لەماوەى حەوت ڕۆژی ڕابردوودا، لە دوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازی ئاشتی ئۆجەلانەوە، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامەو ١٤ هێرش ئەنجامدراوە. رێکخراوی CPTـی ئەمریکی، ئامارى هێرشەکانی سوپاى تورکیای بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە، بەگوێرەى ئامارەکە سوپای تورکیا (١٤) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. هێرشەکان بەجۆرەبوون نۆ هێرش لە سنوری پارێزگای دهۆک، سێ هێرش لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دوو هێرشی تر لە سنوری پارێزگای هەولێر. هەروەها شەش لە هێرشەکان تۆپباران، پێنج هێرش فڕۆکەی جەنگی و سێ هێرشی تریش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بوون. هەر بەپێى ئامارەکانى ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی، شەڕڤانانى پەکەکە، تەنها دوو جار وەڵامی چەکداری هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە، هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا، دامەزرێنەر و سەرۆکی دەستگیرکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی ڕاگەیاند و داوای لە چەکدارانی حزبەکەی کرد کە چەکەکانیان دابنێن و پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵبوەشێننەوە. ئەم بانگەوازە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە هەرێمییەکانی ناوچەکە و چەند سەرکردەیەکی دیاری ناو هەردوو حزبی حکومڕانی تورکیا، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە) پێشوازی لێکرا. تیمی کوردستانی عێراقی CPT بە خۆشحاڵییەوە لەو بەرەوپێشچوونانە دەڕوانێت و پێشوازی لە کۆتاییهاتنی ئەو شەڕە دەکات کە بووەتە هۆی چۆڵبوونی تەواوەتی یاخود ئاوارەبوونی بەشێکی زۆر لە خێزانەکانی ١،١٩٠ گوند لە هەرێمی کوردستاندا و هەروەها ٧٢١ هاووڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستانیش بوونەتە قوربانی ئەو جەنگە. ئێمە پێمانوایە ئەو بەرەوەپێشچوونانە تەنیا دروستبوونی دەرفەتی ئاشتی نین بۆ گەلانی تورکیا بەڵکو دەرفەتێکیشە بۆ گوندنشینان و خەڵکی مەدەنی هەرێمی کوردستان کە لە ئاشتیدا بژین. لە ١ی ئازاری ٢٠٢٥دا و تەنیا سێ ڕۆژ لە دوای پەیامەکەی ئۆجەلان، پارتی کرێکارانی کوردستان بانگەوازی سەرۆکەکەیان قبوڵکرد و ڕاگرتنی هەموو چالاکییە سەربازییەکانییان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا کە بەتەنیا لە ئەگەری هێرش بۆسەر چەکدارەکانییان مافی بەرگریکردن لە خۆیان بەکاردەهێنن و وەڵام دەدەنەوە. هەروەها ڕایانگەیاند کە بە بەشداری و سەرۆکایەتی ئۆجەلان لە کۆنگرەی حزبەکەیاندا ئامادەن کە بڕیاری بدەن و پەکەکە هەڵبوەشێننەوە. لەکاتێکدا کە حکومڕانانی تورکیا پشتیوانییان بۆ دەسپێشخەری ئاشتی ڕاگەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێکارەکانی پشتیوانی تورکیا لە پڕۆسەکە و کۆتاییهاتنی جەنگ و چەکدانانی پەکەکە ڕوون نیە. تیمی CPT بەردەوام دەبێت لە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی سەر سنور و چاودێریکردنی ئۆپەراسیۆنەکان. تیمەکەمان ١٤ هێرشی سوپای تورکیایان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا تۆمارکردووە. هەروەها چەکدارانی پەکەکەش دوو جار وەڵامی چەکدارییان بۆهێرشەکانی تورکیا هەبووە. لە ڕۆژی ٢٧ی شوباتدا، تەنیا دوو کاتژمێر بەر لە بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی کوێستانەکانی خواکوڕک و خنێرەیان لە قەزای سیدەکان لە سنوری پارێزگای هەولێر کرد. کاتژمێرێکیش لەدوای ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، سوپای تورکیا بۆردوومانی چیای گارای لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد. لە هەمان ڕۆژدا، سوپای تورکیا تۆپبارانی چیای مەتینای لە گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی کرد. لە درەنگانێکی شەویشدا فڕۆکە جەنگییەکان، دەووروبەری گوندی گەڵاڵەیان لە قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد. لە ڕۆژی ٢٨ی شوباتدا، تۆپخانەکانی تورکیا جارێکی تر چیای مەتینایان لە نێوان گوندەکانی بەلاڤە و گوهەرزێ لە قەزای ئامێدی بە ئامانجگرتەوە. لە ٢ی ئازاردا، سوپای تورکیا لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشێکی چڕی بۆسەر چیای لینکی و گەلی ڕەشاڤە لە ناحیەی دێرەلووک ئەنجامدا. هێرشەکە بۆماوەی ٤٥ خولەک بەردەوام بوو کە ئەمە گەورەترین و درێژترین ماوەی هێرشی سوپای تورکیایە لە هەرێمی کوردستان لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ەوە. چەکدارانی پەکەکە، بە تەقەکردن لە هەلیکۆپتەرەکان وەڵامی ئەم هێرشەیان دایەوە. هەر لەهەمان ڕۆژدا سوپای تورکیا تۆپبارانی گوندی سگیرێی لە قەزای ئامێدی کرد. لە ڕۆژی ٤ی ئازاردا، هێلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا، هێرشیان کردە سەر گەلی مێوین لە گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی. پاشماوەی تەقەمنییەکان لەناو ئاوایی و گوندی بەلاڤەدا کەوتنە خوارەوە. لە ڕۆژی ٥ی ئازاردا، تۆپخانەکانی تورکیا لە بارەگا سەربازییەکانیانەوە تۆپبارانی چیای مەتینایان لە گوندی گوهەرزێ کرد. لەوەڵامی ئەو تۆپبارانەدا، چەکدارانی پەکەکە تەقەیان لە بارەگا سەربازییەکی تورکیا کرد. لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە سەختی بۆردوومانی دۆڵی ژاژۆڵان و خەندەکیان لە پشتی گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت کرد. بەگشتی، لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە، سوپای تورکیا ١٤ هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. ٦ لە هێرشەکان لە ڕێگەی تۆپبارانەوە بوون. ٥ هێرشی تر لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و ٣ هێرشیش لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بووە. ٩ لە هێرشەکان لە سنوری پارێزگای دهۆک و ٣ هێرش لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دوو هێرشی تریش لە سنوری پارێزگای هەولێر بوون. هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەڵگەی ئەوەن کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا بەتەواوەتی پشتیوانی دەستپێشخەری ئاشتی بکات و پڕۆسەی ئاشتیش پێویستی بەوەیە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە چاودێری بکرێت. پێویستە پڕۆسەیەکی ئاشتی درێژخایەن و پڕ لە گفتوگۆی ڕوون و ڕاشکاو بۆ دەوڵەتی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە پێشنیازبکرێت. تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بەردەوام دەبێت لە داکۆکیکردن بۆ ئاشتیەکی ڕاستەقینە و دادپەروەر کە تیایدا قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەش لە خۆ بگرێت کە بوونەتە قوربانی ئەو جەنگەی کە بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەردەوامە. دەبێت پڕۆسەی ئاشتی، کشانەوە و هەڵگرتنەوەی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا لە خۆ بگرێت، ئەوکاتە هاووڵاتییان و گوندنشینانی ئاوارەبووی سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن بە بێ ترس بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانییان. تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT
ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی بەشداری لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵییەکەى بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان. پێنج سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە واشنتۆن بەردەوامە لە فشارەکانى بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتى هەرێم. وەزارەتی نەوتی عێراق میوانداری دانوستانەکانی خێراکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات. بەهۆی ناکۆکی لەسەر مەرجەکانی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی نەوت تا ڕۆژی پێنجشەممە دواکەوتوون. یەکێک لە سەرچاوەکان کە بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراقە و زانیاری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆبوونەوەکە هەیە، وتی ئامادەبوونی پلان بۆ داڕێژراوی ئەو دیپلۆماتکارە کە بنکەکەی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدایە، لە وەڵامی داواکارییەکی واشنتۆن بووە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراق وتی: ئامادەبوونی ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە ئامانجی یارمەتیدانی هاندانی دانوستانەکانە بۆ پێشەوە و گەیشتن بە چارەسەر بۆ ئەو پرسانەی کە ڕێگری لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکەن بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات. ڕۆیتەرز مانگی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە عێراق کەوتۆتە ژێر فشاری زیاتری ئەمریکاوە بۆ ئەوەی ڕێگە بدات بە هەناردەکردنی نەوتی کورد لە ڕێگەی تورکیاوە، بەمەش دابینکردنی نەوت بۆ بازاڕی جیهانی بەرز دەبێتەوە لە کاتێکدا واشنتۆن دەیەوێت هەناردەی نەوتی ئێران کەم بکاتەوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران. ئێران عێراقی دراوسێ و هاوپەیمانی خۆی بە گرنگ دەزانێت بۆ هێشتنەوەی ئابوورییەکەی لەناو گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان. بەڵام سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، بەڵام بەغدا کە هاوبەشی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێرانە، ئاگادارە لە گیرخواردن لە سزاى سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ فشاری تاران. بەرپرسێکی حکومی نزیک لە دانوستانەکان وتی: پێداگرییەکی بەهێز لەلایەن لایەنی ئەمریکاوە هەیە لەسەر دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی دانوستانەکان (لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کورد) بەهەر شێوەیەک بێت. "هیوادارین ڕۆڵی ئەمریکا یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مەعقول و قبوڵکراو بۆ حکومەتی عێراق." بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06-03-2025) حەیان عەبدولغەنی لە بەغدا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراقی-تورکی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە لە وەزارەتەکانی عێراق. وەزیری نەوت جەختی لە گرنگیی ئەو دۆسیانە کردەوە، کە پەیوەندییان بە کارەکانی لیژنەکەوە هەیە، بەتایبەتی دۆسیەی ئاو و نەوت. وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، بەم زیکانە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا، کارا دەکەن.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە دەربارەی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و دەستوەردانی گەریلا بۆ وەستاندنی هێرشەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە: "هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک: ٤ و ٥ و ٦ ی ئادار لە هەرێمی خواکوڕک لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شەهید شەریف و لۆلان ٢ جار، لە هەرێمی گارە لە گۆڕەپانەکانی دێ ڕەشە و شەهید ئاسڵان و هەفەتباغ و خێرێ ٥ جار، لە هەرێمی مەتینا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بێشیلی ١ جار، بەگشتی ٨ جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکران. ٤ ی ئادار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای بەهار ٩ جار بە هەلیکۆپتەر بۆردوومان کرا. ٤ و ٥ و ٦ ی ئادار لە هەرێمی خواکوڕک، لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەرێ زینێ، لۆلان، گۆشین و سینین ٤٣ جار؛ لە هەرێمی گارە، گۆڕەپانەکانی سێدارێ و گردی زەنگل و گردی ڕەشید و گرگەشێ و سپیندارێ و مژێ و هەفتەباغ و سیسەر ١٩١ جار؛ لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی دەرگەڵێ و سەری مەتینا ١٢٦ جار؛ لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی و چیای بەهار ٤٥١ جار: بەگشتی ٨١١ جار بە تۆپ و چەکی قورس تۆپباران کران. لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ: ٥ ی ئادار، کاتژمێر ١١:٠٦ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی چیای ئامێدی، کامێرایەکی مۆبیسی داگیرکەران تێکشکێنرا. لە هەرێمی مەتینا: ٤ ی ئادار، کاتژمێر ١٢:٣٠ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سەری مەتینا لە بەرامبەر بانگەوازی تەسلیمبوونی داگیرکەران کە ڕوویانکردبووە تونێلەکانی شەڕی ئێمە، هێزەکانی یەژاستارمان وەڵامیان دایەوە. لەکاتێکدا هێزەکانمان ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە، لە هەرێمی گارە لە قەڵای سەدام و باکرمانەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی پەدەکەن، فڕۆکەی سیخووڕی بچوک هەڵدەدرێن و بە شەو و ڕۆژ سیخووڕی لەسەر گۆڕەپانەکانی گەریلا دەکەن. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەم کارە بەدەستی دەهێنن، گۆڕەپانەکانی گەریلا بۆردوومان دەکەن. دەبێت ئەم کارە بوەستێنرێت کە سەلامەتی هێزەکانمان دەخاتە مەترسییەوە. ئەگەر نەوەستێنرێت، بۆ سەلامەتی خۆمان، مافی خۆمانە لەو شوێنانە وەڵام بدەینەوە کە فڕۆکەکان لێیەوە ڕەوانە دەکرێن. ئێمە ڕایدەگەیەنین، لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان، دەبێت کۆتایی بەم کارە بهێنرێت".
حکومەتی عێراق بەنیازە نەوتی بەسرە لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات. وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، بەم زیکانە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا، کارا دەکەن. حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، "بەمنزیکانە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی کارادەکرێت و ئەگەری زیادکردنی نەوتیش لە نەوتی بەسرە لە رێگەی ئەم بۆرییەوە هەیە." وەزیری نەوتی عێراق ئەو قسانەی لەکاتی کۆبوونەوەی لیژنەی عێراقی-تورکی کرد، کە ئەمڕۆ کرا. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 06-03-2025) حەیان عەبدولغەنی لە بەغدا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراقی-تورکی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە لە وەزارەتەکانی عێراق. وەزیری نەوت جەختی لە گرنگیی ئەو دۆسیانە کردەوە، کە پەیوەندییان بە کارەکانی لیژنەکەوە هەیە، بەتایبەتی دۆسیەی ئاو و نەوت. بە پێویستیشی زانی؛ دۆسیەی ئاو کرا بکرێت بە شێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات لە بەدەستهێنانی بەشێکی دادپەروەرانەی ئاو. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە کرا، کە لە کارنامەی کاردا هاتوون و تایبەتن بە لیژنە لاوەکییەکان لە بوارەکانی ئاو، وزە و نەوت، پەروەردە، دەروازە سنوورییەکان و پەیوەندییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، دۆسیەی وەرزش و لاوان. کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی؛ گرنگە پێداویستییە تەکنیکییەکانی لیژنەکان تەواو بکرێن، لیژنە هاوبەشەکان لەگەڵ لایەنی تورکی کارا بکرێن بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵات بکات.
کۆمپانیایەک لە باشماخ و پەروێزخان دادەنرێت هەر گەشتیارێک بچێتە ئێران 15 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت بڕیارە کۆمپانیایەکی تایبەت لە هەر سێ دەروازەی سنووری باشماخ و پەروێزخان و کێلێ دابنرێت، کاری ئەو کۆمپانیایە وەرگرتنی بڕی 15 هەزار دینار دەبێت، لە هەر گەشتیارێک، کە سەردانی ئێران دەکات. بەپێى بەدواداچوون و زانیاریەکان لە هەرسێ دەروازەکە دەرکەوت کۆمپانیاکە کابینەی کارکردنی داناوە، بەڵام جارێ دەستبەکار نەبووە و چاوەڕێیە وەرزی گەشتیاری دەستپێبکات، واتە پێش پشووەکانی جەژنی نەورۆز کۆمپانیا دەستبەکاردەکات، چونکە چاوەڕیدەکرێت بۆ پشووەکانی نەورۆز و جەژنی رەمەزان گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئێران بکات. دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران دەڵێن هیچ کۆمپانیایەک بۆ وەرگرتنی ئەوە پارەیە نەهاتووەتەوە دەروازەکەى ئێمە، تەنها لەو دەروازانە جێبەجێ دەکرێت، کە لەژێر دەسەڵاتى یەکێتیدان. سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕاگەیاند، هەوڵێک هەیە ئەم پرۆژەیە فڕۆکەخانەکانیش بگرێتەوە، پێدەچێ عێراقیش هەمان هەنگاو بگرێتەبەر، بەڵام لەناوچەى ژێر دەسەڵاتى پارتى پرۆژەکە رەتکراوەتەوە، چونکە بە پرۆژەى یەکێتى دەزانن و نایانەوێ بچنە ژێر بارى کارێک کە یەکێتى پێی هەستاوە، ئەو کۆمپانیایەش کە پرۆژەکەى وەرگرتووە حزبییە.
بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى و بومەلەرزە زانى، ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆو سبەینێش باران نابارێت و لەسبەینێشەوە پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە 06- 03- 2025 کەش / ئاسمان بەگشتى لەنێوان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 05 – 15 )کم/س دەبێت . ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت . پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ وەک لەسەر نەخشەى خوارەوە ئاماژەى پێدراوە . مەوداى بینین / 8 – 10 کم دەبێت. سبەی هەینی07- 03- 2025 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت . خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 05 – 15 )کم/س دەبێت . ئاراستەی با / باکوورى خۆرهەڵات بۆ باشووری خۆرهەڵات دەگۆڕێت . پلەکانی گەرما / بەرز دەبێتەوە بە ( 3 – 4 ) پلەى سیلیزى لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / 8 – 10 کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 23 پلەی سیلیزی سلێمانی : 21 پلەی سیلیزی دهۆک : 22 پلەی سیلیزی کەرکوک : 25 پلەی سیلیزی زاخۆ : 22 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 20 پلەی سیلیزی سۆران : 18 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : 7 پلەی سیلیزی گەرمیان : 23 پلەی سیلیزی
عەلى حەمەساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان و بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست، ڕایدەگەیەنێت هەرچەندە پارێزەرەکان بەشدار حەسەن ،کامەران سارمەمی، سەعد سەید محێدین و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ هەوڵی تەواویانداوە بۆ ئازادکردنی، بەڵام هاوڕێمان ئادەم عوسمان ماوەی ٢٣ ڕۆژە بەبێ هیچ تاوانێک لە زیندانی ئاسایشی هەولێرە، تۆمەتێکی ناڕەواو زۆر سەیریان داوەتە پاڵی. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕۆژى 11-02-2025 لەڕاگەیەندراوێکیاندا، دەڵێن: چەند لایەنێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەوڵی شێواندنی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیانداوە، هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، پۆلیسى هەولێر ئەوەش دەخەنەڕوو: هەندێک لەو کەسانەی وەکو ئامرازی برەوپێدانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایە دەستنیشان کران، یەکێکیان بەناوى ئادەم عوسمان دەستگیر کراوە. لەسەر پەرەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەلایەتى فەیسبوک، عەلى حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست و ئەندامى پەرلەمانى کورردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە. لەبەشێکى نوسینەکەیدا، دەڵێت: ئێمە ئەمە بەزیندانیکردنێکی سیاسی دەزانین؛ داواکارین لایەنی پەیوەندیدار لەزووترین کاتدا کاک ئادەم ئازادبکات، کە بچوکترین تاوانی نییە. دەقى نوسینەکە. هەرچەندە پارێزەرەکان(بەشدار حەسەن ،کامەران سارمەمی، سەعد سەید محێدین) و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ هەوڵی تەواویانداوە بۆ ئازادکردنی، بەڵام هاوڕێمان ئادەم عوسمان ماوەی ٢٣ ڕۆژە بەبێ هیچ تاوانێک لە زیندانی ئاسایشی هەولێرە. تۆمەتێکی ناڕەواو زۆر سیر داوەتە پاڵی! ڕۆژی ٩ی ٢.. کە خۆپیشاندانی مامۆستایان بوو، ویستیان بێنە هەولێر.. کاک ئادەم لەگەڵ ئێمەدا بوەو شۆفێربوە، گوایە ئێمە ڤیدۆیەکمان تۆمارکردوە! دواتر کەناڵێکی عەرەبی بڵاوی کردوەتەوە! ڤیدۆکە بچوکترین سەرپێچی یاسایی تێدانیە! ئەو شوێنەش قەدەغەنیە! ڤیدۆکەش پەیوەندی بە ئێمەوە نەبوو! بۆ خاوەنداری ڤیدۆکەش کەناڵی KNN، ڕایگەیاند: ڤیدۆکە ڤیدۆیەکی ئاساییەو ئەوان تۆماریان کردوەو هیچ سەرپێچیەکی یاسایی تێدانیە. ئێمە ئەمە بەزیندانیکردنێکی سیاسی دەزانین؛ داواکارین لایەنی پەیوەندیدار لەزووترین کاتدا کاک ئادەم ئازادبکات، کە بچوکترین تاوانی نییە.
وەزارەتی دارایی کوردستان و ئەو تیمە تەکنیکییەی بۆ مووچەی مانگی دوو لە بەغدان، دەڵێن ئەگەری زۆر هەیە سبەی پێنجشەممە پارە بنێردرێت، لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. ئەمڕۆش مووچەی مانگی دوو لەلایەن بەغدا نەنێردرا، ئەمە لەکاتێدایە کە هەشت ڕۆژە تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کار لەسەر وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی دوو دەکەن. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەو تیمە تەکنیکییەی لە بەغدایە بە ئاڤا میدیایان ڕاگەیاند، ئەگەری زۆر هەیە سبەی پێنجشەممە بەغدا پارەی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر نەنێردرا، دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. لەبارەی ڕاگەیاندنی لیستی مووچە و دابەشکردنی، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئامادەکردن و ڕاگەیاندنی لیست کاتێکی کەمی دەوێت، ئەگەر سبەی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بخرێتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە ڕادەگەیێنرێ و شەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، بەڵام ئەگەر سبەش پارە نەنێردرێت، ناردنی دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە، واتە 9ی مانگ. لەبارەی درەنگ ناردنی مووچەی مانگی دووش کە پێچەوانەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدایە، ڕێککەوتنەکە وایە ئەبێ مووچەی مانگی دوو لە مانگی دوو بنێردرێت، واتا نابێت مووچەی مانگێک بکەوێتە مانگێکی تر. لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق وتى: هۆکارەکەی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی کوردستان بوو، درەنگ لیستی مووچەی مانگی دوویان بۆ ناردین، ڕۆژی 26ی مانگ لیست نێردراوە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەم مانگە 28 ڕۆژ بوو، واتە تەنیا دوو ڕۆژ پێش ئەوەی مانگ تەواو بێت، چونکە ڕێککارەکانی وردبینیکردن لە لیستی مووچە وەکو خۆیان ماون، هەمان ئەو ڕێکارانەی پێشتر دەکران هەر ماون.
بەرەی گەل ڕاگەیەنراوێکى بە بۆنەى ساڵیادى ڕاپەرینەوە بڵاوکردەوە، تیایدا دەڵێت حوکمرانی پارتی و یەكێتی لای خەڵک بەجۆرێک بەدناوبووە کە هەموو ساڵێک لەگەڵ یادکردنەوەی راپەڕیندا داوای راپەرینێکی تربکەن بۆ راماڵینی سەرانی دەسەڵات. هەروەها هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەگەر پارتی و یەکێتیی پێیان وایە بەرێکەوتنی دوو قۆڵی و بەتەنها دەتوانن درێژە بەم جۆرە حوکمرانیە بدەن و تەبایی خۆیان لەدزینی سەروەت و سامانی خەڵک ئەوا دڵنیابن ئەم جۆرە سیاسەتە شکستی خواردووە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە هاونیشتمانیانی خۆشەویست کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان... ئەمرۆ ٣٤ ساڵ تێدەپەرێ بەسەر ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلەکەمان لەباشووری کوردستان. ئەو راپەرینەی کەبۆ یەکەم جار لەمێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورددا توانی دەسەڵاتی داگیرکاری و دیکتاتۆری ، حوکمی ملهوڕی و تاکرەوی رابماڵێت و ماناکانی ئازادی و سەرفرازی بۆ مرۆڤی کورد بگەرێنێتەوە. لەم روانگەوە، ئەگەر راپەرین سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێ بێت بۆ خەڵکی کوردستان کەتیایدا پایەکانی حوکمڕانی خۆماڵی لەپەرلەمان و دادگا و دامەزراوەی جێبەجێکردنی خستبێتە قاڵبی یاسایی و دەستووری و سەرەتای دانپێدانانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش بێت بەدۆزی رەوای گەلەکەمان. ئەوا ئێستا بەهۆی تاکڕەوی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتیەوە ئەو حکومەتەی کە ڕاپەڕین دروستیکرد کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە. حوکمرانی پارتی و یەكێتی لای خەڵک بەجۆرێک بەدناوبووە کە هەموو ساڵێک لەگەڵ یادکردنەوەی راپەڕیندا داوای راپەرینێکی تربکەن بۆ راماڵینی سەرانی دەسەڵات. ئەگەر پارتی و یەکێتیی پێیان وایە بەرێکەوتنی دوو قۆڵی و بەتەنها دەتوانن درێژە بەم جۆرە حوکمرانیە بدەن و تەبایی خۆیان لەدزینی سەروەت و سامانی خەڵک ، لەدزینی دەنگی گەل ، لەسەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخواز دەبیننەوە ، ئەوا دڵنیابن ئەم جۆرە سیاسەتە شکستی خواردووە و دەبێت لەریشەوە دەربهێنرێت. بەرزو پیرۆز بێت رۆحی شەهیدانی رێگای ئازادی و شکۆی گەلی کوردستان. بەرەی گەل
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە وەڵامی عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاک پارتیی دەسەڵاتدار کە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کردبوو دەبێت تەواوی درێژکراوەکانی پەکەکە لە سوریا و عێراق جا بە هەر ناوێکەوە بن خۆیان هەڵبوەشێننەوە، دەڵێت: "ئەوا عومەر چەلیکە ئاوای لێ تێگەیشتووە، نەک دەوڵەت". لە هۆڵی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە لەبارەی ئەو پرۆسە نوێیەی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەستی پێکردووە. هاتیمئۆغوڵڵاری لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئیدارەی خۆسەریش لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەدا لە دەقی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا باسی یەپەگە و هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری نەکراوە. هاتیمئۆغوڵڵاری سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە نایەوێت لەمبارەیەوە لێدوان بدات و دەڵێت: "ناتوانین لەوبارەیەوە بدوێین. لە ئەگەری هاتنەدی ئاشتیدا، کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت. ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێت، دەبێتە مۆدێل بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. گۆڕانکاری لە سوریا ڕووی داوە و کێشەی جدی دروست بوون. ئەگەر تورکیا هەنگاوێکی باش بنێت، کاریگەری دەکاتە سەر سوریایش. پرسی هەسەدە پرسێکی ناوخۆیی سوریایە و لە تێکستەکەی ئۆجەلان ناوی نەهێندراوە". لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکیشدا کە ئاماژەی بەوەدا ئەوەی بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک وا لێکدانەوە بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بکات کە مەبەستی هەسەدەیشە ئەوەیە لە بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا گوزارەی 'سەرجەم گروپەکان'ی بەکارهێناوە، باکرهان گوتی: "ئەوا عومەر چەلیکە ئاوای لێ تێگەیشتووە، نەک دەوڵەت". باکرهان جەختی لەوە کردەوە لە دوایەمین کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان کە چوار کاتژمێری خایاند تەنیا باسی پەکەکەی کردووە و بە هیچ جۆرێک باسی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریای نەکردووە، دەڵێت: "پەکەکە ڕێکخراوێکە لە تورکیا و باکوری کوردستان و ئەو باسی لە کێشەیەک کردووە کە 50 ساڵە لە تورکیا بەردەوامە. ئۆجەلان تەنیا باسی لە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کردووە کە خۆی دامەزرێنەریەتی. بەڕێز ئۆجەلان بنکەیەکی جەماوەی تایبەت بە خۆی هەیە. هەنگاوەکانی بە دیموکراسیکردن، کاریگەریش دەکاتە سەر سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان. لە ڕاستیدا بەڕێز سری سورەییا ئۆندەریش ئەوەی گوت". باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وێڕای دانانی قەییوم بۆ ژمارەیەک لە شارەوانییەکان و دەستگیرکردنی ئەندامانی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان کەچی لەپێناو بە دیموکراسیکردنی تورکیا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان و دەڵێت: "ئێمە تەنیا دیموکراسیمان بۆ کورد و مافی هاوڵاتیی یەکسانمان بۆ عەلەوییەکان ناوێت. وەک ئەوەی لە دەقی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا بەدی دەکرێت، ئۆجەلان تەنیا سەرنج ناخاتە سەر ناسنامەی کورد و لە خەمی بە دیموکراسیکردنی تورکیایە بۆ تەواوی هاوڵاتییان". باکرهان جەختی لەوە کردەوە هیچ شتێکی ژێر بە ژێر لەنێوان دەوڵەت و حکومەت لەگەڵ ئۆجەلان و دەم پارتی و پەکەکەدا نییە و ئەوەی هەیە ڕای گشتی لێ ئاگادار کراوەتەوە، هاوکات هۆشداریشی دا لەوەی ئەو زمانە ژەهراوییەی کاربەدەستانی تورکیا بەکار دەهێنن، زیانی زۆر بەو پرۆسە نوێیە دەگەیەنێت. باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و بە دەمەوە هاتنی پەکەکە بۆ بانگەوازەکە، هیچ هەنگاوێک لە لایەن حکومەتی تورکیاوە نەنراوە و تائێستاش نازانرێت ئەگەر گەریلاکان چەکیان دانا دەبێت بۆ کوێ بچن و چۆن تێکەڵی کۆمەڵگا دەبنەوە.
سەرۆکی فهرمانگهى دادوەری پارێزگای کوردستان (سنه) ڕایدەگەیەنێت لە مەرزی باشماخى شارى مەریوان لەدیوى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، توانیویانە نزیکەى ٣٠ کەس بۆ تۆمەتى قاچاخچیەتى سوتەمەنی دەستگیربکەن. ماڵپەرى ئیرناى ئێرانى، لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت سەید حوسێن حوسێنی سەرۆکی دادوەری پارێزگای کوردستان، ڕایگەیاندوە: بەبڕیارى دادوەرى داواکاری گشتی مەریوان، لەلایەن هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و پاسەوانانی سنووری شارەکە، و بە هاوکاری کۆمپانیای نەوتی پارێزگاکە، توانیویانە 35 ئۆتۆمبێلی بچوک کە سووتەمەنی بە قاچاخ هەڵدەگرن، بناسنەوەو دەستىیان بەسەردا بگرن لەکاتێکدا دەیانویست سوتەمەنى بگوازنەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە لەژێر چاودێری ورد و ڕێوشوێنی هەواڵگری، پاسەوانانی سنوور ڕەوانەی شوێنەکە کرا بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە، دوای چەندین جارو چاودێری باری قاچاخەکان، سەرکەوتوو بوون لە دەستبەسەرداگرتنی بە بەکارهێنانی تەکنیکی تایبەت. سەرۆکی دادوەری کوردستان، ئەوەشى خستوەتەڕوو لەو هەڵمەتەدا، ٣٠ کەسیان بۆتۆمەتى کارى قاچاخچیەتى سوتەمەنى لەمەرزى باشماخ دەستگیربکەن. بەپێى ئامارەکان لەماوەى 10 مانگی ڕابردوودا، 287 دۆسیەی یاساییان کردوەتەوە بۆ کارى قاچاخى سوتەمەنى، توانیویشیانە یەک ملیۆن و 503 هەزار و 693 لیتر سووتەمەنی قاچاخ بدۆزنەوەو دەستى بەسەردا بگرن لە ماوەی ئەو دە مانگەدا. حوسێنی جەختی لەوە کردەوە: بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، بەتایبەتی قاچاخی سوتەمەنی، بە تایبەتی لە کارنامەی دەسەڵاتی دادوەری پارێزگاکاندایە و ئەم پرسە بە شێوەیەکی جددی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت لەڕێگەی چاودێری هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی و ڕێکخستنی چاودێری. مانگى ڕابردووش لەدەروازەى سنورى باشماخ، لەدیوى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە، بەرپرسانى فەرمانگەى دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر ٥٠ هەزار لیتر بەنزینیاندا گرتووە، کە لە چەند کۆگایەکدا لە مەرزى باشماخى مەریوان هەڵگیرابوو. هاوکات دەست بەسەر 15 ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە کە چەندین دەبە بەنزینی قاچاخی تێدابووە و ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون و بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەى زیاتریان لێبکرێت. بەرپرسی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان، جەختی لە بەردەوامیی سەردانە هاوبەشەکانیان کردەوە لەدژی قاچاخچییەکانی سوتەمەنی. هەروەها وتیشى: بە بە بەراورد بە ساڵى ڕابردوو قاچاخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
هاوسەرۆکی دەبەپە، ڕایدەگەیەنێت داواکاری درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سیاسی و سەربازییەکانی دەوڵەت دوای ڕاگەیاندنی هەڵوێستی ئەرێنی لەلایەن پەکەکەوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر پرۆسەی ئێستا، دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بچێت. کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دۆخی نێودەوڵەتی و هاوکێشە ناوچەییەکان و هاوسەنگییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیای هەڵسەنگاندووە و لە کاتێکی مێژووییدا ئەو بانگەوازەی کردووە. هاوسەرۆکی دەبەپە جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت، پێویستە دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە زەمینە بۆ ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان دروستبکرێت، دەشڵێت: دەبێت هەلومەرجێک بۆ ئۆجالان دروستبکرێت کە بتوانێت بە ئاسانی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و بازنەی جۆراوجۆر دروست بکات". کەسکین بایندر وتیشى: هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت وەک هەنگاوی یەکەم هەلومەرجی ئازادی ئۆجالان دروست بکرێت. گەورەترین گەرەنتی سەلامەتی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە چالاکانە سەرکردایەتی بکات، گەورەترین بەرپرسیارێتی لەم بابەتەدا لە ئەستۆی دەوڵەت و ئەوانەی دەسەڵاتدان". بایندر ئاماژەی بەوەدا کە لە تورکیا، کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان پشتیوانییەکی زۆر بۆ ئەو بانگەوازە هەیە و وتی: پێش هەموو شتێک؛ بەڕێز ئۆجالان ئەم بانگەوازەی بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای جیهان و ناوچەکە و تورکیا کرد. دووەم؛ لە سەردەمێکدا کە سیاسەتی جەنگ لە سەرانسەری جیهاندا خەریکی پەرەپێدانی فۆرمولەکانە، نەخشەڕێگای چارەسەری جیهانی و ناوچەیی و نیشتمانیی زۆر جیاواز هاتۆتە ئاراوە. "هەر بۆیە زۆر ژاوەژاوی دروست کرد." هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) بەردەوام بوو لە ڕاکێشانی سەرنج بۆ بەرنامەی ئەو دیدارانەی کە بڕیارە لە زیاتر لە ١٠٠ ناوەند لەگەڵ خەڵکدا ئەنجام بدرێت و وتی: دەمانەوێت بانگەوازەکەی ئۆجالان بە تەندروستترین شێوە لەگەڵ خەڵکدا هاوبەش بکەین. وتیشى: لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ خەڵک کۆدەبینەوە. ئەم کارە هەفتەی داهاتوو دەست پێدەکات. ئەم هەشتی مارس و نەورۆزە بۆ ئێمە کەمێک جیاواز دەبێت لە چاو ئەوانەی پێشوو. پێویستە زیاتر حەماسەتیان هەبێت. نەورۆز نەورۆزێکی ئاشتی و ئازادی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دەبێت. بەڕای من نەورۆزی ٢٠٢٥ دەبێتە نەورۆزی چارەسەری پرسی کورد و ئازادی کاک ئۆجالان و دەربڕینی ئیرادەی ملیۆنان کەس. هەمووان بەم بەرپرسیارێتییە لە گۆڕەپانی نەورۆز دەبن. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕۆژی ٢٧ی مانگى ڕابردوو لە ڕێگەی شاندی ئیمرالی پارتی دەمەوە، "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتی"ی بڵاوکردەوە. بانگەوازەکە کە بە "بانگەوازی سەدە" وەسف کراوە، پشتیوانی ئێران، عێراق، سوریا، تورکیا، ئیسرائیل، یەکێتی ئەوروپا (یەکێتی ئەوروپا)، ئەمریکا و چەندین بازنەی جیاوازی دیکەی وەرگرتووە. دوای ئەو بانگەوازە، پارتی ئاگربەستیشی ڕاگەیاند و پشتیوانی خۆی دەربڕی.
مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە. بە بۆنەی 34ـەمین ساڵیادی ڕاپەرینی ساڵی 1991ـی خەڵکی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە. سەرۆک وەزیران دەڵێت: یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشداریان تێیدا کرد. دەقی پەیامەکە لە (34)ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشداریان تێیدا کرد و لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، توانرا هەرێمی کوردستان لە ستەم و داگیرکاری ئازاد بکرێت و لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتییشەوە، پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە ئاراوە . ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە لە سەر داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی بە هۆی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی گەشی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەدەستمان هێناون كە مەحاڵە خەڵکی کوردستان، لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت. شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 . سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان .
هاوڵاتى مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت:ڕاپەڕین لە دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر، پەیامێکی ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت. هەر لەوپەیامەیدا بارزانى دەشڵیت: ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت و ئەوە ئیرادە و هێزی گەلی كوردستانە كە براوە دەبێت. دەقى پەیامەکە پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی سی و چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو خەباتگێڕ و ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەران و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم. ڕاپەڕین یەکێکە لە سەروەری و دەستکەوتە گرانبەهاکانی گەلی کوردستان. لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان و، قارەمانێتی پێشمەرگە و یەكڕیزیی لایەنەكانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا ڕاپەڕین هاتەدی و سەركەوتنی بەدەست هێنا. ڕاپەڕین لە دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر، پەیامێکی ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت. ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت و ئەوە ئیرادە و هێزی گەلی كوردستانە كە براوە دەبێت. لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لە بەها پیرۆزەكانی ڕاپەڕین و پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە. سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزی شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان دەنێرین، کە بە خوێنی پاكیان ئازادی و سەربەستیان بۆ گەلەكەمان هێنایە دی. مسعود بارزانی 5ـی ئاداری 2025
باسم محەمەد خزەیر، بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان دەڵێت، لایەنی تورکیا ئاگاداری کردوینەتەوە، بەندەری جەیهان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی نەوت، پشکنینی بۆری هەناردەکردنی نەوتی خاویش لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری تورکیا تەواو بووە. خزەیر، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنانەی (الصباح) وتی: وەزارەتی نەوت هەموو پابەندییەكانی جێبەجێ کردووە، چاوەڕێین هەرێم گڵۆپ سەوز هەڵبكات بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەناردەکردنی نەوت بە تێكڕای (١٨٥) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، تا دەگاتە ئەو توانایانەی کە دەبێت دواتر هەناردە بکرێت، بەپێی ئەو بڕەی کە لە بودجەی فیدراڵیدا دیاری کراوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (2)ی شوباتدا، هەمواری بودجەی پەسەند کرد، کە بڕی قەرەبووی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دیاری کرد، هەموارکە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند دەکات بە گواستنەوەی بەرهەمی نەوتی خۆی بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵیەوە بەڕێوەدەبرێت. سەبارەت بە ڕێککەوتنی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوکیش، بریكاری وەزارەتی نەوت رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای (بی پی)ی بەریتانی گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوکمان تەواوکردووە و، خراوەتە بەردەم کۆمپانیای راوێژکاری (کلڤن لاین) بۆ پێداچوونەوە بە مۆدێل و مەرجی گرێبەستییەکان، پێشبینیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت. بریكاری وەزارەتی نەوت رونیشیکردەوە، گرێبەستەکە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی چوار کێڵگەی (بای حەسەن، کەرکوک بە دوو قوبەکەی "بابا و ئاڤانا"، جەمبور، و خەبات) بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی بەرهەمهێنانی (420) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵدا، هەروەها وەبەرهێنانی (400) ملیۆن پێ سێجا لە غازی هاوەڵ و نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی غاز لە باکورو، دامەزراندنی وێستگەیەکی کارەبا بە توانای (٤٠٠) مێگاوات.
