سەرۆک بارزانی: نابێت تاوانی کەسێک بخرێتە ملی کەسێکی دیکە، دەبێت ئەو هەڵمەتەی دژی هاوڵاتی سوری رابگیرێت
هاوڵاتی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ زاوایەك هێرشیكردوەتەسەر ماڵی خەزوری و دەستڕێژی گوللـەی لێكردون،لەئەنجامیشدا هاوسەرەكەی خۆی كوشتووەو و خوشكی هاوسەرەكەشی برینداركردوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، تۆمەتبارێك لەگەڕەكی گوڵانی شاری هەولێر هێرشیكردۆتەسەر ماڵی خەزوری و لەئەنجامیشدا هاوسەرەكەی خۆی كوشتوە، خوشكی هاوسەرەكەشی بەسەختی برینداركردوە. تا ئێستا هۆكاری سەرەكی ئەو روداوە نەزانراوە، لەئێستاشدا تەرمی كوژراوەكە كە تەمەنی لەنێوان 20-22 ساڵاندایە بۆ پزیشكی دادی گواستراوەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، تا ئێستا لەسەر ئەم روداوە زاواکە کە هەستاوە بە کوشتنى هاوسەرەکەی دەستگیر کراوە و پێدەچێت کەسێکى دیکەیش کە هاوبەشى تاوانەکە بوە، لەگەڵیدا دەستگیر کرابێت.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕەوە و لەسەر سکاڵای سێ هاوڵاتی، تۆمەتبارێک دەستگیرکرا، کە پێشتریش بەتۆمەتی دزیکردن بەند کراوە و سزای یاسایی دراوە. پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی سێ هاوڵاتی سکاڵایان تۆمارکرد کە دزییان لێکراوە، لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیپێکرد، سەرنجام و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لەلایەن نوسینگەی ناوبازاڕی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە توانرا تۆمەتبار دەستگیربکرێت و دوای گەڕان و پشکنینی شوێنی نیشتەجێبونی توانرا دەستبەسەر بڕێک پارەی دزراودا بگیرێت. ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا تۆمەتبار (ح،ج،ق لەدایکبوی 1979) ڕاگیراوە کە سێ فەرمانی گرتنی هەیەو لەدادگای سلێمانیش داواکراو بوە بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عێراقی و پێشتریش بەتۆمەتی دزیکردن بەند کراوە و سزای یاسایی دراوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی بە مەبەستی چارەسەری تەندروستیی و جوانکاریی پزیشکی دەچنە وڵاتی ئێران بەرز دەبێتەوە هاوڵاتییانی عێراق دووەم دوەم گەشتیاری بیانین کە بە مەبەستی چارەسەریی سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن. هاشم دەریاباری، سەرپەرشتیاری ناوەندی چاودێریی دەرمان و چارەسەریی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند؛ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی بە مەبەستی چارەسەریی و جوانکاریی پزیشکی رو لە وڵاتەکە دەکەن بەرز بوەتەوە و لە سێ مانگی ئەمساڵیشدا 247 ناوەندی تەندروستی تایبەت کراوە بە گەشتیاران. دەریاباری ئاماژەی بەوە کردوە کە لە ساڵی 2022 یەک ملیۆن و 223 هەزار و 896 کەس بۆ چارەسەری تەندروستیی رویان لە ناوەندە پزیشکی و نەخۆشخانەکانی ئێران کردوە. زۆرترین کەس لە وڵاتانی ئەفغانستان، عێراق، عۆمان، بەحرەین، پاکستان، کوەیت، ئازەربایجان، هندستان، تاجیکستان و سعودیە رویان لە ئێران کردوە بە مەبەستی چارەسەریی یان جوانکاریی پزیشکی. بە پێی زانیارییەکانی ناوەندی چاودێریی دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستیی ئێران زۆربەی ئەو کەسانە بە مەبەستی چارەسەریی رویان لە وڵاتەکە کردوە تایبەت بون بە بوارەکانی ژنان و منداڵبون، نەشتەرگەرییەکانی چاو، جوانکاریی ، دڵ و دەمار، شێرپەنجە، چارەسەری سروشتی و نەشتەرگەریی گشتیی. ئێران لە روی سەردانی گەشتیاری تەندروستییەوە دەکەوێتە ریزبەندی 46-ەمین وڵاتی جیهان کە زۆرترین گەشتیار بە مەبەستی چارەسەری تەندروستیی و جوانکاریی روی تێدەکەن.
کەنەدا بەهۆی پێشێلکارییەکان و دەرکردنی بڕیاری قورس لە دژی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران حەوت دادوەری دادگاکانی کۆماری ئیسلامی سزا دەدات و سوپای پاسدارانیش 20 وڵات بە دەستوەردان لەو ناڕەزایەتییانە تۆمەتبار دەکات. وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئەمڕۆ دوشەممە لە بەیاننامەیەکدا سزادانی حەوت دادوەری کۆماری ئیسلامی راگەیاند و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش وتی: سزاکان لە چوارچێوەی هەنگاوە ئابورییەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا وڵاتانی ئەوروپا سەپێنراوە. هەر یەکە لە دادوەری دادگاکانی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگاکانی (ئەسفەهان، مەشهەد، شیراز، کەرەج، تاران، گورگان) لە لایەن کەنەداوە سزا دراون بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان و دانیشتوانی ئێران. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ مەجید کازمی، سەرۆکی بەشی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ 20 وڵات کە کەنەدا یەکێک لەو وڵاتانە بوە دەستیان هەبوە لە گرژیی و ناڕەزایەتییەکانی ماوەکانی رابردو لە وڵاتەکدا. بە وتەی ئەو هەر یەکە لە وڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، نەمسا، ئیتاڵیا، نەرویج، ئایسلەندا، نیوزلەندا، ئەڵبانیا، کۆزۆڤۆ ، نروژ، کەنەدا ، ئۆسترالیا، ئیسرائیل، سعودیە، بەحرەین و ئیمارات ) دەستیان لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێراندا هەبوە و هاندەربون بۆ دروستبونی گرژییەکان. سوپای پاسداران بە بەردەوامی وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیای بە هۆکاری هاندانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناوبردوە.
پەکەکە رایگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا سوپای تورکیا ٢١٥ جار بارەگای گەریلاکانی بۆردومان و تۆپباران کردووە. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازی پەکەکە راگەیەندراوێکی لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی سێ رۆژی رابردووی نێوان گەریلاکانی و سوپای تورکیا بڵاوکردەوە. هەپەگە دەڵێت، لە ١٦، ١٧ و ١٨ مانگدا، فڕۆە جەنگیەکان و تۆپخانەکانی تورکیا، ٢١٥جار هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلاکانی بۆردومان و تۆپباران کردووە. باسی ئەوەش دەکات کە هێرشەکان لە سنوری هەرێمی کوردستان بەردەوامن. لەلایەی دیکەوە، هەپەگە ناسنامەی پێنج گەریلای ئاشکرا کرد کە لە هێرشە ئاسمانیەکانی دەوڵەتی تورکیا و پێکدادانەکاندا شەهید بوون. هەفتەی رابردوو، کەجەکە بێچالاکی کۆتایی پێهێنا و رایگەیاند، هەموو کەسێک بینی کە تاوەکو دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە نەڕوخێت هیچ بەرەوپێشچوونێک نایاتە ئاراوە، بۆیەش زیاتر گوڕ بە تێکۆشان دەدەن. هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، قۆناغی راگرتنی چالاکیەکانیان کۆتایی پێهێناوە، کە دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات رایانگەیاندبوو و لە ماوەی هەڵبژاردنیشدا درێژیان کردبووە. کەجەکە لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لەکاتێکدا کە هێشتا کاریگەری زۆری بومەلەرزە لەئارادابوو، تورکیا پێینایە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. لەم هەڵبژاردنەدا کە هەم گەلی کورد و هەمیش کۆمەڵگای تورکیا بە گرنگی دادەنا، بۆ ئەوە بوار بۆ ئاژاوەگێڕی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشە (ئاکەپە) و بزوتنەوەی نەتەوەپەرست(مەهەپە) نەڕەخسێندرێت و لە هەڵبژاردندا ئەنجامێک لە بەرژەوەندی گەلان و هێزە دیموکراتیکەکاندا بەدەستبهێندرێت، ئێمە هەڵوێستێکی لەو جۆرەمان گرتەبەر کە تا دوای هەڵبژاردن بڕیاری راگرتنی چالاکی درێژبکەینەوە و ئەو بڕیارەشمان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە، بێگومان وەک بزوتنەوەکەمان خوازیاری چارەسەری سیاسیی دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیاین، لەو پێناوەشدا تێدەکۆشین. هەربۆیە ئەم هەڵوێستەمان لە هەمان کاتدا پشتگیرییەک بوو بۆ سیاسەت و پرۆسەی سیاسی. دواتر ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاماری چوار مانگی رابردووی هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆ سەر گەریلاکانیی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، کەجەکە بێچالاکی راگەیاندبوو و گەریلاکانیش هێرشیان نەدەکردە سەر سوپای تورکیا. هەپەگە ئاشکرای کردبوو، لەو ماوەیەدا، سوپای تورکیا لەو ماوەیەدا چوار هەزار و ٨٤٨ جار بارەگاکانی ئەوانی بۆردومان و تۆپباران کردووە. هەروەها ٢٢٤ جار بە چەکی فسفۆڕ، جۆمبی قەدەغەکرا و چەکی کیمیایی هێرش کراوەتە سەریان. لە ئامارەکەدا هاتبوو، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، ٣٢ گەریلا شەهید بوون، ٨٤ سەربازی تورکیا کوژراون و سێ سەربازیش بریندار بوون.
ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتیی رایدەگەیەنن لە ماوەی سێ ساڵدا زۆرترین هەلی کار بۆ پەنابەران لە ئەوروپا مسۆگەر دەکەن. تەلەفیزیۆنی (یۆرۆنیوز) بڵاوی کردەوە: بڕیارە 40 کۆمپانیای گەورەی نێودەوڵەتیی لە ماوەی سێ ساڵدا 250 هەزار پەنابەر لە وڵاتانی ئەوروپا دامەزرێنن یان هەلی کاریان بۆ دەستەبەر بکەن. کۆمپانیاکانی (ئەدیداس، ئەکسێنتور، ئەمازۆن، هیلتۆن، پێپسی، ستارباکس) لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاندوە؛ زیاتر لە 13 هەزار پەنابەر بە شێوەی راستەوخۆ دادەمەزرێنن و راهێنان بە 86 هەزار پەنابەر دەکەن بە ئامانجی دۆزینەوەی و دەستەبەرکردن کار. ئاماژە بەوە کراوە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و کۆمپانیای ئەکسێنتور راهێنان بە 40 هەزار پەنابەر دەکەن و کۆمپانیای ئەمازۆن بە تەنها پێنج هەزار پەنابەر دادەمەزرێنێت. بڕیارە ئەو 40 کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە لقی سەرەکیی یان ناوەندێکیان لە کیشوەری ئەوروپا هەیە لە ماوەی سێ ساڵدا ئەرکی دەستەبەرکردنی کار بۆ 250 هەزار پەنابەری ئەو کیشوەرە لە ئەستۆ بگرن و پابەندبن بە دابینکردنی کار بۆ پەنابەران.
فەرماندەیەکی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەوان بە گوێرەی ئاگربەست دەجوڵێینەوە، دەبێت دەوڵەتی ئێرانیش بەو ئاڕاستەیەدا هەنگاو بنێت و بجوڵێتەوە چونکە بە پێچەوانەی ئەو هەنگاوە وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە. شیار شەڤگەر یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەبارەی پێکدادانەکانی ناوچەی کۆساڵان وتی، هەواڵگریی ئێران زانیاریی لەبارەی پەژاکەوە دەداتە دەوڵەتی تورکیا و هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا لەو چوارچێوەدا و پاڵپشت بەو زانیاریانە هێرش دەکەن کە ئەوەش رێککەوتنێکی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە. وتیشی: هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر بەم دۆخە دیارە؛ جوڵانەوەیەک کە بانگەشەی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی دەکات، ئەگەر دەستبەرداری چەک بێت، ئەمە بە واتای مردنیەتی. لەم سەدەیەی ئێمەی تێداین ئەگەر خاوەنی هێزی سەربازیی و بەرگریی نەبێت، بە ئیرادە و هێزی خۆبەڕێوەبەری خۆی نەتوانێت کۆمەڵگاکەی بپارێزێت، هیچ واتایەک بۆ تێکۆشانی شۆڕشگێڕی نامێنێتەوە. ئەو فەرماندەیەی یەرەکە دەشڵێت، "ئێمە بە گوێرەی ئاگربەستەکە دەجوڵێینەوە، دەبێت دەوڵەتی ئێرانیش بەو جۆرە بجوڵێتەوە و مامەڵە بکات ئێمە لەپێناو وڵات، گەلەکەمان و گەلانی بندەست تێدەکۆشین و هێزێکی بەرگرین، ئێمە لایەنگری دیالۆگ و چارسەرین، ئێمە لایەنگری شەڕ نین بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر گەلەکەمان ئێمە وەڵامی ئەوە دەدەینەوە." شیار شەڤگەر رایگەیاند، سوپای پاسداران نیازی هەیە کە لە سەر چەند گرد و شاخی ئەوێ جێگیر ببێت و وتی، " بەڵام نابێت ئەوە لە بیر بکەن؛ ئێمە گەریلاین و لە هەموو شوێنێکی کوردستانین، بە گوێرەی ئەوان ئەگەر هەندێک گرد و شوێن بەدەستبهێنن، گەریلا ئیتر ناتوانێت لەوێ بمێنێتەوە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو شاخانە هەڵەیە، دەبێت ئێران ئاگربەست وەک دەرفەتێک نەقۆزێتەوە ئێستا هەڤاڵانمان دانیان بە خۆیاندا گرتووە کە هێرش نەکەن. هەشت رۆژە سوپای پاسداران هێرشی کردوەتەوە سەر ناوچەکانی کۆساڵان و بەهۆیەوە پێکدادان لەنێوان سوپای پاسداران و گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەستی پێکردوە کە تا ئێستا کوژرانی دوو ئەندامی سوپای پاسداران و برینداربونی هەشت کەسی ئەو سوپایە راگەیەنراوە.
دەست بەسەر بینایەکی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێراندا دەگیرێت کە بڕیاربو وەک شوێنی نیشتەجێبونی و نوسینگەی کارەکانی سودی لێورگیرێت. میدیای سەر بە باڵی توندڕەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوە؛ حەسەن رۆحانی ، سەرۆک کۆماری پێشوی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی نایاسایی خانویەکی گەورەی لە یەکێک لە گەڕەکی جەماران یەکێک لە گرانبەهاکانی تاران-ی پایتەخت دروست کردوە کە لە لایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم دیمەنی خانوەکەی سەرۆک کۆماری پێشوی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە لە سێ نهۆمە و کەنتۆر و کەوانتەرەکانی لە باشترین و گرانبهاترین دار و تەختە دروست کراون و سەرجەم شوشە و جامخانەکانی گوللـە نەبڕن. ئەو ئاژانسە ئاشکرای کردوە کە رۆحانی بە زۆر و بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو بینایەی بە ناوی (سەلام) بە ئامانجی نیشتەجێبون و بەڕێوبردنی کارەکانی دروست کردوە بەڵام بە بڕیاری حکومەت لە زیادکردنی ئاشکرادا دەفرۆشرێت و پارەکەشی بۆ ناوچە هەژارانشینەکان تەرخان دەکرێت. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی دوو باڵی محافزکار و ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی توندتر بوەتەوە و باڵی محافزکار کە لە ئێستادا هەر سێ سەرۆکایەتییەکانی بەدستەوەیە هێرشی راگەیاندنی بۆ رکابەرەکەی توند کردوەتەوە. باڵی ریفۆرم لە لایەن محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران رێبەرایەتیی دەکرێت و باڵی محافزکار عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی بە پێشەنگ و پێشەوای خۆیان دەزانن.
ناوەندی بەرەنگاریی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران ئاشکرای دەکات رێژەی بەکارهێنانی ئەو ماددانە لە وڵاتەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوەتەوە و بەرهەمێهانی ماددەی هۆشبەریش لە ئەفغانستان 50 هێندەی رابردو. عەلیڕەزا کازمی، قائیمقامی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێران رایگەیاند؛ رێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی وەک تریاک، حەشیش و کریستاڵ لە کەسانی تەمەن 15 بۆ 64 ساڵ لە ئێران بە رێژەی 26% زیادی کردوە. ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان رونی کردوەتەوە کە بۆ چارەسەریی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان هەشت هەزار و 900 ناوەندی چارەسەریی بە مەبەستی وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران چالاکن. لە ئامارەکانی ئێراندا دەرکەوتوە زیاتر لە 12 ملیۆن کەس لەو وڵاتە ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن کە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسیان بە ئالودەبو ئەژمار دەکرێن کە رێژەی 10%ی ئالودەبوان کچ و ژنن. بە وتەی قائیمقامی ناوەندی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە 20 ساڵی رابردو بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان 50 هێندە زیادی کردوە و دەگاتە نزیکەی 10 هەزار تۆن لە ساڵێکدا کە ئەوەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرزبونەوەی رێژەی توشبوانی ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەت لە ئێران کە دراوسێیی ئەو وڵاتەیە. کازمی وتویەتی بەگشتی لە ماوەی پێنج ساڵدا دەست بەسەر پێنج هەزار و 428 تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا گیراوە و 67 ئەندامی هێزەکانی پۆلیس بەهۆی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کوژراون. ئاماژەی بەوە کردوە لەو ماوەیەدا 17 هەزار و 630 جار پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و قاچاخچی و بازرگانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران رویداوە.
هاوڵاتی هاوڵاتی نۆ قاچاخچی بەتۆمەتی بازرگانی کردن بە مرۆڤ و هۆکاری ڕودانی کارەساتی نقومبوونی بەلەمەکەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی یۆنان، لە شاری کالاماتا دادگایی دەکرێن. رۆژنامەکانی یۆنان بڵاویانکردووەتەوە، ئەمڕۆ نۆ کەس کە تۆمەتبارن بە رووداوی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران بە نزیکەی ٧٥٠ سەرنشینەوە، لە شاری کالاماتای یۆنان دادگایی دەکرێن. کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و قاچاغچێتی و دروستکردنی رێکخراوێکی تاوانکاری و چەندین تۆمەتی دیکە. هاوکات ئاژانسەکانی هەواڵی ئەو وڵاتە دەڵێن، لێپرسراوانی یۆنان داوای ھاوکارییان لە ئاژانسی "یورۆبول" کردووە، بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەو رێکخراوە و دەشڵێن لە ماوەی دوو مانگیشدا ١٨ جار کۆچبەرانیان لە لیبیاوە رەوانەی ئیتاڵیا کردووە. ھەر بەپێی میدیاکان، ئەو نۆ کەسەی تۆمەتبارن بەو رووداوە، میسرین و یەکێکیان رۆڵی گەورەی لەو رووداوە ھەبووە.
هاوڵاتی هاوڵاتیەکی ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێ لە سنوری پارێزگای دهۆک گومانی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێن بەربوونی لێدەکرێت و ئێستا لەنەخۆشخانەی گوڵان لە ئاکرێ لەژێر چاودێری پزیشکی دایە. سەربەست سەبری، بەرێوەبەری ناحیەی دینارتە بە هاوڵاتی وت" ئەو هاوڵاتیە تەمەنی سەروو 60 ساڵە دانیشتووی گەڕەکی برایەتی یە لەسەنتەری دینارتە، رۆژی پێنج شەممەی رابوردوو دوای نەخۆش کەوتنی دەستبەجێ ڕەوانەی نەخوشخانەی گوڵان لە ئاکرێ کرا، بەشی زۆری نیشانەکانی نەخۆشی تای بەربوون لەو کەسە دەرکەوتووە". وتیشی،" هەموو پشکنینەکانی رەوانەی بەغدا کراون ئەمرۆ تا سبەی ئەنجامەکان دەگاتە دەستی تەندروستی ئاکرێ" سەربەست سەبری باسی لەوەشکرد "وەکو ئیدارەی ناحیە وتیمی تەندروستی ناحیەکە لێکوڵینەوەمان کردوە لەگەڵ چەند گۆشتفرۆشێک و ئەوانەی ئاژەڵ بەخێو دەکەن کردووە و داومان لێکردوون هەموو رێنماییەکان تەندروستی وەک خۆی جێبەجێ بکەن بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن" هاوکات ئەو هاوڵاتییە خۆی ئیشی بەخێوکردنی مەڕوماڵات دەکات . ئەمە دەبێتە یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە سنووری قەزای ئاکرێ و سێیەم حاڵەت لە پارێزگای دهۆک.
بەهۆی زۆربونی روداوەکانی هاتوچۆ لە کرماشان رێژەی گیانلەدەستدان و قوربانییان بەرز دەبێتەوە . پزیشکی دادی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردەوە؛ لە دوو مانگی بەهاری ئەمساڵدا 95 کەس بەهۆی روداوەکانی هاتوچۆ لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە دوو مانگی بەهاری ساڵی رابردو 11% زۆر بوە. لە دوو مانگی بەهاری ساڵی رابردودا 85 کەس لە کرماشان بەهۆی روداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدستداوە. ئاماژە بەوە کراوە ؛ هەر لەو دوو مانگەدا هەزار و 869 کەس بەهۆی برینداربون بە روداوەکانی هاتوچۆ سەردانی پزیشکی دادیان کردوە کە 659 کەسیان ژن بون. پزیشکی داد ئاماری بریندارەکانی شەڕ و کێشەی کۆمەڵایەتیی کرماشانی بڵاو کردوەتەوە کە بە پێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا دوو هەزار و 340 کەس سەردانی پزیشکی دادیان کردوە کە بەراورد بە رابردو نزیکەی 9% کەمی کردوە. بە وتەی بەڕێوبەری پزیشکی داد بەهۆی ژەهراویبون بە غاز 17 کەس لە کرماشان گیانیان لەدەستداوە کە نۆکەسیان لە رەگەزی نێر و هەشت کەسیان لە رەگەزی مێ بون کە بەراورد بە ساڵی رابردو مردن بە غاز 13 کەس زیادی کردوە.
هاوڵاتی ئەندامێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە کۆمسیۆن له مانگی 12ی ئەمساڵدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکات، بەڵام ئەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێم دیاریکردوە زۆر نزیکە و ڕەنگە کۆمسیۆن بڕیاربدات ئەو هەڵبژاردنانە لە بەهاری ساڵی 2024 ئەنجامبدرێن. دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە 11ی مانگی شەشی 2023 سەبارەت نادەستورییبونی بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاردرا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات و سەرپەرشتی بکات. خالد عەباس، بەڕێوەبەری نوسینگەی دهۆکی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە دوێنێ یەکشەممە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر کۆبوەتەوە بۆ ئەوەی کاتێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردەنەکانی هەرێم دابنرێت. کۆمسیۆن گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دوابخرێت، ئەوا کۆمسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ڕێکبخات. ئەوەشی ڕونکردەوە،" ئەگەر هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت ئەوا کۆمسیۆن وادەیەک پێشنیاز دەکات لە مانگی چوار یان پێنجی ساڵی داهاتو، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم". دوای ئەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆشایی دەستوری و سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروستکرد، فشاری ئەمەریکا و لایەنە ناوخۆییەکان لەسەر سەرکردە سیاسییەکان هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام بەپێی لێدوانەکەی خاڵد عەباس، ڕونە کە بەپێی ویستی دەسەڵاتی هەرێم، لە ساڵی 2023دا ئەنجامنادرێت کاتی ئامادەکاری کورتە و کۆمسیۆنی عێراق ناتوانێت لەم 6 مانگەدا دوو هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
هاوڵاتی سێ کۆڵبەر لە ناوچە سنوریەکانی نەوسوود بەتەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسدارانی ئێرانەوە بەسەختی برینداربوون. رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، راگەیاند، لە نزیک گوندی "دزاوەر" سەر بە شاری نەوسوود، هاوڵاتیەک بە ناوی سەبوور سەیدی، دانیشتووی گوندی "کڵاش" سەر بە جوانڕۆ و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ کە ناوی نەزانراوە، کەوتنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسەختی برینداربوون. سەرچاوەکانی هەنگاو لەمبارەوە رایانگەیاند، کە لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێژی پاسداران، قاچی ئەم دوو کۆڵبەرە پێکراوە و دۆخی تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە. لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتیەکی دیکە بەناوی فەرزاد ئیمامی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی پاوە، لەکاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی شاری نەوسوود، کەوتە بەر تەقەی راستەوخۆی هێزی پاسداران و بریندارکرا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای پاسداران هێزێکی زۆری بۆ ناوچە سنوریەکانی رۆژهەڵاتی و هەرێمی کوردستان رەوانە کردووە و ئۆپراسیۆنی سوپای پاسداران لە کوێستانەکانی کۆساڵان بەردەوامە.
هاوڵاتی ژمارەی بریندارانی بومەلەرزەکەی شاروچکەی خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ گەیشتە ٣٠ کەس. دوێنێ لە شاروچکەی خۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە پلەی ٤.٧ بومەلەرزەیەک روویدا. زەبیحوڵلا کازمی قایمقامی خۆی رایگەیاند، بەهۆی بومەلەرزەکەوە ٣٠ کەس بریندار بوون، بەڵام هیچ زیانێک بە ژێرخانی شارەکە نەگەیشتووە. لە ١٨ی کانونی دووەمی ئەمساڵیشدا لە خوی بومەلەرزەیەک روویدا و بەو هۆیەوە ٢٥٢ کەس بریندار بوون و ٣ هەزار و ٨٥٠ خانوو و باڵەخانەش رووخان و زیانیان بەر کەوت. چەند رۆژێک دوای ئەوە، بومەلەرزەیەکی دیکە روویدا و بەو هۆیەوە ٣ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و ١٠٠ کەسیش بریندار بوون.
