هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندی بە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە. بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بلینکن و فیدان لەبارەی دۆخی روسیا قسەیان کردوو، بەڵام ناوەڕۆکی پەیوەندیەکەی بڵاونەکردەوە. ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ کریملین رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا، پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا دەربڕیوە. ئەمڕۆ گروپی ڤاگنەر، لە سوپای روسیا هەڵدەگڕایەوە و بەرەو مۆسکۆی پایتەخت دەستی بە پیشڕەوی کرد و ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. دواتر نوسینگەی راگەیاندنی ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیا بڵاوى کردەوە، یڤگنی پریگۆژین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر پێشنیازی ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆی سەرۆكی بیلاڕوسیا بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵی هێزەکانیان لە ڕوسیا و گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قبوڵ کردوە. یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەریش رایگەیاند "بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن، ئێستا کە ئێمە 200 کیلۆمەتر لە مۆکسۆوە دوورین، بڕیارماندا چەکدارەکانمان بگەڕێنینەوە سەنگەرەکانیان".
هاوڵاتی ئەمریکا و کەنەدا، رایانگەیاند دەست بە لێکۆڵینەوە لە کارەساتی تەقینەوەی ژێردەریایی "تیتان" دەکەن کە لە کاتی گەشتێکدا بۆ بینینی پاشماوەی تایتانیک ونبوو و گیانلەدەستدانی پێنج کەسی لێکەوتەوە. فەرمانگەی نیشتمانیی سەلامەتی گواستنەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، تەقینەوەی ژێردەریایی تیتان بەشێوەیەکی "کارەساتبار"بە "کارەساتێکی گەورەی دەریایی" ناوبردووە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئاسایشی کەناراوەکانی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەسەر تەقینەوەی ژێردەریاییەکە دەستپێدەکات. لای خۆیەوە فەرمانگەی نیشتمانیی سەلامەتی گواستنەوەی کەنەدا (TSB) رایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە کارەکانی کەشتیی بەناو "Polar Prince" کە تیتانی لە ناوچەی نیوفاوندلاند لە کەنەداوە راکێشرا بۆ شوێنی پاشماوەی کەشتی تایتانیک لە زەریای ئەتڵەسی دەکات. فەرمانگەی نیشتمانیی سەلامەتی گواستنەوەی کەنەدا راشیگەیاند کە بڕیاری لێکۆڵینەوەکە "لەگەڵ لێکۆڵینەوەی رووداوەکانی گواستنەوەی کەنەدا، یاسای ئەنجوومەنی سەلامەتیی و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان گونجاوە". تیتان کە بە نزیکەی بایی ٩٦ کاتژمێر سەرچاوەی ئۆکسجینەوە بەڕێکەوت و پێشبینی دەکرا کە ماوەی گەشتەکەی ٢،٥ کاتژمێر بخایەنێت، دوای یەک کاتژمێر و ٤٥ خولەک لە چوونە ناو دەریاوە پەیوەندی لەگەڵ کەشتیی بەناو "Polar Prince" بچڕابوو. بەهۆی کارنەکردنی GPSوە ژێردەریاییەکە لەلایەن کەشتییەکەوە ئاراستە دەکرا. کاربەدەستانی ئاسایشی کەناراوەکانی ئەمریکا، لە ٢٢ی حوزەیراندا ئەوەیان راگەیاند کە ژێردەریایی تیتان بەشێوەیەکی "کارەساتبار" تەقیوەتەوە و پارچە پارچە بووە.
هاوڵاتی لەسەر داواکارى و نێوەندگیرى سەرۆکى بیلاروس، فەرماندەى گروپى چەکدارى ڤاگنەر رازیبو بە راگرتنى جوڵەى چەکدارى بەرەو مۆسگۆ . نوسینگەی راگەیاندنی ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیا بڵاوى کردەوە، یڤگنی پریگۆژین فەرماندەی گروپی ڤاگنەر پێشنیازی ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆی سەرۆكی بیلاڕوسیا بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵی هێزەکانیان لە ڕوسیا و گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قبوڵ کردوە. هەروەها سەرۆکی ڤاگنەر، بۆ "رێگریکردنی لە خوێنڕشتن،" پاشەکشەی هێزەکانی بۆ پێگەکانیان رادەگەیێنێت. یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر رایگەیاند "بۆ رێگریکردن لە خوێنڕشتن، ئێستا کە ئێمە 200 کیلۆمەتر لە مۆکسۆوە دوورین، بڕیارماندا چەکدارەکانمان بگەڕێنینەوە سەنگەرەکانیان". بەپێى راگەیەنراوەکە، لەئێستاشدا جوڵەی ڤاگنەر بەرەو مۆسکۆ راگیراوە. لەبارەى پاراستنى شەڕکەرانى گروپى ڤاگنەرەوە، سەرۆکى بیلاروس ئاشکراى کردووە کە ئەو پرسە پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، لوکاشینکۆی لەگەڵ سەرۆکی ڤاگنەر قسەی کردووە و بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا مامەڵە دەکات. سەرۆکی ڤاگنەر نزیکەی 25 هەزار پیاوی لەبەردەستیدایە و نزیکەی پێنج هەزاریان لە شاری ڕۆستۆڤ لە باشووری وڵاتەکە بوون، ئەو شارەی پریگۆژین بە وتەی خۆی دەستی بەسەردا گرتووە و گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پێداویستییە جەنگییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا .
هاوڵاتی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان دوو کەس کە ئامۆزای یەکترن رویداوە و بەوهۆیەوە یەکێکیان کوژراوە، بکوژەکەش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوە، بەپێی زانیاریەکانیش، سەرەڕای ئەوەی ئامۆزای یەکترن، خوشکی کوژراوەکە هاوسەری بکوژەکەیە. عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ هەینی لەگەڕەکی نەسڕی شاری کەرکوک، دو کەس کە ئامۆزای یەکترن، یەکێکیان لەدایکبوی ساڵی ٢٠٠٠ و ئەوی دیکەش ١٩٩٥ە، بوەتە شەڕ و دەمەقاڵێیان، لەئەنجامیشدا یەکێکیان کە لەدایکبوی ٢٠٠٠ە، گوللـەیەک بەر سینگی کەوتوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە. وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک ئاماژەی بەوەشدا، بکوژەکە پاش تاوانەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوە، لەئێستاشدا گەڕان و بەدواداچونی هێزە ئەمنییەکان دەستیپیکردوە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری سەرەکی.
هاوڵاتی رەوشی روسیا دوای یاخیبونی گروپی ڤاگنەر تا دێت ئاڵۆز دەبێت و ھێزەکانی ڤاگنەر، دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکانی رۆستۆڤ و ڤۆرۆنیج بەرەو شاری لیبیتسک بەڕێگاوەن بەم شێوەیەش لە مۆسکۆ نزیک دەبنەوە. یەڤگینی بریگۆجین فەرماندەی ڤاگنەر لە تۆمارێکی دەنگیدا رایگەیاند، بەبێ تەقە فەرماندەی سوپایان لە شاری رۆستۆڤ کۆنترۆڵکردووەو دانیشتوانی شارەکەش پێشوازیان لێکردوون. بەوتەی سەرچاوەکان ، ھێزەکانی ڤاگنەر دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکانی رۆستۆڤ و ڤۆرۆنیج بەرەو شاری لیبیتسک بەڕێگاوەن، دەسەڵاتدارانیش لیبیتسکیش داوایان لە دانیشتوانی شارەکە کردوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە. هەروەها هەندێک سەرچاوەی هەواڵ کۆنترۆڵکردنی شاری لیبیتسک یان بڵاوکردۆتەوە بەڵام پشتڕاست نەکراونەتەوە. بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە لە سەر رێگای ئێم فۆڕ لە دەرەوەی شاری ڤۆرۆنیج ھێزەکانی ڤاگنەر بۆردومانکراون، ھەروەھا لە ناو شاری ڤۆرۆنیج ئاگر لە کۆگایەکی سوتەمەنی کەوتووەتەوە. ھەروەھا ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، لە رێگاکانی دەرەوەی مۆسکۆی پایتەخت خاڵی پشکنین دانراوەو ھاتوچۆ لە رووباری مۆسکۆ راگیراوە، لەلایەکی تریشەوە وتەبێژی کۆشکی کرملین دەنگۆکانی ھەڵھاتنی پوتنی لە مۆسکۆوە بۆ شاری سانبترسبۆرگ رەتکردەوەو رایگەیاند، پوتن لە نوسینگەکەی خۆی لە کرملین کاری ئاسایی خۆی دەکات. هاوکات رەمەزان قادیرۆڤ سەرۆکی شیشان پشتیوانی خۆی بۆ پوتن دووپاتکردەوەو رایگەیاند، ھێزەکانی ئامادەن ھاوکار بن لە ھەوڵەکانی دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە بکەن.
هاوڵاتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ژنێک و دوو منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی حکومەتی دانیمارک کردەوە. بەگوێرەی سایتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شاندێکی حکومەتی دانیمارک سەردانی بەرێوەبەرێتیەکە کردووە لە شاری قامشلۆ. شاندی حکومەتی دانیمارک بە سەرۆکایەتی نیکۆلاس هاریس نوێنەری حکومەتی دانیمارک بۆ کاروباری سوریا، لەگەڵ خەلیل ئیبراهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەرایەتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆبووەتەوە. بەگوێرەی هەواڵەکە، هەردوولایەن قسەیان لەسەر دۆخی سوریا و هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) کردووە و ئاماژەیان بە بەیاننامەی چارەسەری ئاڵۆزی سوریا داوە کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە ئامادە کرابوو. هەروەها دۆخی ئابوری و مرۆیی لە سوریا و دۆخی تیرۆریستانی داعش و خانەوادەکانیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ بەشێکی دیکەی پرسی کۆبونەوەکە بوون. خالید ئیبراهیم لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاندووە، بەیاننامەکەیان لەسەربناگەیەکی نیشتیمانی ئامادە کراوە و بەگوێرەی پرۆژەکە پێویستە هەموو گەلانی سوریا بەشداری لە دیالۆگی چارەسەرکردنی ئاڵۆزیەکانی سوریا بکەن کە بەیاننامەکە لە نۆ خاڵ پێک دێت. خالید ئیبراهیم ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامی شەڕی دژی داعش کردووە و رایگەیاندووە کە پێویستە وڵاتانی جیهان هاوڵاتیەکانیان کە لەنێو داعشدا بوون بگەڕێننەوە و ئەم هەنگاوەش بەشێکی بچووکی چارەسەری کێشەی داعشە. نیکۆلاس هاریس نوێنەری حکومەتی دانیمارک بۆ کاروباری سوریاش لە کۆبونەوەکەدا باسی ڕۆڵی رۆژئاوای کوردستان و بە تایبەتی هەسەدە کردووە کە هاوپەیمانی نێدەوڵەتی دژی داعشدا و وتوویەتی، دانیمارک بە وردی چاودێری دۆخی، سیاسی، ئابوری، مرۆیی و ئەمنی هەرێمەکە دەکات و لەگەڵ نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئەوروپا لە پەیوەندیدایە. لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەگوێرەی پرۆتۆکۆلێک ژنێک و دوو منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی شاندی دانیمارک کردەوە.
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، پشتگیری خۆی بۆ ڤیلادیمیری پوتین سەرۆکی روسیا پیشاندا. دوای ئەوەی روپی ڤاگنەر یاخی بوو و لە سوپای روسیا هەڵگەڕایەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندیەکەی تەلەفونی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین ئەنجامدا. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، پوتین باسی لە پێشهاتە تازەکانی وڵات و دۆخی روسیای بۆ ئەردۆغان کردووە. هاوکات کریملین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیری تەواوی بۆ پوتین دەربڕیوە.
هاوڵاتی ئێران و ئەمریكا لە گەرمەی بانگەشەی دژ بەیەكدا دانوستانی ناڕاستەوخۆیان دەست پێكردووە و ئەمریکا دەیەوێت ئێران لە ڕوسیا داببڕێت. سەرەڕای ئەوەی كۆشكی سپی لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەمریكا رەتی كردوەتەوە هیچ دانوستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكات بە مەبەستی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ، بەڵام دەركەوتوە بەرپرسانی ئەمریكا و و ئێران لە دەوحە و نیویۆرك و مەسقەت دانوستانیان كردووە. ئیسرائیل و رۆژنامەیەكی ئەمریكا ئاشكرایان كردووە ئازادكردنی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری ئێران لە عێراق و چاوپۆشیی واشنتۆن لە بەرزبونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە بەشێك بووە لە و رێككەوتنە نهێنییەی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا کراوە. هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە كە» واشنتۆن هەوڵ دەدات ئێران رازی بكات موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە روسیا نەفرۆشێت بە ئامانجی بەكارهێنانی لە جەنگی ئۆكرانیا و بە گەشتی بڕیارە زیاتر لە بیست ملیار دۆلاری ئێران ئازاد بكرێت هەر لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كە ئەمریكا بە لێكتێگەیشتن ناوی هێناوە». هاوکات بە وتەی جۆن كیربی مۆسكۆ و تاران سەرقاڵی بەرفراوانكردنی ئاستی هاوكارییە سەربازییەكانیانن و ئێران لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا 400 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جۆری (خۆكوژ)ی رادەستی روسیا كردەوە و سوپای پاسداران بە رێگریی و دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە بازرگانییەكان و نەوتهەڵگرەكان لە گەروی هورمز بووەتە هۆی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی كەنداو. بە پێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردوەتەوە ئامانجی سەرەكی ئێستای كۆشكی سپی لە دانوستانەكان راگرتنی هاوكاریی سەربازیی نێوان ئێران و روسیایە و هاوكات بە دەركەوتنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لە هەڵبژادنەكانی داهاتوی وڵاتەكە نایەوێت واشنتۆن روبەڕوی قەیران یان پێكدادانی توند لەگەڵ ئێران ببێتەوە. لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی تەواوی زانیارییەکان لەسەر ڕێکەوتنە ژێربەژێرەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا بخوێنەرەوە: لێرە کلیک بکە
هاوڵاتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزتر دەبێتەوە و لە هەندێک ناوچە دەگاتە 45 پلەی سلیزی. کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند سبەی پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبێتەوە . بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت پلەکانی گەرما بەم شێوەیە دەبن: هاوکات سبەی یەک شەممە 25- 6- 2023 پلەکانی گەرما بەرز دەبێت بە (١ - ٢) پلەی سیلیزی بە بەراوورد لە تۆمارکراوی ئەمرۆو ئاسمان ساماڵ دەبێت. بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما بۆ سبەی بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت: - هەولێر؛ 40 - سلێمانی؛ 39 - دهۆک؛ 39 - کەرکووک؛ 43 - هەڵەبجە؛ 42 - زاخۆ؛ 40 - سۆران؛ 38 - گەرمیان؛ 45
هاوڵاتی سەرۆکی رووسیا رایدەگەیێنێت، سزای هەموو ئەوانە دەدەن لە "یاخیبوونە سەرباز"ییەکەی ڤاگنەردا بەشدارن و بە "ناپاکی" تۆمەتباریکردن. ئەمڕۆ شەممە، 24-6-2023، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "هەموو ئەوانەی بە هەڕەشە یان هەڵخەڵەتاندن بێت، کراونەتە ناو سەرکێشییەکی تاوانکارییەوە، ئێستا بەرەو ئەنجامدانی تاوانی زۆر جیددی پاڵنراون، ئەویش یاخیبوونی سەربازییە." وتیشى: ئەوەى لە جەنگى جیهانى یەکەمدا رویدا رێگە نادەین ئێستا روبداتەوە، ئێمە بەرگرى لە روسیا و گەلى خۆمان دەکەین ئەو خیانەت و خەنجەرەى لەلایەن خیانەتکارانەوە روبەڕومان کرایەوە، ئێمە بە توندى روبەڕوى دەبینەوە و ئەمە خیانەتە لە نیشتیمان. جەختیکردەوە کە "ئەمەى گروپى ڤاگنەر دەیکات هەڕەشەیەکە لەسەر نیشتیمان و گەلەکەمان و وەڵامەکانمان توند و یەکلاکەرەوە دەبێت ئەوانەى کە لە ریزى خیانەتکاران وەستان روبەڕوى سزا دەبنەوە لەبەردەم یاسادا". پوتین لەبارەى دۆخى ئێستاى روسیاوە وتى: هێزە ئەمنییەکانمان سوپاى روسیا لە ئامادەباشى تەواودایە و لە مۆسکۆ بارى لەناکاوى روبەڕوبونەوەى تیرۆر راگەیەنراوە و بارودۆخ لە رۆستۆف لەژێر کۆنتڕۆڵدایە. گوتەکانی پووتین دوای ئەوە دێت، درەنگانی شەوی هەینی، یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر، کرێملنی بەوە تۆمەتبارکرد هێرشی مووشەکی بۆسەر هێزەکانی ڤاگنەر کردووە. وەزارەتی بەرگریی رووسیا راستەوخۆ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، بەڵام پریگۆژین فەرمانی هێرشکردنە سەر سوپای رووسیای دەرکرد. هەر شەوی رابردوو هێزە چەکدارەکانی گرووپی ڤاگنەر لە ئۆکرایناوە بەرەو هەرێمی رۆستۆڤ لە باشووری رووسیا بەڕێکەوتن و کاژێر 7:30 خولەکی سەرلەبەیانی کۆنترۆڵکردنی شاری رۆستۆڤ و بنکە سەربازییەکانی نێو ئەو شارەیان راگەیاند. بەڵام سەرۆکی ڕوسیا ڕەتیکردەوە دەستبەسەر ئەو ناوچەیەدا گیرابیت و ئەوەی ئاشکرا کرد کە دۆخی شاری رۆستۆڤ ناسەقامگیرە و گوتی، هەموو هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی دۆخەکە دەدات.
بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران ئەو وڵاتە ناتوانێت قەرزەکانی بە شێوەیەکی فەرمی وەرگرێتەوە و ناچارە پارەی فرۆشتنی نەوتەکەی بە کاڵای دیکە ئاڵوگۆڕ پێبکات. وڵاتی سریلانکا کە 250 ملیۆن دۆلاری پاڕەی کڕینی نەوتی ئێران قەرزارە بڕیاری داوە بە رێککەوتنێکی دوولایەنە مانگانە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار چایی رەوانەی ئێران بکات. بە پێی زانیارییەکان؛ سریلانکا لە ماوەی 48 مانگدا و لە بەرامبەر 250 ملیۆن دۆلاردا مانگانە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلاریی چایی رەوانە دەکات بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕە چاییەوە بۆ کەمتر لە دوو ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا کەمی کردوە. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشکرای کردوە؛ بەهۆی بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک سزای نێودەوڵەتیی دژی ئێران سەپێنراوە کە رەوانەکردنی پارەی بۆ سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئەو وڵاتە راگرتوە و ئێران بە ناچاریی داهاتی فرۆشی نەوتەکەی بە کاڵا ئاڵوگۆڕ پێدەکات. رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردوە ؛ لە ساڵی 2021 سریلانکا و ئێران رێککەوتون لەسەر ئاڵوگۆڕی نەوت بەرامبەر چایی. جواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندوە؛ لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی جیهان رێککەوتنیان کردوە بۆ ئەوەی نەوتیان بۆ رەوانە بکرێت و لە بەرامبەردا شتومەک و کاڵای خۆراکیی بۆ ئێران رەوانە بکرێتەوە. ئێران پێش سزا نێودەوڵەتییەکانی ساڵی 2018، رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی بە شێوەی فەرمی رەوانەی بازاڕەکان کردوە بەڵام لە ئێستادا بە شێوازی نهێنی و بە ناوی وڵاتانی دیکەوە بڕێک لە نەوتەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخ دەکاتەوە.
هاوڵاتی لە پارێزگای دیلۆکی باکوری کوردستان لە روداوێکی هاتوچۆدا ٦ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێک بریندار بوو. درەنگانی شەوی رابردوو لە ناوچەی شەهیتکەمالی پارێزگای دیلۆکی باکوری کوردستان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبیڵێکی مەدەنی لێکیاندا. لە روداوەکەدا، ٦ کەس هاوڵاتی کوردی دیلۆک گیانیان لەدەستدا و هاوڵاتیەکیش بە قورسی بریندار بوو. بریندارەکە بۆ نەخۆشخانەی دیلۆک گواستراوەتەوە و باسی ئەوە دەکرێت کە مەترسی لەسەر ژیانی بریندارەکە هەیە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەو هۆیەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون. ساڵی 2021ش لە باکووری کوردستان و تورکیا یەک ملیۆن و 186 هەزار و 353 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا پێنج هەزار و 362 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 274 هەزار و 615 کەس بریندارببوون.
هاوڵاتی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەڵێت، هێزە چەکدارەکانی گەیشتوونەتە نێو شاری رۆستۆڤ لە باشووری رووسیا و بنکە سەربازییەکانی ئەو شارەیان کۆنترۆڵکردوون. ئەمڕۆ شەممە 24-6-2023، یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند، خۆی و هەزاران چەکداری بە مەبەستی لابردنی فەرماندە سەربازییەکانی رووسیا لە پۆستەکانیان بەرەکانی جەنگیان جێهێشتووە و چوونەتە نێو رووسیا. پریگۆژین لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "ئێستا لە نێو فەرماندەیی سوپاداین؛ ئێستا کاژێر 7:30 خولەکی بەیانییە"؛ گوتیشی، بنکە سەربازییەکانی رۆستۆڤ و فڕۆکەخانەیەکی سەربازی کۆنترۆڵکراون. هاوکات ئەمڕۆ شەممە پایتەختی ڕوسیا ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی لە دوای بانگەوازی پریگۆژین بۆ یاخیبونی چەکداری توندترکرد. سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ دەڵێت، "چالاکی دژە تیرۆر" لە شارەکەدا بەڕێوەدەچێت و ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بەهێزترکراون و ڕێوشوێنی دژە تیرۆر لە مۆسکۆ گیراوەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە ڕوداوەکان. ئیگۆر ئارتامۆنۆڤ، پارێزگاری ناوچەی لیپێتسکی ڕوسیا ئەمڕۆ شەممە بەهێزکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ناوچەکەی ڕاگەیاند و داوای لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کرد کە خۆیان لە گەشتکردن بە ئاراستەی باشور بە تایبەت بۆ ناوچەی ڤۆرۆنیژ بەدور بگرن. هەروەها پێگە پەیوەندییەکان و کەناڵەکانی "تەلەگرام" کلیپی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئۆتۆمبێل و تانکەکان لە بەردەم بینای وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لە شاری ڕۆستۆڤ وەستاون. سەرچاوەکانی ڕۆستۆڤ بڵاویانکردەوە، کەسانی نەناسراو بە جلوبەرگی کامۆفلاجی سەربازییەوە گەمارۆی بارەگای ناوچەی سەربازی باشور و بارەگای سەرەکی وەزارەتی ناوخۆ و بینای ئیدارەی شارەکەیان داوە. ئەو بنکە سەربازییانەی پریگۆژین بانگەشەی کۆنترۆڵکردنیان دەکات رۆڵێکی گەورەیان لە شەڕی دژ بە ئۆکراینادا هەیە، چونکە شوێنی جووڵەپێکردن و رێکخستنەوەی هێزەکانی سوپای رووسیان و فڕۆکەخانە جەنگییەکەش بۆ فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بەکاردەهات کە لە شەڕی ئۆکراینادا بەشدارییان هەبوو. پریگۆژین دەڵێت، هیچ جمووجووڵێکی سەربازیی زەوینی و ئاسمانیی پەیوەست بە شەڕی ئۆکراینایان نەوەستاندووە. سەرۆکی ڤاگنەر ئاماژە بەوەش دەکات، فڕۆکەخانە سەربازییەکەیان کۆنترۆڵکردووە تاوەکو رێگری بکرێت لەوەی لەو فڕۆکەخانەوە هێرش بکرێتە سەر چەکدارانی گرووپەکەی و داوا لە هاووڵاتییانی رووسیاش دەکات بڕوا بەوە نەکەن لە تەلەڤزیۆنەوە پێیان دەگوترێت. بڕیارە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی ئەو کێشەیە گوتارێک پێشکێش بکات. کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان : کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا لە نزیکەوە بەدواداچون بۆ پێشهاتەکانی ڕوسیا دەکات لە دوای لێدوانەکانی پریگۆژین. کۆشکی سپی دەڵێت، "ئێمە چاودێری بارودۆخی ڕوسیا دەکەین، بایدنیش لە کورتەیەک لە هەنگاوەکانی ڤاگنەر لە دژی سەرکردایەتی سوپای ڕوسیا ئاگادار کرایەوە".
ناوەندی چاودێریی بومەلەرزە لە ئێران ئاشکرای دەکات لە حەوت رۆژدا هەشت بومەلەرزە لە ورمێ رویداوە. لە ئامارەکانی هەفتەی رابردوی ناوەندی چاودێریی بومەلەرزەی ئێران دەرکەوتوە لە حەوت رۆژی ئەو هەفتەیەدا لانیکەم هەشت بومەلەرزە لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. لەو هەفتەیەدا تەنها لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ حەوت بومەلەرز بە گوڕەکانی 2.6 تا 4 بە پێوەری ریختەر رویداوە. بەهێزترین بومەلەرزەی پارێزگای ورمێ بە گوڕی 4 لە ناوچەی زۆراواە سەر بە شاری خۆی رویداوە. لە (17/2/2023) بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلە بە پێوەری ریختەر شاری خۆی هەژاندا زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە. پێشترناوەندی چاودێریی بومەلەرزە لە ئێران بڵاوی کردبوەوە؛ لە یەکەم هەفتەی سەرەتای ئەم مانگەدا هەشت جار بومەلەرزە ناوچەکانی پارێزگای کرماشانی گرتوەتەوە کە گوڕەکەیان لە نێوان 2.5 بۆ 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر بوە. ئەو بومەلەرزانە ناوچەکانی قەسری شیرین و داڵاهۆ-ی لە کرماشان گرتوەتەوە و رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردو کاتژمێر 8:21 بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر لە داڵاهۆ رویدا و وتەبێژی مانگی سوری کرماشان رایگەیاند؛ بومەلەرزەکە زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە و تەنها تیمەکانیان کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
هاوڵاتی گرووپی ڤاگنەر لە رووسیا یاخی بوون و شەڕیان دژی مۆسکۆ راگەیاند و دەڵێن: رووسیا ئازاد دەکەین. فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند، هێزەکانیان دژی چوونەتە ناو خاکی رووسیاوە و دەیانەوێت "گەلی رووسیا ئازاد بکەن". سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر دەڵێت، کاتێک کە لە شەڕی ئۆکراینادا بوون، رووسیا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەریان و ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکدارەکانی کوشتوون رۆژی هەینی 23-6-2023، ژمارەیەک نامەی دەنگی یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر بڵاوبوونەوە کە یەکێکیان پەیامی شەڕ لە دژی سوپای رووسیای لەخۆگرتووە. پریگۆژین دەڵێت، "ئەنجوومەنی فەرماندەیی ڤاگنەر بڕیارێکی دەرکردووە: ئەو خراپەکارییەی لەلایەن سەرۆکایەتیی وڵاتەکەوە دروستبووە دەبێت بووەستێنرێت." لەبارەی تۆڵەکردنەوەش لە سوپای رووسیا دەڵێت، "ئەوانەی، کوڕەکانیان کوشتین، دەیانیان لێ کوشتین، دەبێت بزانن لە بەرامبەردا بە ژیانی دەیان هەزار سەربازی رووسی سزادەدرێن. داوا دەکەم، کەس نەیەتە سەر رێمان." سەرۆکی ئەو گرووپە چەکدارییە لە ڤیدیۆیێکدا کە رۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە، پاشماوەی زیانی یەکێک لە هێرشە مووشەکییەکانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بۆ سەر پێگەیەکی سەربازیی گرووپەکە نیشاندەدات. دیار نییە پریگۆژین لە هێرشکردنە سەر رووسیا مەبەستی کوێیە، بەڵام دەڵێت، "ئێمە 25 هەزار چەکدارین و دەچین بزانین ئەم ئاژاوەیە چییە دروستکراوە لەم وڵاتەدا. کێ دەیەوێت بەشداریمان لەگەڵ بکات با بێت، پێویستە ئەم بێسەروبەرییە کۆتایی پێبێنین." لەلایەکی دیکەوە، دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی رووسیا، تۆمەتی یاخیبوونی دایە پاڵ ێڤگینی پیریگۆژین و فەرمانی دەستیگیرکردنی بۆ دەرکرد، بەتۆمەتی یاخی بوون دژی سوپا. هاوکات، ژمارەیەکی زۆر تانک و زرێپۆش لە شەقامەکانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بڵاوەیانپێکراوە و هێزە ئەمنییەکانی شارەکە خراونەتە ئامادەباشییەوە.
