هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ لە زێی گەورە لەسنوری قەزای خەبات خنکا. بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئێوارەی ئەمڕۆ ڕوداوێکی خنکان لە زێی گەورە  ڕویدا، کە منداڵێکی تەمەن 12 ساڵە بەناوی یوسف جاسم محەمەددانیشتوی قەزای خەباتە". ئاماژەی بەوەشکردوە، تەرمەکەی لەلایەن تیمی ژێرئاوی بنکەی خەباتەوە دۆزرایەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کرا. لەڕوداوێکی هاوشێوەدا و دوێنێ یەکشەممە لەزێی بچوک لەناحیەی سێگردکانی سەر بەقەزای كۆیە، سێ کەس کە باوک و دو کچ بون خنکان.

هاوڵاتی گوتەبێژی هەدەپە رایگەیاند کە مانگی داهاتوو کۆنفڕانس و مانگی ئەیلولیش کۆنگڕە دەبەستن. ئەبرو گونەی وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە بارەگای سەرەکی پارتەکەی لە ئەنقەرە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا. گونەی باسی ئەوەی کرد کە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کە 14ی ئایار ئەنجامدران، دەستیان بە پرۆسەی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری کردووە و وتی، " لە هەشت هەرێمی تورکیا و باکوری کوردستان رێکخستنەکانیان دەستیان بە کۆبۆنەوە کردووە و کۆبونەوەکان تاوەکو 25ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن و لە کۆبونەوەکاندا دۆخی هەدەپە هەڵدەسەنگێندرێت و باسی هەڵە و کەموکورتیەکان دەکرێت." ئەبرو گونەی وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەشڵێت، مانگی داهاتوو پارتەکەی کۆنفڕانس ئەنجام دەدات و لە مانگی ئەیلولیشدا کۆنگرە دەبەستێت. پێشتریش لە بەرنامەیەکی کەناڵی هالک تی ڤیدا، میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی هەدەپە رایانگەیاندبوو کە لە کۆنگرەی پارتەکەیاندا، جارێکی دیکە خۆیان هەڵنابژێرنەوە. لە میدیاکانی تورکیادا زۆر جار ناوی هەندێک کەسایەتی نێو پارتەکە ئاشکراکراون کە پیدەچێت لە کۆنگرەکەدا خۆیان بۆ هاوسەرۆکایەتی هەدەپە کاندید بکەن کە دیارترینیان سری سورەیا ئوندەر و مەرال دانش بەشتاش پەرلەمانتارانی پارتەکەن.

هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە هەردوو حکومەتی عێراق و کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینیرجی)، گرێبەستە 27 ملیاردۆلارییەکەی بواری وزەیان واژۆ کرد کە ساڵانێکە لە چاوەڕێی واژۆکردن و چوونە بواری جێبەجێکردنەوەدایە. رۆیتەرز لە هەواڵەکەدا نووسیویەتی: "عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینیرجی، ئەمڕۆ رێککەوتنێکیان لە بواری وزەدا واژۆ کرد کە ماوەیەکی زۆرە لەئارادایە و ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و بەهێزکردنی تواناکانی عێراقە لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەریەکە لە سەرچاوەکانی نەوت و غاز و وزە نوێبووەوەکانەوە". بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز، ئەم گرێبەستە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2021 و سەرەتا بڕیار بوو بە سەرمایەگوزاریی 10 ملیار دۆلار و لە باشووری عێراقەوە دەست پێ بکات و لە ماوەی 25 ساڵدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام واژۆکردنی گرێبەستەکە و خستنە بواری جێبەجێکردنیەوە سەری نەگرت بە هۆی ناکۆکیی نێوان سیاسیی و دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەربارەی ئەو مەرجانەی لە گرێبەستەکەدا هەبوون. بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە 10ی ته‌مموزی 2023، پاتریک بۆیان، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینیرجی)ـی و حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە ئاهەنگێکی تایبەتدا واژۆکردنی گرێبەستەکەیان راگەیاند و پاتریک بۆیان رۆژەکەی بە (رۆژێکی مێژوویی) وەسف کرد. ئەم واژۆکردنە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی، گرێبەستەکە زیندوو کرایەوە و لە مانگی چواری ئەمساڵدا هەردوو حکومەتی عێراق و کۆمپانیا فەرەنسییەکە رێککەوتن لەسەر ئەوەی عێراق پشکێکی کەمتری لە گرێبەستەکە هەبێت بە رێژه‌ی 30%، بەرانبەر 45% بۆ (تۆتاڵ ئینیرجی)ـی و 25%یش بۆ (قەتەرئینیرجی). هاوکات حەیان عەبدولغەیانی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ دەبێتە ھۆی بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی نەوت و گاز و کارەبا لە عێراق و لە بەرژەوەندیی ھاوڵاتییانە. ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای رێکەوتنەکەکان پیشەسازی نەوت و گاز لەعێراق زیاتر بەرەوپێش دەچێت. گرێبەستەکان تایبەتن بە گواستنەوەی ئاوی دەریا بۆ کێڵگە نەوتییەکان، وەبەرھێنان لە غازی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای بەسڕە، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی و بەرەوپێشبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئەرتاوی  لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا بە تیشکی خۆر، کە توانای بەرھەمھێنانی یەک گێگا واتی ھەبێت .    

هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەری فەرمی زانکۆی تاران بڵاوی کردۆتەوە، رۆژی یەکشەممە ٩ی جوولای بڵاوی کردۆتەوە، رێککەوتننامەیەک لە نێوان زانکۆی تاران و حەشدی شەعبیدا واژۆ کراوە بەوەی کە ئەندامان و کەسانی نزیک بە حەشدی شەعبی لەو زانکۆیە بخوینن و کارئاسانییان بۆ بکرێت بۆ درێژەدان بە خوێندن. ئەم رێککەوتننامەیە لە نێوان حسێن مووسەوی بەخاتی، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردە و بارهێنانی حەشدی شەعبی و محەممەد موقیمی سەرۆکی زانکۆی تاراندا واژۆ کرا. لەم دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی خوێندکاری عێراقی سەر بە حەشدی شەعبی و ژمارەیەک خوازیاری خوێندن بەڕێوە چوو سەرۆکی زانکۆی تاران ئەم پەیوەندییەی بە گرینگ ناو برد و باسی لەوە کرد ئەوان ئامادەن بەوەی خزمەتگوزاری خوێندن پێشکەش بە خوێندکارانی عێراقی و بەتایبەت موجاهیدەکانی حەشدی شەعبی بکەن لە پێناو پێگەیاندنیان. هەر لەم دیدارەدا حسێن مووسەوی بەخاتی باسی لەوە کرد ئەوان پەیوەستن بە یاساکانی زانکۆی تاران و هەروەها یاساکانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران و عێراقەوەو بە پێی رێنماییەکانی ئەو دوو وەزارەتە خوێندکار دەنێرنە زانکۆی تاران.

هاوڵاتی هەدەپە داواکاریەکی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پارتە سیاسیەکانی وڵاتانی جیهان و رێکخراوەکان کرد کە رێگری لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سیاسەتمەدار و پەنابەرە سیاسیەکان لە رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان بکەن. نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەوروپا داواکاریەکی پێشکەش بە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، 147 پارتی سیاسی، یەکێتی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا کرد کە سنورێک بۆ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سیاسەتمەدار و پەنابەرە سیاسیەکانی باکوری کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان و تیرۆرکردنیان دابنرێت. لە داواکاریەکەی هەدەپەدا هاتووە، "ئێمە هاوڵاتیی کوردی تورکیاین کە لەسەر ئەو چالاکییە سیاسییە یاساییانەی کە لەناو پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجامی دەدەین، دادگایی دەکرێین، دۆسیەی بێ بنەمامان لەدژی ئامادە دەکرێت، کە بە پڕۆسەی دەستبەسەرکردن و گرتن کۆتایی دێت، رووبەرووی کێشەی ئەمنی دبەینەوە. دەخرێنە زیندانەوە و هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکرێت. لە هەمان کاتدا ئێمە لە پێگەی پەنابەری سیاسیداین لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لەم هەلومەرجە سەختەی ژیاندا ئێمە مرۆڤی مەدەنین کە هەوڵدەدەین لە هەلومەرجی سەختی کارکردندا لەگەڵ منداڵ و خوشک و برا و هاوسەرەکانماندا بژین. هەر یەکێک لە ئێمە پەنابەرێکین کە لە بەروار و کاتی جیاوازدا ئاوارە بووین. نزیکەی ١٥ ساڵە هەوڵدەدەین ژیانمان بپارێزین، بازرگان، هونەرمەند و کرێکار و سیاسەتمەدارین. تا ئێستا هیچ پراکتیزەیەکی نەرێنیمان نەبووە کە مەترسی یان کێشە بۆ سەر یاسای ناوچەکە و دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنی و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتان دروست بکات." هەدەپە دەڵێت، ئەندامانیان کە سیاسەتمەدار و پەنابەری سیاسین، لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە دەکرێنە ئامانج و تیرۆر دەکرێن. هەروەها داوای کرد کە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پێبدرێت و سنورێک بۆ هێرشەکانی تورکیا دابنرێت.

هاوڵاتی ئەنجومەنی سەربازی منبج رایگەیاند، لە تەقینەوەکەی دوێنێی منبجدا سێ شەڕڤانیان شەهید بوون. ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی منبج کە سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتییە، راگەیەندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی دوێنێی ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەکە بڵاوکردەوە. ئەنجومەنی سەربازی منبج ئاشکرای کرد کە مینێک بە ئۆتۆمبێلی شەڕڤانیاندا تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە سێ شەڕڤانیان بە ناوەکانی هەیسەم محەمەد ئەتۆ، حەسەن محەمەد نوری و ساڵح محەمەد رەبی شەهید بوون. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هەرسێ شەڕڤانەکە خەڵکی ناوچەی تەل عەرانن و چەندین ساڵە لەنێو ریزەکانی ئەواندان. به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ناسنامه‌ی ئه‌و سێ شه‌هیده‌ به‌مجۆره‌یه‌: ناسناو: ئەبو ده‌هام ناو و پاشناو: هه‌یسه‌م محه‌مه‌د عه‌تۆ ناوی دایک: زوحا ناوی باوک: محه‌مه‌د كات و شوێنی لەدایکبوون: تل عه‌ران ٢-٢-١٩٩٥ كات و شوێنی شەهیدبوون: منبج ٩-٧-٢٠٢٣ *** ناسناو: زلۆڤان ناو و پاشناو: حەسەن محه‌مه‌د نور خاقور ناوی دایک: ئه‌مینه‌ ناوی باوک: محه‌مه‌د نور كات و شوێنی لەدایکبوون: تل عه‌ران ١-١-١٩٩٧ كات و شوێنی شەهیدبوون: منبج ٩-٧-٢٠٢٣ *** ناسناو: ساڵح ناو و پاشناو: ساڵح محه‌مه‌د ره‌بیع مسته‌فا ناوی دایک: عه‌زیزه‌ ناوی باوک: محه‌مه‌د كات و شوێنی لەدایکبوون: تل عه‌ران ١-١-١٩٩٧ كات و شوێنی شەهیدبوون: منبج ٩-٧-٢٠٢٣ هـ . ب   

هاوڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت رایگەیاند، هەمو رێکارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و تەواوبون و بابەتەکە ئێستا پەیوەندیدارە بە تورکیا و عێراقەوە. کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەمو رێکارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و تەواوبون و بابەتەکە ئێستا پەیوەندیدارە بە تورکیا و عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ تورکیای ئاگادارکردوەتەوە کە ئامادەن دەستبکەنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا چاوەڕوانن ". وتیشی ،"پێدەچێت لەدوای سەردانی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق پێشبینی دەکەم ئەو سەردانە ئەنجامی هەبێت." پەیوەست بە گفتوگۆکان لەبارەی یاسای نەوت و گازی عێراق، وتی، لیژنە دروستکراوە و "کاری باشی کردوە و کەسانی پسپۆڕ لەوبارەیەوە کار دەکەن تاوەکو ئاستێکی باش کاری لەسەر کراوە و پێدەچێت ئەم هەفتەیە یان هەفتەی ئایندە شاندێک سەردانی بەغدا بکات و راوەستان نەبوە بەڵام لەبەر پەسەندکردنی بودجە کارەکان دواکەوتون". هاوکات، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 06-07-2023، لە پەراوێزی کۆنگرەی ساڵانەی ئۆپێک لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت[ـی هەرێمی کوردستان] لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە کە بە وتەی تورکیا، بەهۆی بوومەلەرزەوە زیان بە بۆرییەکە گەیشتووە. رۆژی 25-03-2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس کەیسێکی لەنێوان تورکیا و عێراق یەکلاییکردەوە.  

هاوڵات ماوەی ١٥ رۆژە زیاتر لە ٣٠٠ کۆچبەر کە لەناو سێ کەشتیدا بوون و لە کەنارەکانی سەنیگالەوە بەرەو دوورگەکانی ئیسپانیا بەڕێکەوتوون لە زەریای ئەتڵەسیدا بێسەروشوێنن. ھێلێنا مالینۆ، وتەبێژی رێکخراوی ئیسپانی کامیندۆ فرۆنتێراس بۆ ھاوکاریکرنی کۆچبەران، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ١٥ رۆژ لەمەوبەر سێ کەشتی کۆچبەران کە ٣٠٠ کۆچبەریان ھەڵگرتووە و لە کەنارەکانی سەنیگالەوە بەرەو دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا بەڕێکەوتوون، لە زەریای ئەتڵەسیدا بێسەروشوێن بوون. ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە کۆچبەرەکان لەناو  دوو بەلەمبوون کە  یەکێکیان نزیکەی 65 کەسی تێدابووە و ئەوی دیکەیان 50 بۆ 60 کەسی تێدابووە و کەشتی سێیەمیش  لە 27ی حوزەیراندا سێنیگالی بەجێهێشتووە کە نزیکەی 200 کەسی تێدابووە. هاوکات باسی لەوەشکردووە خێزانی کۆچبەرەکان هیچ هەواڵێکیان لێیانەوە نەبیستووە لەو کاتەوەی سەنگالیان بەجێهیشتووە. هەر سێ بەلەمەکە کافۆنتینیان بەجێهێشتوە لە باشوری سێنیگال، کە نزیکەی ۱۷۰۰ کیلۆمەتر (۱۰۵۷ میل) لە تێرنیفێرەوە دوورە، کە یەکێکە لە دوورگەکانی کاناری. دوورگەکانی کاناری لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا بوونەتە شوێنی سەرەکی ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵی گەیشتن بە ئیسپانیا دەدەن، ژمارەیەکی زۆر کەمتریش هەوڵدەدەن دەریای ناوەڕاست بپەڕنەوە بۆ  ئیسپانیا هاوکات وەرزی هاوین زۆرترین هەوڵی کۆچکردن هەیە بەناو زەریای ئەتڵەسیدا . بەپێی داتای رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی ئیسپانی کامیندۆ فرۆنتێراس، ساڵی رابردوو لانیکەم  دوو ھەزار و ٣٠٠ کۆچبەری نایاسایی لەکاتی ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە.

هاوڵاتی دوو سەربازی تورکیا لە ناوچەی ئاڤاشین – باسیای هەرێمی کوردستان کوژران. وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا باسی ئەوەی کرد کە لە ناوچەکانی ئۆپراسیۆنی "شنگ – شمشێر" کە ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان دەبات، دوو سەربازیان لەلایەن گەریلاکانی پە*کە*کەوە کوژراون. وەزارەتی بەرگری تورکیا باسی ئەوەی کرد کە هەردوو سەربازەکە بە برینداری گەیەندراونەتەوە نەخۆسخانەی سەربازی بەڵام لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست داوە. هێزەکانی پاراستنی گەل "هە*پە*گە" باڵی سەربازی پە*کە*کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاماری مانگی حوزەیرانی شەڕ و پێکدادانەکانی لەگەڵ سوپای تورکیا بڵاوکردەوە. لە ئامارەکەدا هاتبوو، لە یەک تاوەکو 30 حوزەیران، 44 سەربازی تورکیا لە شەڕدا کوژراون و 10 گەریلاش شەهید بوون. باسی ئەوەشی کردبوو کە سوپای تورکیا 127 جار بە فڕۆکەی شەڕ، 40 جار بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر، هەزار و 148 جار بە کاتیوشا، تانک و چەکی قورس هێرشی کردووە. هەروەها 26 جار بۆمبی قەدەغە و چەکی کیمیایی بەکارهێنراون.

شەڕی دوو بنەماڵە گوندێکی سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە و پۆلیس دەڵێت بە چەکی راوکردن تەقەیان لە یەکتر کردوە. پۆلیسی کرماشان رایگەیاند؛ ئەمڕۆ دووشەممە لە گوندی میانە سەر بە شاری کرماشان بەهۆی ناکۆکی لەسەر موڵک و زەوی، شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو بنامەڵەی ئەو گوندە دروست بوە کە کوژرانی دوو کەس و برینداربونی 9 کەسی لێکەوتوەتەوە. پۆلیس ئاماژەی بەوە کردوە لەو روداوەدا 14 کەس دەستگیر کراون و بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە. بە پێی زانیارییەکانی پۆلیس؛ ئەندامانی ئەو دوو بنەماڵەیە بە چەکی تاپەڕ و تایبەت بە راو تەقەیان لە یەکتر کردوە کە ئەوەش بوەتە هۆی کوژرانی دوو کەس.

کۆشکی سپی رایگەیاند؛ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکا بەردەوامە و هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران نەکراوە. جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند؛ ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتە بە ئامانجی رزگارکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانوستانی ناڕاستەوخۆدایە و تا ئێستاش بەردەوامە. سۆلیڤان بە دەنگی ئەمریکای وتوە؛ سەرجەم ئەو دانوستانانەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کراوە ناڕاستەوخۆ بوە و هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و تاران بە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەکراوە. لێدوانی سۆلیڤان لە کاتێکدا پێشتر ئیسرائیل و رۆژنامەیەکی ئەمریکا ئاشکرایان کردبو ئازادکردنی دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلاری ئێران لە عێراق و چاوپۆشیی واشنتۆن لە بەرزبونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە بەشێک بوە لە رێککەوتنەکە و واشنتۆن هەواڵ دەدات کۆماری ئیسلامی رازی بکات موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە روسیا نەفرۆشێت بە ئامانجی بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکرانیا و بە گەشتی بڕیارە زیاتر لە 20 ملیاردی ئێران ئازاد بکرێت هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا کە ئەمریکا بە لێکتێگەیشتن ناوی هێناوە. ئەمریکا دەیەوێت لە بەرامبەر ئازادکردنی (سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، موراد تەهباز) بڕی 10 ملیارد دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە وڵاتانی عێراق،ژاپۆن و کۆریای باشور بە مەرج ئازاد بکات. پیشتر جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاندبو لێدوانی بەرپرسانی ئێران لەسەر رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن بۆ ئازادکردنی سێ هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی راست نییە . وتەکانی کێربی دوای لێدوانی حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران هات کە رایگەیاندبو؛ پێشکەوتنی باش بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی ئەمریکا لە ئێران هەیە و تاران و واشنتۆن گەیشتونەتە رێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆ.    

هاوڵاتی ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، هێرشی پێچەوانەی هێزەکانیان دژ بە روسیا نەگەیشتوەتە بەئامانج ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی لەلێدوانێکدا رایگەیاند، "هەمومان دەمانەوێت هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا خێراتر ڕوبدات، هەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێت مانای زیانە لەناو ئۆکرانیەکان، لەهەمانکاتیشدا ئێمە بەرەو پێشەوە دەڕۆین و لە شوێنی خۆمان گیرنەبوینە". وتیشی، "هەموان حەز دەکەن هێرشی پێچەوانە لە ماوەیەکی کورتتردا تەواو بێت، بەڵام کاتێک ئێمە ئەو هێرشانەمان دەستپێکردوە هەست بە هیچ فشارێکی هاوبەشەکانمان لە ڕۆژئاوا ناکەین بۆ پاڵپشتیکردنی زیاترمان". ئاماژەی بەوەکرد، هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانمان پاڵپشتی پێویستمان ناکەن و بە پێی پێویست فشار ناکەنە سەر ڕوسیا.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا هەزار و هەشت توشبوی نوێ بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون کە 238 حاڵەتیان توشبوی شێرپەنجەی مەمکن. بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لەشەش مانگی ڕابردو لەنەخۆشخانەی هیوا تایبەت بەشێرپەنجە واتە لە رۆژی 1ی (کانونی دوەم/1)ی 2023ەوە تاوەکو 30ی (حوزەیران/6)ی 2023 هەزار و هەشت حاڵەتی نوێ بەشێرپەنە تۆمارکراون. ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لە نەخۆشی شێرپەنجە، توشبون بە نەخۆشیەکانی دیکەی خوێن 841 چارەخوازی نوێ لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ تۆمارکراون.   جۆرەکانی شێرپەنجە و تۆمارکردنیان لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵ: شێرپەنجەی مەمک               238       بەڕێژەی   15.78%  شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕێکە      153       بەڕێژەی   10.15% شێرپەنجەی سیەکان            97        بەڕێژەی    6.43%   شێرپەنجەی لیمفۆما            93 ٖ        بەڕێژەی   6٫17.%   شێرپەنجەی میزو میزەڕۆ       91         ٖبەڕێژەی    6.03%   شێرپەنجەی پڕۆستات          85         بەڕێژەی    5.64%    شێرپەنجەی  لۆکیمیا           63         بەڕێژەی    4.18%  شێرپەنجەی مێشک             62        بەڕێژەی    4.11%  شێرپەنجەی گەدە              55          بەڕێژەی    ‌3.65%   شێرپەنجەکانی دیکە          571        بەڕێژەی    37.86% 

هاوڵاتی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سیاسی زیاتر بووەو لەم پەیوەندەدا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی شارە جیاوازەکان قۆڵبەستکراون. لەم پەیوەندەدا (م.ن) چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی نیشتەجێی یەكێک لە شارەکان ئەڵێت:" گوشار بۆ سەر چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خوێندکاری تا دێت زیاتر ئەبێت و هۆکارەکەش بەوەیە دەسەڵات دەیهەوێت بەر بە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بگرێت لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دا. " ئەم چالاکە لە وتەکانیدا جەخت لە سەر ئەوە ئەکاتەوە:" شۆڕشی ژینا سەرەڕای هەموو گوشارەکان، سەرەڕای هەموو چەشنە سەرکوتکارییەکان هەر درێژەی هەیە و خەریکی گۆڕینی فۆڕمی خۆیەتی و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نەزۆر دووردا دەستپێدەکاتەوە. " لە پەیوەند لەگەڵ قۆڵبەستکردن و زیندانی کردنی چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی شارەکان، بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکانی "هەنگاو" ، "هرانا" ، "ئاسۆی رۆژ" ، "کوردپا" لە چەن رۆژی رابردوودا دەیان هاوڵاتی کورد لە شارە جیاوازەکان قۆڵبەست کراون بەشی زۆریان هۆکاری قۆڵبەستکردنیان دیار نیە و بنەماڵەکەیان لێیان بێ ئاگان. سەقز لە چەن رۆژی رابردوودا زۆرترین ژمارەی قۆڵبەستکردن و رەش بگیری لە شاری سەقز روویداوە. (ر.م) چالاکی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی شاری سەقز، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ژمارە زۆر کەسە لە شاری سەقز دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی شۆڕشی ژینا لە شاری سەقزەوە دەستی پێکردوەو رژیم زۆرترین مەترسی لەم شارە هەیە. قۆڵبەستکردنی ٤ کەس نادیاربوونی چارەنووسیان رۆژی ١٨ی جوون٤ کەس لە شاری سەقز بە ناوەکانی ، "ئەفخەم مورادیان" ، "ئازاد مورادیان"، "کامیاب ئەسڵی" و "شاهۆ ساڵەحی" قۆڵبەست کران و گوێزرانەوە بۆ گرتووخانەی شاری سنە و تا ئێستە بیانووی گرتنیان روون نەبۆتەوەو بنەماڵەکەشیان نەیانتوانیوە پەیوەندییان پێوە بکەن. دەستگیرکردنی کاوە حیجازی بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "هەنگاو" کاوە حیجازی تەمەن ٣٨ ساڵ، رۆژی ٢٠ی جوون لە ماڵەکەی خۆی بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی قۆڵبەستکرا و لەو کاتەوە تا ئێستە بنەماڵەکەی لێی بێ ئاگان و چارەنووسی نادیارە.   دەستگیرکردنی شەهلا چووپانی رۆژی ٢٧ی جوون (٦ی پووشپەڕ) شەهلا چووپانی تەمەن ٣٥ ساڵ و کچی محەممەد،  دانیشتووی گەڕەکی قەوخ بە بێ هیچ بەڵگەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیرکرا. بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کوردپا، ئەم ژنە چالاکە کۆمەڵایەتییە گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی سنە و تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی بە بنەماڵەکەی رانەگەیەنراوە. دەستبەسەرکردنی سامان پاشایی رۆژی ١ی جوولای ، سامان پاشایی مامۆستای زانکۆ و خاوەنی مەدالیای زیوی زۆرانبازی لاوانی دونیا، لە رێگای گەڕانەوەی لە سنەوە بۆ سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و گوێزرایەوە بۆ زیندانی سنە. سالار پاشایی برای ناوبراو کە دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە لەم پەیوەندەدا بە هاوڵاتی راگەیاند :" تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی سامان بۆ ئێمە وەک بنەماڵە روون نەبۆتەوە، هیچکام لە ئەندامانی بنەماڵە نەیانتوانیوە پەیوەندی پێوە بکەن و نەیتوانیوە پەیوەندی بە بنەماڵەوە بکات." هەر لەم پەیوەندەدا سالار پاشایی بە هاوڵاتی وت :" وەک بنەماڵە نیگەرانی باری تەندروستی سامانین. سامان باری تەندروستی ناجێگیرە و پێویستە دەستی بە دەرمانەکانی بگات، بەڵام بنەماڵە نەمانتوانیوە دەرمانەکانی بگەیەنینە دەستی و نازانین لە کام بنکە دەستبەسەرە". جێگەی ئاماژەیە لە مانگەکانی یەکەمی دەستپێکی شۆڕشی ژینادا، لەیلا پاشایی، خوشکی سامان ماوەیەک دەستبەسەر بوو، پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. نادیاری چارەنووسی هادی مەحموودی و ئاکۆ حەمیدی هادی مەحموودی و ئاکۆ حەمیدی ، لە کۆتاییەکانی مانگی جوونی ئەمساڵەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە. ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ لەم پەیوەندەدا باس لەوە دەکات تا ئێستە بنەماڵەکەیان نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک لە شوێنی دەستبەسەر بوونیان وەربگرن و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش ئامادە نین وەڵامیان بدەنەوە. بێ ئاگایی لە چارەنووسی ئەیووب جەوانپوور رۆژی ٧ی جولای ماڵپەڕی هەنگاو، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد ئەیووب جەوانپوور، چالاکی سیاسی و مەدەنی شاری سەقز، کە نزیک بە ١ مانگە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە. ئەیووب جەوانپوور رۆژی ١٠ی جوون، لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکراو و تا ئێستە چارەنووسی نادیارە و نازانرێت لە کوێ دەستبەسەرە. جێگەی ئاماژەیە لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، ئەم هاوڵاتییە سەقزییە ماوەیەک دەستبەسەر و زیندانی بوو و بە کەفالەت ئازاد کرا.     زیندانی کردنی نازیلا مەعرووفیان رۆژی شەممە ٨ی جوولای ، نازیلا مەعرووفیان، رۆژنامەنووس و چالاکی خوێندکاری و خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران، دوای بانگکردنی لە لایەن دادسەرای زیندانی ئێڤین، دەستبەسەر کرا و زیندانی کرا. ئەم کچە رۆژنامەنووسە کوردەی خەڵکی سەقز، بە هۆی ئەوەی لەگەڵ "ئەمجەد ئەمینی" باوکی " ژینا ئەمینی" وتووێژی کردبوو، تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی دەسەڵاتی  خرایە پاڵ و رۆژی ٢٨ی جێنیڤەری ٢٠٢٣،پاش دادگایی کردنی لە لایەن  دادوەر "ئەفشاری"ەوە سزای ٢ ساڵ زیندان و پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەنی ئێرانی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە خاکی ئێرانی بەسەردا داسەپا. جێگەی ئاماژەیە ماوەیەک لەوە پێش و لە مانگی جوونی ٢٠٢٣ دا ، نازیلا مەعرووفیان لە تویتەری خۆی رایگەیاند لەبەر ئەوەی باسی لە سووکایەتی و جنێوی سێکسی، هێزە ئەمنییەکان کردووە لە شوێنی کارەکەی دەرکراوە. نازیلا مەعرووفیان رۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، وتووێژێکی خۆی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی، بڵاوکردەوە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو وتووێژە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و تۆمەتی " پڕووپاگەندە دژی دەسەڵات" و "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیڕوڕای گشتی" درایە پاڵ.   پیرانشار  سادق مەحموود نژاد دەستبەسەر کرا رۆژی ٣ی جولای سادق مەحموود نژاد، خەڵکی شاری پیرانشار کە لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا ساچمە بەرچاوی کەوتبوو و بریندار ببوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ماڵپەڕی هەنگاو لەم بارەوە نووسیویەتی :"مەحموود نژاد چەن جار لە نەخۆشخانەکانی خومەینیی ئورمیە، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر نەشتەرگەری بۆ چاوی ئەنجامدراوە، بینایی چاوی چەپی بەنزیکەی ٢٠ لەسەد لاوازبووە."   دەستگیرکردنی موحسین عەزیزی رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای، موحسین عەزیزی تەمەن ٢٥ ساڵ، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە چارەنووسی نادیارە.   کوژرانی زیندانییەکی سیاسی لە ژێر ئەشکەنجەدا   رۆژی شەممە ٨ی جوولای ٢٠٢٣، لاوێکی کورد بە ناوی مووسا ئیسماعیلی خەڵکی گوندی "پەسوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، لە گرتووخانەی ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستداوە. بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، رۆژی شەممە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی ورمێ وە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەوە کراوە بێن و تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوەو لە هەمانکاتدا پێیان راگەیاندوون بۆیان نییە پرسەی بۆ دابنێن و پێویستە لە بێدەنگیدا بینێژن. مووسا ئێسماعیلی ٣٥ ساڵ تەمەن، رۆژی ٧ی ئەیار لە رێگای چوون بۆ پیرانشار، دەستبەسەرکراو ماوەی زیاتر لە ٢ مانگ، بنەماڵەکەی سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان لێی بێخەبەر بوون و ناوبراو مافی گرتنی پارێزەری نەبووە.   شنۆ   دەستگیرکردنی دوو برا بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی هەنگاو، رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی شوانە بابەکری خەڵکی گوندی "کانی رەش" سەر بە شاری شنۆ دەستگیرکرا. دوو رۆژ دواتر برای بچووکتری ئەم هاوڵاتییە بە ناوی شەفیع بابەکری لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا و هەردوو براکە بۆ شوێنی نادیار گوێزراونەتەوە.   دەستگیرکردنی٦ هاوڵاتی رۆژی  یەکشەممە ٩ی جوولای، پێنج کەس بە ناوەکانی ئارام شەعبان، خزر عەبدوڵڵاهی ئەمیرئاباد، فەخرەدین پوودات و عوسمان حەمزەزادە، عەبدولکەریم کاکول، سولەیمان گەڵوانی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیرکراون و بۆ شوێنی نادیار گوێزراونەتەوە. لەم پەیوەندەدا ماڵپەڕی کوردپا باسی لەوە کردووە کە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم ٦هاوڵاتییە روون نییە و نازانرێت بە چ هۆکارێک دەستگیرکراون.   نەغەدە دەستگیرکردنی لاوێکی ١٨ ساڵە رۆژی دووشەممە ٣ی جولای، ماردین چێودار، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی ناوچەی سندووسی سەر بە شاری نەغەدە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هەواڵنێری (هرانا)  لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک بەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵەوە نووسیویەتی :" بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی رژاونەتە ماڵەوەو ماردینیان لەگەڵ خۆیان بردوە" ماڵپەڕی کوردپا لەم بارەوە باس لەوە دەکات کە دوای هەفتەیەک لە دەستبەسەر بوونی بنەماڵەکەی لێی بێخەبەرن و سەردانی هەرکام لە دامەزراوە ئەمنییەتییەکانیش ئەکەن وەڵامیان نادەنەوەو پێیان ئەڵێن کوڕەکەتان لە لای ئێمە نیە". هەر لەم رۆژەدا ئاسۆ قەلەندەری تەمەن ٣٤ ساڵ لە شاری نەغەدە قۆڵبەستکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە.   دەستبەسەر کردنی فەرهاد ئیسماعیلی رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای فەرهاد ئیسماعیلی خەڵکی نەغەدە و دانیشتووی شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە قۆڵبەستکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. ماڵپەڕی هەنگاو لەم بارەوە ئاماژەی بەوە داوە کە ناوبراو بە رۆژی رووناک و لە شەقامێکی سەرەکی شارەکە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستگیر کراوە.   ئیلام  دەستگیرکردنی مناڵێکی ١٥ ساڵان رۆژی ٢٨ی جوون، مناڵێکی ١٥ ساڵ تەمەن بە ناوی "ئەرەشک قەیسەربەیگی" خەڵکی سەرئاوڵەی سەر بە ئیلام، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کراوەو خراوەتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی دان بە  کۆمەڵێک شتدا بنیت. ماڵپەڕی هەنگاو لەم پەیوەندەدا نووسیویەتی :" ئەم مناڵە ١٥ ساڵ تەمەنە، پێشتر و لە گەرمەی ناڕەزاییەتییەکاندا دەستگیرکرابوو ". بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی " ایران وایر" لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم ٧٠ مناڵی ژێر ١٨ ساڵ بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانیان لە دەستدا و سەدان کەسیش دەستبەسەر کران". عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی لەم پەیوەندەدا وتبووی :" ژمارەیەک لە لاوەکان بە هاندانی بەرنامەیەکی ئەنتەرنێتی دێنە سەر شەقامەکان کە دوای تەمبێ کردن دەدرێنەوە بە دەست بنەماڵەکانیان".   بابەک کەرەمی سزای ٩ ساڵ زیندانی بە سەردا داسەپا   رۆژی دووشەممە ٣ی جولای، بابەک کەرەمی تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیر کرابوو، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی وڵات"سزای پێنج ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردنی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بەسەردا سەپێندرا.   پاوە مامۆستایەکی ئایینی لە شاری پاوە بانگ کرایە بەردەم دادگا بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ، چەند رۆژ لەوە پێش مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی "هادی ئەحمەدی" خەڵکی شاری پاوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی بانگکراوەو دەبێ رۆژی ١٢ جولای لە دادگای کرماشان ئامادە بێت.     جێگەی ئاماژەیە هەر لەم پەیوەندەدا ژمارەیەک چالاکی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی "ورمێ"، "سنە" ، "مەریوان"، "دیواندەرە"، "بۆکان" دەستگیر کراون و تا ئێستە بە تەواوەتی ژمارەی دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دیار نییە. بەشی زۆری دەستگیرکراوان لە پەیوەند لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی پێشتری کوردستان و ئێران دەستگیر کراون و مەبەست لە دەستگیرکردنیان بەرگرتنە بە هەرچەشنە ناڕەزاییەتییەک لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دا. جێگەی ئاماژەیە ژینا ئەمینی ، کچی ئەمجەد، رۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران بە بیانووی نەگونجاوبوونی حیجاب لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەر کراو بە هۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە کەوتە کۆماوەو رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانەی "کەسرا" گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتییەکی گەورەی جەماوەری لێکەوتەوە. ژمارەی کوژراوانی ئەم خۆپیشاندانانە دیار نییە، بەڵام بە پێی هەندێ راپۆرتی نافەرمی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس کوژراون.     بۆ ئەم ڕاپۆرتە کەڵک لەم سەرچاوانە وەرگیراوە هەنگاو کوردپا ئاسۆی رۆژ هرانا ایران وایر  

هاوڵاتی وەزیری پلاندانانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر نەخشەی سنوری یەکە کارگێڕییەکانی هەڵەبجە دەربڕی و لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی تەواوکردنی بەپارێزگاکردنی ئەو شارە. وەزارەتی پلاندانان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد تەمیم ڕەزامەندی لەسەر نەخشەی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی، لە ژێر ڕۆشنایی تەواوکردنی ڕێکارە تەکنیکییە پێویستەکان و بنەڕەتییەکانی دروستکردنی پارێزگای هەڵەبجە بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە (31)ی ساڵی 2021ی پەرلەمان و بڕیارنامەی کابینەی حکومەت ژمارە (23131) کە لە دانیشتنی (11) لەرۆژی 3-13-2023 بەڕێوەچو. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە شاری هەڵەبجە دەبیت و ژمارە 16ی لە ڕێبەری یەکەی کارگێڕی کۆماری عێراق پێدەدرێت و یەك قەزا و چوار ناحیە بەو پارێزگاوە دەبەسترێنەوە و لەوانەش سیروان و خورماڵ و بیارە و بەمۆ. ئاماژەی بەوەشكردوە، بەشی گەشەپێدانی هەرێمی و ناوخۆیی لە وەزارەتی پلاندانان لەسەر ڕێنماییەکانی وەزیر پێداچوونەوەی بۆ نەخشە و سنوورەکان کردووە و پشکنینی بۆ کراوە و خاوەندارێتی پارێزگا و سنوورە ئیدارییەکان و دیزاینە بنەڕەتییەکانی پێش و پاش فراوانبوونی دیاریکردووە و کێشەی سنورە ئیدارییەکانی چارەسەر کردووە. لە ساڵی 2013 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عێراق کرد، کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد.  لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەڵەبجە بەفەرمی دەبێتە چوارەم پارێزگا لەدوای هەولێر و سلێمانی و دهۆک، هەروەها پارێزگای 19ەمین لەسەر ئاستی عێراق.