هاوڵاتی لیوا روكن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "دواكەوتنی مووچە كاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە هەبووە بەڵام مەترسی خۆپیشاندان دروستنەبووە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی بەدیسیپلینە". سەبارەت بە مووچەی پێشمەرگەش ئەوەی خستۆتەڕوو، "داتای تەواویان لە وەزارەتی دارایی هەرێم هەیە و بۆ مانگی نیسانیش حكومەتی هەرێم ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی بە كۆد بۆ بەغداد ناردووە، دوای وردبینیش لەلایەن بەغدادەوە مووچەكە دەنێرن، چونكە تائێستا بەغداد هیچ تێبینیەكی نەبووە". لیوا روکن بەختیار محەمەد، سەبارەت بە بەدواداچوونیان بۆ لیستی مووچەی پێشمەرگە وتی، "ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ كردووە ڕێككەوتنەكە وایە كە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستەكە بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، چاودێری دارایی هەرێم و عێراق وردبینی بكەن ئینجا مووچەكە بنێرن" . ئاماژەیبەشکردووە، "هەرچەندە تەنها سەرچاوەی پێشمەرگە مووچەكەیەتی و نەهاتنی مووچە كاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە دەبێت، بەڵام وەك كێشە تائێستا نەبووە و مەترسی خۆپیشاندانیش دروستنەبووە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی بە دیسیپلینە".

هاوڵاتی 300 ئاوارە لە کامپى شاریاى دهۆکەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان، کە پێشتر ئاوارەی شاری سلێمانی بوون. ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، رایگەیاند، "300 ئاوارە لە کامپى شاریاى دهۆکەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان لە شنگال، گەڕانەوەشیان بە هەماهەنگى لەگەڵ رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆچ بووە و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانى نەینەوا بووە، کە  پاڵپشتى لۆجستى بۆ دەستبەرکردوون". لە هەمانکاتدا، سامر مەشکور، بەڕێوەبەرى بەشى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لە وەزارەتى کۆچ، بە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراقى راگەیاند، "لە دەرئەنجامى هەماهەنگى باشى نێوان وەزارەتەکەیان  حکومەتى خۆجێى سلێمانى، لە مانگى شوباتەوە تاوەکو ئێستا، 275 خێزانى ئاوارە لەو پارێزگایەوە گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان". وتیشی، "ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، دواى پێشکەشکردنى چوار ملیۆن دینار وەک کۆمەکى بەپەلە کە هاندەربووە بۆ گەڕانەوەى ئارەزوومەندانەیان". سامر مەشکور، سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەکان لە شاری سلێمانی ئاماژەیبەوەدا، "کە  لە پارێزگاى سلێمانى چوار کامپى ئاوارەکان هەیە و زۆرترین ئاوارە لێیانەوە گەڕاوەتەوە زێدی خۆیان و تەنیا ژمارەیەکى کەمى ئاوارە لە یەک کامپدا ماون، چاوەڕوان دەکەن مانگى داهاتوو کۆتایهاتنى ئاوارە لە سلێمانى رابگەیەنن". بە گوێرەى بەرنامەى حکومەتى عێراق، دەبێت سەرجەم ئاوارەکان تا مانگى تەمووز، بگەڕێنەوە زێدى خۆیان و دۆسییەى ئاوارەکان دابخرێت لە عێراق دابخرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، کەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و عەدنان سەلجوک میزراکلی، سەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکری کرد. دوای دیدارەکە کلیچدارئۆغلۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەونیدا رایگەیاند، "بەڕێز دەمیرتاش پێشەنگێکی سیاسەتی مەدەنییە و دەیەوێت هەموو کەسێک لە تورکیا بە ئارامی و بەختەوەری بژی و بە ئازادی بیروڕاکانیان دەرببڕن". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە زمانێکی سیاسی نوێ لە تورکیادا زاڵ بێت و بە دروستی نازانم دەمیرتاش لە زینداندا بێت، ماوەیەکی زۆرە بەدواداچوون بۆ دۆخی بەڕێز دەمیرتاش دەکەم و بۆ من زۆر بەسوود بوو کە لە نزیکەوە بەڕێزیانم بینی و پێکەوە گفتوگۆیەکی چڕوپڕمان کرد".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بڕیارە جارێکی دیکە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە هاوڵاتی راگەیاند، "نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سەردانی بەغدا دەکەنەوە بەمەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی پەرلەمانتاران و ئەندامانی لیژنەی دارایی عێراق". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجمان لەم سەردانە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر خشتەی بودجەی عێراق لە خەرجی بەرهەم هێنانەوە بۆ خەرجی مووچە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان". ئەم سەردانەش لەکاتێکدایە خشتەی بودجەی ساڵی 2024ی عێراق لە پەرلەمانی عێراق لەلایەن ئەندامانی لیژنەی دارایی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت . لە رۆژی 2ی ئایاری 2024، نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە بە‌غدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوە لەبارەی کێشە و گرفتەکانی وانەبێژان داوایانکرد هاوشێوەی وانەبێژانی عێراق ماف بە وانەبێژانی هەرێمیش بدرێت.  

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد  کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراو داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "لە ماوەکانی رابردوودا بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانەوە نەتوانراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت". ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە هاوڵاتی راگەیاند، "دیاریکردنی وادەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندایە، ئەمڕۆش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکات وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە رابردوودا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راوێژی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کردووە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن، بۆیە پێم وایە لە رۆژانی داهاتوودا ئەو پرۆسەیە دەستپێدەکات و سەرۆکی هەرێم راوێژ بە سەرجەم لایەنەکان دەکات". یاسین حەمە عەلی وتی، "ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووین ئەم پرۆسانە پەکی نەکەوێت و لە وادەی یاسایی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و کارێک نەکرێت پرۆسەیەکی دیموکراتی ببێتە قوربانی ململانێی نێوان لایەنەکان، کە بەداخەوە لە ماوەکانی رابردوو دوای دەرچوونی زیاتر لە چوار مەرسومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نەتوانراوە پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بەهۆی ناکۆکی و نەسازانی نێوان لایەنەکانەوە". وتیشی، "هیوادارین لە دیاریکردنی وادەی نوێدا زەمینەسازی و سازان و سەقامگیری هەبێت بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان". لەکاتێکدا بڕیاربوو لە 10ی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی بە رێکارەکان کردبوو، بەڵام بەشدارینەکردنی پارتی و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن و دواتریش سکاڵایەکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی لەسەر کۆمیسیۆن، وایکرد کۆمیسیۆن رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگرێت و بڕیاربدرێت کە وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاریبکرێت.

هاوڵاتی كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر)، رایگەیاند، ئامادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتن بەو مەرجەی گەرەنتی ئەوە بدرێت كە پارەی پێشتر و داهاتوویان پێدەدرێت. ئەمڕۆ ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر)، راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئامادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتن بەو مەرجەی گەرەنتی ئەوە بدرێت كە پارەی پێشتر و داهاتوویان پێدەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكاندا بكات". باسی لەوەشکردووە "کە ناوەڕۆکی چەند راپۆرتێکی میدیایی رەتدەکەنەوە، گوایە بەهۆی پێداگری و مەرجەكانی ئەوانەوە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێنەكردووەتەوە، دەشڵێت كە لەسەرەتایی ئەمساڵەوە هیچ كۆبوونەوەیەك لەنێوان ئەوان و حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵدا ئەنجامنەدراوە". ئەوەشخراوەتەڕوو، " ئامادەیە لەگەڵ هەولێر و بەغداد پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكاندا بكات و داواش  دەکات گفتوگۆی سێقۆڵیش بکرێت لەگەڵ هەرێم و بەغداد بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك تا هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق-توركیاوە دەستپێبكاتەوە".

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕێگەی بەڵگەیەکەوە  بڵاویکردەوە، کە لە %50 داهاتی هەرێمی کوردستانی بەدەست گەیشتووە. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی ئایاری 2024، میدیاكانى عێراق بەڵگەیەکیان بڵاوكرده‌وه‌،  كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ وه‌رگرتنى 85 ملیار دینار له‌ داهاتى نانه‌وتى هه‌رێم و دانانى له‌ هه‌ژمارێكى تایبه‌ت به‌ هه‌رێمى كوردستان. ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ دووشه‌ممه‌ 27ى ئایار، وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌،"ڕۆژی دووشەممە بڕی  هەشتاو پێنج ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری لەداهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2024، بەشێوەی نەختینە خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق". وتیشێ،"کە کۆی گشتی داهاتەکە، دەکاتە لە 50٪ داهاتی باج و ڕەسمی گومرگی لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوبات بە پێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە"

هاوڵاتی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان پاداشتی کۆتایی خولی پێنجەمیان وەرگرت، کە بڕەکەی 52 ملیۆن دینارە. بە پی ئەو هەواڵانەی ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بڵاوکراونەتەوە،  پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان وەک پاداشتی شەش مانگی کۆتای خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بڕی 52 ملیۆن دیناریان وەرگرت. لە کۆتای هەر خولێکدا، پاداشتی شەش مانگی کۆتایی هەر خولێکی پەرلەمانی کوردستاندا دەدرێت بە پەرلەمانتاران، وەک هەر فەرمانبەرێکی دیکە پێی دەوترێت (اکرامیە)، سەرجەم خولەکانی پێشوو ئەو پاداشتەیان پێدراوە. جێگای ئاماژەیە، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 111 ئەندام بووە، کە  کۆی گشتی  پاداشتەکەیان 5 ملیارو 770 ملیۆن دینار دەکات، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەو پاداشتەیان رەتکردۆتەوە.

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، كه‌ سبەی ناوی سێ یه‌كه‌مه‌كان بۆ دامه‌زراندن ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی‌ ئایاری‌ 2024 وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، كه‌ لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا راسپێردران بۆ خێراكردن له‌ ئاماده‌كاری و هه‌ماهه‌نگی بۆ دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كان. راشیگەیاند، "وەزارەتەكەیان كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەت ئەنجامدا بۆ هەنگاوە كۆتاییەكانی ئامادەكاری و هەماهەنگی بۆ دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی سەر بەشەكان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنی (2017 – 2018) تاوەكو (2022 – 2023)، كە وابڕیارە سبەی لیستی كۆتایی ناوەكانیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت". ئەوەشخراوەتەڕوو، "لەم قۆناغەدا پێویستە هەمووان پێكەوە هەماهەنگ و هاوكاریی یەكتربین، بۆ ئەوەی مافی هیچ یەكێك لە سێ یەكەمەكان نەفەوتێت، بۆیە دەبێت لە تۆماركردنی ناوی چواریان و بەشەكانیان و تەواوی زانیارییەكان وردبین و نابێت هیچ جۆرە كەمتەرخەمییەك لەم رووەوە هەستیپێبكرێت". دەشڵێت،"ساڵانی رابردوو بە هەوڵەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی توانرا سێ یەكەمەكانی ساڵانی (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێنین".

هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق،  "ئەو بڕەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دیاریکراوە، هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا دەنێردرێت". ئەمڕۆ  دووشەممە 27ی ئایاری 2024، لیژنەی دارایی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، کۆبوونەوە، تێیدا چەند پرسێک گفتوگۆی لەبارەوە کرا. لە کۆبوونەوەکەدا تەیف سامی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەگەڵ پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و پرۆسەی 'تەوتین'کردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەو بڕەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دیاریکراوە، هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا دەنێردرێت". وتیشی، "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ مووچەی هێزە ئەمنییەکان نییە و ئێستا لیستیی مووچەکانیان لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە وردبینی تێدادەکرێت و دواتر پارەکەیان بۆ دەنێردرێت".

هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئاشکرایکرد گەریلاکانی ئازادیی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی قەندیل خستووەتە خوارەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە لە بارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "گەریلاکانی ئازادیی لە کاتژمێر 3:45 خولەکى ئەم بەیانییە، لە ئاسمانی قەندیل فڕۆکەیەکی بێفرکەوانى تورکیایان خستەخوارەوە". ئەوەشخراوەتەڕوو، "فڕۆکەکە لە جۆری (ئاکسۆنگو)ی بێفڕۆکەوانی چەک هەڵگرە، ئاکسونگور گەورەترین فڕۆکەی بیفڕۆکەوانی تورکیایە، هاوشێوەی فڕۆکەکانی دیکە هەر پارچەیەکی لە وڵاتێکی ئەندامانی ناتۆوە بۆ تورکیا دابین دەکرێت و خاوەنی دوو مەکینەیە، بۆ مەبەستی چاودێری درێژخایەن، بە مەبەستى هەواڵگریی و هێرشبردن بەکاردەهێندرێت، بۆ یەکەمجار لە 20ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 رادەستی سوپای تورکیا کرا و تائێستاش چەندین دانەی لەلایەن گەریلاکانی ئازادیی کوردستانەوە خراوەتەخوارەوە".

هاوڵاتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ  پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكان رایگەیاند، "ئەمڕۆ شاندێکی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكان دەچێتە بەغدا". ئاماژە بەوەشکراوە، "شاندەکە بەدواداچوون بۆ پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچە كوردستانییەكان دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەتی فیدراڵ كۆدەبنەوە". ئەم سەردانەی شاندی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، كێشەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و عەرەبە هاوردەكان كێشە بۆ جوتیارانی كورد دروستدەكەن.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بۆ یەكەمجار بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دینار كە بریتییە لە 50%ی داهاتی باج و ڕەسمی گومرگیی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی شوبات بەپێی راپۆرتەكانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، خرایە سەر سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. لەبارەیەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئومێدەرواین ئەمە هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت کە یەکەم بڕیار باس لە تەوتینکردنی و بە بانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری دووەمیش رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا دەکات". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هەنگاوە زەمینەسازی دەکات بۆ لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە‌غدا، بۆیە ئومێدەوارین ئەمجۆرە هەنگاوانە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان باجی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت نەدەن". هەڵەدنی وتیشی، "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی روونن و دەبێت وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن و پابەندیشی خستووەتە سەرشانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی". ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەمینجارە ، لە دوای ساڵی 2003وە تاوەكو ئەمڕۆ، بەشێك لە داهاتی نانەوتی ناوخۆ رادەستی حكومەتی فیدراڵی بکات.  

هاوڵاتی لە لایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە لە دادگای لێكۆڵینەوەی دەربەندیخان داواكراوبوون. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنی دوو تۆمەتبار گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچونەكانیان دەستپێكرد و سەرەنجام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە هەردوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن كە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی دەربەندیخانەوە بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی داواكراوبوون". ئاماژە بەوەکراوە، "لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ب، ب، ع / ش، ب، ع) بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێن".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری قەزاکانی شارباژێڕ و قەڵادزێیان بۆردوومانکرد و تائێستا زیانەکان نەزانراون. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە هاولاتی راگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچە شاخاوییەکانی سنووری قەزای شارباژیڕیان بۆردوومانکردووە و تائێستا زیانەکان نەزانراون". هەروەها بەپێی زانیارییەکانت هاوڵاتی، هەر بەیانیی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لوتکەى کوڕیسى-یان لە چیاى ئاسۆس لە سنوورى قەزای قەڵادزێ بۆردوومانکرد و تا ئێستاش زیانە گیانى و مادییەکانى هێرشەکە نەزانراوە.