کورتەک؛ بەهەشتی بە بارووت خنکێنراو

لەکاتێکدا لەباوەشی چیاکاندا خوێنی هاووڵاتیان دەڕێژرێت پەکەکەو هەندێک لەهیزە کوردییەکانی باشوور یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەسیخوڕی

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

خێزانکەی عەبدوڵا مینە بە دڵخۆشیەوە لە گوندە دڵڕفێنەکەی ئاشقوڵکە ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو گەڕانەوە بەرەو چوارقوڕنە، دوای سەردانکردنی رەزوباخەکەیان لە بناری قەندیل. بەڵام لە نزیک ڕێگە پێچاوپێچە سەرنجڕاکێشەکەی کورتەک لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە کرانە ئامانج و سێ ئەندامی خێزانەکە شەهیدبوون و پێنج برینداربوون.

شین و گریان و ڕۆڕۆ کۆڵانی خێزانە قوربانیەکەی لە چوارقورنە گرتەوە، کەسوکاری ئەو خیزانە بەشێکیان لە پرسەی ماتەمگێرانیان بوون، بەشێکی تریان چاودێری بریندارەکانی دەکرد لە نەخۆشخانە.

محمد ئیراهیم خزمی نزیکی خێزانەکە  بە هاوڵاتی وت «عەبدوڵا و خێزانەکەی دانیشتوی شارۆچکەی چوارقوڕنەن  ئەوان بۆ بەسەرکردنەوە خزمەکانیان چونە گوندی ئاشقوڵکە کاتێک گەڕانەوە لە لۆفەکانی کورتەکی چیای قەندیل فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ئەوانی کردە ئامانج».

خێزانەکە  پێکهاتبوون لە 8 کەس کە سێ کەسیان شەهید بوون بە ناوەکانی عەبدوڵا ئاڵی مینە 53 ساڵ فەرمانبەری میراو بووە لە بەڕیوبەرایەتی ئاو، لەگەل دوو منداڵی تریدا بەناوەکانی کوردستان عەبدوڵا 30ساڵ ، کە خوێندنی تەواوکردوەو دانەمەزراوە. هەروەها هەریاد عەبدوڵا 19 ساڵ خوێندکاری ئامدەیی بووە.

هەروەها ۵ کەسیشیان بریندار بوون کە سێ کەسیان لە سلێمانی لە ژێر چاودیری پزیشکیدان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە .

بەرپرسانی ناوچەکە دەلێن لە هەر حاڵەتێکی وادا سەرووی خۆیان ئاگاداردەکەنەوەو لە وردەکاری و زیانەکان بەڵام دەسەڵاتی بریاردانیان نیە. ئاماژەی بەوەشکرد کە دەتوانن ڕێکارە پێویستەکان بگرنە بەر بۆ ئەوەی بتوانن قەرەبویان بکەینەوە .

ئەبوبەکر بایز  قایممقامی دەڤەری پشدەر بە هاوڵاتی وت «لەهەموو ڕووداوەکان سەرو خۆمان ئاگادار کردۆتەوە بەڵام ئەوە پەیوەندی بە  سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە سیاسیانە دەکات.»

ئەمە یەکەم خێزان نیە کە لەناوچە دڵرفێنەکەی کورتەک، لە شەقامە پیچاوپێچەکەی باوەشی چیادا دەبنە قوربانی. بەڵکو سەرجەم ئەندامانی خێزانێکی تر لە 21/8/2011 لە لۆفەکانی شاخی کورتەک لە بناری قەندیل گیانیان لەدەستدا بەبیانووی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە لەم ناوچەیە.

لەم حاڵەتانەدا بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ دەربرینی نیگەرانی لە کەوتنەوەی رووداوەکە داوا لە پەکەکە دەکەن لە سنوورەکان دووربکەوێتەوە، ئەوان کەمتر ئیدانەی بۆردومانەکان دەکەن لە لایەن تورکیاوە، ئەوەش بەهۆی ئەو پەیوەندیە بازرگانی و سیاسیانەی کە لەگەڵ تورکیادا هەیانە.

حکومهتى ههرێم: نیگهرانى خۆمان گهیاندۆته حکومهتى تورکیا

حکومهتى ههرێمى کوردستان پهکهکه تۆمهتبار دهکات بهوهى ژیانى گوندنشینانى ناوچه سنورییهکانى خستۆته مهترسییهوه و دهڵێت سهبارهت به بۆردومانهکانى چهند رۆژى رابردوو، نیگهرانى خۆیان گهیاندۆته تورکیا.

حکومهتى ههرێمى کوردستان، لهڕاگهیهندراوێکدا بڵاویکردهوه دڵگران و نیگهرانن بۆ کهوتنهوهى قوربانى مهدهنى لهئهنجامى بۆمبارانى ناوچه سنورییهکانى ههرێم لهلایهن تورکیاوه.

ههروهها ئاماژهیان بهوه کردووه که «ههبوونى چهکدارانى پهکهکه لهو ناوچانهو نزیکبونهوهو هاتنى بهئهنقهستیان بۆ ناو گوندو ئاواییهکان، بێباکانه ژیانى گوندنشینانى ئهو ناوچانهى خستووهته مهترسییهوه و بووهته ڕێگر لهگهڕانهوهى ژیان و ئاوهدانکردنهوهیان.»

راگهیهندراوهکه ئهوهشى خستۆتهڕو که حکومهتى ههرێمى کوردستان دهربارهى ڕوداو و بۆمبارانهکانى چهند ڕۆژى ڕابردوى ناوچه سنورییهکان، نیگهرانیى خۆى گهیاندوهته تورکیا و داواشى کردوه دوباره نهبنهوه».

کەجەکە: سیخوڕیمان بەسەرەوە دەکرێت

بەڵام کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) داوا لە هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان دەکات، لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا هەڵوێستی خۆیان ڕوون بکەنەوە و بەر بەو کەسانە بگرن کە سیخوڕی بۆ تورکیا دەکەن.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەجەکە لەسەر هیرشەکانی تورکیا لە باشوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا دەڵێت «بەهۆی هێرشەکانی دەسەڵاتداریی ئاکەپە-مەهەپە لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باشوری کوردستان، زۆرێک لەخەڵکی مەدەنی کوژراون، بێدەنگی پارتی، یەکێتی و بەڕیوبەرایەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ئەو هێرشانە قبوڵ ناکرێت».

هەروەها دەڵێت «کۆمەڵکوژیی خەڵکی مەدەنی لە کورتەک وەک شەڕی نێوان سوپای تورک و گەریلا پیشاندراوە، لەو شوێنە هیچ بارەگایەکی گەریلا بوونی نییە، ئەو کەسانە لەسەر ڕێگای ئاسفاڵت کۆمەڵکوژکراون، لەو شوێنە هیچ جموجۆڵێکی سوپای تورکیش نییە، نیشاندانی ئەو کۆمەڵکوژییە وەک شەڕ ڕەوایەتی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەدات».

هەروەها دەڵێت «بێدەنگی پارتی، یەکێتی و بەڕیوبەرایەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ئەو هێرشانە قبوڵ ناکرێت، گەلی کورد و ڕای گشتی لە باشوری کوردستان لە شیندایە، بێدەنگی هێزە سیاسییەکان و بەڕیوبەری باشور هیچ پاساوێکی نییە، ئەگەر بەڕێوبەرییەک کە هەیە و هێزە سیاسییەکان لە بەرامبەر کۆمەڵکوژیی خەڵکی مەدەنی بیدەنگ بن، ئەو بانگەشەیە کە دەڵێن ئێمە نوێنەری گەلین، پێویستە باسی لەسەر بکرێت».

کەجەکە لە بەشیکی تری بەیاننەمەکەیدا دەڵێت «هیزە سیاسییەکان تەنیا هاوبەشی هێرشە داگیرکارییەکان نیین، هاوکات لەگەڵ ڕێکخراوە سیخوڕییەکان مەیدانەکانی گەریلا دەکەنە ئامانج، لەگەڵ میت هەوڵدەدەن شوێنی گەریلا ئاشکرا بکەن و لێیان بدەن، بەدەیان ڕووداوی لەو شێوەیە ڕوویداوە، زۆرێک زانیاریی و بەڵگەمان لە بەردەستدایە، کە یەکینەکانی سیخوڕیی لە باشوری کوردستان و میتی تورک پێکەوە کار دەکەن، ڕایدەگەێنین کە چیتر ڕێگە بەو دۆخە نادەین، تەدبیر دەگرین و لەوانەی بەرپرسیارن تۆڵە دەکەینەوە.

دەشلێت «قبوڵ ناکرێت، کە هێزێکی سیاسی کورد سیخوڕی بۆ دوژمنی هێزیکی کوردی بکات، بانگ لەهێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان دەکەین، کە پێویستە لە بەرامبەر هێرشەکان هەڵویست نیشان بدەن و بەر بەو کەسانە بگرن، کە زانیاری دەدەنە دەوڵەتی تورک».

مەترسی لەسەر دانیشتوانی قەندیل زیاتر بووە

زیاتر له دوو دەیەیه پەکەکه هەرێمى پاراستنى مەدیای گوندى بنارى قەندیل پێکهێناوه، که دەکەونه سنورى هەردوو ناحیەکانى وەرتێ و سەنگەسەر. بنارى قەندیل چهند ساڵێکه به بەردەوامى دەبێته ئامانجى فڕۆکەکانى تورکیا، بۆردوومانەکان زیانى زۆریان به جووتیارانى ناوچەکه گەیاندووه. لەم دواییانەشدا تورکیا هێرشەکانى بۆسەر ناوچەکه زیاتر کردوه.

بەڵام ماوەی سالێکە مەترسی بۆسەر دانیشتوانی ئاوارەبوونی دانیشتوانی بناری قەندیل دەکریت ئەوەش بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردومانەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکەو هاتنی هێزێکی زۆری تورکیا بۆ ناوچەکە.

چیای قەندیل دەکەوێته سەر سنوری هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران، پێگەی سەرەکی و بنکەی پەکەکەیه و چەندین ساڵه تورکیا هەڕەشەی ئەوه دەکات که رۆژێک له رۆژان هێرش دەکاته سەر ئەو ناوەندەی پەکەکه و کۆنتڕۆڵی دەکات.

بوونى پەکەکه بیانووى داوەته تورکیا رۆژانه ئەو گوندانه بۆمباران بکات. بەو هۆیەوه زیاتر له 15 دانیشتووی ناوچەکه گیانیان لەدەستداوه کەدیارتینیان خێزانێک بوون که لە 21/8/2011 لە لۆفەکانی شاخی کورتەک لە بناری قەندیل بەبیانوی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە لەم ناوچەیە، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاونیشتمانیانی کردوو بەم هۆیەوە 7 ئەندامی یەک خێزان گیانیان له دەستدا.

لەڕوى شارەوانیەوه بنارى قەندیل دابەشى چەند ناوچەیەک کراوه، بەشێکیان له دۆڵى باڵەیان که 17گوندی لەسەره، بەشێکیى تریان لەپردەشاڵ دەستپێدەکات تاوەکو دەگاته دۆڵى لێوژێ و ئەو ناوچانه دەگرێتەوه، بەشێکیه دیکەشیان لەدۆڵى شارۆش و پشت ئاشان و قرناتەیه، بەشەکێکى تریشیان ترى بنارى قەڵاتوکان و گوندهکانى دەوروبەرى ئەگرێتەوه.

عێراق: ئەوەی تورکیا دەیکات بەزاندنە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرکۆنەی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیای کرد بۆسەرناوچەی کورتەک لە بناری قەندیل و رایگەیاند خەڵکی ناوچەکەیان ترساندوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند «عێراق سەرکۆنەی بۆردومانی دوو فڕۆکەی جەنگی هیزی ئاسمانی تورکیا دەکات کە بە چڕی بۆردومانی ناوچەی کورتەکیان کردوە لە پاریزگای سلێمانی، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٣ کەس و برینداربوونی ٥ ی تر، هەروەها ئەو فڕۆکانە خەڵکی مەدەنیان تۆقاندوە».

لەو بەیاننامەیەدا کە وێنەیەکی دەست هاوڵاتی کەوتووە، تییدا هاتووە «لەکاتێکدا بە توندی پێداگری دەکەین لەسەر بنیاتنانی پەیوەندیەکی ستراتیژی دوورمەودا و رێگریکردن لەبەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هیرشکردنە سەر تورکیای دراوسێ، لەگەل ئەوەشدا پێمان وایە کردەی سەربازی تاکلایەنە سەروەری خاکی عیراق دەبەزینێت، هەروەها دژە لەگەڵ بنەماکانی پەیوەندی باشی دراوسێیەتی کە پەیوەندی دوو دراوسێی برا وەکو ولات و گەل رێکدەخات، هەروەها بەزاندنێکی گەورەی یاسا نێوەدەوڵەتیەکان و مافی مرۆڤە».

وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای راگرتنی بۆردومانەکان دەکات و داوا دەکات ڕێزبگرێت لە سەروەری عیراق و لەبری ئەوە هاوکاری یەکتر بن بۆ پاراستنی سنوورەکان.

زەیتوون ڕسوڵ پەیامنێری هاوڵاتی لە قەلادزێ بەشداریی لە ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا کردوە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار