هاوڵاتی خشتەی بودجەی گشتی ساڵی 2024ی لە حكومەتەوە گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بڕیارە بەم نزیکانە بخرێتە بەرنامەی كارەوە بۆ تاوتوێكردن و پەسەندنکردنی. ئەمڕۆ سێشەممە 21ی ئایاری 2024، سەفوان بەشیر، سکرتێری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، "خشتەی بودجە لە حوکمەتەوە گەیشتووە و رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنە نوێنەران کراوە بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردنی". ئەمەش لە کاتێکدایە 12ی ئایاری 2024 نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، لە كۆبوونەوەكەدا بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر خشتەی بودجەی 2024 دراوە و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەكەن، بۆ ئەوەی دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی، پەسەندی بكات.
هاوڵاتی لە راگەیانراوێکدا بەڕێوبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان کەشی پێشبینی کراوی 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان و بەرزە سنوورەکان باران دەبارێت. ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئایاری 2024، بەڕێوبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت ئەگەری تاوە باران لە هەندێک ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکان هەیە، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی دوێنێ". لەبارەی کەشوهەوای سبەینێ چوارشەممە 23ی ئایاری 2024 ئاماژە بەوەکراوە، "سبەینێ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە کاتەکانی نیوەرۆ ئەگەری باران بارینی کەم هەیە لەگەڵ هەورە تریشقە لەسەر ناوچە شاخاوییەکان بە گشتی و لە سەنتەری پارێزگاکان ئەگەری بارینی نمە باران دەبێت, لە کاتەکانی ئێوارەدا کەشەکە جێگیر دەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک لە کەشی ناوچەکەمان، پلەکانی گەرما نزم دەبێت بە (1-2) پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوی ئەمرۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ: هەولێر : 33 سلێمانی : 27 دهۆک : 32 کەرکوک : 36 هەڵەبجە : 30 زاخۆ : 32 سۆران : 27 حاجی ئۆمەران : 18 گەرمیان: 36
هاوڵاتی سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، بڕیاربوو سەرۆک کۆماری ئێران لە 10 رۆژی داهاتوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، ئاماژە بەوەشدەکات پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و قوڵبوونەوەی دۆستایەتی هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران هەرگیز راناوەستێت. ئەمڕۆ سێشەممە 21ی ئایاری 2024، محەمەد محمودیان، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "بڕیاربوو ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە 10 رۆژی داهاتوودا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و مەودایەکی بەرفراوانی هاوکاری نوێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەستپێبکات". ئاماژەی بەوەکرد، "هەرچەندە بە گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران ئەم سەردانە روونادات، بەڵام پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و قوڵبوونەوەی دۆستایەتی هەردوو وڵات هەرگیز راناوەستێت". ئەوەشی خستەڕوو، "سبەینێ چوارشەممە 22ی ئایاری 2024 پرسەی سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامانی شاندی یاوەری لە بینای کونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 5:00ی ئێوارە بەرێوەدەچێت". رۆژی یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، هەلیکۆپتەرە تایبەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پارێزگای ئازربیجانی رۆژهەڵات کەوتەخوارەوە و تێکشکا دوای نزیکەی 20 کاتژمێر گەڕان توانرا هەلیکۆپتەرەکە بدۆزرێتەو، بەڵام بەهۆی رووداوەکەوە سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامانی شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا.
هاوڵاتی سهرۆكی لیژنه هاوبهشهكان لە قایمقامییەتی سلێمانی رایدهگهیهنێت، ههر شوێنێك ئاوی لهدهبهنراو له پلهی گهرمی بهرز و بەر تیشكی خۆر عهمبار بكات شوێنهكه رووبهڕووی رێكاری یاسایی دهكرێتهوه و سزادەدرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 21ی ئایاری 2024، گۆران قادر، سهرۆكی لیژنه هاوبهشهكانی قایمقامییهتی سلێمانی رایگهیاند، "بههۆی بهرزبوونهوهی پلهكانی گهرما و هاتنی وهزری هاوین، ئاگاداری سهرجهم كارگهكانی ئاو، ماركێت و دوكانهكان دهكهینهوه ئاوی لهدهبهنراو له شوێنی پلهی گهرمی بهرز و بهرتیشكی خۆر عهمبار نهكهن، بهپێچهوانهوه دهستی بهسهردادهگیرێت و خاوهنهكهشی رووبهڕووی رێكاری یاسایی دهكرێتهوه". ئاماژەی بەوەکردووە، "قایمقامیهتی سلێمانی نووسراوی ئاراستهی بهڕێوهبهرایهتی هاتوچۆی سلێمانی كردووه، بۆ ئهوهی لهكاتی بهدیكردنی گواستنهوهی ئاوی لهدهبهنراو لهبهر تیشكی خۆر و دانهپۆشراوی دهستی بهسهردا بگیرێت و سزای شۆفێرهكه بدرێت". جێگەی ئاماژەیە، بهپێی رێنماییه تهندروستییهكان، نابێت ئاوی لهدهبهنراو له شوێنی گهرم و بهرتیشكی خۆر عهمبار بكرێت یان بگوازرێتهوه، چونكه بههۆی كارلێكی كیمیاییهوه ئاوی ناو دهبه پلاستیكهكان دهبێته هۆكارێك بۆ كهمبونهوهی بهرگری لهش و زیان به تهندروستی مرۆڤ دهگهیهنێت. ئەوەشخراوەتەڕوو، بهرزبوونهوهی پلهی گهرمی بۆ 25 پلهی سهدی، بهشێكی پلاستیكهكه لهگهڵ ئاوهكه كارلێك دهكات دهبێته هۆكاری سهرهكی بۆ تووشبوون بهنهخۆشی شێرپهنجه و تێكچوونی هۆرمۆنهكان بهتایبهت لهخانماندا. قایمقامییەتی سلێمانی دەڵێت، "پێش ئهوهی ئاو بكرێته ناو دهبهپلاستیكهكان مادهی ئۆزۆن (O3) بۆ خاوێنكردنهوه بهكاردههێنرێت لهبری كلۆر، لهكاتی بهركهوتنی ئۆزۆنهكه بهتیشكی خۆر، مادهكه شیدهبێتهوه بۆ (O2) لهگهڵ ئۆكسجینێكی چالاك، (O2) بهبێ كێشه لهگهڵ ئاو تێكهڵدهبێت، بهڵام مانهوهی یهك ئۆكسجین و بهركهوتنی بهتیشكی خۆر، لهش تووشی نهمانی بهرگری دهكات".
هاوڵاتی/ ژیر فاتیح یەکێک لەو دیارەدە خراپ و دزێوانەی لە دونیای ئێمەدا لە ئارادایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر تەشەنە دەکات، بینینی فیگەر و کەسایەتی و دیاردە جیاوازەکانە بە یەک شکڵ و شێوەی دیاریکراو و لەناو یەک پۆلین و ڕێکخستنی گشتیدا، بە واتایەکی دیکە؛ جۆرە تێڕوانینێک لە فەزای کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری دونیای ئێمەدا باڵادەستە، کە کۆی کەسایەتی و ڕوودا و و دیاردەکان بە یەک فۆڕمی کڵێشەیی دیاریکرا و دەبینێت، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی تایبەتمەندێتی و جیاوازی و وردەکاری ئەم فیگەر و کەسایەتی و دیاردە ناچوونیەکانە بکات، لەناو یەک شێوە پێناسە و تێڕوانیندا کورتیان دەکاتەوە و مۆبیلیزەیان دەکات. ئەم نیگا سەرتاپاگیرە کە توانای بینینی جیاوازییەکانی نییە و لە یەک گۆشە نیگای دیاریکراوە لە دیاردەکان و کەسەکان دەڕوانێت، وا دەکات بوارێک بۆ بینینی تاقانەیی و لێوەشاوەیی کەسایەتییەکان و فرەیی و ناهەمەچەشنی دیاردە و دەرکەوتەکان نەهێڵێتەوە. یەکێک لەو شێوە-ڕوانینە باوانەی هەنوکە لە دونیای ئێمەدا باڵادەستە، ڕوانینە بۆ پرسی سەرمایەداری و کەسایەتییە سەرمایەدارەکان، کە زۆرجار بە شێوەیەکی دوور لە ڕاستی و نا بابەتییانە خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت و هەندێک ئایدیا و روانگەی بارگاوی بە نەریتی مارکسیستانەش بۆ ئەم جۆرە خوێندنەوانە دەکرێنە پاساو و کەرەستە، کە نەک تەنیا لەڕووی تیۆرییەوە راست نین، بەڵکو رێگەی ئەوەشمان لێدەگرن شتەکان بە شێوەیەکی بابەتی و وەک خۆیان ببینین. بێگومان ئەوە راستە کە کۆی جیهان لەمڕۆدا بەدەست سیستمی سەرمایەداری و لۆژیکی بازاڕی ئازادەوە لە قەیراندایە، بەڵام قسەکردن لەسەر سیستەمی سەرمایەداری و ئابوری نیولیبڕاڵی و بازاڕی ئازاد، پێویستە جیا بکرێتەوە لەو هەوڵە فەردییانەی کە بە گیانێکی دڵسۆزانە ونیشتیمانپەروەرانەوە، بڕێکی زۆری سەرمایە و داهاتی خۆیان دەخەنە خزمەتی پڕۆژەی نیشتیمانی و گشتییەوە، کە سود و قازانجە گشتییەکانی دەیانجار لە دەستکەوتە فەردیی و کەسییەکان گەورەترە. "فاروقی مەلا مستەفا" نموونەی ئەو سەرمایەدارە دڵسۆز و خەمخۆرانەی نیشتیمانە، کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوام و بێ پشوودان، لە هەوڵی سەرپێخستنی دەیان پڕۆژەی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و سەرمایەگوزاری جیاوازدایە، بە سەدان ملیۆن دۆلاری لە بڕی سەرمایەکەی خۆی بۆ خزمەتکردنی شاری سلێمانی و کوردستان بە گشتی، تەرخانکردووە و بەردەوام وەک فیگەرێکی دیاری ناو بواری بازرگانی، خۆ نەویستانە و لەخۆبوردووانە لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و هێنانە ئارای دونیایەکی ئارام و کەشێکی لەباردا بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی کوردستان، ماندوونەناسانە هەوڵی داوە و هەمیشە پێشەنگ بووە لە خزمەتکردن و بونیادنانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە یادی دە ساڵەی دامەزراندنی (نەخۆشخانەی فاروق)دا، ئەم سەرمایەدارە دڵسۆز و خەمخۆرە، کە خاوەنی باکگراوندی مەعریفی و دیدگای تایبەت بە خۆیەتی سەبارەت بە پرس و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە وتارێکدا بۆ ئامادەبووان ئاماژەی بە چەند خاڵکێدا، کە جێگای هەڵوێستە لەسەرکردنن و پێویستە دیوە ئینسانی و نیشتیمان پەروەریی و قازانج نەویستییەکەیان بۆ هەمووان ئاشکرا بکرێت. تا ئەوە لای هەمووان ڕوون بێت کە مەرج نییە، هەموو سەرمایەدارێک تەنیا لە بیری کەڵەکەکردنی قازانجدا بێت، هەرچەند زۆر سەرمایەدار هەن لە دونیای ئێمەدا بەو لۆژیکە بیردەکەنەوە، بەڵام بوونی ئەوانە ناتوانن تاقانەیی و خەمخۆری کەسانی وەک "فاروقی مەلا مستەفا" بشارنەوە. یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی ناوبراو لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێدا، ئەوەیە کە چۆن دڵسۆزانە و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە، بیریان لە دروستکردنی پڕۆژەیەکی تەندروستی و زانستیی گەورەی وەک نەخۆشخانەی فاروق کردووەتەوە. بەو پێیەی ئەزموونی حکومڕانی لە دونیای ئێمەدا تا ئەندازەیەکی زۆر لە قەیراندایە، ئەمە وایکردووە کە هانیان بدات ئەرکێک لە ئەستۆ بگرن، کە لە بنەڕەتدا ئەرکی حکومەتە ئەنجامی بدات، بەڵام بەو پێیەی لە قسە و کردارەکانی "فاروقی مەلا مستەفا"وە دەردەکەوێت، ئەوان تەنیا وەک بازرگانێکی بێ هەڵوێست لە کۆمەڵگەدا ناژین، کە تەنیا بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی خۆیان بووێت، بەڵکو نموونەی بازرگانێکن کە خەمخۆری وڵاتەکەیانن و بیرکەرەوەیەکی بەردەوامن، لەو ڕووەوە کە شان بەشانی سەرانی حکومڕان و بگرە زیاتریش هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بەرانبەر بە هاونیشتیمانیان و هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان. هەر بۆیە لە بڕگەیەکی دیکەی قسەکانیدا، وردبینانە و وەک کەسێکی خاوەن دید و پسپۆڕی لە پیشەکەی خۆیدا، ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە کەرتە گشتییەکانی تەندروستی و پەروەردە و فێرکردن، لە ژێر چاودێری حکومەتدا بە تایبەتی بکرێن، بۆ ئەوەی نەبنە مایەی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و کەسانێکی چاوچنۆک لەسەر قوتی خەڵکی و بەبێ رەچاوکردنی باروگوزەرانی ژیانی گشتی سەروەت و سامان کەڵەکە بکەن. ئەم دڵسۆز و خەمخۆرییەش بە ڕادەیەکە، کە بە گفتێکی ئینسانی و زۆر دڵسۆزانە لە ماوەی ڕابردوودا و لە مەڕاسیمی یادی دە ساڵەی دامەزراندنی نەخۆشخانەی فاروقدا دەڵێت: من خۆشم و کەسە ئازیزەکانیشم هەموو زەرەرەکان بە قازانجێکی گەورە دەبینین. واتە هەرچەندێک لەم جۆرە پڕۆژە خزمەتگوزاریانەدا زیانمەند ببن، هێشتا وەک قازانج دەیبینن، چونکە لە بەرژەوەندی گشتیدایە. ئەم بیرکردنەوە و تێگەیشتنە دەریدەخات، کە بوونی کەسایەتی و بازرگانانی لەم شێوەیە، نەک تەنیا نابێت وەک کەسانی خۆپەرست و قازانخواز تەماشا بکرێن، بەڵکو پێویستە بکرێنە سەرمەشق و کارێک بکرێت ناویان لەناو مێژوو و یادەوەری نەتەوەدا بەو پەڕی ئەمکدارییەوە بپارێزرێت.
هاوڵاتی لەماوەی سەرۆکایەتیی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران 904 کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و برینداربوون. بەپێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "کۆڵبەر نیوز" بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵی سەرۆک کۆماری ئیبراهیم رەئیسی 904 کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و برینداربوون. هەر بەپێی ئامارەکانی ئەم ماڵپەڕە کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی تایبەت بە کۆڵبەرەکان، لە رێکەوتی 3ی ئابی2021ەوە تا 19ی ئایاری 2024، لانیکەم 119 کۆڵبەر لە سنوورەکان کوژراون و 785 کۆڵبەر برینداربوون. رۆژی یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، هەلیکۆپتەرە تایبەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پارێزگای ئازربیجانی رۆژهەڵات کەوتەخوارەوە و تێکشکا دوای نزیکەی 20 کاتژمێر گەڕان توانرا هەلیکۆپتەرەکە بدۆزرێتەو، بەڵام بەهۆی رووداوەکەوە سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامانی شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەر لە رێگەی پرۆژەی هەژماری منەوە مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرت. ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئایاری 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە لە رێگەی هەژماری منەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. دەقی راگەیەندراوەکە: نزیکەی ٢٥ هەزار فەرمانبەر لە ڕێی پرۆژەی هەژماری منەوە مووچەی مانگی نیسانیان وەرگرت. بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەینین کەوا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی ٢٥ هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی 'هەژماری من'ـەوە وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوە هات کەوا لەماوەی ڕابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو. لێرەوە ڕایدەگەینین کەوا ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کەوا ئەم مانگە مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەرگرت بەرزتریش دەبێتەوە، بەڕێژەیەک کە ئەم ژمارەیە لە مانگەکانی داهاتوودا دوو هێندە دەکرێت و تەواوی فەرمانبەران دەگرێتەوە. وەک پێشتریش ئاماژەی پێدرابوو، ئامانج لەم پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە کەوا هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەرییەوە هەبێت. دووپاتی دەکەینەوە هەر فەرمانبەرێک هەژماری بانکی لەهەر بانکێکی ناو پرۆژەی هەژماری من بکاتەوە هیچ کەس و لایەنێک بەحکومەتی هەرێمیشەوە دەسەلاتی ئەوەی نییە بەهیچ جۆرێک دەستکاری مووچەکانیان بکات. هەربۆیەش ئیدی پێویست ناکات هاوڵاتییانمان لە نۆرەی وەرگرتنی مووچە بوەستن، پارەی نەختینە هەڵبگرن یاخود ڕێگایەکی دوور ببڕن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، ئەمەش وادەکات هەم کات و هەم ماندووبونێکی زۆرریان بۆ بگەڕێتەوە و هەم کوردستان ببات بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووی ئابووری. هەروەها خۆشحاڵین کەوا لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاوڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتریان لایان درووست ببێت، چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لە سەرتاسەری عێراقدا پێشكەش دەکەن. لەکۆتاییشدا، دەمانەوێت ئەوە ڕابگەینین کەوا سەرەڕای ئەوەی لەم مانگەدا مووچەخۆران توانییان سوودمەند بن لە ڕاکێشانی مووچەکانیان لە ٨٤ ئامێری جیاوازی ڕاکێشانی پارە ATM، ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ ئەم ژمارەیە بگەینین بە نزیکەی ١٠٠٠ ئامێر لە سەرتاسەری کوردستان، تاوەکو هاوڵاتییانمان دەستگەیشتن بە مووچەکانیان ئاسانتر بێت. ئەو کەسانەشی کەوا شارەزاییان لە بەکارهێنانی ئامێرەکان و هەژماری بانکی کەمترە، بەردەوام لەلایەن بریکارەکانمانەوە هاوکاری دەکرێن. شایانی باسە تا کۆتایی ئەمساڵ و لەڕێگەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن. هەربۆیەش بەوپەڕی توانامانەوە هەموولایەک هان دەدەین تاوەکو لەم گۆڕانکارییە وەچەرخانەی هەرێمی کوردستان بەشداربن. بۆ زانیاری زیاتریش، هاوڵاتییان لەڕێگەی ژمارە ١٩٩١ دەتوانن پرسیارەکانیان ئاراستەی سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەکە بکەن. وەزارەتی دارایی و ئابوری.
هاوڵاتی بە تۆمەتی کوشتنی کچەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند. ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیس لەڕوداوی كوشتنی كچێك بەدەستی باوكی ئاگاداركرانەوە، دەستبەجێ لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانی پۆلیس دەستیپێكردوو دەركەوت كە باوكەكە بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەر كچەكەیی و بەسەختی برینداری كردووەو بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە". ئاماژە بەوەشکراوە، "دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر و گەڕان بەدوای تۆمەتباری هەڵاتوودا، توانرا لەماوەی كەمتر لەدوو سەعات لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی پێنجوێن بەهاوكاری ئاسایشی سنورەكە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت". باس لەوەشکراوە، "لەئێستادا تۆمەتبار (ع، ع، م لەدایكبووی 1971) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە، لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دەركەوتووە كە تۆمەتبار بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە كچەكەی خۆی كوشتووە".
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد دوای گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران و شاندی یاوەری بەهۆی تێکشکاندنی هەلیکۆپتەرەکەیانەوە هیچ قەدەغەیەکی هاتووچۆ لە مەرزە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیران رانەگەیەندراوە و هاتووچۆ ئاساییە. ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئایاری 2024، مەریوان کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە هاوڵاتی راگەیاند، "هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاساییە و هیچ رێگرییەک هاتووچۆ نییە". لەبارەی ئەوەی ئایا لەم دوو رۆژەدا بەهۆی مردنی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە هیچ قەدەغەیەکی هاتووچۆ دەکرێت مەریوان کەریم وتی، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە نییە و سەرجەم هاتووچۆ گەشتیاری و بازرگانییەکان ئاسایین". دوێنێ یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، هەلیکۆپتەرە تایبەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پارێزگای ئازربیجانی رۆژهەڵات کەوتەخوارەوە و تێکشکا دوای نزیکەی 20 کاتژمێر گەڕان توانرا هەلیکۆپتەرەکە بدۆزرێتەو، بەڵام بەهۆی رووداوەکەوە سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامانی شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و ئاماژە بەوەدەکات، مردنی سەرۆک کۆماری ئێران خهمێكى به ئازار و زيانێكى گهورهيه بۆ كۆمارى ئيسلامى و گهل و دۆستانى. ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی ئایاری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران، وەزیری دەرەوە و حەوت کەسی دیکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ههواڵى به ئازارى گيانلهدهستدانى خوالێخۆشبوو ئيبراهيم ڕهئيسى، سهرۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و خوالێخۆشبوو حسێن ئهمير عهبدوڵڵاهيان وهزيرى دهرهوه و ژمارهيهك له ياوهرانيان له رووداوى تێكشكانى هێليكۆپتهرهكهياندا، له ناخهوه دڵتهنگ و خهمبارى كردين". ئاماژەی بەوەکردووە، "لهم كاته سهخت و دژوارهدا له دڵهوه هاوخهمى و هاوسۆزيى قووڵمان لهگهڵ ڕابهرى كۆمارى ئيسلامى سهيد عهلى خامهنهيى و سهركردايهتى و حكوومهت و گهلى ئێرانى دۆست و دراوسێ و خانهواده بهڕێزهكانياندا دهردهبڕين. له خواى مهزن داواكارين گيانى خوالێخۆشبووان به بهزهيى و ميهرهبانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنهوايى به ههمووان ببهخشێت". دەشڵێت، "مردنی سەرۆک کۆماری ئێران خهمێكى به ئازار و زيانێكى گهورهيه بۆ كۆمارى ئيسلامى و گهلى موسڵمانى ئێران و دۆستانى، بهڵام دڵنياين گهلى جوامێرى ئێران و كۆمارى ئيسلامى ئهم كۆستهش تێدهپهڕێنن. خواى مهزن يارمهتيدهر و پارێزهرى ههمووان بێت و يادى خوالێخۆشبووان به خێر". دوێنێ یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، هەلیکۆپتەرە تایبەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پارێزگای ئازربیجانی رۆژهەڵات کەوتەخوارەوە و تێکشکا دوای نزیکەی 20 کاتژمێر گەڕان توانرا هەلیکۆپتەرەکە بدۆزرێتەو، بەڵام بەهۆی رووداوەکەوە سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامانی شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا.
هاوڵاتی سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، پەنابردن بۆ یاسای سزادانی عێراقی لە كەیسەكانی بڵاوكردنەوە گەڕانەوەیە بۆ دواوە، دەبوو لە كەیسی رۆژنامەنوس شاكار ستار، پۆلیس لێكۆڵینەوە بكات نەك دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس شاکار ستار رایگەیاند، "بەپێی لێدوانی هاوسەری (شاكار ستار) بۆ میترۆ، هێزێكی ئەمنی شەوی رابردوو لە كاتی گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و لە بازگەی ئاشتی/كۆیە لە لایەن هێزێكی ئەمنی لەگەڵ هاوسەرەكەی شاكار ستار دەستگیركراون لەگەڵ دوو مناڵەكەم كە یەكیان تەمەنی ساڵێك و نیوەو ئەویتریان 6 ساڵانە بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە كۆیەوە تا ئاسایشی سلێمانی براون بەڵام ئێمەیان ئازاد كرد". سەنتەری میترۆ پاش پەیوەندیكردن بە هەندێ لایەنی بەرپرس، چاوەڕوانی ئەوە بوو، رۆژنامەنوس شاكار ستار، بە كەفالەت ئازاد بكرێت، بەڵام لەبری ئازادكردنی ئاسایشی هەرێم رایگەیاند" بە مادەی 226 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە". دەربارەی ئەم كەیسە دەزگای ئاسایشی هەرێم رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە ، هەموو تۆمەتەكان كە ئاراستەی شاكار كراوە "ئامادەكردن و پێشكەشكردنی بۆ چەند زنجیرە راپۆرتێكە" كە بە "ناڕاست و چەواشەكار" بۆ پەیجێكی نافەرمی وەسفدەكات و بەبڕیاری دادوەر بە مادەی 226 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە. بەپێی راگەینراوەكە سكاڵاكەر كە دەزگای ئاسایشی هەرێم، هەر خۆی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە دەكات. ئایا دەكرێت لە "تاوانەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە" لایەنی سكاڵاكەر خۆی پرۆسەی دەستگیكردن و هەر خۆی پرۆسەی لێكۆڵینەوە ئەنجام بدات؟ پاشان بۆچی دەزگای ئاسایشی هەرێم هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر ئەوە نەداوە كە بۆچی دوو مناڵ و هاوسەری شاکار بە ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە كۆیەوە تا بەردەم ئاسایشی سلێمانی براون؟ لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار رێنمایی بۆ دەزگای ئەمنی دەرچووە، كە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە، جگە لەپۆلیس هیچ دەزگایەكی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەنوس بانگ بكات، ئەویش تەنها بەفەرمانی دادوەر بێت. سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایش لەگەڵ رۆژنامەنوس، ترساندن و تۆقاندنی خێزانەكەی بە توندی ئیدانە دەكات، داوا دەكات بە كەفالەت ئازاد بكرێت و كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ پۆلیس و مادە یاساییەكەی بگۆڕی بۆ مادەكانی یاسای رۆژنامەگەری. میترۆ ساڵانێكە كەمپین دژ بە زانیاری ناڕاست و هەواڵی چەواشە دەكات، بەردەوامیش جەخت لەوەدەكاتەوە كە رۆژنامەنوسان بەدەرنین لە هەڵەی پیشەی و كاریگەری سیاسییەوە، داواش دەكات هەر هاوڵاتی و دەزگایەك كە بە راپۆرت و هەواڵی رۆژنامەنووسان زەرەرمەند دەبێت پەنا بۆ یاسای رۆژنامەگەری ببات نەك یاسایەكی تر.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، وانەبێژانی زانکۆ حکومییەکان دادەمەزرێن. عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی راگەیاند، "لەدواین هەوڵەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لیستی ناوی سەرجەم وانەبێژانی زانکۆ حکومییەکانیان بەرزکردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و لەوێشەوە ئاڕاستەی بەغدا دەکرێت، بەمەبەستی دامەزراندن و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان". ئاماژەی بەوەشکرد، "وانەبێژانی زانکۆ حکومییەکان ماوەی چەند ساڵێکە خزمەت پێشکەش بە خوێندنی باڵا دەکەن لە هەرێمی کوردستان، بۆیە مەبەستییانە بێ جیاوازی سەرجەم وانەبێژان دابمەزرێن". ئەوەشت خستووەتەڕوو، "وانەبێژانی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیان هەزار و 982 وانەبێژە و ماوەی چەندین ساڵە وەک وانەبێژ خزمەت دەکەن".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای ناوچەکانی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتى نیمچە هەور دەبێت و خێرایی با مامناوەند دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ". لەبارەی کەشوهەوای سبەینێ دووشەممە 20ی ئایاری 2024، ئاماژە بەوەکراوە، "ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە کاتەکانی دوانیوەڕۆ ئەگەرى تاوە باران و هەورە تریشقە هەیە لە هەندێک ناوچە بە تایبەتى (سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەنتەرى پارێزگا)، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەشێک لە ئیدارەى راپەڕین، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لەتۆمارکراوەکانی ئەمرۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی دووشەممە: هەولێر: 28 سلێمانى: 28 دهۆک: 27 زاخۆ : 28 هەڵەبجە : 30 کەرکوک: 32 سۆران : 25 حاجی ئۆمەران: 17 گەرمیان : 33
هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یهكشهممه 19ی ئایاری 2024، ئاگر لە قەیسەری خانقینی کەرکوک کەوتەوە و زۆربەی دوکان و کۆگاکانی سووتان. وەک دوکانداران ئاماژەیان پێداوە، كه قەیسەرییەکە نزیکەی 150 دوکانى تێدایە و زیانێکی ماددی گەورەیان بەرکەوتووە. ئهوهشیان باسكرد، بەرگری شارستانی پێی راگەیاندوون، کە ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی، کە چەند دوکانێک لەوبەری بازاڕەکەیانەوە سووتاوە ئەوان گومانیان لەو قسەیە هەیە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ "بەوپەڕی رازیبوونی فاکەڵتییەکە و بۆردی بڕواپێکراوان، زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت بڕوانامەی دکتۆرا دەداتە ماکس دۆ.. پیرۆزە دکتۆر دۆ". ئەمە لەسەر نامەی دکتۆرای پشیلەیەک نوسراوە کە زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت لە ئەمریکا پێشکێشی کردووە. ماکس دۆ، پشیلەیەکی ئەمریکییە و لە ویلایەتی ڤێرمۆنتی ئەمریکا دەژی و دانیشتووی زانکۆی ڤێرمۆنتە. رۆژی شەممە، 18ی ئایاری 2024، زانکۆکە بە فەرمی بڕوانامەی دکتۆرای فەخرییان پێبەخشی. بەرپرسانی زانکۆکە دەڵێن، هۆکاری پێدانی بڕوانامەکە بە ماکس ئەوەیە، سەرخەوکەرێکی بە ئەزموونە و مشکگرێکی بەتوانایە، هەروەها چەندین ساڵە لە زانکۆکە کاردەکات بەبێ دابڕان. هەرچەندە بڕوانامەی دکتۆراکەی وەرگرتووە، بەڵام ماکس بەشداری لە مەراسیمی ئەمساڵی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت ناکات. زانکۆکە دەڵێت، بڕیارە بڕوانامەکەی بۆ خاوەنەکەی بنێرن. خاوەنەکەی ماکس ناوی ئاشڵی دۆیە و لە زانکۆکە کاردەکات، ئەوە پێنج ساڵە بەردەوام لەناو زانکۆکەدا لەگەڵیدایە و دانەبڕاوە لێی. خوێندکارانی زانکۆی ڤێرمۆنت ستەیت ماکس دەناسن و بەردەوام خواردنی دەدەنێ و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن بەملاولادا؛ وێنەی لەگەڵ دەگرن و هەندێک جاریش لەگەڵ خۆیاندا دەیبەنەوە بۆ ماڵەوە.
