مامۆستا عەلی ڕەوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سێ کەیسم لە دادگا بۆ کراوەتەوە و هەر سێ دۆسیەکەش لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانە، تائێستا شەش جار لەسەر خۆپیشاندان دەستیگرکراوم. بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی مانگی دووی 2025، مامۆستایانی گرێبەست لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە پێش بینای ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم خۆپیشاندان بکەن و داوای موچەکانیان بکەن، بەڵام بە دەستگیرکردنی نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست خۆپیشاندانەکە هەڵوەشایەوە. مامۆستا عەلی ڕەوف دوای ئازادکردنی ڕایگەیاند، دوای ئەم هەفتەیە گەر شایستە داراییەکانی مامۆستایان دابەشنەکرێت خۆپیشاندان دەکەنەوە، دەشڵێت،" لە هیچ وڵاتێکی دونیادا نەبووە لەسەر داواکردنی ماف دەستگیربکرێیت و بدرێیتە دادگا." نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان دوای ئازادکردنی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە دوێنی 1ی مانگ بڵاومانکردەوە کە مامۆستایانی گرێبەست خۆپیشاندان دەکەن و داوای شایستە داراییەکاندەکەن، بەڵام شەوی ڕابردوو لە چێشتخانەیەک لەلایەن ئاسایشەوە دەستیگرکرام بە بیانووی ئەوەی نابێت خۆپیشاندانەکە بکرێت کە من سەرپەرشتیم دەکرد ئەو وتیشی: دوای ئەوەی ئەمڕۆ 2ی مانگی دووی 2025، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگری لەئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە کراوە و نەکرا نیوەرۆی ئەمڕۆ ئازاد کرام، بەڵام من لەئاسایش سوربووم لەسەر ئەوەی گوتم تا هەفتەی داهاتوو گەر موچە دابەشنەکرێت ئەوە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین." ڕۆژی 28ی مانگی هەشتی ساڵی 2024، بە فەرمانی ژمارە 4142 کە واژووی مەرسرور بارزانی سەرۆکوەزیر انی هەرێمی کوردستانی لەسەرە بڕیاردرا سی و حەوت هەزار و 933 مامۆستای وانەبێژ بکرێن بە مامۆستای گرێبەست و لە 26ی مانگی نۆی 2024، بە واژووی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم فەرمانی وزاریان بۆ دەرکرا. مامۆستا عەلی ڕەوف دەڵێت: سێ کەیسم لە دادگا بۆ کراوەتەوە و هەر سێ دۆسیەکەش لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانە، لەکاتێکدا نەدەبوو وابێت و لەسەر داواکاری خۆت بدرێتە دادگا و تائێستا شەش جار لەسەر خۆپیشاندان دەستیگرکراوم. وتیشی،" من منداڵی هەژارم و نانی سەربڵندی دەخۆم، بۆیە لەگەڵ هاوپیشەکانم بێدەنگ نابین و داوای مافەکانمان دەکەین، خۆ داوای شتی دیکەمان نەکردووە، ئێمە تا ئێستا 21 جار خۆپیشاندانمان کردووە و نەمان هێشتووە پەنجەی کەسێک خوێنی لێبێت." خۆپیشاندانی مامۆستایانی گرێبەست لەکاتێکدایە، لە سنوری پارێزگای سلێمانی ماوەی چەند ڕۆژێکە مامۆستایانی هەمیشەی و فەرمانبەران لەپێش بارەگای یو ئێن خێوەتیان هەڵداوە و مانیان لە خواردن گرتووە و داوای پێدانی موچەکانیان دەکەن لەکات و ساتی خۆیدا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر ـ سلێمانى، ڕایدەگەیەنێت درۆنەکە لە ناوچەی بەشیرەوە ئاراستە کراوە و لەلایەن گرووپە میلیشیاو یاساشکێنەکانەوە جێبەجێ کراوە، کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز بە تەواوی پارێزراون. ئێوارەى ئەمرۆ یەکشەممە، لەڕێگەى درۆنەوە هێرش کراوەتەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى نەبووە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێکی درۆنی خۆکوژ ئاراستەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا، کە دەکەوێتە سنووری چەمچەماڵ. هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەى دژە تیرۆر، هاتووە: بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، درۆنەکە لە ناوچەی بەشیرەوە ئاراستە کراوە و لەلایەن گرووپە میلیشیا و یاساشکێنەکانەوە جێبەجێ کراوە، هێرشەکەش هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەدواوە نەبوو و کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز بە تەواوی پارێزراون"، لە راگەیەندراوەکەدا واهاتووە. دژە تیرۆر دەشڵێن: دەزگا ئەمنییەکان دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان کە بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم پێشێلکارییە دەکات و هەر زانیارییەکی نوێ لەم بارەیەوە ڕادەگەیەنرێت". وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێم، لەبەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، کاتژمێر (7:05)ی ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەنرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى سامانە سروشتیەکان، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەكرێت.
سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردسنان ڕایدەگەیەنێت، دەنگدان بە یاساى بودجە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەیەیامێکدا دەڵێت، پێشوازیی لە دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران لە سەر هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکەین. هاوکات دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکات هاوکاربوون لە سەرخستنی هەموارکردنەکە. هەروەها سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمیش دەکات بۆ کارکردن لەپێناو دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە. لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەى مەسرور بارزانى ئەوەش هاتووە: هیوادارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییەی هەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە، بە زۆرینەی دەنگ هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی وڵات پەسەندکرا و بەوەش رێگە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێتەوە. بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو. فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردەوە؛ لە دانیشتنەکەدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025 ) ژمارە 13ـی ساڵی 2013 دراوە. لاى خۆیەوە، بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: بەپێی یاسا پەسەندکراوەکە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە لەڕێگەی سۆمۆوە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى وت: نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ ماوەی 60 رۆژ، هەروەها لایەنی راوێژکاریی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 رۆژدا نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات." بەپێی ماددەى 12 پێویستە هەرێم و بەغداد پرسە داراییەکانیان لە ساڵانى 2004-2022 پاکتاوبکرێت دواى وردبینیکردنیان لەلایەن دیوانى چاودێرى داراییەوە، لەگەڵ پابەندبوونى هەرێم بە رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەسۆمۆ. هەموارى بودجە لە 5ـی تشرینی دووهمی 2024ـەوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى پەرلەمان کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى فراکسیۆنەکانەوە لەسەر ماددەى 12 کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم، هەموارەکە بەپەسەندنەکراوى ماوەتەوە.
ــ بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە ــ کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی هەرێمدایە لە 2008ەوە دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێم، ڕایدەگەیەنێت ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەنرێت. پەیامنێرى هاوڵاتى ڕایگەیاند، ئێوارەى ئەمرۆ یەکشەممە، لەڕێگەى درۆنەوە هێرش کراوەتەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەڵام هیچ زیانێکى گیانى نەبووە. رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، لەبارەى هێرشەکەوە دەڵێت: لە شوێنی هێرشەکەدا دووکەڵێکی رەش بەرزبووەتەوە، تیمە ئەمنییەکان لە هەوڵی دوورخستنەوە و پاراستنی کارمەندەکاندان و تائێستا بەدواچوون دەکرێت بۆ زەرەرو زیانەکان. لاى خۆشیانەوە وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێم، لەبەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، کاتژمێر (7:05)ی ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەنرێت. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى سامانە سروشتیەکان، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەكرێت. کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز. دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو. کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە. کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی گازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو گازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800 ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت، بەشێك لە مامۆستایان مانگرتوو ئێمە وەك نوێنەری هەندێك سەركردەی دژە كورد سەیریان دەكەین. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، پێشەوا هەورامى، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەى مانگرتنى مامۆستایانى سلێمانیەوە دەڵێت: بەشێك لەو مامۆستایانەی ئێستا لەژێر خێمەدان لە سلێمانی، خۆپیشاندان و جادەگرتنیان بۆ ئەوەبوو كە ئێمە بچینە بەغداد موچە وەربگرین. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتیشى: بەشێك لە مامۆستایان مانگرتوو ئێمە وەك نوێنەری هەندێك سەركردەی دژە كورد سەیریان دەكەین، هەندێك دەموچاویان تێدایە هێندەی باوەشیان كردووە بە هەندێك سەركردەی بێزراوی میلیشیا عێراقییەكاندا رەنگی ئەوانیان گرتووە، ئەمانە کەى و لەکوێ نوێنەرى مامۆستایانن. پێشەوا هەورامى ئەوەشى وت: چەند كەسێكیان بەروونی دیارە بۆچی مانیانگرتووە و خۆیان دەنوێنن، پێشتریش ئەم سیناریۆیانەمان بینیوە كە بەشێكیان خۆیان كاندید دەكەن لەسەر حسابی خەڵكی خۆیان دەوڵەمەند دەكەن و دەبنە کاندیدى پەرلەمان و لیستیان دەبێت. لەلایەکى دیکەوە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتى کوردستان، سەبارەت بە مانگرتنەکەى مامۆستایانى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، پێمان وایە هەقى خۆیانە داواى مافى خۆیان بکەن، بەس مووچەو هەقى ئەوان لاى حکومەتى هەرێم نییەو لاى بەغدایە. ئەو بەرپرسەى پارتى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا، وتى: ئیشەڵا تیمەکانى تەندروستى نایەڵن تەندروستیان ئەو مامۆستایانە تێکبچێت، داوای سەلامەتی بۆ مانگرتووەكان دەكەین، ئەوان هەقیان لای حكومەتی عێراق نیەو لە بەغدایە. ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازى لەسلێمانى، ڕایدەگەیەنن سبەینێ دووشەممە، گەورەترین خۆپیشاندانی ساڵ دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکانى سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەکەن؛ سبەینێ کاتژمێر (10:30)ی بەیانی؛ لەبەردەم پارکی مەلیک مەحموودى سلێمانى ئامادەبن. دەقى ڕاگەیەندراوەکە سبەینێ گەورەترین خۆپیشاندانی ساڵ دەکەین لەژێر دروشمی (ڕۆژی وەفا و پشتیوانی) ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی؛ سبەینێ دووشەممە 3/ 2/ 2025 خۆپیشاندانێکی گەورە و بەرفراوان بە ئاڕاستەی خێوەتگەی هاوپیشە مانگرتووەکانمان ئەنجامدەدەین. داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەکان و هاووڵاتیانی ویژدان زیندوو و بەهەڵوێستی سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەکەین؛ سبەینێ کاتژمێر (10:30)ی بەیانی؛ لەبەردەم پارکی مەلیک مەحموود (لە شەقامی بازنەی مەلیک مەحموود) ئامادەبن. ئامادەبوونتان پشتیوانی و وزە و هێز و نیشاندانی وەفای ڕاستەقینەیە بۆ مانگرتووانی هاوپیشەمان. ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، رەخنە لە کۆبونەوەکەی دیمەشق دەگرێت و بە نایاسایی دەزانێت، کە بەبەشداریی ژمارەیەک لە بەرپرسی گروپە چەکدارەکان ئەنجامدرا و چەندین بڕیاری لەبارەی دەستور و پەرلەمان و سوپاوە درا و تیایدا شەرع وەک سەرۆکی سوریا دیاری کرا. لهڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانیدا، ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، ئەو بڕیارانەی لە دەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی سوریا دەدرێن، ناشەرعین، چونکە بە بێ بەشداری هێزە سیاسی و شۆڕشگێڕەکان و خەڵک ئەنجامدراون. ئیدارەکە ئاماژەی بە کۆنگرەی “سەرکەوتن” کرد کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە دیمەشق بەڕێوەچوو و بە ناشەرعی ناوی برد، چونکە دەڵێت، زۆرێک لە بەشداربووان تیرۆریست بوون و نوێنەرایەتی خەڵکی سوریا و ژنان و گەنجانیان تێدا نەبوو. لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بە بێ بەشداری هەموو پێکهاتەکانی سوریا دەبێتە هۆی نەگەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕشی گەلی سوریا و دۆخێکی هاوشێوەی دەسەڵاتی پێشوو دروست دەکات. ئیدارەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد، کە لەو هەڵەیە تێبگەن و هەموو سوورییەکان لە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی گشتیدا کۆبکەنەوە بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و دیموکراتیک. ئیدارەی خۆسەر رایدەگەیەنێت: هەر رێکارێک لە دەرەوەی کۆنگرەی نیشتیمانی سوریا و بەبێ بەشداریی هێزە سیاسی و نیشتیمانی و شۆڕشگێڕەکان کەموکوڕیی هەیە، بەستنی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا بە بەشداریی پێکهاتە و لایەنەکانی سوریا چارەسەری نمونەییە بۆ کۆتایی هێنان بە ناسەقامگیریی ئێستای سوریا و گەیاندنی گەلەکەی بە کەناری ئارام، لەبەرامبەردا دوورخستنەوەی هەر پێکهاتە و لایەنێک دەبێتە هۆی بەدەستنەهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشی گەلەکەمان، هیچ جیاواز نابێت لە رژێمی پێشوو. ئیدارەی خۆسەر داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات هەڵەکانیان راستبکەنەوە و سەرجەم سورییەکان بە پێکهاتە و چین و ئاڕاستە جیاوازە سیاسییەکانەوە لە کۆنگرەیەکی نیشتیمانی گشتگیر و بەبەشداریی هەموان ئامادەکاریی بۆ بکرێت و چوارچێوەکانی دەستوریی نوێ دابڕێژرێتەوە. هەروەک داوا دەکەن، دەسەڵاتدارانی دیمەشق رێگە نەدەن هیچ لایەن و کەسێک گوتاریی رقاوی بڵاوبکاتەوە و کاربکەن بۆ بەرجەستەکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان کە گەلی سوریای پێدەناسرێتەوە.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوی کردەوە؛ بە زۆرینەی دەنگ هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی وڵات پەسەندکرا و بەوەش رێگە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکرێتەوە. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو. فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردەوە؛ لە دانیشتنەکەدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023 - 2024 - 2025 ) ژمارە 13ـی ساڵی 2013 دراوە. لاى خۆیەوە، بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری عێراق لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: بەپێی یاسا پەسەندکراوەکە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە لەڕێگەی سۆمۆوە. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى وت: نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە 16 دۆلار دیاریکراوە بۆ ماوەی 60 رۆژ، هەروەها لایەنی راوێژکاریی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی لە ماوەی 60 رۆژدا نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت لە هەر کێڵگەیەک بە جیا دیاری دەکات." بەپێی ماددەى 12 پێویستە هەرێم و بەغداد پرسە داراییەکانیان لە ساڵانى 2004-2022 پاکتاوبکرێت دواى وردبینیکردنیان لەلایەن دیوانى چاودێرى داراییەوە، لەگەڵ پابەندبوونى هەرێم بە رادەستکردنى 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بەسۆمۆ. هەموارى بودجە لە 5ـی تشرینی دووهمی 2024ـەوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقەوە رەوانەى پەرلەمان کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى فراکسیۆنەکانەوە لەسەر ماددەى 12 کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم، هەموارەکە بەپەسەندنەکراوى ماوەتەوە. عەلى حەمە ساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەدواى پەسەندکردنى هەموارەکە نوسینێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت، هەرێم دەبێت نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، بۆ هەر بەرمیلێک عێراق ١٦ دۆلار خەرجدەکات، تاوەکو لە دوو مانگدا لیژنەی پسپۆڕ خەرجی فعلی دیاری دەکات. هاوکات عەلى حەمەساڵح ئەوەش دەخاتەڕوو، ڕێژەی ٥٠٪ داهاتی فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بەغدا، کە ٢٥٪ کۆی داهاتی هەرێمە، واتە: لەنزیک چوار ترلیۆن دەبێت یەک ترلیۆن بگەڕێتەوە، عێراق موچەو پارەی پرۆژەو خەرجیەکان دابین دەکات کە نزیکەی ١٥ ترلیۆنە، سێ ترلیۆنی داهاتی ناوخۆ بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە.
ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتى کوردستان، سەبارەت بە مانگرتنەکەى مامۆستایانى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، پێمان وایە هەقى خۆیانە داواى مافى خۆیان بکەن، بەس مووچەو هەقى ئەوان لاى حکومەتى هەرێم نییەو لاى بەغدایە. ئەو بەرپرسەى پارتى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا، وتى: ئیشەڵا تیمەکانى تەندروستى نایەڵن تەندروستیان ئەو مامۆستایانە تێکبچێت، داوای سەلامەتی بۆ مانگرتووەكان دەكەین، ئەوان هەقیان لای حكومەتی عێراق نیەو لە بەغدایە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئاری هەرسین، پارتی واقع بینە بۆیە هیچ بەیاننامەو قسەیەکى نییە لەسەر ئەو مانگرتنەى مامۆستایان، پارێزگاری سلێمانی و جێگرەكەی خۆیان بەشێكن لە مەكینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكە لەوەدایە ئەوانەی بەشێكن لە حكومەتەكە ئەچن بۆناو مانگرتووەكان و دەبن بە دەمڕاست و محامی ئەوانەی مانیانگرتووە بۆ موچەكانی خۆیان ، بۆیە ئەگەر ئێمە وەكو پارتی بەیاننامە دەربكەین هیچ شتێك نیە جگە لە دووفاقی ئەوە عەیبە لە سیاسەتدا. بەرپرسى لقى چوارى پارتى ئەوەشى وت: هەموو كەسێك مافی خۆیەتی داوای مافی خۆی بكات و موچەش حەقی شەرعی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، ئەوەی موچەی راگرتووەو ناینێری حكومەتی هەرێم نیە، وەزیری دارایی حكومەتی بەغدایە. ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە.
لە دەڤەرى گەرمیانەوە ١٢ مامۆستاو فەرمانبەرو هاوڵاتى بڕیاریانداوە بەپێ بەڕێبکەوون بۆ شارى سلێمانى و بچنە لاى خێمەى مامۆستایانى مانگرتوو وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەو داواکاریانەى هەیانە. ماوەى دوو رۆژە لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بانگەواز دەکرێت بۆ ئەو بەپێ ڕۆشتنەو بڕیارە سبەینێ دووشەممە بەرەو شارى سلێمانى بەڕێبکەون. سەردار مەلیحە، سەرپەرشتیاری بە پێ رۆیشتنەکە، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: دوو رۆژە بانگەوازەکەمان کردووەو تائێستا ١٢ کەس ئامادەیی خۆى دەربڕیوە، وەک پاڵپشتیەک بۆ مانگرتووەکان سبەینێ دووشەممەبە پێ بەڕێدەکەون بۆ سلێمانی. ماوەى شەش رۆژە ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران، بەرامبەر ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی، دژى دواکەوتنى مووچەکانیان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاندووە. شەوى ڕابردوو تیمى پزیشکانى خۆبەخش لە سلێمانى، سەردانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتووی کرد و پشکنینی بۆ کردن، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیشدا پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرانبەران راگەیاند. دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی گەرمیان سەردانی خێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانییان کرد و هاوشێوەی بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی هەولێر، پشتیوانیى خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی دەربڕی. دڵشاد جەمال، لە دەستەی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتى، "مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سلێمانی، درێژکراوەی خەباتی پیشەیی 10 ساڵی رابردووی مامۆستایانی ناڕازییە لە هەرێمی کوردستان". بایکۆت و مانگرتنی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییش دەڵێت، لەگەڵ داوای رەوای مامۆستایاندان بۆ داواکردنی شایستە داراییەکانیان، بەڵام پێویستە بارودۆخی خوێندنیش لەبەرچاو بگیرێت، چونکە بایکۆت زیان بە خوێندکاران دەگەیەنێت. خێمەی مانگرتووانی سلێمانی لەهەموو چین و توێژەکانەوە و لە زۆربەی ناوچەکانەوە شەو ڕۆژ سەردانیان دەکرێت.
بەپێى کارنامەى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق، ئەمرۆ دەنگدان دەکرێت بۆ هەموارى یاساى بودجەى گشتى کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان. ئەمرۆ یەکشەممە، ٢ى مانگى ٢ پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوەو یەکەمین بڕگەشى دەنگدانە لەسەر هەموارى یاسای بودجە. مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەمواری یاسای بودجە تێدەپەڕێنین، بەگوێرەی ئەو دەقەی كە لەلایەن حكومەتەوە بۆمان رەوانەكراوە. سەرۆکى پەرلەمان بە ڕۆژنامەی الصباحی عێراقى وت:دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ، لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەكان رێككەوتوین لەسەر تێپەڕاندنی ئەو دەقەی لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە، كە تایبەت بە هەمواری یاسای بودجە، ئەوەش بەهۆی بوونی هۆكاری تەكنیكی و یاسایی بڕواپێهێنەر. هاوکات هێما بۆ ئەوەش دەکات پرۆژەکە یاساكەیان خستوەتە ڕیزبەندی یەكەمی كارەكانی دانیشتنەکە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەم سەرۆكایەتی دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەوان گەشت دەكەن بۆ دەرەوەی عێراق. لای خۆشیانەوە، لیژنەی دارایی رایگەیاندوە، ئەو هەمواركردنەوەیەی ئەنجامدراوە لە یاسای بودجە، بەگوێرەی ئەو دەقەیە كە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندیكردووە. هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات. ئێوارەی چوارشەممە 29-01-2025 محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆشکی حکومی میوانداریی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کرد. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و گرنگی پشتیوانی کردن لە هەنگاوەکانی حکومەت لەتەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکان خرایەڕوو. هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، دوایین هەموارکردنەوەى بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ یاساکە کراوە تاوتوێ کرا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر پابەندبوون بەو دەقە کردەوە کە باس لەپرسی چارەسەرکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات.
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پێویستە کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ وردبینی لیست و تێچووی ساڵانە و مانگانەى هەرێم ئەنجامبدرێت، هاوکات ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن تەیف سامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی هەرێم جێهێشتبێت بەناڕاست دەزانێت. لە بەیاننامەیەكى ڕۆژنامەوانیدا، وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەزیرى دارایی تەیف سامی كۆبوونەوەكەی بەجێنەهێشتووە، لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی یەكلاكردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم. هاوکات ئاماژە بەوەدەکات، ئەو تۆمەتانە ناڕاستن، تەیف سامی بەشداری سەرجەم ئەو كۆبوونەوانەی كردووە كە لەوبارەیەوە ئەنجامدراون، بەو پێیەی كۆبوونەوەكان شایەتحاڵی گفتوگۆی بەرفراوان بوون بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە كە مافەكانی سەرجەم هاووڵاتیان زامن بكات. وەزارەتى دارایی لەبەیاننامەکەیاندا دەڵێن بەگوێرەی كۆنتڕۆڵە یاسایی و داراییە كارپێكراوەكان و هەروەها بەشداریی لە كۆبوونەوەكەدا كردوە لەگەڵ شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن و بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی هەرێم و ستاف و كارمەندە پێشكەوتووەكانی، هەروەها ئامادەبوونی ستافی پێشكەوتوو لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی. وەزیری دارایی جەختی لەوە كردەوە، پێویستە كۆبوونەوەیەكى دیکە لە وەزارەتی دارایی ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی لیست و تێچووی ساڵانە و مانگانەى هەرێم بتوانرێت ڕاستەوخۆ وردبینی بكرێت و پشتڕاست بكرێتەوە، هەروەها بتوانرێت هەمواركردنی پێویست بە زووترین كات ئەنجام بدرێت. هەروەها ئەوەشى وت: كاركردن لەگەڵ لیژنە هاوبەشەكان بە سەرۆكایەتی وەزیر و لیژنە تەكنیكیەكانی هەردوولا لە بەیانییەوە تا درەنگانی شەو بەمەبەستی وردبینی و ئاشتكردنەوەی داتای مووچەی مەدەنی خانەنشینان، گرێبەستەكان بەردەوام دەبێت. وەزارەتی دارایی داوای لەسەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن و سەرچاوەكانی هەواڵ كرد كە دڵنیای دروستی لێكۆڵینەوە لە زانیارییەكانی دەسەڵاتە فەرمیەكان بكەن،هەروەها خۆیان بەدوور بگرن لەبڵاوكردنەوەی هەواڵی نادورست كە رەنگە بەشێوەیەكی ناڕەوا ڕای گشتی بوروژێنێت.
مامۆستایان و فەرمانبەران، داوا لە هاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەکان دەکات سبەینێ یەکشەممە، بکرێتە ڕۆژێکى فراوانى ناڕەزایی دەربڕین، هاوکات هەڕەشەى ئەوەش دەکەن گیانی هەر مامۆستایەکى مانگرتوو بكەوێتە مەترسیەوە، نایەڵین یەك بەرپرس بەسەلامەتی بسوڕێتەوە. ئەمڕۆ پێنج رۆژە مامۆستایان لەژێر خێمەیەکدان لەبەردەم بارەگاى نەتەوەیەکگۆتووەکان لە سلێمانى، بەهۆى ساردى کەش و هەواو درێژە کێشانى مانگرتنیان لەخواردن، تەندروستی زۆرینەیان ناجێگیرە. عوسمان گوڵپى وتەبێژى خێمەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوو، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، دەڵێت: پێنج ڕۆژە ئەو مامۆستایانە لێرەن، یاداشتێکمان بە زمانى عەرەبى و ئینگلیزى فەرەنسى داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئێرەمان وەک شوێنێکى ڕەمزیمان هەڵبژاردووە یوئێن لەبەردەم بەرپرسیاریەتیداو چاوەڕوانى وەڵامى ئەوانین. وتەبێژەکەى مامۆستایانى مانگرتوو، وتیشى: داواکارم هاوڵاتیان سبەینێ بکەنە رۆژێکى فراوانى خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لەبەردەم خێمەى مانگرتوواندا، لەکاتژمێر دەى بەیانیەوە تا ئێوارە لێرە بمێننەوە، تەمەننادەکەین کۆبونەوەکەى سبەێنێ پەرلەمانى عێراقیش چارەسەرێکى پێبێت بۆ مووچەخۆرانى هەرێم، ئەگینا ئێمە بەردەوام دەبین. هاوکات هەر لەو کۆنگرەیەدا مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو چوار داواكاری سەرەكیان خستەڕوو، بریتین لە (رێزگرتن لە كەسێتی تاك و سەوەركردنی یاسا، بەر لەمووچە شکۆ گرنگترە، بە نیشتمانی كردنی موچەو دوورخستنەوەی لە ململانێی سیاسی، ئەمە بەر لەوەى خەڵک داواى بکات حکومەت خۆى دابینیبکردایەو نەیانکردایەتە ململانێى سیاسى. هەروەها دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتیان، لەگەڵ گەڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكان، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە، بۆ موچەخۆران، له ساڵی 2016وه ڕاگیراوه، ههروهها ئهو مامۆستا وانهبێژانهی كه لابراون بگهڕێنرێنهوه بۆ سهر كارهكانیان. عوسمان گوڵپى ئەوەشى وت: ژیانی ئهو مامۆستایانهی كه مانیان له خواردن گرتوه له مهترسیدایه، بهڵام جگه له بهردهوامبون هیچ بژاردهیهكی دیكهمان نیه و بهردهوام دهبین، گیانی مانگرتوویەكمان بكەوێتە مەترسیەوە، نایەڵین یەك بەرپرس بەسەلامەتی بسوڕێتەوە.
وەزارەتى دارایی ڕایدەگەیەنێت کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامەو چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکان بەرەو تەواو بوون دەچێت. لەڕاگەیەندراوێکیاندا وەزارەتى دارایی و ئابورى هەرێم، دەڵێن: ئەمرۆ شەممە، ١ی شوباتی ٢٠٢٥، بۆ ڕۆژی دووەم کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لەشاری بەغداد بەردەوامی هەیە. هەروەها وەزارەتى دارایی ئەوەش دەخەنەڕوو لەو چوارچێوەیەشدا تیمە هونەریەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمە هونەریەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن لە کۆبوونەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکان، چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا کارەکان تەواو بکەن. بەیانیی ئەمڕۆ شەممە کۆبوونەوەی دووەمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی لە بەغدا بەڕێوەچوو. دوێنێ دوای سێ کاتژمێر کۆبوونەوە شاندی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم سەرپەرشتی فواد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دارایی ئابووری هەرێم رایگەیاند کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە. بابەتەكانی گفتوگۆی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق بریتین لەم خاڵانە: - تەرازووی پێداچوونەوەی مووچەی مانگەكانی ساڵی ڕابردوو. -شێوازی ئامادەكردنی لیستی مووچە. -تەواوی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. - پڕۆژەی هەژماری من. بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆى بەغدا باسى مووچەی مانگی یەك و پاداشتی خانەنشینان کراووە، مووچەی مانگی یەكیش دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ. پاشنیوەڕۆى هەینى، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە، بودجە لە هۆتێل بەغدا کۆبوونەوە. ڕێباز حەملان بریکارى وەزیرى دارایی حکومەتى عێرق، دەربارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە دەڵێت: باسمان لە دوو بابەت كردوە، مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم، مووچە و پاداشتی خانەنشینان، جگە لەو دوو بابەتە باسی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرا، مووچەی مانگی یەك دەكرێت بە بنەما بۆ تەواوی مانگەكانی ئەمساڵ.
هەپەگە ڕایگەیاند، لە وەرزی زستاندا لە زەوی و ئاسمانەوە ٦٣ جار گەریلا چالاکی ئەنجامداوە و دەوڵەتی تورکیش هێرشەکانی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و تەقەمەنی قەدەغەکراو بەردەوامە. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە دەربارەی شەڕی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و قڕکەر و حکومەتی ئاکەپەی فاشیست لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا هێرشەکانی لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەبێ وەستان بەردەوامە و لە مانگی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان لە دێرسیمەوە تا سەرحەد، لە خەرزانەوە تا ئامەد، لە مێردینەوە تا بۆتان، لە جۆلەمێرگ و بۆتان سەدان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام داوە، بەڵام هەموو ئەم ئۆپەراسیۆنانە بێ ئەنجام مانەوە. دەشڵێن: وێڕای هێرشە داگیرکارییە ئاسمانییەکان لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکان لەسەر گەلەکەمان لە باکووری کودستان بەردەوامە و تێیدا چەندین هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە جەختەکاتەوە لەسەر سیاسەتی قڕکردن، بە بەرچاوی جیهانەوە کەسانی مەدەنی تیرۆر دەکات و بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو لە دژی گەریلا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. ئاماژە بەوەکراوە، دەوڵەتی تورک لە ناو مانگی کانوونی دوووەمدا پێنج جار بە چەکی کیمیایی، نۆ جار بە درۆنی بۆردوومانکەر و ١١٣ جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو هێرشی سەر تونێلەکانمانی کردووە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. هاوکات گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان ٢٣٥ جار بە فڕۆکەی جەنگی و ٥٩ جار بە هێلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومان کراون. هاوکات، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لەبەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە باکووری کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بە بێ ناوبڕ درێژە دەدەن بە تێکۆشانیان. لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانمان کە بە بوێری و پێرفۆرماسیۆنێکی بەرزەوە لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا لە بەرخۆداندان، لە ناو بارودۆخی وەرزی زستاندا بە تاکتیکی جیاواز ١٣ جار لە ئاسمانەوە، ٥٠ جاریش لە زەمینەوە، بەگشتی ٦٣ جار چالاکی ئەنجام داوە و لەم چالاکییانەدا شەش داگیرکەر سزادراون و داگیرکەرێکیش بریندار کراوە. هەروەها چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی، کەرەستە و پێداویستی سەربازی لەناوبردراون و گورزییان لێ وەشێندراوە. لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە بەرانبەر هەموو هێرشەکاندا بە تێکۆشانی هەبوون و ئازادی گەلی کورد بە ڕۆحی فیدایی ئاپۆییەوە لەبەرخۆداندان و وەک ئەوەی هەموو کاتێک ئەنجامیان داوە، لە ئێستا و دواتریشدا وەڵامی بەرپەرچدانەوەی پێویست دەدەنەوە. هەپەگە ئاماری مانگی کانوونی دووەمی بەم شێوەیە خستووەتە ڕوو: هێرشەکانی سوپای تورک: هێرشی فڕۆکەی جەنگی: ٢٣٥ هێرشی هێلیکۆپتەر: ٥٩ هێرشی چەکی کیمیایی: ٥ هێرشی درۆنی خۆکووژ: ٩ هێرشی تەقەمەنی قەدەغەکروا: ١١٣ چالاکییەکانی گەریلا: چالاکی ئاسمانی: ١٣ چالاکی زەمینی: ٥٠ زیان و لەدەستدانەکانی دووژمن: داگیرکەری سزادراو: ٦ داگیرکەری بریندار کراو: ١ ئەو کەرەستانەی لە ناوبردراون: سیستەمی ڕادار: ٢ کۆنتێنەر: ٥ درۆن: ٦ کامێرای چاودێری: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ٢ خێمەی سەربازی: ٤ بڕی ٤٠ کیلۆ تەقەمەنی کامێرای وێنەهەڵگر: ١ ئەوانی گورزییان لێ دراوە: تانک: ١ زێپۆشی سەربازی: ٢ چەکی قورسی دۆشکە: ١ مۆڵگە: ١
