نووسین وه‌ک پیشه‌ هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ ژۆزێ ساراماگۆ

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: دۆنزالینا بارۆسۆ

لەعەرەبییەوە: زانیار عه‌لی

 يه‌کێک له‌ ده‌نگه‌جدیه‌کانى ناو دونیاى ئه‌ده‌بى جیهانى (ژۆزێ ساراماگۆ)یه‌. ده‌رباره‌ى هه‌ندێک تێروانینى ئه‌ده‌بى ئه‌و (دۆنزالینا بارۆسۆ) ئه‌م دیداره‌ى بۆ ڕۆژنامه‌ی پاریس ڕیڤیو له‌گه‌ڵى ئه‌نجام داجاوه‌.

* کاتێک دوور له‌ زێدی خۆت، چوویته‌ (لانزارۆت)، زوو له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ئه‌و شوێنه‌ سازایت و توانیت بنووسیت؟ یان بیری که‌شوهه‌وای جاری جاران ده‌که‌یت؟

ساراماگۆ: هه‌ر زوو سازام، من له‌و جۆره‌ که‌سانه‌م، ژیان له‌ خۆیان قورس و به‌رته‌سک ناکه‌نه‌وه‌. له‌مێژه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاهاتووم، شته‌کان له‌ ئاستی خۆی گه‌وره‌تر نه‌بینم؛ ئه‌گه‌ر دڵته‌نگ بم، دڵته‌نگ ده‌بم و ته‌واو!

هه‌نووکه‌ سه‌رگه‌رمی نووسینی ڕۆمانێکم، زۆرم پێخۆشه‌ بزانیت، به‌ نووسینی ئه‌و ڕۆمانه‌ و، به‌دیار درووستکردنی کاره‌کته‌ر و گرێچنه‌که‌یه‌وه‌،  ماندووده‌بم.

بۆ من نووسین چه‌شنی پیشه‌یه‌، چ جیاوازییه‌ک له‌نێوان پیشه‌ی ڕۆژانه‌ و نووسیندا نییه‌. وشه‌کان ده‌هێنم و یه‌ک به‌رانبه‌ر ئه‌وی دی ڕیزیان‌ده‌که‌م، ئه‌مه‌ ئاتاجی به‌ ماندووبوونی جه‌سته‌ییشه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌ڵیم نووسین بۆ من وه‌ک پیشه‌یه‌!

* هه‌موو ڕۆژێک ده‌نووسیت؟

 

ساراماگۆ: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت نووسینی ڕۆمانه‌؛ ئه‌وا به‌ڵێ، ڕۆژانه‌ سه‌رقاڵی نووسینم. هه‌رچه‌نده‌ کاره‌کانی خۆمم ڕێکخستووه‌، به‌ڵام چونکه‌ گه‌شت‌ده‌که‌م، به‌رنامه‌ی نووسینم گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا دێت. چه‌ند کاتژمێرێک نووسینم به‌سه‌ر خۆمدا نه‌سه‌پاندووه‌، ڕۆژانه‌ بڕێک نووسینم به‌سه‌، زۆرجار دوو لاپه‌ڕه‌، سه‌روزیادیشمه‌!

به‌یانیی ئه‌مڕۆ دوو لاپه‌ڕه‌م له‌ ڕۆمانه‌ نوێیه‌که‌م نووسیوه‌، سبه‌ی دووانی تر ده‌نووسم، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌، ده‌قی دیکه‌ ده‌نووسم و به‌رسڤی نامه‌کانیش ده‌ده‌مه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ لات وابێت، ڕۆژیی دوو لاپه‌ڕه‌ که‌مه‌، به‌ڵام ساڵانه‌ نزیکه‌ی هه‌شت‌هه‌زار لاپه‌ڕه‌ ده‌کات، بۆ خراپه‌؟!

دواجار من که‌سێکی ئاساییم، په‌رجوو ناخوڵقێنم، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێده‌کرێت. له‌وه‌یش گرنگتر، ڕۆمانتیکییانه‌ نانووسم؛ باسی ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کانی خۆم ناکه‌م. ترسم له‌ هیچنه‌نووسین و وشکهه‌ڵهاتنی کانگای خه‌یاڵ نییه‌، به‌ڵام وه‌ک هه‌ر نووسه‌رێکی دی، کێشه‌یه‌کم هه‌یه‌؛ هه‌ندێک جار به‌و شێوه‌یه‌ی وێنام‌کردووه‌، ده‌قێک ته‌واو ناکه‌م، بگره‌ جاری وا هه‌یه‌ هه‌ر ته‌واویشی ناکه‌م! لێ هه‌رکاتێک ئه‌م کێشه‌یه‌م بۆ هاته‌ گۆڕێ، لێیده‌گه‌ڕێم و ده‌قه‌که‌ چۆنه‌، ئاواهی دایده‌نێمه‌وه‌.

* ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر کۆمپیوته‌ر ده‌نووسیت؟

ساراماگۆ: به‌ڵێ، ڕۆمانی (چیرۆکی گه‌مارۆی لیشبۆنه‌)، دوا کارم بوو که‌ له‌سه‌ر ئامێری بنووس نووسیبێتم، به‌م دواییانه‌ هه‌ر کۆمپیوته‌ر به‌کارده‌هێنم. به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی به‌خراپی باسی کۆمپیوته‌ر ده‌که‌ن، گوایه‌ ڕۆحی نووسین ده‌کوژێت، من هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ ته‌خته‌کلیل سازام و چ کێشه‌یه‌کم بۆ نه‌هاته‌ پێشێ. چۆن له‌سه‌ر ئامێری بنووس ده‌منووسی، ئاوایش له‌سه‌ر کۆمپیوته‌ر ده‌نووسم، بگره‌ ئێسته‌ ڕێکوپێک، خێرا و که‌یفسازتر ده‌نووسم!

به‌ڵێ، کۆمپیوته‌ر کاریگه‌ریی نه‌رێنیی به‌سه‌ر نووسینه‌کانمه‌وه‌ جێنه‌هێشت، بڕوام به‌وه‌ نییه‌ که‌ ده‌ڵێن، بازدان له‌ پێنووسه‌وه‌ بۆ کۆمپیوته‌ر، له‌ تواناکانی نووسه‌ر ده‌کوژن، ئاخر ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک به‌توانا و خاوه‌ن ته‌کنیکی خۆی بێت، چۆن به‌کارهێنانی کۆمپیوته‌ر توانا و سه‌لیقه‌ی ده‌کوژێت؟!

لێ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا، هێشتاکه‌ سۆزم بۆ ڕووپه‌ل هه‌یه‌، هه‌رکه‌ له‌ کارێک لێده‌بمه‌وه‌، چاپیده‌که‌م و ده‌یخوێنمه‌وه‌، ئاوا نه‌بێت؛ هه‌ست‌ده‌که‌م هیچم نه‌نووسیوه‌!

 

* کاره‌کته‌ره‌کانت تووشی هه‌ژه‌ندت ده‌که‌ن؟

ساراماگۆ: بڕوام به‌و قسه‌یه‌ نییه‌ که‌ ده‌ڵێن، نووسه‌ر توانای جڵه‌وکردنی کاره‌کته‌ره‌کانی نییه‌ و، به‌بێ ویستی نووسه‌ر خۆیان دێنه‌ نێو ڕه‌وتی چیرۆکه‌وه‌! نه‌خێر، کاره‌کته‌ر له‌ خه‌یاڵدانی نووسه‌ردا زیندانییه‌، هه‌رکه‌ جه‌نابی نووسه‌ر مه‌یلی هه‌بوو، ڕه‌هایده‌کات.

کاره‌کته‌ر بووکه‌ڵه‌ی ده‌ست نووسه‌ره‌، به‌ په‌تێکه‌وه‌ له‌ قامکه‌کانی نووسه‌ر ئاڵاون. هه‌رکه‌ زانیم کاره‌کته‌رێکم ئه‌ملاولا زۆر ده‌کات و گه‌ره‌کیه‌تی سه‌ره‌داوی چیرۆکه‌که‌ بگرێته‌ده‌ست، په‌ته‌که‌ ڕاده‌کێشم و به‌بیریده‌خه‌مه‌وه‌، من خاوه‌نیم و ئه‌و ته‌نێ بووکه‌ڵه‌ی ده‌ست خه‌یاڵدانی منه‌!

کاره‌کته‌ر به‌شێکه‌ له‌ چیرۆک و لێی جیا نابێته‌وه‌، کاری ئه‌وان به‌شدارییکردنه‌ له‌ ڕۆنانی ده‌ق، منیش له‌ هه‌ر جێیه‌ک پێویستم به‌ چه‌شنه‌ کاره‌کته‌رێک هه‌بێت، ده‌یهێنمه‌ بوون و، ده‌زانم چۆن و بۆچیی درووستم‌کردووه‌! کاره‌کته‌ر که‌سایه‌تییه‌کی ناته‌واوه‌، من ته‌واویان‌ده‌که‌م.

لێ وێڕای ئه‌مانه‌، ده‌بێت ڕێزیشیان لێ بگرم، وه‌گه‌رنا تووڕه‌ده‌بن و داوای شتگه‌لێکی نه‌کرده‌ ده‌که‌ن! بۆ وێنه‌؛ من ناتوانم کاره‌کته‌رێکم له‌ تاوانێک تێوه‌بگلێنم، ئه‌گه‌ر له ‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ خۆی تاوانبار نه‌بێت!

به‌ڵام هه‌ندێک جار، کاره‌کته‌ره‌کان تووشی هه‌ژه‌ندت ده‌که‌ن. با نموونه‌یه‌کی دیکه‌ بۆ ئه‌م قسه‌یه‌م بێنمه‌وه‌؛ ڕۆمانی (بالتاسار و بلیمۆندا)، چیرۆکێکی ئه‌وین ده‌گێڕێته‌وه‌. که‌ گه‌ییشتمه‌ کۆتاییی ڕۆمانه‌که‌، بۆم ده‌رکه‌وت من به‌بێ به‌کارهێنانی تاکه‌ وشه‌یه‌کی سۆزداریی، ڕۆمانێکی ڕۆمانتیکییانه‌م نووسیوه‌! ڕه‌نگه‌ خوێنه‌ر وا بزانێت، به‌ئه‌نقه‌ست ئه‌وه‌م کردووه‌، به‌ڵام بۆ خۆمیش نوێ بوو و تووشی هه‌ژه‌ندی کردم!

دواتر له‌ سه‌روه‌ختی هه‌ڵه‌چنیی کتێبه‌که‌، گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌ری و لێره‌وله‌وێ هه‌ندێک گفتوگۆم بۆ زیادکرد، ته‌نانه‌ت خوێنه‌ریش هه‌ست به‌و گۆڕانکارییانه‌ ده‌کات. چۆن ده‌کرێت دوو کاره‌کته‌ر هه‌ر له‌ یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌وه‌ پێکه‌وه‌ بن و، له‌ لاپه‌ڕه‌ دووسه‌ت‌وپه‌نجا یه‌کیان به‌وی دی بێژێت "خۆشم‌ده‌وێیت!"؟!

ئا ئه‌مه‌یه‌ ڕێزگرتنی کاره‌کته‌ر و نه‌گۆڕینی شوناس و که‌سایه‌تییه‌که‌ی، ئاخر کاره‌کته‌ره‌کان بوونه‌وه‌ری زیندوون. کاره‌کته‌ره‌کانی وه‌ک ناتاشاـی ڕۆمانی (جه‌نگ و ئاشتی)ـی تۆڵستۆی،  ڕاسکۆلنیکۆڤـی ڕۆمانی (تاوان و سزا)ـی دۆستۆیڤسکی و، ژولیانـی ڕۆمانی (سوور و ڕه‌ش)ـی ستانداڵ، وه‌ک ئێمه‌ مرۆڤن و ده‌ژیین!

ئه‌فسوونی ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه‌، مرۆڤێکی دیکه‌ ده‌هێنێته‌ ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌.  له‌گوینه‌ به‌لای خوێنه‌ره‌وه‌ کاره‌کته‌ر که‌سێکی خه‌یاڵیی بێت، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی نووسه‌ران، هه‌ر ته‌نێ تۆپه‌ڵه‌وشه‌یه‌ک نیین، مرۆڤن. هه‌ر ئه‌وه‌یش خه‌ونی ئێمه‌ومانانه‌؛ کاره‌کته‌ره‌کانمان وه‌ک مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ سه‌یربکرێن!

 

* حه‌زده‌که‌یت کامه‌ کاره‌کته‌رت ببینیت؟

 

ساراماگۆ: ناڕه‌وایه‌ یه‌کێک له‌نێو هه‌موویان هه‌ڵبژێرم، هه‌ست‌ده‌که‌م هه‌موویان زیندوون، هه‌ر له‌ کاره‌کته‌ری ئاچـی وێنه‌کێشی نێو ڕۆمانی (کتێبی وێنه‌ و هێڵ)ـه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ سینۆر ژۆزێـی نێو ڕۆمانی (هه‌موو ناوه‌کان). کاره‌کته‌ره‌کانم له‌م جیهانه‌دا ده‌ژیین، ڕۆحێکن و جه‌سته‌یه‌کیان گه‌ره‌که‌.

 

* چۆن بیرۆکه‌ی ڕۆمانی (کوێریی)ـیت بۆ هات؟

 

ساراماگۆ: وه‌کچۆن بیرۆکه‌ی ڕۆمانه‌کانی دیکه‌م بۆ هاتووه‌! تۆوی ڕۆمانه‌که‌، له‌پڕ له‌ خه‌یاڵدانمدا سه‌وزبوو. له‌ چێشتخانه‌یه‌ک دانیشتبووم و چاوه‌ڕوانی قاوه‌ڵتی بووم، له‌پڕ له‌ فکران ڕۆچووم و به‌ خۆمم وت "چیی ده‌بێت گه‌ر هه‌موومان کوێر بین؟!". هه‌نگینێ وه‌ڵامی خۆمم دایه‌وه‌ و وتم؛ "له‌ڕاستییدا، هه‌موومان کوێرین!". بیرۆکه‌که‌ ئاواهی کتوپڕ هات، ئینجا دانیشتم و به‌ردی بناغه‌ی ڕۆمانه‌که‌م خشت‌له‌سه‌رخشت هه‌ڵچنی.

 

*: له‌ جێیه‌ک فه‌رمووته‌، ڕۆمانی (کوێریی)، قورسترین ڕۆمانت بووه‌، ئایا هۆکار ئه‌وه‌یه‌ خۆت که‌سێکی گه‌شبینیت و، ئه‌و ڕۆمانه‌ت بڕێکی زۆر له‌ وه‌حشییگه‌ریی و ڕه‌شبینیی تێدایه‌؟!

ساراماگۆ: من که‌سێکی ڕه‌شبینم، به‌ڵام تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ نا، گوللـه‌یه‌ک به‌ سه‌ری خۆمه‌وه‌ بنێم! ئه‌و وه‌حشییگه‌رییه‌ی من له‌و ڕۆمانه‌دا باسم‌کردووه‌، هه‌موو ڕۆژێک له‌م جیهانه‌ پانوبه‌رینه‌دا ڕووده‌ده‌ن. ئێمه‌ هه‌نووکه‌ نوقمی کوێریین، ئه‌و کوێرییه‌ی من باسم‌کردووه‌، کوێریی بیر و ئاوه‌زه‌. تۆ بڕوانه‌ کوێرییمان تا چ ئاستێک گه‌ییشتووه‌؛ مانگێکی ده‌ستکرد ده‌نێرینه‌ سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی مه‌ریخ و، له‌ به‌رد و پێکهاته‌کانی ده‌کۆڵینه‌وه‌، له‌کاتێکدا ملیۆنان که‌س له‌برساندا ده‌مرن! ئیتر ئه‌مه‌ یان کوێرییه‌ تووشی ئێمه‌ بووه‌، یان گه‌مژه‌یی!

 

* خوێنه‌رێکی باشت له‌ ئه‌ورووپا و لاتین ئه‌مێریکا هه‌یه‌، به‌ڵام که‌م که‌س له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مێریکا، ده‌قه‌کانی تۆ ده‌خوێنێته‌وه‌. 

 

ساراماگۆ: بابه‌ته‌ هه‌نژیی و هه‌ستیاره‌کان، سه‌رنجی خوێنه‌ری ئه‌مێریکایی ڕاناکێشێت، هه‌ر باشه‌ لێره‌وله‌وێ خوێنه‌رێکم هه‌بێت!

 

* ڕای ڕه‌خنه‌گرانت به‌لاوه‌ گرنگه‌؟

 

ساراماگۆ: ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ گرنگه‌؛ به‌باشترین شێوه‌ ده‌قه‌کانم بنووسم. که‌ ده‌قێک له‌ده‌ست من ده‌رده‌چێت، من ده‌مرم و ئه‌و ده‌قه‌ ده‌بێته‌ موڵکی هه‌موو که‌سێک‌. کاتێک منداڵێک له‌دایک‌ده‌بێت، دایکی هیوای ژیانێکی ته‌ندرووستی بۆ ده‌خوازێت، ئیدی ڕۆحی دایکه‌که‌ ده‌فڕێت و له‌ جه‌سته‌ی منداڵه‌که‌ ده‌گیرسێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌کامی دڵی خۆی ده‌ژی و چیی بوێت ده‌یکات. دواجار ئه‌وه‌ی منداڵه‌که‌ ده‌یکات، ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ دایکی ویستوویه‌تی. نووسینیش بۆ من ئاوایه‌؛ که‌ کتێبێکم چاپ‌ده‌بێت، ڕۆحی من وه‌ک دایکه‌که‌ ده‌خزێته‌ له‌شی کتێبه‌که‌وه‌ و، خوێنه‌ر به‌که‌یفی دڵی خۆی مشتوماڵیده‌کات!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار