هاوڵاتی رۆژ بە رۆژ لیرەی تورکی زیاتر بەهاکەی لەدەست دەدات و ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 26 لیرەی تورکی. دوای بەرزکردنەی رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندی تورکیاوە، بەهای لیرەی تورکی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکای زیاتر دابەزی و ریکوردێکی مێژوویی شکاند و یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە. بانکی ناوەندی تورکیا 22ی حوزەیرانی ئەمساڵ، بڕیاریدا رێژەی سوودی بانکی زیاد بکات، ئەمەش کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر بەهای لیرەی تورکی دروست کرد. ئەمڕۆ دوای کاتژمێر 12، بەهای دۆلارێک گەیشتە 26 لیرە و بەهای یۆرۆیەکیش گەیشتە 28 لیرە و 29 قوروش. لیژنەی گشتی بانکی ناوەندی تورکیا، دوای زیاتر لە دوو ساڵ، رێژەی سوودی بانکی لە 8.5٪ەوە بۆ 15٪ زیادی کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا 18ی ئەم مانگە لە کۆنگرەی ئەنجومەنی هەناردەکارانی تورکیادا رایگەیاندبوو کە رێژەی هەڵاوسان بۆ یەک ژمارەیی دادەبەزێنن، کە بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا نزیکە لە 45٪. بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێن، رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە لە دوو ئەوەندەی ئەو ئامارە زیاترە کە حکومەت رایدەگەینێت.
هاوڵاتی ئەنجومەنی کانتۆنی گرێ سپی رایگەیاند، 256 خانەوادە لە هەرێمی گرێ سپی هەڵهاتوون و خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان. هەڵهاتنی خانەوادەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە کە ژیان و ئاسایشیان لە مەترسیدایە. ئەنجومەنی کانتۆنی گرێ سپی سەر بە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە سێ مانگی ڕابردودا 256 خانەوادە لە کانتۆنی گرێ سپیەوە هەڵهاتوون کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکانەوە داگیرکراوە و خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆبەڕێوەبەرێتیەکە. ئەنجومەنەکە رایگەیاند کە ئاوارەکان لە ناوەند و دەروبەری گرێ سپی، شاروچکەی سلوک، گوندی زەیدی هەڵهاتوون و لە ئێستادا لەژێر چاودێری ئەواندان. دەوڵەتی تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکان لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019دا گرێ سپی و سەرێکانیان داگیر کرد.
هاوڵاتی وەزیری تەندروستیی ڕایگەیاند: تائێستا لە هەرێمی کوردستان 23 گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ دوو شەممە دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئامارەکانی تای خوێنبەربوونی بڵاوکردەوە و وتی، "تاوەکو دوێنێ لە پارێزگاکانی عێراق 865 گومانلێکراو هەبوون و 265ـیان پشتڕاستکراونەتەوە و 69 کەسیش بە نەخۆشییەکە مردوون." سەبارەت بە ئامارەکانی هەرێمیش ڕایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستانیش 23 گومانلێکراو هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ یەکەم کەس لە سۆران بوو؛ دووەم لە خەلیفان؛ سێیەم لە مێرگەسۆر؛ چوارەم لە سەنتەری شاری هەولێر و دوایین کەس لە کۆیە گیانی لەدەستدا کە خەڵکی گوندی سماقووڵی بوو." باسی لەوەشکرد، لەو پێنج کەسەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان ژن بووە کە خەڵکی سۆران بوو و مامەڵەی لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی هەبوو و دەشڵێت، "ئەوانی دیکەش مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵ هەبوو؛ کەسێکیان گۆشتفرۆش بوو و مامەڵەی لەگەڵ سەربڕینی ئاژەڵ بووە." بەوتەی وەزیری تەندروستی، هەر کەسێک لە ماوەی سێ بۆ شەش رۆژ نیشانەکانی تێدا دەرکەوتن پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکات و دەڵێت، "ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆکاری خوێنبەربوون لە هەموو بەشەکانی لەشی مرۆڤ لەگەڵ تایەکی تووند و پێویستە لەو کاتانەدا راستەوخۆ نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، چونکە رێژەی مردن و پەککەوتن لە نەخۆشییەکە زۆرە؛ رێژەی مردن گەیشتووەتە 50٪ بۆ 60٪، بەڵام ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند زووتر سەردانی نەخۆشخانە دەکەیت؛ پەککەوتنیش بە مانای ئەوەیە رەنگە بەشێک لە ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە کاتی خوێنبەربوون تووشی لەکارکەوتن بن".
هاوڵاتی تۆمەتبارێکی بیانی بەناوی هەلیکارەوە کۆمپانیایەک دادەنێت و دەستدرێژی دەکاتە سەر دوو کچ. بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان و خێران لەسلێمانی ڕایگەیاند:ڕۆژی 25/6/2023 تۆمەتبارێك بە ناوی (د.ب.ع) تەمەن (35) ساڵ خەڵكی دەرەوەی هەرَیمە دەستگیرکرا. ئەوەشی خستووەتەڕوو: تۆمەتبار بەناوی هەلی كارەوە كۆمپانیایەكی داناوە لە سلێمانی پاش ئەوەی دەست درێژی دەكاتە سەر دوو کچ و بڕێك پارەشیان لێ وەردەگرێت، دوێنێ هەردوو کچەکە سەردانی نوسینگەی(ڕۆژهەڵات)ی سەر بەبەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانو خێزانیان كردبە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا، دەست بەجێ بەفەرمانی (دادوەری لێكۆڵینەوەی توندوتیژی خێزانی ) ناوبراو دەستگیركراو بەپێی ماددەی (393) لەسەر فەرمانی دادوەر ڕاگیراوە.
هاوڵاتی بەپێی ئامارێک لە ساڵی ٢٠٢١، لە سەرانسەری جیهاندا لە هەر ١٧ کەسێک یەک کەس ماددەی هۆشبەر بەکارهێناوە. نووسینگەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان ''راپۆرتی جیهانی ٢٠٢٣ی ماددەی هۆشبەر''ی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە: لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ٪٢٣ زیادی کردووە و لە ساڵی ٢٠٢١دا، لە هەر ١٧ کەسێکی ١٥-٦٤ ساڵان یەک کەس ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە. هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٢٩٦ ملیۆن کەس ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە، ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٨٤ ملیۆن بووە و لەو یەک ساڵەدا رێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سەدا ١٨ زیادی کردووە. وەک لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە: خەمڵاندنەکان بۆ ئەو کەسانەی دەرزی ماددە هۆشبەر بەکاردەبەن زیاترە لە ساڵانی پێشوو، بەو پێیەی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەرکردن و دەستێوەردانەکانی دیکە بەپێی پێویست نییە. لە راپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو ماریجوانا زۆرترین بەکارهێنەری هەیە لە جیهاندا و لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢١٩ ملیۆن کەس ئەم ماددەیان بەکارهێناوە، کە دەکاتە سەدا چواری ژمارەی دانیشتوانی جیهان.
هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی کوشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت یەکێک لە گەورەترین ئاڵانگارییەکانی بەردەام عێراق دۆسیەی ئاوەوتورکیاش هاوکار نییە ،دەشڵێت، پارەیەکی زۆر وەکو پاڵپشتی بۆ دابینکردنی تەکنینی نوێی ئاودێری تەرخانکراوە. فالح خەزعەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند،" ئاڵەنگاری گەورەی عێراق لە دوای دۆسیەی ئاسایش ئاوە و تورکیاش هاوکار نییە لە زیادکردنی بەشەئاوی وڵاتدا. " سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی کوشتوکاڵ و ئاو ئاماژەی بەوەکرد، " لە بودجەی ئەمساڵدا 300 ملیۆن دۆلار وەکو پاڵپشتی بۆ دابینکردنی تەکنینی نوێی ئاودێری تەرخانکراوە و ئەو هەنگاوەش بۆ ڕاستکردنەوەی دۆسیەی ئاودێری و پشتیوانی کشتوکاڵە لە وڵاتدا. " دەشڵێت، ئەوان کاریان کردوە بۆ هەموارکردنەوەی ڕێنماییەکان بۆ هاوردەکردنی دارخورمای دەگمەن، کە بوەتەهۆی زیادبوونی پاڵپشتی جوتیاران و زیادکردنی ژمارەی دار خورما بۆ زیاتر لە 20 ملیۆن دار خورما.
دەزگای دادی ئێران ئاشکرای دەکات بەهۆی لێبوردنەکانەوە ژمارەیەک زۆر لە بەندکراوانی ئەو وڵاتە ئازاد کراون و زیاتر لە 500 کەسیش لە سزای سێدارە رزگاریان بوە. غوڵامحسێن موحسین ئێژەی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بەهۆی لێبوردنەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لانیکەم 98 هەزار بەندکراوی زیندانەکانی ئێران ئازاد کرابون کە بە وتەی ئەو دوژمنانی دەسەڵات پلانیان بۆ داڕشتبون. بە پێی وتەکانی ئێژەیی پێدەچێت سەرجەم ئەو کەسانەی کە ئازاد کراون بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی زیندانیی کرابن بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەواڵی ئازادکردنی زۆربەی زیندانیانی ناڕەزایەتییەکانیان پشتڕاست نەکردوەتەوە. ئێژەی وتیشی: دۆسیەکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی 120% زیادی کردوە و لێکۆڵینەوە لە 20 هەزار دۆسیەی تایبەت بە بەندکراوانی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە کراوە. تا ئێستا هیچ دەزگایەکی کۆماری ئیسلامی ژمارەی راستەقینەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی ئاشکرا نەکردوە و تەنها بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لانیکەم 10 هەزار کەس لە رۆژهەڵات و 60 هەزار کەس لە شارەکانی ئێران دەستگیرکراون. سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کردوە: 551 بەندکراو کە بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانەکاندا بون بە هەوڵی چالاکوانان و کەسانی خێرخواز بە رەزامەندیی سکاڵاکارەکانیان سزای سێدارەیان هەڵوەشێنراوەتەوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کردوە؛ لە نزیکەی شەش مانگی ئەمساڵدا 352 بەندکراو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون. لە ئێران 268 زیندانی ئاشکرا هەیە کە لەو ژمارەیە تەنها 108زیندان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چاودێریی و بەڕێوەدەبرێن چونکە 51 زیندان سەر بە دەزگای هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات) و 29زیندان لە ژێر دەسەڵات و چاودێریی سوپای پاسداران-دایە.
هاوڵاتی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ناوەڕاستی ئەم مانگە و پێش زیاتر لە هەفتەیەک ئاگاداری پلانەکەی پریگۆژین بووە و زانیویەتی لە پوتن هەڵدەگەڕێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەمەریکییەکە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا هەفتەیەک پێش هەڵگەڕانەوەی فەرماندەی ڤاگنەر لە مۆسکۆ ئاگاداری پلانەکە بوون و سەرۆکی ئەمەریکا، پێنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێسیشیان ئاگادارکردووەتەوە. واشنتن پۆست زانیارییەکانی لە چەند سەرچاوەیەکی ناو حکومەتی ئەمەریکاوە بەدەستیکەوتوون، ئاماژەی بەوەکردووە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا تەواوی وردەکارییەکانی گەیاندووەتە لایەنە باڵا پەیوەندیدارەکان و بەگوێرەی ئەو زانیارییانە بەرپرسانی ئەمەریکا تاکە نیگەرانیان ئەوەبووە، ئەگەر پوتن لە دەسەڵات نەمێنێت مەترسی ئەوە هەیە رووسیا رووبەڕووی شەڕی ناوخۆ ببێتەوە، ئەوکات کۆنترۆڵی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لەدەستی کێ دەبێت و مەترسی و لێکەوتەکانی چی دەبن، بۆ ئەمەریکییەکان جێی دڵیانیی نەبووە. هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدنیش ئاشکرای کردووە، ئامادەکاری تەواویان بۆ هەموو سیناریۆیەک کردبوو لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی هەواڵگری ئەمەریکا لەبارەی هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر دژ بە مۆسکۆ پێیان گەیشتبوو. ڕۆژنامەکە دەشڵێت، پریگۆژین ئەم بڕیارەی بە مەترسی بۆسەر خۆی زانیوە و دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ئاگاداری پلانەکەی بووە بۆ هەڵگەرانەوە لە وەزارەتی بەرگری و جووڵەپێکردنی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ. وەک ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا روونیکردووەتەوە، بەرپرسانی ئۆکرانیاش ئاگاداری پلانەکە بوون بەڵام بەدیاریکراوی نەیانزایوە کەی پلانەکەی جێبەجێ دەکات.
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی حەفتەیەکدا لە هەموو تورکیا و باکوری کوردستان سێ هەزار و 192 پەنابەر دەستگیرکراون و لەو ژمارەیە هەزار و 831 پەنابەر دیپۆرت کراونەتەوە. عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە ئەکاونتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا رایگەیاند، رێگرییەکانیان بۆ کۆچی نایاسایی بەردەوامە. یەرلیکایا رایگەیاند کە لە 16 تاوەکو 22ی ئەم مانگە، لە هەموو تورکیا کە باکوری کوردستانیش دەگرێتەوە، سێ هەزار و 192 پەنابەر دەستگیرکراون کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتونەتە نێو تورکیا و لەو ژمارەیە هەزار و 831 پەنابەر دیپۆرت کراونەتەوە. دوای هەڵبژاردنەکان، سیاسەتی تورکیا لەبەرامبەر پەنابەران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ژمارەی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنی پەنابەران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەگوێرەی ئامارێک کە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا بڵاوی کردووتەوە، لە ئێستادا 17 هەزار پەنابەر لە تورکیا دەستگیرکراون و کاروبارەکانیان بۆ دیپۆرتکردنەوە بەردەوامە.
هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەی خولیی خۆی لە نوسینگەی هادی عامری ئەنجامدا" بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانی وڵات." هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتیی خۆیان بۆ "ئەو بڕیار و ڕێوشوێنانەی حکومەت لەخزمەتی هاوڵاتیدا گرتویەتیەبەر دەربڕی، هەروەها پێشوازیان لە بەردەوامی جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگەکان و تەواوکردنی سەرجەم ئەو پلانانەی لە پرۆگرامی وەزاری حکومەتدا هاتوە بۆ پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکان و بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام کرد."
هاوڵاتی سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە. بەگوێرەی زانیاریانەکان، سبەینێ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر، مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە. هەر بەگوێرەی زانیاریەكان، بەشێك لە ئامانجی سەردانەكانی ئەمڕۆی شاندی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و كۆبونەوەی لەگەڵ هەریەك لە بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی پەیوەست بوە بەوەرگرتنی بۆچونەكانیان سەبارەت بەكۆبونەوەكەی سبەینێی نێوان هەردو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی. هاوکات چاوەڕواندەكرێت كۆبونەوەكە لەسەر چەند پرسێكی گرنگ و پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكرێت.
هاوڵاتی یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە سنووری كۆیە تۆماركرا. کەسوکاری هاووڵاتییەکە دەڵێن "ئاژەڵدار نین". ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی حوەزەیرانی 2023 هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی سماقوڵییە و لە "چوار رۆژ لەمەوبەر" لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر گیانی لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی درەنگ هاتنەوەی پشکنینەکەی لە بەغدا ئەمڕۆ دڵنیابوونەتەوە، کە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە بووە گیانی لەدەستداوە. ئەو هاوڵاتییە تەمەنى زیاتر لە حەفتا ساڵە و بە وتەى کەسوکارەکەى هیچ ئاژەڵێکیان نیە، بەڵام کێشە لە تەندروستى گورچیلەکانیدا بووە. هاوکات جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى کۆیە ڕایگەیاند" کەسوکارى ئەو هاوڵاتییە رەتى دەکەنەوە کە بەتاى خوێنبەربون گیانى لەدەستدابێت و لەسەر ئەوە سکاڵا لەسەر وەزارەتى تەندروستى تۆمار دەکەن" ئەمساڵ لە 01-01-2023 تائێستا لە پارێزگاکانی عێراقدا، زیاتر لە 250 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون کە زیاتر لە 35 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە هەولێر 8 تووشبوو تۆمارکراون کە 4 یان گیانیان لەدەستداوە، لە سلێمانی هیچ کەسێک تووشی نەخۆشییەکە نەبووە، لە دهۆکیش سێ تووشبوو تۆمارکراون .
هاوڵاتی لە هەولێر سێ منداڵ، کە یەکێکیان تەمەنی پێنج مانگانە دۆزرانەوە و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان دەڵێت، لەلایەن باپیریانەوە فڕێدراون. منداڵەکان لە دوو کوڕ و کچێک پێکهاتوون، یەکێک لە کوڕەکان تەمەنی نۆ ساڵە و ئەوەی دیکەیان 10 ساڵانە، كچەکەش تەمەنی پێنج مانگە. بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر رایگەیاند، منداڵەکان لە رۆژی 25.6.2023 لە گەڕەکی نوسەرانی شاری هەولێر لەسەر شەقام فڕێدرابوون هێنراونەتە نوسینگەکەیان لە منارە. بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، لەدوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە ئەم منداڵانە پێش ماوەیەک باوکیان دەستگیرکراوە و دایکیشیان لەلای باپیری منداڵەکان (باوکی هاوسەرەکەی) بەجێیهێشتوون و ئەمڕۆ باپیریان ئەوانی هێناوە و لەسەرشەقام فڕێیداون. بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، "دادوەری توندوتیژی خێزانی بڕیاریداوە دوو منداڵە کوڕەکان ببرێن بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر و منداڵە کچە پێنج مانگەکەش ببریت بۆ خانەی چاودێری منداڵان لەناو نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر."
هاوڵاتی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا لە ئیدلب هێرشیان کردە سەر گروپە چەکدارەکان دژی حکومەتی سوریا و لانیکەم 7 کەس کوژران. رامی عەبدولرەحمان سەرۆکی مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، هێرشە ئاسمانیەکە لە ناوچەی جسر شوگوری ئیدلب ئەنجامدراوە و بەو هۆیەوە سێ چەکداری نزیک لە تورکیا و چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. سەرۆکی مەرسەدی سوریا دەشڵێت، ئەمڕۆ بە گشتی لە هێرشەکاندا 25 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. روسیا لە ساڵی 2015ەوە بە شێوەیەکی بەهێز و لە رێگەی سەربازیەوە پشتگیری لە حکومەتی سوریا دەکات. هەرێمی ئیدلیب بە گشتی لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپی هەیئە تەحریر شامدایە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەلقاعیدەوە هەیە. لە باکوری ئیدلبیش ژمارەیەک گروپ هەن کە راستەوخۆ پشتگیری لە تورکیا بە دەست دەهێنن. هەر ئەمڕۆ بەگوێرەی میدیاکانی سوریا، لە گوندێکی رۆژئاوای پارێزگای دەرعای سوریا، مینێک بە کاروانێکی پۆلیسی سوریاوە تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە چوار پۆلیس گیانیان لەدەستداوە و پۆلیسێکیش بریندار بووە. بەگوێرەی ئامارێکی مەرسەدی سوری، لە سەری ساڵەوە، تەنیا لە پارێزگای دەرعا 254 هێرشی جیاواز روویانداوە و بەو هۆیەوە 197 کەس کوژراون کە زۆربەیان ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سوریا و خەڵکی مەدەنین.
هاوڵاتی هاتوچۆى دەربەندیخان رایدەگەیەنێت؛ بۆ ماوەى 24 کاتژمێر تونێلى دەربەندیخان بەڕوى شۆفێراندا دادەخرێت و هاتوچۆى تێدا ناکرێت. بەپێى راگەیەنراوێکى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى دەربەندیخان، بەمەبەستی هێڵکاری لە شەقامی ناو تونێڵی دەربەندیخان کاتژمێر( 12:00)ی ئەمشەو، تونێلى دەربەندیخان بۆ ماوەى 24 کاتژمێرى تەواو دادەخرێت. دەشڵێت: رێگاى جێگرەوە بۆ هاتوچۆکردن شاخى بەرانان دەبێت و پێویستە شۆفێران لەوێوە هاتوچۆ بکەن.
