له‌گه‌ڵ ئه‌و زۆرو بۆرییه‌ى هه‌یه‌، ئاستى ئه‌ده‌ب‌و هونه‌رى کوردى پاشه‌کشه‌ى نه‌کردووه

ڤینۆس فایه‌ق بۆ ‌هاوڵاتى:

ڤینۆس فایه‌ق شاعیر

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: شاناز حهسهن

ڤینۆس فایهق خهڵکى باشوورى کوردستانهو بهزمانى کوردى و عهرهبى شیعرى نووسیوه و شیعرهکانى وهرگێڕدراونهتە سهر زمانى ئیسپانى و فهرهنسى، چهندین دیوانه شیعرى چاپکراوى ههیه، دوو رۆمانیشى بڵاوکردۆتهوه.

ڤینۆس فایهقى شاعیر دهڵێت: ئهو ناساندنه لهلایهن یۆنسکۆوه،  ئهرکى سهر شانى هونهرمهندان و ئهدیبان گهورهتر دهکات بهپاراستنى ئهو ئاست و ئهو نازناوه.

ڤینۆس فایهق لهچاوپێکهوتنهکهى لهگهڵ هاوڵاتى باس لهوهشدهکات، ئاستى ئهدهب و هونهر لهئاستێکى باشدایه، لهگهڵ ئهو زۆرو بۆریهى ههیه، ئاستى ئهدهب و هونهرى کوردى پاشهکشهى نهکردووه.

هاوڵاتى: گرنگى ناساندنى سلێمانى وهک شارى ئهدهب و رۆشنبیرى لهلایهن یونسکۆوه چیه؟ چ گڕوتینێک دهدات بهئهدیبان و رۆشنبیرانى سێمانی؟

ڤینۆس فایهق: لهگهڵ ههموو ههوڵهکانى ونکردنى ئهدهب و هونهرى کورد لهناو ئهدهب و هونهرى داگیرکهراندا، میللهتى کورد خاوهنى ناسنامهیهکى ئهدهبى دهوڵهمهنده.. ئێمه کهخاوهنى مهحوی، نالی، سالم، حهمدى ساحێبقڕان، گۆران، کوردی، شێخ نورى شێخ ساڵح و جهمیل سائیب و سهدان ناوى ترى گهورهى بوارهکانى ئهدهب و هونهرین، نابێت شتێکى سهیر بێت شارى سلێمانى لهلایهن یونێسکۆوه بهشارێکى پێ داهێنانى ئهدهبى و هونهرى دهستنیشان بکرێت، چونکه ئهدهب و هونهرى کوردى ههموو خهسلهت و فاکتهرهکانى ئهدهب و هونهرى جیهانى لهخۆیدا ههڵگرتوه، ئهمه بۆ خۆى دڵخۆشکهره، پێمان دهڵێت ههوڵ و کۆششى بهردهوام و دانهبڕاو سهریههڵداوه بهئاڕاستهى ناساندنى جیهانى دهرهوهى کوردستان بهداهێنانى ئهدهبى و هونهرى کوردى و کهکورد خاوهنى داهێنان و تازهگهریهو دوور لهئهدهب و هونهرى داگیرکهرهکانى و لهئاستى ئهدهب و هونهرى جیهانیدا دهبێت خوێندنهوهى بۆ بکرێت.

ئهم دهسکهوتهش بهرپرسیارێتیهکانى سهرشانى ئهدیب و هونهرمهندهکان گهورهتر دهکات، چونکه مهسهلهکه تهنها لهو دهستنیشانکردنهدا ناوهستێت، بهڵکو پاراستنى ئهو ئاستهو بهردهوامى له بهجیهانناساندنى ههموو تازهگهریهک و ههموو داهێنانێکى نوێ بهجیهانى دهرهوه، ئهو گڕوتینهش بهتهنها ناکهوێته سهرشانى ئهدیب و رۆشنبیران، بهشێکى زۆرى بهر رێکخراوو دامهزراوه چالاکهکانى بوارى رۆشنبیرى و ئهدهب دهکهوێت، بهیهکخستنى زمانى ستانداردى کوردى و پاککردنهوهى زمانى ئهدهبى و هونهرى و زیاتر بایهخدان بهبوارى رۆشنبیرى و رۆشنبیران بهتایبهت ئهدیب و هونهرمهندان.

هاوڵاتى: ئهگهر بهپێى ئهو نازناوه بودجهى بۆ تهرخان بکرێت چ بۆشاییهکی پێ پڕدهکاتهوه؟ وهزارهتى رۆشنبیرى تاچهند هاوکارى نووسهر و ئهدیبان دهکات یان تهنیا هاوکارى گۆرانیبێژهکان دهکات کارى کلیپ و کۆنسێرت بکهن؟

ڤینۆس فایهق: پرسیارهکه ئهوهیه کێ ئهو بودجهیه دابین دهکات و چۆنى دابین دهکات و لهچیدا خهرج دهکرێ؟ لهسهر ئاستى حکومهت هیچ ستراتیژو سیاسهتێکى وا بهدى ناکهم کهبوارى رۆشنبیرى کردبێته ئامانج و بهرپرسیارێتی. هێشتا دهوڵهت بوارى رۆشنبیرى بهبهرپرسیارێتى خۆى نهزانیوه. حزب لهشارهکانى ژێر دهسهڵاتیان دهستى لهو چالاکیانهدا ههیه، بودجه حزب دابینى دهکات، لهکاتێکدا دهبێت دهوڵهت ستراتیژێکى ههبێت بۆ پرۆگرام و ئامانجى پرۆگرامه رۆشنبیریهکان و ساڵانه بودجه بهبێ هیچ جیاوازیهک بداته رێکخراوهکان و چالاکیهکان لهسهر ئاستى نیشتیمانى جێبهجێ بکهن، وهزارهت دهبێت بودجه بۆ هونهرو ئهدهب تهرخان بکات، نهک بۆ شارو زۆن.. شتێکى خراپیش نیه حکومهت پاره بۆ سازدانى کۆنسێرتى گۆرانى خهرج بکات، بهڵام دهبێت بپرسین: مهبهست و ئامانج لهسازدانى ئهو کۆنسێرتانه چیه؟ ئهگهر تهنها پاره پهیداکردن نیه؟ یان بۆچى کهگۆرانیبێژه غهیره کوردهکان بانگهێشت دهکرێن زیاتر لههونهرمهندهکانى خۆمان رێزیان لێدهگیرێت و بودجهیهکى زهبهلاح لهکۆنسێرتهکانیاندا خهرج دهکرێت، لهکاتێکدا هونهرمهندى کورد ههن چهندین ساڵه بهسهر نهکراونهتهوهو باسیش ناکرێن، ئهمهش لهبوارى ئهدهبدا بهههمان شێوهیه، هێندهى بایهخ بهنووسهرو شاعیرێکى فارس و تورک دهدرێت هێنده بایهخ بهئهدیبهکانى خۆمان نهدراوه. ئێمه کهخاوهن ئهو میتۆلۆژیا و ئهدهب و هونهره دهوڵهمهندهین دهبێت لهناو خۆماندا بهرز خۆمان بنرخێنین بۆ ئهوهى جیهانى دهرهوه بهچاوێکى بێ بایهخ و نرخ لێمان بڕوانن.  

هاوڵاتى: لهئێستادا ئاستى ئهدهب و هونهر بهڕاى بهڕێزت چۆنه؟

ڤینۆس فایهق: تاڕادهیهکى باش ئهدهب و هونهرى کوردى لهئاستێکى باشدا دهبینم، بهدهر لهو رهخنانهش کهههمانه، بهم ساڵانهى دوایى کرانهوهیهکى باش ههیه لهو دوو بوارهدا بهڕووى جیهاندا، گهیشتۆته ئهوهى لهدنیاى دهرهوه تهنها بهمیللهتێکى زوڵملێکراو ژێردهستهو چهوساوه پێناسهمان ناکهن، بهڵکو وهکو میللهتێکى خاوهن مێژوویهکى داهێنانى ئهدهبى دهوڵهمهند ناومان دهبهن، لهگهڵ ئهوهى ئهو دوو بواره زۆرى و بۆرى پێوه دیاره، بهڵام لهکۆتاییدا ئهو دهنگانه دهمێننهوه که رهسهن و حهقیقین.

هاوڵاتى: ئایا بهبهراورد بهپێشوو ئاستهکه پاشهکشهى کردووه؟ کهپاشهکشهى کردووه کێ بهرپرسیاره؟

ڤینۆس فایهق: لهگهڵ ئهو زۆرو بۆریهى کهههیه، باوهڕم وانیه ئاستى ئهدهب و هونهرى کوردى پاشهکشهى کردبێت، بگره بهرهوپێشچوونى باشى بهخۆیهوه بینیوه، چونکه دهنگى باش و رهسهن ههن و خزمهت دهکهن ئهگهر کهمیش بن یان بایهخیشیان پێ نهدرابێت، بهرههمى ئهدهبى و هونهرى کرچ و کاڵ ههموو کات و لهههموو دونیا ههن، ئهوهش ناکاته ئهوهى ئهدهبى کوردى پاشهکشه بکات، چونکه ئهمڕۆ ههموو ئهدیبێک و هونهرمهندێک که بۆ خۆى دهنگێک و حزوورێکه، خۆى بهرپرسه لهوهى داکۆکى لهئهدهبهکهى بکات.

هاوڵاتى: بهبهراورد بهساڵانى پێشوو مێژووى سلێمانى شاعیرێکى زۆری ههبوو؟ دۆخى ئهدهب سهردهمى زێڕینى خۆى تێپهڕاندووه؟

ڤینۆس فایهق: ئهدهب سهردهم تێناپهڕێنێت، گهشهدهکات و دهچێته قۆناغێ تازهوه.. ئهو سهردهمهى که به «زێڕین» پێناسهت کردووه تاڕاددهیهک لهههموو بوارهکانى ترى داهێناندا بوونى نهماوه، نهک لهکوردستان بهڵکو لهدونیاى دهرهوه شتێک نهماوه بهناوى (قوتابخانه هونهرى و شیعریهکان)هوه، ئهوهى ههیه ئێستا تهنها (شیعر)ه، ئهوهى دهیهێڵێتهوه تهکنیک و قیمهتى ئهدهبى و بیناى قهسیدهو وێنهى شیعرى و زمانێکى دهوڵهمهندو تهعبیرى فراوان و ههندێ وردهکارى تر. بهڵام بۆ ئهوهى ببین بهشاعیرێکى باش، دهبێت بهمێژووى ئهدهبى میللهتهکەمان ئاشنا بین و زانیاریمان ههبێت، دهبێت بیانخوێنینهوه و لێیان تێبگهین، ههمان شت بۆ بوارى هونهریش راسته. بۆ ئهوهى ببین بههونەرمهندێکى باش دهبێت هونهرمهندهکانى پێش خۆمان بهمامۆستاى خۆمان بزانین و شارهزاییمان لهقوتابخانه هونهریهکاندا ههبێت بۆ ئهوهى خهسڵهتى هونهرى خۆمان بدۆزینهوه.

هاوڵاتى: خۆت چۆن بوو چویته بوارى هونهرى و دنیاى شیعرهوه؟. لهسهر چ رێبازێک شیعر دهنووسی؟

ڤینۆس فایهق: شیعر دونیایهک نیه بڕیار بدهین بچینه ناویهوه. شیعر ئهو دونیایهیه که لهناوماندایه، لهگهڵى لهدایک دهبین، وهکو دهنگخۆشی، گۆرانیبێژ دهنگێکى دهرهوهى خۆى بهکارناهێنێت یان دهنگ قهرز ناکات، بهڵکو بهدهنگێکى خۆشهوه هاتۆته دونیاوه شیعر نووسینیش ئاوههایه، تۆ لهدایک دهبیت و ئاماژهکانى خولیاى شیعر نووسینت لێ دیارى دهدات، من دونیاى شیعرم بۆ خۆم ههڵنهبژاردوه، بهڵکو ههر لهمنداڵیهوه دێڕه شیعرهکان زیاتر لهههموو جۆرێکی تر لهنووسین سهرنجیان راکێشاوم، لهههموو شتێکیش زیاتر شیعرم نووسیوه، شیعرهکانیشم پابهند نین بههیچ رێبازێکى کۆن، بهڵکو دهتوانى لهژێر خانهى (دهقى کراوه) پۆلێنى بکهیت.

لهگهڵ شیعر نووسیندا ژیانکردنێکى ئارهزوومهندانه بهدیوه سیحراویهکهیدا ئهزمون دهکهم

هاوڵاتى: شیعر بۆ چى دهنووسی؟

ڤینۆس فایهق: شیعر نووسین ژیانکردنێکى ناوازهیه لهناو لاپهڕهکانى دهفتهرى شیعرهکانماندا، لهگهڵ شیعر نووسیندا ژیانکردنێکى ئارهزوومهندانه بهدیوه سیحراویهکهیدا ئهزمون دهکهم. شیعر نووسین بۆ من دروستکردنى هاوسهنگیه لهنێوان واقیعه حهقیقیهکهو خهیاڵمان، واقیع دهبێته خهیاڵ و بۆ چرکهیهکیش بێت خهیاڵ وهکو واقیعى لێدێت، شیعر شته ناشرینهکان بۆ جوانى دهگۆڕێت.. شیعر لهناو شته بێزارکهرو نهریتیهکاندا جوانترین ماناکان دهدۆزێتهوه، دواجار شیعر بۆ خۆم دهنووسم، ههندێک جاریش شیعر دهبێته تێراپیهک (چارهسهرى سروشتی) بۆ دهروون و ههستم، بۆ ساتێکیش بێت دوور دوورم دهخاتهوهو دهچمه جیهانێکهوه بهتهنها خۆمم، بهبێ رتوش، بهبێ هیچ زیادو کهم، شیعر نووسین بۆ من مومارهسهکردنى ئهو ئازادیهیه که لهمێشکمدایهو باوهڕم پێیهتى و لهسهر ئهرزى واقیع راستگۆیانه خۆمم لهگهڵی.

هاوڵاتى: چ ههستێکت لهڕێگهى شیعر نووسینهوه بهتاڵ دهبێتهوه؟

ڤینۆس فایهق: شیعر نووسین ههموو جارێک بهتاڵمان ناکاتهوه، ههندێک جار پڕماندهکاتهوه، کاتێک لهناو پڕوپووچیهکانى ژیاندا وندهبین و دهبینهوه بهدهموچاوێک وهکو ههموو دهموچاوهکانى تر، رهقهمێک لهناو رهقهمهکانى تر، گیایهک به ریز ههموو گیاکانى ترهوه، ئهوه شیعره دهمانکاته بوونهوهرێکى بینراوو نهبینراو لهیهک کاتدا، دهمانکاته ئهو دهموچاوهى که لهناو شیعرهکانماندایه، دهمانکاتهوه خۆمان، دهمانکاته گهڵایهکى پایزه لهناو دێڕى شیعرێکدا.. بۆ ئهوهى خۆت بهشاعیر بزانیت پێویستیت بهبڕێکى زۆر لهڕاستگۆیى ههیه، شیعر دوو روویى و درۆ قبوڵ ناکات، من ئهو کاتانه پهرۆشیم بۆ نووسینى قهسیدهیهک زیاد دهکات کهسیخناخ دهبم لهخۆم و لهدهنگ و رهنگ و شته نهبینراوهکانى دهوروبهرم کهتهنها خۆم دهیانبینم، کهزمانى قسهکردنى ئاسایى بههانامهوه نایهت بۆ دهربڕین، ئیتر پهنا بۆ شیعر دهبهم و پڕ دهبمهوه لهوزهو لهسیحر...

هاوڵاتى: کۆڕى شیعریت پێ چۆنه؟ خۆت گوێ دهگری؟

ڤینۆس فایهق: شتێکى باشه شاعیر ناو بهناو شیعرهکانى لهکۆڕه شیعریهکاندا لهگهڵ ههوادارانیدا بهش بکات، بهڵام من بهمدواییه ههست ناکهم گوێگرى جیددى شیعرمان مابێت.. خوێندنهوهى شیعر جیایه لهگوێگرتن لهشیعر،، بهمدواییه وام ههستکردوه کۆڕى شیعرى زیاتر دهبێته بۆنهیهک بۆ یهکتر بینین و کات بهسهربردن و خۆبهتاڵکردنهوه لهقسهو باس نهک گوێگرتن لهشیعر، ههر بۆیه لهئێستادا ئهزمونى (سالۆنى شیعری)م بهلاوه پهسهنده لهسهر شێوهى سالۆنه ئهدهبیهکهى (مهى زهیاده) که تهنها ئهو کهسانهى بۆ بانگهێشت دهکرا کهبایهخیان بۆ ئهدهب ههبوهو لهپاڵ شیعر خوێندنهوه، ههواڵى ئهدهبیان گۆڕیوهتهوهو باس و خواسى بوارى ئهدهبیان تاووتوێکردوه.

هاوڵاتى: پێم وابێت شیعرهکانت وهردهگێڕیته سهر زمانى تریش بێجگه لهکوردی؟. یان بهعهرهبى شیعر دهنووسی؟

ڤینۆس فایهق: بهههردوو زمانى کوردى و عهرهبى شیعر دهنوسم و بڵاودهکهمهوه، زۆرێک لهشیعره عهرهبیهکانم بۆ زمانهکانى هۆڵهندی، ئهڵمانی، فهرهنسی، ئیسپانی، عیبری، فارسى و ئینگلیزى وهرگێڕدراون. یهکهمین دهقى شیعرى و زۆرترین دهقى شیعریم بهزمانى عهرهبى نووسیومه، ئهویش دهگهڕێتهوه قۆناغهکانى خوێندنم ههتا زانکۆى بهغدا بهشى فهلسهفهى کۆلیژى ئهدهبیات بهزمانى عهرهبى بووه. جگه لهوه زۆرترین کتێبهکانى خوێندومنهوهتهو دهیانخوێنمهوه بهزمانى عهرهبین.

هاوڵاتى: کتێبى نوێت ههیه لهسهر شیعر؟ ماوهیهکه بهرههمت کهمتر دهبینرێت؟ پڕۆژهى تازهت چییه؟

ڤینۆس فایهق: کۆمهڵه شیعرێکى نوێم بهزمانى عهرهبى ئامادهیه بۆ چاپ، ههروهها دوهم رۆمانم به زمانى کوردى بهمزوانه تهواو دهبێت و چاپى دهکهم، ماوهیهکه تاقهتى زۆر نووسینم نهماوه، ساڵانێکى زۆر چهندین گۆشهم لهچهندین رۆژنامه و گۆڤار دهنووسی، ئێستاش لهترسى دزینى دهق حهز ناکهم زۆر لەدهقه بڵاونهکراوهکانم لهفەیسبوک بڵاوبکهمهوه، کهم تا زۆر لهههندێ رۆژنامه بابهتى ئهدهبى دهنووسم بهگشتى لهبارهى ئهدهبهوه.

هاوڵاتى: بهچییهوه سهرقاڵى بهدهر لهشیعر نووسین؟

ڤینۆس فایهق: بهدهر لهوهى سهرهوه باسم کردن، زیاتر بهوهرگێڕان و کارى خۆبهخشیهوه سهرقاڵم، هیچ کارێک بۆ دهسکهوت و داهات ناکهم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار