"هاوزێ" لە کاتێکی دیکە

5 ساڵ لەمەوپێش



بەڵێن سابیر

 ڕەنگە ئەمە پەسنێکی گشتی نەبێت بۆ هەموو ڕۆمانێک. بەڵام ئەو بەرهەمانەی بە یەک جار خوێندنەوە، ئەو مانایە بە دەستەوە دەدەن، کە دروست مانا و نەخشە کێشراوەکەی زەینی دانەرە، پێویستیان بە جارێکی دیکە خوێندنەوە هەیە. وەک لێکدەرەوەی ئەمریکی، "ئی دی هێرش" دەڵێت "دەشێ بەرهەمی ئەدەبی لە ڕۆژی دووشەممەدا شتێک بگەیەنێت و لە ڕۆژی هەینیدا شتێکی تر" دەقی ئەدەبی یەک مانا ناگەیەنێت، خۆنوێکرەوە و ناسەقامگیرە، بەردەوام لە قۆناغێکەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکە. ئەو مانایەی لە کاتێک و جاری یەکەمی خوێندنەوە بە دەستەوەی دەدات، لە کاتێکی تر جۆرە مانایەکی دیکە دەدات، کە هەم ڕاڤەی جەماوەرەکەی پێشوو، هەم دانەرەکەیشی سەرسام دەکات. وەک "هانس جۆرج گادامێر" لە کتێبی "ڕاستی و ڕێباز" دەڵێت<<هیچ ئەگەرێکی زانینی دەقێکی ئەدەبی وەک ئەوەی هەیە، لە ئارادا نییە لە ئەدەبیاتی کوردی، دەستبردن بۆ ئەو باسە گەورانەی کە مێژوو هەموو ڕۆژ چەپ و ڕاست هێڵیان بە سەردا دەخشێنێت: شەڕەف، لاقەکردن، خیانەت، مێژوو و جوگرافیای مشەخۆری، یان وەک ئەو خۆی نووسەری "هاوزێ" دەڵێت"هیچ کچێک، ژنێک نییە لە منداڵیدا پیاوێک، کوڕێک خۆی لێ بەتاڵ نەکردبێتەوە" ئەوانە و هەموو ئەو وشانەی گوتنیان لە شەقام و ئەکادیمیایی کوردی عەیبەیە، و کردنی قەیچێکەیە، هونەریانە، بێ سڵکردنەوە، لەم رۆمانە بە زەقی باسیان لێوەکراوە. ون بوونی شوناسی باوک بە دەست گەمەی سیاسییەوە، بکوژ و جەللادێتی کوڕ، لاقە و شەرمنی خوشکەکان، دایکە بێدەربەستەکان، ئەوانە و هەندێک وشەی فریودەری دیکە و هەندێکی دیکەی بە قارەمان کردن، مێژووێکی هاوشان و دانەبڕاویان لە ژیانی جیلێک لە ئێمە و ئاسەوار بۆ ئێمە هەبووە. چیرۆک و ڕۆمان، یان گێڕانەوە بەگشتی، تا بەم دوایانەش دراما، شانۆ و سینەما و بەردەوام لە هەوڵی لێدان لەم جۆرە پێناسە و تێگەیشتنە باوانە بوونە. ئەمەی لەهاوزێ دەبیندرێت، ڕەنگە بە تەماشاکردن و خوێندنەوەیەکی هاکەزایی، تازە نەبێت. بەڵام وەک چیرۆکنووس" ئارام مەحەمەد" دەڵێت<<لە ئەدەبیات چۆن دەگێڕیتەوە، نەک چی دەگێڕیتەوە، گرنگە نەخشەی وێنە زەینییەکانی نووسەر لەم ڕۆمانە بە توڕەییەوە کێشراوە، لە کاتی خوێندنەوە توڕەبوون و بە وشەکانەوە دەبینیت، توڕە بوون لە پەند و پەیڤ و نەڕە فەرمانییەکان، تووڕەبوون لەو کولتوورەی کە وەک دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژی داپڵۆسێنەر، ڕەگێکی هاری و گاز گرتنی لە نێو رۆحی هەمووان داکوتاوە. دەنگ و بۆن، لە ئەدەبیاتی کوردی، تایبەت لە ڕۆمانی کوردی کەمترین لای لێکراوەتەوە، لەم ڕۆمانە بە وردەکاری و کارامەییەوە کاریان لەسەر کراوە. بۆن لەم ڕۆمانە: بۆنی دەنگ، وشە، کەپک و کەڕو، سپێرم، بۆنی ئەشق، بۆنی سەربان، دیوار و کۆڵانە جارانییەکان، بۆنی ڕەنگی تابلۆیەکی تەڕ، هەموویان پێکەوە، هەندێ جار بە تەنیا هەڵگری هەگبەیەک لە نۆستالیژیا. ئەو ڕۆمانە پڕە لە دەنگ، تەکنیکی فرە دەنگی نا، سەت کارەکتەر پێکەوە قسە بکەن و بگێڕنەوە، نا یەک کارەکتەر بە دەنگی هەمووان هاوار دەکات و دەگێڕێتەوە. بەڵێ دەنگ، دەنگە ژەنگاوییەکان. قیژە حەپسکراوەکان، ئەو قیژە و دەنگانەی پەنگ دەخۆنەوە، قووت دەدرێنەوە و دەرنابڕدرێن. دلاوەر لەم ڕۆمانە لە ڕێگەی دەنگەوە درک بە دەروونە نەخۆشەکانی کۆمەڵگا دەکات، لە ڕێگەی قیژەیەکەوە، پەی دەبات بەو کردە وەحشیگەریانەی لە قوڕگێکدا خۆیان پەنا داوە، و هەموو دەم ئەگەری هاتنە دەرەوە و بە ڕوودا تەقینەوەیان هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار