- بەهۆی بەشداریکردنی هێرۆ عەتار لە کۆبونەوەی پەرلەمانە دیزاینکراوەکە، بڕیارماندا بە دەرکردنی ناوبراو. -هەر کاندیدێکی لیستی کۆمەڵ پابەند نەبێ ئەوا لە ریزەکانی کۆمەڵ دەردەکرێت.   کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاريدا بە دەرکردنی هێرۆ عەتار لە ریزەکانی کۆمەڵی داگەریى. ئەنجوومەنی باڵای حیزبەکە بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند هەر کاندیدێکی لیستی کۆمەڵ پابەند نەبێ ئەوا لە ریزەکانی کۆمەڵ دەردەکرێت. وتيشى: ئەمڕۆ بەهۆی بەشداریکردنی هێرۆ عەتار لە کۆبونەوەی پەرلەمانە دیزاینکراوەکە، بڕیارماندا بە دەرکردنی ناوبراو لە ریزەکانی کۆمەڵی داگەريی. لە كاتێكدا كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بڕیاری داوە بەشداریی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەكات، بەربژێرێكی دەرچووی كۆمەڵ پابەندی بڕیاری حزبەكەی نییە. بە گوێرەی زانیارییەكانی هاوڵاتی هێرۆ عەتار، بەربژێری دەرچووی كۆمەڵی دادگەريی، لەنێو پەرلەمانی كوردستان بينراوه و بەشداریی له دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان كرد. ئەمەش لە كاتێكدایە كە كۆمەڵی دادگەريی بڕیاری ئەوەی دابوو بەشداریی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا نەكات.

  - لاهور شێخ جەنگی بەشداری لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ناكات. - وەك سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی پاڕێزگای سلێمانی بەشداری لە یەکەمین کۆبونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناکات. - لاهور شێخ جەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانی بەدەستهێنا كە 20 هەزار دەنگه.   لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل بڕیاریدا بەشداری لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان نەكات. سەرچاوەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی تایبەت بە هاوڵاتی ڕاگەیاند لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی پاڕێزگای سلێمانی بەشداری لە یەکەمین کۆبونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناکات. جێگای باسە لاهور شێخ جەنگی سەرۆكی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی پاڕێزگای سلێمانی، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانی بەدەستهێنا كە 20 هەزار دەنگ بوو. پێشتریش فێنک ئەحمەد ئەندامی ناوەندی هەڵبژاردنی بەرەی گەل بۆ هاوڵاتی ئاشكرای كرد وەک بەرەی گەل تا ئێستا بڕیارمان نەداوە بەشداریی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان دەکەین یاخود نا. بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و تییدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن.

- سورین له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌مان بۆ نه‌چونه‌ په‌رله‌مانی كوردستان. - داوای له‌ محه‌مه‌د سلێمان دەكەم كه وه‌ك به‌ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌كات، بایكۆت بكات. - داواش له‌ لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی ده‌كات به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌كه‌ن.   عومه‌ر گوڵپی سه‌رۆكی لیستی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان ڕایگه‌یاند سورن له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كه‌یان و په‌رله‌مانی كوردستان پێشوه‌خته‌ دیزاین كراوه و داواش له‌ لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی ده‌كات به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌كه‌ن. عومه‌ر گوڵپی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، سورین له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌مان بۆ نه‌چونه‌ په‌رله‌مانی كوردستان و پێمانوایه‌ هه‌ڵبژاردن دیزاینكراوه‌ و په‌رله‌مانی دیزاینكراو ناتوانێت له‌ ئاستی داواكاری خه‌ڵكدا بێت و حكومه‌تێكی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ ناتوانێت له‌ ئاست خواستی خه‌ڵكی كوردستاندا بێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، په‌یامیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ پێیانوایه‌ "هه‌ڵبژاردن دیزاینكراوه‌ و ساخته‌كاری كراوه‌" وه‌ك نه‌وه‌ی نوێ، یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان، ڕه‌وتی هه‌ڵوێست و به‌ره‌ی گه‌ل ئه‌مڕۆ به‌شداری خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كه‌ن لانیكه‌م سوێنده‌كه‌یان دوابخه‌ن بۆ هه‌فته‌یه‌كی دیكه‌، به‌ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار  بایكۆت بكات و بڵێت، تا موچه‌ی دوو مانگ  دابه‌شنه‌كرێت كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجامنادرێت. عومه‌ر گوڵپی داوای له‌ محه‌مه‌د سلێمان، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ كرد كه‌ ئه‌مڕۆ وه‌ك به‌ته‌مه‌نترین په‌رله‌مانتار سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌كات، بایكۆت بكات و بڵێت، تا موچه‌ی دوو مانگی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شنه‌كرێت كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجامنادرێت، بۆیە کۆبونەوەکە لە دەستی نەوەی نوێیە و دەتوانێت ئەمڕۆ ئەو کارە بکات.

  - ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێ پەڵەهەوری جیاواز. - پلەکانی گەرماش بەجێگیری دەمێننەوە.   کەشناسی هەرێمى كوردستان پێشبینیكرد، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ هەندێ پەڵەهەوری جیاواز، پلەکانی گەرماش بەجێگیری دەمێننەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، پلەکانی گەرماش بە جێگیری دەمێننەوە. باسی لەوەشکردووە، سبەینێ سێشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ.   بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 18 پلەى سیلیزى سلێمانی: 17 پلەى سیلیزى دهۆک: 18 پلەى سیلیزى کەرکوک: 17 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 18 پلەى سیلیزى زاخۆ : 19 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 3 پلەى سیلیزى سۆران: 16 پلەى سیلیزى گەرمیان: 18 پلەى سیلیزى

- توانرا 45 یەکەی نیشتەجێ بوون لەجۆری شوقە بەبێ بەرامبەر بۆ ئەو کەمئەندامانەی ڕێژەی پەککەوتەییان سەدا 90 و کرێچین دابین بکرێت. - جگە لە مووچەی کەمئەندامی هیچ مووچە و داهاتێکی تری نەبێت. - هەر خاوەن پێداویستیەکی تایبەت خوازیارە و مەرجەکان دەیگرێتەوە دەتوانێ سەردانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بکەات.  بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی ڕایگەیاند هەر خاوەن پێداویستییەکی تایبەت مەرجەکانی تێدابێت دەتوانێت بێبەرامبەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون وەربگرێت. بەڕێوەبەرایەتیەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە پێداچونەوەیان بە مەرجەکانی پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون کرد بۆ ئەو کەمئەندامانەی کە بڕیار وایە بێبەرامبەر یەکەی نیشتەجێبونیان بدەنێ، دوای واژۆ کردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و کۆمپانیای گردجان توانرا 45 یەکەی نیشتەجێ بوون لەجۆری شوقە بەبێ بەرامبەر بۆ ئەو کەمئەندامانەی ڕێژەی پەککەوتەییان سەدا 90 و کرێچین دابین بکرێت لە پڕۆژەی شاری شاران/ قولەرەیسی دروست دەکرێت.   ئەو مەرجانەی دانراوە بۆ پێدانی یەکەکان: -ڕێژەی کەمئەندامیەکەی لەسەدا نەوەد بێت. -خێزانداربێت- سەرۆک خێزان یان هاوسەری کەمئەندام بێت. -کرێچی بێت. -جگە لە مووچەی کەمئەندامی هیچ مووچە و داهاتێکی تری نەبێت. -نیشتەجێی قەزای ناوەندی سلێمانی بێت. تێبینی: هەر خاوەن پێداویستیەکی تایبەت خوازیارە و مەرجەکان دەیگرێتەوە دەتوانێ لە ڕۆژی سێشەممە 3ـی 12ـی2024 تـــا ڕۆژی سێشەممە 10ـی 12ـی2024، سەردانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی فۆڕم، لە کاتی دەوامی فەرمی.   ناونیشان :- بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لەپارێزگای سلێمانی – گردی جۆگە – خوار ئامادەیی هەڵکەوتی کوڕان.

  - رووداوەکان لە باکووری رۆژئاوای سووریا بەشێوەیەکی خێرا و چاوەڕواننەکراو پەرەیان سەند. - دەستوەردانمان کرد بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی بپارێزین. - ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە کاریگەرەکانی سووریا لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی گەلەکەمان بپارێزین.     فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند هێزەکانیان لە چەندین بەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕی گرووپە چەکدارانە بوونەتەوە کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکات.   مەزڵوم عەبدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: رووداوەکان لە باکووری رۆژئاوای سووریا بەشێوەیەکی خێرا و چاوەڕواننەکراو پەرەیان سەند، هێزەکانمان لە ژمارەیەک بەرەوە رووبەڕووی هێرشی چڕ بوونەوە. وتيشى: "لەگەڵ داڕووخان و کشانەوەی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی، بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی لە نێوان ناوچەکانمان لە رۆژهەڵات و حەلەب و تەلڕەفعەت، دەستوەردانمان کرد بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژی بپارێزین، بەڵام هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی داگیرکاری تورک پشتیوانییان دەکات، ئەو رێڕەوەیان پچڕاند". رونیشیكردەوە  ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە کاریگەرەکانی سووریا لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی گەلەکەمان بپارێزین و لە ناوچەی تەلڕەفعەت و شەهباوە بیانگوازینەوە بەرەو ناوچە سەلامەتەکانمان لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات. دووپاتیشیكردەوە لە هەمان کاتدا بەرخودانی هێزەکانمان بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان لە ناوچە کوردییەکانی شاری حەلەب بەردەوامە. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداری دەدات لەوەی هێزی بەناو "سوپای نیشتمانیی سووریا" 200 هەزار دانیشتووی کوردی باکووری حەلەبی گەمارۆداوە و دەڵێت، مەترسیی "کۆمەڵکوژیی گەورە" لە دژی کورد هەیە.

  -پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە. - ئاسمان ساماڵ دەبێت. - خێراى با لەنێوان  10- 15 کم/ک.   به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان پێشبینیكرد كه‌شی ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێی ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم ساماڵ ده‌بێت و پله‌كانی گه‌رما ڕوو لەبەرزبونەوە دەكەن لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، به‌جۆرێك به‌رزترین پله‌ی گه‌رما له‌ ناوچه‌كانی گه‌رمیان 20 پله‌ی سیلیزی ده‌بێت. بەڕێوەبەرایەتیەكە له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ یەكشەممە ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ، هەروەها  خێراى با لەنێوان  10- 15 کم/ک ، مەوداى بینین لەنێوان  9 - 10 کم دەبێت.  ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سبه‌ینێ كه‌شی ئاسمان له‌ ناوچه‌كانی هه‌رێم ئاسمان ساماڵ دەبێت و، پله‌كانی گه‌رما کەمێک بەرزدەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ، هەروەها خێراى با  لەسەرخۆ – مامناوەند دەبێت لەنێوان 10 -  15 کم/ک.   بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر     : 17پلەى سیلیزى سلێمانی  : 17 پلەى سیلیزى دهۆک     : 17 پلەى سیلیزى کەرکوک  : 19 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 17  پلەى سیلیزى زاخۆ      : 18 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران : 5 پلەى سیلیزى سۆران    :  16 پلەى سیلیزى گەرمیان  :   20 پلەى سیلیزى

  - دانوستانی ئەم جارەی لایەنە براوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، دانوستانێكی جیاوازو و درێژ خایەن دەبێت. - ناكۆكییەكی توند لەنێوان هەردوو لایەنی براوەی سەرەكیدا هەیە لەسەر شێوازی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان. - ئاڵوزی و جیاوازییەکانیش  فرەچەشنن، کە دەبنە لەمپەرو بەربەست لەبەردەم چۆنیەتی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان.     لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی ڕایگەیاند ناكۆكییەكی توند لەنێوان یەكێتی و پارتی هەیە لەسەر شێوازی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان. لەتیف نێروەیی له‌باره‌ی دانوستانی لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، "دانوستانی ئەم جارەی لایەنە براوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، دانوستانێكی جیاوازو و درێژ خایەن دەبێت، چونکە لە هەلومەرجێکی جیاواز و ئاڵوزدا ئەنجامدەدرێت، ئاڵوزی و جیاوازییەکانیش  فرەچەشنن، کە دەبنە لەمپەرو بەربەست لەبەردەم چۆنیەتی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان لەنێوان هێزولایەنەسیاسیەکاندا و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، یاسایەكی جیاواز، بانگەشەیەكی جیاواز، هەلومەرجێکی جیاواز، کۆمیسیۆنێکی جیاواز، کێشەوگرفتێکی تارادەیێک جیاواز، ئەنجامێكی جیاواز، بۆیە بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی جیاوازیش  پێویستی بە دانوستانێكی جیاواز و کاتێکی زیاتر دەبێت. باسی له‌وه‌شكردوه‌، دانوستانه‌كانی ئه‌مجاره‌ جیاوازو تایبەت دەبێت، چونكە دانوستانێكی فرەلایەنە و تەنها لەنێوان دو لایەنی سەرەكیدا ناكرێت، بەڵکو لەنێوان هەمو هێزە براوەکاندا دەکرێت بۆ ئەوەی ڕای هەموو لایەنەکان لەسەر چۆنیەتی پێکاهێنانی کابینەی نوێ روشنبێت و بشزانن كام لایەن ئامادەیە بەشداری بکات و کامە لایەنیش دەبێت بەشێک لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئەوەی تائێستا بەدیکراوە، بەشێک لەو هێزانە نەک ئامادەنین بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا بکەن، بەڵکو بریاریانداوە بایکۆتی پەرلەمانیش بکەن، لەبەر ئەوە دانوستانی فرەلایەن کاتێکی زیاتری گەرەکە.  وتيشى: دانوستانێکی تایبەت و درێژخایەن دەبێت، چونكە ئەگەر تەنها لەنێوان  هەردو لایەنی سەرەكی هەرێمیشدا بكرێت، ئەم جارە وەكو جارانی پێشو تەنها لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان نابێت (لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە، ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان) بەڵكو ناكۆكییەكی توند لەنێوان هەردوو لایەنی براوەی سەرەكیدا هەیە لەسەر شێوازی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان.  ڕونیشیكرده‌وه‌، "دانوستانێكی  جیاواز دەبێت بۆ یەكێتی، چونكە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ناخوازێ‌ تەنها دانوستان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ پارتیدا بكات، بەڵكو بە پلەی یەكەم دەخوازێت دانوستان لەسەر شێوازو چۆنییەتی راستکردنەوەی ڕێڕەوی حكومڕانی و نەهێشتنی شوێنەواری هەڵە و جیاکاری و نادادییەکانی  كابینەكانی رابردوو بەتایبەتی کابینەی نۆ بكات، بۆ ئەو مەبەستە لەم خولەی دانوستاندا راشكاوانە تیشك دەخاتە سەر كەم و كورتی و هەڵەكانی رابردو، ئەو راستییە بۆ شەقام و رایگشتی  یەكێتی و پارتی دەدركێنێت كە لە كابینەكانی پێشوودا یەکێتی شەریك نەبوە بەڵكو بە ناچاری و لەبەر بەرژەوەندی گشتی بەشداری لە كابینەكانی پێشودا کردوە". رونیشیكردەوە یەکێتی ئەم جارە پێویستە ببێتە شەریکێکی راستەقینەو بڕیارێکی راست لەسەر بناغەیێکی راستی بدات لەپێناو بەدیهێنانی کابینەیێکی خزمەتگوزارو  دادپەروەر و جێبەجێکردنی دروشم بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کە  ئێستاش موکرو رژدە لەسەرجێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە و بەبێ جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنە رەنگە دانوستان بۆ یەکێتی هیچ مانایەک نەبەخشێت و كارتێکی بەهێزی یەکێتی لەم دانوستانەدا، هەڵوێستێکی هاوبەشی ئەولایەنانەیە کە نایانەوێ بەشداری لەکابینەی نوێدا بکەن، بەڵام هاوهەڵوێستن لەگەڵ یەکێتی لەسەر راستکردنەوەی ڕێڕەوی حكومرانی لەهەرێم و ناڕازین لە شێوازی حكومرانی هەرێم".

  - وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. - ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکومەت دەڵێت: کورتهێنانمان هەیە و ناتوانین مووچە دابەش بکەین.   وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە لقی هەولێر بانکى ناوەندى عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بڕى 763 ملیار دیناری خستەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایی هەرێمی کوردستان. لەلایەن خۆیەوە دژوار فایەق، راوێژکارى باڵاى سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، ئەگەر بەغداد گوژمەى یەکەمى پارەکەش بنێرێت کورتهێنانمان دەبێت و ناتوانین مووچەى مانگى 10 دابەش بکەین. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە هەرێمى کوردستان داواى لە بەغداد کردووە سێ مووچە بەیەکەوە بنێرن بۆئەوەى بەپەلە بتوانن دوو موچەى مانگەکانى 10 و 11 دابەش بکەن. سەبارەت بە مووچەى مانگى 12ش دژوار فایەق وتى: هەرێمى کوردستان داواى گواستنەوەی لە بەشە بودجەیدا کردووە بۆ ئەوەی بتوانن پێش کۆتاییهاتنى ساڵ هەرسێ مووچەکە دابەش بکەن.

  - کرێی کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی تشرینی دووەم لە سلێمانی دیاریکرا. - خشته‌ی كارپێكردنی مۆلیدە‌کان بۆ مانگى كانوونی یەكەم گۆڕانکاری بەسەردا دێت. - نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موەلیدە ئه‌هلییه‌كان له‌نێوان 9 هه‌زار دینار بۆ 10 هه‌زار دینار ده‌بێت.   به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی ڕایگەیاند بۆ مانگی ڕابردوو نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موەلیدە ئه‌هلییه‌كان له‌نێوان 9 هه‌زار دینار بۆ 10 هه‌زار دینار ده‌بێت. کرێی کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی تشرینی دووەم لە سلێمانی دیاریکرا و گۆڕانکاریش بەسەر خشتەی کارپێکردنی مۆلیدەکاندا هات. ئه‌مڕۆ یەكشە‌ممه، لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ‌ ئه‌هلییه‌كان کۆبووەوە و به‌پێی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك کارەبای موەلیدە بۆ ئه‌مپێرێک (43) دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موەلیدەی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان له‌ ناو شاری سلێمانی له‌نێوان (9000) بۆ (10000) دیناره‌. ڕاشیگەیاند، بەو پێیەى مۆلیدەکان لە نێوان (225 بۆ 235) کاتژمێر کاریان کردوە، به‌هۆی جیاوازی كارکردنیان نرخی ئه‌مپێرێك له‌ گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت. کارەبای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو کە خشته‌ی كارپێكردنی مۆلیدە‌کان بۆ مانگى كانوونی یەكەم گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ڕۆژانە لەکاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ تا ١ی شەو بەم شێوەیە کاردەکەن:   کاتژمێر ١ی شەو دەکوژێتەوە تا ٦:٣٠ ی بەیانی. کاتژمێر٦:٣٠ی بەیانی تا ٨:٠٠ی بەیانی کاردەکەن. کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی تا ١ی پاشنیوەڕۆ کارناکەن.   ڕوونیشیکردەوە کە موەلیدەکان رۆژانی هەینی و شەممە بەیانیان کارناکەن، لەبری بەیانی کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ کاردەکەن.   لە ڕاگەیەندراوەکەی کارەبیا سلێمانیدا هاتووە: “لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی مۆلیدە‌ ئه‌هلییه‌كان، جه‌ختیان له‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی مۆلیدە‌ و پێدانی كاره‌با به‌هاووڵاتییان له‌ (5) خوله‌ك زیاتر بخایه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن مۆلیدە‌كه‌ سزاده‌درێت”.

  - ه*ە*س*ە*د*ە ھۆکاری پاشەکشە کردنیان لەفرۆکەخانەی حەلەب ئاشكرا كرد. - بەشداری ئەو شەرە ناکەين کە لەناوخۆی سوریا ڕوودەدات.   هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایانگەیاند ئێمە ناچینە شەری ناوخۆی سوریاوە. لە بڵاوکراوەیەکدا، ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایانگەیاند، بەپێی ڕێنماییەکان و بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای سوریا،  هەموو ئامادەکارییەکی خۆیان کردووە، بەڵام بەشداری ئەو شەرە ناکەن کە لەناوخۆی سوریا ڕوودەدات. هەر لەم چوارچێوەیەدا هەسەدە ھۆکاری پاشەکشە کردنیان لەفرۆکەخانەی حەلەب بۆ ئەوە دەگەرێننەوە، کە ستراتیژیەتی ئێستای ھەسەدە پاراستنی ناوچە کوردیەکانە و خۆ دوورگرتنە لە ھەر بەریەککەوتنێک. لای خۆیانەوە ھێزەکانی تەحریر شام، ڕایانگەیاندووە، لەئێستادا ھیچ شەڕ و ڕووبەڕوو بونەوەیەکیان لەگەل ھێزەکانی سووریای دیموکرات نییە. دەستەی تەحریر شام ڕێکخراوێکی سەلەفی جیهادییە و لە سەرەتای ساڵی 2017 لە ڕێگەی یەکگرتنەوەی بەرەی نوسرە، بەرەی ئەنسارولدین، سوپای سوننە، لیوای حەق و بزووتنەوەی نوورەدین زەنکی پێک هێنرا. دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی دامەزراندنەکەی، ژمارەیەک گرووپی دیکە و کەسایەتی و چەکدار لە سووریا و دەرەوەی سووریا چوونە ڕیزەكانیەوە.  

  كاوە ڕەش/ بەریتانیا  -من بەقووڵی نیگەرانم لە هەڵکوتانە سەر ناوەندی کۆمەڵگەی کورد لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسی ئاژاوەگێڕەوە. - سەنتەرەکە ناوەندێكی کولتووری گرنگە بۆ کۆمەڵگەی  هەمەچەشن و گشتگیرەکان  لەباکووری لەندەن. - هێرشکردنە سەرناوەندی یەک لەپێکهاتە گرینگەكانی لەندەن، هێرش و دەستدرێژیە بۆ سەرهەمووان.   سەرۆكی پێشوی پارتی كاری بەریتانیا(جێرمی كۆربین) كەئێستا وەك ئەندام پارلەمانێكی سەربەخۆ كار لەپارلەمانی بەریتانیا دەكات، بەفەرمی ناڕەزایەتی توندی خۆی دژ بەپۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ووڵاتەكەی دەردەبڕێت، لەبەرامبەر دەستگیركردنی ژمارەیەك چالاكوانی ڕەوەندی كوردیی و داخستن و گەمارۆدانی ناوەندی كۆمە ڵگای كوردیی لەلەندەن. لەپایەمەكەی سەرۆكی پێشوی پارتی كاری بەریتانیادا هاتووە: من بەقووڵی نیگەرانم لە هەڵکوتانە سەر ناوەندی کۆمەڵگەی کورد لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیسی ئاژاوەگێڕەوە، سەنتەرەکە ناوەندێكی کولتووری گرنگە بۆ کۆمەڵگەی  هەمەچەشن و گشتگیرەکان  لەباکووری لەندەن و شوێنێك بووە بۆ پاڵپشتی ئەو پەنابەرانەی کەلەناو شەڕ و گۆشەگیری ووڵایەكەیانەوە هەڵاتوون، هەروەها  جێگای كۆڕو کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی کوردیی وشوێنی پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری  بووە بۆسەرجەم چینەکانی ڕەوەندی كوردیی لەو شارە. بەوتەی جێرمی كۆربین هێرشکردنە سەرناوەندی  یەک لەپێکهاتە گرینگەكانی لەندەن، هێرش و دەستدرێژیە بۆ سەرهەمووان،  هەروەها هێرشكردنە بۆسەر ئازادیی و  دیموکراسیەکانی بەریتانیا. ئەو ئەندام پارلەمانە سەربەخۆیەی بەریتانیا دەڵێ: شانازی دەکەم کەنوێنەرایەتی بازنەیەک دەکەم کەپێکهاتەیەکی زیندوو و چالاكی وەك کوردی تێدایە، ئەوان بەشێكن لەئێمەو ، شاری لەندەنیان گۆڕیوە بۆ شارێكی باشتر، كوردەكان خاوەن ئیرادەو  ئیلهامبەخشن  ئەوان چەندین ملیۆن کەسن،  کەهەوڵدەدەن جیهانێکی دادپەروەرتر و ئارامتر بنیات بنێن. شیاوی باسە جێرمی كۆربین، سەرۆكی پێشوی پارتی كاری بەریتانیا، بەدۆستێكی نزیك و دێرینی كورد هەژمار دەكرێت لەبەریتانیا كەبەردەوام لەبۆنە نەتەوەیی و پرسە گرینگەكانی لەمەڕ كورد ئامادەیەو هەڵوێستی هەیە. جێی وەبیرهێنانەوەیە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، پۆلیسی دژە تیرۆری بەریتانیا، حەوت كوردی لەلەندەن دەستبەسەر كردووە بەتۆمەتی چالاكی و ئەندامییەتیان بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان، كەپارتێكی قەدەغەكراوه لەو ووڵاتە، دواتریش هەڵیان كوتاوەتە سەر ناوەندی كۆمەڵایەتی كوردی لەباكوری لەندەن، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لەڕەوندی كوردی لەنزیك سەنتەری كۆمەڵایەتی كوردی  گردبونەوەو گرژی لەنێوان خۆپێشاندەرانی كوردو هێزەكانی پۆلیس تادرانگانی شەوی چوارشەممەی ڕابردوو بەردەوام بوو،لەناو خۆپیشاندەرانیش پۆلیسی چواركەسی دەستبەسەر كردووە.  

  - تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق واژووی لەسەر ناردنی 761 ملیار دینارەكە بۆ مووچەى فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كردووە. - لیستی مووچەی مانگی 10 لەكاتی خۆیدا بۆ بەغداد نەنێردرا ئەوەش وایكرد ناردنی پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی مانگی 10 دوابكەوێت. - رێكاری كارگێڕی و دارایی ماوه تەواوبكرێن پارەكە دەنێردرێت.     دارا سێكانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق واژووی لەسەر ناردنی 761 ملیار دینارەكە بۆ مووچەى فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كردووە. دارا سێكانیانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لیستی مووچەی مانگی 10 لەكاتی خۆیدا بۆ بەغداد نەنێردرا و دواتر بەغدا تێبینی لەسەر لیستەكه هەبوو و نێردرایەوە و ئەوەش وایكرد ناردنی پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی مانگی 10 دوابكەوێت. وتيشى: تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق واژووی لەسەر ناردنی 761 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێم كردووە و رێكاری كارگێڕی و دارایی ماوه تەواوبكرێن پارەكە دەنێردرێت.

- یەكێتی و پارتی سۆسیالیست تاوتوێی ئامادەکارییەکانی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانيان كرد. - هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگی هەماهەنگی باشی لایەنەکان لەپێناو دروستبونی تێگەیشتنی زیاتر. ئامادەکردنی: هاوڵاتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان تاوتوێی ئامادەکارییەکانی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانيان كرد. بەپێی بەیاننامەیەك ئەمڕۆ  شەممە شاندی دانوستانکاری یەکێتی بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، لەگەل محەممەدی حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردولا و ئامادەکارییەکانی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا. سەبارەت بەیەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانیش، هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگی هەماهەنگی باشی لایەنەکان لەپێناو دروستبونی تێگەیشتنی زیاتر بۆ ئەوەی لەداهاتوودا بتوانرێت خزمەتی باشتری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکرێت. هەروەها لەکۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر پتەو کردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان کرایەوە و بۆ قۆناغەکانی داهاتوو هەماهەنگی زیاتر و باشتریان هەبێت.

- گرووپە چەكدارەكان بە سەركردایەتی دەستەی تەحریری شام 14 شار و شارۆچكەیان لە گوندی حەمای باكور كۆنتڕۆڵكردووە. - كشانەوەیەكی تەواوەتی و گشتگیر هەیە لەلایەن سوپای سوریاوە بە فەرمانی سەركردایەتیە سەربازیەكانیان. - گرووپە چەكدارەكانی سوریا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبیان كۆنتڕۆڵ كرد. ئامادەکردنی: هاوڵاتی بە سەركردایەتی دەستەی تەحریرى شام ، گرووپە چەكدارەكانی سوریا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبیان كۆنتڕۆڵ كرد و چوونە نێو گوندی حەماەوە. ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند گرووپە چەكدارەكان بە سەركردایەتی دەستەی تەحریری شام 14 شار و شارۆچكەیان لە گوندی حەمای باكور كۆنتڕۆڵكردووە. وتیشی: كشانەوەیەكی تەواوەتی و گشتگیر هەیە لەلایەن سوپای سوریاوە بە فەرمانی سەركردایەتیە سەربازیەكانیان و دەستەی تەحریری شام لەماوەی دوو كاتژمێردا ئەو 14 شار و شارۆچكەییان كۆنتڕۆڵ كردووە و تەنها 15 كیلۆمەتر لە ناوەندی شاری حەماوە دورن. گرووپە چەكدارەكان لەچەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاویان كردەوە كە چوونەتە نێو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەماوە و كۆنتڕۆڵیان كردووە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەسەدە ڕایگەیاند كە ئەو فڕۆكە خانەییان كۆنتڕۆڵ كردووە.