هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئاشکرایکرد گەریلاکانی ئازادیی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە ئاسمانی قەندیل خستووەتە خوارەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە لە بارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "گەریلاکانی ئازادیی لە کاتژمێر 3:45 خولەکى ئەم بەیانییە، لە ئاسمانی قەندیل فڕۆکەیەکی بێفرکەوانى تورکیایان خستەخوارەوە". ئەوەشخراوەتەڕوو، "فڕۆکەکە لە جۆری (ئاکسۆنگو)ی بێفڕۆکەوانی چەک هەڵگرە، ئاکسونگور گەورەترین فڕۆکەی بیفڕۆکەوانی تورکیایە، هاوشێوەی فڕۆکەکانی دیکە هەر پارچەیەکی لە وڵاتێکی ئەندامانی ناتۆوە بۆ تورکیا دابین دەکرێت و خاوەنی دوو مەکینەیە، بۆ مەبەستی چاودێری درێژخایەن، بە مەبەستى هەواڵگریی و هێرشبردن بەکاردەهێندرێت، بۆ یەکەمجار لە 20ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 رادەستی سوپای تورکیا کرا و تائێستاش چەندین دانەی لەلایەن گەریلاکانی ئازادیی کوردستانەوە خراوەتەخوارەوە".

هاوڵاتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ  پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكان رایگەیاند، "ئەمڕۆ شاندێکی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكان دەچێتە بەغدا". ئاماژە بەوەشکراوە، "شاندەکە بەدواداچوون بۆ پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچە كوردستانییەكان دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەتی فیدراڵ كۆدەبنەوە". ئەم سەردانەی شاندی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، كێشەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و عەرەبە هاوردەكان كێشە بۆ جوتیارانی كورد دروستدەكەن.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بۆ یەكەمجار بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دینار كە بریتییە لە 50%ی داهاتی باج و ڕەسمی گومرگیی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی شوبات بەپێی راپۆرتەكانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، خرایە سەر سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. لەبارەیەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئومێدەرواین ئەمە هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت کە یەکەم بڕیار باس لە تەوتینکردنی و بە بانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بڕیاری دووەمیش رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا دەکات". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم هەنگاوە زەمینەسازی دەکات بۆ لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە‌غدا، بۆیە ئومێدەوارین ئەمجۆرە هەنگاوانە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان باجی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت نەدەن". هەڵەدنی وتیشی، "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی روونن و دەبێت وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن و پابەندیشی خستووەتە سەرشانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی". ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەمینجارە ، لە دوای ساڵی 2003وە تاوەكو ئەمڕۆ، بەشێك لە داهاتی نانەوتی ناوخۆ رادەستی حكومەتی فیدراڵی بکات.  

هاوڵاتی لە لایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە لە دادگای لێكۆڵینەوەی دەربەندیخان داواكراوبوون. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنی دوو تۆمەتبار گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچونەكانیان دەستپێكرد و سەرەنجام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە هەردوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن كە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی دەربەندیخانەوە بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی داواكراوبوون". ئاماژە بەوەکراوە، "لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ب، ب، ع / ش، ب، ع) بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێن".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سنووری قەزاکانی شارباژێڕ و قەڵادزێیان بۆردوومانکرد و تائێستا زیانەکان نەزانراون. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە هاولاتی راگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچە شاخاوییەکانی سنووری قەزای شارباژیڕیان بۆردوومانکردووە و تائێستا زیانەکان نەزانراون". هەروەها بەپێی زانیارییەکانت هاوڵاتی، هەر بەیانیی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لوتکەى کوڕیسى-یان لە چیاى ئاسۆس لە سنوورى قەزای قەڵادزێ بۆردوومانکرد و تا ئێستاش زیانە گیانى و مادییەکانى هێرشەکە نەزانراوە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەزرەزانی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای ناوچە جیاوازەکانی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان بێت پلەکانی گەرما بەرزدەبێتەوە و خۆڵبارین دەبێت. ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بە (1-2 ) پلە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ". ئاماژە بەوەشکراوە، "سبەینێ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت, لەکاتەکانی نیوەرۆ تاکو ئێوارە ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزو خۆڵ هەیە لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان و خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما بەرزدەبێتەوە بە (2 – 3) پلەى سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی سێشەممە: هەولێر : 37 سلێمانى: 35 دهۆک : 36 زاخۆ : 37 هەڵەبجە :35 کەرکوک: 39 سۆران : 33 حاجی ئۆمەران: 24 گەرمیان : 40

هاوڵاتی دکتۆر سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "دوو کەسی دانیشتووی قەزای ئاکرێ توشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوون".  ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، دکتۆر سەرکار سورچی رایگەیاند، "لەمساڵدا تەنھا دوو تووشبووی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون، پیاوێک و ئافرەتێک، کە ھەردووکیان ئەندامی یەک خێزان بوون، پیاوەکە گیانی لەدەست دا، بەڵام ئافرەتەکە دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێویست، لە نەخۆشخانە دەرکرا و بە تەندروستییەکی باش و جێگیر گەڕایەوە نێو خێزانەکەی". وتیشی، "لە ئێستادا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان نییە."

هاوڵاتی چەند بڕیارێکی نوێ لە لایەن قائیمقامی سلێمانی دەرکرا، بەشێوازێک بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی مریشک و هێلکە بەردەوام بێت و لەهەمانکاتدا بڕی هاوردەکردنی گۆشتی سور و ئاژەڵی زیندوو ماسی کراوەبێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، قائیمقامیەتی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئەوەخراوەتەڕوو، “بڕیاردرا لەپێناو کوالێتی و بڕی بەرهەمی ناوخۆیی و گونجاندنی لەگەڵ دۆخی ئابوری هاووڵاتییان چەند رێکارێک بگیرێتەبەر، لەوانە بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی مریشک و هێلکە بەردەوام بێت و لەهەمانکاتدا بڕی هاوردەکردنی گۆشتی سور و ئاژەڵی زیندوو ماسی کراوەبێت”. هەر لە راگەیانراوەکەدا هاتووە، “کە گرنگی زیاتر بە ساردکەرەوەکان و هەڵگرتنی بەروبومە سەوزە و میوە بدرێت بۆئەوەی زیاتر سود لە بەروبومی ناوخۆ وەرگیرێت، هاوکات بڕیاردرا زیادەڕەوییەکان و پاکردنەوەی ناو عەلوەی سلێمانی چارەسەر بکرێن”. ئاماژە بەوەشکراوە، “پێداچونەوە بە مۆڵەتپێدانی کێڵگە پەرەوەرییەکان و دروستکردنی هاماهەنگی زیاتر لەگەڵ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بۆ ئاڵوگۆڕی بەرهەمی ناوخۆیی، بەروبومە ناوخۆییەکان لەرووی کوالێتی و بڕەوە گرنگییان پێبدرێت”.

هاوڵاتی بەشی چوارەمی پێدانی قەرز لە لایەن بانکی رەشید راگەیەنرا، کە بڕەکەی  20 ملیۆن دینارە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ئی ئایاری 2024, بانکی رەشید رایگەیاند، کە بەشی چوارەمی پێدانی قەرز دەستپێدەکەن، کە هەریەک لە گەنج، دەرچووان و ئەوانە دەگرێتەوە بەدوای کاردا دەگەڕێن و ئەو کەسانەشی دەیانەوێت قەرز لە بانکەکە بکەن. ئەوەش خراوەتەڕوو، بۆ وەرگرتنی قەرزەکە هاوڵاتیان دەتوانن  لەرێگای بانکەکەوە داواکاری پێشکەش بکەن و لەماوەیەکی کورتدا پارەکەیان پێدەدرێت، کە بڕەکەی 20 ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات و پێشکەشکردنەکەش تەنها لەڕێگای بانکی رەشیدەوە دەبێت و پێویستی بە هیچ ناوەندێک نییە.

هاولاتی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر، پێشوازی لە ئەحمەد بن حەسەن ئەلحمادی، ئەمینداری گشتی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر کرد و لەسەر چەند پرسێکی گرنگ کۆبوونەوە. پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024/5/26 نێچيرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئه‌حمه‌د بن حەسەن ئەلحمادی ئەمینداری گشتی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، کۆبونەوەکی ئەنجامدا،  تیدا، باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەولێر ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى ده‌رفه‌ت و بواره‌كانى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. شاندەکە ئەوەیان خستەڕوو،  كه‌ وڵاتی قەتەر متمانه‌ى به‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌ و خوازياره‌ له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا زياتر بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى بدات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ به‌ فه‌رمى كونسوڵخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه‌.  باسیانلەوەشکرد، ئامادەن، كه‌ له‌ بواره‌كانى وزه‌، گه‌شتيارى، كشتوكاڵ، خوێندن و په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستى و چه‌ندين بوارى ديكه‌دا وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى بكه‌ن. لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وێڕاى پيرۆزبايى لە شاندی قەتەر، خۆشحاڵيى خۆى بۆ‌ كردنه‌وه‌ى كونسوڵخانه‌ى گشتيى قه‌ته‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا. جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌،  كه‌ زه‌مينه‌ى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌، به‌تايبه‌تى له‌ پرۆژه‌كانى ژێرخاندا، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيرى و هاوكاريى وڵاتی قه‌ته‌ر بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى ،کە زۆر هاوبه‌شييان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا هه‌يه‌.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای موەلیدەی سیتییەکانی بۆ مانگی ئایار بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەشدەکات، هەر سیتییەک سەرپێچی بکات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 26/5/2024، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "ئەمڕۆ لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوون (سیتییەکان) کۆبوونەوەیەکی سازکردو تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی ئایار دیاریکرد، کە بریتییە لە 250 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک". ئاماژە بەوەشکراوە، "بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی سیتییەکان ئامادەکراوە نرخی کیلۆوات ئاوەڕێک کارەباى موەلیدەى ستییەکان بۆ ئەم مانگە بریتییە لە (250) دینار". ئەوەشخراوەتەڕوو، "پێویستیشە سەرجەم سیتیيەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە".

هاوڵاتی سەرژمێری ئەزموونی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا کە بڕیاربوو ماوەی نزیکەی دوو مانگ بخایەنێت. بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، سەرژمێریی ئەزموونی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق ئەنجام بدرێت و ماوەى نزیكەى دوو مانگ بخایەنێت، بەڵام مەحمود عوسما،  بەڕێوەبەرى ئامارى سلێمانى رایگەیاند، "سەرژمێریی ئەزموونی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دواخراوە بۆ رۆژى 31ی ئەم مانگە". پێشتر عەبدول زەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندبوو، "سەرژمێرییەكە ئەزموونییە و دواتر لەسەر ناوەرۆكەكەی پلانی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی دادەنرێت، كە بڕیارە لە كۆتاییەكانی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەبچێت". دواین سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق لە ساڵی ١٩٩٧ لە پارێزگاكانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام هەرێمی كوردستانی نەگرتووەتەوە.

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، کە هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان کۆتایی هاتووە. ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق به‌ رۆژنامه‌ی سه‌باح-ی راگه‌یاندووە "درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بە هەماهەنگی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم و كۆمسیۆن". ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی تانە لە بڕگەی دوەمی سیستمی تۆمارکردن دەدات، لایەنە نوێیەکان دەرفەتیان دەبێت بۆ خۆتۆماركردن تا له‌رێگه‌یه‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن". وتوشیەتی، "هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان کۆتایی هاتووە و چاوەڕێی وادەی نوێین کە دیاری دەکرێت". ئەمەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هیچ وادەیەکی نوێی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داهاتوو وادەیەکی نوێ دیاریبکات.  

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی رایدەگەیەنێت، دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی چواری ئەمساڵی هاوڵاتییان دەکریت، ئاماژە بەوەشدەکات، گۆڕانکاری لە هەندێک مادە کراوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، كامەران فەتاح، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە ئەمڕۆوە مادە خۆراکەکانی چوارەم سەبەتەی خۆراك بەسەر بریکارەکاندا دابەشدەکرێت، دوای ئەوەی سەرجەم مادەکان گەیشتە بریکارەکان دابەشی دەکەن بەسەر هاوڵاتییاندا". ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک گۆڕانکاری لە مادەکانی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان کراوە و بەشە برنج لە سێ کیلۆوە بۆتە دوو کیلۆ و نیو بۆ هەرکەسێک، هەروەها لەبری لەتکەنۆک نیسک  دابەشدەکرێت کە بڕەکەی کیلۆیەکە بۆ هەرکەسێک و شەکر و زەیت و دۆشاویش وەک خۆی دابەشدەکرێن".

  هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی ئاگاداری ئەوکەسانە دەکاتەوە تەمەنیان سەرو 18 ساڵە هاوسەرگیریان نەکردووە، کە لەکاتی مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت جگە لە کارتی نیشتیمانی خۆیان پێویستە کارتی نیشتیمانی باوکیشیان پێ بێت. ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو گۆڕانکارییە لە مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت تەنها بۆ ئەو کەسانەیە، کە تەمەنیان سەرو 18 ساڵە ، کارتی زانیاریان بەناوی باوکیانە و هاوسەرگیریان نەکردووە.