هاوڵاتی دامه‌زراوه‌ی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گەشەپێدان، راپۆرتێكی له‌ باره‌ی وه‌رگرتنی مووچه‌ی نایاسایی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی كوردستان  بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، په‌رله‌مانتارانی كوردستان 30 ملیۆن دینار مووچه‌ بە زیادەو بەنایاسایی وەرگرتووە، كە كۆی گشتی دەكاتە چوار ملیار و 265 ملیۆن و 500 هەزار دینار. ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، دامه‌زراوه‌ی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گەشەپێدان، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوە و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن. راپۆرته‌كه‌ی دامه‌زراوه‌ی په‌ى رایگەیاند، ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا تێدەپەڕێت، كە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە نادەستووری داناو لە ئەنجامدا بەبێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كۆتایی بەتەمەنی خولەكە هات و هەرێم كەوتە بۆشایی یاساییەوە. لە راپۆرتەکەدا ئەوەشیخستۆتەڕوو، "بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت شوێنەوارەكانی بڕیارەكە سەبارەت بە ماف و ئیمتیازات نەك جێبەجێ نەكراوە بەڵكو چەندین پێشێلكاریش ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی دەبوایە ئەزموونی لێ وەربگرن". ده‌شڵێت، "پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، تەنها سێ مانگ لەماوەی نایاسایی پەرلەماندا وەك پەرلەمانتار دەستبەكار ببوون، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا". ده‌شڵێت: "هەرچەندە وەك دامەزراوەی پەی لە راپۆرتێكدا رای گشتیمان لێ ئاگادار كردەوەو لەمبارەیەوە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد و بڕیاربوو پرۆسەكە رابگیرێت، كەچی لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوە و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن!". ده‌قی راپۆرته‌كه‌ی دامه‌زراوه‌ی ئینستتیوتی پەی: ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادیدا تێدەپەڕێت كە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە نادەستوری داناو لەئەنجامدا بەبێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كۆتایی بەتەمەنی خولەكە هات و هەرێم كەوتە بۆشایی یاساییەوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت شوێنەوارەكانی بڕیارەكە سەبارەت بە ماف و ئیمتیازات نەك جێبەجێ نەكراوە بەڵكو چەندین پێشێلكاریش ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی دەبوایە ئەزموونی لێ وەربگرن. یەكێك لە ئەركەكانی پەرلەمان یاسادانانە، ئەو یاسایانەی دایدەنێت هاووڵاتییان و دامودەزگاكانی تری وڵات مولزەم دەكات جێبەجێی بكەن، لەهەمان كاتدا ئەركێكی تری چاودێری كردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەوەی تا چەند پەیوەستبوونە بەیاساوە یا پێشێلكاریان كردووە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكات. بەڵام بەداخەوە خولی پێنجەمی پەرلەمان سەرباری ئەوەی لەساتی ئاسایی خولەكەدا كەمترین ئەركە یاساییەكانیان ئەنجامداوەو زۆرترین پێشێلكاری یاسایی و پەیڕەویان كردووە، دوای تەواو بوونی ماوەی یاسایی خولەكەش دەستبەرداری ئیمتیازەكانیان نەبوون و بەشێوەیەكی نایاسایی درێژەیان پێداوە، لەلایەن دەسەڵات و دامەزراوەكانی تریشەوە یا پشتگیری كراون، یا بێدەنگی هەڵبژێردراوە لە ئاستیاندا، دەتوانین لەم خاڵانەدا چڕیان بكەینەوە: یەكەم: وەرگرتنی مووچە بە شێوەی نایاسایی: دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بەپێی بڕیاری دادگەی ئیتیحادی لە (6/11/2022)ەوە وەك پەرلەمانتار نەمان و كۆتایی بە خولەكە هاتبوو، بەڵام بۆ ماوەی هەشت مانگ مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاریان وەرگرتووە، كە هەر یەكێك لە پەرلەمانتارەكان بە تێكڕا بڕی زیاتر لە 30 ملیۆن دیناریان  بە زیادەو بەنایاسایی وەرگرتووە، كە كۆی گشتی دەكاتە 4.265.500.000 چوار ملیار و دووسەد و شەست و دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار، لەو كاتەدا چەندین یادداشتمان بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و دامەزراوەكانی تر نارد، بەڵام بێدەنگیان هەڵبژارد و بەردەوامبوون لەسەر ئەم پێشێلكارییە و هیچ ئیجرائاتێكیان نەكرد، كەچی ئێستا ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە خۆیان كاندیدكردوەتەوەو بەڵێنی ئاڵ و واڵا بە هاووڵاتییان دەدەن گوایە ئەو مووچە خوراوانەیان بۆ دەگێڕنەوە كە بە نایاسایی لێیان بڕاوە، لەكاتێكدا خۆیان بەنایاسایی هەشت مانگ لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان مووچەیەیان وەرگرت و بۆ خەزێنەی گشتیان نەگێڕایەوە. دووەم: یەكێك لە بیانووەكانی حكومەت و وەزارەتی دارایی گێڕانەوەی مووچە نایاساییەكاندا كە بە پەرلەمانتاران درابوو، پێیانوابوو چونكە مووچەكە دابەشكراوە وەرگرتنەوەی ئاسان نیە، ئێمە پێشنیازی ئەوەمان بۆ كردن كە لەساتی خانەنشینبوونیاندا ئەو ئیكرامیەی بڕیارە پێیان بدرێت رابگیرێت و بڕی ئەوپارەیان لێ بگێڕنەوە، پێیان باش بوو، بەڵام دیسانەوە پەیوەست نەبوون و نەك نەیانگێرایەوە ئەوەتا لەم هەفتەیەدا بڕی 52 ملیۆن دینار ئیكرامیە بۆ هەر یەك لە پەرلەمانتارەكان خەرج كراوە. سێیەم: لە دوای بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادییەوە هیچكام لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خەسلەتی یاساییان نەماوەو هەر بۆیەش دەبوایە هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بەو ناوەوە وەریاندەگرت لێیان رابگیرێت، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت زۆرینەیان شوققەو خانووەكانی پەرلەمانیان چۆل نەكردووەو بەكاری دەهێنن. چوارەم: ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی دوای تەواو بوونی ماوەی یاساییان ڤیلاكانی پەرلەمانیان چۆل نەكرد، ئۆتۆمبێلەکانیان رادەست نەکردەوە، پاسەوان و فەرمانبەرانی پەرلەمانیان بۆ خزمەتی خۆیان لە حزبەکانیاندا بەکار دەهێنا، (لەم هەفتەیەدا سکرتێر ڤێللا و ئۆتۆمبێلەکان و جێگری سەرۆکیش ئۆتۆمبێلەکانی رادەست کردەوە بەڵام هێشتا ڤێللاکانی رادەست نەکردۆتەوە)، سەبارەت بە سەرۆكی پەرلەمان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هیچ کام لە ڤێللاکان و ئۆتۆمبێلی رادەست نەکردوەتەوە، جگە لەمانە تەنانەت ئەندام هەبووە لە دەستەی سەرۆكایەتی نەك هەر خۆی بەڵكو (هاوسەر)ەكەیشی كە هیچ پەیوەندییەكی بە پەرلەمانەوە نەبووە، كەچی لە ماوەی پێنج ساڵ و نیوی رابردوودا ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای پەرلەمانی لابووە، بەكاری هێناوەو لەم هەفتەیەدا دوای فشارێکی زۆر لێی وەرگیراوەتەوە! پێنجەم: پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، تەنها سێ مانگ لەماوەی نایاسایی پەرلەماندا وەك پەرلەمانتار دەستبەكار ببوون، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا، هەرچەندە وەك دامەزراوەی پەی لە راپۆرتێكدا رای گشتیمان لێ ئاگادار كردەوەو لەمبارەیەوە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد و بڕیاربوو پرۆسەكە رابگیرێت، كەچی لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوەو ئەنجوەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن! پەندێكی كوردی هەیە دەلێت "ئەگەر خەڵك شێت بن دەچن بۆسەر ئۆمەرمەندان، بەڵام ئەی ئەگەر ئۆمەرمەندان شێت بوو بچێت بۆ كوێ؟"، پەرلەمانیش لە بری ئەوەی رێگری لەئەنجامدانی كاری نایاسایی بكات، كەچی خۆی زۆرترین یاساشكێنی كردووەو لەسەریشی بەردەوامە! حكومەت لەبری ئەوەی خاوەنی ئەو پەیامەبێت كە هەڵی گرتووەو باسی چاكسازی دەكات، كەچی رێخۆشكەر و هاوكار و جێبەجێكارە لەم دۆسیانەی بەشێوازی گەندەڵی بەڕێوەدەچن. لێرەدا پرسیارێك رووبەڕووی سەرۆكی حكومەت دەبێتەوە كە هەمیشە وتوویەتی كابینەی نۆیەم كابینەی چاكسازییە! دەكرێت پێمان بڵێت ئەو هەموو گەندەڵی و لەیاسادەرچوون و بەهەدەردانانە لەكام بڕگەی چاكسازیی كابینەكەیدان؟ دەكرێت جێگری سەرۆكی حكومەت پێمان بڵێ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكەی كردیان و دەیكەن لەگەڵ كام بەڵێن و كام بڕگەی بانگەشەی ساتی هەڵبژاردنەكانیدا دێتەوە؟ دەكرێت وەزیری دارایی پێمان بڵێت ئەو كارەنایاسایی و رێخۆشكردنانەی بۆ گەندەڵی لەگەڵ كام لە پرەنسیپەكانی بزوتنەوەكەی (بزوتنەوەی گۆڕان)دا وێك دێنەوە؟ هەموو ئەو كارانەی دەكرێن نایاسایین و هیچ كەس و دامەزراوەیەكیش نیە لێپێچینەوەو رێگرییان لێ بكات، لەچەند مانگی رابردوودا دامەزراوەی پەی بەفەرمی چەندین یادداشتی لەبارەی هەریەك لەم دۆسیانە پێشكەشی دامەزراوەكانی (دیوانی چاودێری دارایی) و (دەستەی دەستپاكی) و (داواكاری گشتی) كردووە ئاگاداركراونەتەوە، بەڵام ئەم دامەزراوانە لەبری ئەوەی ئیجرائاتی پێویست بكەن و رێگربن لێیان، بەداخەوە هیچ كامیان لەئاست ئەو ئیلتیزامە یاسایی و مۆڕالییەدا نەبوون كە سوێندیان لەسەری خواردبوو  و بە ئەركی خۆیان هەڵنەستان، هەر بۆیەش هەموویان بێدەنگیان هەڵبژارد و متەقیان لێوە نەهات! رەوشەكە مەترسیدارە، هەرێمێك لەبۆشایی یاساییدایە، قەیرانی دارایی و بێ موچەیی بەرۆكی گرتووە، پەیوەندییەكی ئاڵۆز لەگەڵ دەوروبەر و بەغدا هەیە، موچەی فەرمانبەرانی لەكاتی خۆیدا نادرێت و دەیان موچەیان پاشەكەوت كراوە، بوونی ناعەدالەتی و یاساشكێنی و گەندەڵیش لەولاوە بووەستێ، ئەمە لەكاتێكدایە هەڵبژاردن لەبەردەمدایە، ئاخۆ ئەگەر هەڵبژاردن نەبووایە چی دەگوزەرا؟ هەرچەندە هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێكیش دواخرا، بەڵام خۆ هەر دەبێت بكرێت، هەموو ئەمانە هاوڵاتیان توڕەتر دەكەن، لەبەر هەموو ئەم هۆكارانە لەسەر كۆی هێزە سیاسییەكان پێویستە هەڵوەستەیەك بكەن و بەخۆدابچنەوەو رێز لە یاسا بگرن. بەپێچەوانەوە داهاتوویەكی نادیاری مەترسیدار چاوەڕێی خۆیان و هەرێمەكەمان دەكات.   دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان 30/5/2024

هاوڵاتی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکی بە رەگەز عەرەبی خەڵکی سووریای بەتۆمەتی کوشتن دەستگیرکرد. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "چەند رۆژێک لەمەوبەر کەسێک لە دەورووبەری هەولێر دەکوژرێت و دوای رووداوەکە و لەماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێردا، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر تۆمەتباریان دەستگیرکرد". ئاماژە بەوەشکراوە، "تۆمەتبار لەسەر مادەی هۆشبەر بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر ئامۆزاکەی خۆی و کووشتوویەتی، دوای ماوەیەکی کورت لە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکرا".

هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەپەلە لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەبارەت بە نوسراوى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئێمە وەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكى لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکوومەتی فیدراڵ لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژۆ کرا". ئاماژە بەوەشکراوە، "دوایین جاریش لە ڕۆژانی 19 و 20ی مانگى ئايار لێژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته". دوێنێ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە پەرۆشین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت دەکەین بە زووترین کات لە بەغدا کۆبوونەوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بکرێت". ئاماژەی بەوەشدا، "کۆبوونەوەکە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و رێککەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی بەرهەمهێنراو لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەپێی ئه و بڕه ی له یاسای بودجەدا جێگیركراوه".

هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە و کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەکە کۆتایی هات. بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، رێککەوتنی سیاسی لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی پۆستەکان پەسەندکراوە و پێداچوونەوە بە هەندێک بڕگەی کراوە، هەروەها بڕیاردراوە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە. هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە دەست بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکرێت. بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو، کورد حەوت کورسی بەدەستهێنا، یەکێتی پێنج کورسی و پارتی دوو کورسی، هەروەها عەرەب پێنج کورسی و تورکمانیش دوو کورسیان بەدەستهێنا لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیانەکان.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، کە میوانداری فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرابوو، ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی کار وچالاکییەکانی دەستە و دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی خستەڕوو، لە هەمانکاتدا ڕەشنووسی نەخشەڕێگەیەکی پێشنیار کرد لەسەر ئاستی بەرپرسیارێتی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لە ناویشیاندا ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدڕاڵ تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکان لەبەر ڕۆشنایی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق و کارکردن لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە ئاماژەی بە ڕێکاری هەنووکەیی و خێرا بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئیداریی و ئەمنی و سەربازیی ئێستای ناوچە کوردستانییەکان و هەڵوەشاندنەوە و بەرگرتن لە ڕێکارە قبوڵنەکراوەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن کرد، ئەمەش پێش هەموو شت پێویستی بە یەک دید و هاوهەڵوێستی نیشتیمانیی هەموو هێز و لایەنە کوردستانیەکان هەیە. هەر لە میانەی ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی دەستە، ئاماژەی بە هەموو ئەو دۆخە دژوار و سەخت و ڕەفتارە نا دەستوورییانە كرد کە ئەم ناوچە کوردستانییانە دووچاری دەبنەوە لە ڕووی بەردەوامبوونی سیاسەتی بەعەرەبکردن و داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دەرکردنی هاونیشتمانییانی کورد لە سەر زێدی باب و باپیرانیان و هەموو ئەو پێشێلکارییانەی دژ بە خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچانە دەکرێن. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هەموو کارمەندانی دەستە کرد بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوان و پڕ زانیارییە و خستنەڕووی ڕاستییەکان لە بارەی دۆخی سەختی ئەو ناوچانە، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ خۆڕاگریی و لەخۆبردوویی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی کوردستانییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەربڕی و دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ، دەستبەرداری ئەو ناوچە کوردستانییانە نابێت و داوا دەکات لە سەر بنەمای دەستوور کێشە و پێشێلکاری و دۆخی ناخوازراوی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت. دواتر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هاوکارانی، پشتیوانی خۆی بۆ هێنانەکایەی نەخشەڕێگە و سیاسەتێکی نیشتیمانی و کوردستانییانە دەربڕی بۆ ناوچە کوردستانیەکان و کارکردنی جدیی لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی هەرێم و فیدڕالیش بۆ بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و دەستبەجێ ڕاگرتنی هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکارانەی ئێستا دەگیرێنەبەر لەو ناوچانە کە هیچ خزمەت بە گیانی پێکەوە ژیان لەو ناوچانە ناکات. ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانە ئاسایی بکرێتەوە و کۆتایی بەو ڕەوش و دۆخە سەربازییە بهێنرێت کە بەسەر ئەو ناوچانە سەپێنراوە و هەموو پێشێلیکاریی و دەستدرێژییەک بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کۆتاییان پێ بێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بەتایبەتی ماددەی 140 كێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی باڵای وەزاریی پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی نەخشەڕێگەی دەستەکە بۆ ناوچە کوردستانییەکان و دانانی پلانی جێبەجێکردنی بۆ ئەو نەخشەڕێگەیە و دۆسیەی خاک، کە لەکارە لەپێشینەکانی حکومەتە و داوای سەرەکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە و لەم پێناوەدا جەنگاوە و ئەرکی ئێمەیە بەردەوام بین لە داکۆکیکردن لەسەر ئەم ناوچانە و نابێت بە هۆی سیاسەتی سەرقاڵکردنی هەرێم بە بابەتەکانی دیکەوە، ئەم دۆسیەیە پشتگوێ بخرێت. بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەبارەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2025-2024 کە لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەڕێکەوتی 2024/5/19 پەسەند کرا ئەمەش دوای کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هات لەگەڵ لیژنەی وەزاریی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم خشتانەوە، راپۆرتەکە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکار خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی هەرێم کە دواجار پێداچوونەوەی پێویستی لە سەر خشتەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجامدا بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە هەمانکاتدا داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرا کە بە یەک دەنگ داکۆکی لە ماف و شایستەکانی هەرێم بکەن لە خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025. ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاریی هەرێمیشی ڕاسپارد لە هەماهەنگی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و مافە دەستووریی و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و لە دوا هەنگاویشدا ڕۆژی 2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە نەقدیی خستە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان، کاری جدییش کراوە لەسەر ئاسانکاریی بۆ بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانکی تی بی ئای وەک بانکێکی حکومی فیدڕاڵیی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانکەکە کراوە بۆ کردنەوەی حیسابی بانکیی بۆیان، هەروەها ڕاپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواوکراون و ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ کران کە بەداخەوە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی هەرێم بێ کەموکورتی و لە کاتی خۆیدا ، ڕەوانەی حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرامبەریشدا، حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێبگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن. لە بڕگەی سێیەمدا، کوێستان محەمەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە تایبەت بوو بە برەودان بە سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی زیاتر کە ئەم سندوقە پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەی بچووک و مام ناوەند دابین دەکات لە چوارچێوەی پڕۆژەی (گەشانەوە) کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە لە پێناو دابینکردنی قەرزی ئاسان بۆ کارخوازان. ئەنجومەنی وەزیران وەک کارئاسانیی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوودا، بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە ڕێژەی %20 لە کۆی گشتی بەرکەوتەکانی نەگەڕاوە، دوای ئەوەی بەدواداچوون دەکرێت بۆ دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی کە پڕۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبووە بەهۆی هۆکاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان ،بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت. لە کۆتاییدا دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ونیشتەجێکردن ، راپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێگەو بانە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی هاتووچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان و بەتایبەتیش ڕێگەوبانی نێوان هەولێر و سلێمانی خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ڕاسپارد بە هەماهەنگی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتاریەتی ئەنجومەن و وەزارەتی دارایی وئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ پێداچونەوە بەم دۆسیەیە لە ڕووی یاسایی و گرێبەستی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان و میکانیزم وڕێکاری پەلەکردن لە تەواوکردنی پڕۆژەکانی دووسایدکردنی ڕێگەوبانی نێوان شارە سەرەکییەکان بە تایبەتی لە نێوان هەولێر و سلێمانی.

هاوڵاتی مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی قەرەداغ تەرمی ئەو هاوڵاتییەیان دۆزییەوە کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە چارەنووسی نادیار بوو. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی هاوڵاتییەک بەناوی (نەجمەدین محمد ساڵح) تەمەن 75 ساڵ لەڕۆژی 1ی 5ی 2024وە لەماڵ چوبووە دەرەوەو چارەنووسی نادیار بوو، هێزەکانی پۆلیس بەردەوامبون لەگەڕان و پشکنین و لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی هاوڵاتییەکە، سەرەنجام ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەکە لەقۆپییەکانی قەرەداغ لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دۆزرایەوە". ئاماژە بەوەشکراوە، "لەئێستادا تیمەکان سەرقاڵی گواستنەوەی تەرمەکەن بۆ پزیشکی دادوەریی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەهۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەکە".  

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشەی ژینگەی سلێمانی بەتایبەت هەڵکەندن و تێکدانی سروشتی شاخی گۆیژە دەستەی داکۆکیکاران لە سروشتی سلێمانی لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کۆبوونەوە. لەم بارەوە شوان محەمەد، رۆژنامەنوس بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئێمە وەک و ئەندامانی دەستەی داکۆکیکار لە سروشتی شاری سلێمانی کە پێکدێین لە چەند کەسێک لەسەر داوای سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی سەردانمان کردن، بە مەبەستی وەستاندنی ئەو سەرپێێچیانەی بەرامبەر شاخی گۆیژە دەکرێت و سروشتەکەی بەرەو لەناوبردن دەبات". وتیشی، "لەدوای 2 کاتژمێر و نیو لە کۆبوونەوە لەگەڵیان نەگەیشتین بەهیچ و ئەوان تێکدانی سروشتی بناری گۆیژە بە یاسایی ناودەبن و دەڵێن کە کۆمپانیاکان بە شێوەیەکی یاسای داوای ئەو زەویانەیان کردووە و بەکاری دەهێنن". شوان محەمەد ئاماژەی بەوەشدا،" لە ئێستدا کۆمپانیاکان کار تەنها لەسەر دووگردی بناری شاخی گۆیژە  دەکەن بەڵام لە پلانیان دایە دوو گردی تریش بەکاربهێنن بۆ پڕۆژەکانیان". جێگای ئاماژەیە، ماوەی چەند رۆژێکە بناری شاخی گۆیژە لە لایەن چەند کۆمپانیایەکەوە بۆ مەبەستی دروستکردنی پرۆژەی نیشتەجیبوون بەکار دەهێنرێت و بۆتە هۆکاری تێکادانی سروشتەکەی بەمەش نارەزای چین و تەوێژەکانی کۆمەڵگەی لێ کەوتۆتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "له‌هه‌ڵمه‌تێكی‌ مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ ده‌ربه‌ندیخاندا چوار تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران، كه‌ به‌نیازبون له‌قه‌زای‌ ده‌ربه‌ندیخان دزیی‌ بكه‌ن‌و دانیان به‌تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌". ئەوەشخراوەتەڕوو، "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیس چاودێرییان خسته‌ سه‌ر چوار تۆمه‌تبار كه‌ به‌نیازی‌ دزیكردن چوبونه‌ قه‌زای‌ ده‌ربه‌ندیخان، له‌هه‌ڵمه‌تێكی‌ مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ ده‌ربه‌ندیخاندا توانرا هه‌ر چوار تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ستگیربكرێن". دەشڵێت، "له‌لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌ پۆلیسدا تۆمه‌تباران دانیان به‌وه‌دانا كه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ دزینی‌ ماتۆڕسكیل چونه‌ته‌ قه‌زاكه‌و له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنیاندا ده‌ستگیرا به‌سه‌ر ماتۆڕسكیلێكدا. له‌ئێستادا تۆمه‌تباران (د، یـ، ع - ع، چ، ج - د، ج، س - أ، ع، م) به‌بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌رو به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 443 له‌یاسای‌ سزادان ڕاگیراون‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌".

هاوڵاتی پەسەندکردنی خشتەکانی یاسای بودجە دوادەکەوێت بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 80 پەرلەمانتاری عێراق ئەم ساڵ بەشداریان لە فەریزەی حەجدا کردووە پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2024 دوادەخات. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، غەریب ئەحمەد، سەرۆکى لیژنەى ئەوقافى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق راگەیاند، "زیاتر لە 80 پەرلەمانتار بەشداریى فەریزەى حەجى ئەمساڵ دەکەن، ئەوەش پەسەندکردنى خشتەکانى بوجەى 2024 لە ماوەى درێژکراوەى وەرزى یاسادانان ئەستەم دەکات". سەبارەت بە خوێندنەوە بۆ خشتەکانی بودجەش دەڵێت،" پێش جەژنى قوربان، خوێندنەوەى یەکەم و دووەم بۆ خشتەکانى بودجە دەکرێت، بەڵام پەسەند کردنیان دەکەوێتە دواى جەژن". ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بۆ پەسەندکردنى خشتەکانى بودجەى 2024 وەرزى یاسادانانى بۆ ماوەى مانگێک، تاوەکو نۆى حوزەیران درێژ کردووەتەوە.

هاوڵاتی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدان و چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن. یەکێک لە تەوەرەکان تایبەتە بە خستنەڕووی راپۆرتێک سەبارەت بە خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2024 – 2025، کە لە کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا، ئەوەش دوای کۆبونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 15ی ئایاری 2024، لەگەڵ لیژنەی وزاریی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەتە بە خستنەڕووی راپۆرتێک لەبارەی برەودان بە سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووکەکانی لاوان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی زیاتر کە ئەم سندووقە پاڵپشتیی دارایی بۆ پرۆژەی بچووک و مامناوەند دابین دەکات. هه‌ر لە کۆبونەوەی ئەمڕۆشدا، ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتێک لەبارەی رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەخرێتەڕوو، هاوكات گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆخی‌ ئێستای‌ ناوچە دابڕێنراوەکانیش ده‌كرێت. تەوەرێکی تریش تایبەت دەبێت بە کێشەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی لە لایەن حوکمەتی عێراقەوە.

هاوڵاتی لیوا روكن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "دواكەوتنی مووچە كاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە هەبووە بەڵام مەترسی خۆپیشاندان دروستنەبووە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی بەدیسیپلینە". سەبارەت بە مووچەی پێشمەرگەش ئەوەی خستۆتەڕوو، "داتای تەواویان لە وەزارەتی دارایی هەرێم هەیە و بۆ مانگی نیسانیش حكومەتی هەرێم ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی بە كۆد بۆ بەغداد ناردووە، دوای وردبینیش لەلایەن بەغدادەوە مووچەكە دەنێرن، چونكە تائێستا بەغداد هیچ تێبینیەكی نەبووە". لیوا روکن بەختیار محەمەد، سەبارەت بە بەدواداچوونیان بۆ لیستی مووچەی پێشمەرگە وتی، "ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ كردووە ڕێككەوتنەكە وایە كە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستەكە بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، چاودێری دارایی هەرێم و عێراق وردبینی بكەن ئینجا مووچەكە بنێرن" . ئاماژەیبەشکردووە، "هەرچەندە تەنها سەرچاوەی پێشمەرگە مووچەكەیەتی و نەهاتنی مووچە كاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە دەبێت، بەڵام وەك كێشە تائێستا نەبووە و مەترسی خۆپیشاندانیش دروستنەبووە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی بە دیسیپلینە".

هاوڵاتی 300 ئاوارە لە کامپى شاریاى دهۆکەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان، کە پێشتر ئاوارەی شاری سلێمانی بوون. ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، رایگەیاند، "300 ئاوارە لە کامپى شاریاى دهۆکەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان لە شنگال، گەڕانەوەشیان بە هەماهەنگى لەگەڵ رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆچ بووە و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانى نەینەوا بووە، کە  پاڵپشتى لۆجستى بۆ دەستبەرکردوون". لە هەمانکاتدا، سامر مەشکور، بەڕێوەبەرى بەشى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لە وەزارەتى کۆچ، بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراقى راگەیاند، "لە دەرئەنجامى هەماهەنگى باشى نێوان وەزارەتەکەیان  حکومەتى خۆجێى سلێمانى، لە مانگى شوباتەوە تاوەکو ئێستا، 275 خێزانى ئاوارە لەو پارێزگایەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان". وتیشی، "ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، دواى پێشکەشکردنى چوار ملیۆن دینار وەک کۆمەکى بەپەلە کە هاندەربووە بۆ گەڕانەوەى ئارەزوومەندانەیان". سامر مەشکور، سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەکان لە شاری سلێمانی ئاماژەیبەوەدا، "کە  لە پارێزگاى سلێمانى چوار کامپى ئاوارەکان هەیە و زۆرترین ئاوارە لێیانەوە گەڕاوەتەوە زێدی خۆیان و تەنیا ژمارەیەکى کەمى ئاوارە لە یەک کامپدا ماون، چاوەڕوان دەکەن مانگى داهاتوو کۆتایهاتنى ئاوارە لە سلێمانى رابگەیەنن". بە گوێرەى بەرنامەى حکومەتى عێراق، دەبێت سەرجەم ئاوارەکان تا مانگى تەمووز، بگەڕێنەوە زێدى خۆیان و دۆسییەى ئاوارەکان دابخرێت لە عێراق دابخرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، کەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و عەدنان سەلجوک میزراکلی، سەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکری کرد. دوای دیدارەکە کلیچدارئۆغلۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەونیدا رایگەیاند، "بەڕێز دەمیرتاش پێشەنگێکی سیاسەتی مەدەنییە و دەیەوێت هەموو کەسێک لە تورکیا بە ئارامی و بەختەوەری بژی و بە ئازادی بیروڕاکانیان دەرببڕن". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە زمانێکی سیاسی نوێ لە تورکیادا زاڵ بێت و بە دروستی نازانم دەمیرتاش لە زینداندا بێت، ماوەیەکی زۆرە بەدواداچوون بۆ دۆخی بەڕێز دەمیرتاش دەکەم و بۆ من زۆر بەسوود بوو کە لە نزیکەوە بەڕێزیانم بینی و پێکەوە گفتوگۆیەکی چڕوپڕمان کرد".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بڕیارە جارێکی دیکە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە هاوڵاتی راگەیاند، "نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سەردانی بەغدا دەکەنەوە بەمەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی پەرلەمانتاران و ئەندامانی لیژنەی دارایی عێراق". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجمان لەم سەردانە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر خشتەی بودجەی عێراق لە خەرجی بەرهەم هێنانەوە بۆ خەرجی مووچە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان". ئەم سەردانەش لەکاتێکدایە خشتەی بودجەی ساڵی 2024ی عێراق لە پەرلەمانی عێراق لەلایەن ئەندامانی لیژنەی دارایی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت . لە رۆژی 2ی ئایاری 2024، نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە بە‌غدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە لەبارەی کێشە و گرفتەکانی وانەبێژان داوایانکرد هاوشێوەی وانەبێژانی عێراق ماف بە وانەبێژانی هەرێمیش بدرێت.  

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد  کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراو داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "لە ماوەکانی رابردوودا بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانەوە نەتوانراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت". ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە هاوڵاتی راگەیاند، "دیاریکردنی وادەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندایە، ئەمڕۆش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکات وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە رابردوودا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راوێژی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کردووە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن، بۆیە پێم وایە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو پرۆسەیە دەستپێدەکات و سەرۆکی هەرێم راوێژ بە سەرجەم لایەنەکان دەکات". یاسین حەمە عەلی وتی، "ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووین ئەم پرۆسانە پەکی نەکەوێت و لە وادەی یاسایی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و کارێک نەکرێت پرۆسەیەکی دیموکراتی ببێتە قوربانی ململانێی نێوان لایەنەکان، کە بەداخەوە لە ماوەکانی رابردوو دوای دەرچوونی زیاتر لە چوار مەرسومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نەتوانراوە پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بەهۆی ناکۆکی و نەسازانی نێوان لایەنەکانەوە". وتیشی، "هیوادارین لە دیاریکردنی وادەی نوێدا زەمینەسازی و سازان و سەقامگیری هەبێت بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان". لەکاتێکدا بڕیاربوو لە 10ی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی بە رێکارەکان کردبوو، بەڵام بەشدارینەکردنی پارتی و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن و دواتریش سکاڵایەکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی لەسەر کۆمیسیۆن، وایکرد کۆمیسیۆن رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگرێت و بڕیاربدرێت کە وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاریبکرێت.