عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، لە وەڵامی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەی شاسوار عەبدولواحید لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆی  دەڵێت: دەستبەرداری فێڵ و فریودان نابێت، بە فێڵێکی ساختەی عاتفی دەیەوێت ئەوەی تورکیا داپۆشێت، لە کۆتاییشدا دەڵێت ئەنجام دەبینین. لەنوسینێکیدا لە پەرەى تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک عەلى حەمە ساڵح، سەرۆکى ڕەوتى هەڵوێست وەڵامى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوێى داوەتەوە. ئەو دەڵێت: بەفێڵێکى ساختەى عاتیفى دەیەوێت ئەوەى تورکیا دابپۆشێت ئەنجام دەبینین، وتیان: ڕۆشتین لەگەڵ جێگری هاکان فیدان کۆبوینەوە بۆ تەشکیلی حکومەت! دەڵێ: لەگەڵ پارتی دانوستانمان کردوەو تائێستا شەش کورسیان پێداوین!، سەرباری هەڕەشەو فشاری یەکێتی، ناڵێت: لە دانوستان کشاوینەتەوە!، دەزانن ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری بکرێت، لیستی یەکەم سەرەتا ڕادەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت (پارتیە). عەلى حەمەساڵح لەکۆتاییدا دەڵێت: ئێمەو یەکگرتووش ژمارەمان لەگەڵ یەکێتی کۆبکرێتەوە هەر لە پارتی زیاتر نابێ! ئیتر چۆن تەکلیف دەکرێت!. ئێوارەی ئەمرۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندبوو لەم دۆخەدا بەشداری حکومەت ناکەین و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە، ئەوەشى خستەڕوو  با لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆک وەزیران رێکبکەون ئێمە دەنگیان پێدەدەین و پۆستیشمان ناوێت.

فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک سەردانى تارانمان کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، بە ئێرانیەکانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانە، هەندێک هەڵوێستی ئێران کە لە میدیاکانەوە لەسەر هەندێک بابەت بڵاودەکرێنەوە، پێچەوانەی دیدگای ئێمەن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بڕیاری کۆتایی عێراقی بێت. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرق ئەوسەت، فواد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراق، رایدەگەیەنێت عێراق لە شەڕ ڕزگاری بووە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی مەترسیی شەڕ بووەتەوە، هەروەها وتیشى: ئێستا جیهان بەشێوەیەکی تر دەڕوانێتە ئێمە، بەڵام عێراقییەکان کێشەکانیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەیە، هیچ کەسێک جگە لەوان چارەسەری ناکات، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش لەگەڵیان ناکۆک بێت، یان سەرۆکی ئەمریکا کە هیچ سۆزێکى بۆ بەغدا و تاران نییە. فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک هەشتى ئەم مانگە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، چوینە تاران، لەسەر پرسەکا ناوخۆییەکانى عێراق بەوانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانەو دەبێت دوابڕیار عێراق بیدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە دەستمان بەم کەیسە کردووەو پێویستمان بە ماوەی دیاریکراو هەیە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام. ڕوونە کە ئێمە بە هەندێک میکانیزمەوە پابەندین و پێشنیاری جیاواز هەیە. ئەو وتیشى: بۆ نموونە گروپەکان بەشێک بن لە هێزەکانى بەرگرى و یاسایی بن، هەروەها تێزێکی تر هەیە کە داوا دەکات چەکەکانیان ڕادەست بکەن تەنها ببنە قەوارەی سیاسی، بیرۆکە زۆرن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە تێگەیشتنە ناوخۆییەکان و خۆمان لە دروستکردنی دۆخێک بەدوور بگرین کە ڕەنگە خوا نەکات شەڕی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە. فوئاد حسێن ئاماژە بەوەدەکات، 2024 بۆ ئەوان زۆر قورس بوو، وتى: چونکە ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات و ئەو وڵاتانەدا دەکرد کە پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵدا نییە ئێستا عێراق لە ناوچەیەکدایە کە ئاگرەکە هێشتا دەسووتێت. پرسیارەکە هەر ماوەتەوە: چۆن خۆت لەم ئاگرە دەپارێزیت؟ ئەو هەوڵانەی ساڵی ڕابردوو دامان لە ماوەی داهاتوودا دوو هێندە دەبێت، لە پێناو پاراستنی عێراق لە دۆخێکی سەقامگیریدا، دوور لە شەڕ و ململانێکان.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەم دۆخەدا بەشداری حکومەت ناکەین و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە، ئەوەشى خستەڕوو  با لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆک وەزیران رێکبکەون ئێمە دەنگیان پێدەدەین و پۆستیشمان ناوێت. ئەمڕۆ شەممە ١٨ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەربارەی بەشداریکردن لەحکومەت کۆبوونەوەو لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییەدا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەگەر تا چوارشەممەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کۆنەبێتەوە، ئەوا محەمەد سلێمان، سەرۆکی کاتی ئێستای پەرلەمانی کوردستان. دەست لەکار دەکێشێتەوە. شاسوار عەبدولواحید، وتیشى: بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی جارێک و پارتی دوو جار سەردانی کردوون، بەڵام ئەوان بڕیاری خۆیان داوە و وەکو ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە. سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، شاندی پارتی پێیان گوتوون جگە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئامادەن گفتوگۆ لەسەر هەموو پۆستەکانی دیکە بکەن، "بەڵام ئێمە بڕوامان بەو قسانە نییە و ناچینە حکومەتێکەوە ئەگەر دەسەڵاتمان نەبێت".   بەوتەی شاسوار عەبدولواحید، بەڵێنیان پێدراوە وەزارەتەکان بە هەموو پۆستەکانی دیکەوە بە نەوەی نوێ بدەن، 30 بەڕێوەبەری گشتی، 20 وەکیل وەزیر و چەندین پۆستی دیکە، بەڵام "متمانەمان نییە" و بەشداری لە حکومەت ناکەن. سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوە کرد، پارتی رازی بووە 6 وەزارەتیان پێبدات بە تەواوی پۆستەکانەوە، بەڵام قبووڵیان نەکردووە. وتیشی، جگە لە وەزارەتەکان، پێشنیازی 50 پۆستیان بۆ کراوە. شاسوار عەبدولواحید لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتیشى: دەمانەوێت حکومەتى داهاتوو کێشەکان چارەسەر بکات بەتایبەتى کێشەى مووچە لەگەڵ بەغدا.

ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەمڕۆ (شەممە) ڕایگەیاند: ئاگربەست لە کەرتی غەززە، سبەی یەکشەممە کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆی قەتەر دەستپێدەکات، حەماس پێش هەر ڕۆژێک لیستی زیندانییە ئازادکراوەکانی فەلەستینی بڵاودەکاتەوە. وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى قەتەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامۆژگاری براکانمان دەکەین کە خۆپارێزی بکەن و ئەوپەڕی وریا بن و چاوەڕێی ڕێنماییەکانی سەرچاوە فەرمییەکان بکەن، ئەمە لەسەر بنەمای کۆدەنگی نێوان لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە و ناوبژیوانان هاتە ئاراوە. وەزارەتی ناوخۆ لە کەرتی غەززە پێشتر ڕایگەیاندووە، هەر کە ڕێککەوتنی ئاگربەست کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەست بە بڵاوەپێکردن لە سەرجەم ناوچەکانی کەرتی غەززە دەکات، هەروەها داوای لە هاوڵاتیان کرد موڵک و ماڵی خۆیان بپارێزن و خۆیان لە هەر کارێک بەدوور بگرن کە ڕەنگە ببێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانى ئەوانى تر. وەزارەتی دادی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە ٧٣٧ بەندکراوی فەلەستینی لە بەرامبەر ئازادکردنی وەجبەی یەکەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە. لە بەرامبەردا حەماس ئەمڕۆ (شەممە) ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی میکانیزمێکدا کە لە مەرجەکانی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلدا لەسەری ڕێککەوتوون، لیستی ئەو زیندانییە فەلەستینییانە بڵاودەکاتەوە کە پێش هەر ڕۆژێکی ئاڵوگۆڕکردن ئازادکراون.  نووسینگەی ڕاگەیاندنی زیندانیانی حەماس لە بەیاننامەیەکدا زیادی کرد: میکانیزمی ئازادکردنی زیندانییەکان پەیوەستە بە ژمارەی ئەو زیندانییە ئیسرائیلییانەی کە حەماس بە نیازە ئازادیان بکات، ئەمەش پڕۆسەیەک بە درێژایی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە درێژدەبێتەوە. ڕۆژی هەینی، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ناوی 95 دەستگیرکراویان دەستنیشانکرد کە ڕۆژی یەکشەممە ئازاد دەکرێن، کە زۆربەیان ژن و کەم تەمەنن، زۆربەیان لە دوای 7ی ئۆکتۆبەر دەستگیرکران، ئاماژەیان بەوەدا کە ڕێوشوێنیان گرتووەتەبەر "بۆ ڕێگریکردن لە هەر ئاهەنگێکی گشتی". لەگەڵ ئازادکردنیان. هەروەها ئیسرائیل ژمارەیەک زیندانی فەلەستینی بە سزای درێژخایەن ئازاد دەکات، لەوانە زەکەریا زوبێدی، سەرکردەی پێشووی لیواکانی شەهیدانی ئەقسا، باڵی چەکداری فەتح.

پێشکەشکارى کەناڵى العربیە، ریم بوقمەرە، لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک ئەم وێنەیەى خۆى و مەزڵوم عەبدى بڵاوکردوەتەوەو ئاماژە بەوەدەکات مەزڵوم عەبدى پێى وتوە ناچێت ئەمریکا بۆ مەراسیمى دەسبەکاربوونى ترەمپ، چونکە پاسپۆرتى نیە، هەروەها وتوشیەتى ئەمە یەکەم سێڵڤیەتى لەژیانیدا کە گرتویەتى. ئەو پێشکەشکارە دەڵێت: دیدارێکى ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزلوم عەبدى سازداوەو پێى وتووم ناچێت بۆ مەراسیمى دەستبەکاربوونى ترەمپ، نەک لەبەر هۆکاری ئەمنی، بەڵکو لەبەر ئەوەی پاسپۆرتی نییە بەناوی مەزلوم عەبدیەوە. ریم دەشڵێت لە گفتوگۆکەماندا زۆر دۆسیەمان وروژاندوە کە بۆ یەکەمجارە باسیان دەکات، دەربارەی دیدارەکەی لەگەڵ مەسعوود بارزانی و پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، هەروەها سەردانەکەی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، دەربارەی ئێران و تورکیا. ئەوەش دەخاتەڕوو لە کۆتایی گفتوگۆکەدا مەزڵووم عەبدى پەیامی ڕاستەوخۆی پێشکەش بە هەندێک سەرکردەی سیاسی کردوە. بڕیارە لەچەند رۆژى داهاتوو ئەو دیدارە لە کەناڵى العربیەوە پێشکەش بکرێت. پێشکەشکارى کەناڵى العربیە، ریم بوقمەرە، وتیشى: ئەم وێنەیەمان گرتووە، دواتر مەزڵوم عەبدى پێى ووتوم ئەمە یەکەم سێڵفیە لەژیانیدا گرتوویەتى.

بەپێى راپۆرتى سەنتەری میترۆ، ساڵی ڕابردوو (2024) 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە،  پێشێلکارییەکان 22٪ کەمبوونەتەوە بەراورد بە ساڵی 2023. ئەمرۆ شەممە لە مەراسیمێکدا، سەنتەری میترۆ راپۆرتی ساڵی 2024ـی رەوشی ئازادیی رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە؛ یاساکانمان گۆڕین، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە" بڵاوکردەوە. بەپێى ناوەڕۆکى راپۆرتەکەى سەنتەرى میترۆ، ساڵى ڕابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بەپێى ئامارو داکاتانى ناو راپۆرتەکە، پێشێلکارییەکان 22٪ کەمبوونەتەوە بەراورد بە ساڵی 2023 کە ئەو ساڵە 231 پێشێلکاری لەلایەن ئەو سەنتەرەوە تۆمارکرابوون.    هەر بەپێی راپۆرتەکە، 103 رێگری لە رۆژنامەڤانان تۆمارکراوە، 24 دەستبەسەرکردنی رۆژنامەڤانان بەبێ بڕیاری دادگە، 6 هێرشی ئەلیکترۆنی، 17 دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی و 2 شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی تۆمارکراون. 10٪ـی ئەو رۆژنامەڤانانەی پێشێلکارییان بەرامبەر تۆمارکراوە، مێ بوون و 90٪ـی دیکە نێر بوون.  لەکۆتایی راپۆرتی سەنتەری میترۆدا کۆمەڵێک راسپاردە هەن کە داوا دەکات جێبەجێ بکرێن لەپێناو باشترکردنی دۆخی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، لەنێویاندا "پێداچوونەوە بە بڕیارە دادوەرییەکان کە ئازادیی رۆژنامەنووسی زەوت دەکەن، کارکردن بۆ پاراستنی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەری، رەچاوکردنی فرەیی میدیایی لە پێدانی زانیاری، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی بەرتەسککردنەوەی جووڵەی رۆژنامەنووسان لەسەر سنوورەکان، دەرکردنی رێنمایی بۆ یاسای پێدانی زانیاری و کۆتاییهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە هەر تووندوتیژییەک بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان".  سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2009 دامەزراوە، بە هاوکاریی رێکخراوی پەیمانگەی رۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان. 

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، رایدەگەیەنێت، لە پڕۆسەی دوای دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، لێدوانەکانی ئەردۆغانى سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک و ئاکەپە بە مەبەستی چارەسەری نییە، بەڵکو بۆ قۆڵکردنەوەی کێشەکانە. لە دیدارێکى رۆژنامەوانیدا، جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، باس لەدیدارەکانى ئیمرالى دەکات و دەڵێت هەرچەندە شاندەکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا کۆبوونەوە، بەڵام گۆشەگیری بەردەوامەو کۆتایی نەهاتووە. لەو بارودۆخەی گۆشەگییردا ڕێبەر ئاپۆ ناتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئەو وتیشى: ئەگەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی دەیەوێت کێشەکانی تورکیا چارەسەر ببن، پرسی کورد لە نێو ئەو پرسانەدا پرسێکی بنەڕەتییە. ئەمە لەم مانگانەی کۆتاییدا زۆرتر ڕوونبووەوە بۆئەوەی کێشەکان چارەسەر ببێت، دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنێت، لە نێو هەلومەرجی گۆشەگیرییدا داوای چارەسەری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، ئەمە کارێکی نا مرۆڤانە، نا ئەخلاقی و نا یاساییە. جەمیل بایک جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە ئاپۆ لەژێر گۆشەگیرییەکی ڕەهادایە، لە ژێر گۆشەگیرییەکی لەم شێوەیەدا چۆن بتوانێت ڕۆڵی خۆی جێبەجێ بکات!. هەروەها دەڵێت: ئاپۆ دەبینێت تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پرسی زۆر قوڵ و جددیدا تێپەڕدەبن. بۆیە دەیەوێت ئەم پرسانە چارەسەر بکات. یانی ڕۆڵێکی مێژووی دەگرێتە ئەستۆی خۆی. خواستێتی خزمەتێکی گەورە بە گەلی کورد، گەلی تورکیا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی بکات. هاوسەرۆکی کەجەکە لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەیدا ئاماژە بۆ پەیامە حەوت خاڵیەکەى ئۆجەلان دەکات، دەڵێت: کاتێک کە ڕێبەر ئاپۆ ئەم ٧ خاڵەی دیاری کرد، لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا ئاسوودەیەکی هێنایە ئاراوە. ئەمە داهاتووی گەلانی تورکیای دیاری کرد. بۆیە دەڵێین ئەمە مانیفێستێکە. وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە ڕۆڵی خۆی دەربڕی، دەبێت دەوڵەتی تورکیش بە ئاشکرا بیرکردنەوە و ڕوانگەی خۆی دیاری بکات. جەمیل بایک ئەوەدەخاتەڕوو، ئەو شاندەی کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا چاوپێکەوتنی کردوە، قسەیانکردوەوەو دەڵێن، هەڵوێستی دەوڵەتی تورک لە بابەتەکەدا ڕوون نییە. وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرسەکانی تورکیا پەرەی بە چارەسەرییەکاندا، دەبێت دەوڵەتی تورکیش بە ئاشکرا لەم بابەتەدا ڕوانگەی خۆی دەربڕێت. وەڵامییان چی بێت، چی هەنگاوێ هەڵگرن، دەبێت دیاری بکەن. هەمووان لە چاوەڕوانی ئەمەدایە.  ئەو وتیشى: دەوڵەتی تورک لەم بابەتەدا هەنگاوی نەناوە، بۆیە ئەمە گومان درووستەکات. دەبێت ئەم گومانە بڕەوێتەوە، شەڕێک لە ئارادایە و ئیدی گەیشتووە بە کوردستان. کوردستان چارەنووسی هەموو کەس و لایەنێک دیاری دەکات. بۆیە هەندێک ناوەند و لایەن هەیە لەسەر کوردستان شەڕ دەکەن. یانی هەر لایەنێک کوردستانی دەستهێنا ئەوا ئەنجامی بەدەستهێناوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ڕایدەگەیەنێت کۆبونەوەکەیان لەگەڵ  فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی (سنتكۆم)، كۆبونەوەیەکى  گرنگ بووە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای سوریاو ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دژی داعش. لەچەند رۆژى رابردوودا، جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سنتكۆم)، سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبویەوە. لەتۆڕى کۆمەڵایەتى  (ئێكس) مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات نوسینێکى بڵاوکردوەتەوە دەڵێت: بەم دواییانە چاومان كەوت بە جەنەڕاڵ مایكل كۆریلا، جەنەڕاڵ لایهی كیڤن، فەرماندەی هێزی هاوبەشی پێداگری پۆڵاین، جەنەڕاڵ مایكل برۆكس، فەرماندەی هێزی ئەركی هاوبەشی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان لە وڵاتی شام. فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژە بەوەدەکات:  لەو کۆبونەوەیە جەختیان لە هەوڵە نێودەوڵەتیان كردەوە بۆ سەرلەنوێ‌ ئامادەكردنەوەی خێزانەكان لەناوی كەمپی هۆل و كۆنتڕۆڵكردنی زیندانەكان. هەروەها دەڵیت جەختمان لە گرنگی بەهێزکردنی هاوبەشییەکە و ڕۆڵی ئەمریکا لە بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتدا کردەوە. پێشتریش فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو، مایکل کۆرێلا سەردانی سووریای کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەتەوە، هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ شەڕی داعش و ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە سوودوەرگرتن لە دۆخی ئێستای سووریا کردووە.

ئەمرۆ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و مەسعود بارزانی کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکە بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا کراوە، هەروەها جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. بەپێى راگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی و مەزلووم عەبدی  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبونەتەوە. بەپێى راگەیەندراوەکە لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی نێوان مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی لە هەولێر، پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند دیدارەکە بۆ "ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردی و یەک هەڵویستی کوردە لەم قۆناغەی سوریادا." فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان کە نووسینگەکەی لە شاری سلێمانیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، "کۆمەڵێک مەلەفات هەیە کە دەبێت قسەی جدییان لەبارەوە بکرێت، بە نموونە پارتی کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ تورکیا هەیە پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکانی بکات و لەو هێڵە دووربیت کە بەرژەوەندی کورد دەخاتە مەترسیەوە. وتیشى: لەلایەکی تریش پارتی لەڕێگەی مسعود بارزانیەوە کار بۆ ئەوە بکات پەیوەندیەکانی تورکیا باشتربیت لەگەڵ کورد دا و هێرشەکانی لەسەر کورد ڕابگرێت." بەوتەى نوێنەرەکەى خۆسەر، کۆبوونەوەکە بۆ هەنگاونان بووە لەسەر "چۆنیەتی بەهێزکردنی گوتاری کوردی لە ڕۆژئاوا،" و جەختیکردەوە "گۆڕانکاری خێرا و بەپەلە هەن لە ناوجەرگەی سوریا، دەبێت کوردیش یەک هەڵوێست بیت لەم دۆخەدا." وتەکانی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کاتێکدان هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو سەرکردەی کوردی لە هەولێر پشتڕاستکردەوە. ناوبراو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەولێر لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی هەسەدە بۆ باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەستکەوتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد و پێگەی کورد لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق بۆ راگواستنێکی سیاسی ئارام. سوپاس بۆ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان."

کۆنگرەی گەلانی دیموکرات، (هەدەکە) هەڵمەتێکی دەست پێکردووە بۆ کۆکردنەوەی یەک ملیۆن واژۆ بۆ هێنانەدی ئاشتی، لە ڕاگەیاندنی هەڵمەتەکەدا داوا لە هەموو لایەک کراوە کە بە بەرپرسیاریێتەوە لە پێناو ئاشتیدا بکەونە هەوڵدان. مەراڵ دانش بەشتاش، وتەبێژی هەدەکە ڕایگەیاند: بچووک و گەورە سەبارەت بە ئاشتی گفتوگۆ دەکات، دەرگایەک کراوەتەوە. دەست بە هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوە دەکەین ئەگەر ئاشتی ئاسان بوایە دوو شەڕی گەورەی جیهانی بەدوای خۆیدا نەدە‌هێنا و ئێستا لە سەروبەری جەنگی جیهانی سێیەمین. وتەبێژەکەى هەدەکە، لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەى خستەڕوو، ئێمە ئاشتییەکی بەهێز و بەردەواممان دەوێت وەک هەدەکە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەمان لە پێشی هەموو شتێک داناوە. لە ٨-٩ی شوبات دا لە ئەستەنبوڵ کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی ساز دەکەین. ناوبراو وتیشى: بە هۆی سیاسەتی ئەمنی سەبارەت بە پرسی کورد بەسەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیان و ئازارێکی زۆریان بەرکەوتووە. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وتەبێژەکەى کۆنگرەی گەلانی دیموکرات هێماى بۆ ئەوەکرد، پرسی کورد چاوەڕێ چارەسەرێکی دیموکراتیک، ئاشتیانە و کۆمەڵایەتییە، بۆیە ناتوانین لە پێداگرییمان بۆ ئاشتی و پاراستنی داهاتووی ژیانی هاوبەشمان بکشینەوە. ئەو وتیشى: ئەو هێرشانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا کە لە ئاستی کۆمەڵکوژییدا ئەنجام دەدرێن، نیشاندەری ئەوەن کە ئاشتی بۆ گەلان و بیروباوەڕەکانی ناوچەکە زۆر گرنگە. هەدەکە، بانگهێشتى سەرجەم پارتەکانى پەرلەمانی تورکیا دەکات، ئەو لایەنانەشی کە ئارەزووی ژیانێکی یەکسان و ئازاد دەکەن، بۆ ئاشتیەکی بەردەوام بە بەرپرسیارێتیەوە نزیکی دۆخەکە ببنەوە و بەشداری هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوە ببن. مەراڵ دانش بەشتاش، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، ئەمە تەنها هەڵمەتێکی واژۆکردن نییە، وتى: بەڵکوو ئەم هەڵمەتە لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجام دەدەین، لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی ئاشتییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. دواتر کۆبوونەوە و دیدار لە هەموو شارەکان و ناوچەکان ئەنجام دەدەین.

سەرۆکی دەستەی گومرگەکانى حکومەتى عێراق، رایدەگەیەنێت داهاتی دەسته‌کەمان بۆ ساڵی 2024 دوو ترلیۆن و 131 ملیار دینار بووە، بەڵام بەداخەوە ئاگامان لە داهاتى کوردستان نییەو هیچ داتاو ئامارێکمان لەبەردەست نییە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی گومركه‌كان پلانی خۆی بۆ ساڵی نوێ ڕاگەیاند، هاوکات دەستکەوتەکانی ساڵی ڕابردوودا خسته‌ڕوو. سەرۆکی دەستەی گومرگی، حەسەن عەکیلی، ڕایگەیاند:  دەسته‌کەمان لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا دەستکەوتەکانی خۆی بۆ ساڵی 2024 و پلانەکانی داهاتووی بۆ ساڵی 2025، خسته‌ڕوو، جەختمانكرده‌وه‌ لەسەر گرنگی بوونی پشتگیری لە لایەنی یاسادانان و ڕێکارەکانەوە بۆ جێبه‌جێكردنی بەم پلانانە. ناوبراو ڕوونیشیکردەوە كه‌دەسته‌ی گشتی گومرگ کاردەکات بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی و فراوانکردنی بۆ ئەوەی سەرجەم ناوەندەکانی گومرگی لەماوەی سێیەکی یەکەمی ئەمساڵدا بگرێتەوە. حەسەن عەکیلی، ئاماژە بەوەشکرد كه‌ئامانج ئەوەیە سەرجەم دەروازە گومرگییەکان بخرێتە ناو ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییەوە، دەستکردن بە جێبەجێکردنی نوێترین شێوازەکانی گومرگی کە پشت بە تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد و پەیوەندی مۆدێرن و ئەلیکترۆنی ده‌به‌ستن. سەبارەت بە ئامارى داهاتەکانیان، سەرۆکى دەستەکە، وتی: داهاتی دەسته‌ بۆ ساڵی 2024 دوو ترلیۆن و 131 ملیار دینار بووە، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی ساڵی 2025دا ئەم ژمارەیە زیاد ببێت، بەڵام بەداخەوە بۆ نەبوونی داتای ورد لەسەر داهاته‌كانی هەرێم کوردستان،  داهاتەکانی ساڵی ٢٠٢٤ هەرێم ناگرێتەوە.

دانیشتووانى ناحیەى خەلەکان و دەوروبەرى، ماوەى دە ڕۆژ بەردەوامبوون لەخۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە دژی تەواونەکردنی جووتسایدی خەلەکان – رانیەو چوار ئەمرۆ پێنج شەممە دوای 10 رۆژ لە داخستنی رێگاکەیان کردەوەو  بڕیاریشە ئەمڕۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە سەردانی ناحیەکە بکات. سیروان سەرحەد قایمقامی دووکان، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: دواى کۆبونەوەو راوێژکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران، داواکاریەکانى ئەو خەڵکە جێبەجێ دەکرێت، لە ئەمرۆشەوە رێگەی سلێمانی - راپەڕین دەکرێتەوە و هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە. خۆپیشاندەران، داواکار ئەوەیان هەبوو بەزوویی دەستبکرێتەوە بەکارکردن لە پڕۆژەی رێگای سەرەکی سلێمانی – رانیەیە، ئەو داواکارییەیان کردبوەیە مەرجی کردنەوەی رێگاکە. هاوکات بەپێى زانیاریەکان، بڕیارە ئەمڕۆ دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی خۆپیشاندەرانی خەلەکان بکات، بۆ چارەسەری کێشەکەیان و کردنەوەی رێگاکە بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل. بەهۆی وەستانی کارکردن لە دووسایدی رێگەی نێوان جووتسایدی خەلەکان – رانیە، هاوڵاتیانى ئەو ناوچەیە رێگەی نێوان سلێمانی و هەولێر و ئیدارەی راپەڕینیان لە گوندی باداوان لە کانی وەتمان بەڕووی ئۆتۆمبێلی بار و تانکەردا داخستبوو، بۆ ماوەى دە ڕۆژ ئاستەنگى هاتوچۆیان دروستکرد. ئەو هاوڵاتیانەى بەشداری خۆپیشاندان و گردبوونەکانیان کردوە، باسیان لەوەکردوە کارکردن لە رێگاکە وەستاوەو حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنەکانی بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە جێبەجێ نەکردووە، هیچ وەڵامیشیان ناداتەوە، بۆیە ناچاربوون رێگاکە دابخەن. لە ساڵی 2013 وە بڕیاری دووسایدکردنی رێگای دووکان – رانیە دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەکە تەواونەکراوە، لەکاتێکدا ساڵانە چەندین رووداوی هاتوچۆ لەو رێگایە روودەدەن و دەیان هاووڵاتییش دەبنە قوربانی.

ماركۆ رۆبیۆ، كاندید بۆ پۆستى وەزیرى دەرەوە لە کابینەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، ڕایگەیاند، پێویستە ئەمریکا بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەوان هاوبەشێکى بەهێزى شەڕبوون دژی داعـ.ـش لە سوریا. لە چوارچێوەی پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی کاندیدکردنی ئەنجومەنی پیران بەشداری دانیشتنی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی سیناتۆرەکانی دایەوە. لەوەڵامى پرسیارى كریس ڤان هۆلن، سیناتۆری كۆمارییەكانەوە، سەبارەت ئایا ئەمریکا پشتگیری بەردەوام و پشتیوانی دەبێت بۆ هێزەکانی هەسەدە لەسوریا، لەکاتێکدا توركیا لەڕێی سوپای نیشتمانی سوریاوە هێرشیان دەكاتە سەر، ماركۆ رۆبیۆ وتى: بەڵێ‌ بەدڵنیایی، نەك هەر ئەوەش بەڵكو ئێمە پێویستە ئەوە بزانین دەستبەرداربونمان لە هاوبەشەكانمان كە قوربانییەكی گەورەیان داوەو روبەڕوی هەڕەشەی گەورە بوونەتەوە، لێكەوتەی زۆر مەترسیداری دەبێت. ئەو وتیشى: ئەوانە بەكرداری چەكدارانی داعشیان بەندكردووە، یەكێك لەو هۆكارانەی وایكرد بتوانین داعش لەبەریەك هەڵبوەشێنین، ئامادەیی ئەوانبوو بیانگرنە خۆیان لە زیندانەكان لەبەرامبەر باجێكی گەورە، كە دروستبونی مەترسییە لە سەر ژیانیان، روونیشە كە هەڵوێستێكی لەوشێوەیە زۆر جێگەی سەرسامییە. كاندید بۆ پۆستى وەزیرى دەرەوە، دەڵێت: پێویستە وەڵاممان هەبێت بۆ ئەو دەرفەتە لەسوریا، چونكە ئەو خەڵكانەی كە ئێستا بەرپرسیارێتیان لەدەستدایە لە سوریا تائێستا تاقیكردەوەیان تێنپەڕاندووە، ئەوانە كەسانێكن بە باشی نایانناسین، مێژوویان دڵنییمان پێنادات، وەك ئاماژەت پێدات راگرتنی ئاگربەست هەیە بەرامبەر بە كورد پێویستە پارێزگاری لێبكرێت. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئەوەشى وت: پێویستە بەزوویی ئەو ئاماژەیە بۆ ئەردۆغان بنێردرێت بەم دانیشتنەی ئێستاشەوە، كە نابێت پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بقۆزێتنەوە بۆ پێشێلكردنی رێككەوتنەكان، ئەوەی ئێستا دەمانەوێت لە سوریا بیبینین سەقامگیرییە، چونكە كاریگەری لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، كشانەوە دەرفەتێكە رەنگە دوبارە نەبێتەوە، روسەكان و ئێرانیەكان لەسوریا كرانە دەرەوە، بەڵام ئەوان زۆر براگماتین، ئەگەر ئەو دەرفەتە نەقۆزینەوە رێگای خۆیان دەدۆزنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ سوریا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى بەغداو هەولێر كارمان كردووە بۆ ئەوەى بگەن بەرێككەوتنێكی هەمیشەیی لەبارەی بودجە، بەجۆرێك ئاسانكاری بكات بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم. ماسیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئێمە هەوڵمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام لەسەر بودجە کە درێژە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریکا، داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات پەلەبكات لە تێپەڕاندنی یاسای بودجەی فیدراڵی. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، راشیگەیاند: ئەم هەفتەیە پێداچونەوەی هەمواری بودجەمان بینی و هانیان دەدەین بەزوویی تێیپەڕێنن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران، لە چوارچێوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بۆ سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێری کردووە. رۆژی چوارشەممە، 15-01-2025، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەرپرسەکەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە ئەوان هانی لایەنە سیاسییەکان دەدەن پشتیوانی لە پێکهێنانی حکومەتێکی فرەلایەن و بەپەلە بکەن. وتیشى: دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ رێگە بە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەدات پێشکەوتن لە مافەکانی مرۆڤ، گەشەی ئابووری و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان بکەن وەک بەشێک لە عێراقێکی سەقامگیر و سەروەر.