پرۆبله‌ماتیکی (من) و (ئه‌وه‌ی تر)... ململانێ، یان ئاوێزان؟
5 ساڵ لەمەوپێش
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
پرسیاری (من) و (ئه‌وه‌ی تر) لەسەر پرۆبلەماتیکێکی گەورە دامەزراوە. هەر ئەو پرۆبلەماتیکەیش بەردەوامیی پێ دەدات و ناهێڵێت فۆرمی کۆتایی وەربگرێت. ئایا خودی (من) قه‌باره‌یه‌کی یه‌کگرتووه؟ ئایا پڕ نییه له هه‌ستی دژبه‌یه‌ک؟ ئایا ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌مدان، هیچ ڕه‌گێکیان له‌ناومدا نییه؟ ئایا (من) به ته‌واوی ده‌که‌ومه ده‌ره‌وه‌ی (ئه‌وانه‌ی تر)ـه‌وه؟ ئایا (من) منم و (ئەو)یش ئەوە؟ هه‌ر هێنده خۆمان له به‌رانبه‌ر ئه‌و پێوه‌ندییه‌دا بینییه‌وه، کۆمه‌ڵێک پرسیاری له‌م شێوه‌یه ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه. ساوا هه‌م وه‌ک دۆستی میهره‌بان و هه‌م وه‌ک ناحه‌زیش دایک ده‌بینێت. میهره‌بانه، کاتێ توند له باوه‌شی ده‌گرێت و مه‌مکی ده‌خاته ده‌م، به‌ڵام ناحه‌زه، هه‌ر هێنده مه‌مکی له ده‌م ده‌رهێنا، که ئه‌مه مانای وایه له سه‌ره‌تاوه (ئه‌وه‌ی تر)ی لا ده‌بێته پرسیار. منداڵ کاتێ چ به‌ر گیاندار و چ بێ‌گیان ده‌که‌وێت، تووشی حاڵه‌تی سه‌رسووڕمان دێت، به‌وه‌ی خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان خۆی و ئه‌واندا ده‌بینێت، به‌ڵام کاتێ ده‌گاته به‌ر ئاوێنه، هه‌م ده‌ترسێت و هه‌م ئاسووده‌یش ده‌بێت، مادام له لایه‌ک خودێک ده‌دۆزێته‌وه خۆیه‌تی، له لایه‌کی تر ئه‌و خوده له ده‌ره‌وه‌یه، که مانای وایه خۆی نییه، وه‌ک بڵێی ئه‌مه سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی هه‌ستی غوربه‌تی بێت. به‌م شێوه‌یه خودی مرۆڤ له منداڵییه‌وه، هه‌ر له‌ناو خێزاندا به‌ر ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه ده‌که‌وێت و ئه‌و هۆشیارییه‌ی لا دروست ده‌بێت، که ته‌نیا نییه، به‌ڵکوو له‌و شوێنه‌دا له‌گه‌ڵ (ئه‌وه‌ی تر)، چ له شێوه‌ی تاک و چ له شێوه‌ی کۆدا، هاوبه‌شه. جارێک وه‌ک لایه‌نی چاکه و جارێک وه‌ک لایه‌نی شه‌ڕ ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه، یان ئه‌و (ئه‌وانه‌ی تر)ـه ده‌بینێت، که وه‌ک گوترا ئه‌مه هاوکات ده‌رکه‌وتنی یه‌که‌م هه‌ستی غوربه‌ته. ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین هۆشیاری له ڕێگه‌ی (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه دێته کایه‌وه و هه‌ر ئه‌ویشه ده‌یخاته ناو ململانێوه. ساوا کاتێ دایکی مه‌مکه‌که‌ی لێ ده‌کێشێته‌وه، هه‌ر خێرا له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌یدا ده‌که‌وێته ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و ده‌یه‌وێت به‌رگری بکات، ئینجا چ به گریان بێت و چ به ڕاوه‌شاندنی ده‌ست و قاچه‌کانی، که ئه‌مه هه‌ستێکی دووفاقییانه‌ی لا ده‌هێنێته دی، به‌وه‌ی چۆن له‌گه‌ڵ که‌سێکدا چووه‌ته ململانێوه، له لایه‌ک دۆسته و له لایه‌ک دوژمن! ئه‌و هه‌سته بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووری خێزانیش ده‌گوازرێته‌وه، بگره له‌وێدا هه‌م گه‌وره‌تر ده‌بێت و هه‌م پێوه‌ندییشی به (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه ده‌چێته دۆخێکی دژوارتره‌وه. له (گێنه‌سیس)دا نووسراوه خودا له‌سه‌ر شێوازی خۆی مرۆڤی ئه‌فراندووه، که ئه‌مه مانای وایه مرۆڤ له خودادا خودێکی دروست کردووه، هه‌م خۆیه‌تی و هه‌م خۆیشی نییه، به جۆرێک پرۆسێسی ئه‌فراندنه‌که‌یشی هه‌ڵگێڕاوه‌ته‌وه. لێره‌دا نه‌ک ترس و دڵه‌ڕاوکێ، بگره غوربه‌ته‌که‌یشی ده‌چێته دۆخێکی باڵاتره‌وه، به‌وه‌ی مرۆڤ هه‌رگیز وێنه‌یه‌کی ته‌واو و ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بۆ نادۆزرێته‌وه، تاکوو له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌دا خوداوه‌ندیش وێنه بکێشێت. به‌م شێوه‌یه هه‌ر وێنه‌یه‌ک ناڕۆشن و ناته‌واوه، که مرۆڤ کێشاویه‌تی، مادام خودی خۆی کردووه‌ته پێوه‌ر، له کاتێکدا که‌مترین شاره‌زایی و زانیاریی له‌باره‌ی ئه‌و خوده‌یه‌وه هه‌یه. ئەمە داینەمۆی بەردەوامیی پرسیار و گومانە. به‌وه‌دا ئه‌و خوده جێگیر نییه و له جووڵه‌ی به‌رده‌وامدایه، ئه‌وا هیچ وێنه‌یه‌کی (ئه‌وه‌ی تر)ی له لا وه‌ک خۆی نامێنێته‌وه، به‌ڵکوو گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، که ئه‌مه مانای وایه پێوه‌ندیی (من) به (ئه‌وه‌ی تره)وه له دۆخێکی چه‌سپاودا قه‌تیس نابێت.
فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی که‌موزۆر خۆی له قه‌ره‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه داوه، بۆ نموونه لای (ئه‌ریستۆ)دا به‌ر چاو ده‌که‌وێت، که پێی وایه (من) و (ئه‌و) سه‌رجه‌م گه‌ردوون له شێوه‌ی خودی خۆماندا ده‌بینین. به مانایه‌کی تر (من) پێم وایه هه‌موو شتێک له‌گه‌ڵ خودمدا هاوڕێک و هاوواتایه، به‌ڵام کاتێ (ئه‌وه‌ی تر)یش وای ده‌بینێت، لێره‌وه دژایه‌تی دێته کایه‌وه. به‌کورتی لای (ئه‌ریستۆ) هه‌ر شتێک بگریت له به‌رانبه‌ر دژه‌که‌یدایه، چاک/ خراپ، گه‌رم/ سارد، ڕه‌ق/ نه‌رم،... هتد، به‌ڵام ئه‌و به‌وه‌دا پێ له‌سه‌ر هه‌ردوو چه‌مکی ڕه‌وشت و چاکه (Ethics and Virtues) داده‌گرێت، ئه‌وا بانگه‌شه بۆ هاوڕێیه‌تی، یان پێکه‌وه‌گونجانی دژه‌کان ده‌کات. هه‌مان چه‌مکی دژایه‌تی پێشتر لای (هیراکلیتس)دا جێگه‌ی بایه‌خه، بەوەی پێی وایە گەردوون لەسەر ناکۆکیی دژەکان (Conflict of Opposites)دا وەستاوە، کە بە یەکگرتن و هاوئاهەنگیی ئەوانە کۆتاییی دێت. ئەو گەردوونەیش خولی سروشتیی خۆی هەیە و دوو هێز هەڵیدەسووڕێنن، خۆشەویستی و خەبات، کە هەموو شتەکان لە ئەنجامی ئەو دژایەتییەوە دێنە کایەوە، بۆ ئەوەی دوایی یەک بگرن. ده‌کرێت بگوترێت پێوه‌ندیی (من) به (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه وه‌ک پرسیاری ئۆنتۆلۆجی به‌رده‌وام له‌ناو فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانیدا خۆی ده‌ر خستووه، به‌ڵام بۆ یه‌که‌مجار لای (دێکارت)دا به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت و ده‌بێته کێشه‌یه‌کی ئیپستمۆلۆجی. ئه‌و فیلۆسۆفه له‌پێناوی گه‌یشتن به یه‌قینی ئه‌قڵیی ڕووندا، هه‌موو شتێکی ده‌ره‌وه‌ی خود، چ ماتریاڵی و چ مۆراڵی، به لاوه ده‌نێت و پشت به گومان ده‌به‌ستێت، هاوکات پێ له‌سه‌ر زانینی ڕوون و بێگه‌ردیش داده‌گرێت، که مه‌به‌ستی له‌و زانینه‌یه له لایه‌ک به ته‌واوی له به‌رانبه‌ر ئه‌و ئه‌قڵه‌دا دیار و ئاماده‌یه، له لایه‌کی تره‌وه له هه‌ر زانینێکی تر جیاوازه. به‌م شێوه‌یه له دیدی ئه‌ودا بوونی (ئه‌وه‌ی تر) بۆ خود گرنگ نییه، تاکوو له ڕێگه‌یه‌وه خۆی بناسێت. ده‌یه‌وێت بڵێت هه‌ر شتێک بکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی سنووری خودی منه‌وه، پێوه‌ندیی پێمه‌وه نییه، چونکه ناتوانم به‌و شێوه‌یه بیناسم، که خۆم ده‌ناسم. ئه‌مه له کۆجیتۆی (من بیر ده‌که‌مه‌وه، که‌واته هه‌م)دا به‌رجه‌سته ده‌بێت. به‌م شێوه‌یه ئه‌قڵ لای ئه‌و ده‌بێته سێنتراڵ، که دواتر ڕه‌خنه‌ی گه‌وره‌ی لێ ده‌گیرێت، به‌تایبه‌تی له به‌رهه‌مه‌کانی (نیتشه)دا. ئه‌گه‌ر (نیتشه) به گشتی ڕه‌خنه له سه‌رجه‌م فه‌لسه‌فه‌ی ڕاشناڵیتی ده‌گرێت، ئه‌وه ڕه‌خنه‌ی تایبه‌تی ئه‌و له (دێکارت)دا له‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێت، که ڕۆح و ماتریاڵ له یه‌کدی جوودا ده‌کاته‌وه و خۆی به یه‌قینه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، که دواتر ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی (نیتشه) له (دێکارت) به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ده‌گاته ئه‌و فیلۆسۆفانه‌ی تریش، که به ڕه‌خنه‌گری مۆدێرنیته ناسراون له‌وانه (فۆکۆ)، کاتێ له پێوه‌ندیی ئه‌قڵ و نائه‌قڵ ده‌کۆڵێته‌وه. وه‌ک گوتمان (دێکارت) پێ له‌سه‌ر ڕوونی داده‌گرێت، له کاتێکدا ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه، هه‌رچییه‌ک بێت، ئاڵۆزه و ناگاته ئاستی یه‌قین. به مانایه‌کی تر لای (من) وه‌ک وههم وایه، به‌وه‌ی ناخرێته ژێر گومانه‌وه. ده‌کرێت بڵێین بیرۆکه‌ی (من)ی بێگه‌رد، ئه‌و (من)ـه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌ر خۆی ده‌که‌وێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ربه‌ستێک بکه‌وێته نێوانیانه‌وه و به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆیش له‌باره‌ی خۆیه‌وه ده‌زانێت، له (دێکارت)ـه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و دواتر (ئیدمۆند هوسێرل) گۆڕانی به‌سه‌ردا ده‌هێنێت. ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌ی لای (دێکارت)دا ته‌نیا تارماییه، لای ئه‌مدا بۆ بوونه‌وه‌رێک ده‌گۆڕێت، خاوه‌نی هۆشیاری و جه‌سته‌یه. واته به بڕوای (هوسێرل) خود له‌پێناوی پێکهێنانی دنیا به شێوه‌ی بابه‌تیدا، پێویستی به (ئه‌وه‌ی تر) هه‌یه. پێی وایه ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه خودێکه له (من) ده‌چێت، با له ڕووی خه‌سڵه‌تیشه‌وه جیاواز بێت، به‌ڵام هێنده هه‌یه (من) به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ هه‌ست به خۆی و به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆیش هه‌ست به‌و ده‌کات، دروستتر به شێوه‌ی حه‌دس (ئینتیوه‌یشن: Intuition) ئه‌و (من)ـه به‌ری ده‌که‌وێت. که‌واته نه بابه‌ته و نه خودێکی سه‌ربه‌خۆیشه، به‌ڵکوو خودێکی هاوشێوه‌ی (من)ـه. ئه‌و بیرۆکه‌یه، بیرۆکه‌ی (من)ی بێگه‌رد ده‌گاته (سارته‌ر)یش و ده‌چێته ئاستی تره‌وه. که‌واته (دێکارت) هۆشیاریی خود له‌باره‌ی خۆیه‌وه به شتی بنه‌ڕه‌تی ده‌زانێت له‌و پێوه‌ندییه‌دا، ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی دواتر لای (هیگڵ)دا گۆڕانی ڕیشه‌ییی به‌سه‌ردا دێت، به‌وه‌ی پێی وایه ئه‌گه‌ر بوونی (ئه‌وه‌ی تر) نه‌بێت، خود هیچ زانینێکی له‌باره‌ی خۆیه‌وه ده‌ست ناکه‌وێت، مادام ئه‌و خوده به‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی تره‌وه ددانی پێدا بنرێت. به‌وه‌دا له هه‌ر شتێکدا دژه‌که‌ی ده‌بینێت، که ئه‌مه به مه‌رجی بوون و به‌رده‌وامیی ئه‌و بوونه ده‌زانێت، ئه‌وا پێی وایه (من) ته‌نیا له ڕێگه‌ی دژه‌که‌یه‌وه، که (ئه‌وه‌ی تر)ـه؛ دێته دی. که‌واته ده‌یه‌وێت ئه‌و (من)ـه له‌و گۆشه‌گیرییه ئۆنتۆڵۆجییه ڕزگار بکات و بیهێنێته ده‌ره‌وه. به‌م شێوه‌یه پێی وایه بوونی (ئاره‌زووی دداپێدانان) نه‌ک هه‌ر خود دروست ده‌کات، به‌ڵکوو وزه‌یشی پێ ده‌به‌خشێت، به‌وه‌ی ده‌یخاته ململانێوه، ململانێ له‌گه‌ڵ خوده‌کانی تردا. لێره‌یشه‌وه دیالێکتیکی سه‌ردار و کۆیله (Master–slave dialectic) لای ئه‌و فیلۆسۆفه‌دا له دایک ده‌بێت، که ئه‌مه به ڕوونی جیاوازیی نێوان ئه‌م و (دێکارت) پێشان ده‌دات، چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌و، واته (دێکارت) بوونی (ئه‌وه‌ی تر)ی ده‌دایه دواوه، ئه‌وا لای ئه‌مدا (ئه‌وه‌ی تر) بۆ خود پێویسته، مادام ده‌بێته هۆی په‌یدابوونی زانینی ئه‌و خوده له‌باره‌ی خۆیه‌وه. پێی وایه بوونی (ئه‌وه‌ی تر) بۆ خود گرنگه، چونکه له‌و ڕێگه‌یه‌وه، واته له ڕێی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه خود هه‌ست به خۆی ده‌کات. به مانایه‌کی تر خود له ڕێی (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه پێوه‌ندی به خۆیه‌وه داده‌مه‌زرێنێت. لێره‌یشدا ئه‌و جیاوازییه ده‌بێته هۆی ده‌رکه‌وتنی ململانێ. ده‌گاته ئه‌وه‌ی بڵێت خودناسین ته‌نیا له ڕێی غوربه‌ته‌وه دێته کایه‌وه، غوربه‌ت له سروشتدا، به‌وه‌ی خود له (من) داده‌بڕێت، تاکوو بۆی ببێته (ئه‌وه‌ی تر). به‌م شێوه‌یه غوربه‌ت مانای دابڕانی (به‌ش)ـه له (گشت)، که له‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت ئه‌قڵی ڕه‌ها، یاخود ڕۆح مرۆڤ و سروشتی پێکه‌وه ئه‌فراندووه. ئینجا هه‌ر کاتێ ئه‌و مرۆڤه ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی سروشته‌وه، دابڕانی خود و بابه‌تی لێ ده‌که‌وێته‌وه، بۆیه له ڕووی هۆشیارییه‌وه هه‌ست به غوربه‌ت ده‌کات. ده‌کرێت بگوترێت ڕۆح داهێنه‌ری دنیایه، به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی خۆی لێ زه‌وت کراوه و دوور خراوه‌ته‌وه، بگره هه‌موو دیارده‌کانی سروشت (Natural phenomena) و هیی کۆمه‌ڵگه، که به‌شێکن له خودی خۆی، ئێستا بۆی بوونه‌ته (ئه‌وه‌ی تر). ئه‌مه به کرۆکی غوربه‌ت داده‌نێت.
(هایدیگه‌ر) پێی وایه ئه‌و خوده خۆی له ده‌ست ده‌دات، کاتێ له‌گه‌ڵ (ئه‌وانه‌ی تر)دا خه‌سڵه‌تی هاوبه‌ش په‌یدا ده‌کات. به مانایه‌کی تر، له‌و ڕێگه‌یه‌وه جیاوازییه‌کانی ون ده‌بن و ئه‌وانه به ده‌ست ده‌هێنێت، که به‌وانی ده‌به‌ستنه‌وه. له‌مه‌وه ئه‌و خوده ده‌که‌وێته ژێر کۆنترۆڵی (ئه‌وانه‌ی تر)ـه‌وه. به‌م شێوه‌یه هه‌موو یاسا نووسراو و نهنووسراوهکان له شێوه‌ی دابونه‌ریتدا ڕۆڵ له سه‌رکوتکردنی ئه‌و خوده‌دا ده‌یبینن و به‌ره‌و ناو خوده‌کانی تری ده‌به‌ن. که‌واته بوونی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر (من)، به‌وه‌ی جیاوازییه‌کانی ده‌کوژێت و له دنیایه‌کدا وێڵی ده‌کات، که هه‌مان خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌وی هه‌یه، وه‌ک بڵێی جمک بن. واته ده‌یخاته ناو دنیای شته‌کانه‌وه، که ناوی ده‌نێت (به‌شتبوون: Reification).
ئه‌و پێوه‌ندییه لای (سارته‌ر)دا ده‌چێته ئاستێکی ترسناکه‌وه، کاتێ (ئه‌وه‌ی تر) له شانۆی (لەپشت ده‌رگه داخراوه‌کان)دا به دۆزه‌خ پێناسه ده‌کات و پێی وایه (من) به لاوه ده‌نێت، ده‌یه‌وێت بیکاته بابه‌ت، ئازادیی لێ بستێنێته‌وه و ده‌ست به‌سه‌ر ویستیدا بگرێت، که ئه‌مه مانای وایه مه‌رجی بوونی هه‌ر (خود)ێک سڕینه‌وه‌ی (ئه‌وه‌ی تر)ـه. به‌کورتی پێوه‌ندیی نێوان (من) و (ئه‌وه‌ی تر) پێوه‌ندیی نێوان (خود) و (بابه‌ت)ـه. هه‌ر یه‌که‌ی سنوور بۆ ئازادیی ئه‌وه‌ی دیکه‌یان داده‌نێت و به‌سه‌ریه‌وه ده‌بێته چاو‌دێر، به‌و مانایه‌ی هه‌ر ڕوانینێکی ئه‌میان بۆ ئه‌ویان، ده‌بێته هۆی دروستبوونی هه‌ستی شه‌رم و خۆبه‌که‌مزانین، که ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی ڕوانینی (مێرلۆ پۆنتی)ی هاوچه‌رخیه‌تی، به‌وه‌ی پێی وا نییه (من) و (ئه‌وه‌ی تر) یه‌کتر بۆ بابه‌ت ده‌گۆڕن، مادام ده‌کرێت دایه‌لۆگ له نێوانیاندا بێته دی و هه‌سته‌کانیان بگۆڕنه‌وه، به‌وه‌ی دایەلۆگ پرۆسەسێکه توانای گه‌یاندنی خود و (ئه‌وه‌ی تر)ی هه‌یه و تێیدا بۆچوونه‌کانی هه‌ردوو لا له زه‌مینه‌یه‌کی هاوبه‌شدا به یه‌ک ده‌گه‌ن. ئه‌و دوو جۆر بوون ده‌بینێت: یه‌که‌م، بوون له خودی خۆی، که شته‌کان ده‌گرێته‌وه له شوێندا. دووه‌م، بوون بۆ خودی خۆی، که تایبه‌ته به هۆشیاری. واته کاتێ من له به‌رانبه‌ر بوونێکدام، پێویسته به هه‌ردوو شێوه‌که بیبینم، جارێ وه‌ک شت و جارێک وه‌ک هۆشیاری، بۆ ئه‌وه‌ی لێی تێبگه‌م، که له‌مه‌دا ته‌واو له (سارته‌ر) جودا ده‌بێته‌وه، له کاتێکدا ئه‌و، واته (سارته‌ر) له بنه‌ڕه‌ته‌وه خود و جه‌سته‌ی له یه‌کتر جودا کردووه‌ته‌وه، که پێی وایه ئه‌وانه خۆیان له ململانێدان، ئینجا ململانێیه‌کی دیکه‌یش له‌پاڵ ئه‌وه‌دا هه‌یه، هیی (من) و (ئه‌وه‌ی تر)ـه، به‌تایبه‌تی له کتێبی (بوون و هیچ: Being and Nothingness)دا ئه‌وه‌ی تر به نه‌گه‌تیڤ ده‌زانێت. له‌وێدا پێ له‌سه‌ر چه‌مکی (شه‌رم) داده‌گرێت، به‌وه‌ی وه‌ک پێشتر گوترا شه‌رم هه‌ستێکی ناڕاسته‌وخۆی (خود)ـه له ئاست (ئه‌وه‌ی تر)دا و پێوه‌ندیی ناوه‌کی له‌نێوان (من) و (خود)دا ده‌هێنێته کایه‌وه. (من) و (ئه‌وه‌ی تر) ته‌نیا وه‌ک جه‌سته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌کدا ده‌که‌ن، بۆیه ئه‌میان ئه‌ویان به شت، دروستتر به بابه‌ت ده‌زانیت، که ئه‌مه‌یش وا ده‌کات پێوه‌ندییه‌که له ئاستی ده‌ره‌وه‌دا بمێنێته‌وه و بۆ ناوه‌وه ڕۆ نه‌چێت. واته زیاتر دابڕانه، نه‌وه‌ک تێکه‌ڵبوون. به‌وه‌دا لای ئه‌م (بوون ده‌که‌وێته پێش جه‌وهه‌ره‌وه: Existence precedes essence)، واته سه‌ره‌تا بوون هه‌یه و دواتر په‌یتاپه‌یتا له ڕێی پێوه‌ندیکردن له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا جه‌وهه‌ر به ده‌ست ده‌هێنێت، ئه‌وا خۆی خه‌سڵه‌ته‌کانی ژیانی دیاری ده‌کات. به مانایه‌کی تر ده‌ستی هیچ هێزێکی مێتافیزیکی له‌پشت دروستکردنی مرۆڤه‌وه نییه و خۆی ئازادانه خۆی ده‌خوڵقێنێت، ئینجا ده‌یه‌وێت ببێته مرۆڤ، یان شت! که‌واته سه‌ربه‌سته، به‌ڵام به مه‌رجێ خۆی ئه‌و سه‌ربه‌ستییه هه‌ڵببژێرێت، به‌وه‌ی ته‌نیا سه‌ربه‌ستی وا ده‌کات ئه‌و مرۆڤه بوونی هه‌بێت.
هه‌موو ئه‌مانه هێشتا مانای وا نییه (ئه‌وه‌ی تر) لای (سارته‌ر) بێبایه‌خه، هیچ نه‌بێ له‌پێناوی ده‌رکه‌وتنی هۆشیاریی خود و به‌ده‌ستهێنانی ئازادی‌دا. وه‌ک ده‌بینین بوونی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه له فیلۆسۆفێکه‌وه بۆ یه‌کێکی تر جیاوازه، به‌ڵام هه‌موویان له‌وه‌دا یه‌ک ده‌گرنه‌وه، که ئه‌و بوونه گرنگه، ته‌نانه‌ت لای (دێکارت)دا، که به ته‌واوی به لاوه ده‌نرێت، هێشتا مانای ئه‌وه نییه بایه‌خی پێ نادرێت. لای (نیتشه) و (هایدیگه‌ر)یشدا به هه‌مان شێوه، که ئه‌گه‌رچی (ئه‌وه‌ی تر) هۆکاره بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی خود، که‌چی ئه‌وه هێشتا مانای گرنگیی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌یه له‌و پێوه‌ندییه‌دا، ده‌نا پرۆسێسی دابڕان و تێپه‌ڕاندن نایه‌ته کایه‌وه.
ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه له‌وه‌دا له من ده‌چێت، که خودی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و له‌وێدا (من) وه‌ک (ئه‌وه‌ی تر) ده‌بینێت، به‌ڵام مادام ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی (من)ـه‌وه، جیاوازه، که هه‌ر ئه‌و جیاوازییه‌یشه وام لێ ده‌کات هه‌ست بکه‌م پێوه‌ندیی پێمه‌وه هه‌یه. لێره‌دا دوو ڕه‌هه‌ند بۆ (من) هه‌ن: یه‌که‌میان، ماتریاڵییه، واته جه‌سته‌ی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌یه، به‌ڵام دووه‌میان، هۆشیارییه‌که‌یه‌تی، که وه‌ک (مێرلۆ پۆنتی) پێی وایه ئه‌مه‌یان جه‌وهه‌ره و ناکرێت به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ لێی تێبگه‌ین، بۆیه زمان وه‌ک ڕه‌گه‌ز (ئێڵه‌مێنت)ی دایەلۆگ به مه‌رجی سه‌ره‌کی ده‌زانێت بۆ تێگه‌یشتن، بگره پێی وایه زمان نوێنه‌ری جه‌سته‌یه، به‌وه‌ی ئه‌و ده‌رده‌بڕێت، بۆیه مرۆڤ له ڕێی جه‌سته‌وه نه‌ک هه‌ر له (ئه‌وه‌ی تر)، به‌ڵکوو له شته‌کانیش ده‌گات. به بڕوای من ئه‌و پێوه‌ندییه کاتێ له دۆخی سه‌ره‌تاییدایه، هیچ کاکڵ (ماهییه‌ت)ی نییه، به‌ڵام کاتێ ده‌که‌وێته جووڵه، ئه‌وده‌م کاکڵ بۆ هه‌ردوو لامان په‌یدا ده‌کات. ده‌شێ ئه‌و پێوه‌ندییه ئاڕاسته‌ی خۆشه‌ویستی، یان ڕق، یاخود هه‌ر شتێکی تر بگرێت. که‌واته ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی پێویستییه‌کی ئۆنتۆڵۆجییه، تاکوو له ڕێیه‌وه بزانم هه‌م و بیر له ده‌وروبه‌رم ده‌که‌مه‌وه، به هه‌مان شێوه پێویستییه‌کی مه‌عریفییشه، مادام به‌بێ بوونی ئه‌و ناتوانم له خۆم بگه‌م. ده‌کرێت بڵێم هۆشیاریی من به بوونی ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه به‌نده، بۆیه ئه‌و پێوه‌ندییه لایه‌نی سایکۆلۆجی و مۆراڵی له خۆی ده‌گرێت.
که‌واته لێره‌دا هه‌م ویست و هه‌م هۆشیاری ڕۆڵی گه‌وره له‌و هاوکێشه‌یه‌دا ده‌بینن، که ئه‌و دووانه‌یش پێوه‌ندیی دیالێکتیکه‌ڵیان پێکه‌وه هه‌یه. هۆشیاری به‌رهه‌می ویسته و هه‌ر ئه‌و هۆشیارییه به‌رهه‌مهاتووه‌یش دیسان ویست ده‌خاته‌وه گه‌ڕ، بۆیه ئه‌وانه نایه‌نه دی، تاکوو نه‌چنه بواری جووڵه و کارکردنه‌وه، که له‌و ڕێگه‌یه‌وه گه‌وره‌تر ده‌بن و به‌رده‌وامی به خۆیان ده‌ده‌ن. مرۆڤ ته‌نیا له جووڵه‌دا به‌ر (ئه‌وه‌ی تر) ده‌که‌وێت و جیاوازییه‌کانی خۆی ده‌بینێت. کاتێ گوناهـ ده‌کات، یان هه‌ڵه‌یه‌کی لێ ڕوو ده‌دات، زیاتر بوونی (ئه‌وانه‌ی تر)ی لا ده‌بێته پرسیار، ئاخۆ چۆن لێی ده‌ڕوانن! له هه‌ر کاتێکی دیکه ڕوونتر خه‌سڵه‌ته جیاوازه‌کانی خۆی ده‌بینێت، به‌ڵام ئایا ده‌یانپارێزێت و به‌رگرییان لێ ده‌کات، یان له‌پێناوی خۆگونجاندا ده‌ستیان لێ هه‌ڵده‌گرێت و به‌وانه‌یان ده‌گۆڕێته‌وه، که ده‌بنه هۆی ڕازیکردنی (ئه‌وانه‌ی تر)؟ دیاره ئه‌وه هیچ له‌وه ناگۆڕێت له‌گه‌ڵ هۆشیارییه‌کی نوێ‌دا ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه. (هیگڵ) پێی وایه هۆشیاری له ئه‌نجامی ئه‌و ململانێیه‌وه گه‌شه ده‌کات، مادام به‌ر هۆشیارییه‌کی تر ده‌که‌وێت، که لێوه‌ی جیاوازه. لێره‌دا ده‌که‌وینه به‌رده‌م پێوه‌ندیی تاک به ده‌وروبه‌ره‌وه. هه‌تا ئه‌و ده‌وروبه‌ره زیاتر هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زه‌کانی ململانێ بێت، ئه‌و تاکه زیاتر ده‌جووڵێت و پتر له‌گه‌ڵ هۆشیاریی خۆی و هیی (ئه‌وانه‌ی تر)دا ڕووبه‌ڕووی گرفت ده‌بێته‌وه. له‌مه‌یشه‌وه بایه‌خی زمان ده‌رده‌که‌وێت، مادام له‌گه‌ڵ هه‌ر جووڵه‌یه‌کدا زمان گه‌وره‌تر ده‌بێت و توانای زیاتر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه به ده‌ست ده‌هێنێت، چونکه وه‌ک (مێرلۆ پۆنتی) پێی وایه (من) و (ئه‌وه‌ی تر) به هه‌موو شێوه‌یه‌ک له یه‌کتر جیاوازن، به‌ڵام دایەلۆگ ده‌توانێت زه‌مینه‌ی هاوبه‌شیان بۆ فه‌راهه‌م بکات. ئه‌مه بۆچوونی (پۆنتی)یه، به‌ڵام پێم وایه زمان هه‌میشه ناڕۆشنی (ئه‌مبیگویتی) له خۆی ده‌گرێت، بۆیه هه‌رگیز ناتوانێت تێگه‌یشتنی ته‌واو له‌نێوان تاکه‌کاندا بهێنێته دی، ئه‌گه‌رچی ڕه‌گه‌زی سه‌ره‌کییه بۆ لێککنزیکردنه‌وه‌یان.
به‌م شێوه‌یه شته‌کان کاتێ مانا په‌یدا ده‌که‌ن، که جگه له من که‌سانی تریش لێیان ده‌ڕوانن. واته من نازانم خۆشه‌ویستی چییه، تاکوو نه‌زانم لای ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌دا چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. من وه‌ک نووسه‌ر ده‌بێت هه‌ست بکه‌م له ده‌وروبه‌رمدا هه‌م نووسه‌ری تر هه‌ن و هه‌م به‌رهه‌مه‌کانم به‌ر خوێنه‌ر ده‌که‌ون، که ئه‌وانه مادام ده‌که‌ونه ده‌ره‌وه‌ی خودی منه‌وه، مایه‌ی نیگه‌رانین، به‌وه‌ی لام ڕوون نییه ئاخۆ چۆن ده‌مبینن و چۆن له‌و پێوه‌ندییه ده‌ڕوانن. ئایا کارێ ده‌که‌م دڵیان ڕابگرم، یان به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌یانتۆرێنم؟ ئایا ده‌مه‌وێت له‌و نێوه‌دا جیاوازییه‌کانی خۆم بپارێزم و له ڕێی ئه‌و جیاوازییانه‌یشه‌وه خۆمیان پێ بناسێنم؟ ئایا کاتێ ده‌بینم نووسه‌رێک به زمانێکی ساده ده‌نووسێت و هه‌مان بۆچوونی (ئه‌وانه‌ی تر)ی هه‌یه، بۆیه به‌رهه‌مه‌کانی ده‌گه‌نه ژماره‌یه‌کی زۆر، ده‌توانم به‌رگه‌ی ئازارێکی وا بگرم و نه‌هێڵم ئه‌وه کارم تێ بکات؟ ئایا هه‌میشه کۆمه‌ڵێک شت نین (تاک) فریو ده‌ده‌ن خۆی له (کۆ)دا ببینێته‌وه و تێیدا بتوێته‌وه؟ ده‌گه‌مه ئه‌وه‌ی بڵێم پێوه‌ندیی خود به خۆیه‌وه ئه‌وه دیاری ده‌کات له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا چۆن بێت و چ جۆره پێوه‌ندییه‌ک دابمه‌زرێنێت. هه‌میشه خودی ساده (ئه‌وه‌ی تر) له شێوه‌ی دۆست، یان له شێوه‌ی دوژمن‌دا ده‌بینێت. هه‌ر کاتێ دابه‌شکردن هه‌یه، ئه‌وا خود له به‌رده‌م ئاسانکاریدایه و پێویستی به جووڵه نییه. منی نووسه‌ر ناتوانم وشه‌یه‌ک ده‌رببڕم، ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێکی گریمانی نه‌خوڵقێنم، که ئه‌و خوێنه‌ره هه‌م خۆمه و هه‌م جیاوازه. هه‌م خودی (من)ـه و هه‌م (ئه‌وی تر)یشه. من وا له واقیع ده‌ڕوانم (ئه‌وه‌ی تر)ـه، که ده‌مه‌وێت تێی بپه‌ڕێنم. کاتێ وه‌ک دژ ده‌یبینم، ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵیدا بکه‌ومه ململانێ وه‌ک ئه‌وه‌ی (هیگڵ) ده‌یڵێت. ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندی بکه‌م، ده‌بمه به‌شێک له‌و و له خۆیدا ده‌متوێنێته‌وه. که‌واته هه‌رچییه‌ک بڵێم، جیاواز نییه، به‌ڵکوو ده‌ربڕینه له‌و، نه‌وه‌ک له (من)ێکی سه‌ربه‌خۆ. به‌وه‌دا زانینی ئێمه له‌باره‌ی (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه له سنووری گریمان و خه‌مڵاندندا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وا بایه‌خی ئه‌ده‌ب لێره‌وه ده‌رده‌که‌وێت چۆن کار له‌سه‌ر ئه‌و گریمان و خه‌مڵاندنه‌دا بکات. ئه‌ده‌ب پرۆبله‌ماتیکی (من) و (ئه‌وه‌ی تر) به شێوازێکی جیاواز له فه‌لسه‌فه و سایکۆلۆجیا ده‌بینێت، به‌وه‌ی زمانی ئه‌ده‌ب ڕێتۆریک و مێتافۆر له خۆی ده‌گرێت. دروستکردنی جیهانێکی تر له ئاستی فه‌نتازیادا. له ئه‌ده‌بدا شته‌کان مانای تری جیاواز له‌وه‌ی پێی ڕاهاتووین، وه‌رده‌گرن. مه‌رج نییه گریان مانای خه‌م و پێکه‌نین نیشانه‌ی شادی بێت، به‌ڵکوو هه‌م کۆنتێکسته‌کانیان ده‌گۆڕێن و هه‌م ما‌نایان.
هه‌میشه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خود له ئێستادا هه‌یه‌تی، هه‌م ناته‌واوه و هه‌م به وههم ته‌نراوه، بۆیه کاتێ گومان وه‌ک پرۆسێسێکی دینامیکی له‌باره‌ی ئه‌و خوده‌وه ده‌وه‌ستێت، ئه‌وا وه‌همه‌که پتر ده‌سته‌ڵات په‌یدا ده‌کات و ڕوانین بۆ (ئه‌وه‌ی تر) یه‌کێ له‌و دوو ئاڕاسته‌یه ده‌گرێت: به‌که‌مزانین و سڕینه‌وه، یان پێسه‌رسامبوون و په‌رستن. وه‌ک پێشتر گوترا هه‌میشه خودی ساده، ئه‌و خوده‌ی نه‌چووه‌ته ناو ململانێوه و نه‌جووڵاوه، (ئه‌وه‌ی تر) له شێوه‌ی دۆست، یان له شێوه‌ی دوژمن‌دا ده‌بینێت. ئه‌و خوده له سنووری توانا که‌مه‌که‌ی خۆیدا ده‌وروبه‌ر هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و شه‌ڕه‌کانیشی له‌و چوارچێوه‌یه ده‌رناچن. جه‌نگی نێوان نووسه‌ری شاره‌کان به ناوی فیکر له بڵاوکراوه‌کاندا چ به نهێنی و چ به ئاشکرا هه‌ستی پێ ده‌کرێت، که ئه‌مه تایبه‌ته به‌و که‌لتوورانه‌ی وه‌ک هیی ئێمه هێشتا بایه‌خی نووسینیان نه‌زانیوه و له ئاستی زاره‌کیدا ماونه‌ته‌وه. داهێنه‌ر هه‌یه، به‌ر نه‌فره‌ت ده‌که‌وێت، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوور له خواستی خۆی له فڵان شاردا له دایک بووه، له به‌رانبه‌ردا نووسه‌ری ساده گه‌وره ده‌کرێت، چونکه ڕۆڵه‌ی فیسار شاره. له پێشه‌کیی کتێبی (ڕاگه‌ردان)دا به‌شێکم بۆ ئه‌و باسه ته‌رخان کردووه، بۆیه ئێستا نامه‌وێت له‌وه زیاتری له باره‌یه‌وه بڵێم. هه‌ندێک له ده‌ستگه چاپه‌مه‌نییه‌کان ڕۆماننووس و شاعیری زۆر ساده وه‌ک داهێنه‌ری گه‌وره به خوێنه‌ر ده‌ناسێنن، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه به زمانێکی تر نووسیویانه، له کاتێکدا به چاوی نزم له به‌شێکی زۆری ئه‌ده‌بی خۆماڵی ده‌ڕوانن و ده‌رگه‌یان لێ داده‌خه‌ن، له به‌رانبه‌ریشدا که‌م نین ئه‌وانه‌ی پێیان وایه هه‌ر شتێک بکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی خۆمانه‌وه، پووچه. گەلێجار وێنەگرتن لەگەڵ نووسەرێکی ئەوروپاییدا لە چەند گوتارێکی نووسەری خۆماڵی بە گرنگتر دادەنرێت. واته نیشانه‌کانی وه‌ک ڕه‌نگی قژ، هیی چاو، ناو و شته‌کانی تری ئه‌و نووسەره بایه‌خیان هه‌یه، نه‌وه‌ک بۆچوونه‌کانی، بگره بۆچوونه‌کانی له‌به‌ر ئه‌وانه سه‌رنجڕاکێشن و قسه هه‌ڵناگرن. (تۆدۆرۆڤ) له کتێبی (په‌لاماردانی ئه‌مه‌ریکا: پرسیار له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی تره‌وه)دا باس له‌وه ده‌کات چۆن (کۆلۆمبه‌س) له هیندییه سووره‌کانی ڕوانیوه، که بوونه‌وه‌ری بێکه‌ڵکن و ته‌نیا بۆ ئه‌وه ده‌ست ده‌ده‌ن بکرێنه کۆیله‌ی ئه‌وروپاییه‌کان. هه‌ر له دیدی (تۆدۆرۆڤ)دا ئه‌و نیشانه و وێنانه‌ی هه‌ن، ده‌چنه ناو ئه‌و پێوه‌ندییه‌وه. واته هه‌ر کاتێ مرۆڤ به‌رانبه‌ر هه‌ندێک نیشانه و ئاماژه‌ی جیاوازدا ده‌وه‌ستێت، حوکمیان له‌سه‌ر ده‌دات و به‌پێی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خۆی په‌سه‌ندیان ده‌کات، یان ده‌یانداته دواوه. که‌واته لێره‌دا (ئه‌وه‌ی تر) له شێوه‌ی بابه‌ت، نه‌وه‌ک وه‌کوو خود لێی ده‌ڕوانرێت. له‌شکری ئیسلام سه‌ره‌تا له نیمچه‌دوڕگه‌ی عه‌ره‌ب و دواتر کاتێ دێته ده‌رێ، په‌لاماری هه‌ر خودێک ده‌دات هه‌ڵگری ئه‌و نیشانانه بێت، که جیاوازن، وه‌ک زمان، جلوبه‌رگ، خانووبه‌ره و هیی دیکه، به‌و مه‌به‌سته‌ی زمانی عه‌ره‌بی و دینی ئیسلامیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، که ئه‌مه به خودگه‌رایی (Egocentrism) ناسراوه. واته مرۆڤ، یان گروپ، یاخود نه‌ته‌وه کاتێ پێی وایه ته‌نیا خۆی خاوه‌نی ژیانه و هه‌ر خۆی خاوه‌نی گه‌ردوونه، ئه‌وا هه‌ر بوونه‌وه‌رێک بکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه، مافی ژیانی پێ ڕه‌وا نابینێت. دواتر ئه‌وروپاییه‌کان به هه‌مان شێوه له ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی که‌لتووره‌کانی تر ده‌ده‌ن، مادام له هیی خۆیان ناچن. ئه‌مه ئه‌نجام ده‌بێته ڕاستییه‌کی چه‌سپاو و هه‌تاهه‌تایی. بۆ نموونه کاتێ باس له داگیرکاریی فرانسا بۆ جه‌زائیر ده‌کرێت، ته‌نیا لایه‌ک ده‌بینرێت، که هێزێکی ناموسڵمان ویستوویه‌تی شوناسی خه‌ڵکێک بسڕێته‌وه، موسڵمانن، به‌ڵام به لای ئه‌وه‌دا ناچن چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک پێشتر شوناسێکی تر هه‌بووه به ناوی شوناسی ئه‌مازیگ، ئیسلام سڕیویه‌تیه‌وه. هه‌مان شت بۆ کورد، سیریانی، کۆپتی و ئه‌وانه‌ی تریش، که به‌رده‌وام هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی شوناسیان دراوه، دروسته. هیچ هێزێک پێک نایه‌ت، ئه‌گه‌ر خود له‌و تاکانه نه‌ستێنێته‌وه و هه‌موویان له خودێکی دیکه‌دا نه‌توێنێته‌وه. لێره‌وه ئیتر تێکڕایان به یه‌ک چاو (له‌وه‌ی تر) و (له‌وانه‌ی تر) ده‌ڕوانن، به‌وه‌ی ئایدیۆلۆگی چ له فۆرمی ئایین، چ له فۆرمی حزب، نه‌ته‌وه و قه‌واره‌کانی تردا کار له‌سه‌ر لێسه‌ندنه‌وه‌ی خودی ئه‌و تاکانه‌دا ده‌کات. به مانایه‌کی تر ته‌نیا ئه‌وانه خودی سەربەخۆی خۆیان هه‌یه، که ناچنه ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆگییه‌وه. ئه‌و هێزه ده‌شێ له‌پێناوی ڕزگاربوون بێت له ژێرده‌سته‌ڵاتی هێزێکی تردا و ده‌شێ بۆ سه‌رکوتکردنی هێزێکی تریش بێت، به‌ڵام له هه‌ردوو باره‌که‌دا تاکه‌کان به شێوه‌ی ڕێژه‌یی خودی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و جیاوازییه‌کانیان له ناو ده‌به‌ن، تاکوو له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی تردا یه‌ک بگرن، که ئه‌مه ده‌کرێت به (خودی ئایدیاڵ) ناو ببه‌ین، وه‌ک ئه‌وه‌ی له ئاییندا ده‌یبینین، به‌وه‌ی مرۆڤ له سه‌ره‌تاوه ئه‌و خوده‌ی خۆی له‌سه‌ر شێوازی خواوه‌ند دامەزراندووه، تاکوو بۆ قڕکردن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وانی تر بیخاته کار. سڕینەوە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی مۆدێرنیزم، کە هەر لە سەدەی نۆزدەهەمەوە فیلۆسۆف و سایکۆلۆجیستەکان لێی بە ئاگا دێن و لایەنە شاراوەکانی ئاشکرا دەکەن. (من)ی کوردی به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له‌ناو (ئه‌وه‌ی تر)دا تواوه‌ته‌وه، که ئیسلامه. ئه‌و خۆی پێی وایه به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی ئه‌و ئایینه‌یه. ڕووبه‌رێکی زۆری ئه‌ده‌بی کوردی له‌ناو ئه‌و شوناسه‌دا چاوی هه‌ڵهێناوه و ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ته‌عبیریش هه‌ر له‌و شوناسه ده‌کات. (پیره‌مێرد: حاجی تۆفیقی مه‌سره‌ف)ی شاعیر ئیسلامی به شوناسی سه‌ره‌کیی خۆی زانیوه و له‌وێوه وه‌ک (ئه‌وه‌ی تر)ێکی په‌سه‌ندکراو له کوردی ڕوانیوه. لەپێش ئه‌ویشدا (حاجی قادری کۆیی) هه‌مان تێڕوانینی هه‌یه. بۆیه ئه‌و دوو حاجییه به نموونه ده‌هێنرێنه‌وه، چونکه له زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی دیکه پتر ئه‌و (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌یان قه‌بووڵ کردووه، واته هێنده‌ی نووسه‌رانی دیکه کوردبوونیان بە لاوە نەناوە، که له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ئه‌و ڕوانینه، (کوردبوون وه‌ک نه‌بوو)، تۆختر ده‌بێته‌وه و درزێکی گه‌وره‌تر ده‌که‌وێته نێوان کورد و کوردبوونه‌وه. به مانایه‌کی تر له‌و چاره‌که‌سه‌ده‌یه‌ی ڕابوردوودا ئیسلام، دروستتر ڤێرشنی سەرکەوتوو و باڵای ناو ئیسلام بە شێوەیەک لە شێوەکان ده‌بێته تاکه شوناسی کورد، بە ڕادەیەک ئەو ڤێرشنە شەعبییەیش، کە بە سۆفیزم ناسراوە، دەسڕێتەوە. کار بەوە دەگات بەشێکی زۆری ئەو ڕۆشنبیرانەی لە سەرەتای نەوەدەکاندا وایان پێشان دەدا، پڕۆژەی فیکریی جیاوازیان هەیە، دەست لە (پڕۆژە!)کانیان هەڵدەگرن و دەبنە بەشێکی جیانەکراوەی ئەو ڤێرشنە باڵادەست و سەرکەوتووە. به‌م شێوه‌یه کوردبوون لێوه‌ی ناڕوانرێت، به‌ڵکوو لێی ده‌ڕوانرێت، ئینجا ئه‌و ڕوانینه په‌سه‌ندکردنه، یان سڕینه‌وه؟ دەگەینە ئەوەی بڵێین پێوه‌ندیی (من) به (ئه‌وه‌ی تر)ـه‌وه له فیکری ئێمه‌دا خاوه‌نی پرۆبله‌ماتیکێکی وا نییه، به‌وه‌ی هه‌م ساده‌یه و هه‌م تێکه‌ڵی (من)ێکی تر بووه، که له‌وێوه خۆی به (من) نا، به‌ڵکوو به (ئه‌وه‌ی تر) ده‌بینێت.
تێبینی: ئەم بابەتە وەڵامە بۆ تەوەری (من و ئەوەی تر) کە (بڕوا عەلائەدین) لە نیسانی2017 ئامادەی کردوە، بەڵام ئەوکات بڵاونەکراوەتەوە. لەبەر گرنگی بابەتەکە بەباشمانزانی لێرە بڵاوی کەینەوە.