هاوڵاتی دهسهڵاتی تاڵیبان له ئهفغانستان ئەو رۆژەی دوایین سەربازی بیانی وڵاتەکەی جێهێشت، وەک پشووی نیشتمانیی ناساند. لە راگهیهندراوێكدا کە نووسینگەی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان بڵاویکردووهتەوە، بەو پێیە 31ی ئاب هاوكاته لهگهڵ كشانهوهی دوایین سهربازی بیانی له ئهفغانستان و رۆژی كۆتاییهاتنی داگیركاریی ئەفغانستانه، وەک پشووی نیشتمانیی لە سەرتاسەری وڵاتدا ناسێندرا. دوای ئهوه دانوستانەكانی ئاشتی له نێوان حکوومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان هیچ ئهنجامێكی نهبوو، ململانێکانی نێوان لایەنەکان لە هاوینی 2021دا تاویان سهند و تاڵیبان دەستیکرد بە کۆنترۆڵکردنی یهك لهدوای یهکی شارەکانی ئەفغانستان. هاوتەریب لەگەڵ ئەوهدا هێزه بیانییەکان كه له چوارچێوهی ناتۆدا له ئهفغانستان بوون، کشانەوەی سهربازانیان خێراتر کردبوو. بەو شێوەیەش دوایین سەربازی ئەمەریکی لە 31ی ئابی 2021دا کۆتایی هات و بەپێى بڕیارێکى حکومەتى تاڵیبانیش ئەو رۆژە کراوە بە پشوى نیشتمانیى لەسەرتاسەرى وڵاتدا.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێم رایگەیاند، دابەشکردنی چوارەم بەشە ئاردی کۆبوونی خۆراک دەستیپێکردوە کە ئاردێکی باشە و لەلایەن ھاووڵاتیانەوە تاقیکراوەتەوە نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێم رایگەیاند، دابەشکردنی چوارەم بەشە ئاردی ھاووڵاتیان لە چوارچێوەی کۆبوونی خۆراکدا دەستیپێکردوە، کە ئاردێکی باشە و لە گەنمی ناوخۆیی و ھاوردە بەرھەمھێنراوە. وتیشی، ھەر ھاووڵاتییەک مانگە ٩ کلیۆ ئارد بە پێی کۆبوونی خۆراک وەردەگرێت و ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان بۆ ١٠ بەشە ئاردی خۆراکی مانگانە پێویستیان بە ٦٥٠ ھەزار تۆن ئارد ھەیە.
هاوڵاتی ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی بڵاویکردەوە کە ئیمانیۆل ماکرۆن لە هەوڵێکی تیرۆر کردن ڕزگاری بووە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی پاریسیانی فڕەنسی پۆلیسی فڕەنسا چالاکوانێکی دەستگیرکرد کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت هەوڵی تیرۆرکردنی ئیمانوێل ماکرۆنی دابێت دەڵێت ئەمڕۆ شەممە ئەو هاوڵاتییە لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوە و ئێستا لە زینداندایە. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، باس لە ڕوداوێک دەکرێت کە لە 27ی نیسان لە سەردانەکەی سەرۆکی فڕەنسا بۆ ناوچەی دۆ بە بۆنەی 175 ساڵەی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لەو وڵاتە ڕویداوە، هەروەها هەواڵی بەشداریکردنی ماکرۆن بڵاوبۆوە و خۆپیشاندان دەستی پێکرد و هاوڵاتییان هەوڵیانداوە پشتوێنەی ئەمنی ببەزێنن بۆیە سەرۆکی فەڕەنسا لە ناوچەکە دورخراوەتەوە و لەو کاتەدا دوای کۆتاییهاتنی ڕوداوەکە، چالاکوانێکی فەڕەنسی تەمەن 20 ساڵ لەکاتی ئەوەی ماکرۆن لە ناوچەکە بە هێلیکۆپتەر چۆتە دەرەوە بۆمبێکی دوکەڵی ئاراستەی هێلیکۆپتەرەکە کردوە، لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکاندا ناسنامەی ئەنجامدەرەکە دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی ماکرۆن گەیشتەوە شوێنی مانەوەی خۆی، ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکرا. داواکاری گشتی دژەتیرۆر بە سێ تۆمەتی هەوڵدان بۆ لەناوبردنی هێلیکۆپتەرێکی پۆلیس و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ئەو کەسانەی کە لەناو ئەو هێلیکۆپتەرەدا بون و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی وڵات تۆمەتباری دەکات.
هاوڵاتی ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدهگهیهنێت، یاسای بودجە دوای ئەوەی رەوانەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کراوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی یاساکە لە ماوەی 15 رۆژدا دهچێته بواری جێبهجێكردنهوه. ئەمڕۆ شەممە (17ــی ئایاری 2023)، موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، پێش دوو رۆژ یاسای بودجهیان رهوانهی سهرۆكایهتی كۆمار كردووه و پێشبینی دهكهن لهماوهی پێنج تا پازده رۆژی دیكه پهسهند بكرێت. كازمی ئاماژهی بهوهشكردووه، جێبهجێكردنی یاساكه دهبێته هۆی بهرپابوونی شۆڕشی بونیادناوه. بودجەی عێراق دوای گفتوگۆیەكی چڕ لەلیژنەی دارایی و پێنج رۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پەسەندكراو رەوانەی سەرۆك كۆمار کرا و دوای پەسەند کردنی دواتر لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی عێراق بڵاودەكرێتەوەو دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت. لەماددەی 12ی یاساكەدا پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.67 جێگیركراوەو هەرێم لەساڵێكدا 18 ترلیۆن دینارو 310 ملیار دیناری بۆ رەوانە دەكرێت و مانگانە ترلیۆنێك و 525 ملیار دینار دەكات وەك دكتۆر ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باسی كردووە. هەرێمی كوردستان پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدادو 50% داهاتە فیدراڵییەكان و قەرزی بانكی بازرگانی بداتەوە.
هاوڵاتی لە کۆبانێ بەرلەوی جۆتیاران گەنمەکانیان بدۆرنەوە، ٣٠ هەزار هێکتار زەوی گەنم سووتا. لە گەڕەکی کانی کوردان لە رۆژهەڵاتی شاری کۆبانی، لە زەوی گەنمی جۆتیاران ئاگر کەوتەوە. جۆتیاران بۆ ئاژانسی هاوار نیوز قسەیان کردووە و رایانگەیاندووە، تاوەکو ئێستا ٣٠ هەزار هێکتار زەوی گەنمیان سووتاوە. هەروەها باسی ئەوەشیان کرد کە لەگەڵ گەنمەکە، باخەکانیشیان زیانی زۆریان بەرکەوتووە. بەگوێرەی زانیاری ئاژانسەکە، ئاگرەکە مەترسی لەسەر ١٢٠ هێکتار زەوی گەنم دروست کردبوو، بەڵام لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە. تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا، بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیاوە بە هەزاران هێکتار زەوی گەنمی جۆتیاران لە رۆژئاوای کوردستان سووتابوو.
هاوڵاتی ساڵح موسلیم رایگەیاند، رەنگە هەموو لایەک قبوڵی کردبێت کە تورکیا هێرش بکات. سەرنجڕاکێشە کە کەس بەرامبەر بەو هێرشە دژوارانە دەنگی لێوەنایەت. با بڕوانین کە ئەنجامی دیداری ئاستانە چی دەبێت؟ هەربۆیە خۆمان بە هێزەکانی دەرەوە وهەڵوێستی ئەوانەوە نابەستینەوە. بەڵام ئاگادارین. پشت بە هێزی خۆمان و بەڕێکخستنبوونی گەل دەبەستین. ئێمە خۆڕاگری دەکەین، هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە. سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بۆ ئاژانسی فورات قسەی کرد. موسلیم رایگەیاند، " بە پێکهێنانی حکومەتی شەڕ تورکیا دەستی بە هێرشەکانی کردەوە. لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە تائێستا هێرشەکان نەوەستاون. دەستیان بە جێبەجێکردنی پلانی هێرشەکانیان کرد کە لە هەموو روویەکەوە نائەخلاقین و لەگەڵ هیچ یاسایەکدا یەکناگرنەوە و هەموو کەس دەکەنە ئامانج. لێرەدا بە تایبەتی دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەرایەتی و کورد کە بزوێنەری سەرەکین لەناو ببەن. دەستیان بە پلانی خۆیان کرد. شتێک بۆ ئێمە کە بگۆڕدرێت نییە. ئێمەش وەک گەل بە دڵنیاییەوە خۆڕاگری دەکەین". موسلیم ئاماژەی بە هەڵوێستی روسیا، ئێران و سوریا بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرد و وتی، "روسیا ئێستا پێویستی بە تورکیا هەیە، بە تایبەتی بە هۆی ئەو گەمارۆیانەی لە ئەنجامی شەڕی ئوکراینا خراوەتە سەر مۆسکۆ. ئەمە ئیتر بابەتێکی نێودەوڵەتیە. چونکە خاڵی لاواز کامە بێت لەوێوە گورزی بەردەکەوێت. پێشبینی ناکەین روسیا شتێک بکات. هەربۆیە بە ئاسانی دەتوانن ملهوڕی بەرامبەر بەئێمە بکەن. چونکە زۆر پەیماننامە لە نێوانیاندا هەیە. بۆیە دەنگ ناکەن. رژێمی سوریاش جگە لە قسەکانی ئێران و روسیا هیچ شتێکی دیکە ناکات. سەرنجڕاکێشە کە کەس بەرامبەر هێرشە دژوارەکانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر ناوچەکە دەنگی لێوەنایات. ٩ سەربازی رژێمی سوریا کوژران کەس قسەی نەکرد. رژێمی سوریا پەیامی سەرەخۆشیشی رانەگەیاند. خۆی لە خۆیدا روسیا و ئێرانیش هیچ شتێک ناڵێن." موسلیم باسی لەوەکرد کە بۆ بەردەوامبوونی دیموکراسی تاکە هیوا شۆڕشی رۆژئاوایە و بەم جۆرە بانگەوازی ئاراستەی رای دیموکراتیک کرد: "هێزە دیموکراسیەکان و ئەوانەی کە دەیانەوێت دیموکراسی هەبێت، ئەگەر دەیانەوێت دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرفراوان بێت، دەبێت پشتیوانیمان لێبکەن. چونکە ئەمە تاکە هیوایە. تورکیا، سوریا، ئێران وەک رژێمی دیکتاتۆر لە دژی ئێمە کار دەکەن. ئێمەش خۆڕاگری دەکەین. بە بڕوای من، مافی ئەوەمان هەیە کە بمانەوێت ئەوان پشتیوانیمان لێبکەن. ئێمە داوای ئەوە دەکەین و ئەوە ئەرکی ئەوانە. ئەگەر ئەمە نەکەن، وابیردەکەینەوە کە ئەرکی مرۆیی خۆیان بەجێناگەیەنن".
هاوڵاتی سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، "ئێستا پەرلەمانی کوردستان نەماوە تاوەکو هەڵبژاردن لەدەستی پەرلەمان بێت و کۆمسیۆنی نییە، دەبێت کۆمسیۆنی عێراق ئامادەبێت و "پێمان بڵێت کە کەی دەتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بکات". سەعدی پیرە ئەمڕۆ شەممە لەمیانی لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی چەند پرسێکەوە قسەی کرد و رایگەیاند، "ئەو گرژییەی کە هەبو لە پێش پەسەندکردنی بودجە و کاتی پەسەندکردنی بودجە تەواوبو، ئێستا هەر کەسە و شەوێک بە ئیسراحەت خەوت ئیتر ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە چۆن دەتوانین ماڵی خۆمان رێکبخەینەوە و بەگژ ئەو هەڕەشانەدا بچینەوە کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا دێت، کە یەکڕیزی میللەتی کورد پێویستە بۆ پێشهاتەکانی دێنە کایەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی موچەی فەرمانبەران بوەتە "بابەتێکی سیادی" و پەیوەندی بە ناکۆکی نێوان لایەنەکاندا نامێنێت و پێدەچێت شێوەی دابەشکردن و دۆخی ئابوری عێراق کە پارەیەکی زۆر هەیە دەتوانرێت بۆ هەلی کار و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە بەکاربهێنرێت پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەعدی پیرە وتی، "ئێستا پەرلەمانمان نەماوە تاوەکو هەڵبژاردن لەدەستی پەرلەمان بێت و کۆمسیۆنیشمان نیە". وتیشی، "دەبێت کۆمسیۆنی عێراق ئامادەبێت و پێمان بڵێت کە کەی دەتوانێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بکات، پێمانوایە ئەوە لە بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و داوای لێبکات".
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی 2023 پارەی تەواوی لەبەردەستدا نییە و کورتهێنانی هەیە. بەپێی زانیاریەکانی هاوڵاتی کەلەسەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم دەستیکەوتوون، وەزارەتی دارایی تەنها نزیکەی 200 ملیار داهاتی ناوخۆو 400 ملیاری بەغدای لەبەردەستە بۆ دابەشکردنی مووچە بەوەش زیاتر لە 300 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە بۆ دابەشکردنی مووچە و چاوەڕێیە بەغدا 400 ملیاری دیکەی بەقەرز بۆ بنێرێت. وەک سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ هاوڵاتی ئاشکرایکرد ئەگەر حکومەتی عێراق پێش جەژنی قوربان ئەو پارەیە نەنێرێت دابەشکردنی مووچەی بەشێک لەوەزارەتەکان دەکەوێتە دوای جەژن. بڕیارە سبەینێ وەزارەتی دارایی بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات، تائێستاش خشتەی مووچەی بڵاو نەکردووەتەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت مووچە زۆر بەسستی دابەش بکرێت
هاوڵاتی فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، پشتگیریکردنی هەدەپە لە کەمال کلچدارئۆغلۆ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیادا هەڵە بوو. فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زینداندایە، نوسینێکی بۆ ماڵپەڕی هەواڵی میدڵ ئێست نارد و ئاماژەی بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا. یوکسەکداغ پشتگیریکردنی پارتەکەی بۆ کلچدارئۆغلۆ وەک هەڵبژاردەیەکی هەڵە لەقەڵەمدا و وتی، "من و هاورێ سیاسەتمەدارەکانم لە زیندان پێمان وابوو کە پێویستە کاندیدی خۆمان هەبێت." یوکسەکداغ راشیگەیاند کە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ ئەزمونێکی زۆر گرنگ و چارەنوسساز بوو بۆ هەدەپە و هەدەپە پشتی بە هێزی خۆی نەبەست و بۆیەش پشتگیریکردن لە کلچدارئۆغلۆ ئەنجامێکی خراپی لەگەڵ خۆیدا هێنا. باسی ئەوەشی کرد کە هەوڵیانداوە، بەرێوەبەری هەدەپە رازی بکەن کە کاندیدێکی ژن دیاری بکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی درەنگ ئامادەکاری کراوە و بڕیارەکان لاواز بوون، هەدەپە ئەنجامی بەدەست نەهێناوە.
بەرهەمی ئاژەڵداریی پارێزگای کرماشان دوو هێندەی پێویستیی ئەو پارێزگایە بەرز دەبێتەوە دەگاتە زیاتر لە نیو ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا. سیروس نەورۆزی، جێگری بەڕێوبەری بەرهەمەکانی ئاژەڵداریی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ بەرهەمی ساڵانەی ئاژەڵداریی پارێزگاکە دەگاتە 550 هەزار تۆن کە 400 هەزار تۆنی شیرە. ئاماژەی بەوە کردوە کە لە ساڵێکدا 40 هەزار تۆن گۆشتی سور و 70 هەزار تۆن گۆشتی مریشک لە کرماشان بەرهەم دەهێنرێت. نەورۆزی وتویەتی: 550 کێڵگەی مریشک و پەلەوەر لە کرمانشان هەیە کە بەرهەمەکەی دوو هێندەی پێویستیی پارێزگاکەیەوە بۆیە بەشێکی زۆری رەوانەی پارێزگاکانی ئێران دەکرێت. وتیشی هەر لە کرماشان 644 هەزار سندوقی هەنگ هەیە کە بەرهەمی هەنگوینیان دەگاتە زیاتر لە هەشت هەزار تۆن.
بەهۆی خواردنەوەی مەی ژمارەیەک کەس لە شارێکی ئێران ژەهراویی دەبن و رۆژنامەیەکیش ئاشکرای دەکات زیاتر لە 10 ژەهراویبو لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست داوە. رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ زیاتر لە 100 کەس بە خواردنەوە کحولییەکان لە پارێزگای ئەلبورز ژەهراویبون و رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون بەڵام 10 کەسیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە. سەرۆکی زانکۆی پزیشکی پارێزگای ئەلبورز رایگەیاندوە؛ لە دوو رۆژی رابردودا 95 کەس بەهۆی خواردنەوە کحولیی ساختەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری کەرەج و پارێزگاکە کراون کە 40 کەسیان چارەسەریی شۆردنەوەی گورچیلە و گەدەیان بۆ کراوە. بە پێی زانیارییەکانی شەرق خواردنەوەی کحولی ساختە لە ناوچەی ئیسلام ئاباد و حەسارەک لە شاری کەرەجی ناوەندی پارێزگای ئەلبورز بوەتە هۆی مەرگی 14 کەس و 88 کەسیش رەوانەی نەخۆشخانە کراون کە دۆخی تەندروستیی ژمارەیەکیان ناجێگیرە. پۆلیسی پارێزگای کەرەج رایگەیاند؛ ئەمڕۆ شەممە چوار کەسی بە تۆمەتی دروستکردنی مەی و خواردنەوەی کحولیی ساختە دەستگیرکردوە. لە ماوەی رابردودا خواردنەوە کحولییە ساختەکان لە ئێران بوەتە هۆی مەرگی دەیان کەس و هاوکات سزای مەی خورادنەوە بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی لێدانی 80 قامچییە و ئەگەر زیاتر لە چەندجار ئەو کارە دوبارە بکرێتەوە سزاکان قورستر دەبن.
هاوڵاتی کۆشکی سپی وەڵامی لێدوانەکانی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیای سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دایەوە و رایگەیاند، واشنتن هیچ دەستکارییەکی لە دۆخی ئەتۆمی خۆیدا نەکردوە. کۆشکی سپی لەوەڵامی لێدوانەکانی ڤلادیمیر پوتن، ڕایگەیاند، "ئەمریکا لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا هیچ دەستکارییەکی لە دۆخی ئەتۆمی خۆیدا نەکردوە". ئۆلیڤیا داڵتۆن، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی، پابەندبونی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای بە بنەمای بەرگریکردن لە یەکتر لە ناتۆ پشتڕاستکردەوە. ئەو لێدوانانە دوای ئەوە هات، کە پوتن رایگەیاندبو، کە ڕوسیا دەتوانێت "لە ڕوی تیۆریەوە" چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت ئەگەر مەترسی لەسەر یەکپارچەیی خاکی یان بونی هەبێت، بەڵام لە ئێستادا پێویستی بەو شتە نییە. ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆڕبەندی ئابووریی سان پیتەرسبۆرگ رایگەیاند، رووسیا بۆمبی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیرکردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو کۆتایی هاوینی ئەمساڵ، ژمارەیەکی دیکە چەکی ئەتۆمی لەو وڵاتە جێگیر دەکرێن. پووتین گوتی، "لەگەڵ هاوپەیمانەکەمان لۆکاشینکۆ، گفتوگۆمان کرد بۆ ئەوەی بەشێک لە چەکە ئەتۆمییە ستراتیژییەکەمان بگوازینەوە بۆ نێو خاکی بێلاڕووس؛ ئەوەش روویداوە". پووتین گوتیشی، "ئەوە رێوشوێنێکی خۆپارێزییە بۆ هەموو ئەوانەی کە بیر لە رووسیا و شکستە ستراتیژییەکەی دەکەنەوە." لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "روسیا ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بەشێک لە ناوەڕاستی کیێڤ لەناوببات لە وەڵامی ئیستفزازەکاندا، بەڵام ئەو کارە ناکات"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئۆکرانیا هیچ چانسێکی سەرکەوتنی نییە". ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 14-6-2023، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا بەشێک لە چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی لە بێلاڕووس جێگیرکردووە و گوتی، "هیچ دوودڵ نابین لە بەکارهێنانی ئەو چەکانە ئەگەر رووبەڕووی شەڕەنگێزی ببینەوە." لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاندووە و جگە لە یارمەتی دارایی، چەندین جۆر چەک و کەرەستەی سەربازییان بۆ ئۆکراینا دابینکردووە.
پێنج رۆژە پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی پەژاک و هێزەکانی سوپای پاسداران بەردەوامە و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی سوپا کوژران و برینداربون. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە؛ بەهۆی هێرشە بەرفراوانەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکانی کۆساڵان شەوی رابردو ئاگرکەوتنەوە بەشێکی زۆری لە دارستان و پوش و پاوانی ناوچەکەی گرتوەتەوە و رێگەنەدراوە ئاگرەکەش لە لایەن دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکرێت. ئاماژە بەوە کراوە لە پێنج رۆژی رابردودا کە سوپای پاسداران هێرشەکانی بە تۆپباران و بۆردومانی ناوچەکانی شاهۆ و کۆساڵان دەست پێکردوە تا ئێستا دوو ئەندامی ئەو سوپایە کوژران و لانیکەم هەشت چەکداری دیکەی سوپای پاسداران برینداربون. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە؛ رۆژی رابردو تەرمی کوژراوێکی سوپای پاسداران رەوانەی نەخۆشخانەیەک لە شاری مەریوان کراوە و پێشتریش کوژراوێک و چوار برینداری سوپا رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری سنە کرابو. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) رایگەیاندوە؛ شەوی رابردو پێکدادانی قورس لە نێوان گەریلاکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) و چەکدارانی سوپای پاسداران رویداوە و ناوچەکانی کۆساڵان بە چڕی تۆپباران کراونەتەوە. ناوەندی فەرماندەی سوپای پاسداران پێشتر ئەنجامدانی ئۆپەراسێۆنێکی بە ناوی (موحەڕەم) لە ناوچەی کۆسڵان راگەیاندبو و بە وتەی فەرماندەیەکی ئەو سوپایە ئۆپەراسیۆنەکەن بە ئامانجی پاکسازیی هێزە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێکردوە و بەردەوام دەبێت.
هاوڵاتی نوێنەری دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان ڕایگەیاند، پاش ئەوەى لە ڕۆژى ١٤ـی ئەم مانگە کەشتییەکى گواستنەوەى کۆچبەران لە دەرباى ناوەڕاست ژێر ئاو کەوت، تا ئێستا ٧٩ تەرم دۆزراونەتەوە و ٣٥٠ کەسى دیکەش بێسەروشوێنن، دەشڵێت، پێدەچێت کەشتییەکە زیاتر لە ٥٠٠ کۆچبەرى هەڵگرتبێت. لەبەرەبەیانی ١٤ ی ئەم مانگە کەشتییەکی گەورەی ماسیگرتن لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی هەڵگرتبوو، بەڵام لە باشوری ڕۆژئاوای پیلۆس لە یۆنان ژێر ئاوکەوت. لەوبارەوە حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان ڕایگەیاندووە، بەپێى زانیارییە فەرمییەکان، تا ئێستا ١٠٤ کەس ڕزگارکراون، ٧٩ تەرم لە دەریادا دۆزراونەتەوە و زیاتر لە ٣٥٠ کەسیش بێسەروشوێنن. نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان ئاماژەى بەوەشکردووە، پێدەچێت کەشتیەکە زیاتر لە ٥٠٠ کۆچبەرى هەڵگرتبێت، کە سەرنشینەکانى بە زۆری خەڵکى پاکستان، میسر و سوریان. ئەوەشى خستووەتەڕوو، ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکانى ناوچەکە لەگەڵ پاسەوانانی کەنار دەریا و سوپا بەشدارن لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی سەرنشینانى کەشتیەکە . لە کۆتاى قسەکانیدا نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان وتویەتى، تەرمى قوربانیەکان گوازراونەتەوە بۆ ناوچەى کالاماتا و لە ئێستاشدا کارمەندانی پزیشکی لە بەندەرەکە جێگیرکراون بە مەبەستى یارمەتیدانى ڕزگاربووەکان. لە ساڵی 2019دا 80,454 کۆچبەر گەیشتنە یۆنان، بە ئامارەکانەوە دیارە کە تاوەکو ساڵی 2023 ژمارەکان داکشاون، لە 2022دا بۆ 12,758 کۆچبەر دابەزیوە، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو ئێستا 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی یۆنان، لە ساڵی 2022دا پۆلیسی وڵاتەکە رێگریی لە 256 هەزار کۆچبەری نایاسایی کردووە بچنە نێو خاکی وڵاتەکەی، هەروەها 1300 کەسی دیکەشیان دەستگیر کردووە کە قاچاخچی بوون.
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند بەفێڕۆدانی گازی هاوەڵ ساڵانە زیانی 4 ملیار بە عێراق دەگەیێنێت و دەڵێت لەگەڕی شەشەمی گرێبەستە نەوتییەکاندا وەبەرهێنان لە ژمارەیەک کێڵگەی گرنگ لە گازدا دەکرێت بەشێوەیەک لە ساڵانی داهاتوودا عێراق دەبێتە فاکتەرێکی گرنگی وزە لە جیهاندا. لە ئاهەنگی 60 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپێک" کە رۆژی هەینی، 16ـی حوەزیرانی 2023 لە بەغدا بەڕێوەچوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لەبەردەم وەزیرانی وزە و نەوتی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی ئەو رێکخراوە رایگەیاند:نەوت هێشتا سەرچاوەیەكی سەرەكی وزەیە لە جیهاندا و گرنگی خۆی هەیە لە سیاسەتی ئابووری، گەشەپێدان، ژینگە و تایبەتمەندى خۆی بۆ ئەو وڵاتانەى، كە پشتی پێدەبەستن. محەمەد شیاع سودانی ڕاشى گەیاند، فرۆشتنی غازی سروشتی و وەبەرهێنانی وزە بەرپرسیارێتی نوێی بۆ وڵاتانی ئەندامى ئۆپیک زیاد كردووە و لە ئێستادا غاز بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ زۆرێك لە پیشەسازییەكان، بۆ ئەمەش پێویستە وڵاتانى ئەندامى ڕێکخراوەکە ڕووبەڕووی ئەو ئاڵەنگارییانە ببنەوە، كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. باسی لەوەش كرد، لە سەرەتای پێكهێنانی حکومەت گرنگیمان بە دۆسێیەی وزە داوە و ساڵانێكی زۆرە عێراق پشتی بە نەوت بەستووە، وەك سەرچاوەیەكی بنەڕەتی بۆ ئابووری وڵات سەیری كردوە وغازی سروشتی پشتگوێ خراوە، ئەمەش وایكردووە چەندین دەرفەتی گەشەپێدان لەدەست بدەین. سودانى دەشڵێت، دەستمان كردووە بە مامەڵەكردن لەگەڵ گەشەپێدانی پیشەسازی نەوت و وەبەرهێنان لەو كەرتانەی پشتگوێخراون و گرێبەستی گرنگمان بۆ وەبەرهێنان لە غازی سروشتی واژۆكردووە، بەم نزیكانە، شەشەم گرێبەست واژۆ دەكرێت، كە ڕێگری لە بەفیڕۆ چوونی غاز دەکات. سودانی لە وتارەكەیدا جەختی كردەوە، لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بواری وزەدا هاوكاریمان كردووە، لەوانەش ڕێككەوتنی ئەم دواییەی وڵاتەکەمان لەگەڵ كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی، بۆ وەبەرهێنانی وزە بە مەبەستى ئەوەی عێراق ببێتە ناوەندێكی كارا لە بازاڕی غاز لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا.
