هاوڵاتی ئێران و ئەمریكا لە گەرمەی بانگەشەی دژ بەیەكدا دانوستانی ناڕاستەوخۆیان دەست پێكردووە و ئیسرائیلیش دەڵێت پابەندنی هیچ رێككەوتنێكی نێوان ئەو دوو وڵاتە نابێت و واشنتۆنیش ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە رێككەوتن نییەو لێكتێگەیشتنە. سەرەڕای ئەوەی كۆشكی سپی لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەمریكا رەتی كردوەتەوە هیچ دانوستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكات بە مەبەستی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ، بەڵام دەركەوتوە بەرپرسانی ئەمریكا و و ئێران لە دەوحە و نیویۆرك و مەسقەت دانوستانیان كردووە. ئیسرائیل رایگەیاندوە رێككەوتنەكەی نێوان تاران و واشنتۆن دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران بەرنامەی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی پێش بخات و سەدان ملیۆن دۆلاری دەستكەوێت و ببێتە هەڕەشەیەكی ئاشكرا بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە. ئیسرائیل و رۆژنامەیەكی ئەمریكا ئاشكرایان كردووە ئازادكردنی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری ئێران لە عێراق و چاوپۆشیی واشنتۆن لە بەرزبونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە بەشێك بووە لە رێككەوتنەكە. هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە كە» واشنتۆن هەوڵ دەدات ئێران رازی بكات موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە روسیا نەفرۆشێت بە ئامانجی بەكارهێنانی لە جەنگی ئۆكرانیا و بە گەشتی بڕیارە زیاتر لە بیست ملیار دۆلاری ئێران ئازاد بكرێت هەر لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كە ئەمریكا بە لێكتێگەیشتن ناوی هێناوە».   ئەمریكا و ئێران لە بانگەشەی جەنگەوە بۆ رێككەوتنی ژێربەژێر ئەگەرچی بۆ یەكەمجار ئیسرائیل دانوستانە نهێنییەكانی نێوان بەرپرسانی كۆشكی سپی و تاران ئاشكرا كرد، بەڵام رۆژنامەی (نیۆیۆرك تایمز) زانیارییەكانی ئەو دانوستانانەی بڵاو كردوەتەوە و نوسیویەتی:»  بە پێی ئەو دانوستانانە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێ بڕیارە 20 ملیار دۆلار لە پارە بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد بكرێت و لە بەرامبەریشدا سێ هاوڵاتی ئەمریكی-ئێرانی لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە ئازاد بكرێن. هەر بە پێی ئەو زانیارییانە ئەمریكا ئامادەیی دەربڕیووە سزاكانی ئێران قورستر نەكات لە بەرامبەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی 60% لە وێستگە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە و هاوكات بڕێكی زیاتر لە نەوتەكەی هەناردەی دەرەوە بكات كە ئاماژەكانی ئەو رێككەوتنەش دەركەوتوە و ئێران لە مانگی رابردوودا فرۆشی نەوتی رۆژانەی گەیاندوەتەوە یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل. نیۆیۆرك تایمز ئاشكرای كردووە كە بەرپرسانی ئەمریكا چالاككردنەوە رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 كە ساڵی 2018 لێی كشاونەتەوە رەتدەكەنەوە، چونكە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكە (كۆنگرێس) بە زۆرینە دژی زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكەن و ئیدارەی ئیستای جۆ بایدن، ناتوانێت ئەو رێككەوتنە راستەخۆ چالاك كاتەوە. ئەگەرچی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوە و جۆن كیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا ئەنجامدانی رێككەوتنیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران رەتكردوەتەوە، بەڵام لە نوێترین لێدوانیاندا دانیان بەوەدا ناوە كە واشنتۆن بە بەردەوامی كەناڵی گفتوگۆكردنی لەگەڵ تاران بە كراوەیی هێشتوەتەوە و دیپلۆماسی بە باشترین رێگای چارەسەری كێشەكان ناو هێناوە. ئەمریكا لە رێگەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی داوای لە ئێران كردووە هەنگاو بنێت بۆ كەمتركردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكەدا. بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە دەوحەو نیۆرک و مەسقەت دانوستانیان کردووە  لە كاتێكدا فەرماندەكانی سوپای ئەمریكا و بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازیی رایانگەیاندوە ژمارەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو سوپایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی 50% زیاد دەكرێن و بۆمبی تایبەت بە سەنگەرشكێن بەكاردەهێنرێت و بۆمبی 113 كیلۆیی لە فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری (وارتاگ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەسترێت كە بە ئامانجی تێكشكاندانی سەنگەر و وێرانكاریی حەشارگەكان و بڕینی ئەو شوێنانەیە كە لە ژێر زەویی بە مەبەستی سەربازیی دروست كراون. وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رۆژی یەكشەممە (8/4/2023) یەكێك لە ژێردەریاییەكانی وڵاتەكەی بە ئامانجی بەرەنگاربونەوەی هێرشەكانی ئێران لە سوریا رەوانەی كەنداو كردوە و بۆ یەكەمجاریش بووە كە جوڵەی ئەو ژێردەریاییەی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا كرد. بە وتەی تیم هاوكینز، وتەبێژی یەكەی پێنجەمی هێزە دەریاوانییەكانی سوپای ئەمریكا ژێردەریایی (یو ئێس ئێس فلۆریدا) رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە كە هەڵگری 154 موشەكی جۆری (تۆماهۆك)ە و ئامانجەكانی بە وردی دەپێكێت و لە ئەگەری رودانی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەرێگەی ئەو ژێردەریاییەوە كاردانەوەی دەبێت. بەگشتی ئێران و ئەمریكا لە دوو مانگی رابردوودا زۆرترین بانگەشەی سەربازییان دژی یەكتر كردوە، بەڵام وەك ئیسرائیل ئاشكرای كردوە لە لایەك بانگەشەی جەنگ بوە و لە لایەكی دیكە دانوستانی ژێربەژێر لە دوو وڵاتی عەرەبی عومان و قەتەر و لە نیویۆرك-ی ئەمریكا لە نێوان بەرپرسانی ئەو وڵاتە و ئێران بەڕێوەچووە.   ئەمریكا هەوڵی دابڕانی ئێران لەروسیا دەدات بە وتەی جۆن كیربی مۆسكۆ و تاران سەرقاڵی بەرفراوانكردنی ئاستی هاوكارییە سەربازییەكانیانن و ئێران لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا 400 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جۆری (خۆكوژ)ی رادەستی روسیا كردەوە و سوپای پاسداران بە رێگریی و دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە بازرگانییەكان و نەوتهەڵگرەكان لە گەروی هورمز بووەتە هۆی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی كەنداو. بە پێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردوەتەوە ئامانجی سەرەكی ئێستای كۆشكی سپی لە دانوستانەكان راگرتنی هاوكاریی سەربازیی نێوان ئێران و روسیایە و هاوكات بە دەركەوتنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لە هەڵبژادنەكانی داهاتوی وڵاتەكە نایەوێت واشنتۆن روبەڕوی قەیران یان پێكدادانی توند لەگەڵ ئێران ببێتەوە. ئەمریکا چاوپۆشی لە زیادکردنی فرۆشتنی نەوتی ئێران دەکات و لە ئێستادا ڕۆژانە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە دەکات  ئیسرائیل بە هیچ رێككەوتنێكی ئەمریكاو ئێران رازی نییە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند؛ واشنتۆن هەوڵی رێككەوتنێكی بچوك لەگەڵ تاران دەدات و بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا ژمارەیەك هاوڵاتیی ئەمریكی كە لە ئێران زیندانیی كراون ، ئازاد بكرێن. هەروەها ئەوەی خستتەڕوو كە 90%ی مەترسییە ئەمنییەكانی سەر ئیسرائیل لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێران و چەكدارە هاوپەیمانەكانیەتی لە ناوچەكەدا بۆیە تەلئەبیب پابەندی هیچ رێككەوتنێكی واشنتۆن و تاران نابێت. وتەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كاتێكدایە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمریكا و ئێران كردووە. پێشتر رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی چاپی ئیسرائیل بڵاوی كردبوەوە كە ئەمریكا سەرقاڵی رێككەوتنی ژێربەژێرە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران پێدەچێت پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60% كەمتر بكرێتەوە و ژمارەیەك هاوڵاتی ئەمریكی-ئێرانی ئازاد بكرێن.      

هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی پارتی چەپی سەوز رایگەیاند، سوپای تورکیا لە پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان لە سێ ساڵدا زیاتر لە ٥٠٠ تۆن داری بڕیوەتەوە. سومەیە بۆز پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە بڕینی دار و تێکدانی سروشتی باکوری کوردستان کرد. سومەیە بۆز رایگەیاند، لە باکوری کوردستان بە بڕینی داری خۆڕسک، سروشت لەناودەبرێت و ئەمەش هۆکارە کە مرۆڤ لە گوندەکان کۆچ بکات و وتی، " لە پارێزگاکانی موش، ئامەد و شڕنەخ، بە بیانوی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکان، دوو سێ بە بەردەوامی سوپای تورکیا دار دەبڕێتەوە. باسی ئەوەشی کرد، لەو سێ پارێزگایە بە شێوەیەکی مەترسیدار سروشت تاڵان دەکرێت و تەنیا لە پارێزگای شڕنەخ لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ تۆن دار بڕاونەتەوە. ئەو پەرلەمانتارەی پارتی چەپی سەوز، پرسیاری لە پەرلەمانتاران کرد کە ئایا دەزانن ئەگەر تاڵانی سروشت بەردەوام بێت، هەموو گیانەوەران لەناو دەچن و وتی، " ئایا ئەم حکومەتە کەی دەست لە سیاسەتی تاڵانکردنی سروشتی کوردستان دەهێنێت و پەرلەمان کەی دەستوەردان دەکات و ریگری لەم مەترسیە دەکات؟"

سەركۆ جەمال هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق بە نادەستوری بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان رێڕەوێكی دیكەی وەرگرت، چیتر دیاریكردنی كاتەكەی لەدەستی سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكاندا نەماوە. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كەخۆی وادەكەی لەسەرەتای ساڵی داهاتوو كۆتایی دێت و دەبێت پەرلەمانی عێراق وادەكەی بۆ درێژبكاتەوە دەبێت ئەركی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بگرێتە ئەستۆ، چونكە كۆمسیۆنەكەی هەرێم بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی وادەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان چیتر ناتوانێت هەڵبژاردن ئەنجامبدات.  جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: لەكۆبوونەوەی كۆمسیۆن لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە داوایكردبوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، كۆمسیۆنی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی». هەروەها وتیشی:» نوسینگەمان لەهەولێرو دهۆك و سلێمانی هەیە بۆیە كۆمسیۆن لەدوای ئامادەكردنی ئامرازەكانی ئێمە شەش بۆ حەوت مانگمان دەوێت تا بتوانین هەڵبژاردنەكە ئەنجامبدەین. بەوتەی جومانە غەلای جگە لەو پێداویستیانە بودجەشیان پێویستە بۆ ئەنجامدانی و كاتی دیاریكراو نییە، هەڵبژاردنەكەش بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992 كە 2013 هەمواركراوەتەوە كۆمسیۆن بەكاریدەهێنێت و دەبێتە رێنمایی و ئاسانكاری یەكێك لەبڕگەكان ئەوەیە كە كۆمسیۆن رێگایەك بگرێتەبەر كە خۆی بەباشی دەزانێت. «بەپێی یاسای هەڵبژاردن تایبەت بە پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بەڵام پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و بەپێی كۆبوونەوەكەش وامان پێباش بوو بەئەلكترۆنی هەڵبژاردنەكە بەڕێوەبچێت و بەپێی لیستی هەڵبژاردنی 2021 دەبێت و كاتی دیاریكردنی كاتەكەش تۆمارەكە پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت»، جومانە غەلای وای وت. بڕیاردراوە 18ی 12ی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەنجامبدرێت و  هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەدوای ئەو وادەیە بەڕێوەدەچێت، بەوپێیەش هەڵبژاردنەكە دەكەوێتە ساڵی داهاتوو. هەر بەپێی زانیارییەكان ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق بۆ دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چەند جارێك كۆبوونەتەوەو كۆبوونەوەكانیش بەردەوامییان هەیە، هەڵبژاردنەكەش شەش مانگ زیاتری پێویستە تاهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت. پێش کۆتای مانگی شەش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیار لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 20ـی حوزەیراندا ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان چەند پێشنیازێكی لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبووە كە لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە تاووتوێ كراون. كەدەبێت پێش كۆتایی مانگی حوزەیران، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوا بڕیار لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە بدات. دوای چەند مانگێك لەمشتومڕو ناكۆكی نێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ، 30ـی ئایاری 2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نادەستووریبوون»ـی یاسای ژمارە 12ـی درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 9ـی تشرینی یەكەمی 2022 دەركراو رایگەیاند: تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ كۆتاییهاتنی خولی پێنجەم كۆتاییهاتووە و هەر بڕیارێك لەدوای كۆتاییهاتنی ئەو ماوەیەوە دەركرابێت، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە. بڕیارەكە لەسەر سكاڵای یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان سەرەتا جوڵێندرا دژ بە سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان نادەستورییەو ناكۆكیشە لەگەڵ شەش ماددەی دەستوری و لەدوای شەشی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە درێژكردنەوەكە نایاساییەو هەر بڕیارێك لەدوای ئەو وادەیە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووبێت كاری پێناكرێت. هاوڵاتی بەدواداچوونی كردو لەچەند شارەزایەكی یاسایی پرسی، یەكێك لەو شارەزایانە حاكم شێخ لەتیف مستەفا بوو، دووپاتیانكردەوە لەڕووی یاساییەوە ئێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم ناتوانێت وەكو كۆمسیۆن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، تەنها لەیەك ئەگەردا نەبێت كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەندامەكانی بەكاربهێنن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە. هاوكات هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:» تائێستا كۆمسیۆنی هەرێم هیچ داوایەكمان لێنەكراوە بەشداری هەڵبژاردنەكەی هەرێمی كوردستان بكەین، بەڵام ئەگەر داوامان لێبكرێت ئەوا ئامادەین هەموو هاوكارییەك بكەین». بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەدووری دەزانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا ئەنجامبدرێت. ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەڕووی تەكنیكیەوە قورسە بتوانرێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە لەمانگی 12دایە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، چونكە لەهەرێمی كوردستان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ناكرێت. هەوەها پێشیوابوو ئەگەر كۆمسیۆن پێداویستیەكانی بۆ دابین بكرێت ماوەی شەش بۆ حەوت مانگی پێویستە تا بتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 24ی شوباتی 2022 مەرسومێكی بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن دەركردو یەكی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووی بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاریكرد، بەڵام وادەكە گۆڕا بۆ 18-11-2023 دوای ئەوەی پەرلەمان ماوەی خۆی بۆ ساڵێك درێژكردەوە. بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێم كە پارتی و یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان و لە 22 -5-2023 شەڕیان كرد لەسەر درێژكردنەوەكەی چیتر ناتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات. سەرچاوەیەك لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: ئەو كاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمانگی 11ی ئەمساڵ دیاریكراوە دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەڵوەشاوەتەوە. وتیشی: وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و پێشبینیش دەكەین بكەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو. بە هەموو پێوەرەکان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ ئەنجام نادرێت شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێم باس لەوەدەكات چاوەڕێی هەڵوێست و بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن كەئایا هەڵبژاردنی هەرێم كەكۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی دەكات ئایا كۆمسیۆنی هەرێمیش دەتوانێت بەشداری بكات یاخود نا. لەهەرێمی كوردستان تائێستا پێنج هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەنجامدراوە، یەكەمیان لەساڵی 1992و دواینیان لەساڵی 2018 بوو، لەدوایین هەڵبژاردندا زیاتر لەسێ ملیۆن و 85 هەزار كەس مافی بەشداریكردنیان هەبوو، بەهۆی ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا لیستی تۆماری دەنگدەرانی عێراق بەكاردەهێنرێت هێشتا روون نییە چەند كەس مافی بەشداریكردنیان لەهەڵبژاردنەكەدا هەیە، بەڵام جیاوازی لیستی تۆماری هەرێم و عێراق نزیكەی 400 هەزار كەسە.  

هاوڵاتی لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە جەژنی قوربان، قایمقامیەتی سلێمانی چەند رێنوێنییەکی نوێی دەرکرد و دەڵێت، "لە رۆژانی جەژندا رێگەنادرێت لە شوێنی فرۆشتنی ئاژەڵدا، ئاژەڵ سەرببڕدرێت." ماوەیەکە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و لە سنووری هەولێر و سۆران بەتایبەتی بڵاوبووەتەوە،. قایمقامیەتی سلێمانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەو کەسانەی کاری ئاژەڵداری دەکەن و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵدا دەکەن مەترسیی زیاتریان لەسەرە و پێویستە خۆپارێزی زۆر بکەن." سه‌باره‌ت به‌ قوربانیكردن لە جەژنی قوربانی پیرۆزدا قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: هاوڵاتیان ده‌توانن وەکو ئەرکێکی ئاینی قوربانیکردن ئەنجام بدەن، به‌ڵام به‌و رێكارانه‌ی له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و ڤیتێرنه‌ریه‌وه‌ دیاریكراوه‌، كه‌ له‌ شاری سلێمانی چەند شوێنێکی دیاریکراوی دور لە شوێنی نیشتەجێبوون دیاریكراوه‌ كه‌ کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەوە تێدادەکرێت. دەشڵێت:  بەهیچ جۆرێک رێگەنادرێت ئاژەڵ لە شوێنی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵدا سەرببڕدرێت بۆ سه‌ربرینی ئاژه‌ڵیش کوشتارگەی فەرمی  دیاریكراوه‌ و بەدەر لەو کوشتارگەیه‌ رێگه‌ نادرێت لەهیچ شوێنێکیتر ئاژەڵ سەرببڕدرێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی لە چەند رۆژی پێش جەژن و رۆژانی جەژندا لەهەموو شاردا ئامادەییان دەبێت و رێگەنادەن هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو دروست ببێت، هه‌روه‌ها هاوكاری ته‌واوی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی و تیمه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و ڤیتێرنه‌ری ده‌كه‌ن بۆ ریگریكردن له‌ سه‌ربرینی ئاژه‌ڵ به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌كان.

هاوڵاتی نوێنەری روسیا لە سوریا، رایگەیاند، ئێران، تورکیا و روسیا لەسەر نەخشەڕێگەی روسیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی ئەنقەرە و دیمەشق رێککەوتوون. میدیاکانی روسیا لە زاری ئەلکساندر لاڤرینتیەڤ نوێنەری روسیا لە سوریا رایانگەیاند، وڵاتەکەی لە کۆبونەوەی ئاستانادا نەخشەڕێگەیەکی لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی تورکیا و سوریا پێشکەش کردووە و لایەنەکانیش لەسەر نەخەشەڕێگەکە رێککەوتوون. لاڤرینتیەڤ ئاماژەت بەوەکردووە کە هەموو لایەنەکانی بەشدار نەخشەڕێگەکەیان پەسەند کردووە و پێشنیازەکانیان خستووەتەڕوو و وتی، بۆ جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەکە لە ئێستادا پێویستی بە هەماهەنگی هەیە. نوێنەری روسیا لە سوریا دەشڵێت، جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەکە پێویستی بە کاتە. گرنگترین شتیش ئەوەیە کە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە بچێت، بەڵام نابێت درەنگ بخرێت و لایەنەکان لەسەر ئەم پێشنیازە رێککەوتوون. دوێنێ ٢١ی حوزەیران ٢٠مین خولی دانوستانەکانی ئاستانا کۆتایی هات. لایەنەکانی بەشدار ئەنجامنامەی ئاستانایان بڵاوکردەوە، بەڵام ئەنجامی ئەوتوویان لە ئەنجامنامەکەدا رانەگەیاند. میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، ئەو وڵاتانە رایانگەیاندووە کە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، جوداخوازە و لە ئەنجامی ئاستانادا تەنیا دژایەتیکردنی کورد تیشکی خراوەتە سەر.

هاوڵاتی بە بڕیارى دادگاى هەولێر، دوو سزاى سێدارە بۆ تاوانبارى کوشتنى دوو مامۆستاکەى زانکۆى سەڵاحەدین دەرچو، کەسوکارى هەردو مامۆستاکەیش داوا دەکەن کە سەرۆکى هەرێم واژۆ لەسەر بڕیارەکە بکات و سزاکە جێبەجێ بکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە شەشەم دانیشتنی دادگەییکردنی بکوژی د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو، کە تێیدا دوو بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بکوژەکە دەرکرا. لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا، پارێزەرى کەیسى هەردو مامۆستا ئیدریس حەمەخان و کاروان ئیسماعیل کە ساڵى رابردو لەلایەن خوێندکارێکەوە کوژران رایگەیاند؛ سێ بڕگەى ماددەى 406ى لەسەر تۆمەتبارەکە جێبەجێ بوە کە ئەوانیش (أ، هـ، ز) کە تایبەتن بە رشد و کوشتنى یەکێک و بریندارکردنى یەکێکى دیکە و کوشتنى فەرمانبەرى دەوڵەت لە دەوامى فەرمی خۆیدا. ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە؛ بڕیارەکە لەماوەى 10 رۆژ رەوانەى دادگاى پێداچونەوەى هەرێمى کوردستان دەکرێت و لەکاتى پەسەندکردنیشى رەوانەى سەرۆکایەتیی هەرێم دەکرێت بۆ وەرگرتنى رەزامەندى و واژۆى سەرۆکى هەرێم بۆ جێبەجێکردنى ئەم بڕیارەکە. لەبارەى باوکى تۆمەتباریشەوە، پارێزەرەکە رایگەیاند کە بۆ ماوەى نۆ مانگ زیندانى بوە، بەڵام هیچ تۆمەتێکى لەسەر ساغ نەبوەتەوە و ئازاد کراوە. رۆژی سێشەممە، 28ی حوزەیرانی 2022، گەنجێک د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدینی لەنێو حەرەمی زانکۆ دایە بەر گولـلە و کوشتی، هاوکات پاسەوانێکی مەدەنیی زانکۆشی بریندار کرد، دوای ئەوەش هەڵیکوتایە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و لە ماڵەکەی خۆی و ئەویشی کوشت. هاوژینی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان ناوی "نیشتمان عوسمانە" و لە زانکۆی سۆران مامۆستایە. پێشتر لەگەڵ تۆمەتباری رووداوەکە "ئـ. م. ق" لەسەر گواستنەوەی لە زانکۆی سۆران بۆ زانکۆی سەلاحەددین کێشەیان هەبووە و بووەتە دەمەقاڵێیان. دواتر هاوژینی د. ئیدریس سکاڵای لەسەر ئەو خوێندکارە تۆمار کردووە و رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2020 رۆژی دادگاییکردنەکەیان بووە، بەڵام بەر لە دادگاییکردنەکە تۆمەتبارەکە چووەتە ماڵی د. ئیدریس و تەقەی لێکردووە و ئەویش رایکردووە، پاشان لەسەر بانی ماڵی دراوسێکەیانەوە کوشتی. لەبارەى جێبەجێکردن یاخود جێبەجێنەکردنى سزاى سێدارەکەیشەوە ئەو پارێزەرە وتى: لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک زیاتر لە 450 سزاى سێدارە هەن و سەرجەمیان لەسەر بڕیارى سەرۆکى هەرێم وەستاوە، ئەم بڕیارە بەرکارە و کارى پێدەکرێت بەڵام لە هەرێمى کوردستان واژۆى لەسەر ناکرێت. لاى خۆشیانەوە هەر لە کۆنگرەکەدا خانەوادەى هەردو مامۆستاکە داوایان کرد کە سەرۆکى هەرێم واژۆ لەسەر بڕیارەکە بکات و سێدارەکە جێبەجێ بکرێت.

هاوڵاتی  ژمارەیەک جوتیاری  قەزای سێمێڵ لەبەردەم سایلوی فایدە گردبوونەوە، بەهۆی ئەوەی تەنها لەسەدا 29 ی گەنمەکانیان لێوەرگیراوە   خالد کۆچەر، نوێنەری جوتیارانی ناڕازی تایبەت بە هاوڵاتی  وت"بەرهەمی هەر جوتیارێک سنوری قەزای سێمێل بەلایەنی کەمی 70 بۆ100تەن گەنمە، کێشەی ئێمە لەگەڵ سایلۆکەدایە، بەرپرسانی سایلو دەڵێن تەنها لەسەدا29 ی گەنمەکە وەردەگرین ئەمەش ستەمێکی گەورەیە لە جوتیاران دەکرێت" وتیشی، "ئەمرۆ لەبەردەم سایلوی فایدە گردبووینتەوە وداوای مافی خۆمان دەکەین، حکومەتی عیراق ووتی تەواوی بەرهەمی گەنم لەجوتیاران وەردەگرین بەڵام سایلۆکانی سنوری پارێزگای دهۆک تەنها لەسەدا 29 وەردەگرن، لەرێگای ئێوە داوا لەبەرپرسان دەکەین کێشەکە بۆمان چارەسەر بکەن" پاش ئەوەی بۆ ئەمساڵ بڕی ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم دیاریكرا كە لەجووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، ناڕەزایی بەشێك لەجووتیارانی لێكەوتەوە، لەئەنجامدا وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم لەگەڵ عێراق گەیشتنە رێككەوتن پشكی هەرێمی كوردستان لەوەرگرتنی گەنم زیادبكرێت. پاش رێككەوتنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ كێشەی جووتیارانی هەرێم چارەسەركراو بودجەی پێویست بۆ وەرگرتنی گەنم لەبەردەستدایەو بڕیاری ئەوە دراوە سەرجەم گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت. هەر تۆنێك گەنم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت.

هاوڵاتی دواى ئەوەى سەر لە بەیانى ئەمڕۆ، شەڕ لەنێوان دو لایەنى کۆمەڵەدا رویدا، دوو پێشمەرگە کوژران و چەند پێشمەرگەیەکى دیکەیش بریندار بون، هەردو کۆمەڵە لەبارەى شەڕەکەوە راگەیەنراویان بڵاو کردەوە. لە راگەیەنراوێکدا، کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت: لە لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێر و بە سەرپەرشتی عەبدوڵای ئازەربار هێرش کراوە سەر فێرگە و ئوردوگا و بە قەناسە تەقە لە پێشمەرگە کراوە. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە لە دوێنێەوە و دوای راگەیاندنی کۆتایی پڕۆسەی یەکگرتنەوە لە لایەن کۆمەڵەکەیانەوە، کۆمەڵەى شۆڕشگێڕان ئاژاوەیان دروست کردوە و هاوارى رشتنى خوێنیان کردوە. لەلایەکى دیکەوە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: لەدوای ئەوەی دوێنێ 21ی جونی 2023 هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە لەلایەن دەستەیەک دژی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، لە ئوردوگای بانەگەوەرە گەمارۆ درابوو  و بە نێوانگیری هێزەکانی ئاسایش بارودۆخەکە ئارام بوەوە، بەڵام بەداخەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 22ی جون، سەر لە نوێ چەند کەسێکیان لە شاخ هێناوەتەوە و لە نێو ئوردوگای بانە گەورە و دەستیان کردوەتەوە بە تەقە لەو شوێنەی ماڵی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەی لێ بوە. دەڵێت: بۆ ماوەی یەک ساعەت لە ناو ئوردوگای بانەگەورە تەقەیەکی زۆر کراوە و "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەمو بەرپرسیاریەتی گیانی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە و  سەرجەم پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەخاتە ئەستۆی، ئەم گروپە کە نابەرپرسانە هەڵسوکەوت دەکەن.  

پزیشکێک ئاشکرای دەکات ژمارەی توشبوانی ئایدز لە ئێران زۆر زیاترە لەو ژمارەی حکومەت بڵاوی دەکاتەوە و وەزارەتی تەندروستی مەرگی نزیکەی 22 هەزار کەسی بەهۆی ئایدزەوە راگەیاند. ئارش عەلایی، پزیشک و چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند؛ لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتوە 95 هەزار بۆ 120 هەزار توشبونی ڤایرۆسی (ئێچ ئای ڤی) ئایدز لە ئێران هەیە بەڵام دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ئامارە راستەقینەکان دەشارێتەوە. بە وتەی عەلایی، کەمتر لە 50%ی توشبوانی ئایدز لە ئێران ئاگاداری نەخۆشییەکەیانن بۆیە هەلی وەرگرتنی چارەسەر بۆ ئەو کەسانە نییە کە ئاگاداری نەخۆشییەکەیان نین و بەهۆی کەمتەرخەمیی دەسەڵات و داب و نەریتی کۆمەڵگە زۆرینەی توشبوانی  ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی دەبنە قوربانیی. بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ژمارەی توشبوان بە ئایدز لەو وڵاتە 45 هەزار و 463 کەسە و 21 هەزار و 823 توشبوی ئایدز لە وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە. لە ماوەی رابردودا مینو موحرز، بەڕێوبەری پێشوی ناوەندی توێژینەوەی ئایدز لە ئێران رایگەیاندبو کە ئاماری راستەقینەی توشبوانی ئایدز سێ بۆ چوار هێندە لەو ژمارەیە زیاترە کە حکومەت بە فەرمی بڵاوی کردونەتەوە. لە جیهاندا زیاتر لە 40 ملیۆن توشبوی ئایدز هەیە و ئەو نەخۆشییە بە یەکێک لە کێشە تەندوروستییە جیهانییەکان لەقەڵەم دەدرێت.  

هاوڵاتی لەنێوان پێشمەرگەی دوو لایەنی کۆمەڵەدا شەڕ روویدا و بەم هۆیەوە دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوژران و ژمارەیەک پێشمەرگەی دیکەشیان بریندار بوون. بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە  کاتژمێر 7:50 خولەک شەڕ لەنێوان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان رویداوە و بەهۆیەوە دو پێشمەرگە کوژراون و سێ پێشمەرگەش برینداربون". هاوکات کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەدوای ئەوەی دوێنێ عومەر ئیلخانیزادە لەلایەن دەستەیەک دژی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، لە ئوردوگای بانەگەوەرە گەمارۆ درابو  و بە نێوانگیری هێزەکانی ئاسایش بارودۆخەکە ئارام بوەوە، بەڵام بەداخەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەر لە نوێ چەند کەسێکیان لە شاخ هێناوەتەوە و لە نێو ئوردوگای بانە گەورە و دەستیان کردوەتەوە بە تەقە لەو شوێنەی ماڵی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەی لێ بوە".  بەپێی راگەیێندراوەکەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ "بە سەرپەرشتیی عەبدوڵڵای ئازەربار" هێرشیان کردووە، دەشڵێت، "بە داخێکی زۆرەوە تائێستا دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە ناوەکانی سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی گیانی لەدەستداوە."   وێنەی ئەو دوو پێشمەرگەیەی گیانیان لەدەستداوە

هاوڵاتی دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا هاوڵاتی لە زاری راوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی كوردستانەوە بڵاویکردەوە کە  مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم كۆتایی هاتووە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند فراکسیۆنەکەیان لە یەکی شەشەوە هیچ بڕە پارەیەکی وەرنەگرتووە. زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکدا دوای بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی وتی، "له‌ (١ی٦ی٢٠٢٣) ه‌وه‌ فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی مانگانه‌ی وه‌رنه‌گرتیه‌ و به‌ نوسراوی فه‌رمی ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌ ." دەشڵێت، "جیاوازی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نی تر كرداره‌ نه‌وه‌كو دروشم و قسه‌ی بریقه‌دار ". لە ڕاپۆرتەکەی هاوڵاتیدا هاتووە، مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم كۆتایی هاتووە، لەكاتێكدا پێدانی مووچەكانیان بەردەوامە. لێرەوە تەواوی ڕاپۆرتەکە بخوێنەرەوە: کلیک لێرە بکە 

شەنای فاتیح بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین كەئەمڕۆ یەكەم رۆژیەتی دڵەراوكێ لای بەشێك لەهاووڵاتیانی هەرێم دروستبووە كە لەهەفتەیەكدا دوو جار ئاوی خواردنەوەیان بۆ بەردەدرێتەوە، بەڕێوەبەری ئاوو ئاوەڕۆی هەرێمیش دەڵێت خواستێكی زۆر لەسەر ئاوی ماڵان هەیە. بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێم ئاشكرایدەكات شوێن هەیە لەهەرێم 24 كاتژمێر ئاوی هەیە بەڵام شوێنیش هەیە رۆژ ناڕۆژێك ئاوی دەدرێتێ. ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەشێوەیەكی گشتی لەسنوری هەرێمی كوردستاندا هەندێك كێشەمان هەیە كەڕۆژ ناڕۆژێك ئاو بدرێتە ماڵان، بەڵام هەندێك شوێنیش رەنگە 24 كاتژمێر ئاویان هەبێت، ئەوە بەپێی جێبەجێكردنی ئەو پلانانەی هەیە لەشارو شارۆچكەو كۆمەڵگاكان دەگۆڕێت و بوون و نەبوونی كارەباش رۆڵی هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە تائێستا ئەو بڕە ئاوەی كە بەرهەمدەهێندرێت ئەگەر بەتێكڕا حساب بكرێت زیاترە لەبڕی ئاوی ستاندارد كە بوونی هەیە، وتیشی:» لەهەندێك شوێن كێشەمان هەیەو بەرهەمهێنان كەمترە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و نەبوونی كارەبا». «لەچەند گەڕەكێك یان چەند كۆڵان و گەڕەكێكی شاری هەولێر كێشەمان هەیە، چونكە نیوەی بیرەكان ئاوەكەی دابیندەكات و نیوەكەی دیكەشی پڕۆژەكان دابینی دەكەن، هەروەها لەقەزای قوشتەپەو چەند گەڕەكێكی شاری سۆرانیشدا كێشە هەیە، لەپارێزگای سلێمانیش لەشارۆچكەی چەمچەماڵ كێشەی كەمی ئاو هەیە» ئاری ئەحمەد وای وت. بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بۆ چارەسەركردنی كەمئاوی چەند پلانێكیان هەیە، ئەوانیش ئاوی بیرەكان چارەسەربكەن بەوەی كەئەو بیرانەی كێشەی دابەزینی ئاستی ئاویان هەیە پێویستە پەمپ و ماتۆڕەكانیان زیاتر شۆڕبكرێتەوە، ئەو بیرانەش كە وشكبوون لێبدرێنەوە، هەروەها رێكخستنی تۆڕەكانی ئاوو نۆژەنكردنەوەی پڕۆژە ستراتیژییەكان. بەڕێوبەری گشتی ئاوی هەرێم: ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە هەروەها بەرێوەبەرایەتی ئاوی هەرێم بۆ دابینكردنی ئاو بەتانكەر، لەسنوری بەڕێوبەرایەتی ئاوی هەولێرو ئاوی سۆران و ئاوی ئاكرێ و ئاوی دەوروبەری سلێمانی و ئاوی راپەڕین پڕۆژەیەكیان هەیە كەتیایدا ئاو بەتانكەر دابەشدەكرێت. هاوكات، بەختیار  ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا ئەو ئاوەی دەدرێتە ماڵان لەئاستی پێویستدایەو هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە كەهاووڵاتیانی سلێمانی بێ ئاو نەبن، ئەگەر بێت و حاڵەتی نەخوازراو روونەدات وەك بۆری شكان یان كارەبا تێكچوون». وتیشی:»گرتنەوەی ئاو لەلایەن توركیاو ئێرانەوە كاریگەری لەسەر ئاوی دوكان هەیەو كەمێكیش كاریگەری كردووەتەسەر ئاوی خواردنەوە». لەبەشێكی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا هاووڵاتیان رۆژانە رووبەڕووی كەمی ئاو دەبنەوەو گەڕەك هەیە ماوەی سێ یان چوار رۆژ تێپەڕدەبێت و ئاویان بۆ بەرنادرێتەوە. مینا مستەفا هاووڵاتییەكی دانیشتووی گەڕەكی كارێزەوشكە لەسلێمانی بەهاوڵاتی وت: جاری وا هەبووە یەك هەفتە بێ ئاو بووین بەتایبەت لەهاویندا، بۆیە ئاومان بەتەنكەر كڕیوە». شكانی بۆری كێشەیەكی دیكەیە كە بەهۆیەوە هاووڵاتیان بێ ئاو دەبن، حسێن ئەحمەد دانیشتووی چەمچەماڵ  بەهاوڵاتی وت:» بەهۆی شكانی بۆرییەوە ساڵی وا هەبووە چەند جارێك بەتەنكەر ئاومان كڕیوە، جگە لەوەی زۆربەی كات هاوینان بەچەند رۆژێك ئاوی بەلوعەمان بۆ بەردراوەتەوە، بۆیە زۆرێك لەهاووڵاتیان ناچارن ئاوی بیر بەكاربهێنن».

ئەنجومەنێکی نێودەوڵەتیی ئاشکرای دەکات ئێران لە روی جیاوازیی رەگەزییەوە گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە و لە نێوان 146 وڵاتدا دەکەوێتە ریزبەندی 143یەمین وڵاتی جیهان کە کەمترین یەکسانیی تۆمار کردبێت. ئەنجومەنی ئابوریی جیهان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردەوە کە وڵاتی ئێران لە روی نایەکسانیی رەگەزییەوە یەکێکە لەو وڵاتانەی زیاترین نادادپەروەریی نێوان (نێرینە و مێینە)ی لە سەرجەم بوارەکانی کۆمەڵگەدا هەیە. ئەو ئەنجومەنە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئێران لە نێوان نۆ وڵاتی باشوری ئاسیا دەبێتە هەشتەم وڵات کە بە پێوەرە جیهانییەکان کەمترین یەکسانیی لە نێوان دوو رەگەزی نێرینە و مێینەدا هەیە. لە روی بەشداریی ئابورییەوە ژنان و کچان لە ئێران کەمترین هەڵیان بۆ کارکردن هەبوە و ئەوەش وای کردوە ئاستی یەکسانیی وڵاتەکە لەو بوارەدا بگاتە 144یەمین و تەنها لە جەزاییر و ئەفغانستان دۆخی باشتر بوە. کۆماری ئیسلەند یەکەم وڵاتی جیهانە کە رەچاوی زۆرترین یەکسانیی رەگەزیی کردوە و ئەمریکا دەکەوێتە ریزبەندی 29 لە نێوان 146 وڵاتی جیهاندا

هاوڵاتی قوباد تاڵەبانی لەچەند رۆژی رابردوودا سەردانی پارێزگای هەڵەبجەو دوێنێ سێشەممەش چووەتە ئیدارەی گەرمیان بۆ دەستپێكردنەوەی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی كە ئەولەویەتن لای هاووڵاتیان و جێگیری سەرۆكی حكومەت فەرمانی كردووە دەست بەجێبەجێكردنی بكرێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی، جێگیری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوای چەندین گلەیی و ناڕەزایەتی یەكە ئیدارییەكان و بەشێك لەكۆمپانیاكان بووە كە رۆژانەو هەفتانە بەشێكیان دەبینێت و بەڵێنی داوە بەچڕی لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین پڕۆژەكان دەستپێبكرێتەوە. قوباد تاڵەبانی، بڕیارە سەردانی ئیدارەی راپەڕین و چەندین قەزای دیكە بكات كە داواكارییەكانیان گەیاندووەتە نوسینگەكەی بۆ چەندین پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری كەداواكاری یەكە ئیدارییەكان و هاووڵاتیانی ناوچە جیاوازەكانە. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، كە لەتیمی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم دەستی كەوتووە، ئەوەی خستەڕوو كە سەدان پڕۆژە كە بەهۆی قەیرانی دارایی لە 2014و دواتر راگیراون یان بەشێكیان تەواو نەكراون بەپێی ئەولەویەت و گرنگی بۆ هاووڵاتیان دەستپێدەكاتەوە، بەتایبەت كەهەرێمی كوردستان شایستە داراییەكانی لەبەغدادەوە بۆ دێت و بەشێك لەو بودجەیە بۆ پڕۆژەكان دابین دەكرێت. هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرمایەداران و كۆمپانیاو بەڵێندەرانی خۆماڵی گفتوگۆ دەكات بۆ ئەوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەستپێبكرێتەوە. هاوكات ئەوەشی روونكردەوە جێگیری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران» رژدە» لەسەر ئەوەی كەچیتر نابێت پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین جێبەجێكردنی پڕۆژەی تێدا دوابخرێت. هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی سودانی لەسەر بنەمای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 رێككەوتن و بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوو بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. هەرێمی كوردستان پشكی 12.67% بۆ دیاریكراوەو مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دیناری كاشی پێدەگات، بێجگە داهاتی نانەوتی كەمانگانە زیاترە لە 200 ملیار دینار.

هاوڵاتی   لە سەنتەری قەزای شێخان لە نێوان دوو خێزان شەڕ روویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەیش بریندارە. پەیامنێری هاوڵاتی لە دهۆک ڕایگەیاند ، " دوای نیوەرۆی ئەمرۆ شەڕ لە نێوان دوو خێزاندا ڕووی داوە کە ئامۆزای یەکترن وبە هۆیەوە  گەنجێک کوژراوە". وتیشی ، "  جارێ دیارنیە هۆکاری کۆشتنەکەی چی یە، پێدەچێت بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی  کۆنەوە بووبێت" . بە پێی زانیارییەکان ئەو گەنجەی کوژراوە ناوی فورات عەبدولکەریمەو تەمەنی 23 ساڵە ، و ئەو هاوڵاتییەی برینداربووە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە لە دهۆک.