-هەستاين بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی داتا بۆ پشتگیری کردنی کارکردنی ئامێرەکانی تابلێتی تیمەکانی وەزارەتی پلاندانان. - ئاسیاسێڵ بە هەڵمەتێکی بێبەرامبەری ئاڕاستەکراو لە ڕێی کورتەنامەوە بەشداری لە پشتگیری کردنی پڕۆژەکەدا کرد. - ئەم هەوڵانەی کۆمپانیاكه لە پڕۆژەی سەرژمێریدا ڕەنگدانەوەی هاوکاری بەهێزی نێوان ئاسیاسێڵ و وەزارەتی پلاندانانی عێراقه. ئامادەکردنی: هاوڵاتی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند پشتگیرییەکی بێهاوتاى پێشكەش بە پڕۆسەی سەرژمێری نیشتیمانی دانیشتوانى عێراق بۆ ساڵی 2024 كردووه. ئاسیاسێڵ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئاسیاسێڵ بە شانازییەوە پابەندیی خۆی بۆ پشتگیریکردن لە گەشەپێدانی نیشتیمانیی عێراق دووپاتدەکاتەوە لە ڕێی بینینی ڕۆڵێکی سەرەکیی لە سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری نیشتیمانی ساڵی 2024، کە یەکێکە لە دیارترین دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکانی وڵات بۆ ئەمساڵ. وتيشى: وەکو بەشێک لە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی خۆی، ئاسیاسێڵ هەستا بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی داتا بۆ پشتگیری کردنی کارکردنی ئامێرەکانی تابلێتی تیمەکانی وەزارەتی پلاندانان، کە ئەم سیمکارتانە بە مەبەستی مسۆگەرکردنی پەیوەندییەکی کارا و جێگیربوو بۆ ئەو ئامێرانەی لەکاردابوون کە لە پرۆسەی سەرژمێرییەکەدا بەکاردەهێنران لە سەرتاسەری عێراقدا.  رونیشیكردەوە ئاسیاسێڵ بە هەڵمەتێکی بێبەرامبەری ئاڕاستەکراو لە ڕێی کورتەنامەوە بەشداری لە پشتگیری کردنی پڕۆژەکەدا کرد بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتیان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییان سەبارەت بە گرنگی سەرژمێری و هاندانیان بۆ بەشداریکردن تیایدا و پاڵپشتیکردنی تیمە مەیدانییەکانی سەرژمێری، هەروەها بۆ پشتگیریکردنی زیاتری پڕۆژەکە، ئاسیاسێڵ تیمێکی تایبەتی پاڵپشتی تەکنیکی تایبەتمەندی دابین کرد کە بیست و چوار کاتژمێر و بە درێژایی هەفتە بەردەست بوون بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا چارەسەری هەر کێشەیەکی بەپەلە یان پێویستییەکی تەکنیکی بکەن، ئەمەش ڕاستەوخۆ بەشداری کرد لە جێبەجێ کردنی بێ کێشەی پڕۆژەکە و سەرخستنی. باسی لەوەشكرد ئەم هەوڵانەی کۆمپانیاكه لە پڕۆژەی سەرژمێریدا ڕەنگدانەوەی هاوکاری بەهێزی نێوان ئاسیاسێڵ و وەزارەتی پلاندانانی عێراق و دەزگای سەرژمێری و سیستەمەکانی زانیاری جوگرافین، کە بەشداریکرد لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی سەرژمێری نیشتیمانیی دانیشتووان بە شێوەیەکی کارا، ئەمەش گرنگی کاری هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت دووپاتدەکاتەوە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام و بەرەوپێشبردنی ڕەوڕەوەی پێشکەوتن لە عیراقدا.

- دەبێت پرسی مووچەى فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بابەتى سیاسی دووربخرێتەوە و خەرجبکرێت. - وەزیری دارایی حکومەتی فیدڕاڵ ئامادە نییە واژۆ لەسەر ناردنی پارەی مووچەی مانگەکانی 10،11،12ـی فەرمانبەرانی هەرێم بکات. -دادوەر جاسم محەممەد پێیڕاگەیاندین لەڕووی یاسایی و مرۆییەوە پێویستە مووچەی فەرمانبەران دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی. ئامادەکردنی: هاوڵاتی دادگای باڵای فیدڕاڵی رایگەیاند دەبێت پرسی مووچەى فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بابەتى سیاسی دووربخرێتەوە و خەرجبکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە شاندێکی فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق بەسەرۆکایەتی شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەردانی دادوەر جاسم محەمەد سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵییان کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیان پرسی مووچە جەختی لەسەر کرایەوە. سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ڕاشکاوی ئەوەمان پێ ڕاگەیاندووە، وەزیری دارایی حکومەتی فیدڕاڵ ئامادە نییە واژۆ لەسەر ناردنی پارەی مووچەی مانگەکانی 10،11،12ـی فەرمانبەرانی هەرێم بکات و ئەمەش گرفتی بۆ مووچەخۆران دروستکردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی بە شاندەکەی وتووە دەبێت پرسی مووچە لەو بابەتە سیاسییانە دووربخرێتەوە، و پێویستە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەنێوان سەرۆکی حکومەتی عێراق و وەزیری دارایی عێراق و فراکسیۆنەکان رێکبخرێت تا بگەنە ئەنجامێک و ئیدی کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست نەکرێت. لەلایەکی ترەوە جەمال کۆچەر ئەندامی پەرلەمانی عێڕاق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕایگەیاند،”لە کۆبوونەوەکەدا دادوەر جاسم محەممەد پێیڕاگەیاندین لەڕووی یاسایی و مرۆییەوە پێویستە مووچەی فەرمانبەران دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و هەوڵی تەواوی خۆم دەدەم بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. ئەمڕۆ 25 ڕۆژ لەمانگی تشرینی دووەم تێدەپەڕێت و هێشتا مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دابەشنەکراوە، هاوکات گرفتی دارایی و سیاسی وایکردووە بەبەردەوامی کێشە بۆ مووچە دروستببێت، بەمپێیەش ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو هیچ مانگێک نەتوانرا لەوادەی خۆیدا مووچە دابەشبکرێت و هێشتا مووچەخۆران دوو مووچەی مانگەکانی 10و11 یان وەرنەگرتووە.

- حەوت لایەنی ناڕازی لە بارەگای بەرەی گەل لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیان رەتكردەوە. - ئەنجامەكانى هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان رەتدەكەینەوە و دانی پیادا نانێین. - ئەو ئەنجامانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاویكردەوە ئەنجامى ئیرادەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان نیيە. ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە حەوت لایەنی ناڕازی لە بارەگای بەرەی گەل لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیان رەتكردەوە. لەدوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەرەی گەل و لایەنەكانی تر رایانگەیاند ئەنجامەكانى هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان رەتدەكەینەوە و دانی پیادا نانێین و ئەو ئەنجامانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاویكردەوە ئەنجامى ئیرادەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان نیيە. رونیشیان كردەوە هەر حەوت لایەنە ناڕازیەكە یاداشتێكيان ئامادە كردووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن ، كه هەموو كەموكوڕیەكانی هەڵبژاردنەكە لەخۆ دەگرێت هەروەها نیگەرانیەكانی خۆيان خستووەتەڕوو . ئاماژەشیان كرد لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەوەيان دووپاتكردەوە كە بەیەكەوە كار بۆ ئەم كەیسە دەكەن و بەردەوام دەبن لە ئاشكراكردنی هەموو ئەو ساختەكاریانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە .

- هۆشداری دەدەین لەبارەی بارانبارینی بەلێزمە. -پارێزگاى سلێمانی بارانبارینێكی بەخوڕ و هەورە بروسكە ڕووى تێدەكات. - ئەگەری هەیە كڕێوە بێت و ڕێگا و بانەكان  ببن بەشەختە و بیبەستێت. ئامادەکردنی: هاوڵاتی دەستەی كەشناسی عێراق هۆشداريدا لە بارانێكی بەخوڕ و هەورە بروسكە لە سلێمانی. دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند هۆشداری دەدەین لەبارەی بارانبارینی بەلێزمە و بەپێی پێشبینیەكان سبەینێ‌ سێشەممە لەهەموو  ناوچەكانی عێراق كەش و هەوا گۆڕانكاری بەسەردا دێت. وتیشی: پارێزگاكانی میسان و واست و دیالە و سلێمانی و سەڵاحەدین و بەسرە، بارانبارینێكی بەخوڕ و هەورە بروسكە ڕوویان تێدەكات. رونیشیكردەوە لە رۆژانی داهاتوو بەشێوەیەكی بەرچاو پلەكانی گەرما نزمدەبنەوە و ئەگەری هەیە لە باكوری رۆژئاوای عێراق و باشوری رۆژئاوا كڕێوە بێت و ڕێگا و بانەكان  ببن بەشەختە و بیبەستێت. هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە باران لە زۆربەی ناوچەکان، لە ناوچە سنوورییەکان دابارین بەشێوەی تێکەڵەی بەفر و باران دەبێت، لە کاتەکانی شەودا کاریگەری لاواز دەبێ تەنها ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە نەبێت کە بە شێوەی نمەبارانی لاواز دەمینێتەوە.

وەزیری پلاندانان  - ژمارەی مێ له هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 170 هەزار و 162 کەسە. -رێژەی گوندنشین لە هەرێمی كوردستان 16%. -دانیشتوانانی هەرێمی كوردستان بە دانیشتوانانی گەنج ناودەبرێت.     دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ژمارەی دانیشتووانی هەریمی کوردستان 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسه. وەزیری پلاندانان ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ژمارەی دانیشتووانی هەریمی کوردستان (جگە لە ناوچە جێناکۆکەکان) بەپێی ئەنجامی بەرایی سەرژمێری  6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسه ، لەکاتێکدایە هێشتا داتابەیسی 4٪ـی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان لە سیستەمەکەدا دانەبەزیوە. رونیشیكردەوە ژمارەی نێر لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 200 هەزار و 506 کەسە، لەبەرامبەردا ژمارەی مێ سێ ملیۆن و 170 هەزار و 162 کەسە. ئاشكراشیكرد:   -رێژەی شارنشین لەهەرێمی كوردستان 84%. -رێژەی گوندنشین لە هەرێمی كوردستان 16%. -ژمارەی خێزانەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ملیۆنێك و 379 هەزار و 163 خێزان.  -تێكڕای قەبارەی خێزان لە هەرێمی كوردستان دەكاتە چوار پۆینت 6 كەس.  -رێژەی پیاوان لە هەرێمی كوردستان  50.24% . - رێژەی ژنان لە هەرێمی كوردستان    49.76% .     دووپاتیشیكردەوە بەپێی داتاكان دانیشتوانانی هەرێمی كوردستان بە دانیشتوانانی گەنج ناودەبرێت. وتيشى:  -دانیشتوانى ژێر تەمەنی كاركردن كەمتر لە 15 ساڵ بۆ 64 له  31.9%  31.9 پێكدهێنن.  -دانیشوانی تەمەنی كاركردن لە نێوان 15 سال بۆ 64 سال له   63.7%  پێكدهێنن. -دانیشتوانی سەروی تەمەنی كار كردن ،سەروی 65 ساڵ له   4.4%  پێدەهێنن. -تێكڕای گەشەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بریتیە لە  2.48%.   -ژمارەی یەكەی نیشتەجێبوون لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 28 هەزار و 937 یەكە.

  زيا هيندى   - لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بە ووردی باسی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمى كوردستان دەكەین. - بە ووردی گفتوگۆ لەسەر ئەم هەموارە دەكەین تاكو چارەسەر بۆ هەموو لایەنە یاسایی و هونەریەكانی بدۆزرێتەوە. - مەبەست لە هەموارەكە رێكخستنەوەی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتە.   زيا هيندى ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بە ووردی باسی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمى كوردستان دەكەین. زيا هيندى لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند گفتوگۆكانی ئەمڕۆى پەرلەمانی عێراق لەسەر هەمواركردنی  یەكەمی یاسای بودجە دەبێت و ئەو هەموارە دەگرێتەوە كە لە سەرەتای تشرینی دووەمی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی كرد. وتیشی: ئەو هەموارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كردی هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتیە هاوبەشەكان. رونیشیكردەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ووردی گفتوگۆ لەسەر ئەم هەموارە دەكات تاكو چارەسەر بۆ هەموو لایەنە یاسایی و هونەریەكانی بدۆزرێتەوە و لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراقدا بێت. باسی لەوەشكرد مەبەست لە هەموارەكە رێكخستنەوەی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتە و وەزارەتی دارایی عێراق حكومەتی هەرێم بە تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو دەكاتەوە، بەپێی میكانزمێكی دادپەروەرانە. ئاماژەشیكرد وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم لایەنێكی راوێژكاری هونەری نێودەوڵەتی دەستنیشان دەكەن تاكو راپۆرتێك لەسەر تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت پێشكەش بە هەردوو وەزارەتی نەوت و دارایی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم بكات و پشتی پێببەسترێت وەك بنەمایەك بۆ دەستنیشانكردنی قەرەبوەكان.

  - لە هەرێمی كوردستان یاسای تایبه‌ت به‌ رێكخستنی ژینگه‌ی میدیایی و سۆسیال میدیا نییه‌. - ده‌مانه‌وێت ئازادى ڕاده‌ربڕین چه‌سپاوتر بكەین و‌ ئازادی و شكۆی مرۆڤ له‌ژێر هیچ پاساوێكدا نه‌شكێنرێت.     حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی یاسایی له‌ ژینگه‌ی میدیایی هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به‌ گفتوگۆیه‌كی زانستی و پیشه‌یی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی چاره‌سه‌ر بدۆزرێته‌وه. وه‌زیری رۆشنبیری ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ دیداری "سۆشیال میدیا، پانتایییەك لە روانگەی یاساییەوە" لە هەولێر، ڕایگه‌یاند، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا به‌هۆی ناسراوی ئای پی مۆبایله‌كان و كۆمپیوته‌ره‌كان و هه‌روه‌ها تۆماركردنی خاوه‌ندارێتی سیمكارت و هێله‌كانی ئینته‌رنێته‌وه‌ به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ناتوانن له‌ژێر ناوی وه‌همی و ساخته‌دا ناسنامه‌ی خۆیان بشارنه‌وه‌ و تاوان به‌رامبه‌ر به‌ مافی تاك و گشتی بكه‌ن، به‌ڵام هیچكام له‌م رێكارانه‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌دا به‌رده‌ست نین، ئه‌مه‌ش كێشه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردوه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ هه‌رێمی كوردستان یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری ژماره‌ (35)ی ساڵی 2007 هه‌یه‌ و به‌ركاره‌، به‌ڵام تایبه‌ته‌ به‌ چاپه‌مه‌نی و له‌ پاڵ ئه‌ویشدا یاسای خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی له‌ هه‌ندێك دۆسیه‌ی یاسایی په‌یوه‌ست به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ سۆسیال میدیادا كاری پێده‌كرێت و به‌شێكی زۆری دۆسیه‌كانیش به‌ پتشبه‌ستن به‌ ده‌قه‌كانی یاسای ژماره‌ی (111)ی یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969 كێشه‌كان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاسای تایبه‌ت به‌ رێكخستنی ژینگه‌ی میدیایی و سۆسیال میدیا نییه‌. وتيشى: بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی یاسایی له‌ ژینگه‌ی میدیایی و سۆسیال میدیا پێویستمان به‌ گفتوگۆیه‌كی زانستی و پیشه‌یی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی چاره‌سه‌ر بدۆزرێته‌وه‌، ده‌مانه‌وێت بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك كه‌ هه‌م ئازادى ڕاده‌ربڕین چه‌سپاوتر بكات و هه‌میش ژینگه‌ میدیایه‌كه‌ به‌جۆرێك رێكبخاته‌وه‌ كه‌ ئازادی و شكۆی مرۆڤ له‌ژێر هیچ پاساوێكدا نه‌شكێنرێت.

- ئەوەی مەترسیە بۆ سەر منداڵان لە هەرێمی كوردستان وعێراق، بڵاوبوونەوەی دیاردەی سواڵكردن و ئالوودەبونە بە ماددە هۆشبەرەكان. - دەبێت حكومەتی عێراق پلانی تۆكمە و دروست دابنێت بۆ بنیادنانی كۆمەڵگەیەك بە دوور بێت لەم نەخۆشیانە. ئامادەکردنی: هاوڵاتی دونیا شممەری سەرۆكی لیژنەی ئافرەتان و خێزان و منداڵان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند ئەوەی مەترسیە بۆ سەر منداڵان لە هەرێمی كوردستان وعێراق، بڵاوبوونەوەی دیاردەی سواڵكردن و ئالوودەبونە بە ماددە هۆشبەرەكان. شممەری لە لێدوانێكی تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم دیاردانە پێویستە حكومەت كاری جددیان لەسەر بكات و ئەم مەترسیانە رابگرێت. داواشیكرد حكومەتی عێراق پلانی تۆكمە و دروست دابنێت بۆ بنیادنانی كۆمەڵگەیەك بە دوور بێت لەم نەخۆشیانە. وتیشی: ئێمە شانازی بە منداڵەكانمانەوە دەكەین و گەیشتون بە ئاستێكی زۆر بەرز و منداڵانی عێراق قۆناخی پێشكەوتوويان بەدەستهێناوە ، بۆیە پێویستە دەوڵەت پاڵنەر و پاڵپشتی منداڵە زیرەكەكان بن.

  - ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە باران لە زۆربەی ناوچەکان. - پێشبینی دەکرێت برێکی باش بەفر ببارێت و ڕێژەکەی بگاتە ٨-١٠ سانیتمەتر.   بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینیكرد پلەكانی گەرما نزمببنەوە و بەفر ببارێت. بەڕێوەبەرایەتیەكە گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمە باران لە زۆربەی ناوچەکان، لە ناوچە سنوورییەکان دابارین بەشێوەی تێکەڵەی بەفر و باران دەبێت، لە کاتەکانی شەودا کاریگەری لاواز دەبێ تەنها ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە نەبێت کە بە شێوەی نمەبارانی لاواز دەمینێتەوە. وتيشى: سبەینێ سێشەممەش، لە کاتەکانی بەیانیدا نمە باران و بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگەی دهۆک دەبارێ، لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەی دابارین زیاد دەبێ بەرەو تەواوی ناوچەکانی هەرێم.  ڕوونیشیکردەوە کە پێشبینی دەکرێت برێکی باش بەفر ببارێت و ڕێژەکەی بگاتە ٨-١٠ سانیتمەتر، بەتایبەتیش لەناوچە سنوورییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتدا وپلەی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ ١-٣ پلە دادەبەزێت.   بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو:   هەولێر : ١٥ پلەى سیلیزى سلێمانی : ١٣ پلەى سیلیزى دهۆک : ١١ پلەى سیلیزى کەرکووک : ١٦ پلەى سیلیزى هەڵەبجە : ١٣ پلەى سیلیزى زاخۆ : ١٠ پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران : ٦ پلەى سیلیزى سۆران : ١٣ پلەى سیلیزى گەرمیان : ١٦ پلەى سیلیزى

  - عێراق سورە لەسەر ئەوەی دەبێت سەرجەم کارگە و کۆمپانیاکانى هەرێمی کوردستان لە بەغداد مۆڵەت وەربگرن. - ئەو کارەی حکومەتی عێراق نە دەستوورییە و نە یاسایی.   نەوزاد غەفور سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی رایگەیاند رێگرییەکانی حکومەتی عێراق کاری چەندین کارگەی لە هەرێمی کوردستان راگرتووە. سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆمان کردووە و زانیاریمان لەسەر کارگەکانی هەرێم خستووەتەڕوو، بەڵام عێراق سورە لەسەر ئەوەی دەبێت سەرجەم کارگە و کۆمپانیاکان لە بەغداد مۆڵەت وەربگرن. وتيشى: ماوەی سێ مانگە لە بازگەکانی عێراق رێگری لە ناردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەو کارەی حکومەتی عێراق نە دەستوورییە و نە یاسایی، چونکە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەیە مۆڵەت بە کارگەکان بدات. باسی لەوەشكرد یەکێک لە بیانووەکانی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق ئەوەیە، چەند بەرهەمێک بەناوی بەرهەمی ناوخۆی هەرێم نێردراون بۆ عێراق، بەڵام کارگەی ئەو بەرهەمانە لە هەرێمی کوردستان نین و چەند جارێک جەختمان کردووەتەوە کە عێراق شاندێکی بنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە ئەگەر گومانەکانیان راست دەرچوو ئەوە دەتوانن رێکاری یاسایی بگرنەبەر، بەڵام ئەوەی عێراق دەیڵێت تەنیا گومانە و ئەوەی دەیڵێن بۆ لاوازکردنی کەرتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستانە.

- بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاری به‌رانبه‌ر ئافرەتان. - بەڵێن بە ئافرەتانی کوردستان ده‌ده‌ين کە بێ وچان بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی و به‌هێزكردنى تواناكانيان. ئامادەکردنی: هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە ڕۆژی جیهانی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پابەنديمان به‌ پاراستنی مافەکانی ژنان لە کوردستان نوێ دەکەینەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەكدا دووپاتیكردەوە ئافرەتان دڵنیا دەكەینەوە كه‌ بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاری به‌رانبه‌ريان.  وتيشى: تواناسازى و بەهێزکردنی پێگەی ژن، بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووترە، هەرێمی کوردستان پێشەنگ بووە لە پشتگیریکردنی مافەکانی ئافرەت و دابینکردنی دەرفەت بۆ بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و کارگێڕی بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا و ئێمە باوەڕمان وایە کە ژن نەک تەنها هاوبەشێکی سەرەکييه‌ لە بڕیاردان، بەڵکو بنەمایەکە بۆ گۆڕانکاری و گەشەپێدانی بەردەوام. رونیشیكردەوە داواى هاوکاريی زیاتر دەکەین لەنێوان دامەزراوە حکوومییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکاندا، بۆ بڵاوکردنەوەی زياترى هۆشیاری و بەهێزکردنی بەهاکانی لێبوردەیی و یەکسانی، هەروەها جەخت دەکەینەوە کە بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەمووانە بۆ دڵنیابوون لە بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش و ئارام بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە. ئاماژەشیكرد هه‌ر له‌م بۆنه‌يه‌دا بەڵێن بە ئافرەتانی کوردستان ده‌ده‌ين کە بێ وچان بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی و به‌هێزكردنى تواناكانيان بۆ جێبەجێکردنی ڕۆڵی گرنگیان لە خزمه‌تكردن و بنیاتنانی وڵاتدا.

-لێكتێگەیشتنەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و حكومەتی هەرێم نا واقعین و لەبەرژەوەندی وڵاتدا نییە. - وەزارەتی نەوتی عێراق تاكو ئێستا سەركەوتوو نەبوە لە كۆنترۆڵكردنی نەوتی هەرێم.   زەرغام مالكی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند لێكتێگەیشتنەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و حكومەتی هەرێم نا واقعین و لەبەرژەوەندی وڵاتدا نییە. ئەو پەرلەمانتارە عێراقیە لە لێدوانێكدا رایگەیاند سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە كردووە پەیوەندی بەلایەنی ئێرانیەوە بكات سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەستن بە قاچاخبردنی نەوتی هەرێم، ئەمەش دەرخەری لاوازی وەزارەتی نەوتی عێراقه بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەم پرسە. وتیشی: وەزارەتی نەوتی عێراق تاكو ئێستا سەركەوتوو نەبوە لە كۆنترۆڵكردنی نەوتی هەرێم نە لەڕووی هەناردەكردنەوە نە لەڕووی بەقاچاخبردنەوە.

  - کۆمیسیۆن بە نوسراوی فەرمی، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئاگادارکردەوە. - بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ، لە داهاتویەکی نزیکدا سەرۆکی کوردستان فەرمان بۆ بەڕێوەچونی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، دەردەکات.   دڵشاد شهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە داهاتویەکی نزیکدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم فەرمان بۆ بەڕێوەچونی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان دەردەکات. دڵشاد شهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ یەکشەممە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە نوسراوی فەرمی، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاگادارکردەوە. وتيشى: بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە داهاتویەکی نزیکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمان بۆ بەڕێوەچونی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دەردەکات. پێشتر جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی كۆمسیارانى کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق  ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا. به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 10 رۆژدا داوا لە پەرلەمانتارانی خولی نوێ بکات یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار ئه‌نجامبده‌ن.

- كتێبی (دواهەمین هەناری دونیا)ى نووسەری بەناوبانگی كورد بەختیار عەلی لە لیستی باشترین سەد کتێبی سەدەی بیست و یەکدایە. - زۆربەی کتێب و نوسەرەکانی دیکەی ئەم لیستە، هەڵگرانی نۆبڵ و پسپۆڕانی باڵای بوارە فیکرییەکان و ناوە هەرە گەورەکانی جیهانی مەعریفەی ئەمڕۆن. -(دواهەمین هەناری دونیا) لە ناو سەدان هەزار کتێب و دەیان هەزار نووسەری دونیادا، شوێنی خۆی لە ناو سەد باشترین کتێبی سەدەی بیست و یەکی دونیادا کردۆتەوە. ئامادەکردنی: هاوڵاتی كتێبی (دواهەمین هەناری دونیا)ى نووسەری ناوداری كورد "بەختیار عەلی"بە پێی هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانی ئەڵمانی، لە لیستی باشترین سەد کتێبی سەدەی بیست و یەکدایە لە ئەڵمانیا.  بەختیار عەلی لەپەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە؛ ئەمڕۆ ڕۆژنامەی نیو زیورخیشەر تزایتونگ NZZ، بە بۆنەی نزیکبوونەوەیان لە تێپەڕاندنی چارەکە سەدەیەک لە سەدەی بیست و یەک، لیستی باشترین 100 سەد کتێبی سەدەی 21 ی لە بوارەکانی ئەدەبیات و مەعریفەدا بڵاوکردەوە، کە چەندین لیژنەی پسپۆڕ و ڕەخنەگری ناسراو دوای ماوەیەکی درێژی کارکردن ئەم لیستەیان ئامادەکردوە.  شایەنی باسە، زۆربەی کتێب و نوسەرەکانی دیکەی ئەم لیستە، هەڵگرانی نۆبڵ و پسپۆڕانی باڵای بوارە فیکرییەکان و ناوە هەرە گەورەکانی جیهانی مەعریفەی ئەمڕۆن، بوونی دواهەمین هەناری نووسەرێکی ئێمەی کورد لەم لیستەدا شانازییەکی مێژوویی بێوێنەیە بۆ ئێستای ئێمە و بۆ مێژووی ئەدەبەکەمان.  هەڵبەت ئامادەکردنی ئەم لیستە، هەڵبژاردنە بۆ سەد باشترین کتێب، نەوەک سەد باشترین ڕۆمان، واتە کێبڕکێکە دەیان جار فراوانتر و سەختترە لەوەی تەنیا کێبڕکێی ڕۆمانەکان بێت لەگەڵ یەکدا، بەڵکو پابەندی سەرجەم چالاکییە مەعریفی و فیکرییەکانی مرۆڤە.  ئەم لیستەی (نیو زیورخیشەر تزایتونگ) لە دەڤەری زمانی ئەڵمانی و لە ئەوروپادا بە گشتی، وەک لیستی تەریبی نیۆرک تایمزی ئەمریکی سەیردەکرێت و هەردووکیان بایەخێکی جیهانیان هەیە، نیو زیورخیشەر تزایتونگ، گەورەترین ڕۆژنامەی سویسرایە و هاوشان لەگەڵ فرانکفۆرتە ئەڵگەماینەدا بە دوو گەورەترین و گرنگترین ڕۆژنامەی ڕۆژانەی ئەڵمانی زمان حیسابدەکرێن، نیو زیورخیشەر تزایتونگ هەر کۆنترین ڕۆژنامەی سویسرا نییە، بەڵکو یەکێکە لە کۆنترین ڕۆژنامەکانی دونیاش، لە ساڵی 1780 وە (واتە 244 ساڵە) تا ئێستا بەردەوام دەردەچێت، لە ماوەی چوار سەدەدا، لاپەڕە ئەدەبییەکانی شوێنی گەشە و گەورەبوونی ناوە ئەدەبییە هەرە گەورەکانی ئەوروپابوون.  لێرەدا بەم بۆنە زۆر تایبەتەوە، پیرۆزبایی لە خۆمان و لە عاشقانی ڕاستگۆی ئەدەبیاتی میللەتەکەمان دەکەین.  دواهەمین هەناری دونیا تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی (ئەڵمانی، فارسی، عەرەبی، تورکی، ئیتالی، فەرەنسی، ئینگلیزی)، ئەمە جگە لە نوێ نوسینەوە"گۆڕین"ە کوردییەکانی بۆ (کرمانجی و بادینی). دیارە لیستەکە لە فایلێکی تایبەتدا (50 لاپەڕەی گەورە) لە ژمارەی ئەمڕۆدا بڵاوکراوەتەوە، لێرەدا لە بەر مافی خاوەندارێتی کە پارێزراوە بۆ ڕۆژنامەکە، ناتوانین پدف ی تەواوی فایلەکە بڵاوبکەینەوە. 

- کۆمکاری ووڵاتانی عەرەبی پشتیوانی لە عێراق دەكات و هەوڵەکانی ئيسرائيل بۆ فراوانکردنی بازنەی شەڕ لە ناوچەکەدا ئیدانە دەکات. -ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە لە نامەی وەزیری دەرەوەی ئيسرائيل هاتووە. ئامادەکردنی: هاوڵاتی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ هه‌وڵه‌كانی ئیسرائیلی بۆ فراوانكردنی شه‌ڕ سه‌ركۆنه‌ كرد و پشتیوانی خۆی بۆ عێراق دوپاتكرده‌وه‌ و داوایكرد، ده‌ستبه‌جێ په‌ره‌سه‌ندنی ناوه‌ڕاست رابگرێت. كۆمكاری عه‌ره‌بی بڕیارنامه‌یه‌كی ده‌ركرد و داوای له‌ سكرتێری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی كرد نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بنێرێت كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی كۆمكارییه‌كه‌یه‌ بۆ پشتیوانی له‌ كۆماری عێراق، به‌ توندی ئه‌و تۆمه‌تانه‌شی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌ نامه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیلدا هاتوه‌. كۆمكاری عه‌ره‌بی جه‌ختی له‌ پێویستی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی به‌په‌له‌ بۆ ڕاگرتنی په‌ره‌سه‌ندنی به‌رده‌وامی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ پێناو پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرده‌وه‌. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئاستی نوێنه‌رانی هه‌میشه‌یی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئیسرائیل به‌ڕێوه‌چو، به‌ پشتبه‌ستن به‌ داواكاری حكومه‌تی عێراق كه‌ پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردو پێشكه‌شی كردبو.