هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای موەلیدەی سیتییەکانی بۆ مانگی ئایار بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەشدەکات، هەر سیتییەک سەرپێچی بکات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 26/5/2024، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "ئەمڕۆ لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوون (سیتییەکان) کۆبوونەوەیەکی سازکردو تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی ئایار دیاریکرد، کە بریتییە لە 250 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک". ئاماژە بەوەشکراوە، "بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی سیتییەکان ئامادەکراوە نرخی کیلۆوات ئاوەڕێک کارەباى موەلیدەى ستییەکان بۆ ئەم مانگە بریتییە لە (250) دینار". ئەوەشخراوەتەڕوو، "پێویستیشە سەرجەم سیتیيەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە".
هاوڵاتی سەرژمێری ئەزموونی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا کە بڕیاربوو ماوەی نزیکەی دوو مانگ بخایەنێت. بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، سەرژمێریی ئەزموونی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق ئەنجام بدرێت و ماوەى نزیكەى دوو مانگ بخایەنێت، بەڵام مەحمود عوسما، بەڕێوەبەرى ئامارى سلێمانى رایگەیاند، "سەرژمێریی ئەزموونی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دواخراوە بۆ رۆژى 31ی ئەم مانگە". پێشتر عەبدول زەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندبوو، "سەرژمێرییەكە ئەزموونییە و دواتر لەسەر ناوەرۆكەكەی پلانی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی دادەنرێت، كە بڕیارە لە كۆتاییەكانی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەبچێت". دواین سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق لە ساڵی ١٩٩٧ لە پارێزگاكانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام هەرێمی كوردستانی نەگرتووەتەوە.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، کە هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پهرلهمانی ههرێمی كوردستان کۆتایی هاتووە. ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق به رۆژنامهی سهباح-ی راگهیاندووە "درێژكردنهوهی تهمهنی كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق لهلایهن پهرلهمانهوه دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بە هەماهەنگی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم و كۆمسیۆن". ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی تانە لە بڕگەی دوەمی سیستمی تۆمارکردن دەدات، لایەنە نوێیەکان دەرفەتیان دەبێت بۆ خۆتۆماركردن تا لهرێگهیهوه بهشداری ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان بكهن". وتوشیەتی، "هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پهرلهمانی ههرێمی كوردستان کۆتایی هاتووە و چاوەڕێی وادەی نوێین کە دیاری دەکرێت". ئەمەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هیچ وادەیەکی نوێی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داهاتوو وادەیەکی نوێ دیاریبکات.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی چواری ئەمساڵی هاوڵاتییان دەکریت، ئاماژە بەوەشدەکات، گۆڕانکاری لە هەندێک مادە کراوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، كامەران فەتاح، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە ئەمڕۆوە مادە خۆراکەکانی چوارەم سەبەتەی خۆراك بەسەر بریکارەکاندا دابەشدەکرێت، دوای ئەوەی سەرجەم مادەکان گەیشتە بریکارەکان دابەشی دەکەن بەسەر هاوڵاتییاندا". ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک گۆڕانکاری لە مادەکانی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان کراوە و بەشە برنج لە سێ کیلۆوە بۆتە دوو کیلۆ و نیو بۆ هەرکەسێک، هەروەها لەبری لەتکەنۆک نیسک دابەشدەکرێت کە بڕەکەی کیلۆیەکە بۆ هەرکەسێک و شەکر و زەیت و دۆشاویش وەک خۆی دابەشدەکرێن".
هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی ئاگاداری ئەوکەسانە دەکاتەوە تەمەنیان سەرو 18 ساڵە هاوسەرگیریان نەکردووە، کە لەکاتی مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت جگە لە کارتی نیشتیمانی خۆیان پێویستە کارتی نیشتیمانی باوکیشیان پێ بێت. ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو گۆڕانکارییە لە مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت تەنها بۆ ئەو کەسانەیە، کە تەمەنیان سەرو 18 ساڵە ، کارتی زانیاریان بەناوی باوکیانە و هاوسەرگیریان نەکردووە.
هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بۆ خەرجکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان، مەرجە نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت. ئەمڕۆ شەممە25ی ئایاری 2024، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بۆ خەرجکردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان، مەرجە نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت و داهاتەکەشی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بگەڕێندرێتەوە.
هاوڵاتی دوو محاویلە لە گەڕەکی مامۆستایان لە کارکەوتن بەهۆی کۆتر و پشیلەیەک، دواتر لهلایهن كارهبای رۆژئاوای سلێمانییهوه كێشهكه چارهسهر كرا. ئەمڕۆ شەممە، 25ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژئاوای سلێمانی بڵاویکردەوە،” لە سنوری پارکی ئازادی سەربە بەڕێوەبەرایەتیمان لەلایەن تیمەکانیانەوە پشکنین بۆ هەردوو محاویلەی ژمارە (2 و 6)ی گەرەکی مامۆستایان کرا و کێشەکانیان چارەسەرکرا ". ئەوەش خراوەتەڕوو، محاویەی ژمارە 2 لەسەر فیدەری 65 بەهۆی باڵندەیەکەوە کێشەی بۆ دروست بوو، محاویلەی 6یش لەسەر هەمان فیدەر بەهۆی پشیلەیەکەوە دووچاری کێشە بوو، کێشەکان چارەسەرکرا و کارەبا گەڕایەوە بۆ هاوڵاتییان و هاوبەشانی کارەبا.
هاوڵاتی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوی کشتوکاڵی هەولێری بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، پێویستە ئامێری ئاگرکوژێنەوە لەنێو دەڕاسەکە هەبێت، دەبێت هەر دەڕاسەیەک بە بەردەوامی تانکەرێک ئاوی بە پڕی لەگەڵدا بێت، شۆفێر لە هێڵی کارەبا وشیار بێت. رێنماییەکان: 1- پێویستە ئامێری ئاگرکوژێنەوە CO2 (6 کگم) لە ناو دەڕاسەکاندا هەبێت. 2- نابێت بە هیچ شێوەیەک لەحیمکردن لە ناو کێلگەی گەنم و جۆ ئەنجام بدرێت. 3- وشیاربوونی شوفێری دەڕاسە لە کاتی بوونی هێڵی کارەبا لە ناو کێڵگە. 4- چاککردنی رێگای نێوان توخوبەکان و ڕێگای چوون بۆ سەر زەوییەکان بۆ ئاسان گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی. 5- پێویستە هەر دەڕاسەیەک بە بەردەوامی تانکەرێک ئاوی بە پڕی لەگەڵدا بێت لە کاتی ئیشکردندا و ترومپای ئاوی لەسەر بێت، بۆ ئەوەی لە کاتی روودانی هەر ئاگرێک بتوانن بە زووترین کات هەوڵی کونترۆڵکردنی بدەن.
هاوڵاتی لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە، کە دابەشکردنی ئاو بۆ ماوەی سێ رۆژ دەوەستێت. ئەمڕۆ شەممە 25ی ئایاری 2024, بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە رایگەیاند، "بەهۆی گواستنەوەی بەشێک لە بۆری ئاوی هێڵی سەرکی 12ی شەقامی 40 مەتری فیدڕاڵی، کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت، بۆ ماوەی سێ رۆژ دابەشکردنی ئاو دەوەستێت". لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "لە رۆژەکانی (27-28-29)ی ئایاری 2024 واتە رۆژانی (دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە) دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکانی (گردی، سەرباغ، حاجی قادر(جمعیە)، فیدڕاڵی، شەوگێراوە، سەیران سیتی، ناوداران، گردی عەرەبیان، ئەندازیاران، بەشێک لە گەڕەکی کەکۆن، ماڵەکانی هەردوو بەری شەقامی 40 مەتری، زانست) دەوەستێت، بەڵام لە ڕۆژانی (25-26)ی ئایار دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەبێت و بەپێی بەرنامەی رۆژانە ئاو دابەش دەکرێت". ئەوەش خراوەتەڕوو، "گەڕەکەکانی (فلکەی گردی، شەقامی هەرمۆتە نزیک گەڕەکی کە کۆن، گردی عەرەبیان و شاری ناوداران) ئاویان پێ نادرێت، چونکە ئاویان لە رێگەی ئەم هێلە سەرکییەوە بۆ دەگوازرێتەوە".
هاوڵاتی بازرگانێکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەئێستادا لە دەروازەکان بڕی پێنج هەزار دینار زیادەمان لێوەردەگیرێت و بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکمان پێبدەن. ئەمڕۆ شەممە 25ی ئایاری 2024، یەکێک لەو بازرگانانەی کە هاتووچۆی ئێران دەکات کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە بە هاوڵاتی راگەیاند، "پێشتر کاتێک هاتووچۆمان دەکرد بڕێکمان وەک گومرگ لێوەردەگیرا، بەڵام لە ئێستادا پێنج هەزار زیادەمان لێوەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەکمان بدەنێ". ئاماژەی بەوشکرد، "ئێمە پرسیارمان کردووە دەڵێن ئەو پارەیە بۆ حکومەتی عێراقییە، بەڵام پێمان ناڵێن وەرگرتنی پارەکە بۆ چ مەبەستێکە و هیچ بڕیارێکی فەرمی نییە". ئەو بازرگانە ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەت هیچ ئاسانکارییەکمان بۆ ناکات بگرە رۆژ بە رۆژ ئەرکەکانی سەرشانی بازرگانان زیاتر دەکەن". هەروەها ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "هیچ گومرگێک زیادنەکراوە و پێدەچێت ئەو پارەی وەردەگیرێت تایبەت بێت بە زیادکردنی خزمەتگوزارییەک، ئەگەرنا بڕی گومرگ هەر وەک خۆیەتی".
هاوڵاتی شەوی رابردوو لە گەڕەکی شاخکێ لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی منداڵێک دۆزرایەوە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، شەوی رابردوو تەرمی منداڵێكی تەمەن 13 ساڵان لە گەڕەكی شاخكێ لە دهۆك بە كوژراوی دۆزراوەتەوە. بەڵام تائێستا هۆكاری كوژرانی نەزانراوە. بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كوژرانەكەی تەرمی منداڵەكە رەوانەی پزیشكی داد كراوە، پۆلیسی دهۆكیش دەستی بە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كردووە بە مەبەستی هۆکاری کوژرانەکەی.
هاوڵاتی 47 ئەندام لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق واژۆیان کردووە بۆئەوەی هەموارکردنەوەی دووەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەعێراق، بە شێوەیەک تەمەنى خانەنشینى لە 60 ساڵەوە بکرێتە 63 ساڵ. لەناوەرۆکى پرۆژەى هەموارەکەدا خراوەتەڕوو، پێویستە گرنگى بەژیان و ماف و شایستەکانى خانەنشینان بدرێت و کۆمەڵێک ئیمتیازاتى نوێش بۆ خانەنشینان جێگیرکراوە. بەگوێرەى هەموارى یەکەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەساڵى 2019 تەمەنى خانەنشینى لە 63 ساڵەوە کەمکرایەوە بۆ 60 ساڵ، ئەمەش لەپێناو کردنەوەى دەرگاى دامەزراندنى گەنجان، بەڵام جارێکى دیکە داوادەکرێت تەمەنى خانەنشینى بەرزبکرێتەوە بۆ 63 ساڵ. کەمترین مووچەى خانەنشینیى شارستانى لەعێراق 420 هەزار دینارە، بەڵام لەهەرێمى کوردستان 220 هەزار دینارە. هەر لەسەر ئەم پرسە یەکێتى خانەنشینانى هەرێمى کوردستانیش لەچەند رۆژى رابردوودا، چونە بەغداد و داوایانکرد، یاساى خانەنشینیى یەکگرتووى عێراق لەهەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێت و شایستە داراییەکانیان هاوتابکرێت.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی خۆڵبارینی مامناوەند ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024، پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "بەهۆی چالاکبوونی بای ڕۆژئاوا کە خێرایی لە 25 کلم بۆ 45 کلم دەبێت لە کاتژمێرێکدا بە پێی ناوچەکان بەو هۆیە لە دەرنگانی شەوی هەینی لەسەر شەممە 24-25/ 5 /2024 خۆڵبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کورستان دەگرێتەوە". ئەو شارەزای کەشناسە ئاماژەی بەوەشکردووە، "شە]پۆلەکە لاواز بۆ مامناوەند دەبێت و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگڕێتەوە".
هاوڵاتی جارێکی دیکە بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە کۆگایەکی مادەی پاککەرەوە لە سنووری کانی گەلی هەولێر کەتووەتەوە و تەنها زیانی مادەی لێکەوتووەتەوە و ئاگرەکە بەردەوامە. ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە کۆگایەکی مادەی پاککەرەوە لە سنووری کانی گەلی هەولێر کەتووەتەوە و تەنها زیانی مادەی لێکەوتووەتەوە و ئاگرەکە بەردەوامە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان". بەپێی زانیارییەکان، وەستایەکی ئیزوگام لە کۆگاکەدا کاری کردووە و هۆکاری ئاگرەکە ئەو پەرەمێزە بووە کە بەکاری هێناوە و لەئێستادا لە %70ی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە ئاگرەکە. ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە 23ی ئایاری 2024، بەهۆی تەقینی غازەوە ئاگرێکی گەورە لە کۆگای غازی نەورۆز لەسەر رێگای هەولێر-کەرکوک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
هاوڵاتی ئاگری كارگەی غازی سەر رێگای هەولێر - كەركوك كۆنترۆڵكراوە بەهۆی ئاگرەكەوە سێ كەس بە سووكی برینداربوون. ئێوارەی ئەمڕۆ 23ی ئایاری 2024، ئاگرێک لە کارگەیەکی غاز لە سەر ڕیگای کەرکوک- هەولێر کەوتەوە، لە ماوەی یەك كاتژمێردا كۆنترۆڵكرا و زیاتر لە 15 تیمی بەرگریی شارستانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە نێردران. لەم بارەیەوە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئاگرەكەی كارگەی غاز لەسەر رێگای هەولێر - كەركوك كۆنترۆڵكراوە بەهۆی ئاگرەكەوە سێ كەس بە سووكی برینداربوون. شاخەوان سەعید وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر وتیشی، ئاگرەكەی نێو كارگەی غاز لەسەر رێگای هەولێر - كەركوك لە ماوەی یەك كاتژمێردا كۆنترۆڵكرا و زیاتر لە 15 تیمی بەرگریی شارستانی لە ئەركدا بوون. سەبارەت بە بریندارەکانیش ئەوەی خستەڕوو، " بەهۆی رووداوەكەوە پاسەوانی كارگەكە و براكەی و شۆفێری بارهەڵگرێك بە سووكی برینداربوون".
