گروپێکی هاککەر بەڵگەنامە نهێنییەکانی هەوڵەکانی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاشکرا دەکات. گروپی هاککەر بە ناوی سەرهەڵدان تا روخان (قیام تا سەرنگونی) نامە نهێنییەکانی نێوان هێزە چەکدارەکان و دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی، سەرۆک کۆماری ئێران رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ تەرخانکردنی بودجە و پارە بۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان. لە بەڵگەنامەیەکدا کە ئەو گروپە هاککەرە بڵاوی کردوەتەوە ئاماژەی بەوە کراوە ؛ هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان لە قۆناغی یەکەمدا و بە ئامانجی کۆنتڕۆڵ و دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان داوای 220 ملیۆن دۆلاریان کردوە کە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە. گروپەکە دەقی ئەو نامانەی کە ناوەندی (ساروڵڵا)ی سەر بە سوپای پاسداران بۆ نوسینگەی سەرۆک کۆماری ئێرانی ناردوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردوەتەوە. لە نامەکاندا دەرکەوتوە سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی داوای شەش ملیارد دۆلاری کردوە بە ئامانجی تۆکمەکردنی هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان بەڵام بڕیار دراوە لە چەند قۆناغێکدا ئەو بڕە پارە و بودجەیە رادەستی هێزە چەکدارەکان بکرێت.

هاوڵاتی بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی كە لەحكومەتی هەرێم دەستیكەوتووە، تا سبەینێ پێنجشەممە پارە بوونی هەیە بۆ دابەشكردنی مووچە، ئەگەر بەغداد پارەی دیكە نەنێرێت دابەشكردنی مووچە رادەگیرێت. هەروەها حكومەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد ئەنجامداوە بۆ ئەوەی پێش جەژنی قوربان 400 ملیار دیناری دیكە بگات بۆ تەواوكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایار. هاوکات هەرێمی كوردستان مانگانە 912 ملیار دینار دەداتە مووچە، ئەمڕۆ چوارشەممە مووچەی وەزارەتی دارای و ئابووری دابەش دەکرێت.

گومرگی چین بڵاوی کردەوە؛ هاوردەی وڵاتەکەی لە ئێران کەمی کردوە و لە بەرامبەردا هەناردە بۆ ئەو وڵاتە بەرز بوەتەوە. بە پێی ئامارێک کە گومرگی وڵاتی چین بڵاوی کردوەتەوە؛ لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەهای ئاڵوگۆڕی کاڵای ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران گەیشتوەتە شەش ملیارد و 470 ملیۆن دۆلار. هاوردەی چین لە ئێرانەوە لەو پێنج مانگەدا 68% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لە سێ ملیارد و 190 ملیۆن دۆلار لە ساڵی رابردودا بۆ یەک ملیارد و 900 ملیۆن دۆلار لە ئەمساڵدا کەمی کردوە کە پەیوندیی بە کەمکردنەوەی کڕینی نەوت لە ئێرانەوە هەیە. لە بەرامبەردا و بە پێی ئامارەکان؛ هەناردەی چین بۆ ئێران لەو پێنج مانگەدا 40% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بە بەهای چوار ملیارد و 600 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردوە. چین لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی رابردودا بە بەهای سێ ملیارد و 280 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردبو کە ئەو بڕە لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بۆ چوار ملیارد و 600 ملیۆن دۆلار بەرز بوەتەوە. گومرگی چین بەهۆی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران بڕی هاوردەی نەوت لەو وڵاتەوە وەک کاڵا لەقەلەم دەدات و بە پێی ئامارەکانی گومرگەکە ئاستی هاوردە یان کڕینی نەوت لە ئێرانەوە بەشێوەی بەرچاو تا سنوری 70% کەمی کردوە.

هاوڵاتی لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان، هەموو چالاکیەکی مەدەنی قەدەغەکرا و باری نائاسایی راگەیەندرا. لە شارەکانی باکوری کوردستان بە بیانوی جیاواز، قەدەغەکان کۆتاییان پێنایەت ئەمڕۆ لە پارێزگای جۆلەمێرگ جارێکی دیکە باری نائاسایی راگەیەندرا. پارێزگاریی جۆلەمێرگ رایگەیاند، هەموو جۆرە چالاکیەکی مەدەنی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، مانگرتن، کردنەوەی چادر و ستاند لە ئەمڕۆ بەدواوە تاوەکو ٥ی تەمووز قەدەغەیە. پارێزگاریی جۆلەمێرگ باسی ئەوەی کرد کە ئامانجی راگەیاندنی باری نائاسایی، پاراستنی پرەنسیپەکانی دەوڵەت و یەکپارچەیی دەوڵەت و نەتەوەیە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، قەدەغەکردنی چالاکیەکان چالاکیە فەرمیەکان ناگرێتەوە کە قایمقام رێگەی پێبدات. قەدەغەی چالاکیەکان لە جۆلەمێرگ لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بەردەوامە و هەموو ١٥ رۆژ جارێک درێژ دەکرێتەوە. قەدەغەکردنی چالاکیەکان لە کاتێکدایە کە دوو رۆژ لەمەوبەر شەڕێکی گەورە لە ناوچە سنوریەکانی پارێزگاکە لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا روویدابوو.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆدەبێتەوە، جگە لە خستنەڕوى دواین پێشهاتەکانى پەیوەندیدار بە پەسەندکردنى یاساى بودجە، چەند بابەتێکى دیکە تاوتوێ دەکات. وەک لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتە پەیوەندیدارەکانی پەسندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان. لە تەوەری دووەمدا، باس لە ڕەشنووسی ئەو پرۆژەیاسا و پەیڕەوانە دەکرێت کە تاکوو ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لەسەر نەکراوە. تەوەری سێیەم تایبەت دەبێت بە بابەتی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق. لە تەوەری چوارەم و کۆتاییدا، بابەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لەلایەن هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخرێنە ڕوو.  

هاوڵاتی درەنگانی شەوی رابردو هێزێکی فیرقەی 8ی سوپای عێراق لە گوندی پەلکانە و سنوری ناحیەی سەرگەڕان هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک جوتیاری کورد. کاتێک هێزەکە زانیویانە جوتیارە کوردەکان خەریکی ئاودێرین هەڵیانکوتاوەتە ساریان و کەرەستەی ئاودێری و ئامێرە کشتوکاڵییەکانیان بردوە، بەڵام هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکردوە. بەشێک لەجوتیارانی کورد و تورکمان لەسەردەمی رژێمی پێشوتری عێراق، لەڕێگەی دروستکردنی تاپۆوە زەوییەکانیان لێسەندراوەتەوە ، لەدوای پرۆسەی ئازادی و لەساڵی 2003 کورد و تورکمان چونەوە شوێنەکانی خۆیان ئەمەش کێشەی دروستکردوە. لەچەند رۆژی رابردوشدا، سوپای عێراق ژمارەیەک لە جوتیارانی کوردی لەسنوری ناحیەی سەرگەڕان ئاگادارکردەوە، نابێت هیچ بەروبومێکی کشتوکاڵی لەو زەویانە بچێنن و دەبێت کارەکانیان رابگرن، بۆئەوەش بەڵێننامەیان بەژمارەیەک جوتیار پڕکردەوە.

رۆژنامەی وەتەنی سوریا رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئاستانادا کە ئەمڕۆ دەستی پێکرد و سبەینێش بەردەوام دەبێت، روسیا بۆ کشانەوەی تورکیا لە سوریا نەخشەڕێگەیەک پێشکەش دەکات. رۆژنامەی وەتەن لە زاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی سوریا رایگەیاند، مۆسکۆ دەیەوێت ئەنقەرە و دیمەشق رێکبکەون. بۆیەش نەخشەڕێگەیەکی ئامادە کردووە و چۆنیەتی کشانەوەی تورکیا لە سوریا دەخاتەڕوو. رۆژنامەکە دەڵێت، دیمەشق بۆ دیالۆگ کراوەیە و بۆیەش پێویستە لایەنەکان، ئامانجی روون و ئاشکرا، چوارچێوە و میکانیزمی دیالۆگەکە دیاری بکەن. سەرچاوەکە باسی ئەوەی کردووە کە پێویستە هەردوو لایەنەکە دەست لە هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەوەی لەدژی تیرۆر شەڕ دەکەن هەڵبگرن. رۆژنامەی وەتەنی سوریا ئاماژەی بەوەکردووە کە کۆبونەوەی ئاستانا بە باشی بەڕێوە دەچێت کە لە قەزاقستان بەڕێوە دەچێت و بڕیارە، چاودێرانی ئەردەن، لوبنان، عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەشداری لە کۆبونەوەکەدا بکەن.  

هاوڵاتی لە ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێ  لە سنوری پارێزگای دهۆک حاڵه‌تێكی‌ تووشبوون به‌ تای خوێنبه‌ربوون تۆماركرا. نێچیرڤان هه‌ركی وته‌بێژی ته‌ندروستی ئاكرێ رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی پشكنینی كه‌سێك كه‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ وه‌كو گومانلێكراوی تای خوێنبه‌ربوون له‌ژێر چاودێریی پزیشكیدایه‌، له‌ به‌غدا گه‌ڕایه‌وه‌. وتیشی :به‌پێی‌ ئه‌نجامی‌ پشكنینه‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ناوبراو تووشی تای خوێنبه‌ربوون بووه‌. وتەبێژی تەندروستی ئاکرێ دەشڵێت: ئه‌و كه‌سه‌ی تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بووه‌ دانیشتووی شارۆچكه‌ی دینارته‌یه‌ و كاری كڕین و فرۆشتنی ئاژه‌ڵی كردووه‌. نێچیرڤان هەرکی باسی لەوەشکرد لە ماڵه‌وه‌ چاودێری ده‌كرێت و ته‌ندروستیی زۆر باشه‌؛ زۆر باش نه‌بوایه‌ ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌مان نه‌ده‌كرده‌وه‌. هاوکات سەربەست سەبری، بەرێوەبەری ناحیەی دینارتە بە هاوڵاتی وت" ئەو هاوڵاتیە تەمەنی سەروو 60 ساڵە دانیشتووی گەڕەکی برایەتی یە لەسەنتەری دینارتە، رۆژی پێنج شەممەی رابوردوو دوای نەخۆش کەوتنی دەستبەجێ ڕەوانەی نەخوشخانەی گوڵان لە ئاکرێ کراوە، بەشی زۆری نیشانەکانی نەخۆشی تای بەربوونی تێدابووە". ئەمە دەبێتە یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە سنووری قەزای ئاکرێ و سێیەم حاڵەت لە پارێزگای دهۆک.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕێگری لە هەوڵی بردنەدەرەوەی بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر و سەدان کارتی بانکی دەکات. دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لە پێناو چەسپاندنی یاسا و ڕێگریکردن لە هەرجۆرە کارێکی نایاسایی توانرا ڕێگری بکرێت لە بردنەدەرەوەی سەدان (کارت بانکی ئەلیکترۆنی) بەشێوازی شاراوە لە لاپتۆپ و پاوەربانک و خواردەمەنی شاردرابونەوە، ئەوەش پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییەکانی بانکی مەرکەزی عێراقییە. دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاشیگەیاندووە:هەروەها دەست بەسەر هەندێک ماددەی پزیشکیدا گیراوە کە ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەبووە، هەروەها دوو تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر بڕی 7 کیلۆ و 170 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (حەشیش) کە بەشێوازی شاراوەیی ئامانجیان بووە بیبەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان گیراوە. وەک دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت تۆمەتباران بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگیراون لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: تۆمەتباران، (پ ، ڕ ، ع) و (پ ، ڕ ، د) لە ئێستادا بە ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.  

هاوڵاتی حکومەتی بریتانیا سزای بەسەر وەزیری بەرگری سوریا و سەرۆک ئەرکانی سوپای سوریادا سەپاند، بەهۆی ئەوەی کە گوایە توندوتیژی سێکسی و جێندەریان لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەکارهێناوە. بە پێی ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمز، لەندەن سزای نوێی بەسەر ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵا سەپاندوە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی توندوتیژیی سێکسی بەرفراوان لە سوریا و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات.  سزاکانیش بلۆککردنی سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی گەشتکردنی ئەو دو بەرپرسە باڵایەن بۆ بریتانیا، بڕیارەکەش بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی چالاکیی بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی سێکسی لە جەنگ دەرکراوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، حکومەتی بریتانیا سزای بەسەر عەبدولکەریم مەحمود ئیبراهیم سەرۆکی ئەرکانی سوپای سوریا، عەلی مەحمود عەباس وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە سەپاندوە، بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی و جێندەری دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی. بە درێژایی شەڕی 12 ساڵە زۆرێک لە ئەندامانی حکومەتی سوریا بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە کەوتونەتە بەر سزای نێودەوڵەتی، بەڵام ئەو ڕێوشوێنانەی بەسەر فەرماندەی سوپا و وەزیری بەرگریدا سەپێندراون، یەکەم کەسن کە گوایە توندوتیژی سێکسی بەکار دەهێنن.   سەرچاوە: Financial Times

هاوڵاتی دادگای بەرایی سلێمانی ٤، لەسەر سکاڵای سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ڕێکخراوی ڕاسان بۆ داکۆکی لە مافی ژنان، بەهۆی بانگەشەکردن یان بۆ هاوڕەگەزبازی هەڵوەشاندەوە. ڕێکخراوی راسان بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنان دامەزراوە و بنکەکەی لەشاری سلێمانییە. بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوونی بە یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان و لادان لە پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکە، جیاواز لەو ئامانجانە کاریکردووە کە لەسەری دامەزراوە، فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی حکومەتی هەرێم سکاڵای لەسەر تۆمارکرد. لە بڕیارەکەی دادگای بەرایی سلێمانیدا هاتووە: بانگەشەکردن بۆ هاوڕەگەزبازی پێچەوانەی دەستوری عێراق و ئادابی گشتییە. هەروەها پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامە. بەپێی زانیاریەکان، بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرتووەو ماوەی تانە لێدانی تەواو بووە، ڕێکخراوەکە بەفەڕمی مۆڵەتی لێوەرگیراوەتەوەو بەهەڵوەشاوە هەژماردەکرێت. ڕێکخراوی ڕاسان بەهاوکاری ڕێکخراوی بوڵ ئاوتی ئەمریکی، چەندین ۆرک شۆپ و چالاکی لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامداوە.

هاوڵاتی راگەیاندنی پۆلیسی ‏دارستان‌ و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، کاتژمێر 11:00ـی دوێنێ شەو ئاگرەکەی شارباژێر بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە و بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیش بێت ئاگرەکە سنووری 15 گوندی گرتووەتەوە و زیاتر لە دوو هەزار دۆنم زەویش زیانی پێگەیشتووە. نیوەرۆی رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەپشت ‏قەزای چوارتا ئاگرکەوتەوە کە تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نەزانراوە ،  دواتر تەشەنەی کرد بۆ دەورووبەری گوندەكانی بانان، ‏كەناروێ‌، سێونگ، كانی شوان، پیرێسك، نۆرەباب. تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە، بەڵام گومان دەکرێت هۆکارەکەی سروشتی نەبێت و بە دەستی مرۆڤ کەوتبێتەوە ، ئیتر ئایا فڕێدانی جگەرەی نەکوژاوە بێت یان هەر هۆکارێکی دیکە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. بەهۆی ئاگرەکە سنووری 15 گوند سووتاوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانیش زیاتر لە دوو هەزار زەویی پوش و پاوان، رەز و باخ، گەنم و جۆ و داری سوروشتی زیانیان پێگەیشتووە.

هاوڵاتی لەشەش مانگی ئەمساڵدا ١١ هەزار عێراقی كۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات كردووە بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لەعێراقدا كۆچی هاوڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپاو ڕۆژئاوا دەستیپێكردووەتەوە، سەرەڕای قوربانی و بێشەروشوێنبوونی كۆچبەران هێشتا كۆچكردن بەردەوامی هەیە. لەڕۆژی جیهانی پەنابەراندا دەزگای لوتكە بۆ كاروباری پەنابەران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری كۆچی هاوڵاتیانی عێراقی لەشەش مانگی ئەمساڵدا ڕاگەیاند كەبەم شێوەیە بوو:  لەشەش مانگی سەرەتا ئەمساڵدا ١١ هەزارو ٥٠٠ هاوڵاتی عێراقی كۆچیان كردووە، لەو ژمارەیەش حەوت قوربانی هەبوون كە پێنجیان گیان لەدەستدان و دووانیشیان بێ سەرو شوێن بووە. هەروەها لەساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٣ ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لەعێراقەوە كۆچیان كردووە٧٥٢ هەزارو ٣٢٣كۆچبەر بوون و ٥٥٥ قوربانیش هەبوون كە ٢٣٦ بێ سەروشوێن و ٣١٩ حاڵەتیان مردن بووە. هەر بەپێی ئامارەكەی دەزگای لوتكە عێراق لە پلەی ١٢یەمینی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدایە كەكۆچی تێدا دەكرێت و لەماوەی یەك ساڵ و نیوی ڕابردوودا ١٣ گیان لەدەستدان لەناو كۆچبەرانی عێراقیدا هەبووە. كۆی گشتی ئەو ئاوارانەش كە لەهەرێمی كوردستاندان ٩٢٨ هەزارو ٦٤٩ كەسن.

هاوڵاتی سوپای تورکیا لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی تربەسپی سەر بە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان ئۆتۆمبێڵێکی کردە ئامانج و بەگوێرەی زانیاریەکان کوژراو و بریندار هەیە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رۆژئاوای کوردستانەوە بە هاوڵاتی راگەیاند، لە سەر رێگەی گوندەکانی تەل شەعیر و بەیاندۆری تربەسپی، ئۆتۆمبێڵێک لەلایەن سوپای تورکیاوە کراوەتە ئامانج. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن درۆنێکی تورکیاوە کراوەتە ئامانج و بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستانی تێدابووە. باسی ئەوەشی کرد کە ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری (کییا) یە و کاتژمێر نزیکەی 12ی نیوەڕۆ کراوەتە ئامانج. هاوکات بەپێى ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە ، لە بۆردومانەکەدا یوسرا دەروێش هاوسەرۆکى کانتۆنى قامیشلۆ شەهید کراوە و جێگرەکەشى بریندارە و هەر لە ئۆتۆمبیلەکەدا دو کەسى دیکەش شەهید بوون.

هاوڵاتی درۆنێکی بەیرەقداری جۆری (تی بی٢)ی تورکی لە قەندیل کەوتە خوارەوە و گەریلاکانی پەکەکە دەستیان بەسەردا گرت. ئاژانسی فوراتی نزیک لە پەکەکە، دیمەنێکی درۆنێکی بەیرەقداری جۆری (تی بی٢)ی تورکیای بڵاوکردەوە کە لە قەندیل کەوتووەتە خوارەوە. ئاژانسەکە باسی ئەوەی کردووە کە درۆنەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و کەوتووەتە خوارەوە.