هاوڵاتی سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، پەنابردن بۆ یاسای سزادانی عێراقی لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە گەڕانەوەیە بۆ دواوە، دەبوو لە كەیسی رۆژنامەنوس شاكار ستار، پۆلیس لێكۆڵینەوە بكات نەك دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس شاکار ستار رایگەیاند، "بەپێی لێدوانی هاوسەری (شاكار ستار) بۆ میترۆ، هێزێكی ئەمنی شەوی رابردوو لە كاتی گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و لە بازگەی ئاشتی/كۆیە لە لایەن هێزێكی ئەمنی لەگەڵ هاوسەرەكەی شاكار ستار دەستگیركراون لەگەڵ دوو مناڵەكەم كە یەكیان تەمەنی ساڵێك و نیوەو ئەویتریان 6 ساڵانە بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە كۆیەوە تا ئاسایشی سلێمانی براون بەڵام ئێمەیان ئازاد كرد". سەنتەری میترۆ پاش پەیوەندیكردن بە هەندێ لایەنی بەرپرس، چاوەڕوانی ئەوە بوو، رۆژنامەنوس شاكار ستار، بە كەفالەت ئازاد بكرێت، بەڵام لەبری ئازادكردنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند" بە مادەی 226 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە". دەربارەی ئەم كەیسە دەزگای ئاسایشی هەرێم رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە ، هەموو تۆمەتەكان كە ئاراستەی شاكار كراوە "ئامادەكردن و پێشكەشكردنی بۆ چەند زنجیرە راپۆرتێكە" كە بە "ناڕاست و چەواشەكار" بۆ پەیجێكی نافەرمی وەسفدەكات و بەبڕیاری دادوەر بە مادەی 226 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە. بەپێی راگەینراوەكە سكاڵاكەر كە دەزگای ئاسایشی هەرێم، هەر خۆی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە دەكات. ئایا دەكرێت لە "تاوانەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە" لایەنی سكاڵاكەر خۆی پرۆسەی دەستگیكردن و هەر خۆی پرۆسەی لێكۆڵینەوە ئەنجام بدات؟ پاشان بۆچی دەزگای ئاسایشی هەرێم هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر ئەوە نەداوە كە بۆچی دوو مناڵ و هاوسەری شاکار بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە كۆیەوە تا بەردەم ئاسایشی سلێمانی براون؟ لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار رێنمایی بۆ دەزگای ئەمنی دەرچووە، كە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە، جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت. سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایش لەگەڵ رۆژنامەنوس، ترساندن و تۆقاندنی خێزانەكەی بە توندی ئیدانە دەكات، داوا دەكات بە كەفالەت ئازاد بكرێت و كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ پۆلیس و مادە یاساییەكەی بگۆڕی بۆ مادەكانی یاسای رۆژنامەگەری. میترۆ ساڵانێكە كەمپین دژ بە زانیاری ناڕاست و هەواڵی چەواشە دەكات، بەردەوامیش جەخت لەوەدەكاتەوە كە رۆژنامەنوسان بەدەرنین لە هەڵەی پیشەی و كاریگەری سیاسییەوە، داواش دەكات هەر هاوڵاتی و دەزگایەك كە بە راپۆرت و هەواڵی رۆژنامەنووسان زەرەرمەند دەبێت پەنا بۆ یاسای رۆژنامەگەری ببات نەك یاسایەكی تر.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، وانەبێژانی زانکۆ حکومییەکان دادەمەزرێن. عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی راگەیاند، "لەدواین هەوڵەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لیستی ناوی سەرجەم وانەبێژانی زانکۆ حکومییەکانیان بەرزکردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و لەوێشەوە ئاڕاستەی بەغدا دەکرێت، بەمەبەستی دامەزراندن و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان". ئاماژەی بەوەشکرد، "وانەبێژانی زانکۆ حکومییەکان ماوەی چەند ساڵێکە خزمەت پێشکەش بە خوێندنی باڵا دەکەن لە هەرێمی کوردستان، بۆیە مەبەستییانە بێ جیاوازی سەرجەم وانەبێژان دابمەزرێن". ئەوەشت خستووەتەڕوو، "وانەبێژانی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیان هەزار و 982 وانەبێژە و ماوەی چەندین ساڵە وەک وانەبێژ خزمەت دەکەن".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای ناوچەکانی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتى نیمچە هەور دەبێت و خێرایی با مامناوەند دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ". لەبارەی کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە 20ی ئایاری 2024، ئاماژە بەوەکراوە، "ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە کاتەکانی دوانیوەڕۆ ئەگەرى تاوە باران و هەورە تریشقە هەیە لە هەندێک ناوچە بە تایبەتى (سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەنتەرى پارێزگا)، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەشێک لە ئیدارەى راپەڕین، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لەتۆمارکراوەکانی ئەمرۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی دووشەممە: هەولێر: 28 سلێمانى: 28 دهۆک: 27 زاخۆ : 28 هەڵەبجە : 30 کەرکوک: 32 سۆران : 25 حاجی ئۆمەران: 17 گەرمیان : 33
هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یهكشهممه 19ی ئایاری 2024، ئاگر لە قەیسەری خانقینی کەرکوک کەوتەوە و زۆربەی دوکان و کۆگاکانی سووتان. وەک دوکانداران ئاماژەیان پێداوە، كه قەیسەرییەکە نزیکەی 150 دوکانى تێدایە و زیانێکی ماددی گەورەیان بەرکەوتووە. ئهوهشیان باسكرد، بەرگری شارستانی پێی راگەیاندوون، کە ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی، کە چەند دوکانێک لەوبەری بازاڕەکەیانەوە سووتاوە ئەوان گومانیان لەو قسەیە هەیە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ "بەوپەڕی رازیبوونی فاکەڵتییەکە و بۆردی بڕواپێکراوان، زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت بڕوانامەی دکتۆرا دەداتە ماکس دۆ.. پیرۆزە دکتۆر دۆ". ئەمە لەسەر نامەی دکتۆرای پشیلەیەک نوسراوە کە زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت لە ئەمریکا پێشکێشی کردووە. ماکس دۆ، پشیلەیەکی ئەمریکییە و لە ویلایەتی ڤێرمۆنتی ئەمریکا دەژی و دانیشتووی زانکۆی ڤێرمۆنتە. رۆژی شەممە، 18ی ئایاری 2024، زانکۆکە بە فەرمی بڕوانامەی دکتۆرای فەخرییان پێبەخشی. بەرپرسانی زانکۆکە دەڵێن، هۆکاری پێدانی بڕوانامەکە بە ماکس ئەوەیە، سەرخەوکەرێکی بە ئەزموونە و مشکگرێکی بەتوانایە، هەروەها چەندین ساڵە لە زانکۆکە کاردەکات بەبێ دابڕان. هەرچەندە بڕوانامەی دکتۆراکەی وەرگرتووە، بەڵام ماکس بەشداری لە مەراسیمی ئەمساڵی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت ناکات. زانکۆکە دەڵێت، بڕیارە بڕوانامەکەی بۆ خاوەنەکەی بنێرن. خاوەنەکەی ماکس ناوی ئاشڵی دۆیە و لە زانکۆکە کاردەکات، ئەوە پێنج ساڵە بەردەوام لەناو زانکۆکەدا لەگەڵیدایە و دانەبڕاوە لێی. خوێندکارانی زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت ماکس دەناسن و بەردەوام خواردنی دەدەنێ و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن بەملاولادا؛ وێنەی لەگەڵ دەگرن و هەندێک جاریش لەگەڵ خۆیاندا دەیبەنەوە بۆ ماڵەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکەم لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بانکی تی بی ئای کردووە تا تەوتین بکرێن. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار رۆژی پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024 رابردوو ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی یەکەم لیستی ئەو فەرمانبەرانەی رەوانەی بانکی تی بی ئای کردووە کە لەکاتی پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من ئەو بانکەیان هەڵبژاردووە. بەپێی زانیارییەکان ژمارەی فەرمانبەرەکان 368 فەرمانبەرن و زانیارییەکانیان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی رەوانەی تی بی ئای کراوە. پێشتر وەزارەتەکە رایگەیاندبوو بانکی تی بی ئای هاتووەتە ناو پرۆژەی هەژماری منەوە و ناوەکەی بۆ فۆڕمی تایبەت بە پرۆژەکە زیادکراوە.
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبێتەوە و بڕیار لەسەر سێ تەوەری گرنگ بدات. ئەمڕۆ شەممە 18ی ئایاری 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکان هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانە کە پشکی لایەنە سوننەکانە. بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە بێت تەوەرێکی دیکە بڕیاردان دەبێت لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەروەها تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگدانە لەسەر ئەوەی رۆژی جەژنی غەدیر بکرێتە پشووی فەرمی لە عێراق.
هاوڵاتی بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆی گشتی بنکەکانی تۆمارکردن بۆ دەنگدانی گشتی لە هەرێمی کوردستان 173 بنکەیە، کە لە هەولێر53 بنکە، دهۆک 41 بنکە و لە سلێمانیش 79 بنکەی تۆمارکردن هەیە. هەر بەپێی ئامارەکە بێت، لە کۆی 666.226 کارتی بایۆمەتری لە هەولێر، 245.265 کارت لە بنکەکاندا تۆمارکراون، لەو ژمارەیە، 110.337 کارت دابەشکراون، 165یان لەنێو براوە، 154 کارتی دووبارە هەبووە، 186 کارت گەڕێندراونەتەوە و 153،928 کارتیش هێشتا دابەشنەکراون. سەبارەت بە پارێزگای دهۆک، لە کۆی گشتی کارتە بایۆمەترییەکان، 132.933 کارت تۆمارکراوە، 77.237 کارت دابەشکراون، 8 کارت لەنێوبراوە، 9 کارتی گەڕێندراوە هەبووە و 55.696 کارتیش لە بنکەکان ماونەتەوە و دابەش نەکراون. پارێزگای سلێمانی، لە کۆی 666.226 کارتی بایۆمەتری دەنگدان، 279.028 کارت لە بنکەکانن، 117.846 کارت بۆ خەڵکی گەڕێندراونەتەوە، 1 کارت لەنێوبراوە، 11 کارت گەڕێندراونەتەوە و 161.182 کارتی بایۆمەتریش هێشتا دابەشنەکراون. لەبارەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانی تایبەتیش، باس لەوە کراوە، کۆی گشتی کارتەکان 116.141 کارتە، ژمارەی کارتەکان لە پارێزگای هەولێر 84.936 کارتە، لە پارێزگای دهۆک 11.296 کارت هەبووە، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی ژمارەی کارتەکانی بایۆمەتری 19.909 کارتە.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی وادەی دەستپێکردنی گەرما رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوەشدەکات، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو گەرمتر دەبێت. ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایاری 2024، پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "چاودێریکردنمان و گۆڕانکاریەکانی سروشت و لەیەکدانەوەمان لە سەر نەخشەکان لە 20/5/2024 بەداوە بارستە ھەوای فێنک لەسەر ناوچەکانمان بەپێی کات دست بەکشانەوە دەکات و وەرزی گەرما دەستپێدەکات بە دیاری کراوی لە کۆتای مانگی 5 و پاشان گەرمای وەرزی ئەفریقی دەستپێدەکات". ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی کات گەرما دەگاتە وڵاتانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیش بێبەش نابێت و وەک ساڵانی رابردوو پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە لە دوای گەرمای ئەفریقی پاشان گەرمای ورەزی هیندی دەستپێدەکات". ئەو شارەزای کەشناسە ئەوەشی روونکردەوە کە گەرمای ئەمساڵ لە چاو ساڵانی رابردوو گەرمتر دەبێت.
هاوڵاتی دوای سزادانی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی کورد لە باکوری کوردستان لەلایەن دادگای ئەنقەرەوە بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،کێشەی کورد لە تورکیا بە سزا و زیندانی چارەسەر نابێت. ڕۆژی پێنجشەممە 17/5/2024 دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد کە بە نیگەرانییەوە، لە ئەنجامی (٨٤)هەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەک سەرکردەی سیاسیی باکوری کوردستان و تورکیا دەڕوانن . دەشڵێت، بەداخەوە توندترین سزای زیندانی، لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەدا بەسەریاندا سەپاوە. لە ڕاگەیەندراوەکە ئەو وتەبێژە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "بە باوەڕی نەگۆڕی ئێمە، کێشەی کورد لە تورکیا، کێشەیەکی سیاسییە و پێویستی بە چارەسەرە، لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و دانپێدانان بە مافە ڕەواکانیان". دەقی راگەیەندراوەکە: کێشەی کورد لە تورکیا بە سزا و زیندانی چارەسەر نابێت بە نیگەرانییەوە، لە ئەنجامی (٨٤)هەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەک سەرکردەی سیاسیی باکوری کوردستان و تورکیا دەڕوانین، کە بەداخەوە توندترین سزای زیندانی، لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرەدا بەسەریاندا سەپاوە. بە باوەڕی نەگۆڕی ئێمە، کێشەی کورد لە تورکیا، کێشەیەکی سیاسییە و پێویستی بە چارەسەرە، لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و دانپێدانان بە مافە ڕەواکانیان، هەربۆیە سزا و زیندانی و شەڕ و ئۆپەراسیۆن و، گرتنەبەری ڕێگەی سەربازی، هیچ ئەنجامێکی نابێت، جگە لە قوڵترکردنەوەی کێشەکان و درێژەکێشانی دۆخی نائارامی و ناسەقامگیری زیاتر بۆ ناوچەکە. وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ١٦ی ٥ی ٢٠٢٤
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ کۆینێکی دانیمارکی دوای 100 ساڵ لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەفرۆشرێت. کۆینەکە لەلایەن مۆزەخانەی نیشتمانیی دانیمارکەوە دەفرۆشرێت. بڕیارە زیادکردنە ئاشکراکە لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بکرێت و لە ئێستاوە دەستکراوە بە ریکلامکردن بۆی. کۆینەکە لەلایەن لارس بروون، سەرمایەدار و شارەزای لیرە لە ساڵی 1922 کڕدراوە و دوای ساڵێک گیانی لەدەستداوە. پێشبینی دەکرێت 72 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بکات. هیڵی هۆرسنایس، سەرۆکی کۆکردنەوەی مەدالیا و کۆین لە مۆزەخانەی نیشتمانیی دانیمارک چیرۆکی لارس بروون دەگەڕێتەوە و دەڵێت، لەو کاتەدا کە جەنگی جیهانی یەکەم دەستیپێکردووە، بروون کۆینەکەی پێشکێشی مۆزەخانەی دانیمارک کردووە. لە دواتردا ترسی لەوە هەبووە بەهۆی جەنگەوە مۆزەخانەکە زیانی پێبگات و لیرەکە لەناوبچێت، بۆیە وەسێتی کردووە لە شوێنێکی پارێزراودا هەڵبگیرێت و 100 ساڵ دواتر نمایشبکرێت.
هاوڵاتی وهزارهتی پهروهردهی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئهنجامی خولی یهكهمی پۆلی نۆیهمی بنهڕهتی راگهیاند. كهمێك پێش ئێستا، وهزارهتی پهروهردهی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند: "قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی ئاگادار دەکەینەوە، لە ئێستاوە دەتوانن ئەنجامەکانی خولی یەکەمی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی( کۆششی ساڵانە و تاقیکردنەوەی نیشتیمانی) بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ وەربگرنەوە". بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە: https://azmwnakan.com/
هاوڵاتی جینین پلاسخارت نێردەی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکان بەم زوانە وادەی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت، ئەو پرۆسەیە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە و پێویستە دوا وادەی ئەنجامدانی لە چوار مانگ زیاتر نەخایەنێت. جێنین هێنیس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/5/2024 لە ئەنجوومەنی ئاسایش راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق پێشكەش کرد و رایگەیاند،"هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت بە جۆرێک لە ئێستاوە زیاتر لە چوار مانگ نەخایەنێت و هەڵبژاردنێکی گشتگیر، شەفاف و متمانەپێکراو لە هەرێمی کوردستان زۆر پێویستە" جارێكی دیكە جنین پلاسخارت، هۆشداری بەبەرپرسانی هەرێم دایەوە؛ ئەگەر هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدرێت، هەرێم روبەڕوی ئایندەیەكی نادریا دەبێتەوە، هیوادارین پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت و وادەیەكی نوێ بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێت و جارێك دیكە دوانەخرێتەوە. سەبارەت بە دۆخی عێراقیش ڕایگەیاند، ،هەمو شتێكی عێراق نایاب نییە، گەندەڵی و گروپە چەکدارەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق بەردەوامن لە هەژمونیان، ژنانی عێراق لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە کورسییەکانی دەسەڵات، هەندێکیان گەیشتون و هەندێکی دیکەیان لە دروستکردنی بڕیار دوردەخرێنەوە. جێنین هێنیس پلاسخارت باسی لەوەش کرد کە "چەقبەستوویی سیاسی لە دیالە و کەرکووک بەردەوامە." لەبارەی پەرلەمانی عێراقیشەوە قسەی کرد: "لەدوای شەش مانگ پەرلەمان شکستی هێناوە لە دیاریکردنی جێگرەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق."
هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024 کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی ئاوایی "دەرەزیارەتی خواروو" سەر بە سەرشیوی سەقز، لە سنووری بانە لە لایەن هێزە سنوورییەکانەوە تەقەی لێکراو گیانی لە دەستدا. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست هاوڵاتی کەوتوون، واحید قادرپوور، کوڕی باییز، خەڵکی ئاوایی دەرەزیارەتی خواروو، لە سنووری هەنگەژاڵەی بانە بە تەقەی راستەوخۆ هێزە سنوورییەکان کوژراوە. بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە 12 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان کوژراون و لە سەرەتای مانگی ئایارەوە ٧ کەس لە ناوچە سنوورییەکان بە تەقەی راستەوخۆ کوژراون کە پێنج کەسیان کۆڵبەر بوون و دوو کەسیان کاسبکار بوون.
هاوڵاتی لەسەر سکاڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دهستهی دادوهریی ههڵبژاردنهكانی عێراق بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق رەتدەکاتەوە کە لەبارەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە هەڵبژاردن دەریکرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024، دەستەی دادوەری ههڵبژاردنهكانی عێراق بڕیاری لهسهر ئهو سكاڵایه دا كه رزگار حاجی حهمه، بهرپرسی مهكتهبی ههڵبژاردنهكانی یهكێتیی لهبارهی بڕیاری كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكانی عێراق بۆ راگرتنی رێوشوێنهكانی سازدانی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان تۆماریكردبوو. بەپێی بڕیارەکە بێت، دهستهی دادوهریی ههڵبژاردنهكان كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكان پابهند دهكات بهوهی له بڕیارهكانیدا سهبارهت به پرۆسهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان پشت به بڕیاری رۆژی 7ی ئهم مانگهی دادگای باڵای فیدراڵی نهبهستێت، بهوپێیهی چارهسهركردنی ئهو ناكۆكییانهی كه لهبهرهنجامی ئامادهكاریی و جێبهجێكردنی پرۆسهی ههڵبژاردنهوه سهرههڵددهدهن پسپۆری ئهنجومهنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنه نهك دادگای فیدراڵی و ههر سكاڵایهكیش ههبێت بهتهنیا دهبێت لهبهردهم دهستهی دادوهریی ههڵبژاردن بخرێتهڕوو. هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، دهستهی دادوهریی ههڵبژاردن، كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكانی عێراق پابهند دهكات بهوهی دهست به رێوشوێنهكانی بكاتهوه بۆ سازدانی ههڵبژاردنی كوردستان. لە رۆژی 7ی ئەم مانگە لەسەر سکاڵای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگیران.
