هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی حوزەیرانی 2024، ، سایلۆی سلێمانی لە ڕێگەی راگەیەندراوێکەوە جووتیارانی ئاگادار کردەوە و راگەیاند، پڕۆسەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2024 دەستیپێکرد لە پێناو باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، داواکارین لە جوتیاران پابەندی چەند خاڵێک بن. لە راگەیاندراوەکەدا سایلۆی سلێمانی چەند خاڵێک دەخاتەڕوو و دەڵێت، یەکەم، وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران بە پێی ناوچە دەبێت هەفتەی یەکەم جوتیارانی سنووری بەشی کشتوکاڵی تانجەرۆ (عەربەت) گەنمیان لێ وەردەگیرێت، بۆیە داواکارین لە جوتیارانی ناوچەکانی تر گەنم نەهێنن، چونکە لێیان وەرناگیرێت. دووەم، ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و تراکتۆرەکان بە یەک ڕیز بوەستن ڕۆژانە باج دابەشدەکرێت نابێت بە دوو ڕێزی بوەستن باج بە دوو ڕیز نادرێت. سێهەم، بەهۆی تێکچوونی جەگەکانی سایلۆکەمان گەنم لە ئوتومبێلی فلات وەرناگیرێت، بۆیە داواکارین لە جوتیاران گەنمەکانیان بکەنە ناو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری قلابەوە. چوارەم، داواکارین لە جوتیاران دڵنیابن بەقەد رەصیدەکانیان گەنم باربکەن و لە رەصیدەکانیان زیاتر نەهێنن، چونکە نە زیادەکانیان بۆ دەگێڕێتەوە نە ڕەصیدەکانیان بۆ دەگۆڕێت. پێنجەم، داواکارین لە جوتیاران گەنمی ئەسپێ لێدراو، خوراو، بۆنگرتوو نەهێنن، چونکە بە پێی بڕیاری کۆمپانیایی گشتی بازرگانی دانەوێڵە مەڵبەندی گشتی بەغدا دەست بەسەر پشتگیریی بەشە کشتوکاڵییەکانیان رەصیدەکانیان دەگیرێت .
هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای داتای ڕاستەقینە مووچەی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان دەنێرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی حوزەیرانی 2024، موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم کۆدی موچەخۆرانی هێزە ئەمنییەکانی ناردووە بۆ بەغدا، بەڵام عێراق قبوڵی ناکات چونکە پڕیەتی لەناوی ساختە. وتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەزگائەمنییەکاندا، بەرگری، فریاکەوتن، زێرەڤانی، هێزەکانی 70 و 80، لیستی مووچەی سەرجەمیان نێردراوە بەڵام قوبوڵ نەکراون لە لایە عێراقەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی دوو مانگ دەبێت هێزەئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان مووچەی وەرنەگرتووە، تا ئێستاش مووچەخۆرانی مەدەنی مووچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی حوزەیرانی 2024، نووسینگهی ڕێكخهری راسپارده نێودهوڵهتییهكانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ڕاپۆرتی ساڵی دووهمی جێبهجێكردنی پلانهكهی بۆ مافهكانی مرۆڤ له ماوهی نێوان ساڵی 2021 تا 2025 بڵاوكردهوه. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە، سهر ئهنجامی توێژینهوهكانیان لهبارهی كاری نایاسایی، گرتنهبهری ڕێكارهكان بهرامبهر به ئهشكهنجهدان، توندوتیژی خێزان، بازرگانیكردن به سێكسی و بهرهنگاربوونهوهی جیاكاری. له بهشێكی تری ڕاپۆرتهكهدا، ئامارهكانی توندوتیژی خێزانی و ژمارهی سكاڵا تۆماركراوهكان له داواكاریی گشتی خراونهتهڕوو. کە لە كۆی داواكارییه تۆماركراوهكان له دادگا خراوەنەتەڕوو، کە ژمارهیان 18620 سكاڵایه، لهو ژمارهیهش 1733 داواكاری له دادگای تاوانهكان و 16887 سكاڵا له دادگای لێكۆڵینهوه تۆماركراون. هەروەها باس لە كۆی كهیسه یهكلاكراوهكان کراوە، کە ژمارهیان 10897 كهیسه، له سهرجهمی ئهو كهیسانه 1071 كهیس له دادگای تاوانهكان و 9826 كهیس له دادگای لێكۆڵینهوه یهكلایی كراونهتهوه. سەبارەت بە ئامارەکانی توندوتیژی دەڵێت، ئامارهكانی توندوتیژی كه به گوێرهی ڕهگهز تۆماركراون، ژمارهیان 1086 كهیسه، بهشێوهیهك 496 كهیس تایبهت بووه به ڕهگهزی مێ و 590 كهیسیش پهیوهسته به ڕهگهزی نێر. لە راپۆرتەکەدا هۆکارەکانی توندوتیژی خراوەنەتەڕوە، کە یەکەم، بریتین لە، كه له سهنتهر و نووسینگهكانی نههێشتنی توندوتیژی تۆماركراون، پۆڵێنبهندییهكه بهگوێرهی 5 خاڵی سهرهكی رێكخراوه، ئهوانیش: یهكهم، باری خێزانیی و 991 حاڵهت لهبارهی كهسانی خێزاندار و 84 حاڵهت لهبارهی كهسانی سهڵت تۆماركراون. دووهم، جۆری توندوتیژی، ئهوانیش بریتین له جهستهیی 319 حاڵهت، دهروونی 423 حاڵهت، سێكسی، 21 حاڵهت و توندوتیژی جۆراوجۆر 307 حاڵهت. سێیهم، لهسهر بنهمای هۆكاری توندوتیژییه و باوك 40 حاڵهت، دایك 21 حاڵهت، برا 50 حاڵهت، هاوسهر 759 حاڵهت و كهسانی لابهلاش 230 حاڵهت. چوارهم، بریتییه له باری دارایی و بهگوێرهی ئامارهكان، 208 حاڵهتی توندوتیژی خێزانی له توێژی ههژاران تۆماركراوه و 368 حاڵهتیشان ئهوانهن باری داراییان مامناوهنده، ههرچی ئهوانهن كه باری داراییان باشه، حاڵهتهكانی توندوتیژی خێزانیان له ماوهی توێژینهوهدا ژمارهیان 511 حاڵهتن. پێنجهم، دوایین بنهما كه پۆڵێنبهندییهكهی لهسهر كراوه، ئاستی خوێندهوارییه و 161 حاڵهت پهیوهستن به كهسانی نهخوێندهوار و 925 حاڵهتیش لهبارهی توێژی خوێندهواران تۆماركراون.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ کوژرا. ئێوارهی ئهمڕۆ چوارشهممه 5ی حوزەیرانی 2024، له گوندی گۆڕی ئەسپ سهر به ناحیهی شێخ تهوێڵ له سنووری ئیدارهی گهرمیان، بههۆی كێشهی زهویوزارهوه شهڕه تهقه لهنێوان شەش برادا روویدا و سیانیان برینداربوون. بەهۆی سەختی برینەکەیەوە یەکێک لە گەنجە بریندارەکان بە ناوی (میران سەردار) کە تەمەنی 20 ساڵە گیانی لەدەستدا، هەروەها بەپێی زانیارییەکان بێت فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ لە براکان دەرچووە.
هاوڵاتی ئەندامێكى ئهنجومهنى نوێنهرانى عیراق داوا لە مووچهخۆران دەكات، لە هەڵبژاردنی بانكەكان له چوارچێوهى ئهو فۆڕمهى (ههژمارى من) كه دابهشكراوه لەهەردوو هەڵبژاردنەکە بانكى (TBI) ههڵبژێرن. ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، كاروان یاروەیس، ئەندامی ئهنجومهنى نوێنهرانى عیراق رایگەیاند "سەبارەت بەو فۆڕمەی، کە بەسەر بەرێوەبەرایەتییەکاندا دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی مووچەخۆران بۆ کردنەوەی ئەژماری بانکی پڕی بکەنەوە، دوابەدوای بەدواداچوونمان لەگەڵ بەرێوەبەری گشتیی بانکی (TBI) لەهەردوو هەڵبژاردنەکە دەتوانن خەت لە ناوی (TBI) بدەن و بەوشێوەیە ئەژماری بانکیان لەو بانکە بۆ دەکرێتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "بە پێچەوانەوە ئەگەر هەردوو هەڵبژاردنەکە (TBI) بوو و دواتر بانکێکی ترتان بۆ هاتەوە دەتوانن سکاڵا بکەن". دەشڵێت، "بانکی (TBI) رایانگەیاند، کە پابەندن بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵیی لەبارەی تەوتینەوە و ناوی فۆڕمەکە چیە کێشە نییە، گرنگ لەهەڵبژاردنی بانکەکاندا لەهەردوو هەڵبژاردنەکە بانکی (TBI) هەڵبژێرن". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی، "کردنەوەی ئەژماری بانکی و دەستپێیکردنی تەوتین، چارەسەرکردنی ریشەیی قەیرانی مووچە بەرەو کۆتایی دەبات".
هاوڵاتی وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی کۆبووەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە شاری سلێمانی لەگەڵ شوان محەمەد و ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامانی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دیاردەی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی و گرفتی ئەو پڕۆژانە کرا کە بەبێ مۆڵەت و بە سەرپێچی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کراون. لای خۆیەوە ئاوات شێخ جەناب rایگەیاند، "پشتگیری هیچ پرۆژەیەک ناکەن بەبێ رەزامەندی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کرابێت، لەوانە هەموو ئەو پرۆژانەی لە بناری گۆیژەو ناوچەکانی تر کە بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا بێت چ پرۆژەی نیشتەجێبوون بێت یان پرۆژەی بازرگانی و پیشەسازی بێت یان هەر پرۆژەیەکی تر". لای خۆشیانەوە ئەندامانی دەستەی داکۆکیکردن لەسروشت و موڵکی سلێمانی سوپاسی ئەم هەڵوێستەی وەزیری داراییان کرد بۆ پشتیوانی و داکۆکیکردن لەسروشت و موڵکی سلێمانی دژی کاری نایاسایی و دەستدرێژی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی.
ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی کوردستان لەسەر پرسی دهستپێكردنهوهی ههناردهی نهوتی ههرێم و گفتوگۆكانی نێوان ههرێم و بهغدا و جەند تەوەرێکی تر کۆبۆوە و تێیدا ئەوەخراوەتەڕوو، " بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق ، بەیەکەوە سەردانی بەغداد بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.". دهقی راگهیهندراوهكهی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کورستان: ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە دەستپێکی کۆبووەنەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی ژینگە کرد کە ئەمڕۆیە و ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پاراستنی ژینگە بێت و دەبێ هەموو هەوڵێک لە پێناو پەرەپێدانی کولتووری ژینگەپارێزی بخەینەگەڕ. سەرۆک وەزیران جەختی لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە بابەتی ژینگەپارێزی کردەوە و گوتی پێویستە ژینگەپارێزی ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و وا بکەین نەوەکانی دوای ئێمەش بە باشی سوودی لێ وەربگرن ، چونکە ئەم سروشتە بە تەنیا موڵکی ئێمە نییە و موڵکی نەوەکانی داهاتووشە، بۆیە پاراستنی و گەشەپێدانی ئەرکی هەموو لایەکمانە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ ( 2025-2021 ) لەلایەن دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو، دوای ئەوەی ئەم پلانە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا بە داتا و زانیاریی وردەوە ، ئاماژە بە ڕێکارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرابوو بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیریش بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لەسەر ئاستی هەر سێ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن ویاسادانان ودادوەری کرا. هەروەها زانیاری پێویست لەبارەی کار و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم تایبەت بە باشترکردنی دۆخی چاکسازیی و بەندیخانەکان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ خرایەڕوو. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەم ڕاپۆرتە، ئاماژەی دا بە کارنامەی کابینەی حکومەتی هەرێم لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کە لە کارە لەپێشیەکانی کابینەیە نۆیەمە و حکومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە لە ڕێگەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گرنگیی و بایەخی تەواو بەم بابەتە بدرێت. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد بەردەوام بن لە هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پلانی پەسەندکراو وەک بەشێک لە کارنامە و پلانی کابینەی نۆیەم. لە بڕگەی دووەمدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، ڕاپۆرتێکی لەبارەی دوا هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت لەمبارەیەوە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وێرای دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ داکۆکیکردن لە ماف و شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیران و گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و هەروەها کۆبوونەوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدڕاڵ و ئەنجومەنی ئابووری فیدڕاڵ بەرز نرخاند. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانیی وپیشەسازی ڕاسپارد کاری پێویست بکەن لەسەر ئەو پێشنیارانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە گەنمی جووتیارانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانێکی کشتوکاڵی گونجاو و هەروەها ڕێکاریی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر بە پێی ئەو پێشنیارانەی لە ڕاپۆرتی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو هاتبوون. پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرا. سەرۆک وەزیران و شاندی دانوستانکار باسیان لە کۆبوونەوە و هەوڵ و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرد کە لەم ڕووەوە، کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هەر بۆ ئەم مەبەستەش، وا بڕیارە لە سەرەتای حەفتەی داهاتووش، شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەیەکەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنیەوە لە مانگی ئاداری ساڵی پارەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی گشتی عێراق و هەرێمیش گەیشتووە. لە کۆبوونەوەدا ڕێنوێنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شاندی دانووستانکار دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جدیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە ڕێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستوورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت، لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێم ئامادەی گفتوگۆ و دانوستان و گەیشتنە بە ڕێککەوتن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، سامر مەشکور، بەڕێوەبەری بەشی پارێزگاکانی کوردستان لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحـی زمانحاڵی حکومەتی عێراقی راگەیاند، "هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هاوکاریمان ناکەن بۆ جێبەجێکردنی پلانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، و بۆچوونی وایە هۆکاری سیاسی رێگرە لە هەوڵەکانیان". سامر مەشکور سەبارەت بە رێژەی ئاوارەکان دەڵێت، "رێژەی ئەو ئاوارانەی لە دهۆک و هەولێرەوە دەگەڕێنەوە کەمن، ئەگەر بەراورد بکرێن بە پارێزگای سلێمانی، کە هەنگاوێکی گەورەی ناوە لەبواری کارئاسانیکردنی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان". ئەوەشی خستۆتەڕوو،" تیمی گەڕۆکی وەزارەتەکەیان بەردەوام چاودێریی ناوچە ئازادکراوەکان دەکەن و ئاستی ئارامیی تیایاندا لە ئاستێکی باڵادایە، کە هۆکاربووە بۆ گەڕانەوەی زۆرترین ژمارەی ئاوارە لە کامپەکانی سلێمانییەوە". سامر مەشکور ئاماژە بەوەشدەکات، "دەکاتەوە ناوچە ئازادکراوەکان لە سەرتاسەری عێراق، ئاسایش و ئارامییان تێدا پارێزراوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە". وەزارەتی کۆچ وکۆچبەران ئەوەشی ئاشکراکردووە، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران 43 کۆچبەر دامەزرێنراون پاش ئەوەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کە تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی قوشتەپەوە داواكراو بووە. پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "دوای ئەوەی لە لایەن دادگای لێكۆڵینەوەی قوشتەپەوە فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێك گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای چاودێرێكردن توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی ئاغجەلەرەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت كە فەرمانی گرتنی هەبووە بە پێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراقی و تۆمەتبارە بە كوشتنی دووكەس". دەشڵێت، "لە ئێستادا تۆمەتبار (ه ، ع ، م لەدایكبووی 1991 ) بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوەو دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان ڕەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێتەوە" .
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیارانی 2024، بهڕێوهبهرایهتیی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران دهكاتهوه و رایگەیاند، بههۆی كاركردنی تیمهكانی شارهوانیهوه لهئێستادا سهرجهم ئهو رێگایانهی لهشهقامی راپهڕین و سلێمانی دهچن بهرهو شهقامی سالم لهچواڕیانی سهرچنار بهربهستكراون. دەشڵێت، تهنها یوتێرنكردن لە دادگای سلێمانی ههیه و شۆفێران دهتوانن رێگهی ناوچهی پیشهسازی بهكاربهێنن بۆ چوونه ناو سهنتهری شار.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران دوو تەوەر دەخرێنەڕوو، راپۆرتی دووهمی جێبهجێكردنی پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە. ئەمڕۆ چورشەممە 5ی حوزەیرانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و داشکاندنی قەرزی کارەبا و دوو پرسی دیکە دەکات. بە پێی سەرچاوەیەک، ئەمڕۆ کاتژمێر 10:30، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە و لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە راپۆرتی دووهمی جێبهجێكردنی پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ و تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە بابەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە دەخرێتەڕوو. هەر لەکۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهاتەكانی دۆسیەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی ههرێمی کوردستان و داشكاندنی رێژهیهك له پارهی كهڵهكهبووی قەرزی كارهبا دەکرێت.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI هەستان بە رادەستکردنی یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان بە تیمی هەژماری من. وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ، 4ی حوزەیرانی 2024، لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی "هەژماری من"، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI هەستان بە رادەستکردنی یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان بە تیمی هەژماری من، کە پێکهاتبوو لە کارتی بانکیی 368 فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان". ئاماژە بەوەشکراوە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی کارتە چاپکراوەکانی دیکەی بانکەکەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە بانکی ناوبراویان هەڵبژاردبوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من" و لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو، تاکوو بە زووترین کات بتوانێت کارتەکان ڕادەستی فەرمانبەرانی خوازیار بکات". دەشڵێت، "هیوادارین سەرجەم مووچەخۆران بەردەوام بن لە تۆمارکردنی خۆیان لە پرۆسەی بەبانکیکردن لە ڕێگەی هەڵبژاردنی یەکێک لەو حەوت بانکانەی کە لە ئێستادا لە پڕۆژەی هەژماری مندا بەردەستن".
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئایاری 2024، نرخی کیلۆیەک مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سێ هەزار و 700 دینار بەرزبووە. جەمال حسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاندووە، "زیادبوونی خواست بەهۆی نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان و هەناردەکردنی بۆ بازاڕی پارێزگاکانی عێراق و کەمبوونەوەی مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان هۆکاری بەرزبوونەوەکەیە". ماوەی چەند رۆژێک دەبێت نرخی مریشک بەم جۆرە بەرزبووەتەوە، پێشتر کیلۆیەک مریشک کەمتر بوو لە سێ هەزار دینار، بەڵام لە ئێستادا بۆ سەروو سێ هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
هاوڵاتی بەیاننامەی کۆتایی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی لەسەر واقیعی پێکهاتەکانی عێراق و ناسنامەی نیشتمانی و گەرەنتی دەستووری بە ناونیشانی (عێراق، پێکهاتەکان - ناسنامەی نیشتمانی و گەرەنتی دەستووری). یەکەم کۆنفرانسی زانستی رۆژی شەممە، 1ی حوزەیرانی 2024 لە بەغدا بەڕێوەچوو، بە سپۆنسەری چوار رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی: سەنتەری ئەلنەخیل بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵگە و بنیاتنانی ئاشتی، ئاشتی ڕێکخراوی وڵات بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، و سەنتەری بەغدا بۆ گەشەپێدانی یاسایی و ئابووری، ڕێکخراوی ڕۆڵەکانی شنگال مرۆیی. کۆنفڕانسەکە بە بەشداری ژمارەیەک توێژەری بە ئەزموون و لە چوارچێوەی چوار میحوەری: میحوەری مێژوویی، میحوەری یاسایی، میحوەری ژنان، میحوەری سیاسی و ئابووری و کولتووری بەڕێوەچوو. بەشداربووان بەشدارییان لە دانیشتنێکی گفتوگۆی کراوەدا کرد، کە گفتوگۆی قووڵی شانزە توێژینەوەی گرتەوە کە باسیان لە: - پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەسەندن و کەمینەکان و ئاڵهنگاری ئاسایشی نەتەوەیی، بەشداری سیاسی کەمینەکان و ڕۆڵیان لە بڕیاردان و کورد وەک مۆدێل، کاکەیی (ناسنامە و ئاڵهنگاری)، ئازارەکانی کوردی فەیلی، عێراقی پێکهاتەکان، پێکهاتەی ئاشووری وەک مۆدێلێک، واقیعی مافەکانی کەمینەکان لە عێراق، ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگادا. هەڵمەتەکانی جینۆساید دژی ئێزیدییەکان لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا، تورکمانەکان نەتەوەن نەک کەمینە، و قووڵایی کولتووری... بنەمای شوناسێکی هەمەلایەنە بۆ پێکهاتەکانی گەلی عێراق، گەرەنتی دەستووری بۆ پێکهاتەکانی عێراق، میدیا و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی، مەزهەبی شەبەک لە نێوان ڕابردوو و ئێستا، رۆڵی گوتاری ئایینی لە بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی. کۆنفڕانسەکە گفتوگۆی بەرفراوانی بهخۆیهوه بینی کە بە ڕۆحی کراوەیی دیالۆگی و گەڕان بەدوای بەها هاوبەشەکان و بەردەوامیدان به فرهیی پێداویستییەکانی پاراستنی شوناسی نەتەوەیی گشتی و پێشخستنی کولتووری هەمەچهشنیی و دوورکەوتنەوە لە پارچەبوون و خۆبهدوورگرتن و نائامادهیی هزری، هەروەها توێژەران ئهو دهرفهتییان قۆستهوه بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی داتاکانی ئاینده کە مافی هەموو پێکهاتە عێراقییەکان بپارێزێت و بە گیانی بەرپرسیارێتیەوە سەیری چارەنووسی هاوبەشی نیشتمانی و زیندووکردنەوەی ئەو بینا شارستانییە بکات کە عێراقییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی نهوهكانی پێشووهوه دامهزراوه. ئەو ئامانجانەی کە کۆنفرانس لەسەری بنیات نرا، لهو نموونه گفتوگۆیه بهرفراوانهی كه بهخۆیهوه بینی، جهختیان كردهوه لهسهر ئهو وتویژه بابهتیانهی كه دهبنه هۆی بەهێزکردنی کاریگەریی ننشتمانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەسەر بنەمای برایەتی گەلان و پێشێل نەکردنی فرەچەشنی، دوور لە کۆنەپەرستی نەتەوەیی و توندڕەوی ئایینی، و بۆ وەرگرتنی فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراسی وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان، دیارترینیان پرسی ئازادی ژن بە پێی دروشمی (ژن - ژیان – ئازادی). بهلای کۆنفرانسەکەوه گرنگی گەیشتن بەوهی كه دهكرێت پێبوترێت ئاماژهیهكی دامەزرێنەر بۆ چەمکی نیشتمانیی شارستانی کە پاراستنی ناسنامەی نشتمانی لەسەر بنەمای هاوبەشی دەگەڕێنێتەوە. هەروەها لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا بانگەوازی لە دەسەڵاتە پەیوەندیدارە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە ئەو وڵاتانە ناچار بکەن کە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق دەکەن و فشاریان بخەنە سەر بۆ ئەوەی ئەو ناوچه عێراقیانە بەجێبهێڵن کە بە بیانووی ناڕاستهوه هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن. توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزکردن و پاراستنی ئێستا و داهاتووی عێراق لەسەر بنەما دیموکراسییەکان کە پێشبینی بەشداریی بەکۆمەڵ دەکەن لەگەڵ گەرەنتییەکی دەستووری نیشتمانی، لە هەمان کاتدا پابەندبوون بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە و هەروەها ئامرازەکانی دیکە کە پەیوەندییان بە پاراستنی پێکهاتە مرۆییەکانەوە هەیە. بەشداربووانی کۆنفرانسەکە گەیشتنە کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ ئەوەی بخرێنە بەردەم لایەنە بەرپرسەکانی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی نیشتمانی کە ئەم ئاراستانه لەبەرچاو بگرێت بە شێوەیەک کە سیستمێكی سیاسی مەدەنی بێنێته ئاراوه كه به گەشەپێدانی مرۆی بهردهوام و حوکمڕانی دادپەروەرییهوه پابهند بێت، ههروهها دژ بوهستێتهوه بهرامبهر پەراوێزخستن و هەموو جۆرەکانی پشكپشكێنه ڕهت بكاتهوه و لێهاتووییە زانستییەکان پهرهپێبدات و ڕووبهڕووی ههموو جۆرهكانی گەندەڵی ببێتهوه. بەم پێیە دەکرێت سەکۆیەک بۆ گەشەسەندنی سیاسی مرۆیی لە عێراق دابمەزرێندرێت کە دیاردهی پشكپشكێنه و كولتووری كۆنتڕۆلكردن و دهستبهسهرداگرتن و گومان لهیهكتر كردن و متمانه نهبوون به یهكتر نههێڵێت. لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردرا ئۆرگانێکی دامەزراوەیی پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە و کار لەسەر بەردەوامبوونی ئەو جۆرە کۆنفرانسە خولیانە بكرێت بۆ گەیشتن بە عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵی، کە ببێتە مۆدێلی دیموکراسی لە ناوچەکەدا.
هاوڵاتی ئومڕۆ سێشەممە 4ی ئایاری 2024، عەلی رەئوف نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەدوای پەسەندکردنی خشتەی بوجەی 2024 هیچ رێگەچارەیەک بۆ دامەزراندنی وانەبێژان نەماوە". دەشڵێت، "لە ناو خشتەی بودجە بە هیچ جۆرێک ناوی مامۆستایانی وانەبێژی تێدانییە، هیچ بڕە پارەیەک دیارینەکراوە بۆ ئەو توێژە، بەهیچ جۆرێک پارەدارکردنی بۆ وانەبێژان و پلەی بەرزکردنەوە گرێبەستەکانی تێدانییە". سەبارەت بە رێگە چارەیەک بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ وتی،" تەنها یەک رێگە هەیە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ئەویش ئەوەیە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مامۆستایانی وانەبێژ، ناو و زانیارییەکانیان بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی لەرێگەی خۆیەوە لە رێگەی تیمی دیوانی چاودێری عێراق وردبینی دەکات بەو زانیارییانەی بۆی هاتووە، دوای ئەو داواکارییە دەنێرێت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران". عەلی رەئوف ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراقدایە بەپێی ماددەی 60 لە یاسای بودجەی ساڵی 2023 کە دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەنی وەزیران و خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پارە زیاد بکات بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ، پلەی بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکانی هەرێم". نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ جەختیشی لەوەکردەوە، "ئەو هەنگاوەی باسیکردووە بە رێکەوتنی سیاسی، بەچوونی شاندی هەرێم بۆ بەغداد چارەسەردەکرێت".
