هاوڵاتی دوای بانگەوازەکەی سەدر، بەشێک لە لایەنگرانی رەوتی سەدر لەدژی سوتاندنی قورئان لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لەبەغداد گردبوونەوە و ئامادەکاریش دەکرێت بۆ ئەوەی سبەینێ خۆپیشاندانی ملیۆنی رێکبخرێت. موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدڕ، لە تویتێکدا داوای لە شوێنکەوتووانی کرد لە عێراق خۆپیشاندانێکی فراوان دژی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە وڵاتی سوید ئەنجامبدەن، داوا لە حکومەتی عێراق بکەن، باڵیۆزی سوید لە عێراق دەربکات و سەرجەم پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بپچڕێنێت. دوای بانگەوازەکەی سەدر، ژمارەیەک لەلایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لەبەغداد گردبوونەوە و داوایانکرد باڵیۆزی سوید دەربکرێت. لای خۆیەوە، لیژنەی ناوەندی رەوتی سەدر رایگەیاند، ئێوارەی ھەینی خۆپیشاندانی ملیۆنی لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.  

ئەمڕۆ ساڵیادی لەسێدارەدانی شێخ سەعیدە و هەدەپە پەیامێکی بڵاوکردەوە  ئەمڕۆ ٩٨ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی شێخ سەعید و ٤٦ کەس لە سەرکردە و هاوڕێکانی تیدەپەڕێت و هەدەپەش دەڵێت، پلانی رەتکردنەوەی کورد لە سەردەمی شێخ سەعیدەوە و تاوەکو ئیستا بەردەوامە. شێخ سەعید و ٤٦ کەس لە هاوڕێکانی لە ٢٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ لە ئامەد لە سێدارەدران و ئەمڕۆ ٩٨ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانیان تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا گۆڕەکانیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئاشکرا نەکراوە. ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و یادی شێخ و سەعید و هاوڕێکانی کردەوە. هەدەپە وتی، " ئێمە بە ڕێز و خۆشەویستیەوە یادی شێخ سەعید و هاوڕێکانی دەکەینەوە کە لەلایەن دادگای ئیستقلالەوە لە ٢٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ لە ناوەڕاستی ئامەد لەسێدارەدران. ٩٨ ساڵ لەمەبەر هێرش کرایەوە لە داواکاری ئازاد و مافی رەوای گەلی کورد. دەوڵەتی تورکیا بە پلانی شەرق ئیسلاحات ( گۆڕانی رۆژهەڵات) دەستی بە پاکتاوکردنی کورد کرد و لە ئێستاشدا حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە بە پلانی تواندنەوە هەمان سیاسەتی لەدژی گەلی کورد بەڕێوە دەبەن."

هاوڵاتی سکرتیری گشتی ناتۆ رایگەیاند، بەرپرسە گەورەکانی تورکیا و سوید و فینلەندا کۆدەبنەوە و پرسی سەرەکی کۆبونەوەکە ئەندامێتی سوید دەبێت لە ناتۆدا. یانس ستۆڵتەنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لە بروکسێلی پایتەختی ناتۆ، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسی ئەنجامدا و وتی، " ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئێمە وەک ناتۆ پێشوازی لە سوید بکەین." یانس ستۆڵتەنبێرگ باسی ئەوەشی کرد شاندە دانوستانکارەکانی وەزیرانی دەرەوە و راوێژکارە هەواڵگریەکانی هەر سێ وڵاتی تورکیا، سوید و فینلەندا رۆژی حەوتی تەمووز کۆدەبنەوە. سوید داوا دەکات، بەر لە کۆبونەوەی ناتۆ کە بڕیارە ١١ی تەمووز لە لیتڤانیا بەڕێوە بچێت، ئەنقەرە ئەندابوونی لە ناتۆدا پەسەند بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ 28ی مانگ، کەسێکی بەرەگەز لە سوید قورئانی سووتاند و ئەمەش کاردانەوەی توندی تورکیای لێکەوتەوە. لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا ، کاتێک روسیا هێرشی کردە سەر ئوکراین، فینلەندا و سوید پێکەوە داواکاریان بۆ ئەندامێتی ناتۆ پێشکەش کرد. تورکیاش وەک ئەندامێکی ناتۆ رایگەیاند، ئەو ئامادە بە مەرجێک ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا قبوڵ بکات کە هەردوو وڵات و بە تایبەتی سوید ژمارەیەک کەسایەتی رادەستبکاتەوە بە تورکیا. بەڵام سوید نەچووە ژێرباری تورکیا و بۆیەش رەجەب تەیب ئەردۆغان تەنیا ئەندامێتی فینلەندای قبوڵ کرد و تاوەکو ئێستا ئەندامێتی سویدی قبوڵ نەکردووە. هاوپەیمانی ناتۆ لە ٣١ وڵات پێک دێت. بەگوێرەی بەندی پێنجی پەیمانەکە کە لە ساڵی ١٩٤٩ واژۆکرا، هەر هێرشێک لەدژی وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆدا ئەنجام بدرێت، وەک هێرشی سەر هەموو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا لێکدەدرێتەوە و پێکەوە وڵامی دەدەنەوە.

هاوڵاتی پۆلیسی پارێزگاى کەربەلا رایگەیاند، سێ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی پیاوێک دەستگیرکردووە کە هاوژینی پیاوەکە هاوکاری کردوون. بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسی پارێزگاى کەربەلا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، سێ کەسیان لە قەزاى عەین تەمر لەو پارێزگایە دەستگیرکردووە، ئەو سێ کەسە پیاوێکیان کوشتووە و هاوسەری پیاوەکەش هاوکاری کردوون. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، کوژراوەکە لە قەزاى عەین تەمر دیارنەماوە، لەدواى لێکۆڵینەوە ، تۆمەتبارانى سەرەکى ئەو رووداوە دەستگیرکراون و لە کاتى لێکۆڵینەوە دانیان بەوەدا ناوە، بە هاوکارى هاوسەرەکەی، ئەو پیاوەیان کوشتووە و دواتر تەرمەکەیان لە یەکێک لە کێڵگەکانى قەزاى عەین تەمر شاردووەتەوە.  پۆلیسی کەربەلا ئاماژەى بەوەشداوە، بەپێى لێکۆڵینەوەکان هۆکارى کوشتنى ئەو پیاوە، بوونى ناکۆکیى بووە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا.

هاوڵاتی بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاند، پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی راگەیاند. بەگوێرەی پێشبینییەکان ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت و پلەى گەرما نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، ئاسمان ساماڵ دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکان پەڵە هەور دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک، لە کاتەکانی ئێوارەدا کەمێک کاریگەری زیاد دەبێ بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان. پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بە (1-2) پلە  بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی پێشوو. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 40 پلەى سیلیزى سلێمانی: 38 پلەى سیلیزى دهۆک: 40 پلەى سیلیزى کەرکووک:  41 پلەى سیلیزى هەڵەبجە: 40 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران: 27 پلەى سیلیزى زاخۆ:  41 پلەى سیلیزى سۆران :  37 پلەى سیلیزى گەرمیان:  43 پلەى سیلیزى

هاوڵاتی لە دوای کوژرانی شوفێرێکی تەمەن 17 ساڵ بە ھۆی تەقەی پۆلیسەوە لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا، ناڕەزایەتی لە چەندین شاری ئەو وڵاتە بەڕێوەچو، بەپێی ئامارەکان تائێستا 150 کەس دەستگیرکراون. وەزیری ناوخۆیی فەڕەنسا، جێرالد دارمانین لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوژرانی شوفێرێکی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی نایل م. لەلایەن پۆلیسەوە لە شاری نانتێرێی فەڕەنسا، دەستیپێکردووە. وتیشی، خۆپیشاندەران هێرشیان کردۆتە سەر هۆڵەکان و قوتابخانەو بنکەی پۆلیسەکان و چەندین شوێنی جیاوازی دیکەی شارەکە و بەم هۆیەوە 150 کەس دەستگیرکراون و زیاتر لە 24 پۆلیسیش برینداربوون. جێرالد دارمانین جەختیشی لەوە کردەوە کە نزیکەی 40 ئۆتۆمبێل، شارەوانییەک و چەندین تەنەکەیەکی خۆڵ سوتێندراون. وەزیری ناوخۆیی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشدا کە دوێنێ ھەزار و 200 و ئەمڕۆش دوو ھەزار کارمەندی ئەمنیی خراونەتە بەر ئەرک و داوای ھێوربوونەوەی کرد و وتی گەر ئەو پۆلیسەی تەقەی لە ئەو گەنجە هەرزەکارە کردووە بە پێی یاسا بسەلمێندریت خەتابارە ئەوا سزا دەدرێت. دوای ئەوەی لە مانگی سێی ئەمساڵدا تەمەنی خانەنشینی بەرزکرایەوە لە لە ٦٢ ساڵەوە بۆ ٦٤ ساڵ  ئەوەش شەپۆلێکی فراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەندیکاکان و فەرمانبەرانی لەو وڵاتە بەدوای خۆیدا ھێناو خۆپیشاندانەکان تا دێت فراوانتر دەبن و ئاڵۆزییان تێدەکەوێت.  

هاوڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا بەردەوامە لە هەڵەکردن لەکاتی لێدوان و قسەکانیدا  لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا دەڵێت، ڤلادیمێر پوتن جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت. دووبارەبوونەوەی چەندین جارەی هەڵەکردنی بایدن لەکاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەنووسان یان پێشکەشکردنی گوتاردا، بووەتە هۆی ئەوەی گومان لە توانای بایدن بکرێت بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە و ئەویش تا ئێستا سوورە لە سەر ئەو بڕیارەی.  بایدن  جارێکی دیکە لەکاتی قسەکردندا هەڵە دەکات و لەبری ئەوەی بڵێت سەرۆکی رووسیا جەنگی ئۆکرانیا دەدۆڕێنێت، دەڵێت جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت. هەروەها لەبارەی پوتنەوە وتی، "سەختە بزاندرێت تا چەند لاوازبووە، بەڵام ئاشکرایە جەنگی عێراق دەدۆڕێنێت، لە خاکی خۆشی جەنگ دەدۆڕێنێت".  سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، "رووسیا لەلایەن جیهانیشەوە گۆشەگیر کراوە، تەنیا لەلایەن ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاوە گۆشەگیر نەکراوە، بەڵکو لەلایەن 40 وڵاتەوە، بۆ نموونە وەک ژاپۆن گۆشەگیر کراوە". هاوکات جۆ بایدن دوای هەڵبژاردنەکان لە ساڵی 2024دا تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ، لە ئێستاوە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا و بڕیاریداوە بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا خۆیهەڵبژێرێتەوە بەڵام لە کاتی قسەکردن و مامەڵەکردنیدا بەردەوام لە بەرچاوی میدیاکان هەڵەدەکات و ئەمەش گومانی دروستکردووە لەوەی بتوانێت بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە خۆی هەڵبژێرێتەوە .    

هاوڵاتی دوای ئەوەی شەوی یەکشەممە 25-06-2023 بازاڕچەی ئەمین و بەشێک لە بازاڕچەی هیدایەت لە نێوشاری نەغەدە بە هۆی کێشەی کارەباوە ئاگریان گرت داواکاری گشتیی نەغەدە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بازاڕی ئەمینی شارەکە سنووردار دەکات رووحوڵڵا سادقیان، داواکاری گشتیی نەغەدە لە راگەیێندراوێکدا  دەڵێت، تاکە ناوەندی رێگەپێدراو بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییەکانی خەڵک بۆ زیانلێکەوتووانی ئاگرگرتنی بازاڕەکانی ئەمین و هیدایەتی ئەو شارە، ئەو ئەژمارە بانکییەیە کە لەلایەن ناوەندی خێرخوازیی نیکان و لەژێر چاودێریی پێشنوێژ و گوتارخوێنی هەینی شارەکە و بە بەشداری پیاوماقووڵانی شارەکە راگەیێندراوە. داواکاری گشتیی نەغەدە دەڵێت، بەدواداچوونی یاسایی بۆ هەر چەشنە خراپ بەکارهێنانێکی بابەتی ئاگرگرتنی بازاڕەکانی شارەکە دەکەن و رێگە نادەن هەرکەسێک ویستی، دەست بە کۆکردنەوەی هاوکاری بکات. تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن تمەن کۆکراوەتەوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنبار، دەستگیرا بەسەر 250 هەزار دەنک حەبى هۆشبەرى جۆرى کاپتاگۆن و یەک کیلۆ مادەى هۆشبەرى حەشیش، کە لە قوتابخانەیەکى ئەوشارە شاردرابووەوە.  وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزێکى یەکەى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر لە پارێزگاى ئەنبار دەستیگرتووە بەسەر ئەو مادە هۆشبەرانەدا، کە لە قوتابخانەیەکى شارى روومادى ناوەندى پارێزگاکە شاردرابوونەوە کە لە قۆناخى نۆژەنکردنەوەدابووە. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، رێوشوێنە یاسایی گیراوەتەبەر بۆ دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى تۆمەتبارن بە شاردنەوەى ئەو مادە هۆشەبەرانە . بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەرى عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخیکردن بە مادەى هۆشبەر، دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.  

هاوڵاتی دوای ئەوەی کارگوزارێک ساردکەرەوەیەکی  تاقیگەیەک دەکوژێنێتەوە بەهۆی ئەوەی سەوتەکەی بێزاری دەکات ژمارەیەکی زۆر نمونە لەناودەچن بەم شێوەیەش توێژینەوەی چەندین ساڵی ئەو تاقیگەیە لەناودەچێت. دوای ڕوداوەکە سکاڵا کراوە کە تیایدا هاتووە خاوێنکەرەوەکە ساردکەرەوەی تاقیگەکەی کوژاندۆتەوە بۆ ڕاگرتنی "بیپێکی بێزارکەر" کە دروستی دەکرد بە مەش نمونە (سامپڵ)ی "زیاتر لە 20 ساڵ توێژینەوە لەناوچووە" پەیمانگای پۆلیتەکنیکی ڕێنسێلەر لە نیۆرک  سکاڵای یاسایی دژی کۆمپانیایەکی خاوێنکردنەوە تۆمارکرد دوای ئەوەی یەکێک لە کارمەندەکانی هەوڵیدا "بیپێکی بێزارکەر" ڕابگرێت بە کوژاندنەوەی بەفرگری یەکێک لە تاقیگەکان کە بووە هۆی لەناوچونی تەواوی نمونەکانی ناوی. پێویست بووە بەفرگرەکە بەردەوام لە پلەی گەرمی  -80 پلەی سەدیدابێت، لە سکاڵا یاساییەکەدا هاتووە کە تەنانەت "گۆڕانکارییەکی بچووک بە سێ پلە دەبێتە هۆی زیانی کارەساتبار و لەوانەیە زۆرێک لە کلتووری خانە و نموونەکان لەدەست بچن بەڵگەنامەکانی دادگا دەڵێن کە ئەو نمونانەی لەناوچوون دەکرا کلیلی دۆزینەوەو تیگەیشتنی چەندین بابەتی گرنگ بوبن لە بوارەکانی کیمیا و زیندەزانی کیمیاییدا لە سکاڵاکەدا، دامەزراوەکە دەڵێت تیمەکەیان ڕێوشوێنی توندی بۆ پارستنی بەفرگرەکە گرتۆتەبەر لەوانە دانانی سندوقێکی قوفڵی سەلامەتی لەسەر دەروازەکە و کۆگاکەی، بەڵام لە ۱۷ی ئەیلوول لە لایەن پاکەرەوەیەکەوە بە نوی ژۆزێف کوژێنراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە پارێزەری پاکەرەوەکە دەڵێت کە ئەو کارگوزارە گوێی لە جەڕەسی سەر بەفرگرەکە بووە بۆیە وایزانیوە کوژاوەتەوە و ویستوێتی هەڵیبکاتەوە. لە ئێستادا ئەو کەیسە لە دادگایەو پەیمانگاکە بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار داوای قەرەبوو لە کۆمپانیای خاوێنکەرەوەکە دەکات

هاوڵاتی داعش لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لە خۆیەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە ئۆپراسیۆنێکی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیاند. دوێنێ دو چەکداری نەناسراو کە بە سواری ماتۆڕسکیلێکەوە بون، بە چەکی ئۆتۆماتیکی، خاڵێکی پشکنینی "هەسەدە"یان کردە ئامانج، بەئامانجگرتنەکە لەسەر رێگای گشتی لە دەروازەی شارۆچکەی ئەبریحە بوە، کە سەر بە ناحیەی ئەلبەسیرەیە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزور. لەم بارەیەوە دەزگای ئەلیکترۆنی "ئەعماق" کە نزیکە لەو رێکخراوە، بڵاویکردەوە، چەکدارانی رێکخراوەکە، بە چەکی ئۆتۆماتیکی، خاڵێکی پشکنینی "هەسەدە"یان کردوەتە ئامانج، لە نزیک ناحیەی ئەلبەسیرە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزور. هاوکات لایخۆیەوە سەرچاوەیەکی سەربازی لە "هەسەدە" بۆ نۆرس پرێس، هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە، هەروەک گیانلەدەستدان و برینداربونی ئەندامێکی دیکەیانی پشتڕاستکردەوە، وتی، "باری تەندروستی بریندارەکە زۆر ناجێگیرە، کە بە گوللە بریندارکراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی مەیدانی شارەکە". سەرەڕای هەڵمەتە ئەمنییەکانی بەردەوام بۆ بەدواداچونی شانەکانی رێکخراوەکە لە سوریا و عێراق، لەم دواییانەدا رێکخراوی "داعش" ئۆپەراسیۆنەکانی لە سوریا و عێراق چڕتر کردوەتەوە.  

هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە 19ی ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە. پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کاتی سەردانکردنی بازگەی شێراوا لەنێوان هەولێر و کەرکووک ڕایگەیاند سەردانی بازگەکەیان کردووە و لە چۆنێتی پێشوازیی گەشتیارانیان کۆڵیوەتەوە. وتیشی ، بەراورد بە رابردوو پێشوازی لە گەشتیاران گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لە بازگەکان مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا دەکرێت و تیمەکانی گەشتوگوزاریش بە شیرینی پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن. ئاماژەی بەوەشدا  لە 19ی حوزەیرانەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە. گوتیشی، "پێشبینیمان وایە سبەی و دوو سبەی کە رۆژانی جەژنە، ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن." سبەی لە هەرێمی کوردستان و بەشێکی عێراق یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە؛ ساڵانە لە جەژن و بۆنەکاندا گەشتیارێکی زۆری پارێزگاکانی دیکەی عێراق سەرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

هاوڵاتی دەروازەى نێودەوڵەتى پەروێزخان رایدەگەیەنێت؛ بۆ ماوەى 24 کاتژمێر، جوجۆڵى بازرگانى لە دەروازەکە رادەگیرێت. بەپێى راگەیەنراوى دەروازەکە،  بەهۆی هاتنی جەژنی قوربانەوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی(28/6/2023) بۆ ماوەی(24) کاتژمێر جموجوڵێکی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوەڵەتی پەروێزخان ڕادەگیرێت. دەشڵێت: ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی(29/6/2023) کە دەکاتە دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان جموجوڵی بارزگانی دەستپێدەکاتەوە و دەروازەکە بەڕوی شۆفێران و بازرگاناندا دەکرێتەوە.

هاوڵاتی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی شێرکۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنوری "هەنگەژاڵ"ی شارە بەسەختی برینداربو. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە کۆڵبەرێک بە ناوی شیرکۆ و خەڵکی گوندی حەوتاش-ی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەختی بریندار بو". هاوکات ڕان و سمتی ئەو کۆڵبەرە بەسەختی برینداربوە و بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی و تیمارکردن بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە گواستراوەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 44 کۆڵبەر لە سنورەکانی کوردستان کوژراون یان برینداربون، کە 34 کەسیان 77% بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بونەتە قوربانی.

هاوڵاتی لە تورکیا گرانی تەنگی بە هاوڵاتیان چنیوە و بەگوێرەی ئامارێک، خانەوادەیەکی چوار کەس لە مانگێکدا پێویستی بە هەزار و 300 دۆلار هەیە. کۆنفیدراسیۆنی سەندیکا کرێکاریەکانی تورکیا ئامارێکی لەبارەی دۆخی هاوڵاتیانی تورکیا و سنوری هەژاری لەو وڵاتەدا بڵاوکردەوە. کۆنفیدراسیۆنەکە دەڵێت، خانەوادەیەکی چوار کەسی لە تورکیا بۆ خەرجی مانگێک، پێویستیان بە 33 هەزار و 788 لیرە هەیە، کە دەکاتە هەزار و 300 دۆلار. بەگوێرەی ئامارەکە، گەنجێکیش لانیکەم پێویستی بە 13 هەزار و 471 لیرە هەیە کە بتوانێت لە مانگێکدا پێداویستیەکانی دابین بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ یەک دۆلاری ئەمریکی 26 لیرەی تورکی تێپەڕ کرد و رۆژ بە رۆژ زیاتر نرخی شتومەک و خواردن گران دەبێت. ناوەڕاستی مانگی حوزەیران حکومەتی تورکیا کەمترین موچەی لە وڵاتدا بە 500 دۆلار خەمڵاند، بەڵام بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار، لە ئێستادا کەمترین موچە نزیکەی 450 دۆلارە کە ئەمەش نارەزایەتی لەلای هاوڵاتیان دروست کردووە. لە دوو رۆژی رابردووشدا، نرخی نان، کرێی خانووبەرە و کرێی هاتوچۆ بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.