یەکەمە جیاوازەکانی تاقیکردنەوەکان
لەناو براوەکاندا نابیناو دوانە هەن و یەکەمی سەر ئاستی هەرێمیش مۆبایل و ئینتەرنێتی نییە

6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی، دیمەن ئیسماعیل
پاش ساڵێک دانیشتن و خۆئامادەکردنیان بۆ بەدەستهێنانی نمرەی باش، ئاکام و ئاڤان بەخەونەکەیان گەیشتن و توانیان بەنمرەیەکی باش قۆناغی ١٢ی ئامادەیی ببڕن.
ئاکام و ئاڤان دوو خوێندکاری پۆلی ١٢ی دوانەن لە شاری دەربەندیخان، ئەمساڵ لەئاستی قوتابخانەکەیان هەمان نمرەیان بەدەستهێناوە.
ئاکام و ئاڤانی تەمەن ١٩ ساڵ، کە خوێندکاری پۆلی ١٢ قوتابخانەی هەڵگوردی تێکەڵ بوون لە دەربەندیخان، تێکڕای نمرەکانیان ٩٤.٤ بوو.
ئاکام بۆ هاوڵاتی باسی لەوەکرد، ئەوان ساڵی رابردووش کە خوێندکاری هەمان قۆناغ بوون کۆنمرەی ٨٤.٢ یان بەدەستهێنا، بەڵام لەبەرئەوەی نمرەکەیان بەدڵ نەبوو ئەمساڵیش لەو قۆناغە مانەوە.
ئەم دوانەیە تەنیا منداڵی دوانەی ئەو خێزانە نین، سومەیەی دایکیان دوو منداڵی دیکەی دوانەی بووە، بەڵام یەکێک لەمنداڵەکانی مردووە.
ئەو دوانەیە، تەنیا ئەمساڵ نەبوە کە نمرەکانیان وەک یەکە و پلەی بەرزیان بەدەستهێناوە بەڵکو ساڵەکانی تریش لەسەر ئاستی قوتابخانەکەیان تاپۆلی ١١ پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە.
ئاڤان رۆستەم تەمەن ١٩ ساڵ خوشکی ئاکام بۆ هاوڵاتی وتی «من زۆر خۆم ماندوونەدەکرد لەکاتی سەعیکردن زۆر بە ئاسایی دەمخوێند، ئەگەر هەموو ساڵەکە تاکاتی ٤٠ رۆژەکە کۆبکەیتەوە ٧٢ کاتژمێر نەمخوێندووە».
ئەوان کە پێکەوە لەیەک قوتابخانە دەیانخوێند، هاریکاری یەکتریان دەکرد بۆ تێگەیشتن لە وانەکان.
فیراس ناجی مامۆستای بیرکاری لەقوتابخانەی هەڵگورد وتی «ئاڤان و ئاکام لەناو پۆلدا پێکەوە دەیانخوێند چەندین جار ئاگادارم کردونەتەوە پێکەوە قسە نەکەن، بەڵام تا یەکتریان تێنەگەیاندایە وازیان نەدەهێنا».
ئەوان لە خێزانێکی ئاسایی گەورەبوون، باوکیان پێداویستی ناوماڵ دەفرۆشێت، دایکیشیان کارگوزارە لە دادنوسی دەربەندیخان .
سەبارەت بە حەزو خولیای هەردوکیان، ئاڤان وتی «ساڵی پار بەهۆی کەمی نمرەمانەوە دانیشتینەوە بۆئەوەی نمرەی بەرزتر بهێنین، هەردوکمان حەزمان لێیە ببین بە پزیشک».
بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، ئەمساڵ رێژەی دەرچوون لە تاقیکردنەوە گشتییەکان لەسەدا ٤٨ بووە، نزیکەی سێ هەزار خوێندکار نمرەی ٩٠ بۆ ١٠٠ یان هێناوە.
مەنسور قادر تەمەن ١٨ ساڵ خوێندکاری بەشی زانستی، بەبەدەستهێنانی ٩٩.٤٣ بووەتە یەکەمی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی وت «تەنیا لەکاتی تاقیکردنەوەکان زۆر دەمخوێند کە ١٢ بۆ ١٥ سەعات خوێندومە، لەخێزان و ژیانێکی مامناوەند دەژیم».
مەنسور قادر دانیشتووی شاری هەولێرە لەناحیەی هەریری قەزای شەقڵاوە و خوێندکاری قوتابخانەی ئامادەیی بەدرخانە لە هەولێر. باوکی پێشمەرگەیە و دایکی ژنی ماڵەوەیە.
وتیشی «حەز دەکەم ببم بە دکتۆرو هەوڵی تەواوی بۆ دەدەم».
وەهاب کەریم مامۆستای زمانی ئینگلیزی، هۆکاری سەرکەوتنی مەنسوری بۆ نەبوونی خەتی ئینتەرنێت و مۆبایل دەگەرێنێتەوە وتی «مەنسور خوێندکارێکی زیرەک بوو، جگە لەوەش خەتی ئینتەرنێت و موبایلی نەبوو».
وتیشی «خوێندکاری ئێستا بەزۆری خەتی هەیەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردێنن، ئەوەش هۆکارێکە بۆ شکستی خوێندکاران».
مەنسور یەکەمی بەشی زانستی بوو لە شاری هەولێر، بەڵام سەهەند یەکەمی بەشی وێژەییە لە ئاستی هەرێم.
سەهەند سەرکەوت تەمەن ١٧ ساڵ خوێندکاری قوتابخانەی ماردینی ئامادەیی تێکەڵ بۆ هاوڵاتی وتی «نمرەکەم ٩٧,٤٣ بوو، سەرەڕای ئەوەی لەپشوی هاوینیشدا نەمدەخوێند».
باسی لەوەکرد، لەمەنهەج و زمان و وەرگێڕان و زمانی ئینگلیزی زۆر باش بووە، بەڵام لە عەرەبی بابەتەکانی لەبەر دەکرد.
جیاواز لەو خوێندکارانە، خوێندکارێکی نابینا بەناوی راکۆ تاهیر تەمەن ١٨ساڵ، خوێندکاری پۆلی دوانزەی ئامادەیی بەشی وێژەیی لەئامادەیی سەڵاحەدینی کوڕان لە سلێمانی، بەبەدەستهێنانی کۆنمرەی ٩٦ بووە یەکێک لە یەکەمەکانی ئەمساڵ.
راکۆ بۆ هاوڵاتی باسی لەوەکرد، ناخۆشترین شت لە ژیانیدا ئەوە بووە کە بانگ نەکراوە بۆ مەراسیمی راگەیاندنی ئەنجامەکان «حەزم دەکرد منیش وەک یەکەمەکانی تر بانگ بکرامایە و ناوم لە ریزبەندیەکەدا بهاتایە، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە لە وانەی بیرکاری دەبەخشرێین، بۆیە بانگ نەکراوم».
باسیشی لە چۆنیەتی سەرکەوتنەکەی کردو وتی «وەک خوێندکارە ئاساییەکانی تر هەوڵم داوە و رۆژانە کۆششم کردووە و مامۆستاکانم زۆر هاوکارم بوون کە کتێبەکەیان بۆ کردوم بە دەنگ».
راکۆ ئەوەشی خستەڕوو کە ناتوانن وەک کەسێکی ئاسایی چ بەشێکیان حەز لێیە بتوانن بخوێنن «دەبێت ئەو بەشانە هەڵبژێرین کە بۆ ئێمە دەبێت و بەشە ئەدەبیەکان بێت واتە وانەی بیرکاری وانە زانستیەکان نەبێت».
وتیشی «ئێمە پێویستە کۆششی زیاتر بکەین بۆ ئەوەی بونی خۆمان بسەلمێنین».

