بەرپرسێکی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت: ئێران تێپەڕاندنی هێڵی سوری بۆ پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم راگرتوە و سەرۆکی ئاژانسی ئەتۆمیی دەڵێت: تاران وەک پێویست هاوکاریی ئاژانسەکە ناکات. زاچی هانێگبی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی رایگەیاند؛ لە ئێستادا بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی و رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی هێڵە سورەکانی تەلئەڤیڤ-ی تێنەپەڕاندوە بۆیە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکان نزیک نەبونەتەوە. بە وتەی هانێگبی: ئیسرائیل بە بەردەوامیی خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری تێپەڕاندنی هێڵە سورەکان، هێرشی پێشوەختە بکرێتە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران. وتیشی: رون نییە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران چی دەبێت بەڵام ئەوەی رونە مەرج نییە ئیسرائیل پابەندی هیچ جۆرە رێککەوتنێکی نێوان واشنتۆن و تاران بێت. لە لایەکی دیکە رافائیل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی رایگەیاندوە؛ ئاستی هاوکارییەکانی ئێران بۆ ئاژانسەکە کەمە و دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 بە تەواوی راگیراوە. گروسی ئاشکرای کرد ئەو ئاگاداری دانوستان و کۆبونەوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی و رەخنەی لە ئێران گرت کە وەک پێویست هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ناکات بۆ چاودێریی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێستای ئێران دەگاتە 60% لە کاتێکدا بە پێی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015-ی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 نابێت رێژەی پیتاندنی ئەو وڵاتە لە 5% زیاتر بەرز ببێتەوە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش رایانگەیاندوە؛ ئەگەر رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرز بکرێتەوە هێرش دەکەنە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران.

هاوڵاتی حکومەتی روسیا بەنیازە موچەی کارمەندانی سوپای ڕوسیا زیادبکات، ئەوەش دوای چەند رۆژێک لە یاخیبونی چەکداری لەلایەن گروپی تایبەتی ڤاگنەرەوە. لە نوسراوێکی فەرمی حکومەتی روسیا دەرکەوتووە، بڕیاردراوە موچەی سەربازانی سوپای روسیا بە رێژەی ١٠٪ زیاد بکرێت و ئەو بڕیارەش لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە جێبەجێدەکرێت. ئەو بڕیارەی حکومەتی روسیا دوای دو هەفتە لە یاخیبونی چەکداری گروپی سەربازی تایبەتی روسی ڤاگنەر دێت، رۆژی شەممەی رابردوو گرووپی چەکداری ڤاگنەر کە بەشێک بوون لە سوپای رووسیا و لە جەنگی ئۆکرانیادا بەشدار بوون هەڵگەڕانەوەی خۆیان لە دژی رووسیا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ئەو وڵاتە راگەیاندوگروپەکە بۆ ماوەیەکی کورت دەستی بەسەر شاری ڕۆستۆڤ لە باشوری ڕوسیادا گرت و بە ئاراستەی مۆسکۆ پێشڕەوی کرد. دواتر بە نێوەندگیری سەرۆکی بێلاروسیا گرووپى ڤاگنەر کۆتایی بە یاخی بوونەکەی هێنا و سەرۆکی رووسیاش رایگەیاند، سەرجەم تۆمەتەکانی یاخی بوون لەسەر فەرماندەی گرووپی چەکداری ڤاگنەر هەڵگیراوە و چەکدارانیشی دەتوانن یان ببنە سەربازی سوپای روسیا یان بچنە بێلاروسیا.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، چوار هاووڵاتییان بە تۆمەتی سووتاندنی پووش و پاوانی ناوچەکانی وێڵەیەر، بەکرەجۆ و دێکۆن دەستگیرکردووە کە دووانیان بە "ئەنقەسەت" ئاگریان لە زەوییەکان بەرداوە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی 30ـی حوزەیرانی 2023،  رایگەیاند، "چوار تۆمەتباری سووتاندنی پووش و پاوانی ناوچەکانی وێڵەیەر، بەکرەجۆ و دێکۆن دەستگیرکران". ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، دوای لێکۆڵینەوە و دەستکەوتنی زانیاری، دوێنێ پێنجشەممە بە فەرمانی دادوەر چوار تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، تۆمەتباران وەکو تۆمەتباری دروستکردنی سێ رووداوی ئاگرکەوتنەوە دەستگیرکراون، کە یەکێکیان لە ناوچەی وێڵەیەر روویداوە و دوو لە تۆمەتباران "دانیان بەوەدا ناوە دوای بەسەربردنی کات بە ئەنقەست ئاگریان لەو ناوچەیە بەرداوە و ئەوەش بووەتە هۆی سووتانی چەندین دۆنم پووش و پاوان". بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەروەها لە ناوچەی عەزیزئاوا کەسێک کە باری دەروونی "جێگیر نییە" بووەتە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرێک؛ ئاگرێکی دیکەش هاووڵاتییەک هۆکار بووە کە ویستوویەتی باخەکەی لە گوندی دێکۆن لە ناحیەی بەکرەجۆ پاکبکاتەوە بۆ ئەوەش ئاگری کردووەتەوە و بووەتە هۆی سووتانی چەندنین دۆنم پووش و پاوان. ئاسایش ئاماژەی بەوەکردووە، دادوەر دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ هەر چوار تۆمەتبارەکە کردووەتەوە. ئەمساڵ لەکاتی پێگەیشتنی گەنمی جووتیاراندا، چەندین دۆنم زەوی بە گەنم چێندراو بە ئاگر سووتان و زیانێکی زۆری مادی بە خاوەن زەوییەکان گەیاند.  

هاوڵاتی کوژرانی گەنجێکی تەمەن 17 ساڵان لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە، بازنەی ناڕەزایەتییەکانی فراوان کردوە و پەلی هاویشتوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت کۆڵانەکان وەک مەیدانی جەنگیان لێ هاتوە و داوا لە دایک و باوکان دەکات رێگە بە هاتنەدەرەوەی گەنجان لەماڵ نەدەن. دوای ئەوەی گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ لەلایەن پۆلیسی فەڕەنساوە کوژرا، خۆپیشاندەران سێ شەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە کوژرانی نایل لە شارە جیاوازەکانی وڵات رژاونەتە سەر شەقامەکان. میدیای فەڕەنسا بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بڵاوی کردوونەتەوە، رایگەیاند لە رووداوەکانی شەودا ٨٧٥ کەس دەستگیرکراون. لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا لەمیانی ئەو خۆپیشاندانەی دوێنی بۆ یادی گەنجە کوژراوەکە بەڕێوەچوو، گرژی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران رووی دا. به‌پێی ئه‌و هه‌واڵەی له‌ میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، چالاکوانانی ناوچەی ١٢ی پاریس یارییە ئاگرینەکانیان بەسەر بنکەیەکی پۆلیس تەقاند. لە شاری ئۆبەرڤیلیێرس-ی پاریسی پایتەخت ئاگر لە ١٢ پاس بەردرا و ئەوانەی لە شاری ریمز بەسەر بنکەیەکی پۆلیسیان دادا، جلوبەرگی پۆلیسییان لە بنکەکە دزی. لە شاری لیل باکووری فەڕەنسا بەشێک لە بینای شارەوانی سووتێنرا و ئاگر لە بینای سەنتەرێکی پەیوەندیکردن لە شاری لیل بەردرا. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ژوری ئۆپەراسیۆنی بۆ روداوەکان دروست کرد، لە پەیامێکیشدا دەڵێت: کۆڵانەکانی فەڕەنسا وەک مەیدانی جەنگیان لێ هاتوە، داوای کرد "پۆستە هەستیارەکان" کە دەبنە هۆی زیاتر تەشەنەسەندنی توندوتیژییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵبگیرێن. لەلایەکی دیکەوە ئێلیزابێت بۆرن، سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا لەبارەی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان رایگەیاند بۆ پاراستنی سیستەمی وڵات هەمو ئەگەرێک کراوەیە بە راگەیاندنی باری لەناکاویشەوە. رۆژی 27ی حوزەیران لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا، لە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک کە سێ کەسی تێدابو و گوێیان بە ھۆشداری "بوەستە"ی پۆلیس نەدا، شوفێری ئۆتۆمبێلەکە بەھۆی دەستڕێژی گوللەی پۆلیسەوە کوژرا. لەبارەی روداوەکە لێکۆڵینەوە دەستی پێ کرد و ئەو پۆلیسەی گومانی ئەوەی لێ کرا کە تەقەی کردبێت، دەستگیر کراوە.

هاوڵاتی ئەمریکا جارێکی تر وەک ئەندام گەڕایەوە ناو رێکخراوی یونسکۆ، دوای ئەوەی لەسەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لە رێکخراوەکە کشایەوە. سانتیاگۆ ئیرازابال سەرۆکی رێکخراوی یونسکۆ سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لە رێکخراوی یونسکۆ کشایەوە، ئیدارەی ئێستای کۆشکی سپی بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن داواکارییەکی نوێی پێشکەشکرد بۆئەوەی جارێکی تر وەک ئەندام لە رێکخراوەکە وەربگیرێتەوە. له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانی كۆنگره‌ی له‌ناكاوی رێكخراوی یونسكۆی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان 132 وڵات ده‌نگیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دا بۆ ناو رێكخراوه‌كه‌، كه‌ له‌وه‌ته‌ی سه‌رده‌می دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكاوه‌ له‌ رێكخراوه‌كه‌ كشابووه‌وه‌، هاوكات 15 وڵاتی دیكه‌ی ئه‌ندام ده‌نگیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ نه‌دا، له‌ دیارترین ئه‌و وڵاتانه‌یش رووسیا، سووریا، ئێران و چین بوون. ئه‌مه‌ریكا ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری یونسكۆیه‌ و تاوه‌كو ساڵی 2011 یه‌كێك بوو له‌ گرنگترین به‌شداربووانی بوودجه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌، كاتێك ئه‌ندامیه‌تی ته‌واوی به‌ فه‌ڵه‌ستین دا له‌ناو رێكخراوه‌كه‌دا، ئه‌مه‌یش بووه‌ هۆكاری وه‌ستانی هۆكاره‌كانی به‌گوێره‌ی یاسای ئه‌مه‌ریكا. ئه‌مه‌ریكا به‌ر له‌ وه‌ستان و هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شدارییه‌كانی له‌ ساڵی 2011، بڕی نزیكه‌ی 22%ـی بوودجه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ی دابین ده‌كرد، كه‌ بڕه‌كه‌ی ده‌گاته‌  75 ملیۆن دۆلار. دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ساڵی 2017 له‌پاڵ ئیسرائیلدا، بڕیار كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاند و ئه‌و رێكخراوه‌ی به‌ دژ و نه‌یاری ئیسرائیل له‌ قه‌ڵه‌م دا و ساڵی 2018 بڕیاره‌كه‌ی برده‌ بواری كرده‌یی.  

هاوڵاتی وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاند ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24 فڕۆکەی جەنگی چینی، لەنێویاندا فڕۆکەی جەنگی و بۆمبڕێژکراو، لە نزیک تایوان، تا کاتژمێر 8:00ی بەیانی بەدیکراون  ڕاشیگەیاندووە تایوان فڕۆکە و کەشتیی ناردووە بۆ ئاگادارکردنەوەی چالاکییەکانی چین، لەکاتێکدا سیستەمی موشەکی چاودێرییان دەکرد. بەرپرسێکی باڵای ئەمنی تایوان بە ئاژانسی ڕۆیتەرز-ی راگەیاندوە، پێدەچێت چالاکییەکانی ئەمڕۆ هەینی چین لە وەڵامی سەردانێکی شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مایک ڕۆجەرز، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تایپە بێت. چین لە مانگی نیساندا لە دەوروبەری دورگەکەدا مانۆڕی ئەنجامدا، ئەوەش وەک وەڵامێکی توڕەیی بۆ کۆبونەوەی سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا. ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی تەقەمەنی و پێداویستی لۆجستی بە تایوان بە دو گرێبەستی جیاواز بە بەهای تا 440 ملیۆن دۆلار پەسەندکرد.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، لەدواى بانگەوازەکەى موقتەدا سەدر، هەزاران کەس لە بەردەم بینای باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا خۆپیشاندانیان کرد، بە خوێندنى قورئان و تونەوەى چەند دروشمێک، ئیدانەى سوتاندنى کۆپییەکى قورئانیان کرد. لاى خۆشییەوە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند؛ عێراق شوێنی سویدییەکان نیە، پێویستە حکومەتی عێراق دەستبەجێ هەمو تیمە دیپلۆماسیی و سەربازییەکانی سوید لە عێراق بکەنە دەرەوە. هاوکات هەر ئەمڕۆ، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، باڵیۆزخانەى عێراق لە ستۆکهۆڵم نامەیەکى لە جان کنۆستن، بریکاری وەزارەتى دەرەوەى سوید پێگەیشتوە کە ئاڕاستەى عێراق و وڵاتانى ئەندامى رێکخراوى هاریکاریی ئیسلامى کراوە و تیایدا هاتوە "لە قوڵایی دڵەوە گوزارشت لە نیگەرانی خۆمان دەکەین سەبارەت بە روداوى سوتاندنى قورئان لەبەردەم مزگەوتى گەورەى ستۆکهۆڵم". هاوکات سەرۆکوەزیرانی سوید باسی لە کاردانەوەکان بەرامبەر بە سووتاندنی قورئان کرد لە دەرەوەی سوێد و باسی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکانی سویدی کرد و رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە ئەوە شتێکی قبووڵکراو نییە کە خەڵک لە وڵاتانی دەرەوەی سوید بەشێوەیەکی نایاسایی خۆیان بگەیێننە نێو باڵیۆزخانەی سوید." ئەو قسانەی سەرۆکوەزیرانی سوید دوای ئەوە هات کە خۆپێشاندەران لە بەغدا خۆیان گەیاندە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵآتە لە بەغدا. هەروەها لەبارەی سووتاندنی قورئان، سەرۆکوەزیرانی سوید دەڵێت: "تەنیا لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی هەندێک شت یاسایین، مانای ئەوەی نییە گونجاو بێت."  هەموو ئەم ڕوداوانە دوای ئەوە هات پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بە ناوی سەلوان مۆمیکا، لە یەکەمین رۆژی جەژنی قوربان، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم، کۆپیێکی قورئانی  سووتاند. سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان  لە سەرانسەری وڵاتانی زۆرینە موسڵمانان و چەند وڵاتێکی دیکەش ناڕەزایی و سەرکۆنەکردنی بەدوای خۆیدا هێنا.  

هاوڵاتی ئەو پۆلیسەی لە پاریس تەقەی لە مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ کرد، تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی درایە پاڵ. ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی بڵاویکردەوە، پاسکال براچ، داواکاری گشتی شاری نانتێر تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی خستەپاڵ ئەو پۆلیسەی رۆژی سێشەممە 27ـی مانگ تەقەی لە مێرمنداڵەکە کرد. داواکاری گشتی پێی وایە کە مەرجە یاساییەکانی بەکارهێنانی چەک جێبەجێ نەکراون، داوای راگرتنی ئەو پۆلیسەشی کرد کە تۆمەتەکەی دراوەتە پاڵ، کە بەپێی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئەم داواکاریە لەمجۆرە حاڵەتانەدا، بژاردەیەکی دەگمەنە. هاوکات بەگوتەی پارێزەرەکەی، پۆلیسەکە داوای لێبوردنی لە خێزانی مێرمنداڵەکە کردووە. پارێزەری پۆلیسەکە گوتیشی: ئەو پۆلیسە 38 ساڵە فەرەنسیە بە بینینی ڤیدیۆکە تووشی شۆک بووە و تەواو رووخاوە، چونکە ئەو بەیانیان لەخەو هەڵناستێت بۆئەوەی خەڵک بکوژێت. دایکی مێرمنداڵەکەش کە خەڵکی جەزائیرە پێی وایە، رووداوی کوشتنەکە پاڵنەری رەگەزپەرستی لەپشتە. کوژرانی مێرمنداڵێک بەناوی نائل بەدەستی پۆلیسی فەرەنسا، تووڕەیی و کاردانەوەی فەرەنسییەکانی لێکەوتەوە و، لە پاریس و شار و شارۆچکەکانی دیکە خۆپیشاندان دەستی پێ کرد و تا ئێستا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی خۆپیشاندانەکانەوە، زیاتر لە 150 کەس دەستگیرکراون.

هاوڵاتی بەهۆی شەپۆلێکی خۆڵبارین کە ماوەی شەش رۆژە پارێزگای سیستان – بەلوچستانی لە باشووری رۆژھەڵاتی ئێران گرتووەتەوە، هەزار و ١٩٠ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و کەسێکیش گیانی لەدەست داوە. ئاژانسی ھەواڵی ئێرنا بڵاوی کردەوە، ماوەی شەش ڕۆژە شەپۆلێکی خۆڵبارین، پارێزگای سیستان-بەلوچستانی گرتووەتەوە کە بەھۆیەوە تا ئێستا، هەزار و ١٩٠ کەس تووشی ھەناسە تەنگی بوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە. هاوکات لەو هەزار کەسە کە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان دوای وەرگرتنی چارەسەریی پێویست نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە،چارەسەریی١٧٠ کەس بەردەوامە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.

هاوڵاتی دوای ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان  سکرتێری نوێی ھەڵبژارد. بەپێی راگەیەنراوی  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پلێنۆمی ١٦  لە ھەلومەرجێکی تایبەت بەڕێوەچووە، کە تێیدا رەزا کەعبی بە سکرتێری گشتی کۆمەڵە و فەریبا محەمەدی وەک وتەبێژی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحەتکێشانی کوردستان دیاریکران. ئاماژە بەوەشکراوە، دوابەدوای ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ درێژەپێدانی ژیان و تێکۆشانی سیاسی خۆی و شکستی پرۆسەی یەکگرتنەوە، پلێنۆم جارێکیتر جەختی کردەوە، راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بۆ درێژەدان بە تێکۆشانی ڕێکخراوەیی و سیاسی و ھەڵوێستێکی پێویست و بە جێ بووە. ئەوە لە کاتێکدایە ٢١ی ئەم مانگە دوای حەوت مانگ، یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشان ھەڵوەشایەوە، رۆژی ٢٢ی مانگیش شەڕ لەنێوان پێشمەرگەکانی ھەر دوو کۆمەڵە روویدا و دوو پێشمەرگەی زەحمەتکێشان گیانیانلەدەستدا.

هاوڵاتی دوای بانگەوازەکەی سەدر، بەشێک لە لایەنگرانی رەوتی سەدر لەدژی سوتاندنی قورئان لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لەبەغداد گردبوونەوە و ئامادەکاریش دەکرێت بۆ ئەوەی سبەینێ خۆپیشاندانی ملیۆنی رێکبخرێت. موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدڕ، لە تویتێکدا داوای لە شوێنکەوتووانی کرد لە عێراق خۆپیشاندانێکی فراوان دژی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە وڵاتی سوید ئەنجامبدەن، داوا لە حکومەتی عێراق بکەن، باڵیۆزی سوید لە عێراق دەربکات و سەرجەم پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بپچڕێنێت. دوای بانگەوازەکەی سەدر، ژمارەیەک لەلایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لەبەغداد گردبوونەوە و داوایانکرد باڵیۆزی سوید دەربکرێت. لای خۆیەوە، لیژنەی ناوەندی رەوتی سەدر رایگەیاند، ئێوارەی ھەینی خۆپیشاندانی ملیۆنی لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.  

ئەمڕۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعیدە و هەدەپە پەیامێکی بڵاوکردەوە  ئەمڕۆ ٩٨ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی شێخ سەعید و ٤٦ کەس لە سەرکردە و هاوڕێکانی تیدەپەڕێت و هەدەپەش دەڵێت، پلانی رەتکردنەوەی کورد لە سەردەمی شێخ سەعیدەوە و تاوەکو ئیستا بەردەوامە. شێخ سەعید و ٤٦ کەس لە هاوڕێکانی لە ٢٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ لە ئامەد لە سێدارەدران و ئەمڕۆ ٩٨ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانیان تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا گۆڕەکانیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئاشکرا نەکراوە. ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و یادی شێخ و سەعید و هاوڕێکانی کردەوە. هەدەپە وتی، " ئێمە بە ڕێز و خۆشەویستیەوە یادی شێخ سەعید و هاوڕێکانی دەکەینەوە کە لەلایەن دادگای ئیستقلالەوە لە ٢٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ لە ناوەڕاستی ئامەد لەسێدارەدران. ٩٨ ساڵ لەمەبەر هێرش کرایەوە لە داواکاری ئازاد و مافی رەوای گەلی کورد. دەوڵەتی تورکیا بە پلانی شەرق ئیسلاحات ( گۆڕانی رۆژهەڵات) دەستی بە پاکتاوکردنی کورد کرد و لە ئێستاشدا حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە بە پلانی تواندنەوە هەمان سیاسەتی لەدژی گەلی کورد بەڕێوە دەبەن."

هاوڵاتی سکرتیری گشتی ناتۆ رایگەیاند، بەرپرسە گەورەکانی تورکیا و سوید و فینلەندا کۆدەبنەوە و پرسی سەرەکی کۆبونەوەکە ئەندامێتی سوید دەبێت لە ناتۆدا. یانس ستۆڵتەنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لە بروکسێلی پایتەختی ناتۆ، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسی ئەنجامدا و وتی، " ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئێمە وەک ناتۆ پێشوازی لە سوید بکەین." یانس ستۆڵتەنبێرگ باسی ئەوەشی کرد شاندە دانوستانکارەکانی وەزیرانی دەرەوە و راوێژکارە هەواڵگریەکانی هەر سێ وڵاتی تورکیا، سوید و فینلەندا رۆژی حەوتی تەمووز کۆدەبنەوە. سوید داوا دەکات، بەر لە کۆبونەوەی ناتۆ کە بڕیارە ١١ی تەمووز لە لیتڤانیا بەڕێوە بچێت، ئەنقەرە ئەندابوونی لە ناتۆدا پەسەند بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ 28ی مانگ، کەسێکی بەرەگەز لە سوید قورئانی سووتاند و ئەمەش کاردانەوەی توندی تورکیای لێکەوتەوە. لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا ، کاتێک روسیا هێرشی کردە سەر ئوکراین، فینلەندا و سوید پێکەوە داواکاریان بۆ ئەندامێتی ناتۆ پێشکەش کرد. تورکیاش وەک ئەندامێکی ناتۆ رایگەیاند، ئەو ئامادە بە مەرجێک ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا قبوڵ بکات کە هەردوو وڵات و بە تایبەتی سوید ژمارەیەک کەسایەتی رادەستبکاتەوە بە تورکیا. بەڵام سوید نەچووە ژێرباری تورکیا و بۆیەش رەجەب تەیب ئەردۆغان تەنیا ئەندامێتی فینلەندای قبوڵ کرد و تاوەکو ئێستا ئەندامێتی سویدی قبوڵ نەکردووە. هاوپەیمانی ناتۆ لە ٣١ وڵات پێک دێت. بەگوێرەی بەندی پێنجی پەیمانەکە کە لە ساڵی ١٩٤٩ واژۆکرا، هەر هێرشێک لەدژی وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆدا ئەنجام بدرێت، وەک هێرشی سەر هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا لێکدەدرێتەوە و پێکەوە وڵامی دەدەنەوە.

هاوڵاتی پۆلیسی پارێزگاى کەربەلا رایگەیاند، سێ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی پیاوێک دەستگیرکردووە کە هاوژینی پیاوەکە هاوکاری کردوون. بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسی پارێزگاى کەربەلا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، سێ کەسیان لە قەزاى عەین تەمر لەو پارێزگایە دەستگیرکردووە، ئەو سێ کەسە پیاوێکیان کوشتووە و هاوسەری پیاوەکەش هاوکاری کردوون. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، کوژراوەکە لە قەزاى عەین تەمر دیارنەماوە، لەدواى لێکۆڵینەوە ، تۆمەتبارانى سەرەکى ئەو رووداوە دەستگیرکراون و لە کاتى لێکۆڵینەوە دانیان بەوەدا ناوە، بە هاوکارى هاوسەرەکەی، ئەو پیاوەیان کوشتووە و دواتر تەرمەکەیان لە یەکێک لە کێڵگەکانى قەزاى عەین تەمر شاردووەتەوە.  پۆلیسی کەربەلا ئاماژەى بەوەشداوە، بەپێى لێکۆڵینەوەکان هۆکارى کوشتنى ئەو پیاوە، بوونى ناکۆکیى بووە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا.

هاوڵاتی بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاند، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی راگەیاند. بەگوێرەی پێشبینییەکان ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت و پلەى گەرما نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، ئاسمان ساماڵ دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان پەڵە هەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک، لە کاتەکانی ئێوارەدا کەمێک کاریگەری زیاد دەبێ بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان. پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بە (1-2) پلە  بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی پێشوو. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 40 پلەى سیلیزى سلێمانی: 38 پلەى سیلیزى دهۆک: 40 پلەى سیلیزى کەرکووک:  41 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 40 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 27 پلەى سیلیزى زاخۆ:  41 پلەى سیلیزى سۆران :  37 پلەى سیلیزى گەرمیان:  43 پلەى سیلیزى