوویتەتەوە: کۆتاییت هاتووە"". هەر بۆیە کارەکی سەرەکی سینەما ئەوەیە کە زۆر وردبینانە وێنەی ئەو هەستیاریە بگرێت، بتوانێت وێنەی هەموو فۆلکلۆریش بگرێت، تەنانەت گەر زۆر سەیر و سەمەرەیش بێت. ئێمە هەموومان بەشێکن لە جیهانێکی جیهانگیر.
*سەرایڤۆ بە سیمبولی هەمەڕەنگی و فرە کولتوری دادەنرێت، تۆیش جیهانبینیەکی تایبەتیت هەیە سەبارەت بە تۆلێرانس لە چوارچێوەی فرە کولتورییدا. وا نیە؟
ژیژەک: بەباوەڕی من لێرە و لەم فێستیڤاڵەدا، بەشی خۆی (ئەوەندەی پێویست بوو) ئایدیۆلۆژیای تایبەت بە فرە کولتوریمان بینی کە من خۆم لانیکەم وەک ڕەگەزپەرستییەکی پێچەوانە دەیبینم. مەبەستم لەوەیە کە بۆ نمونە کاتێک خەڵکانێک دێن بۆ ئێرە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەگەڵ جیاوازی و فرە کولتورییدان و دەڵین: دەمانەوێت بزانین کە ئێوە چۆن لە ئێمە جیاوازن؟ نا، من دەڵێم ئەوەی کە دەبێت تۆ بیزانیت ئەوەیە کە کەس لێرە جیاوازتر نیە لە تۆ، ئەوەی کە ئەوانی کردووە بە خەڵکانی جیاواز، ڕوودانی هەندێک شتی جیاوازە کە بەسەر ئەواندا هاتووە. بەڵام ئەوە ئێمەین کە بۆ ئەوەی بەرگەی بگرین، ئێمە ئەوانەی کە خۆمان لە جەنگ لادا و هاتین لە خۆرئاوا ژیاین، کردوومانن بە خەڵکانێکی جیاواز لە خۆمان. ئێمە پێویستمان بەوە نیە کە لەمە تێبگەین، بەڵکو دەبێت کەمێک مێشکمان بکەینەوە و ئاقڵ ببین. بە باوەڕی من دەبێت ئەو سوکایەتی پێکردنەی لیبراڵیزم ڕەتبکەینەوە کە دەڵێت: دەبێت ئێمە لە یەکتری تێبگەین چونکە هەر خودی جیهان خۆی زۆر ئاڵۆز و تەلیسماویە، هەربۆیە تێگەیشتنمان لە یەکتری کارێکی هێجگار سەخت و دژوارە. من دەخوازم ئازادی ئەوەم هەبێت کە نە من لە شێوە ژیانی تۆ تێبگەم و نە تۆیش لە شێوە ژیانی من تێبگەیت، بەڵام هەر بیشتوانین پێکەوە بژیین.
*بۆچی دوای دەستگیرکردنی ''ڕادۆڤان کارازیچ'' خەڵکانێک هەست بە نائومێدی دەکەن؟
ژیژەک: تراژیدیای ڕاستەقینە، وەک ئەوەی کە هەندێک لە سیاسیە زیرەک و زرنگە بۆسنیەکان وەسفیانکرد ئەوەیە کە ''کارازیچ'' لە ئیش و ئەرکە سەرەکیەکەیدا سەرکەوتوو بوو، چونکە لە بنەڕەتدا پڕۆژەکەی بریتی بوو لە پاکتاوکردنێکی ڕەگەزییانەی بەشێک لە بۆسنە، تاوەکو بەتەنها سڕبەکان تیایدا بژین. ئەوە بوو هەروایش دەرچوو. بۆ نمونە کۆماری سڕبیا نوێنەرایەتی ٥١% ئەو خاکە دەکات کە تیایدا کەمتر لە ١٠% ی خەڵکەکەی ناوی، بە ڕەچەڵەک سڕبی نین. ئەمە کرۆکی پڕۆژەی کارازیچ بوو. خۆی ئایرۆنیەکەیەش لێرەدایە. ئەزانی ئەمە لە چی دەچێت؟ لەو وتەیە دەچێت کە دەڵێت: سیزار مرد، سیزار سەرکەوت... تازە درەنگە بۆ ئەوەی باس لە گرنگی دەستگیرکردنی ''کارازیج'' بکەین. خۆی دووڕووییەکەیش لەمەدایە: تۆ سەرزەنشتی کابرا بکەیت و بە تاوانباری بزانیت، کەچی پڕۆژەکەیشی هەر سەربکەوێت.
سەرچاوە: ماڵپەڕی (euronew)، بەرواری (١٨-١-٢٠١٩):
https://www.euronews.com/2008/09/12/euronews-talks-films-and-balkans-with-slavoj-zizek