ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەممە شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ دووەمجار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە ئیمراڵی کرد. میدیای تورکیا دەڵێن، شاندی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتبوون، جارێکی تر سەردانی ئیمراڵیان کردووە و چاویان بە ئۆجەلان کەوتووە. بەگوێرەی میدیای تورکیا؛ دیداری شاندەکەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چوار کاژێری خایاندووە. نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، شاندەکە سبەینێ راگەیێندراوێک لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی وەزیری بەرگری سووریا باس لە ئەگەری بەکارهێنانی هێز دەکات لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەگەر دانوستانەکان ئەنجامیان نەبێت. وەزیری بەرگریی سووریا، لەبارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ هێزەکانی سووریا و چەکدانانیان، رایگەیاند ئەوان ئامادەن لەگەڵ کورد لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ بکەن، بەڵام رەتیشی نەکردەوە لە ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکان، هێز بەکارنەهێنن.   مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا، ئەمرۆ چوارشەممە لە دیمەشق، رایگەیاند ئێستا دەرگەی گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە کراوەیە، بەڵام ئەگەر پێویستی کرد هێز بەکاربهێنین، ئامادەین. پێشتر بەرپرسانی هەسەدە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکەش، شەرع راگەیاندبوو، پێویستە هەسەدە تێکەڵی سوپا نوێی سووریا بکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت. هێزەکانی سووریای دیموکرات هاوپەیمانی سەرەکیی ‌هێزەکانی ئەمریکایە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە شەڕی دژی داعش و زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی کەوتوونەتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان، بەڵام دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا تەنیا کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانیان ناوێت و بە نیازن کۆی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن.

 فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت شاسوار عەبدولواحید ماوەی دوو مانگە خەریكی گفتوگۆیە لە گەڵ پارتی و یەكێتی بۆ ئەوەی بەشێكی دەستبكەوێت، ئێستا خەریکى موزایەدەو چەواشەكاری و زمانی برینداركردنە. لە كۆنگرەیە رۆژنامەوانیدا فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامێکى توندى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێیان دایەوەو لەبەشێکیدا دەڵێن شاسوار عەبدولواحید پێشنیازێكی ئاوا باس لە حوكمڕانی درووستكردنی حوكمڕانی بێت، ناكرێت لەناو حەدیقەوەو لەناو سەیارەوە پرۆژەیەكی ئاوا بۆ خەڵك و لایەنە سیاسیەكان تەرح بكرێت، بەڵگەیە لەسەر ناجدی بوونی پێشنیازەكەی شاسوار عەبدولواحید. سەبارەت بەهەڵوێستى یەکگرتوو، دەڵێن ئێمە دیدمان روونە و وتومانە ئۆپۆزسیۆنین و لەگەڵ پارتی و یەكێتی ناچینە حكومەت، كاك شاسوار ماوەی دوو مانگە خەریكی گفتوگۆیە لە گەڵ پارتی و یەكێتی بۆ ئەوەی بەشێكی دەستبكەوێت دیارە نەگەیشتووەتە ئەنجام لەگەڵ دەسەڵاتداران. لەبەشیکى دیکەى کۆنگرەکەى یەکگرتوو دەڵێن: ئەو كە رازی نیە بە بەشی خۆی یان ئەوەی پێی دراوە رازی نیە، ئەبوایە لەگەڵ هێزەكانی تر ئۆپۆزسیۆنێكی جدی بین، نەك موزایەدەو چەواشەكاری و زمانی برینداركردن، لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە، ئێمە زۆر بەرۆشنی وتوومانە بەشداری حكومەت ناكەین، كۆمەڵ دەڵێت بەشداری پەرلەمانیش ناكەین كەچی دەیەوێت ئیحراجیان بكات. هەروەها دەشڵین ئەوانە بەڵگەی ئەوەن ئەو پرۆژەیەی شاسوار عەبدولواحید ئیستهلاكی محەلی و  ناواقیعیە، لەدوورەوە پێشنیازی وا دەلیلی ناواقیعیە، پرۆژەیەكی بێ بنەما و بێ پەیڕەوی.  فراکسیۆنى یەکگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، ئەو پێشتر دەیوت دەبێت بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لەبەردەركی سەرا هەڵبواسرێن خێرە ئێستا دەیەوێت دەنگەكانی بە بەلاش بداتە لایەنێكی دەسەڵات،  دەشڵێن: ئەی بۆ لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەیوت هەرگیز لەگەڵ یەكێتی و پارتی كۆنابمەوە دوای دوو مانگ گفتوگۆ و كۆبوونەوە دیارە نەگەیشتووەتە ئەنجام ئەمڕۆ دەیەوێت دەنگ بەلایەنێكی دەسەڵات بدات خۆی ئازادە

لە کاتێکدا چارەنووسی مووچەی مانگی دوازدەی ساڵی 2024 بە نادیاری ماوەتەوە، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە دووری دەزانێت پرسی دواکەوتنی مووچە بەم زووانە کۆتایی بێت و دەڵێت کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق "زۆر گەورە بوون." دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پێی وایە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، "یاسا جێ بەجێ دەکات بەو شێوازەی کە لە عێراق شیکردنەوەی بۆ دەکرێت نەک شیکردنەوەکانی هەرێم." ئەو بەرپرسەى پێشووى وەزارەتى دارایی، ئەوەش باس دەکات ئەو بریکاری وەزیر بووى دارایی بوە لە عێراق، دەڵێت: چەندین بڕیاری سەرۆکوەزیرانم ڕەتکردووەتەوە و جێبەجێم نەکرد؛ بۆیە تەیف سامی ئێستا یاسا جێ بەجێ دەکات و هیچ کێشەیەکی شەخسی لەگەڵ کوردا نیە، بە پێچەوانەوە پەیوەندیمان لەگەڵی زۆر باشە." وتیشی، "تەیف سامی بەگوێی کەس ناکات و بڕیار و یاسا جێ بەجێ دەکات و دەڵێت من یاسای بودجەم هەیە و جێبەجێی دەکەم، یاسای بودجەش کە دەرچووە لە بەرژەوەندی کوردستان نییە. دەشڵێت بڕیارێکی دادگای فیدراڵی هەیە ئێمە لە عێراق بەو شێوەیە شیکردنەوەی بۆ دەکەین و هەرێمی کوردستانیش بەشێوازێکی تر." کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنها لەسەر نەوت نیە، بەڵکو لەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان و لیستی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمیشە. بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی دا کێشەکان زۆر گەورە بوونە و هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق، بەڵام دەتوانرێت بە دەنگدان لەسەر دەستکاری یاسای بودجە لە 75%ی کێشەکان چارەسەر ببێت. د.فازڵ نەبی، دەشڵێت، "کێشەکان دوو جۆرن: کێشەیەکیان مووچەیە کە بریارێکی دادگای فیدراڵی هەیە دەبێت مووچە بنێرێت. بەڵام بەغدا مەسەلەی مووچەی پەیوەستکردووە بە کۆمەڵێک شت. وەفدی ئێمە چوونە بەغدا بەداخەوە نەیانتوانیوە بگەنە دەرئەنجامێک. بەغدا دەڵێت دەبێت نیوەی داهاتی ناوخۆم ڕادەست بکەیت و نیوەکەش دیاریکراوە بە 80 ملیار دینار، پێدەچێت بەغدا تێبینی لەسەر ئەو بڕە هەبێت...کێشەکانی دیکە هونەرین و لیستی موچە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت." گرفتە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی وایکرد، دوێنی 20ی مانگی یەکی 2025، جارێکی تر شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بڕۆن بۆ بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆببنەوە. فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕاشیگەیاند، "لە 2014ەوە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و هەر لایەکیان هۆکارێکی هەیە بۆ چارەسەرنەکردنی...چونکە هەرلایەکیان شیکردنەوەیەکی دیاریکراوی هەبووە بۆ بڕیارەکان، ناشیەن پێکەوە چارەسەرێکی کۆتایی بکەن و بڵێن ئەوە چارەسەر بوو." وتیشی، "کێشەی ئەم برادەرانەی ئێمە ئەوەیە لە بەغدا بەدواداچونیان نەکردووە بۆ کێشەکان؛ لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت کاتی خۆی ڕێکەوتنێک هەبوو و چوار خاڵ چەسپا کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەم ئەو چوار خاڵە جێ بەجێ بکرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی بەدواداچوون نەبوو، ئەوە حکومەت تەواو بوو لەو چوار خاڵە پێنج لەسەدی جێ بەجێ نەکرا. وەفدی هەرێم زۆر بەخێرایی دەڕۆن و هەندێک قسە دەکەن و دەگەڕێنەوە و ناگەنە چارەسەری کۆتایی."

ــ سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمان بانگهێشتی ئەندامانى کردوە بۆ کۆبونەى چوارشەممە ــ هیچ بانگهێشتنامەیەک بۆ دانیشتنەکەى سبەینێ لە ماڵپەرى پەرلەمان بڵاونەکراوەتەوە بڕیارە سبەینێ، لەسەر بانگهێشتى سەرۆکى بەتەمەنى پەرلەمانى کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام هیچ ئەندامێکى فراکسیۆنەکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان بەشدارى ناکەن، پێدەچێت تەنها ئەندامانى فرکسیۆنى نەوەى نوێ و یەکگرتوو بەشداربن. محەممەد سلێمان، سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمانی كوردستان 19-1-2025 لە راگەیەندراوێكدا بانگهێشتی هەموو ئەندام پەرلەمانەكانی كرد، بۆ ئەوەی ئەم چوارشەممەیە (22-1-2025) درێژە بە دانیشتنی یەكەمی خولی شەشەمی پەرلەمان بدەن، بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان؛ بە پێچەوانەوە ئەوان بەرپرس نین لە لێكەوتە یاسایی و سیاسییەكان. بەڵام تا ئامادەکردنى ئەم هەواڵە لە شەوى سێشەممە، هیچ بانگهێشتنامەو بەرنامەیەکى کارى دانیشتنەکە لە ماڵپەرى فەرمى پەرلەمانى کوردستان بڵاونەکراوەتەوە، کە بە گوێرەى کاروبارەکانى پەرلەمان پێش هەموو دانیشتنێک بەرنامەى کارو دانیشتنەکان بڵاودەکاتەوە. بەپێى زانیاریەکان هیچ ئەندامێکى فراکسیۆنەکانى یەکێتى و یەکێتى کرد، بەشدارى دانیشتنەکەى پەرلەمان ناکەن، بۆیە ڕێژەى پێویستى یاسایى تەواو ئامادەنابێت. دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان لە 2ـى كانوونى یەکەمى 2024 بەڕێوەچوو، کە پەرلەمانتاران سوێندى دەستبەکاربوونیان خوارد، بەڵام دەستەى سەرۆکایەتى هەڵنەبژێردراو دانیشتنەکە بە کراوەیى هێڵدرایەوە. ڕۆژی 18-1-2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمە 15 كورسیمان هەیە، لەگەڵ كورسییەكانی یەكێتی و دوو كورسی كۆتای سلێمانی دەكاتە 40 كورسی، ئەگەر كورسییەكانی كۆمەڵ و یەكگرتووی بخرێتە سەر كە 10 كورسین، دەكاتە 50 بە تەنیا 50+1 دەكات. بێگومان هەشت كورسیی دیكەی لایەنەكانی دیكەش هەن، ئەگەر یەكێتی و تەواوی لایەنەكانی دەتانەوێت پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی نەبێت، فەرموون وەرن لەسەر كاندیدێكی سەرۆكوەزیران رێكبكەون جا هەر كاندیدێك بێت، بەڵام پارتی نەبێت". لەوەڵامى ئەو قسانەى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ، محەمەد حەکیم، وتەبێژى کۆمەڵى دادگەرى پەیامێکى کورتى بڵاوکردەوەو دەڵێت: کاک شاسوار دووەمجارە پێشنیارێک ئاڕاستەی یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بێ خەبەر لەوەی کە کۆمەڵ نەک حکومەت بەڵکو پەڕلەمانی دیزاینکراویشی بۆ جێهێشتوون. وتەبێژەکەى کۆمەڵ دەڵێت: فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن، دڵنیابە بە بەشداری ئێوەش بە سەد پۆست نەک پەنجا؛ گۆرانکاری نابێت و دۆخەکە چاک نابێت، گەر خراپتر نەبێت. بەگوێرەی زانیارییەکان ئەگەر محەمەد سلێمان، دەستلەکاربکێشێتەوە، ئازاد محەمەد، لە فراکسیۆنی یەکێتی وەکو دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار شوێنەکەی پڕدەکاتەوە.

ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزەکانى سوریاى دیموکرات، سەرپەرشتی ئەو زیندانانە دەکەن کە چەکدارانی داعشیان تێدایە، ڕایدەگەیەنن دژی ڕادەستکردنی ئەو زیندانانەن بە ئیدارەى نوێی دیمەشق. نزیکەی 50 هەزار کەسی سەر بە داعش، 10 هەزاریان لە چەکدارانی ئەو گرووپە توندڕەون. هاوکات هەسەدە کەمپی هۆلیش لە ژێر کۆنترۆڵیاندایە، ئەو شوێنەی دەیان هەزار کەسی سەر بە داعش تێیدا دەژین و بەشێکی زۆریان ئەندامی بنەماڵەی گومانلێکراوانی چەکداری ئەو گروپەن. هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن و چارەکێکی سوریایان کۆنترۆڵکردووە، ڕایگەیاندووە چەکدارانی داعش لە دوای کەوتنی بەشار ئەسەدەوە لە 8ی مانگی دوازدەوە دووجار هێرشیان بۆ سەر زیندانەکان دەستپێکردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئازادکردنی ئەندامەکانیان. ئەفسەرێکی کورد لە زیندانێکی شاری حەسەکە کە نزیکەی چوار هەزار و 500 چەکداری داعش تێیدا دەستبەسەرن کە ژمارەیەکی زۆریان بیانین، بە ئاژانسى رۆیتەرزى ڕایگەیاندوە گروپی داعش دووبارە هەوڵی ئازادکردنی هاوڕێکانیان لەو زیندانە دەدەن. ئەو ئەفسەرە وتیشى: کاتێک ڕژێمی سوریا ڕووخا، داعش چەکێکی زۆری دەستکەوت و خۆیان ڕێکدەخەنەوە بۆ هێرشکردنە سەر زیندانەکان. ئەو ئەفسەرە کوردە باسی لەوەش کرد، پاراستنی ئەم زیندانە تەنها لە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانی و هێزەکانی سوریای دیموکراتە. هێزی سوریای دیموکرات ڕایگەیاندووە چەکدارانی جیهادییەکان هەوڵیانداوە دۆخی ئاسایشی لاواز لە سەرتاسەری سوریادا بقۆزنەوە. ئەو ئەفسەرە کوردە ئاماژەی بە هێمای داعش کردووە لەسەر جلی ئەو چەکدارانەی دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرتووە و تورکیا پشتیوانیان لێدەکات. هێزەکانی هەسەدە ماوەی دە ساڵە وەک پێشەنگی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا بە سەرکردایەتی ئەمەریکا کار دەکەن و لە ساڵی 2017دا جیهادییەکانیان لە بارەگاکانیان لە ڕەققە دەرکرد. لەو کاتەوەی گروپی تەحریری شام کە پێشتر سەر بە قاعیدە بووە، دەستی بەسەر دیمەشقدا گرتووە، زیندانەکانی داعش بوونەتە جێگای سەرنجی ئەو گرووپە. لەم نێوەندەدا زلهێزە دەرەکییەکان ناکۆکن لەسەر ئەوەی کێ دەبێت زیندانەکان بەڕێوە ببات. تورکیا کە کوردەکانی سوریا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەزانێت، دەڵێت پێویستە زیندانەکان ڕادەستی فەرمانڕەوا نوێیەکان بکرێن و هاوکارییان پێشکەشی جیهادییەکان کردووە بۆ بەڕێوەبردنیان. بەڕێوبەرایەتی بایدن پشتیوانی خۆی بۆ هێزە کوردییەکان بۆ بەڕێوەبردنی زیندانەکان دەربڕیبوو. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لە ٨ی ئەم مانگە ڕایگەیاند یەکێک لە ڕێگا گرنگەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بەهێزکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتە.

بەبۆنەى ڕوداوى ئاگرکەوتنەوەکەى هۆتێلێکى تورکیا، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم ڕایگەیاند: من زۆر دڵتەنگم بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە، بیرکردنەوە و دوعاکانم لەگەڵ قوربانیان و کەسوکارەکانیان و خەڵکی تورکیایە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەکێک لە هۆتێلەکانی سەنتەری کایاک لە ناوچەیەکی گەشتیاریی یاری خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵکەی شاری بۆڵوی تورکیا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا ٦٦ کەس گیانی لەدەستدا و ٥١ کەسی دیکەیش برینداربوون. لە پەرەى تایبەتى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکى هاوخەمى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: من زۆر دڵتەنگم بەهۆی ئاگرکەوتنەوە دڵتەزێنەکەی هۆتێلێک لە بۆلو لە تورکیە.  لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا هاتووە: بیرکردنەوە و دوعاکانم لەگەڵ قوربانیان و کەسوکارەکانیان و خەڵکی تورکیەیە لەم کاتە سەختەدا. ئێمە بە هاودەنگی لەگەڵ ئێوە وەستاوین. ئاگرکەوتنەوەکە بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممەبووە، میوانەکان ناچار بوون لە نیوە شەودا لە پەنجەرەکانەوە باز بدەنە دەرەوە، هۆتێلەکە دەکەوێتە سەر لوتکەی زنجیرە چیای بۆڵۆ و نزیکەی 170 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای ئەنکەرەی پایتەختی وڵاتەکەوە دوورە. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کەناڵی ئێکس نووسیوێتی "ئاگرەکە کاتژمێر 3:27 خولەکی بەیانی بە کاتی تورکیا لە هۆتێلی گراند کارتاڵی 12 نهۆمی کەوتووەتەوە." بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کردووە. یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاندووە شەش داواکاری گشتی ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە. میدیا ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە لەکاتی ڕووداوەکەدا لانیکەم 230 کەس مێوانی هۆتێلە بوون کە لە کاتی پشووی دوو هەفتەی خوێندندا، خەڵک ڕوویان تێکردووە.

مەسعود بارزانى، بەبۆنەى دەنگدان بە پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە، پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت  ئەو بڕیارە لەشوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنماف. هاوکات دەستخۆشی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكات ڕۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەبووە. لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراقدا، سێ یاسا پەسەندکران، کە پێشتر کێشەو گرفتى زۆریان لێکەوتەوەو هەریەک لەو یاسایانە بەلای یەكێك لە پێكهاتەكانەوە گرنگە، ئەو سێ یاسایەش گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و یاسای باری كەسیی و لێبوردنی گشتییە. پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو بە فەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە "قیادەی سەورە"ــی هەڵوەشاوە بەلاى کوردەوە زۆر جێى بایەخ بووە. کەمێک لەمەوبەر مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: هیوادارم ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستیانە كە لەدژی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی عێراق بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە. دەقى پەیامەکەى بارزانى دوای ماوەیەکی زۆر لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، سەرئەنجام ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەنگاوێكی گرنگدا دەنگی بە "پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە" دا كە تایبەتە بە گەڕانەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان. ئەو بڕیارە لەشوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنماف، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكەم كە ڕۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەبووە و سوپاسیان دەكەم.  هیوادارم ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستیانە كە لەدژی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی عێراق بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە. مسعود بارزانی

لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراقدا، سێ یاسا پەسەندکران، کە پێشتر کێشەو گرفتى زۆریان لێکەوتەوەو هەریەک لەو یاسایانە بەلای یەكێك لە پێكهاتەكانەوە گرنگە، ئەو سێ یاسایەش گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و یاسای باری كەسیی و لێبوردنی گشتییە. پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو بە فەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە "قیادەی سەورە"ــی هەڵوەشاوە بەلاى کوردەوە زۆر جێى بایەخ بووە. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانى عێراق لەوبارەیەوە، ڕایگەیاند، "سوپاس بۆ خودای گەورە سەرکەوتین، دوای 50 ساڵ لە داگیرکاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان دەنگی لەسەر درا. جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئەم بڕیارە بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی هاتە ئاراوە، لە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای کەرکوک”. هاوکات كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەو یاسایە زۆر گرنگە بۆ کورد، چونکە بڕیارەكانی مەجلیسی قیادەی بەعسی هەڵوەشاندەوە، بەمەش نزیکەى یەک ملیۆن دۆنم زەوى زەوی كشتوكاڵی جوتیارانى كورد دەگەرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان. یەکێک دیکە لە پڕۆژەکان کە دەنگی پێدرا پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی بوو کە داواکاریی سوننەکان بوو، ئەوان دەیانەوێت ژمارەیەكی زۆر زیندانییان ئازاد بكەن. پڕۆژە یاساکەی دیکەش بریتی بوو لە هەمواری یاسای باری کەسێتی کە داواکاریی شیعەکان بوو. کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق 10 بڕگە لەخۆ دەگرێت، حەوت بڕگەیان دەنگدان و سێ بڕگەی دیکە بۆ خوێندنەوەی چەند پرۆژەیاسایەکی دیکە بوو. لەئێستادا پەرلەمان بەردەوامە لە کۆبونەوەو گفتوگۆ دەکەن لەسەرهەمواری یاسای بوودجە.

لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆمارى عێراق، ڕایگەیاند، پێویستە سەرمایەدارانى کورد لەسەر ئاستى جیهان ڕۆڵ و دەنگیان هەبێت، هەوڵبدەن داهاتووى کوردستان ئابوریەکى بەهێزى هەبێت و واز لەو قۆناغە بهێنین کە هەر لەسەر مووچە بژین. لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆڕبەندی ئابووری جیهانی لەداڤۆس، لەماڵى کوردستان، .لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمارى عێراق، بەئامادەبوونى مەسرور بارزانى و ژمارەیەک لە سەرمایەداران وتەیەکى پێشکەشکرد. لەبەشێکى قسەکانیدا سەرۆک کۆمار ئەوەى خستەڕوو پێویستە سەرمایەدارانى کورد لەسەر ئاستى جیهان ڕۆڵ و دەنگیان هەبێت، کاربکەن بۆ ئەوەى کۆمپانیاو سەرمایەدارەکانى ئەوروپاش لەڕیگەى ئەوانەوە بێنە کوردستان. وتیشى: سەرمایەدارانى دەرەوە بەشداری پێبکەن لە دروستکردنى کارو کارخانە، بۆ ئەوەى داهاتووى کوردستان  ئابوریەکى بەهێزى هەبێت و واز لەو قۆناغە بهێنین کە هەر لەسەر مووچە بژین. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، لەتیف ڕەشید وتى: حەزدەم پێتا بڵێم ئەمە تەنها لەکوردستان نیە کە گرنگى دەدرێت بەمووچە، بەڵکو لەعێراقیش وایلێهاتووە، وتیشى: لە ٨٠%ى بوودجە بۆ مووچە دەڕوات، رێژەى ئەم مووچەیەش ساڵ بەساڵیش زیاتر دەبێت. سەرۆک کۆمارى عێراق، ئەوەشى خستەڕوو ژمارەى دانیشتوانى عێراق ئێستا نزیکەى ٤٥ ملێۆن کەسە، لە ٥٦%ى دواى ٢٠٠٣ لەدایک بووە، ماناى ئەوەیە ئەو جیلە بەو قۆناغەدا نەڕۆشتوون کە خەباتى کوردى تێدابووە یان ئەو ناخۆشیانەى بەسەر کوردا هاتووە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتى: من هانى سەرمایەداران دەدەم تەنها لەکوردستان خەریک نەبن بەڵکو بچنە ناوچەکانى دیکەش ئێستا بارودۆخ ئارام و ئاسایشە ئەو بازاڕەى کراوەتەوە لەعێراق سەرمایەدرانى کوردیش سودى لێوەربگرن. سەرۆک کۆمار دەڵێت: ئێمە پێویستە هانى کەرتى تایبەتیش بدەین و پشتیوانیان بین، بۆ ئەوەى ئەو فشارەى لەهەرێم و عێراقیشە بۆ مووچە کەمى بکەینەوە، تاوەکوو ئەوە نەکەین ناتوانین بەرەوپێشچوونى گەوەرە لەبوارى ئابوریدا بکەین. هەروەها تیشکی خستەسەر گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا بەئامانجی پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی و پەسەندکردنی پلانی ستراتیژی جددی لەکەرتی وەبەرهێنان هاوکات ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کەلەم بوارەدا دراون.

ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، ئامارو کاروچالاکی و ئۆپراسێۆنەکانى دژى رێکخراوى داعش، لەساڵى ٢٠٢٤دا بڵاوکردەوەو بەپێى ئامارەکە هەسەدە توانیویەتى ١٧ تیرۆریستى داعش بکوژێت و لەونایاندا ٦ سەکردەى ئەو ڕیکخراوە هەبووە، هاوکات ٩٨ ئۆپەراسیۆنیان لەدژى ئەندامانى ئەو گروپە ئەنجامداوە. ئەمرۆ سێ شەممە، ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات هەسەدە، لەڕاگەیەندراوێکیاندا، ئامارەکەى ساڵى رابردوویان خستوەتەڕوو.  هەسەدە دەڵێت، هێزه کانمان، سه ڕکه وتوو بوون لەبەدەستهێنانى سەرکەووتنى زۆر لەماوەى ساڵى ٢٠٢٤دا، بەرانبەر شانەکانى داعش، توانیومانە هەڕەشەو مەترسى تیرۆریستی له ناوخۆو دەرەوە کەمبکەینەوە، دەیان کارى ئەمنی سەرکەوتوانە ئەنجامدراوە. ئەمانە پوختەی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییانەیە کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا لەلایەن دامەزراوە ئەمنییە سەربازییەکانمانەوە دژی بەکرێگیراوان و شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی "داعش" ئەنجامدراون: ژمارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن هێزەکانمانەوە ئەنجامدراوە (98) ئۆپەراسیۆن. ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستی کوژراو: (17) کەس، لەنێویاندا (6) سەرکردە. ژمارەی ئەو ئەندامە تیرۆریستانەی دەستگیرکراون: (278) کەس. کۆنترۆڵکردنی بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی، هەروەها ئەو مادانەی کە لە دروستکردنی تەقەمەنی و تەقەمەنیدا بەکاردەهێنرێن. ژمارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستیانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە ئەنجامدراون: 113 ئۆپەراسیۆن. ژمارەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن هێزەکانمانەوە پووچەڵکراونەتەوە: (43). لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى هەسەدە دەڵێن هێزەکانمان بە دۆزینەوەی چەندین ئامێری تەقەمەنی و بێلایەنکردنیان و ڕێگریکردن لە بۆردومان و ئۆپەراسیۆنی تێکدەر، جگە لە ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی شانەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆشکەکانی داعش، بەتایبەتی لەسەر سنوورەکانی سوریا و عێراق، بیابان ناوچەکان و کەمپی ئەلهۆڵ و دەوروبەری. ئەوەش دەڵێن هێزەکانى هەسەدە توانیویانە زۆرێک لەو ژینگەیانە وشک بکەنەوە کە پاڵپشتی چالاکیی ئەندامە تیرۆریستەکانی داعشیان دەکرد و نەهێڵن بگەنە خەڵکی ناوچەکە و ڕەشبگیرییان لێبکەن ئەوان سەرکەوتوو بوون لە دڵنیاکردنەوەی دانیشتوانی ناوچە گەرمەکان، ئەمە جگە لە بەرزکردنەوەی ئاسایشی دەوروبەری زیندانەکان و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە شانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی بەوان.

وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەمەودوا فەرمانبەرانی سلێمانی دەتوانن لە رێگای پڕکردنەوەی فۆڕمێکی ئۆنڵاین خۆیان تۆماربکەن و ببنە خاوەنی هەژماری بانکی. بەپێى راگەیەندراوێکى هەژمارى من، بە مەبەستی تۆمارکردنی سەرتاسەری لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من، لەمەودوا  فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی دەتوانن لەڕێگای پڕکردنەوەی فۆڕمێکی ئۆنڵاین خۆیان تۆماربکەن و ببنە خاوەنی هەژماری بانکی. ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو ئەم بژاردە نوێیە بەشێکە لە هەوڵەکانی هەژماری من بۆ ئاسانکاری لە تۆمارکردنی فەرمانبەران تاوەکو بتوانن بەشێوەیەکی ئاسان و بەبێ سەردانیکیردنی بنکەکانی تۆمار خۆیان تۆماربکەن.  هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەتوانن سەردانی ئەم لینکە بکەن (https://enketo.moda.digital.gov.krd/x/9jPTAyDU).

سەرۆک وه‌زیرانى عێراق، ڕێنمایی وەزارەتی دارایی کرد کە پێداویستیەکانی کۆمسیۆنى هەڵبژادن دابین بکات بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، وجەختیشی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کارەکانی کۆمسیۆن. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی وەزیران سه‌رۆكایه‌تی کۆبوونەوەیەکی كرد کەتیایدا عومەر ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د سەرۆکی دەستەی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی وئەندامانی دەستەی کارگێڕی و به‌رپرسی نووسینگه‌ی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وسەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئاماده‌بوون.  سودانی لەکۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد بۆ درێژکردنەوەی کارەکانی دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی بۆدا، هه‌روه‌ها به‌کورته‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ ئامادەکاری و ڕێکخستن و پێویستییەکانی کۆمسیۆن ئاگادارکرایەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کە بڕیارە له‌ کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت.  لە بەشێکى دبکەى کۆبونەوەکە،  باس لە ئەگەری پەسەندکردنی کارتی نیشتمانی وەک بەڵگەنامەیەک بۆ هاوڵاتیان بۆ ئەوەی دەنگی خۆی بدات پێ بدات خرایه‌ڕوو. سەرۆک وه‌زیران ڕێنمایی وەزارەتی دارایی کرد کە پێداویستیەکانی کۆمسیۆن دابین بکات له‌دوای ئامادەکردنی بودجە بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، وجەختیشی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی حکومەت بۆ پاڵپشتیکردنی کارەکانی کۆمسیۆن بە هەموو توانایەکی بەردەست بۆ گه‌ره‌نتیكردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی پاك وشەفاف.    

وەزارەتى دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، کۆبونەوەکەیان لەگەڵ وەزارەتى دارایی عێراق، لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆیان لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردوە، هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا. ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونى فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی هاوبەشى لە نێوان شاندی هەرێم بەسەرۆکایەتی ئاوات شێج جەناب وەزیری دارایی، لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو.            لەڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتى دارایی هەرێم ناوەڕۆکى ئەو کۆبونەوەیەى خستوەتە ڕوو دەڵێت: کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کراو و هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا. هەروەها ئاماژە بەوەدەکات هاوکات داواکاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کەساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا.         دەقی راگەیێندراوەکە: شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ جەخت لەچارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکەنەوە.      ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 20 کانوونی دووەمی ساڵی 2025، بەسەرپەرشتی بەڕێز دکتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز ئاوات شێج جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدول حەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو.                                   لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کراو و هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوکات داواکاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کەساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا .                                                                هەردوولا ڕێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت کەتیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت. هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و  ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025. هاوکات هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.   لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بەهاوبەشی داکۆکی لەماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق بکرێت.                                                      راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری. 

محەمەد حەکیم، وتەبێژو ئەندامى مەکتەبى سیاسى کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، وەڵامى شاسوار عەبدولواحید دەداتەوەو دەڵێت  فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن. لە پەیامێکى ڤیدیۆیدا، ئەمرۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، وتى: بۆ خەڵکی کوردستان شتێکی زۆر گرنگ، چوارشەمە کاک محەمەد سلێمانی دانیشتنی پەرلەمانی راگەیاندووە، ئەگەر یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو دەیانەوێت ئەوا دەتوانن بە 15 کورسییەکەی ئێمەوە (سەرۆکی پەرلەمان، جێگرەکەی و سکرتێری پەرلەمان) هەڵبژێرن.  هەروەها وتیشى: ئێمە هیچ پۆستێکمان ناوێت هەر سێ پۆستەکە بۆ یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ؛ ئەگەر دەنگمان نەدانێ و هەڵمان نەبژاردن ئەوا دیارە ئەم قسانەی ئێمە ناراستە.  لەوەڵامى ئەو قسانەدا، محەمەد حەکیم، وتەبێژى کۆمەڵى دادگەرى پەیامێکى کورتى بڵاوکردەوەو دەڵێت: کاک شاسوار دووەمجارە پێشنیارێک ئاڕاستەی یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بێ خەبەر لەوەی کە کۆمەڵ نەک حکومەت بەڵکو پەڕلەمانی دیزاینکراویشی بۆ جێهێشتوون. وتەبێژەکەى کۆمەڵ دەڵێت: فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن، دڵنیابە بە بەشداری ئێوەش بە سەد پۆست نەک پەنجا؛ گۆرانکاری نابێت و دۆخەکە چاک نابێت، گەر خراپتر نەبێت.