عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی باخەوانی باخی ئەدەب

5 ساڵ لەمەوپێش



 

کارۆ حسێن

لـە باخـی پڕ لە گوڵ و گوڵزاردا، لـە چیمەنـی سەوز و نەرم و گەشاوەدا، لەگەڵ بۆنـی ڕێحانە و سڵاوی دەمەوبەیانیـی گوڵە نـازنازدا، بنجەگیای زیاد و نەویستراو دەڕوێن، مێرووی زیانبەخش و مێش و مەگەزی وێرانکەر پەیـدا دەبن. کەسێک لـەم نێوەدا هەیە، بۆ ئاودانـی گول وگوڵزاران،  بۆ هەڵکێشانـی بنجەگیای زیادی نێو چیمەن و پاراستنی باخ لە  مێشومەگەز، بۆ خزمەتی هەنگ و پەپوولان.

بەهەمان شێوە لەنێو دنیای پڕ لە جوانـی و پاکـی و داهێنانی ئەدەبیدا، لەگەڵ شاکار و دەقی پڕ لە سەرسامیدا، دەقی کرچوکاڵ و دەقی دوور لە سەرسامی و داهێنانیش پەیدا دەبن، تەنانەت لە بەرهەمی جوان و سەرکەوتووشدا دێری زیاد و هەڵەی زمان و لادان لە میتۆد و تیۆریش هەموو ئەگەرێکی بوونیان هەیە. لەم نێوەدا کەسێک هەیە بە شاکارەوە دەنازێ و دەریدەخا بە هەڵە و خەوشێکانیشدا دەچێتەوە و دیاری دەکا.

کەسی ناو باخ باخەوانە و کەسی نێو ئەدەبیات ڕەخنەگرە و ڕەخنەدەکا.

نموونەی ئـەمجارەمان لـەنێـو ئـەدەبیاتـی کـوردییەوە هـەڵدەبژێرین. ئـەو نـووسەر و وەرگێڕ و ڕەخنەگـرە. لـەنێو کتێبخانـەی کوردیدا خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمە، کە لە هەر کامیان بڕوانین و وردببینەوە دەزانین بە دڵسۆزی و ماندووبوونێکی زۆرەوە نـووسراون یان وەریگێڕاون، چـونکە لـەنێوان پەرەکانیەوە جوانـی هەڵدەقوڵێت، لـەنێو دێرەکانیەوە خۆشەویستی و لە بەرگـی کتێبەکەوەکانی داهێنان بیابانی دڵ و مێشک ئاو دەدا.

لە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانیدا جوانـی هەڵبژاردن و سەلیقە و وردی دەبینرێت و هەست بە جیاوازی و تایبەتمەندی دەکرێت، بـە تایبەت لـەو ڕووەوەی کـە هـەوڵـی بینینەوەی نـووسەرانێک یـان کـتیبانێک دەدات کـە لـە کایەی وەرگێڕانـی ئێمـەدا چـاو نەخراوە سەریان و کەم یان هەر ئاشنا نین بەخوێنەری کوردی... لەوانە ((باڵگەلێک بۆ نیشتنەوە: موسا بیدەج-  هەر تەنها مانگ نییـە لـەژێر درەختا بیردەکاتەوە: عەباس بەیزون– ئاسمان دەڕژێتـە کوپێک ئاوەوە: محەمەد ئادەم-  گـەردن نەماوە بۆ بڕین، شیعری ژن و مێردێکی شاعیر: سەنییە ساڵح و محەمەد ماغوت– دڵێک گوڵ دەکات بە دوو لەتەوە: ئەمجەد ناسر)).

نـووسەر بە زمانـی عەرەبـی چەندین لێکۆڵێنەوەی نووسیوە، سەرەڕای هەبوونـی  دوو بەرهەمـە گـرنگەکەی یەکەم (الـولـی- چیرۆک) دووەم (صید الامواج- شیعر )

لـە کایەی ڕەخنەدا کـە ئەمەیان بەلای ئێمەوە زۆر گرنگـە بـۆ ئەم قۆناغەی ئەدەبـی کوردی، نـووسەر جـێپەنجەی ئاڵتوونـی ڕەنگ و فریادڕەسانەی بـۆ ئەدەبیات دەردەکەوێت، خاوەنـی چەندین وتار و لێکۆڵێنەوەیـە... لەوانـە: ((ئـەندازەی وشەو وێنە لێکۆڵێنەوە لـە شیعرەکانـی تەیب جەبار، لێکۆڵێنەوە لـە پێنج کـورتـە چیرۆکـی ئـازاد بـەرزنجـی بـە نـاوی تـەرمـی نەناسێـک - لێکۆڵێنەوە لە شیعرەکانی هیشام تاهیر بەرزنجی)). 

ئـەو دەنـووسێت و نـووسینەکە بـۆنـی گوڵ دەگرێت. وەردەگێڕێت و وەرگێڕانەکـە ڕەنگـی گـوڵ دەگرێت. ڕەخنـە دەگرێت و ڕەخنەکان دەبن بە گوڵـی باخـی ئەدەبیات. ئەو بانگـی بـولبول دەکات بـۆ خـوێندن (بـولبول= نـووسەر) و دەست لـەسەر خـەوشەکان دادەنـێ و بۆنـی گـوڵاو بـەسەر داهێنانەکاندا دەکات. ئەو ماندوو نابێت، ماندوو نابێت و ڕێدەکات، ڕێدەکات و دەست لەملی داهێنان دەکات، ئەو دڵسۆزانە لە خەمـی بەرەوپێشچوونـی ئەدەبیاتـی کوردیدایە، هەربۆیە چ وەک نـووسەر و چ وەک وەرگێڕ و چ وەک ڕەخنەگر کاری تێدا دەکات.

ئەو (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی)یە...

پێناسـە و قسەگەلـی زۆر هــەن دەربـارەی ئـەدەبیات و کاریگەری و گـرنگییەکەی، ڕەنگـە کـەم نـووسەر و  خوێنـەر هەبـن بـۆچوون و سەرنجی خۆیان نـەبێت، بـەڵام ڕاوبـۆچـوونی هـەمـوو کـەسێک نـابێتە جێـی سـەرنج و گرنگـی پێدان ئـەوەش هـۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بـۆ جیاوازی قوڵبوونەوە و کاری بـەردەوام. چونکـە ئـەو کەسانە زیاتر  بـە دیوە شـاراوە و پـەنـا و قوژبن و کۆلانەکانی ئەدەبیاتدا ڕۆیشتوون و شارەزایی زیاتریان هەیە و جـوانتر بینیویانە و جوانتر لێیگەیشتوون، ((عـەبـدوڵڵا تاهیر بەرزنجی)) یەکێکە لەو کەسانە، کە بۆ ئێمە سەرنجەکانی  گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە.

 لەم نووسینەماندا هەندێک لە ڕا و سەرنجەکانی دەخەینە ڕوو.

 

ئەدەبیات

دەربـارەی دنیای جـوانـی ئـەدەبیات بـەتایبەت ئـەدەبیـاتـی کـوردی، سـەرەتـا لـەنێو نـامەکانیـدا بـۆچـوونێکـی ئـەم ڕەخـنـەگـرە هـەڵدەبژێرین لـەبارەی ئـەدەبـی گـۆڕانکارییەوە کـە دەڵێت: ئـەدەبـی گـۆڕانکاریـی (ادب التحـولات) واتـە ئـەدەبێـک بـاسـی گۆڕانکاریـی کۆمەڵایەتـی لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر بکات. بەداخەوە یەکیک لە گرفتەکانی ئەدەبی کوردی ئەوەیە کە خۆی لە بابەتێکی وەها نەداوە، چەند نموونەیەکی کەم نەبن، مەبەستم نموونەی چاکە نەک هەموو نووسینێک.

هـەرچی لەبـارەی تەکنیک و بنیاتـی دەقیشەوەیـە  دەڵێت: حەقیقەتـی تیۆریـی ئەدەب تێیگەیاندووین کە دەقـی بـێ بنیات و بـێ تەکنیک نییـە، بـەڵام ئـەمە یەکێک لـە گرفتەکانـی شیعری کوردیمان بـۆ دەردەخات و هەزارەها بەرهەممان دەخاتە پێشچـاو، نـە بنیاتـی هونەرییان هەیە و نە تەکنیک، کۆمەڵێک وشە و ڕستەی دوور لە هەماهەنگیـی هونەرین، نە سەرەتایان هەیە نـە کۆتایی، کۆتاییان نییە چونکە دەستیان پـێ نەکردووە، لە ناوەڕاستیشدا نەشونمایەکـی وایان نەکردووە بمانگەیەننە کۆتاییەکـی هونەری. دیارە هەموو شاعیرە داهێنەرەکان و هەموو نموونە جوانەکانمان لە دەرەوەی ئەم باسەدان.

ئـەو ڕای وایـە کە مەرج نییـە هەموو ئەدەبێکـی واقعـی خراپ بێت و هەموو ئەدەبێکـی فەنتازی و سوریاڵـی و نامەعقولیش سەرکەوتوو، بەلای ئەوەوە ئەمە دەکەوێتە سەر توانا و داهێنانی نووسەر و داهێنەر.

شیعر

یەکێک لـە هەرە ژانرە گرنگەکانـی ئەدەبیات بێگومان شیعرە، بۆیە ناکرێت دەربارەی عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی قسە بکەین، بەڵام شیعر وەلا بخەین، چونکە ئەوکات ئەگەر نووسینەکەمان بەئاوی زێڕیش ئاو ڕێژ بکەین هیچ نرخێکی ئەدەبی نامینێت، بـۆیە ئـەگەر بەکورتیش بێت کە ئەمەیان ناچارییە و شێوەی بڵاوکردنەوەی نـووسینەکەمان هەر ئەوەندە ڕێگەدەدات. ئەوا بـە بەشێک لەسەرنجەکانی ئاشناتان دەکەین یان بیرتانی دەهێنینەوە.

ئـەو دەڵێت: قورسترین هونەر بەلای منەوە، هونەری شیعرە من ئەتوانم دابنیشم و بە ئاسانـی وتارێک، لێکۆڵینەوەیەک، یـان کـورتەشیکارێکـی سیاسیانە بنووسـم، بـەڵام زەحمەتە بتوانم وا مامەڵـە لەگەڵ شیعردا بکەم. سەیری ئەوە مەکەن کـە ئەمڕۆ خەڵکانێک هەن بە ئاسانـی لاپەرە ڕەشدەکەنەوە و  ناوی شیعری لـێ ئەنێن، مەبەستم جەوهەری شیعرە شیعر. من نووسینـی شیعرێکی تاکدێڕیم لە نووسینی لێکۆڵینەوەیەک یان ئامادەکردنی نووسینێکی میژوویی لا قورسترە.

درێـژدادڕی مـۆتەکەی خوێنەران و کێشەیەکـی گـەورەی نووسەران،  لای ئەم ڕەخنە گرە ئاوا بـاس دەکرێت؛ زۆر وتـن لـە قسەی ڕۆژانەدا بێت یـان لە نـووسیندا بێت لایەنـی سلبی خۆی هەیە. تەمەنام دەکرد شاعیرانـی سەردەمـی نوێمان، مـەبەستم قۆناغـی نوێبوونەوەیـە، ئەوەندەیان نەنووسیبـا، ئـەوەندە دیـوانیان چاپنەئەکرد، زۆر و بـۆر نـەئەبوو، سەرجەم کارەکانیان لـە کۆتاییدا بگەشتایەتە دووبەرگ، کافـی بوو. خەریکە ئەم زۆربوونە ئەبێت بە مۆدێل، هەموو هەوڵی ئەمە دەدەین، لە کاتێکدا لـەمێژە وتراوە بـە زۆری و بۆری نیە. لاموایـە ئەم برادەرانـە زیان بەخۆیان ئەگەیەنن، چونکـە خوێنەر لە موتابەعەکردنی شیعرەکانیان ئەکەوێت، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەیش کە خوێنەر تاقەتی خوێندنەوەیانی نەبێت.

نـایشارمەوە ئەوەندە حـەز لـە شیعری درێژ نـاکەم، مــن وەک ڕەخنەگرێـک ئەیخوێنمەوە و ڕەنگـە بـە مەبەستـی لێکۆڵینـەوە دووبارەیشـی بکەمەوە. زۆر جار لە شیعری درێژی وەهادا، من یان تۆ وەک خوێنەر ئەتوانین چەند شیعرێکیان لـێ دروست بکەین، ئەشێت سـەربەستیـی تەواویشیان بـدەینـێ. لـە شوێنێکدا وتوومە شیعری درێژ، ئیجگار درێژ، لـە ئاگردانێک ئـەچێت پشکۆکانی ناوەوەی وەک یەک ناژین و وەک یەک بەتین نابن، هەندێکیان زوو ئەکوژێنەوە، هەندێکیان گەشن و وردە وردە گەشیـی خۆیان لە دەست دەدەن، ئـاوەها شیعری درێژیش تـا کۆتایـی بـەهێز و گەش نابێت، شـاعیر نـاتوانێت تـا کۆتایــی بـە یەکسانـی فوو بەهەموو پشکۆکاندا بکات، ڕستە و وێنە لە شوێنێکدا گەشن و لە شوێنـی وەهای تردا گەشـی لـە دەست دەدەن. من ئەمە بەسەر هەموو حاڵەتێکدا ناسەپێنم، بەڵام کەم، کەم شیعری ئێجگار درێژ بەدیدەکەین کە لەم حالەتە بەدەر بێت.

چیرۆک و ڕۆمان

زۆر ڕۆمـان و چیرۆکـی تـازەم خـوێندۆتەوە، بـەڵام لـە کۆتاییـدا کـەمیان سـەرنجیان ڕاکێشاوم، بـۆیە کـە ئێستـا ڕۆمـان یـان چیرۆکـی تـازە ئەخوێنمەوە ترسم لـێ ئەنیشێت چونکە کۆتاییەکانیان بـێ ئومێدم دەکەن، ئـەو کاتە ئەڵێم خۆزگـا وەختەکەم بـە زایەع نەئەجوو. بـاوەڕ بـکەن زۆر ڕۆمانـی جیهانـی، یان چیرۆکـی جیهانیش دەخوێنمەوە تووشـی ئـەم بـێئومێدییـە ئـەبـم، ئەوەندەیش ئاگام لە ئەدەبیاتـی جیهان هەیە کـە بوێرم بڵێم گـوناهەکە هـەر لە مندا نییـە. باخەوانـی باخـی ئەدەب وای وت، لـەم بەشەدا هەندێک سەرنجی دەربارەی ئەدەبی گێڕانەوە دەخەینە ڕوو.

لەبارەی گۆڕانی دید و کەرەستەی چیرۆکنووسانـی کوردییەوە دەڵێت: گۆڕانی ڕووداو و واقیعی کوردی و دەوروبەر، دید و کـەرەستـەی چیرۆکنووسـی گـۆڕی، لـە کۆتایـی هـەشتاکانـی سـەدەی ڕابوردوودا چیرۆکێکـی فـەنتازییانـەی وەک چیـرۆکـی (فـڕیـن)ـی (ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل)، یا چیرۆکی (ڕاکـردوو)ـی (فـەرهاد پیرباڵ) دەنووسرێت، بەڵام ئەو کاتە بە جەستەی هونەری گێڕانەوەی کوردییەوە وەک شتێکـی نامۆیان لـێ دێت، بەپێچەوانەوە ئێستا خەریکە دەبێت بـە دیاردەیەک لـە بواری هـونەری گێرانەوەی نـەوەی نـوێماندا. ڕەنگـە ئێستـا چیرۆک بنووسرێت سەرتاپای فەنتازیا بێت، بەڵام بە شێوەیەکـی گشتـی تێکەڵاوبوونەکەی نێوان واقیع و فەنتازیاکـە زاڵـە و ڕەوتــی چیرۆکـی کوردیـی بـە چەند مـەودا و کەرەستەی هونەریــی تر دەوڵەمەند کردووە.

پـەنابردنـی چیرۆکنووسـی کـورد لـەم زەمەن و قۆناغـە نوێیەماندا بـۆ فەنتازیا بـە هەوەس و بـە خۆڕایـی نییە، بەتایبەت لای نووسەرانی شارەزامان، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکار لە پاڵ دەرکەوتنیدا هەن. یەک لەوانە، گەڕانی چیرۆکنووسانە بەدوای دید و کەرەستە  و تەکنیکی نوێدا. دوو لەوانە، گۆڕانـی سەردەم و واقیعی دەرەکی و ناوخۆییە. دەرەکییەکە خۆی لە بەجیهانیبووندا دەبینینێتەوە کـە چەند گۆڕاانکارییەکـی سـەیری بـەسەر دنیـا و پەیوەندیـی کۆمەڵایەتـی و چەمکـی تاک و نـاوچەکەدا هێناوە. دووەمیش گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی وڵاتمانە، بە تایبەتی بە ڕووە سلبییەکانیاندا. لەم سەردەم و قۆناغە نوێیەدا چیرۆکنووسی کـورد وەک تاک تووشی زەبری نـوی و قورسایـی پێچوپەنای زۆر لێکردنـی دێ و عەزابی هەڵوەرینـی خەونی سەدەها ساڵـە بووەوە. سەیروسەمەرەی عەجیبـی دەسەڵات ناماقوڵانـە پـرسیار و ڕازیان بـێ وەڵام هێڵایەوە. ئـەمانە جۆرێک بــێ هیوایـی و حالەتی کابووسی و بێهوودەییان دەردا.

بۆ شکاندن و ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم واقیعە تاڵە، نـەدەکرا بە ئاسانـی لـە ڕێگەی واقیعییەتـی هونەرییەوە کار بۆ نەفیکردنـی قـەهر و ناماقوڵییەتەکە بە شێوەیەکـی باشتر بکرێت، جگـە لـە بڕینـی تاڵیـی واقیعەکـە بە فەنتازیا و بەکارهێنانـی گاڵتەجاڕی نەبێت. لە ئەنجامـی دروستکردنی جەدەل لە نێوان واقیع و فەنتازیادا، چیرۆکنووس بەهۆی وەگەڕخستنـی خەیاڵ تا ئەوپەڕی لە چوارچێوەیەکی نائاشنادا شێوەکانی شکست و خەونوەرین و زۆرلێکردنی ڕەت دەکردەوە.

*

خوێنەرانـی هێژا، خوێنەرانـی قەدرزانی باخی ئەدەب،  ئەوەی خوێندتانەوە سەرەقەڵەمێک بوو، قەڵەمی خوێنەرێک. ئەوەی ئێمە لەسەری دواین (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی) بوو باخەوانی باخی ئەدەبەکەمان، تەنها یەک پەنجەرە بوو کردمانەوە. بەڵام باشترین ناسین و باشترین خوێندنەوە، خوێندنەوەی کتیبەکانیەتـی تا سەرجەم پەنجەرەکان بکەینەوە. کردنەوەی پەنجەرەکانـی سـەر ڕوانینە ڕەخنەگرێت، بڕینەوە و لەناوبردنـی مێشومەگەزی باخـی ئەدەب و پشکوتنی چرۆکانـی داهێنانـی بەدوادا دێت. شنـەی بـا و بۆنـی خۆشـی ڕێحانەی باخـی ئەدەبیاتـی بـەدوادا دێت، ئیمـە لێرەوە هیچمـان نـەماوە یـان زۆرمـان ماوە، بـەڵام بـەناچاری خاڵـی کۆتایـی دادەنێین. بەهیوای بەیەکگەیشتنەوەمان لـە خـوێندنەوەی کتێبەکانـی ئەم باخەوانەی باخـی ئەدەبیاتـی کوردیدا. هەر شاد بن.

 

 

سەرچاوەکان یان پێکهاتەکانی ئەم نووسینە بریتین لەم کتێبانە:

کتێبی: ئەندازەی وشە و وێنە ... چاپی یەکەم ٢٠١٦

کتێبی: هیشام تاهیر بەرزنجی دەنگێکی دیاری حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو...٢٠١٨

کتێبی: تەرمـی نەناسێک... چـاپـی دووەم ٢٠١٦دەزگـای چاپ و پەخشـی سـەردەم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار