هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنبار، دەستگیرا بەسەر 250 هەزار دەنک حەبى هۆشبەرى جۆرى کاپتاگۆن و یەک کیلۆ مادەى هۆشبەرى حەشیش، کە لە قوتابخانەیەکى ئەوشارە شاردرابووەوە.  وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزێکى یەکەى بنبڕکردنى مادەى هۆشبەر لە پارێزگاى ئەنبار دەستیگرتووە بەسەر ئەو مادە هۆشبەرانەدا، کە لە قوتابخانەیەکى شارى روومادى ناوەندى پارێزگاکە شاردرابوونەوە کە لە قۆناخى نۆژەنکردنەوەدابووە. بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، رێوشوێنە یاسایی گیراوەتەبەر بۆ دەستگیرکردنى ئەو کەسانەى تۆمەتبارن بە شاردنەوەى ئەو مادە هۆشەبەرانە . بەگوێرەى ئامارى بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕبوونەوەى مادەى هۆشبەرى عێراق، لە ساڵى 2022ـدا زیاتر لە 14 هەزار کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و قاچاخیکردن بە مادەى هۆشبەر، دەستگیرکراون، کە 500 کەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.  

هاوڵاتی دوای ئەوەی کارگوزارێک ساردکەرەوەیەکی  تاقیگەیەک دەکوژێنێتەوە بەهۆی ئەوەی سەوتەکەی بێزاری دەکات ژمارەیەکی زۆر نمونە لەناودەچن بەم شێوەیەش توێژینەوەی چەندین ساڵی ئەو تاقیگەیە لەناودەچێت. دوای ڕوداوەکە سکاڵا کراوە کە تیایدا هاتووە خاوێنکەرەوەکە ساردکەرەوەی تاقیگەکەی کوژاندۆتەوە بۆ ڕاگرتنی "بیپێکی بێزارکەر" کە دروستی دەکرد بە مەش نمونە (سامپڵ)ی "زیاتر لە 20 ساڵ توێژینەوە لەناوچووە" پەیمانگای پۆلیتەکنیکی ڕێنسێلەر لە نیۆرک  سکاڵای یاسایی دژی کۆمپانیایەکی خاوێنکردنەوە تۆمارکرد دوای ئەوەی یەکێک لە کارمەندەکانی هەوڵیدا "بیپێکی بێزارکەر" ڕابگرێت بە کوژاندنەوەی بەفرگری یەکێک لە تاقیگەکان کە بووە هۆی لەناوچونی تەواوی نمونەکانی ناوی. پێویست بووە بەفرگرەکە بەردەوام لە پلەی گەرمی  -80 پلەی سەدیدابێت، لە سکاڵا یاساییەکەدا هاتووە کە تەنانەت "گۆڕانکارییەکی بچووک بە سێ پلە دەبێتە هۆی زیانی کارەساتبار و لەوانەیە زۆرێک لە کلتووری خانە و نموونەکان لەدەست بچن بەڵگەنامەکانی دادگا دەڵێن کە ئەو نمونانەی لەناوچوون دەکرا کلیلی دۆزینەوەو تیگەیشتنی چەندین بابەتی گرنگ بوبن لە بوارەکانی کیمیا و زیندەزانی کیمیاییدا لە سکاڵاکەدا، دامەزراوەکە دەڵێت تیمەکەیان ڕێوشوێنی توندی بۆ پارستنی بەفرگرەکە گرتۆتەبەر لەوانە دانانی سندوقێکی قوفڵی سەلامەتی لەسەر دەروازەکە و کۆگاکەی، بەڵام لە ۱۷ی ئەیلوول لە لایەن پاکەرەوەیەکەوە بە نوی ژۆزێف کوژێنراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە پارێزەری پاکەرەوەکە دەڵێت کە ئەو کارگوزارە گوێی لە جەڕەسی سەر بەفرگرەکە بووە بۆیە وایزانیوە کوژاوەتەوە و ویستوێتی هەڵیبکاتەوە. لە ئێستادا ئەو کەیسە لە دادگایەو پەیمانگاکە بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار داوای قەرەبوو لە کۆمپانیای خاوێنکەرەوەکە دەکات

هاوڵاتی داعش لە رێگەی ناسێنەرەکانی نزیک لە خۆیەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە ئۆپراسیۆنێکی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیاند. دوێنێ دو چەکداری نەناسراو کە بە سواری ماتۆڕسکیلێکەوە بون، بە چەکی ئۆتۆماتیکی، خاڵێکی پشکنینی "هەسەدە"یان کردە ئامانج، بەئامانجگرتنەکە لەسەر رێگای گشتی لە دەروازەی شارۆچکەی ئەبریحە بوە، کە سەر بە ناحیەی ئەلبەسیرەیە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزور. لەم بارەیەوە دەزگای ئەلیکترۆنی "ئەعماق" کە نزیکە لەو رێکخراوە، بڵاویکردەوە، چەکدارانی رێکخراوەکە، بە چەکی ئۆتۆماتیکی، خاڵێکی پشکنینی "هەسەدە"یان کردوەتە ئامانج، لە نزیک ناحیەی ئەلبەسیرە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزور. هاوکات لایخۆیەوە سەرچاوەیەکی سەربازی لە "هەسەدە" بۆ نۆرس پرێس، هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە، هەروەک گیانلەدەستدان و برینداربونی ئەندامێکی دیکەیانی پشتڕاستکردەوە، وتی، "باری تەندروستی بریندارەکە زۆر ناجێگیرە، کە بە گوللە بریندارکراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی مەیدانی شارەکە". سەرەڕای هەڵمەتە ئەمنییەکانی بەردەوام بۆ بەدواداچونی شانەکانی رێکخراوەکە لە سوریا و عێراق، لەم دواییانەدا رێکخراوی "داعش" ئۆپەراسیۆنەکانی لە سوریا و عێراق چڕتر کردوەتەوە.  

هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە 19ی ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە. پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کاتی سەردانکردنی بازگەی شێراوا لەنێوان هەولێر و کەرکووک ڕایگەیاند سەردانی بازگەکەیان کردووە و لە چۆنێتی پێشوازیی گەشتیارانیان کۆڵیوەتەوە. وتیشی ، بەراورد بە رابردوو پێشوازی لە گەشتیاران گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لە بازگەکان مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا دەکرێت و تیمەکانی گەشتوگوزاریش بە شیرینی پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن. ئاماژەی بەوەشدا  لە 19ی حوزەیرانەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە. گوتیشی، "پێشبینیمان وایە سبەی و دوو سبەی کە رۆژانی جەژنە، ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن." سبەی لە هەرێمی کوردستان و بەشێکی عێراق یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە؛ ساڵانە لە جەژن و بۆنەکاندا گەشتیارێکی زۆری پارێزگاکانی دیکەی عێراق سەرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

هاوڵاتی دەروازەى نێودەوڵەتى پەروێزخان رایدەگەیەنێت؛ بۆ ماوەى 24 کاتژمێر، جوجۆڵى بازرگانى لە دەروازەکە رادەگیرێت. بەپێى راگەیەنراوى دەروازەکە،  بەهۆی هاتنی جەژنی قوربانەوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی(28/6/2023) بۆ ماوەی(24) کاتژمێر جموجوڵێکی بازرگانی لە دەروازەی نێودەوەڵەتی پەروێزخان ڕادەگیرێت. دەشڵێت: ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی(29/6/2023) کە دەکاتە دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان جموجوڵی بارزگانی دەستپێدەکاتەوە و دەروازەکە بەڕوی شۆفێران و بازرگاناندا دەکرێتەوە.

هاوڵاتی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە ناوی شێرکۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنوری "هەنگەژاڵ"ی شارە بەسەختی برینداربو. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە کۆڵبەرێک بە ناوی شیرکۆ و خەڵکی گوندی حەوتاش-ی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەختی بریندار بو". هاوکات ڕان و سمتی ئەو کۆڵبەرە بەسەختی برینداربوە و بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی و تیمارکردن بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە گواستراوەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 44 کۆڵبەر لە سنورەکانی کوردستان کوژراون یان برینداربون، کە 34 کەسیان 77% بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بونەتە قوربانی.

هاوڵاتی لە تورکیا گرانی تەنگی بە هاوڵاتیان چنیوە و بەگوێرەی ئامارێک، خانەوادەیەکی چوار کەس لە مانگێکدا پێویستی بە هەزار و 300 دۆلار هەیە. کۆنفیدراسیۆنی سەندیکا کرێکاریەکانی تورکیا ئامارێکی لەبارەی دۆخی هاوڵاتیانی تورکیا و سنوری هەژاری لەو وڵاتەدا بڵاوکردەوە. کۆنفیدراسیۆنەکە دەڵێت، خانەوادەیەکی چوار کەسی لە تورکیا بۆ خەرجی مانگێک، پێویستیان بە 33 هەزار و 788 لیرە هەیە، کە دەکاتە هەزار و 300 دۆلار. بەگوێرەی ئامارەکە، گەنجێکیش لانیکەم پێویستی بە 13 هەزار و 471 لیرە هەیە کە بتوانێت لە مانگێکدا پێداویستیەکانی دابین بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ یەک دۆلاری ئەمریکی 26 لیرەی تورکی تێپەڕ کرد و رۆژ بە رۆژ زیاتر نرخی شتومەک و خواردن گران دەبێت. ناوەڕاستی مانگی حوزەیران حکومەتی تورکیا کەمترین موچەی لە وڵاتدا بە 500 دۆلار خەمڵاند، بەڵام بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار، لە ئێستادا کەمترین موچە نزیکەی 450 دۆلارە کە ئەمەش نارەزایەتی لەلای هاوڵاتیان دروست کردووە. لە دوو رۆژی رابردووشدا، نرخی نان، کرێی خانووبەرە و کرێی هاتوچۆ بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی لە سلێمانی سەرجەم لبانکەکان پابەند دەکات، ئاسانکاری بۆ موچەخۆران بکەن بەمەبەستی ژماردنی موچەکانیان و راشیدەگەیەنێت، هەربانکێک کەمتەرخەم بێت خۆی بەرپرس دەبێت. بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی لە سلێمانی لەنوسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرجەم لقی بانکە بازرگانیەکانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینی کردوە تێیدا هاتوە، بەپێی یاسا و رێنماییە بانکیەکان دەبێت هاوڵاتیان و فەرمانگەکان دڵنیابن لەتەواوی پارەکەیان پێش چونە دەرەوەیان لە بانک، ئەم ئاگاداریەش بەسندوقی بانکەکانەوە هەڵواسراوە و بەپێچەوانەوە هەر بانکێک کەمتەرخەم بێت لەئاسانکاری بۆ دڵنیابونی سەوداکاران، خۆی بەرپرس دەبێت. ئەم بڕیارەس دوای ئەوەهات ژمارەیەک بانک ئاگادارییان بڵاوکردەوە کە هاوڵاتیان و فەرمانگەکان ئەو پارەیەی وەریدەگرن لە ناو بانکەکان بۆیان نییە بیژمێرن.

هاوڵاتی بەهجەت ئەحمەد، ڕاوێژكاری مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی بۆ كاروباری وزە رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی یاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە. بەهجەت ئەحمەد لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، "دوای بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی عێراق لە رۆژنامەی وەقایع، یاساكە چوە بواری جێبەبجێكردن، بەپێی یاساكە رێژەی 12.67٪‏ بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، هەرێمی كوردستان پابەندكراوە كە رۆژانە لایەنی كەم 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنیت". دەشڵێت، "لەسەرەتای مانگی داهاتو یاساكە دەچێتە بواری كارپێكردنی فەرمیەوە، حكومەتی هەرێمیش پێویستە بەرهەمێنانی نەوت دەستپێبكاتەوە، كە پێشتریش ژمارەیەكی زۆری كێڵگە نەوتیەكان خرابونەوە كار، تەنها چەند كێڵگەیەكی نەوتی هەیە بەرهەمێنان تێیاندا وەستاوە". بەهجەت ئەحمەد باسی لەوەشكردوە، "بەپێی ئەو ئاماژانەی لە حكومەتی عێراق هەیە، بەهۆی نەگەیشتن  بەڕێكەوتن لەگەڵ توركیا بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و كەركوك لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، نەوتی هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆیی بەكاردێت، وەك هەنگاوی یەكەم و دوای چونە بواری جێبەبجێكردنی یاسای بودجە، نەوتی خۆرمەڵە و بەشێك لە كێڵگەكانی تر لە رێگەی پاڵاوگەی كار دەپاڵێورێت و  دابەشدەكرێت بەسەر پارێزگاكانی باكور وەك موسڵ و چەند ناوچەیەكی تر". هاوکات سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە تویتەر نوسیویەتی، لەدیدارەکەدا باسیان لە زیاتر گرنگیدان بە کۆمپانیاکانی ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی وەبەرھێنان لە عێراقدا ئەنجام بدەن. ئەوەشی خستووەتەڕو، ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیانکردووە لەسەر پێویستی دووبارە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە رێگەی ھێڵی عێراق و تورکیا بۆ ئەوەی نەوت بچێتەوە بۆ بازارە نێودەوڵەتییەکان و ئابوری عێراقیش بەھێزبێت بۆ بەرژەوەندی سەرجەم عێراقییەکان. ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە سێ مانگ  بەسەر راگرتنی ھەناردەی نەوت ھەرێم تێدەپەڕێت و زیانەکانی راگرتنی نەوتیش لەو ماوەیەدا بە زیاتر لە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە ، وەزارەتی کارەبای  لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، "وەزارەتی کارەبا بە بەرهەمهێنانی 3800 مێگاوات کارەبا و بە رەچاوکردنی بەرزبوونەوەی پلەکانی کارەبا لە هەر چوار رۆژی جەژنی قورباندا 16 بۆ 17 کاتژمێر کارەبا بە هاوبەشانی دەدات." باس لەوەشکراوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرھەمھێنان و وێستگەکان و کۆنترۆڵی کارەبای ھەرێم و پارێزگاکان و فەرمانگەکانی چاککردنەوە ٢٤ کاتژمێر لە خزمەتی ھاوڵاتیاندا دەبن. رۆژی یەکشەممە 25ـی مانگ، وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندبوو، "دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە و ئەو گرفتەی لە کێڵگەی کۆرمۆڕ ببووە هۆی وەستانی پڕۆسەی گواستنەوەی گازی شل بۆ وێستگەکانی کارەبا چارەسەر کرا." سبەی چوارشەممە 28ـی حوزەیرانی 2023، یەکەم رۆژی جەژنی قوربان (حاجییان)ـە و،  بەوبۆنەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمڕۆوە تا 1ـی تەمووزی داهاتوو لە سەرجەم دامودەزگاکانی کردووەتە پشووی فەرمی

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە ئەگەری بەرزبونەوەی تۆزێكی سوك هەیە و پلەكانی گەرماش بەڕێژەی 1-2 پلە نزمدەبنەوە و سبەینێش كە دەكاتە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان كەشوهەوا ساماڵ دەبێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ ئەگەری بونی تۆزێكی سوك لە كاتەكانی ئێوارەدا بەتایبەت لە ناوچەكانی باشوری هەرێم، پلەكانی گەرماش بەڕێژەی 1-2 پلە نزم دەبنەوە. ئاماژەی بەوەشكردوە، سبەی چوارشەممە كەش ئاسمان ساماڵ دەبێت، لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێم پلەكانی گەرما یەك پلە بەراورد بەئەمڕۆ بەرزتر دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 41 سلێمانی : 40 دهۆک : 40 کەرکوک : 44 هەڵەبجە : 43 زاخۆ : 41 سۆران :40 گەرمیان : 45

هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند  رێژەی بێکاری گەیشتووەتە 16.5 % بەتایبەت دوای، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەچەند ساڵی رابردوو،کە بە ھۆکارێکی سەرەکی زیادبوونی بێکاری دادەنرێت. عەبدولزەھرە ھنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بێکاری بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢١، گەیشتووەتە ١٦.٥%، ئەوەش بەھۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١. هاوکات سەبارەت بە پرسی سەرژمێریی دانیشتووان رایگەیاند، بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کۆتاییەکانی ئەمساڵ، ھۆکارە بۆ بەڕێوەنەچوونی سەرژمێریی دانیشتووان، بەڵام ١٠٠% ساڵی داھاتوو ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەدەچێت. ھەروەھا بەپێی ئامارەکان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٤٢ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و رەنگە تاکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ٤٣ ملیۆن کەس.

ئەمریکا رایگەیاند بڕێک لە پارەی قەرزەکانی غاز و کارەبای عێراق بە مەرج ئازاد کراوە و ئەو پارانە دەبێت تەنها بۆ بوارە مرۆییەکان و ئەو بوارانەی سزا نەیگرتونەتەوە بەکار دەهێنرێت. میتو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ نزیکەی سێ ملیارد دۆلاری بلۆککراوی ئێران لە عێراق ئازاد کراوە و سیاسەتی واشنتۆن لە ئاست بەغداد و تاران گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتوە. میلەر وتی: ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی سزاکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەو چوارچێوەیەشدا ئەو پارانەی لە عێراق ئازاد کراون تەنها دەبێت بۆ بوارە مرۆییەکان بەکاربهێنرێت. بە وتەی میلەر: لە ساڵی 2018 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ژمارەیەک لێخۆشبون لە سزاکانی بە راوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە (کۆنگرێس) بۆ عێراق دەرکردوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بتوانێت تێچوی کڕین یان دابینکردنی کارەبا لە ئێران بخاتە سەر ئەژمارێکی بانکیی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رونی کردوەتەوە؛ بەهۆی سزاکانی واشنتۆن دژی دژی کۆماری ئیسلامی ئەو پارانە تەنها لە چوارچێوەی بوارە مرۆییەکانی وەک دابینکردنی خۆراک و دەرمان و ئەو بوارنە بەکار دەهێنرێت کە سزاکانی ئەمریکا نەیگرتبنەوە. لە ماوەی رابردودا بەرپرسانی عێراق و کۆماری ئیسلامی رایانگەیاند؛ بە رەزامەندیی ئەمریکا بڕی زیاتر لە دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلار لە کڕینی قەرزەکانی غاز و کارەبای ئێران ئازاد کراوە بەڵام بەهۆی سزاکانەوە ناتوانرێت ئەو پارەیە بخرێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران.

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانرێت پارەی قەرزی غاز و کارەبا رادەستی ئێران بکرێت. ئەحمەد موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند؛ وەزارەتەکەیان سەرجەم قەرزەکانی کڕینی غاز لە ئێرانی رادەستی بانکی بازگانیی عێران (TBI) کردوە بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا ناتوانرێت ئەو بڕە پارەیە بچێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانی ئێران. بەرپرسانی ئێران لە ماوەی رابردودا رایانگەیاندبوە؛ دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلاری فرۆشتنی غاز بە عێراق ئازاد کراوە. پێشتر بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبو عێراق زیاتر لە 11 ملیارد دۆلار قەرزاری کارەبا و غازی ئێرانە و ئەگەر ئەو قەرزە رادەست نەکرێت ئەوا گرێبەستی فرۆشتنی رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سیجا غاز بە عێراق نوێ ناکرێتەوە.

هاوڵاتی سەرۆکی ڤاگنەر لە تۆمارێکی دەنگیدا هۆکاری هێرشکردنە سەر مۆسکۆی ئاشکرا کرد. یەڤگینی پریگۆژین، لە تۆمارێكی دەنگیی 11 خوولەکیدا گوتی، "لە دوای رزگارکردنی شاری باخمووت لە هەرێمی دۆنێتسک، وەزارەتی بەرگریی رووسیا گوشاری خستەسەرمان بۆ واژۆکردنی گرێبەستی تایبەت لەگەڵ وەزارەتەکە، نە من و نە چەکدارەکانم ئامادەی واژۆکردنی گرێبەستەکە نەبووین و بە پاساوێک بۆ کۆنترۆڵکردنمان و دانانمان لە ژێر رکێفی وەزارەتی بەرگریمان دانا."  وتیشی بەرپرسانی بەرگریی سوپای رووسیا رێگرییان لە گەیشتنی چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی بە چەکدارەکانمان دەکرد؛ ئەوان بەرپرسن لە چەواشەکردن و هەڵخەڵەتاندنی گەلی رووسیا، زانیاری هەڵە بە سەرۆکایەتی وڵات دەدەن و هۆکارێكن بۆ لە دەستدانی زەوی لە بەرەکانی شەڕدا. سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر باسی لەوەش کرد، "ئێمە بەو جووڵەیەمان نەماندەویست کودەتا بەسەر دەسەڵاتی سیاسییەوە بکەین، بەڵکو ویستمان سزای ئەو کەسە سەربازییانە بدەین کە چەندین هەڵەیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە ئەنجامداوە". ئەوەشی ڕونکردەوە کە رۆیشتنیان بەرەو مۆسکۆ و نزیک بوونەوەیان لە پایتەخت بەبێ ئەوەی رووبەڕووی هیچ رێگرییەکی راستەقینە ببنەوە، بوونی کەلێنێکی گەورەی ئەمنی لە وڵاتدا دەردەخات. ئێوارەی رۆژی شەممە، 24ـی حوزەیرانی 2023، گرووپی ڤاگنەر هێرشی پێچەوانەی بۆ ڕوسیا دەستپێکرد و توانی "بەبێ خوێن ڕشتن" هەرێمی رۆستۆڤیان کۆنتڕۆڵبکات و و دواتر بەرەو پایتەخت کەوتنەڕێ. چەکدارانی گرووپەکە تەنیا 200 کیلۆمەتر لە مۆسکۆ دوور بوون، هەڕەشەی دەستگیرکردنی وەزیری بەرگری و سوپاسالاریان دەکرد کە پریگۆژین تۆمەتباری کردوون بە هۆکاری کوژرانی هەزاران چەکداریان لەشەڕی ئۆکراینا. دواتر بە نێوەندگیری سەرۆکی بیلاڕوسیا کشانەوە شوێنەکانی خۆیان و ڕێکەوتنێکی پێنج خاڵییان کرد.