بە گوێرەی بڕیاری نوێى یاساى خانەنشینى، سبەینێ هەینى، 31ی مانگی 1 هەریەک لە ئازاد تۆفیق پارێزگار و شاهین حەمەڕەزا جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بەهۆی تەمەنەکانیانەوە خانەنشین دەبن و دەسەڵاتەکانیان کۆتایی دێت. نوخشە ناسیح کە ئێستا وەک قائیمقامى ناوەندى قەزاى هەڵەبجە دەوامدەکات، دەڵێت: تا ئەمڕۆ بەنوسراوى فەرمى هیچ داوایەکم بۆ نەهاتووە کە وەک پارێزگارى بەوەکالەت یا هەمیشەیی هەڵەبجە دەستبەکاربم، خۆشم هیچ داوایەکى لەوجۆرەم نەکردووە. ئەو وتیشى: بەڵام ئەگەر وەزارەتى ناوخۆو نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەت لەپێناو ڕاییکردنى ئیش و کارى خەڵکى ئەو پۆستە وەربگرم ئامادەم. قائیمقامەکەى هەڵەبجە ئەوەشى خستەڕوو ئەوەى هەیەو باسدەکرێت تەنها لەناو خەڵک و سۆشیال میدیایە، هیچ شتێکى فەرمى لەسەر پۆستى پارێزگارى هەڵەبجە یەکلایی نەبوەتەوە، نوخشە ناسیح وتیشى: بەڵام پێمخۆشە خانمێک ئەو پۆستە وەربگرێت و ببێتە یەکەم ژنە پارێزگار لە کوردستان و عێراقیش. حکومەتی خۆجێی پارێزگای هەڵەبجە پێکدێت لە هەریەک لە ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە پشکی یەکیتی و شاهین حەمەڕەزا جێگری پارێزگار بۆ کاروباری کارگێڕی لە پشکی گۆڕان و کاوە عەلی جێگری پارێزگاربۆ کاروباری هونەری لە پشکی یەگرتوو، لە ئێستادا کاوە عەلی بەهۆی دەرچوونی وەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەستبەرداری پۆستی جێگری پارێزگاربووە. پارێزگار و جێگرەکەش خانەنشین بوون. تیمی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم لە ڕۆژی 17 مانگی دەی 2023 تایبەت بە ئەنجامدانی چاودێری وردبینی، ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینی و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی هەرێم بڕیاردرا تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵییەوە کەمبکرێتەوە بۆ 60 ساڵ، ئەمەش پاڵپشت بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی هەموارکراو پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵ. ڕۆژی 15ی مانگی یەکی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی لەبارەی تەمەنی خانەنشیبوونی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و پابەندن بوونی بە بڕیارەکەی داگای فیدڕاڵی لەسەر کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی ڕاگەیاند. ئەو فەرمانبەرانەی کە خانەنشین دەکرێن، بە پێی ڕێنماییەکان لە بەرواری خانەنشین بوونی ناتوانێت هیچ مامەڵەیەکی یاسایی ئەنجام بدات و مانەوەی پێچەوانەی یاسایە. ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارێزگار و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە گوێرەی یاساکە خانەنشین دەبن و تا 31ی مانگی 1 ی 2024 پێویستە لە ئەرکەکانمان بەردەوامبین، بەڵام من وەک پارێزگار پێم وتراوە کە بەردەوامبم لە ئەرکەکەم تا پارێزگارێکی دیکە دەستبەکار دەبێت."
هەسەدە ڕایگەیاند لە چالاکییە بەرچەکدانەوەکانی هێزەکانییاندا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتاکنییدا، لە قەرەقۆزاق بارەگایەکی چەتەکان کراوە بە ئامانج و بەتەواوەتی وێران کراوە. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک ئاماری چالاکییە وەڵامدانەوەکانی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ی لە دژی سووپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە کراونتەسەر گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج و هاتووە: "لە تۆپبارانی هێرشە داگیرکارییەکاندا چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە تۆپهاوێژ بۆردوومانی دەروبەری بەنداوی تشرینیان کردووە. لەم تۆپبارانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە." هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە هێزەکانی قەسەدە لە گردی قەرەقۆزاق چەندین چالاکییان ئەنجامداوە، بەڵام ئەنجامی زیانەکانی ئەم چالاکییانەی دژ بە چەتەکان نەزانراوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لە چالاکییەکانی یەکنەکانی شەهید هاروون کراوە و هاتووە: "یەکنەکانی شەهید هاروون لە گردی قەرەقۆزاق گورزییان لە بارەگایەکی چەتەکان داوە، لە ئەنجامدا بارەگاکە بە تەواوەتی وێران بووە." لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆردوومانی ماڵی هاوڵاتییەکەی کردووە لە شاری کۆبانێ. لە ئەنجامدا ٢ مەدەنی شەهید بوون و ژنێکیش بە سەختی بریندار بووە." ئاماژەش بەوەکراوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بەرەی دێر حافیر خاڵێکی هێزەکانی قەسەدەی کردووە، بەڵام بۆردوومانەکە تەنها زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە.
دوای ئامادهكردنی لیستی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێم بۆ مانگی یهك، جارێکی دیکە وەزارەتی دارایی عێراق داوای گۆڕینی لیستهكهی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەریمی کوردستان کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان وەزارەتی دارایی عێراق، داوای کردووە لیستی ناوی ئهو فەرمانبەرانهی مۆڵەتی بێمووچەیان وهرگرتووه لهگهڵ کاتی دەستبەکاربوونەوەیان تۆمار بکرێت و بۆیان بنێردرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی رابردوو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتەکان سەرقاڵی تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە بوون بۆ نێو لیستی مووچەی مانگی یەک، کە مۆڵەتی بێ مووچەن. ئهم داواكارییه نوێیهی وهزارهتی دارایی عێراق رێکارێکی ئاسایی و کارگێڕییە، مانگانە گۆڕانکاریی هاوشێوە روودەدەن و کاریگەرییان لەسەر دواکەوتنی مووچە نابێت. ئەوەش لەکاتێکدایە، تاكو ئێستا مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەوان پارەیان ناردووە و بەرپرس نین لەو مووچەیە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە و رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچە نەنێردراوە. بڕیارە سبەینێ، هەینى دواى تەواوبوونى کارەکانى شاندى وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە ماڵى فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن. لە دوو ڕۆژى رابردوودا وەزارەتی دارایی عێراق لەڕاگەیەندراوێکیاندا جەختیان لەسەر ئەوەکردەوەوە کە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە بەجێکردن (تەوتین)ی مووچەی فەرمانبەرانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە، دەبێت ئەو کەسانەمان بۆ ئاشکرا بکات کە زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن. وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی قسەیەکى رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچە دایەوەو دەڵێت "بە شێوەیەکی تەواو پیشەییانە و بە هەمان شێوازی وەزارەت و پارێزگاکانی دیکە، مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین."
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی راگەیاند، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران هەموارکردنى بودجە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، و پلانەکانی گەشەپێدان تەواو بکات. ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو.. هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، دوایین هەموارکردنەوەى بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات. لەڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: سودانى ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران ئەم هەموارکردنە بەبێ گۆڕانکاری پەسەند بکات، و پلانەکانی گەشەپێدان تەواو بکات، بەگوێرەی بەرژەوەندیی ئابووری عێراق و ئەو تێڕوانینەی کە لەبەرنامەی حکومەت پەسەندکراوە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەندی کردووە. لە لای خۆیانەوە، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی و سەرۆکەکانی فراکسیۆنەکان، پشتیوانی خۆیان بۆ پەسندکردنی دەقی حکومیی نێردراو لە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دەربڕی. هەروەها جەختیان لەسەر پشتیوانیی پلان و بەرنامەکانی حکومەت کردەوە، کە بەرژەوەندیی باڵای عێراقییەکان لە هەموو شوێنێکدا بەدیبهێنێت.
لەدەروازەى سنورى باشماخ، لەدیوى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە، بەرپرسانى فەرمانگەى دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر ٥٠ هەزار لیتر بەنزینیاندا گرتووە، کە لە چەند کۆگایەکدا لە مەرزى باشماخى مەریوان هەڵگیرابوو. جەلال حەمەحەسەنی بەرپرسى فەرمانگەى دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى ئیرناى ئێرانى ئەوەى خستوەتەڕوو: ئەو بڕە بەنزینە لە سێ هەزار دەبەدا (گاڵۆن)دا هەڵگیرابوو لە سەردانێکی هاوبەشی فەرمانگەى نەوت، پاسەوانی سنوور، هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و گومرگ دۆزرایەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، هاوکات دەست بەسەر 15 ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە کە چەندین دەبە بەنزینی قاچاخی تێدابووە و ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون و بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەى زیاتریان لێبکرێت. بەرپرسی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان، جەختی لە بەردەوامیی سەردانە هاوبەشەکانیان کردەوە لەدژی قاچاخچییەکانی سوتەمەنی. هەروەها وتیشى: بە بە بەراورد بە ساڵى ڕابردوو قاچاخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. لەلایەکى دیکەوە، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسی پۆلیسی ئاسایشی ئابووری پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: ئەفسەرەکانمان لە کاتی دەوریەی ناوچەی گومرگی پەروێزخان توانیویانە ٢٨ ئۆتۆمبێل کە سووتەمەنی قاچاخیان پێ بووە دەستبەسەردا بگرن. ڕائید ئیقباڵ کەرەمی ئەوەشى زیادکرد: لەکاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلە دەستبەسەرداگیراوەکاندا، ئەفسەرەکان توانیان ١٨ هەزار و ٥٠٠ لیتر بەنزین و گازۆیلی قاچاخ بە بەهای پێنج ملیار ڕیاڵ بدۆزنەوە، دۆسیەى تایبەتیان بۆ کراوەتەوەو ڕەوانەی دەسەڵاتی قەزایی کراون. چالاکییەکانی قاچاخچێتی سووتەمەنی لەم ساڵانەی دواییدا لە سنوورەکانی پارێزگای قەسری شیرین باو بووە و کەسانی قازانجخواز سەرمایەی نیشتمانی بە نرخێکی کەم لە وڵات دەبەنە دەرەوە بۆ ئەوەی قازانجێکی کەم بەدەستبهێنن.
هێزەکانى قەسەدە دەڵێن لە چەند بەرەیەکی شەڕی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وەڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی دایەوە، لە ئەنجامدا ٢٧ چەتە کوژران و برینداربوون، هەروەها سەربازێکی تورک کوژرا. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بە ڕاگەیاندراوێک ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وەڵامدانەوەی شەڕڤانانی ئاشکرا کرد. بەپێى ڕاگەیاندراوەکە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر گوندەواری باکووری بەنداوی تشرین بەردەوامە. دوێنێ سێشەممە بۆ ماوەیەکی زۆر دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بە چەکی قورس تۆپباران کرد، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی لی نەکەوتەوە. هێزەکانى قەسەدە ئەوەش دەخەنەڕوو لە بەرەی قەرەقۆزاق، بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، شەڕڤانان دژی شوێنی کۆبوونەوەی چەتەکان لە گردی نەورۆز و گردی قەرەقۆزاق و بنکەیەکەی چەتەکان لە گوندەکانی قەبر ئیمو و هۆشەریە، چەندین چالاکیان ئەنجامدا. لە چالاکییەکەی دژی گوندی قەبر ئیمۆ ٥ چەتە کوژراون و ١٠ چەتە برینداربوون. لە چالاکییەکەی دژی بنکەی هۆشەریە ١٢ چەتە کوژراون و کوژراون و برینداربوون. هەروەها لە گردی قەرەقۆزاق یەکینەکانی شەهید هارون خاڵێکی کۆبوونەوەی چەتەکانیان کردە ئامانج و بە تەواوەتی وێرانکرا. هەروەها دەوڵەتی تورک چەند گوندێکی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاقی بە سەختی بۆردوومان کرد، گوندەکانی غەسەق و تینا و بیر حەسۆ و مالحە و دیکان و قەرەقۆزاق و فڕۆکەخانەی سیرین و گردی سێڤی لە باشووری کۆبانێ بۆردوومانکران، هەروەها چەتەکان ١٨٠ تۆپیان بۆ ئەم دەڤەرانە هاویشت، هێرشەکان هیچ زیانێکی مادی نەبوو. داگیرکەری تورک بە ئەنقەست خەڵکی سڤیل لە شار و گوند و شارۆچکەکان دەکاتە ئامانج. دوێنی سێشەممە، کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەی ئەنجامدا و دەیان سڤیل شەهیدبوون. فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بازاڕێکی شاری سیرینی لە باشووری کۆبانێ بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا ١٢ هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون و ١٣ هاوڵاتی سڤیل برینداربوون، لەنێو شەهید و بریندارەکاندا منداڵی بچوک هەبوون. لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوا بەرامبەر هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر شارۆچکەکانی عەین عیسا و زرگان، هێزەکانمان ڕۆژی دووشەممە چالاکییەکەی سەرکەوتوویان دژی بنکەیەکی سوپای داگیرکەری تورک لە گوندی تەل محەمەد لە گوندەواری شارۆچکەی زرگان ئەنجامدا، لە ئەنجامدا سەربازێکی داگیرکەری تورک کوژراو و سەربازێکی دیکەش بریندار بوو".
مەراسیمى پیرشالیار، ئەو ئاهەنگە مێژووییەیە، کە هەورامییەکان زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵە لە ناوچەی هەورامانی تەختدا بە بەشداری هەزاران کەس، لە دوو وەرزی جیاوازدا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ یادی دەکەنەوە. مەراسیمی جەژنی پیرشالیار، لە هەورامانی تەختی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەلاتی کوردستان، ساڵانە جارێک لە ناوەراستی وەرزی زستان و جارێکی تریش لە نیوەی کۆتایی وەرزی بەهاردا ئەنجامدەدرێت. ئەو مەراسیمەی، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی زستان، هەورامییەکان پێی دەڵێن: ئاهەنگی پیرشالیار، کە لە ١٢ی ڕیبەندانی هەموو ساڵێکدا ئەنجام دەدرێت و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەم ڕێوڕەسمەدا، نەریتەکانی كڵاو ڕۆچنە، قوربانیكردنی مەڕ و بزن، لێنانی چێشتی تشین، دەفژەنی و سەمای عیرفانی، زیکر و تەوافكردنی كەوشی چەرمیی پیرشالیار، لەناو بەشداربواندا بەڕێوە دەچێت. وەک چۆن لە ئاینی ئیسلام بۆ پیاوانی ئاینی "مەلا" و لە ئاینی مەسیحیشدا "قەشە" بەکاردێت، ئاواش لە ئاینی زەردەشتیدا بۆ پیاوانی ئاینی "پیر یان مۆغ" بەکار دەهێندرێت. پیر لە ئاینی زەردەشتیدا بەو کەسانە وتراوە، کە هەر حەوت قۆناغەکەی پاکبوونەوەی ڕۆحییان برییەوە و پلەی پیاوخاسییان بەدەستهێناوە. بۆچوونی زاڵیش لەسەر ئەو ناوە دەڵێن: پیرشالیار بە واتای پیری پیرەکان دێت، کە لە ئاینی یارساندا هەر ٩٩ پیرێک ڕێبەرێکیان هەیە، بەمەش پیری شالیار واتە: پیری پیرەکان، کە پلەیەکی بەرزترە لە پیر. پیاوێکی ئاینی زەردەشتی بووە و لە سەردەمی میتانییەکان، نزیکەی ٢٠٠ ساڵ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام ژیاوە، هەموو ئەوانەی لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان کردووە، کۆکن لەسەر ئەوەی، کە پیرشالیار خەڵکی هەورامانە، لە سەردەمی خۆیدا پیاوێکی بەناوبانگ و سەرڕاست بووە، هەورامییەکانیش دەڵێن: پەرتوکێکی هەیە بە ناوی "ماریفەتو پیری"، لەم پەرتوکەدا ئامۆژگاری خەڵکی ناوچەکەی کردووە، فێری کردوون کە چۆن لە بەرامبەر دوژمناندا یەکگرتووبن. لەبارەی ئەم ئاهەنگەشەوە، بەشی زۆری لێکۆڵەران دەڵێن: ئەم ئاهەنگە، بۆنەیەکی ئاینییە و سرووتە ئاینییەکانی ئاینی زەردەشتی تیدا دەوترایەوە، بەڵام لەگەل هاتنی ئاینی ئیسلام، گەوهەری ئەفسانەکە گۆراوە و سرووتە ئاینییەکانیان دەستکاری کردووە. بەشیک لەو دەستکارییەش، زانای ئیسلامی کورد، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، لە پەرتوکی بنەماڵی زانیاراندا کردوییەتی، کە تێدا ئەم ئەفسانەیە بۆ زەماوەندی هاوسەرگیری پیرشالیار و بەهار خاتوونی کچی شای بوخارا دەگەڕێنێتەوە، بەمەش ئاهەنگەکەی بەستووەتەوە بە ئاهەنگی هاوسەرگیری پیرشالیاری دووەم، کە بانگخوزێکی ئاینی ئیسلامە.
پەرلەمانتارێکى عێراق ڕایدەگەیەنێت، بانکی رەشیدو رافیدەینى عێراقى ئامادەن تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بکەن. سۆران عومەر پەرلەمانتارى عێراق لەسەر لیستى کۆمەڵى دادگەرى دەڵێت، داوام لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد کاتێک لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی ٢٠٢٥ کێشەی تێدا نامێنێت لیستەکان رەوانەی بانکی رەشیدو ڕافیدەین بکات بۆ تەوتین. سۆران عومەر دەشڵێت، وەزارەتی دارایی لە ٢٠/١/٢٠٢٥ بەنووسراوی ژمارە ٢٦٨ وەڵامی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین داوەتەوەو بانکی رەشید بەنووسراوی ژمارە (٣٧٣ لە١٩/١/٢٠٢٥) دەڵێت، ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ تەوتینى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چاوەڕێین گرێبەستی نێوان بانکەکەمان و فەرمانگەکانی پەیوەندیدار بکرێت، کاتێک ٦ زانیاری فەرمانبەرمان پێبگات لەڕێی ئەپێکی تایبەت بە بانکەوە لەموبایلەوە کارتی بانکی تەوتین کارادەکرێت. بە قسەى سۆران عومەر لەبارەى میکانیزمى دابەشکردنى مووچە لەلایەن ئەو بانکەوە، بانکەکە روونیکردووەتەوە، بۆ دابەشکردنیش دەتوانرێت لەڕێی لقی بانکە ئەهلییەکان و دەروازەکانەوە موچەکە وەربگرن. ئەو پەرلەمانتارەى عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات بانکی رافیدەین بەنووسراوی ژمارە (٣/١/١٢٨ لە ١٩/١/٢٠٢٥) ئاماژە بەوە دەکات ئامادەن بۆ تەوتینى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەرکردنی ماستەرکارتی جیهانی و کارتی ناوخۆیی و وەرگرتنی موچە لەڕێی بانکە ئەهلییە رێپێدراوەکان.
پەروین بوڵدان ڕایدەگەیەنێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ هیچ دامەزراوەیەکی دەوڵەتی تورکیا کۆنهبووهتهوه. لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتار و ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، نوسینێکى بڵاوكردهوه ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی تورکیادا لەبارەی ئۆجەلان بڵاودەکرێنەوە راست نین. بوڵدان پۆستی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی سۆزجوی تاگ کردووە و دەڵێت، ئەو قسانەی وەلی تۆپراک، بەرپرسی نووسینگەی پەرلەمانی تورکیا لە کەناڵەکە لەبارەی ئۆجەلان کردوونی، دوورن لە راستییەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئۆجەلان لە ئیمراڵی لەگەڵ دامەزراوەیەکی دەوڵەتی تورکیا کۆبووەتەوە. وەلی تۆپراک دوو رۆژ پێشتر لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی تەلەڤیزیۆنی سۆزجو، بەبێ ئەوەی ناوی سەرچاوەی هەواڵەکەی بهێنێت، رایگەیاند، ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دامەزراوەیەکی دەوڵەت وتوویەتی: دەیەوێت دوا خزمەت بە دەوڵەت بکەم." ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەوانەی پابەند نابن بە بانگەوازی دانانی چەک، خیانەتکارن. بە گوتەی ئەو رۆژنامەنوسه تورکە، ئۆجەلان لەبارەی دەستکەوتەکانی کورد لە باکووری کوردستان گوتوویەتی، پێموایە ئەو دەستکەوتانەی لە تورکیا بەدەستهاتوون، ئیدی بەسن. پەروین بوڵدان لە پۆستەکەیدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردووەتەوە و نووسیویەتی، "هەموو ئەو تۆمەت و هەواڵانە راست نین. ئێوە تەنانەت بنەماکانی رۆژنامەنوسیتان خستووەتە ژێر پێ. تەنانەت لە بابەتێکی وەها گرنگدا، پێدانی زانیاریی ناڕاست لەگەڵ جیدیەتی بابەتەکەدا ناگونجێت. بە کورتی بە تەواوی هەواڵێکی ساختەیە."
بۆ دووەم ڕۆژ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی بەردەوامن لە مانگرتن و ناڕەزایەتى دەربڕین بەهۆى دواکەوتنى مووچەکەکانیانەوە، هاوکات داواکارییەکانیان جێبەجێ ناکرێت ناچنەوە سەر کارەکانیان و دەست بەدەوام ناکەنەوە. دواى ئەوەى دوێنێ سێ شەممە، مامۆستایان و فەرمانبەران بە رێپێوان چوونە بەردەم بارەگای یو ئێن لە سلێمانی و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، دواى کاتژمێرێک لەو شوێنە مانەوەو خێمەیان هەڵداو بڕیاریاندا مان لە خواردن بگرن تاوەکو وەڵامیان دەدرێتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت. شنە عەلی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا وتی، ئێمە لێرە ناڕۆین بەردەوام دەبین لەخۆپیشاندان و مانگرتن لەخواردن تا ئەوکاتەى کێشەکانمان چارەسەر دەبن و وەڵامى داواکاریەکانمان دەدرێتەوە. شەوى ڕابردوو ئەمرۆ چوارشەمەش، بەشێک لەو مامۆستایانە بەردەوامبوون لەمانگرتن، دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایانى ناڕازى لەبارەى ناڕەزایى مامۆستایانەوە دەڵێت، شێوازی ناڕەزاییان گۆڕیوە و فراوانتریش دەبێت، ئەو مامۆستایە دەشڵێت، بڕیارە خانەنشینان و فەرمانبەرانیش بێنە نێو مانگرتنی مامۆستایانەوە. داواکاریی سەرەکی مامۆستایان و موچەخۆران ئەوەیە کە موچەکانیان بەبانکیی بکرێت و لەکاتی خۆیدا وەریبگرن. هاوکاتى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى مامۆستایانى سلێمانى، لەزۆربەى ناوچەکانى پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیانیش و شارەزوورو ناحیەو قەزاکان بەشێکی مامۆستایان بایکۆتى هۆڵەکانى خوێندیانکردوەو ئامادەنین بچنەوە دەوام.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دواکەوتنی مووچە هیچ پەیوەندیەکى بە وەزارەتەکەى ئەوانەوە نییە، چونک هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی رادەستی ئەوان نەکردووە. سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-01-2025، وەزارەتی دارایی عێراق لەوەڵامى قسەکانى رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتەکە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. لە بەشێکی ئەو ڕونکردنەوەیەدا دەڵێت، بەیاننامەکەی ڕیباز حەملان، نادروستە، ئێمە بە پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ فایلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین، هەمان ئەو مامەڵەیە کە لەگەڵ وەزارەتە فیدراڵیەکان و پارێزگاکاندا دەکرێت و ئەو ڕێکارانەش جێبەجێ دەکرێن. لە بەشێکى دیکەى وەڵامەکەى وەزارەتی دارایی عێراق، جەختکراوەتەوە کە هۆکاری دواکەوتنی مووچە جیاکردنەوەی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیە کە رەوانەی خانەنشینی کراون، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ تیمێکی فەرمانبەرانی وەزارەت لە ژمێریاری و بودجە و خانەنشینی زیاتر لە 10 رۆژ کاریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرد، بەمەبەستی وردبینیکردنی لیستەکان و لێدەرکردنی ئەو کەسانەی کە رەوانەی خانەنشینی کراون و هەژمارکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی ژمارە 26ـی ساڵی 2019ـی هەموارکراو. هەروەها ئەوەش دەڵێن: هەژمارکردنی بڕی زیادەی 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینان و پاداشتی کۆتایی خزمەت، هەروەها لێدەرکردنی خانەنشینە کۆنەکان لەوانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە؛ کە ژمارەیان زیاتر لە 29 هەزار فەرمانبەرە. وەزارەتی دارایی دەڵێت، دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، چونکە ئێمە دەمانەوێت ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکەین کە زیاتر لە ساڵێکە دەریکردووە و هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا هیچ داتایەکی تایبەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لە سەرجەم بانکەکاندا رادەستی وەزارەتی دارایی نەکردووە. ڕونکردنەوەکەى وەزارەتى دارایی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، جگە لەوەش ئەو بابەتە داوا لە هەرێم کراوە ناوى ئەو کەسانەیان بۆ بنێرن، زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن و یاساکانی هەرێم دەیانگرێتەوە و کۆپییەکی ئەو یاسایانەش بۆ ئەوەی مانگانە لە لیستەکان بنێرن. وەزارەتی دارایی دووپاتی دەکاتەوە تا ئێستا پێداچوونەوەی مانگانەی بۆ مانگی 12ی 2024 تەواو نەبووە بەهۆی بوونى هەڵە لەلیستەکاندا، هەروەها ئەوەش باسدەکات فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەت کار لەسەر ئەوەدەکەن.
بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشى هەرێم، ڕایدەگەیەنێت لەسێ ئۆپراسیۆنی سەرکەوتوودا توانیویانە لەدەوروبەری سلێمانی 5 تیرۆریستی داعـ.ـش دەستگیربکەن. لەڕاگەیەندراوێکى دەزگاى ئاسایشى هەرێم، ئەمڕۆ سێ شەممە بڵاوکرایەوە، دەڵێت لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆریستان توانیان (٥)تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیربکەن بەناوەکانی(ص پ ع)،(و ا ر)،(ص س ص)،(م ع ح)،(خ ب ع). ئەو ئۆپراسیۆنە، لەماوەی ڕۆژانی ١٩-٢٣-٢٠٢٥/١/٢٦بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەنجامدراوەو سەرجەمیان داواکراوی دادگاکانی عێراق بوون. هەر لەڕاگەیەندراوەکەى دەزگاى ئاسایشدا، ئەوە هاتووە: تیرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان ڕوویان لە دەوروبەری سلێمانی کردبوو کەلەماوەی ڕابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازیان بینیوە. دەزگاى ئاسایشى هەرێم ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (٤)ی تیرۆر راگیراون و رووبەرووی یاساکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق، ڕایدەگەیەنێت هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتى پێشمەرگە، ئەمڕۆ سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کردوە. لەوکۆبونەوەیەدا، جەنەڕال هام، دڵخۆشی خۆی دەڕبری لە بەرامبەر بەرەوپێشچوونی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها لە قسەکانیدا وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاکردەوە کە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت. هەروەها رایگەیاند: ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، دڵنیاین ئیرادەی ئێوە بۆ چاکسازی ڕاستەقینەیە و دەتانەوێت پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی نیشتمانی لە ناوچەکەدا، ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین و پاڵپشتان دەبین. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕایگەیاند كە هاوكارییە دەرەكییەكانی ئەمریكا بۆ سەرجەم وڵاتان جگە لە میسر و ئیسرائیل ڕادەگیرێت و ماوەی 90 ڕۆژ ڕێكخستنەوە و پێداچوونەوە بە میكانیزمی هاوكارییەكان دەكرێت. ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وەستانی هاوكارییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە، بەڵام ئەمڕۆ فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق لەمبارەیەوە دڵنیایی دا.
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەردانى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقى کردووەو پێى وتووە مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتوە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لە دۆخێکی دارایی خراپە. لەڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، دەڵێت ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرێز محمد شیاع سودانیم کردوە. حەملان دەڵێت: لە دیدارەکە باسی دۆخی دارایی عێراق و ئاڵەنگارییەکان کرا لەم ساڵدا، دواتر لەسەر بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دوا کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمان لەسەر ئەم دۆخە کە 2025/1/11 ئەنجامدرا گەیاند پێى. بریکارى وەزیر ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بە وردەکاری تەواوی ئەو هەنگاوانەم باسکرد کە لەسەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ ، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژانە بەبەردەوامی چەندین تیم بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کاردەکەن. هەروەها دەڵێت: مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتوە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم لە دۆخێکی دارایی خراپەو موچە خۆران زۆر پشو درێژ و خۆراگربوون، دواتر بۆ بەرێزیانم رونکردەوە کە داواکاری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا دەبێت وەک هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و یاسای بودجەو بریارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی بچێتە بواری جێبەجێکردن تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان . رێباز حەملان ئەوەش ئاشکرا دەکات کە هەمووان چاوەرێی کۆبوونەوەی رۆژی هەینی داهاتوین لە بەغداد لە نێوان هەردو وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی دکتۆر فۆاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق .
وەزارەتى دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لیستی مووچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لەمانگی دوو تا شەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەک چوو، ڕایگرتن، دوای پێدانی ڕوونکردنەوەى زانیاریەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرایەوە. لەوەڵامى پەرلەمانتارێکى پەرلەمانى عێراقدا، کە ڕایگەیاندووە نزیکەی ٧٥٠ هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، وەزارەتى دارایی هەرێم لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردوەتەوە. لەبەشێکى ئەو ڕاگەیەندراوەى وەزارەتدا ئەوەباسکراوە کەبەدرێژایی ساڵی ڕابردوو لە هیچ ڕاپۆرتێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و نووسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەهیچ جۆرێک ئاماژە بەبوونی ژمارەیەکی لەو شێوەیە و کێشەی لەو جۆرە نەکراوە، وەک ئەو بەناو پەرلەمانتارە باسی دەکات. هەروەها دەڵێن: لیستی مووچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لەمانگی شوبات تا حوزەیران وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەک چوو، کێشەی بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی ڕایگرتن، دوای پێدانی ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی داتا و زانیاریەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرایەوە. لەخاڵێکى دیکەى ڕونکردنەوەکەیاندا وەزارەتى دارایی جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە کە پرسی مووچە کێشەیەکی کۆن و گشتگیرە و تەنها وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو هەموو بابەتێکی تایبەت بەمووچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت. وەزارەتى درایی دەشڵێن: ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنەکەیدا چەند جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەی ٧٥٠ هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی مووچەیە، ئەوە لە کاتێکدایە میلاکی فیعلی ئێمە بەشارستانی و سەربازی لەبەغداد و لە لیستی مووچە نزیکەی ٧٠٢ هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو ٧٥٠ هەزار ناوی دووبارە و مردووە لە کوێ جێ کراوەتەوە.
