هاوڵاتی سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە. بەگوێرەی زانیاریانەکان، سبەینێ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر، مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە. هەر بەگوێرەی زانیاریەكان، بەشێك لە ئامانجی سەردانەكانی ئەمڕۆی شاندی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و كۆبونەوەی لەگەڵ هەریەك لە بزوتنەوەی گۆڕان، یەكگرتوی ئیسلامی پەیوەست بوە بەوەرگرتنی بۆچونەكانیان سەبارەت بەكۆبونەوەكەی سبەینێی نێوان هەردو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی. هاوکات چاوەڕواندەكرێت كۆبونەوەكە لەسەر چەند پرسێكی گرنگ و پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكرێت.
هاوڵاتی یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە سنووری كۆیە تۆماركرا. کەسوکاری هاووڵاتییەکە دەڵێن "ئاژەڵدار نین". ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی حوەزەیرانی 2023 هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی سماقوڵییە و لە "چوار رۆژ لەمەوبەر" لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر گیانی لەدەستداوە، بەڵام بەهۆی درەنگ هاتنەوەی پشکنینەکەی لە بەغدا ئەمڕۆ دڵنیابوونەتەوە، کە بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە بووە گیانی لەدەستداوە. ئەو هاوڵاتییە تەمەنى زیاتر لە حەفتا ساڵە و بە وتەى کەسوکارەکەى هیچ ئاژەڵێکیان نیە، بەڵام کێشە لە تەندروستى گورچیلەکانیدا بووە. هاوکات جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى کۆیە ڕایگەیاند" کەسوکارى ئەو هاوڵاتییە رەتى دەکەنەوە کە بەتاى خوێنبەربون گیانى لەدەستدابێت و لەسەر ئەوە سکاڵا لەسەر وەزارەتى تەندروستى تۆمار دەکەن" ئەمساڵ لە 01-01-2023 تائێستا لە پارێزگاکانی عێراقدا، زیاتر لە 250 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون کە زیاتر لە 35 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە هەولێر 8 تووشبوو تۆمارکراون کە 4 یان گیانیان لەدەستداوە، لە سلێمانی هیچ کەسێک تووشی نەخۆشییەکە نەبووە، لە دهۆکیش سێ تووشبوو تۆمارکراون .
هاوڵاتی لە هەولێر سێ منداڵ، کە یەکێکیان تەمەنی پێنج مانگانە دۆزرانەوە و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان دەڵێت، لەلایەن باپیریانەوە فڕێدراون. منداڵەکان لە دوو کوڕ و کچێک پێکهاتوون، یەکێک لە کوڕەکان تەمەنی نۆ ساڵە و ئەوەی دیکەیان 10 ساڵانە، كچەکەش تەمەنی پێنج مانگە. بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر رایگەیاند، منداڵەکان لە رۆژی 25.6.2023 لە گەڕەکی نوسەرانی شاری هەولێر لەسەر شەقام فڕێدرابوون هێنراونەتە نوسینگەکەیان لە منارە. بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، لەدوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە ئەم منداڵانە پێش ماوەیەک باوکیان دەستگیرکراوە و دایکیشیان لەلای باپیری منداڵەکان (باوکی هاوسەرەکەی) بەجێیهێشتوون و ئەمڕۆ باپیریان ئەوانی هێناوە و لەسەرشەقام فڕێیداون. بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە، "دادوەری توندوتیژی خێزانی بڕیاریداوە دوو منداڵە کوڕەکان ببرێن بۆ خانەی نەوجەوانانی هەولێر و منداڵە کچە پێنج مانگەکەش ببریت بۆ خانەی چاودێری منداڵان لەناو نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر."
هاوڵاتی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا لە ئیدلب هێرشیان کردە سەر گروپە چەکدارەکان دژی حکومەتی سوریا و لانیکەم 7 کەس کوژران. رامی عەبدولرەحمان سەرۆکی مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، هێرشە ئاسمانیەکە لە ناوچەی جسر شوگوری ئیدلب ئەنجامدراوە و بەو هۆیەوە سێ چەکداری نزیک لە تورکیا و چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. سەرۆکی مەرسەدی سوریا دەشڵێت، ئەمڕۆ بە گشتی لە هێرشەکاندا 25 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. روسیا لە ساڵی 2015ەوە بە شێوەیەکی بەهێز و لە رێگەی سەربازیەوە پشتگیری لە حکومەتی سوریا دەکات. هەرێمی ئیدلیب بە گشتی لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپی هەیئە تەحریر شامدایە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەلقاعیدەوە هەیە. لە باکوری ئیدلبیش ژمارەیەک گروپ هەن کە راستەوخۆ پشتگیری لە تورکیا بە دەست دەهێنن. هەر ئەمڕۆ بەگوێرەی میدیاکانی سوریا، لە گوندێکی رۆژئاوای پارێزگای دەرعای سوریا، مینێک بە کاروانێکی پۆلیسی سوریاوە تەقیوەتەوە و بەو هۆیەوە چوار پۆلیس گیانیان لەدەستداوە و پۆلیسێکیش بریندار بووە. بەگوێرەی ئامارێکی مەرسەدی سوری، لە سەری ساڵەوە، تەنیا لە پارێزگای دەرعا 254 هێرشی جیاواز روویانداوە و بەو هۆیەوە 197 کەس کوژراون کە زۆربەیان ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سوریا و خەڵکی مەدەنین.
هاوڵاتی هاتوچۆى دەربەندیخان رایدەگەیەنێت؛ بۆ ماوەى 24 کاتژمێر تونێلى دەربەندیخان بەڕوى شۆفێراندا دادەخرێت و هاتوچۆى تێدا ناکرێت. بەپێى راگەیەنراوێکى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى دەربەندیخان، بەمەبەستی هێڵکاری لە شەقامی ناو تونێڵی دەربەندیخان کاتژمێر( 12:00)ی ئەمشەو، تونێلى دەربەندیخان بۆ ماوەى 24 کاتژمێرى تەواو دادەخرێت. دەشڵێت: رێگاى جێگرەوە بۆ هاتوچۆکردن شاخى بەرانان دەبێت و پێویستە شۆفێران لەوێوە هاتوچۆ بکەن.
هاوڵاتی چەکدارانی توندڕەوی سەر بە تورکیا لە عفرین هاوڵاتیەکی کوردیان رفاند و ئاگریان لە زەوی و باخی زەیتونەکانی هاوڵاتیان بەردا. ئاژانسی هەواڵی هاوار (هاوارنیوز) رایگەیاند، چەکدارانی گروپی فەیلەق شامی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە گوندی بەعیەی سەر بە ناوچەی شێراوای عەفرین، هاوڵاتیەکی کوردیان رفاند. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسەکە، ئەو کەسە بۆ زیندانێک لە گوندی ئیسکا براوە و تاوەکو ئیستا چارەنووسی نادیارە. هەروەها باسی ئەوەش کرا کە لە گوندی کبێشینێین ناوچەی شێراوا، چەکدارەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندنشینان و ئاگریان لە زەوی و باخی زەیتونەکانی هاوڵاتیان بەردەواوە. لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا گوندی عەقیبی شێراوای بۆردومان کردووە. باسی ئەوە دەکرێت کە 10 گولە تۆپ بەر گوندەکە کەوتوون، بەڵام زیانی تۆپبارنەکە ئاشکرا نەکراوە. دوێنێش تۆپخانەکانی تورکیا گوندی سەیدای عەین عیسا و رێگەی ئێم4ی لە ناوچەکە تۆپباران کرد و بو هۆیەوە ئاگر کەوتەوە و بەشێک لە گژوگیای ناوچەکە و گەنمی هاوڵاتیان سووتا.
هاوڵاتی ئەو یاخیبونە چەکدارییە بە سەرۆکایەتیی یڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی گروپی سەربازی تایبەتی ڤاگنەر کە لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردودا لە جیهاندا دەنگی دایەوە، بە نێوەندگیری ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکایەتی سەرۆکی بێلاڕوسیا ڕێککەوتن لەسەر پێنج خاڵ کۆتایی هات. حکومەتی رووسیا دەڵێت، سەرۆکی ڤاگنەر دەچێتە بێلاڕووس و رووبەڕووی هیچ تۆمەتێک نابێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە جموجووڵی هێزەکانی بەرەو مۆسکۆ وەستاند. ئەو ناکۆکییەی لە نێوان یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر و بەرپرسانی سەربازیی رووسیادا هەبوو، دوێنێ تەقییەوە، بە جۆرێک کە هێزەکانی ڤاگنەر رۆژی شەممە بارەگایەکی گرنگی سوپایان لە باشووری رووسیا کۆنترۆڵکرد و بەرەو باکوور بە ئاراستەی مۆسکۆ کەوتنەڕێ. ڤلادیمیر پووتین هۆشداری لە دروستبوونی شەڕی نێوخۆی دا؛ بەرپرسانی مۆسکۆ بە خەڵکی شارەکەیان گوت شەقامەکان چۆڵ بکەن و کیێڤیش بە تەنگژەی دوژمنەکەی ئاسوودە بوو. بەڵام دواتر بە شێوەیەکی کتوپڕ پریگۆژین رایگەیاند، "هێزەکانمان دەگەڕێنینەوە سەربازگەکان" بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی رێگری لە دروستبوونی خوێنڕێژی لە مۆسکۆ بکات. دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرێملین) گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا و ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاروسیای ئاشکرا کرد کە کۆتای بە بەرەوپێشچونی گروپی ڤاگنەر کرد بەرەو مۆسکۆ. یەکەم: بەشێک لە چەکدارانی ڤاگنەر، کە هەر لەسەرەتاوە رەتیانکردەوە بەشداری "کەمپینەکەی پریگۆژین" بکەن، ئەگەری پەیوەستبونیان بەریزەکانی هێزە چەکدارەکانی روسیا و گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگرییان دەبێت. دوەم: هیچ لێپێچینەوەیەکی یاسایییان لەسەر نابێت. سێیەم: هێزەکانی ڤاگنەر دەگەڕێنەوە بۆ ئۆردوگاکانیان. چوارەم: ئەو بەشەی کە نایەوێت بگەڕێتەوە بارەگا و کەمپەکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری روسیا رێککەوتن واژۆ دەکات. پێنجەم: داخستنی دۆسیەی تاوانی پریگۆژین و ئەویش بەرەو بێلاڕوسیا بەڕێدەکەوێت. هەروەها وتەبێژی کرێملین بەڕونی ئەوەی خستەڕو، کە سەرۆکەکانی روسیا و بیلاڕوسیا لەسەر نێوەندگیری مینسک لە پڕۆسەی یەکلاکردنەوەکەدا رێککەوتون و ئاماژەی بەوەدا، کە نێوەندگیرییەکە "دەستپێشخەرییەکی شەخسی سەرۆکی بیلاڕوسیا بوە". هاوکات لە ئۆکراینا، بەرپرسانی حکومەت کاردانەوەیان هەبوو: میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری سەرۆکایەتیی ئۆکراینا لە تویتێکدا نووسی، "پریگۆژین، پووتین و حکومەتەکەی ریسوا کرد." لە کاتێکدا کە رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، یاخیبوونەکە هیچ کاریگەرییەكی لەسەر هێرشی سەر ئۆکراینا نابێت، کیێڤ گوتی نائارامییەکە بووەتە "پەنجەرەی دەرفەت" بۆ هێزە ئۆکراینییەکان کە سەرقاڵی هێرشێکی پێچەوانەی لەمێژە چاوەڕوانکراون.
هاوڵاتی لەنزیک پردی سەرچنار لە سلێمانی شەڕ لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی روویدا زیاتر لە 15 خولەک رێگایەکی سەرەکی داخرا ئەمڕۆ یەکشەممە لە دەوروبەری کاتژمێر 8:15 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ تەقەیەکی زۆر لە نزیک هۆتێل ئەبوسەنا لە لەسەر شەقامی 60 مەتری سلێمانی کراوە و لێکۆڵینەوە دەستپێکردوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لە هێزەکان ئۆتۆمبێلەکەی بە ئاراستەی پێچەوانە لە شەقامەکە رۆشتووە و هێزەکەی دیکە رێگریی لێکردووە، لەسەر ئەوەش بووە بە شەڕەتەقە لەنێوانیاندا.
بڕی هەناردەی کاڵا و بەروبومە کشتوکاڵییەکان لە کرماشان بۆ هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق بەرزبونەوە بەخۆیە دەبینێت. عەلی ئەسغەر عەباس زادە، سەرپەرشتیاری گومرگەکانی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ هەناردەی کاڵا و بەروبومە کشتوکاڵییەکان لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا بۆ هەرێم و عێراق لە روی کێشەوە زیاتر لە 19% بەرز بوەتەوە. ئاماژەی بەوە کراوە جگە لەوەی کە لە روی کێشەوە بەراورد بە سێ مانگی بەهاری ساڵی رابردو هەناردە زیادی کردوە، هەناردەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵ بەهاکەی بە رێژەی 10% بەرز بوەتەوە. بە پێی ئامارەکانی گومرگی کرماشان لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا یەک ملیۆن و829 هەزار و 688 تۆن کاڵا و بەروبومی کشتوکاڵی لە مەرزەکانەوە هەناردەی هەرێم و عێراق کراوە کە بەهاکەی گەیشتوەتە 716 ملیۆن و 234 هەزار 877 دۆلار. زۆرینەی هەناردەکانی سنوری کرماشان بۆ هەرێم و عێراق شیرەمەنی و بەربومە کشتوکاڵییەکان و کەرەستەی بیناسازیی وەک کاشی و ئاسن بوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا بە بڕی 635 تۆن کاڵا بە بەهای پێنج ملیۆن و 686 هەزار و 653 دۆلار لە رێگەی پەروێزخان و سنورەکانی دیکەی کرماشان کاڵا هەناردە ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵات و شارەکانی ئێران کراوە کە بەراورد بە سێ مانگی بەهاری ساڵی رابردو لە روی کێشەوە 78% و لە روی بەهاکەیەوە 48% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل کۆماری ئیسلامی بە شێرپەنجە ناودەبات و دەڵێت بونی لە هەر شوێنێک زیانی لێدەکەوێتەوە. ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە وتارێکیدا بۆ بڵاوکراوەی (تەلەگراف) چاپی لەندەن، کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێرپەنجە ناودەهێنێت و دەڵێت: ئەو دەسەڵاتە جیهانی کردوەتە شوێنێکی مەترسیدار. لە وتارەکەی کۆهیندا هاتوە: ئەگەر کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمیی بگات ئەوا دەبێتە ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورە و هۆڤانە چونکە ئەو دەسەڵاتە لە ئاستی ناوخۆی وڵاتەکەشیدا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، تاوانکاریی دژی خەڵک دەکات. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای کردوە: بە فشاری زیاتری ئابوریی و سیاسیی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی لە ئاستی ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا بدرێت. بە وتەی کۆهین دەبێت جیهان کۆتایی بەو بێدەنگییە بهێنێت کە ئێستا لە ئاستی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە چونکە دەسەڵاتی تاران هاوشێوەی شێرپەنجە لە هەر شوێنێک بونی هەبوبێت زیانی لێکەوتوەتەوە. وتارەکەی ئێلی کۆهین لە کاتێکدا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایانگەیاندوە؛ لە ئەگەری رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران ئەوان پابەندی ئەو رێککەوتنە نابن و بە بێ رەچاوکردنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی دەوەستنەوە.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندی بە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە. بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بلینکن و فیدان لەبارەی دۆخی روسیا قسەیان کردوو، بەڵام ناوەڕۆکی پەیوەندیەکەی بڵاونەکردەوە. ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ کریملین رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا، پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا دەربڕیوە. ئەمڕۆ گروپی ڤاگنەر، لە سوپای روسیا هەڵدەگڕایەوە و بەرەو مۆسکۆی پایتەخت دەستی بە پیشڕەوی کرد و ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. دواتر نوسینگەی راگەیاندنی ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیا بڵاوى کردەوە، یڤگنی پریگۆژین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر پێشنیازی ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆی سەرۆكی بیلاڕوسیا بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵی هێزەکانیان لە ڕوسیا و گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قبوڵ کردوە. یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەریش رایگەیاند "بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن، ئێستا کە ئێمە 200 کیلۆمەتر لە مۆکسۆوە دوورین، بڕیارماندا چەکدارەکانمان بگەڕێنینەوە سەنگەرەکانیان".
هاوڵاتی ئەمریکا و کەنەدا، رایانگەیاند دەست بە لێکۆڵینەوە لە کارەساتی تەقینەوەی ژێردەریایی "تیتان" دەکەن کە لە کاتی گەشتێکدا بۆ بینینی پاشماوەی تایتانیک ونبوو و گیانلەدەستدانی پێنج کەسی لێکەوتەوە. فەرمانگەی نیشتمانیی سەلامەتی گواستنەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، تەقینەوەی ژێردەریایی تیتان بەشێوەیەکی "کارەساتبار"بە "کارەساتێکی گەورەی دەریایی" ناوبردووە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئاسایشی کەناراوەکانی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەسەر تەقینەوەی ژێردەریاییەکە دەستپێدەکات. لای خۆیەوە فەرمانگەی نیشتمانیی سەلامەتی گواستنەوەی کەنەدا (TSB) رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە کارەکانی کەشتیی بەناو "Polar Prince" کە تیتانی لە ناوچەی نیوفاوندلاند لە کەنەداوە راکێشرا بۆ شوێنی پاشماوەی کەشتی تایتانیک لە زەریای ئەتڵەسی دەکات. فەرمانگەی نیشتمانیی سەلامەتی گواستنەوەی کەنەدا راشیگەیاند کە بڕیاری لێکۆڵینەوەکە "لەگەڵ لێکۆڵینەوەی رووداوەکانی گواستنەوەی کەنەدا، یاسای ئەنجوومەنی سەلامەتیی و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان گونجاوە". تیتان کە بە نزیکەی بایی ٩٦ کاتژمێر سەرچاوەی ئۆکسجینەوە بەڕێکەوت و پێشبینی دەکرا کە ماوەی گەشتەکەی ٢،٥ کاتژمێر بخایەنێت، دوای یەک کاتژمێر و ٤٥ خولەک لە چوونە ناو دەریاوە پەیوەندی لەگەڵ کەشتیی بەناو "Polar Prince" بچڕابوو. بەهۆی کارنەکردنی GPSوە ژێردەریاییەکە لەلایەن کەشتییەکەوە ئاراستە دەکرا. کاربەدەستانی ئاسایشی کەناراوەکانی ئەمریکا، لە ٢٢ی حوزەیراندا ئەوەیان راگەیاند کە ژێردەریایی تیتان بەشێوەیەکی "کارەساتبار" تەقیوەتەوە و پارچە پارچە بووە.
هاوڵاتی لەسەر داواکارى و نێوەندگیرى سەرۆکى بیلاروس، فەرماندەى گروپى چەکدارى ڤاگنەر رازیبو بە راگرتنى جوڵەى چەکدارى بەرەو مۆسگۆ . نوسینگەی راگەیاندنی ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیا بڵاوى کردەوە، یڤگنی پریگۆژین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر پێشنیازی ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆی سەرۆكی بیلاڕوسیا بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵی هێزەکانیان لە ڕوسیا و گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قبوڵ کردوە. هەروەها سەرۆکی ڤاگنەر، بۆ "رێگریکردنی لە خوێنڕشتن،" پاشەکشەی هێزەکانی بۆ پێگەکانیان رادەگەیێنێت. یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر رایگەیاند "بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن، ئێستا کە ئێمە 200 کیلۆمەتر لە مۆکسۆوە دوورین، بڕیارماندا چەکدارەکانمان بگەڕێنینەوە سەنگەرەکانیان". بەپێى راگەیەنراوەکە، لەئێستاشدا جوڵەی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ راگیراوە. لەبارەى پاراستنى شەڕکەرانى گروپى ڤاگنەرەوە، سەرۆکى بیلاروس ئاشکراى کردووە کە ئەو پرسە پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، لوکاشینکۆی لەگەڵ سەرۆکی ڤاگنەر قسەی کردووە و بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا مامەڵە دەکات. سەرۆکی ڤاگنەر نزیکەی 25 هەزار پیاوی لەبەردەستیدایە و نزیکەی پێنج هەزاریان لە شاری ڕۆستۆڤ لە باشووری وڵاتەکە بوون، ئەو شارەی پریگۆژین بە وتەی خۆی دەستی بەسەردا گرتووە و گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پێداویستییە جەنگییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا .
هاوڵاتی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان دوو کەس کە ئامۆزای یەکترن رویداوە و بەوهۆیەوە یەکێکیان کوژراوە، بکوژەکەش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوە، بەپێی زانیاریەکانیش، سەرەڕای ئەوەی ئامۆزای یەکترن، خوشکی کوژراوەکە هاوسەری بکوژەکەیە. عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ هەینی لەگەڕەکی نەسڕی شاری کەرکوک، دو کەس کە ئامۆزای یەکترن، یەکێکیان لەدایکبوی ساڵی ٢٠٠٠ و ئەوی دیکەش ١٩٩٥ە، بوەتە شەڕ و دەمەقاڵێیان، لەئەنجامیشدا یەکێکیان کە لەدایکبوی ٢٠٠٠ە، گوللـەیەک بەر سینگی کەوتوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە. وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ئاماژەی بەوەشدا، بکوژەکە پاش تاوانەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوە، لەئێستاشدا گەڕان و بەدواداچونی هێزە ئەمنییەکان دەستیپیکردوە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری سەرەکی.
هاوڵاتی رەوشی روسیا دوای یاخیبونی گروپی ڤاگنەر تا دێت ئاڵۆز دەبێت و ھێزەکانی ڤاگنەر، دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکانی رۆستۆڤ و ڤۆرۆنیج بەرەو شاری لیبیتسک بەڕێگاوەن بەم شێوەیەش لە مۆسکۆ نزیک دەبنەوە. یەڤگینی بریگۆجین فەرماندەی ڤاگنەر لە تۆمارێکی دەنگیدا رایگەیاند، بەبێ تەقە فەرماندەی سوپایان لە شاری رۆستۆڤ کۆنترۆڵکردووەو دانیشتوانی شارەکەش پێشوازیان لێکردوون. بەوتەی سەرچاوەکان ، ھێزەکانی ڤاگنەر دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکانی رۆستۆڤ و ڤۆرۆنیج بەرەو شاری لیبیتسک بەڕێگاوەن، دەسەڵاتدارانیش لیبیتسکیش داوایان لە دانیشتوانی شارەکە کردوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە. هەروەها هەندێک سەرچاوەی هەواڵ کۆنترۆڵکردنی شاری لیبیتسک یان بڵاوکردۆتەوە بەڵام پشتڕاست نەکراونەتەوە. بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە لە سەر رێگای ئێم فۆڕ لە دەرەوەی شاری ڤۆرۆنیج ھێزەکانی ڤاگنەر بۆردومانکراون، ھەروەھا لە ناو شاری ڤۆرۆنیج ئاگر لە کۆگایەکی سوتەمەنی کەوتووەتەوە. ھەروەھا ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، لە رێگاکانی دەرەوەی مۆسکۆی پایتەخت خاڵی پشکنین دانراوەو ھاتوچۆ لە رووباری مۆسکۆ راگیراوە، لەلایەکی تریشەوە وتەبێژی کۆشکی کرملین دەنگۆکانی ھەڵھاتنی پوتنی لە مۆسکۆوە بۆ شاری سانبترسبۆرگ رەتکردەوەو رایگەیاند، پوتن لە نوسینگەکەی خۆی لە کرملین کاری ئاسایی خۆی دەکات. هاوکات رەمەزان قادیرۆڤ سەرۆکی شیشان پشتیوانی خۆی بۆ پوتن دووپاتکردەوەو رایگەیاند، ھێزەکانی ئامادەن ھاوکار بن لە ھەوڵەکانی دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە بکەن.
