سەلوە مەفەرجی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ڕایدەگەیەنێت ماوەی دوو مانگە ئەنجوومەنی پارێزگاکە کارەکانى ڕاگیراوەو هیچ کۆبونەوەیەکى نەکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی سیاسی لە پارێزگاکەدا بەدەست دەوڵەتێکی "لەرزۆک"ەوە دەناڵێنێت بەهۆی بەشدارینەکردنی تەواوی لایەنەکان . ئەلموفەرجی، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەنجوومەنی پارێزگاکە ماوەی دوو مانگە دانیشتنەکانی ئەنجام نەداوە، ئەگەر کۆبونەوەی خۆیشی ئەنجامبدات، ئەوە تەنها کۆبوونەوەیەکی مشتومڕاوی دەبێت کە سنووردارە بە دەست بەرزکردنەوە و دەنگدان لەسەر بڕیارە بێسوودەکان. ئەو ئەندامە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم ئەنجومەنە ئیفلیج بووە و تەواوکەری پرۆسەی سیاسی لاوازە کە بەهۆی بەشدارینەکردنی باقی لایەنەکانەوە تەواو نەبووە". بەگوێرەی یاساکە، ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجوومەن پێویستی بە ئامادەبوونی 50+1 هەیە، واتە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی کەرکوک پێویستی بە ئامادەبوونی نۆ ئەندام هەیە بەڵام لە دوای دانیشتنی 5ی تشرینی دووەمی 2024ەوە کە بە نیسابی یاسایی ئەنجومەن بەڕێوەچوو نەیتوانیوە ڕێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنە ئاساییەکانی دەستەبەر بکات. ناکۆکییەکە لە ٩ی ئابی ٢٠٢٤ دەستیپێکرد، کاتێک ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە ئامادەبوونی ٩ ئەندام لە کۆی ١٦ ئەندام، حکومەتی نوێی کەرکووکی هەڵبژارد کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕێبوار تەها، بە پارێزگاری شارەکە هەڵبژێردرا، محەمەد حافز، لە پێکهاتەی عەرەبی، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەک هات لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدای پایتەخت، کە لەو ماوەیەدا ڕێککەوتنێک کرا کە چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو کە مافەکانی هەر پێکهاتەیەکیان گەرەنتی کردبوو،. بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی ناوخۆیی. دانیشتنەکە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و سێ ئەندامی پێکهاتەی عەرەبی بایکۆت کرا، لەلایەن ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشوو و سەرۆکی بەرەی تورکمانی سکاڵا لە دادگای فیدراڵی لە دژی شەرعیەتی دانیشتنەکە تۆمارکرا. بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کە لە ساڵی 2023 بەڕێوەچوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی و پارتی دیموکرات دوو کورسی و پێکهاتەی عەرەبی 6 کورسی و بەرەی تورکمانی دوو کورسی و پێکهاتەی مەسیحی یەک کورسی بەدەستهێنا کورسی.
لە شەشەمین ڕۆژی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، کەناڵی 14ی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ هەینى بزووتنەوەی حەماس لیستی ئەو زیندانیانە ڕادەست بکات کە ڕەنگە سبەی ئازاد بکرێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانیان پەرەپێداوە لە کەناری ڕۆژئاوا. بڕیارە سبەی شەممە، ئیسرائیل ١٨٠ فەلەستینی ئازاد بکات کە ٣٠ کەسیان سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی دەستبەسەرکراوان و زیندانییەکان بەپێی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی جنین لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراوی باکووری بۆ چوارەم ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە. سەرچاوەکان بە کەناڵی جەزیرەیان ڕاگەیاندووە هێزەکانی ئیسرائیل قەدەغەی هاتوچۆیان لە کەمپی جەنین ڕاگەیاندووە. سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە فڕۆکەو کۆپتەرەکانی ئیسرائیل هەڕەشەیان لە فەلەستینییەکان کردووە کە تەقە لە هەر کەسێک بکەن کە لە ناو کەمپی جنین بجوڵێت. لە ڕووی مرۆییەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ، پێنجشەممە، هاتنە ناوەوەی زیاتر لە سێ هەزار و 250 بارهەڵگری یارمەتییەکانی ڕاگەیاند، هاوکات ڕۆژنامەی هارێتز ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل پلانی بۆ دروستکردنی زنجیرەیەک بنکەی نیشتەجێبوون لە قودسی ڕۆژهەڵات داڕشتووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئامارى شەڕو پێکدادانەکانى دوێنێ پێنج شەممەى بڵاوکردەوەو بەپێى ئامارەکە نۆ ئەندامی بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا کوژران و یازدە کەسی دیکەش برینداربوون شاری دێر حافر. لەڕاگەیەندراوەکەى هەسەدا ئەوەخراوەتەڕوو، دوێنێ پێنجشەممە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەی شەرعی شەڕڤانان لە گوندی ئەلهۆشریە لە لادێی شاری منبج و لادێی شاری مەنبەج، نۆ ئەندامی بەکرێگیراوانی داگیرکەری تورکیا کوژران و یازدە کەسی دیکەش برینداربوون شاری دێر حافر. هەروەها ئەوەش باسکراوە کە هێزەکانى هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا کە گردبوونەوەیەکی ئۆتۆمبێلی بەکرێگیراوانی داگیرکەر و توخمەکانی کردە ئامانج لە گوندی ئاتشانە لە باشووری مەنبەج، کە نەمانتوانی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی نێو بەکرێگیراوان بزانین. ڕاگەیەندراوەکەى هەسەدە باس لەوەدەکات ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی مافی ڕەوای وەڵامدانەوەی هێرشە بەردەوامەکانی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی، لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە، بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دێت.
لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم نیگەرانە لە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، بەڵام وەبەرهێنان لەو کێڵگە نەوتییانەشدا دەستیپێکرد کە دەکەونە سنووری ناوچە جێناکۆکەکانی پارێزگای دیالەوە. لە مانگی هەشتی ساڵی 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق بە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم ی ئیماراتی ئەنجامدا، بۆ کارکردن لە کێڵگەیەکی نەوتی و گازی گرنگ لە سنووری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە. ئەو ناوچانەی پارێزگای دیالە کە کۆمپانیا ئیماراتییەکە وەبەرهێنانی نەوتییان تێدا ئەنجام دەدات، دەکەونە سنووری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالەوەو بە ناوچەی کێشە لەسەر هەژمارد دەکرێن، گومان دەکرێت ناوچەی نەوتی گرنگ بن. محەمەد حسێن، شارەزای بواری وزەو ئەندامی تۆڕی ئابوریناسانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم ی ئیماراتی کارکردنی دەستپێکردووە لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکانی پارێزگای دیالە، بە تایبەت لەو بەشەی کێڵگە نەوتییەکان کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدان." دەشڵێت،"بەشێکی کەمی کێڵگە نەوتییەکان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدان، لەم بەشەی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە هیچ کارێک ئەنجام نەدراوە." لە ڕۆژی 25 ی هەشتی ساڵی 2024، هێزێکی حەشدی شەعبی هەوڵیدا بیرە نەوتی چاڵاوخالد لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان کۆنترۆڵ بکات، بیرە نەوتییەکە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدایەو نزیکە لەو کێڵگە نەوتییانەوە کە دراون بە کۆمپانیای کریسێنت پترۆلیۆم. هەرچەندە هێزەکەی حەشدی شەعبی کشایەوەو بیرە نەوتی چاڵاو خالید تا ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە، بەڵام گومان دەکرا ئامانج لە ناردنی هێزەکەی حەشدی شەعبی بۆ جێگیرکردنیان بووبێت لەسەر ئەو بیرە نەوتییەو بەستنەوەی بیرەکە بە کێڵگەکانی ناحیەی قەرەتەپەوە. کارکردنی کۆمپانیا ئیماراتییەکە لە کێڵگە نەوتییەکانی سنووری ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالە لەکاتێکدایە، ئەو ناوچانە ناوچەی کێشە لەسەرن و هێشتا چارەنوسیان لە نێوان هەرێم و بەغدا یەکلایی نەکراوە، بەهەمان هۆکار حکومەتی هەرێم دژی رێککەوتنی نێوان عێراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی بۆ وەبەرهێنان لە نەوتی کەرکوک وەستایەوە. ڕۆژی 14 ی مانگی یەکی 2025، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی واژۆ کرد، بە پێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ئەو کۆمپانیا بەریتانییە گەشە بە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک دەدات و کاریان تێدا دەکات. ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بی پی بەریتانی ناڕەزایەتی حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوە، بەو پێیەی کەرکوک ناوچەی کێشە لەسەرەو عێراق بە بێ ڕەزامەندی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکەی ئەنجامداوە. لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لە ڕۆژی 13 ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی بۆ پەرەپێدان بە نەوتی کەرکوک بە تاکلایەنە ناوبردو ڕایگەیاند،"حکومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات، بە بێ ئەوەی ماددەکانی دەستور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی 140 و 112، لەبەرچاو بگرێت."
ئامادەکردنی: هاوڵاتی باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو راگەیەندراوەی لەلایەن وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە رەتدەکەنەوە کە دەڵێت، سەرمان سوڕماوە و نوێنەری حکومەتی عێراق رێگری لە دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجە دەکات. وتیشی، حکومەتی عێراق پابەندە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران لە ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی لەوە کردووەتەوە، نابێت هیچ هەموارێکی دیکە لە یاسای بودجەدا بکرێت کە پێچەوانەی ئەو دەقانە بێت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراونەتەوە ئەنجوومەنی نوێنەران. عەوادی دەشڵێت: جەخت دەکەینەوە لەسەر گرنگیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕگەکانی یاسای بودجە بەتایبەت، رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بە حکومەتی عێراق بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی. ئاماژەی بەوەشکردووە، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو پرسانە هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە پرسی بودجە و هاوکاریکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە بەگوێرەی ئەو دەقانەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەبێ راوێژکردن لەگەڵیاندا، پێشنیازێک لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی گشتی، تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت رەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە حکومەتی هەرێم پێشیوایە، ئەم هەوڵانە کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە. لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمرۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە دەڵێت: دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا. سەبارەت پێشنیازەش کە بۆ پەرلەمان نێردراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی راوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لە هەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات. حکومەتی هەرێم پێشنیازەکە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە، بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و دژی دەوەستین. بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەری رێککەوتووین، بخرێتە دەنگدانەوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی شاندی دەم پارتی دوای دووەمین دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم پرۆسەیە هەموومان بە ئازادییەوە دەژیێنێت و بۆ بەدیهێنانی ئەمە چاوەڕێی هەوڵی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەن. دوای ئەوەی شاندی دەم پارتی رۆژی چوارشەممە سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە پەیامێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەڕێز ئۆجەلان سەرەخۆشی ئاراستەی ماڵباتی ئەو کەسانە دەکات کە لە رووداوی ئاگرە هۆتێلەکەی بۆڵو گیانیان لەدەستدا، هیوای شیفای خێراشی بۆ برینداران خواست. شاندی دەم پارتی کە لە سری سوورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکدێت، دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە نزیکەی دوو کاژێر لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا دەڵێن: کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەمەڕ پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشداوە، بەردەوام دەبن لەسەر کارەکان و دیدارەکانیان. لە هەر پێشهاتێکیشدا رای گشتی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند: بڕیاریانداوە رێگە بە هاووڵاتیانی سووریایی نیشتەجێی کەمپی هۆل بدەن، خۆویستانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و زەحمەتکێشان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەڵێت ئەم بڕیارەیان لە 5ـی تشرینی یەکەمی 2020 دەرچووە، بەڵام ئەو خێزانانەی لە کەمپی هۆل نیشتەجێن لە ترسی رژێمی ئەسەد، لە گەڕانەوە دەترسان. دەستەکە رایگەیاندووە، دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، سووریا چووە قۆناخێکی نوێوە و هەندێک دۆسیەی مرۆیی بوونەتە لەپێشینە، لەنێویاندا دۆسیەی ئاوارە و پەنابەران، کە بارگرانییەکی قورس بوو لەسەر شانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا. دەشڵێت: دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، چیدی هۆکارێک نییە بۆ ترس یان مانەوە لە کەمپەکەدا، بەڵێنیشی داوە هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو خێزانانە بکات، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی بهيانيى ئهمڕۆ پێنجشهممه نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازیی له بهڕێز د. تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ڕێکخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سووریا و شاندێكى ياوهرى كرد. له كۆبوونهوهيهكدا برهودان به پهيوهندييهكانى ئهڵمانيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا، ههڵبژاردنى پهرلهمان و دۆخى عێراق و ههرێمى كوردستان، گۆڕانكارييهكانى سووريا و دوايين پێشهاتهكانى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست، تاوتوێ كران. نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى بهردهوامى ئهڵمانيا له بوارهكانى سهربازى و سياسى و مرۆييدا بۆ عێراق و ههرێمى كوردستان دهربڕى، ههروهها جهختى له خواستى ههرێمى كوردستان بۆ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبهش لهگهڵ ئهڵمانيا له ههموو بوارهكاندا كردهوه. لاى خۆيهوه بهڕێز ليندنهر، سهرساميى خۆى به پرۆسهى دهنگدان بۆ ههڵبژاردنى پهرلهمانی كوردستان و ڕێژهى بهرزى بهشداريى هاووڵاتييان له ههڵبژاردندا دهربڕى، ههروهها دهربارهى ههوڵهكانى پێكهێنانى كابينهى نوێى حكوومهتى ههرێمى كوردستان لهگهڵ نێچيرڤان بارزانى، بيروڕاى گۆڕييهوه. دهربارهى دۆخى ناوچهكهش، ههردوولا داكۆكييان له گرنگيى پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى و هاريكاريى ههموو لايهك بۆ دوورخستنهوهى ناوچهكه له ئاڵۆزيى زياتر كردهوه.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەممە شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ دووەمجار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە ئیمراڵی کرد. میدیای تورکیا دەڵێن، شاندی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتبوون، جارێکی تر سەردانی ئیمراڵیان کردووە و چاویان بە ئۆجەلان کەوتووە. بەگوێرەی میدیای تورکیا؛ دیداری شاندەکەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چوار کاژێری خایاندووە. نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، شاندەکە سبەینێ راگەیێندراوێک لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی وەزیری بەرگری سووریا باس لە ئەگەری بەکارهێنانی هێز دەکات لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەگەر دانوستانەکان ئەنجامیان نەبێت. وەزیری بەرگریی سووریا، لەبارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ هێزەکانی سووریا و چەکدانانیان، رایگەیاند ئەوان ئامادەن لەگەڵ کورد لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ بکەن، بەڵام رەتیشی نەکردەوە لە ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکان، هێز بەکارنەهێنن. مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا، ئەمرۆ چوارشەممە لە دیمەشق، رایگەیاند ئێستا دەرگەی گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە کراوەیە، بەڵام ئەگەر پێویستی کرد هێز بەکاربهێنین، ئامادەین. پێشتر بەرپرسانی هەسەدە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکەش، شەرع راگەیاندبوو، پێویستە هەسەدە تێکەڵی سوپا نوێی سووریا بکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت. هێزەکانی سووریای دیموکرات هاوپەیمانی سەرەکیی هێزەکانی ئەمریکایە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە شەڕی دژی داعش و زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی کەوتوونەتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان، بەڵام دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا تەنیا کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانیان ناوێت و بە نیازن کۆی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن.
فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت شاسوار عەبدولواحید ماوەی دوو مانگە خەریكی گفتوگۆیە لە گەڵ پارتی و یەكێتی بۆ ئەوەی بەشێكی دەستبكەوێت، ئێستا خەریکى موزایەدەو چەواشەكاری و زمانی برینداركردنە. لە كۆنگرەیە رۆژنامەوانیدا فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامێکى توندى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێیان دایەوەو لەبەشێکیدا دەڵێن شاسوار عەبدولواحید پێشنیازێكی ئاوا باس لە حوكمڕانی درووستكردنی حوكمڕانی بێت، ناكرێت لەناو حەدیقەوەو لەناو سەیارەوە پرۆژەیەكی ئاوا بۆ خەڵك و لایەنە سیاسیەكان تەرح بكرێت، بەڵگەیە لەسەر ناجدی بوونی پێشنیازەكەی شاسوار عەبدولواحید. سەبارەت بەهەڵوێستى یەکگرتوو، دەڵێن ئێمە دیدمان روونە و وتومانە ئۆپۆزسیۆنین و لەگەڵ پارتی و یەكێتی ناچینە حكومەت، كاك شاسوار ماوەی دوو مانگە خەریكی گفتوگۆیە لە گەڵ پارتی و یەكێتی بۆ ئەوەی بەشێكی دەستبكەوێت دیارە نەگەیشتووەتە ئەنجام لەگەڵ دەسەڵاتداران. لەبەشیکى دیکەى کۆنگرەکەى یەکگرتوو دەڵێن: ئەو كە رازی نیە بە بەشی خۆی یان ئەوەی پێی دراوە رازی نیە، ئەبوایە لەگەڵ هێزەكانی تر ئۆپۆزسیۆنێكی جدی بین، نەك موزایەدەو چەواشەكاری و زمانی برینداركردن، لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە، ئێمە زۆر بەرۆشنی وتوومانە بەشداری حكومەت ناكەین، كۆمەڵ دەڵێت بەشداری پەرلەمانیش ناكەین كەچی دەیەوێت ئیحراجیان بكات. هەروەها دەشڵین ئەوانە بەڵگەی ئەوەن ئەو پرۆژەیەی شاسوار عەبدولواحید ئیستهلاكی محەلی و ناواقیعیە، لەدوورەوە پێشنیازی وا دەلیلی ناواقیعیە، پرۆژەیەكی بێ بنەما و بێ پەیڕەوی. فراکسیۆنى یەکگرتوو لەپەرلەمانى کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، ئەو پێشتر دەیوت دەبێت بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لەبەردەركی سەرا هەڵبواسرێن خێرە ئێستا دەیەوێت دەنگەكانی بە بەلاش بداتە لایەنێكی دەسەڵات، دەشڵێن: ئەی بۆ لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەیوت هەرگیز لەگەڵ یەكێتی و پارتی كۆنابمەوە دوای دوو مانگ گفتوگۆ و كۆبوونەوە دیارە نەگەیشتووەتە ئەنجام ئەمڕۆ دەیەوێت دەنگ بەلایەنێكی دەسەڵات بدات خۆی ئازادە
لە کاتێکدا چارەنووسی مووچەی مانگی دوازدەی ساڵی 2024 بە نادیاری ماوەتەوە، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە دووری دەزانێت پرسی دواکەوتنی مووچە بەم زووانە کۆتایی بێت و دەڵێت کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق "زۆر گەورە بوون." دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پێی وایە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، "یاسا جێ بەجێ دەکات بەو شێوازەی کە لە عێراق شیکردنەوەی بۆ دەکرێت نەک شیکردنەوەکانی هەرێم." ئەو بەرپرسەى پێشووى وەزارەتى دارایی، ئەوەش باس دەکات ئەو بریکاری وەزیر بووى دارایی بوە لە عێراق، دەڵێت: چەندین بڕیاری سەرۆکوەزیرانم ڕەتکردووەتەوە و جێبەجێم نەکرد؛ بۆیە تەیف سامی ئێستا یاسا جێ بەجێ دەکات و هیچ کێشەیەکی شەخسی لەگەڵ کوردا نیە، بە پێچەوانەوە پەیوەندیمان لەگەڵی زۆر باشە." وتیشی، "تەیف سامی بەگوێی کەس ناکات و بڕیار و یاسا جێ بەجێ دەکات و دەڵێت من یاسای بودجەم هەیە و جێبەجێی دەکەم، یاسای بودجەش کە دەرچووە لە بەرژەوەندی کوردستان نییە. دەشڵێت بڕیارێکی دادگای فیدراڵی هەیە ئێمە لە عێراق بەو شێوەیە شیکردنەوەی بۆ دەکەین و هەرێمی کوردستانیش بەشێوازێکی تر." کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنها لەسەر نەوت نیە، بەڵکو لەسەر داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان و لیستی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمیشە. بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی دا کێشەکان زۆر گەورە بوونە و هیچ ساڵێک نابێتە ساڵی بنەبڕکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و عێراق، بەڵام دەتوانرێت بە دەنگدان لەسەر دەستکاری یاسای بودجە لە 75%ی کێشەکان چارەسەر ببێت. د.فازڵ نەبی، دەشڵێت، "کێشەکان دوو جۆرن: کێشەیەکیان مووچەیە کە بریارێکی دادگای فیدراڵی هەیە دەبێت مووچە بنێرێت. بەڵام بەغدا مەسەلەی مووچەی پەیوەستکردووە بە کۆمەڵێک شت. وەفدی ئێمە چوونە بەغدا بەداخەوە نەیانتوانیوە بگەنە دەرئەنجامێک. بەغدا دەڵێت دەبێت نیوەی داهاتی ناوخۆم ڕادەست بکەیت و نیوەکەش دیاریکراوە بە 80 ملیار دینار، پێدەچێت بەغدا تێبینی لەسەر ئەو بڕە هەبێت...کێشەکانی دیکە هونەرین و لیستی موچە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت." گرفتە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی وایکرد، دوێنی 20ی مانگی یەکی 2025، جارێکی تر شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم بڕۆن بۆ بەغدا و لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆببنەوە. فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕاشیگەیاند، "لە 2014ەوە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و هەر لایەکیان هۆکارێکی هەیە بۆ چارەسەرنەکردنی...چونکە هەرلایەکیان شیکردنەوەیەکی دیاریکراوی هەبووە بۆ بڕیارەکان، ناشیەن پێکەوە چارەسەرێکی کۆتایی بکەن و بڵێن ئەوە چارەسەر بوو." وتیشی، "کێشەی ئەم برادەرانەی ئێمە ئەوەیە لە بەغدا بەدواداچونیان نەکردووە بۆ کێشەکان؛ لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت کاتی خۆی ڕێکەوتنێک هەبوو و چوار خاڵ چەسپا کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەم ئەو چوار خاڵە جێ بەجێ بکرێت. بەڵام لەبەر ئەوەی بەدواداچوون نەبوو، ئەوە حکومەت تەواو بوو لەو چوار خاڵە پێنج لەسەدی جێ بەجێ نەکرا. وەفدی هەرێم زۆر بەخێرایی دەڕۆن و هەندێک قسە دەکەن و دەگەڕێنەوە و ناگەنە چارەسەری کۆتایی."
ــ سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمان بانگهێشتی ئەندامانى کردوە بۆ کۆبونەى چوارشەممە ــ هیچ بانگهێشتنامەیەک بۆ دانیشتنەکەى سبەینێ لە ماڵپەرى پەرلەمان بڵاونەکراوەتەوە بڕیارە سبەینێ، لەسەر بانگهێشتى سەرۆکى بەتەمەنى پەرلەمانى کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام هیچ ئەندامێکى فراکسیۆنەکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان بەشدارى ناکەن، پێدەچێت تەنها ئەندامانى فرکسیۆنى نەوەى نوێ و یەکگرتوو بەشداربن. محەممەد سلێمان، سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمانی كوردستان 19-1-2025 لە راگەیەندراوێكدا بانگهێشتی هەموو ئەندام پەرلەمانەكانی كرد، بۆ ئەوەی ئەم چوارشەممەیە (22-1-2025) درێژە بە دانیشتنی یەكەمی خولی شەشەمی پەرلەمان بدەن، بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان؛ بە پێچەوانەوە ئەوان بەرپرس نین لە لێكەوتە یاسایی و سیاسییەكان. بەڵام تا ئامادەکردنى ئەم هەواڵە لە شەوى سێشەممە، هیچ بانگهێشتنامەو بەرنامەیەکى کارى دانیشتنەکە لە ماڵپەرى فەرمى پەرلەمانى کوردستان بڵاونەکراوەتەوە، کە بە گوێرەى کاروبارەکانى پەرلەمان پێش هەموو دانیشتنێک بەرنامەى کارو دانیشتنەکان بڵاودەکاتەوە. بەپێى زانیاریەکان هیچ ئەندامێکى فراکسیۆنەکانى یەکێتى و یەکێتى کرد، بەشدارى دانیشتنەکەى پەرلەمان ناکەن، بۆیە ڕێژەى پێویستى یاسایى تەواو ئامادەنابێت. دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان لە 2ـى كانوونى یەکەمى 2024 بەڕێوەچوو، کە پەرلەمانتاران سوێندى دەستبەکاربوونیان خوارد، بەڵام دەستەى سەرۆکایەتى هەڵنەبژێردراو دانیشتنەکە بە کراوەیى هێڵدرایەوە. ڕۆژی 18-1-2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمە 15 كورسیمان هەیە، لەگەڵ كورسییەكانی یەكێتی و دوو كورسی كۆتای سلێمانی دەكاتە 40 كورسی، ئەگەر كورسییەكانی كۆمەڵ و یەكگرتووی بخرێتە سەر كە 10 كورسین، دەكاتە 50 بە تەنیا 50+1 دەكات. بێگومان هەشت كورسیی دیكەی لایەنەكانی دیكەش هەن، ئەگەر یەكێتی و تەواوی لایەنەكانی دەتانەوێت پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی نەبێت، فەرموون وەرن لەسەر كاندیدێكی سەرۆكوەزیران رێكبكەون جا هەر كاندیدێك بێت، بەڵام پارتی نەبێت". لەوەڵامى ئەو قسانەى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ، محەمەد حەکیم، وتەبێژى کۆمەڵى دادگەرى پەیامێکى کورتى بڵاوکردەوەو دەڵێت: کاک شاسوار دووەمجارە پێشنیارێک ئاڕاستەی یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بێ خەبەر لەوەی کە کۆمەڵ نەک حکومەت بەڵکو پەڕلەمانی دیزاینکراویشی بۆ جێهێشتوون. وتەبێژەکەى کۆمەڵ دەڵێت: فەرموون خۆتان و یەکێتی و پارتی چۆن حکومەت پێکدەهێنن پیرۆزتان بێت و پێویست ناکات ناوی ئێمە بهێنن، دڵنیابە بە بەشداری ئێوەش بە سەد پۆست نەک پەنجا؛ گۆرانکاری نابێت و دۆخەکە چاک نابێت، گەر خراپتر نەبێت. بەگوێرەی زانیارییەکان ئەگەر محەمەد سلێمان، دەستلەکاربکێشێتەوە، ئازاد محەمەد، لە فراکسیۆنی یەکێتی وەکو دووەم بەتەمەنترین پەرلەمانتار شوێنەکەی پڕدەکاتەوە.
ئاژانسى ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزەکانى سوریاى دیموکرات، سەرپەرشتی ئەو زیندانانە دەکەن کە چەکدارانی داعشیان تێدایە، ڕایدەگەیەنن دژی ڕادەستکردنی ئەو زیندانانەن بە ئیدارەى نوێی دیمەشق. نزیکەی 50 هەزار کەسی سەر بە داعش، 10 هەزاریان لە چەکدارانی ئەو گرووپە توندڕەون. هاوکات هەسەدە کەمپی هۆلیش لە ژێر کۆنترۆڵیاندایە، ئەو شوێنەی دەیان هەزار کەسی سەر بە داعش تێیدا دەژین و بەشێکی زۆریان ئەندامی بنەماڵەی گومانلێکراوانی چەکداری ئەو گروپەن. هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن و چارەکێکی سوریایان کۆنترۆڵکردووە، ڕایگەیاندووە چەکدارانی داعش لە دوای کەوتنی بەشار ئەسەدەوە لە 8ی مانگی دوازدەوە دووجار هێرشیان بۆ سەر زیندانەکان دەستپێکردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئازادکردنی ئەندامەکانیان. ئەفسەرێکی کورد لە زیندانێکی شاری حەسەکە کە نزیکەی چوار هەزار و 500 چەکداری داعش تێیدا دەستبەسەرن کە ژمارەیەکی زۆریان بیانین، بە ئاژانسى رۆیتەرزى ڕایگەیاندوە گروپی داعش دووبارە هەوڵی ئازادکردنی هاوڕێکانیان لەو زیندانە دەدەن. ئەو ئەفسەرە وتیشى: کاتێک ڕژێمی سوریا ڕووخا، داعش چەکێکی زۆری دەستکەوت و خۆیان ڕێکدەخەنەوە بۆ هێرشکردنە سەر زیندانەکان. ئەو ئەفسەرە کوردە باسی لەوەش کرد، پاراستنی ئەم زیندانە تەنها لە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانی و هێزەکانی سوریای دیموکراتە. هێزی سوریای دیموکرات ڕایگەیاندووە چەکدارانی جیهادییەکان هەوڵیانداوە دۆخی ئاسایشی لاواز لە سەرتاسەری سوریادا بقۆزنەوە. ئەو ئەفسەرە کوردە ئاماژەی بە هێمای داعش کردووە لەسەر جلی ئەو چەکدارانەی دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرتووە و تورکیا پشتیوانیان لێدەکات. هێزەکانی هەسەدە ماوەی دە ساڵە وەک پێشەنگی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا بە سەرکردایەتی ئەمەریکا کار دەکەن و لە ساڵی 2017دا جیهادییەکانیان لە بارەگاکانیان لە ڕەققە دەرکرد. لەو کاتەوەی گروپی تەحریری شام کە پێشتر سەر بە قاعیدە بووە، دەستی بەسەر دیمەشقدا گرتووە، زیندانەکانی داعش بوونەتە جێگای سەرنجی ئەو گرووپە. لەم نێوەندەدا زلهێزە دەرەکییەکان ناکۆکن لەسەر ئەوەی کێ دەبێت زیندانەکان بەڕێوە ببات. تورکیا کە کوردەکانی سوریا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەزانێت، دەڵێت پێویستە زیندانەکان ڕادەستی فەرمانڕەوا نوێیەکان بکرێن و هاوکارییان پێشکەشی جیهادییەکان کردووە بۆ بەڕێوەبردنیان. بەڕێوبەرایەتی بایدن پشتیوانی خۆی بۆ هێزە کوردییەکان بۆ بەڕێوەبردنی زیندانەکان دەربڕیبوو. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لە ٨ی ئەم مانگە ڕایگەیاند یەکێک لە ڕێگا گرنگەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بەهێزکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتە.
