ساتێک بۆ ئەسپە زامدارەکان
5 ساڵ لەمەوپێش
ژیار ئەسوەد
سپێدەیەکی درەوشاوە؛ چیاکان بەفریان کردۆتە پۆشاک. قەلەڕەشەکان ونن؛ لەناو دیوانی 'تێد هیووز' گەمارۆ دراون. لە دوا دیمەنەکانی فیلمی 'ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان'دا، بە دیداری 'بەهمەن قوبادی' و ئەسپە زامدارەکان دەگەم. شەونمی تراژیدیا لەسەر لێنزی کامێراکان. سێبەری مەرگ دەبینم، چەشنی جرجەکوێر لەبن بەفرەوە شاخەوشاخ دەبڕێ. خانووە قوڕینەکان لە ئاسۆوە خوێنیان بەسەردا دەبارێ.
ڕادەچڵەکێم؛ چ بەدبەختییەکە کە شاعیر جیهانی میتافیزیک دەبینێ؟
چ بەدبەختییەکە کەسی بیرکەرەوە، نائومێدانە، دەزانێ هەموو پەرتووکە مێژووییەکان لەسەریەک دابنێین، نابنە پەیژە بۆ گەیشتنە شادیی ئایندە. هەر گۆرانییەک بچڕین لە سنووری دەممان دەگیرێ. هەر تابلۆیەک بکێشین ئاژەڵان لێی تێناگەن. کام خوداوەند لە زمانی سكاڵا حاڵیی دەبێ؟ تەنانەت هونەر و ئەدەبیش لەهەمبەر گرێکوێرەکانی مرۆڤ سەریان نەوی. سا کە ئەمانە دەزانم، لێناگەڕێم بگاتە ئەو دیمەنەی کۆڵبەران لە ترسی زرمەی مینی چێندراو، ڕۆحیان دەچەمێتەوە و جەستەیان نیشانەی پرسیار وەردەگرێ؛ ئینجا بەسەر چیاکانەوە غلۆر دەبنەوە، بەر هێرشی کێوییانەی نەیار، هێرشی کوردبوون، هێرشی چەکدارانی دڵتاوێر دەکەون...
دەچمە لای بەهمەن، بەبن گوێیدا دەچرپێنم:
فیشەکی حەقیقیش نەبێ، کورد هەردەم پێکراوە.
جگەرەیەک هەڵدەکەم و ئەم شیعرەی پێ گڕ دەدەم. بێ ماڵئاوایی لە کەسیش، دەگەڕێمەوە شاری هیچ.